دەروونشیکاری لە نێوان شکست و سەرکەوتنی ئاییندا

“ئایین سەردەکەوێت”

جاک لاکان

لەو ماوەیەی پێشوودا لە شاری هەولێر ڤیدیۆکلیپی گەنجێکی نانەوا بڵاو بووەوە کە تیایدا زۆر بە دڵگەرمی و ڕاستگۆیانە گوزارشت لە ناڕەزاییی خۆی دەکات وەک کاسبکارێک سەبارەت بە بڕیارەکەی مەسروور بارزانی لەسەر دابەزینی نرخی نان. ئەم گەنجە دڵگەرمە زۆر بە سادەیی دەڵێت ئێمە پابەندی هیچ بڕیارێک نابین و قبووڵمان نییە، ئێمە بە تەنها  پابەندی بڕیاری خودای گەورەین، وەرن بمانکوژن دەچینە بەهەشت، ئەگەر بشتانکوژین ئەوە جێگەی ئێوە دۆزەخە… باوکی وامان بۆچییە… من ئەو باوکە دەکوژم!

ئەوەی کە ئەم گەنجە زۆر بە سادەیی جەختی لەسەر دەکاتەوە بە تەنها خەمی نانپەیداکردن و دروستکردنی فەزایەکی لەبار بۆ نانپەیداکردن نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی مانایە، مانا بۆ ژیان کە ئەویش پابەندبوونە بە خودا و بڕیارەکانی خوداوە کاتێک خودی ژیان خۆی چنەت دەدات و دەبێت بە بار بەسەرتەوە. ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسیی کوردی دەیشکێنێت و وردو خاشی دەکات کە ئەویش مانایە بۆ ژیان، لەملاوە ئایین بە هەموو دەسەڵاتی خۆیەوە پڕی دەکاتەوە و ڕەنگی تری پێ دەبەخشێت. ئەوەی کە دەسەڵات و سیاسیی کورد گەمژانە درکی پێ ناکەن و ناتوانن بیبینن ئەو ڕاستییە سادەیە کە کوشتنی ئەو وەک دەسەڵات -باوک- زۆر ئاسانە کاتێک ئایین دەبێتەوە بە تەنها مانایەک بۆ دادپەروەری. ئەگەرچی هەندێ سیاسی یارییەک بە ئایین دەکەن و وەک ئامرازێک بە کاری دەهێنن تا پێگە و شوێنی خۆیان لەناو خەڵکدا قایم و تۆکمە بکەن، لێ باییی ئەوەندە ژیر و زرنگ نین تا لەو ڕاستییە تێبگەن کاتێک ئایین سەرکەوێت و تاکە مانایەک بێت بۆ ژیان ئەوا قوربانیی یەکەم دەسەڵاتی ئەم بێدەسەڵاتانەیە. گەر وەک سیاسی باییی ئەوەندە ئەقڵ و ئیدراکت نەبێت و نەزانیت کە نابێت ئەوەندە خەڵک -ئەو خەڵکەی کە دەنگی پێ داویت و خوێنی خۆی لەسەر بوون و وجوودی تۆ ڕشتووە- بخەیتە ژێر فشار و تەهەلوکەوە چونکە دواجار هەر ئەو خەڵکە کە ژیانیان لێ زەوت کردوون، یان دەبنە شۆڕشگێر و شۆڕش بەرپا دەکەن یان دەبنە کەسی نەخۆش و سایکۆس بە مانا فرۆیدییەکەی، ئێ لە هەردوو دۆخەکەیشدا مانای کوشتنی تۆیە وەک باوک، وەک دەسەڵات. کاتێک کە تۆ درزێک و کەلێنێکی تر بۆ ژیان ناهێڵیتەوە، کاتێک باییی ئەوەندە بەشی وەهم بە دادپەروەری و یەکسانی ناهێڵیتەوە ئەوا درەنگ یان زوو مەرگی خۆشت حەڵال کردووە. ئەم گەنجە کاتێک دەڵێت: «گەر بمانکوژن ئەچینە بەهەشت… گەر ئێمەش ئێوە بکوژین ئەوا شوێنتان دۆزەخە»، هەمیسان ئەوەی لە پشت ئەم قسانەوەیە ئەو دیدە ئایینییە بۆ مەفهوومی جیهاد: جیهاد لەپێناوی خودا و سەرکەوتنی بڕیارەکانی خودا، لەسەر مەفهوومی بەهەشت و دۆزەخ، لەسەر مەفهوومی زاڵم و قوربانی کە هەر هەمووی لەناو ئاییندا و بە تایبەتی ئایینی ئیسلام وەک گوتەی ئیلاهی قسەی لێ کراوە، هەمووشی وەک پرەنسیپ ڕوون و ئاشکران، ئەم گەنجە بە تەنها زۆر بە دڵگەرمی و دڵپاکانە جەختی لێ دەکاتەوە.

ئەگەرچی خودی بڕیارەکە و دەنگدانەوەکەیشی وەک هەموو کار و کاردانەوەیەکی تر تێپەڕی و کەسیش ناگەڕێتەوە سەری چونکە وەک پێشتر باسم کردووە هەموو کار و کاردانەوەیەک لای ئێمە سەقفێکی زەمەنیی هەیە کە تیایدا دەبێت بە مانشێت هەر دوابەدوای ئەو ماوەیە ئیتر کاڵ دەبێتەوە و نامێنێت. لێ بە ڕای من ئەم قسانە نابێت هەروا وەک ناڕەزایییەک و دڵگەرمیی کەسێک کە لەژێر فشاری نان پەیداکردندا ڕزیوە، بە لاماندا گوزەر بکەن و تێپەڕن، بەڵکوو دەبێت لەسەر هەموو وشەیەکی هەڵوەستە بکەین و بیری لێ بکەینەوە، کە ئەم گەنجە و هەزارەها گەنجی تر چی لەناو دڵ و دەروونیاندا دەگوزەرێت. بەو پێیەی بەشێکی شیکار و ڕاڤەی ئەم قسانە لەناو ئاییندا جێ دەبێتەوە بەشەکەی تریشی لەناو دەروونشیکاریدا بەو مانایەی هەمیسان قسەکردن لەسەر کوشتنی باوکە؛ باوک وەک یاسا و دەسەڵات. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئایین وەک تاکەمانایەک بۆ ژیان سەردەکەوێت و دەبێتە هۆی کوشتنی دەسەڵاتی باوکە کارتۆنییەکان، تا باوکە ئاسمانییەکە جێی ئەوان بگرێتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە جەوهەرییە دەتوانین پەنا بەرین بۆ لاکان. دیدی ئەو لەسەر ئایین وەک  دوامانا بۆ ژیان.

سەرکەوتنی ئایین ناونیشانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییە کە لە بەرواری ٢٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٧٤) لەگەڵ جاک لاکان، لە سەنتەری کەلتووریی فەڕەنسی لە شاری ڕۆمادا ساز کراوە. لەو کۆنفرانسەدا کاتێک لاکان لەلایەن ڕۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکانەوە پرسیاری لێ دەکرێت سەبارەت بە دەروونشیکاری و کاریگەریی هەژموونی ئایین لەسەر دواڕۆژی دەروونشیکاری ئەوا لاکان بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: «بەڵێ ئایین سەردەکەوێت!»

لەو چاوپێکەوتنەدا لاکان بە شێوەیەکی دنەدەرانە ئاماژە بەوە دەکات کە ئایین بەسەر دەروونشیکاریدا سەردەکەوێت و دەڵێت: «لە کۆتاییدا دەروونشیکاری سەرناکەوێت و شکست دێنێت، ئایین نەک هەر بە تەنها بەسەر دەروونشیکاریدا سەردەکەوێت و زاڵ دەبێت بەڵکوو بەسەر زۆربەی هەرە زۆری بوارەکانی تریشدا سەردەکەوێت، ئەم سەرکەوتنەیش حەتمییە و ڕوو دەدات».

پ: «گەر ئایین سەرکەوێت ئەوا تۆ لەو باوەڕەدایت کە ئیدی دەروونشیکاری شکستی هێناوە،  یاخود تۆ خۆت باوەڕت بەوەیە کە خەڵکی دەچنە لای دەروونشیکار هەر وەک ئەوەی دەچوونە لای قەشەکان تا دان بە گوناهی خۆیاندا بنێن؟ واتە سەرکەوتنی ئایین پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە خەڵک پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ قەشە و پیاوانی ئایینی تا دان بە گوناهەکانی خۆیاندا بنێن؟»

لاکان:  «پێویستە ئەم پرسیارە جەوهەرییە لە خۆمان بکەین کە بۆچی مرۆڤ پێویستی بەوەیە دان بە گوناهی خۆیدا بنێت و باسی بکات؟ ڕەنگە زۆر کەس پێیان وا بێت کە دەروونشیکار جێگەی قەشە و پیاوانی ئایینی دەگرنەوە، وا مەزەندە بکەن ئێستا کە خەڵکی دەچن بۆ لای دەروونشیکار و دەروونزانەکان بۆ ئەوەیە  تا لای ئەوان -هەر وەک جاران چۆن دەچوونە لای قەشە و پیاوانی ئایینی- خۆیان بکەنەوە و باس لە گوناه و سەرکێشیەکانی خۆیان لە ژیاندا بکەن. لێ گرنگە ئەوە بزانین و جەختی لەسەر بکەینەوە کە ئەوە ئیشی دەروونشیکار نییە کە یارمەتیی خەڵک بدات تا دان بە گوناهەکانی خۆیاندا بنێن، بەڵکوو کار و مەبەستی سەرەکیی دەروونشیکار ئەوەیە کە فێری خەڵک بکات تا قسە بکەن و بێنە گۆ. ئیشی ئێمە ئەوەیە خەڵکی فێری هونەری قسەکردن بکەین، جا قسەکردن لەسەر هەموو شتێک و لەسەر هیچیش، چونکە تاکەئامرازی دەروونشیکاری خۆی قسە و ئاخاوتنە.

لاکان لەمبارەیەوە دەڵێت: «من لاریم لەوە نییە کە قەشەکان بە کۆمەڵ خەڵکیان ڕەوانەی لای ئێمەی دەروونشیکار کردووە، بە دڵنیایییەوە شتێکی باشیان لەو کاتەدا کردووە، چونکە بەم کارەیان ئیش و پێگەی ئێمەیان لای خەڵک گرنگتر کرد. لێ ئەوەی کە دەموەستێنێ ئەوەیە کاتێک خەڵکیان ناردە لای ئێمە، ئەوا ئەوان لای خۆیان و بە مەزەنەی ئەقڵی خۆیان ئەوەیان دانابوو کەو ئەو خەڵکانە نەخۆشن نەک گوناهبار، هەر بۆیەشە وەک نەخۆش و کەسی بیمار دەتوانن شتێک لە یارمەتی و چارەسەر لای ئێمەی دەروونشیکار وەربگرن.»

لاکان لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت کارەکەی خۆی وەک دەروونشیکارێک دەڵێت: «دەتوانم بڵێم نیوەی ژیانم بە گوێگرتن لە چیرۆکی ژیانی ئەوانی ترەوە بەسەر بردووە، ئەو چیرۆکانەی کە خەڵکی بۆ منیان گێڕاوەتەوە لێوانلێو بوون لە دانپیانان. گوێگرتن بە بێدەنگی لە چیرۆکی ژیانی مرۆڤەکان واتە بە بێدەنگی گوێگرتنە بۆ عەشق. هەڵبەت من لێرە باس لە پووچیی ئەو چیرۆکانە ناکەم کە بۆم باس کراوە! چونکە مانای ئەوە نییە لەناو چیرۆکەکاندا بەر پووچی ناکەوین.» هەر لێرەدا شایانی ئاماژەیە کە لاکان یەکێک بووە لە گرانترین دەروونشیکارەکانی سەردەمی خۆی و کاتێکیش لێیان پرسیوە کە ئەو بۆچی هێندە گرانجانە و نرخی چارەسەر لای ئەو هێندە تێچووی زۆرە، ئەوا لە وەڵامدا دەڵێت: «من گوێ لە خەڵکی دەگرم، گوێگرتن کارێکی ئاسان نییە و نرخی گرانە!»

پ: «کەواتە تۆ تەواو باوەڕت بەوەیە کە ئایین سەردەکەوێت؟»

لاکان: «بەڵێ! جەوهەری سەرەکیی ئایین هەر لە سەرەتاوە دروستکردن و بەخشینی مانایە بۆ ژیان کە پێشتر خودی ئەم مانایە سروشتی بوون و لەناو سروشتدا جێیان دەبووەوە. ئێستاکە سوپاس بۆ واقیع چیتر مرۆڤ پێویستی بەوە نییە کە گەڕانی خۆی بە دوای دۆزینەوەی مانا بشارێتەوە. چونکە ئایین خۆی مانا بۆ هەموو شتێک و هەموو ئەزموونێک ئەدۆزێتەوە، تەنانەت بۆ ئەو ئەزموون و شتانەیش کە زانست و زاناکان خۆیان ناتوانن وەڵامی بدەنەوە.

هەڵبەت لاکان پیشتر لەسەر بابەتی زانست و ڕۆڵی زانا قسە دەکات. لەوێشدا ئاماژە بەوە دەکات کە زاناکان هێشتا لە ترسناکیی کارەکانی خۆیان ناگەن و بەر دڵەڕاوکێی ئەوە نەکەوتوون کە خۆیان بە دەستی خۆیان خەریکن ئەنجامی بدەن. لاکان لەو کاتەدا باس لە سەرقاڵی و کاری زاناکان دەکات بە شتگەلێکی وەک جۆرەها بەکتریاوە کە چۆن ئەوان لەناو تاقیگەکانی خۆیاندا خەریکی بەخێوکردن و لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەم بەکتریایانە. لەو کاتەدا لاکان باس لەو بڕە لە ترس و دڵەڕاوکێیەی (Anxiety) زاناکان دەکات، پێی وایە کە دەبێت لەوە بترسن و ئەگەری ئەو ڕۆژە دابنێن، ئەو ڕۆژەی کە ئەم بەکتریایانە لەناو تاقیگەکانی خۆیاندا دێنە دەرێ و لە دەستی بەخێوکارەکانیان دەردەچن، ئەوا دەبنە هۆکاری تەواوبوونی مرۆڤایەتی. ئەو شتەی کە مرۆڤ بە دەست خۆی دواجار دەبێت ئەنجامی بدات، ئەویش تەفروتوناکردنی خودی مرۆڤایەتییە کە هەر خۆی دروستی کردووە. هەرچەندە لە سەروبەندی ئەو قسانەدا لاکان خۆی دەڵێت خۆشبەختانە نەگەشتووینەتە ئەو کاتە، ئەمە هەر بە تەنها ترس و دڵەڕاوکێیە کە دەبێت بیری لێ بکەینەوە و حسابیشی بۆ بکەین. بە دڵنیایییەوە ئەگەر لاکان لە ژیاندا بمایە و سەردەمی کۆرۆنا و زیرەکی دەستکردی ئەزموون بکردایە ئەوا شتگەلێکی تری پێ دەوتین، ئەو لە سەردەمی خۆیدا باسی لە پاش و دوای سەردەمی خۆی کردووە کە ئێمە ئێستا ئەزموونی دەکەین و بە دەستیەوە دەناڵێنین.

ژاک لاکان (١٩٠١-١٩٨١) فەیلەسووف و دەروونشیکاری فەڕەنسی

بە ڕای لاکان ئەوەی کە زانست ناشرینی دەکات و وێرانی دەکات ئەوا ئایین دێت و جارێکی تر ڕەنگی جیاواز و مانای جیاوازی بۆ دەدۆزێتەوە، جا ئیشی ئێمە ئەوەیە بزانین خودی ئەم مانادۆزینەوەیە چۆن بە ڕێوە دەچێت. هەموو ئەو ناڕەحەتی و نەهامەتییەی کە زانست و شارستەنییەت بۆ مرۆڤی دروست کردووە کە زادەی دروستکردن و بەرهەمی ئەقڵی مرۆڤ خۆیەتی، وا دەکات هاوکات  مرۆڤ بە دوای مانایەک و فریادڕەسێکدا بگەڕێت بۆ ژیان. ئەوەیش هەر بە تەنها ئایینە کە دەتوانێت ببێتە مانا و سەرچاوەی مانا بۆ هەموو شتێک. ئەوە بە تەنها ئایینە کە سەبووری دەداتە مرۆڤ لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا و لە کاتی کارەسات و نەهامەتییەکاندا، تەنها ئایینە دەتوانێت  مرۆڤ  لە چنگی مەرگ  و کەڵکەڵەی مەرگیش ڕزگار بکات و ئارامی بکاتەوە. ئایین وەڵام و مانای ڕەنگاوڕەنگ بۆ بەدبەختی و نەهامەتییەکانی مرۆڤ لە ژیاندا دەداتەوە: وەڵامێک کە مرۆڤ خۆی پێ قایل و ڕازی کردووە  تا بتوانێت بەرگەی دێوەزمەی مەرگی پێ بگرێت.

کاتێک لە لاکان دەپرسن کە ئایا دەروونشیکاری دەتوانێت ببێتە ئایین؟

لاکان: «نەخێر، یان لانیکەم من هیوا ناخودازم ببێتە ئایین! یان کێ دەزانێت، ڕەنگە بشبێت بە ئایین، بۆ نا؟ لێ باوەڕ ناکەم کە ئەوە شێوازی من بێت و بتوانم وەک ئایین تەماشای بکەم. چونکە دەروونشیکاری لە ساتەوەختێکی مێژووییی دێریندا سەری هەڵنەداوە بەڵکوو هاوکات و بە قۆناغی گەورە لەگەڵ پێشکەوتنی گوتاری زانستیدا گەشەی کردووە.» دواتر دەڵێت: «من لەم کۆنفرانسەدا بابەتێکی بچووکم نووسیوە و قسەی لەسەر دەکەم ئەویش ئەوەیە کە بە ڕای من دەروونشیکاری سیمپتۆمە (Symptom). لێ پێشوەخت پێویستە بزانین و لە مانای سیمپتۆم بگەین، چونکە سیمپتوم بۆ خۆی هەر وەکوو ئەوەی کە فرۆید باسی کردووە بەشێکە لە ئاکامەکانی شارستانییەت. ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە خەڵکی نایەنەوێت باوەڕ بەو ڕاستییە بکەن کە سیمپتۆم خۆی دیوەکەی تری ڕیالە. هەر بۆیە خەڵکی نەک بە شارەوایی بە دوای مانادا لەناو ئایینە ڕاستەقینەکەدا دەگەڕێت بەڵکوو پەنا دەباتە بەر ئەوەیش کە ڕاست نییە و ساختەیە.»

لاکان دەڵێت من تاکەکەسێکم کە دەوێرم شتەکان وەک خۆی ناوبنێم: ئەو ناوەش ڕیاڵە (ڕیاڵ بریتیە لە جیاوازیی نێوان ئەوەی دەگوزەرێت و جۆر دەبێت لەگەڵ ئەوەی جۆر نابێت و ئیشی پێ ناکرێت). ئەوەی جۆر دەبێت خودی جیهانە کە بەردەوامە و خۆی درێژ دەکاتەوە و بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، ئەمەیش  وەزیفەی سەرەکیی جیهانە کە بەردەوامە و درێژە بە خۆی دەدات، لێ ئەوەی ئیش ناکات و جۆر نابێت ڕیاڵە

هەڵبەت گەر وردتر بڵێن ئەوە شتێک نییە بە ناوی جیهانەوە بەڵکوو شتگەلێک  لەناو جیهاندا هەن،  وەهم و خەیاڵی ئەوەمان پێ دەبەخشن کە لەناو جیهاندا دەژین و خودی ئەو جیهانەیش بەردەوامیی هەیە. ئەو شتەی بە باشی گوزەر ناکات و ناڕوات بە ڕێوە ئەو شتەیە کە من پێی دەڵێم سیمپتۆم. ئایین بۆ ئەمە دروست بووە و دیزاین کراوە، بۆ ساڕێژکردن و تیمارکردنی مرۆڤ بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو شتە بگرن کە بە باشی ناڕوات. ئەمەش ئەو پەیوەندییەیە لە نێوان دوو ژیان و دوو جیهاندا، ژیانێک و جیهانێک کە دەڕوات و گوزەر دەکات بە خراپی لەگەڵ ژیانێک و جیهانێک کە نەخشە کێشراوە و داڕێژراوە  بە جۆرێک کە دەکەوێتە ئەودیو سنووری بوون، دەکەوێتە داهاتوو. لێرەدا دەروونشیکاری شکست دەهێنێت چونکە کایەی دەروونشیکاری هیچ کلیلێکی بۆ داهاتوو و جیهانێکی خودازراو کە بە دڵی مرۆڤەکان بێت، پێ نییە.

ئەی داخۆ ئایینی ڕاستەقینە بۆ لاکان کام ئایینە بێت؟

لاکان: «ئایینی ڕاستەقینە ئەوەی ڕۆمانییەکانە، بە مانایەکی تر، گەر هەوڵ بدەین هەموو ئایینەکان بخەینە ناو یەک سەبەتەوە و لەژێر ناوی (مێژووی ئایینەکان)دا کۆیان بکەینەوە کە ئەمەیش بۆ خۆی کارەساتە، ئەوا بۆ من یەک ئایینی ڕاستەقینە هەیە کە ئەویش ئایینی مەسیحییە. ئینجا لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم ئایینە دەتوانێت بە شارەوایی مانا بۆ ئەو نەهامەتییە بدۆزێتەوە کە مرۆڤی تیادا نغرۆ بووە؟ وەڵامەکەیشی بە دڵنیایییەوە، بەڵێ دەتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە ئەو ئایینە سەرچاوەی زۆری لە بەردەستایە کە بتوانێت مرۆڤی پێ ژیر بکاتەوە.» لاکان درێژە بە باسەکەی دەدات و دەڵێت: «کاتێک باس لەوە دەکەم کە ئایین سەر دەکەوێت ئەوا مەبەستم لەوە نییە کە سەرکەوتنەکەی پەیوەندیی بە پێویستی خەڵکەوەیە بۆ دانپیانان و پەردەهەڵماڵین لەسەر گوناهەکانیان، بەڵکوو سەرکەوتنی ئایین پەیوەندی بەو ڕاستییەوەیە کە ئایین وەک جەوهەر حەتمییە، ‌هێشتا ئێمە لە هەژموون و دەسەڵاتی ئایین نەگەیشتووین کە دەتوانیت چی بە مرۆڤ بکات و بەرەو کوێی دەبات؟ ئەوەیش وەزیفەی سەرەکیی ئایینە کە مانا و پەیوەندی لە نێوان هەموو شتەکاندا دەدۆزێتەوە.»

لێ لەملایشەوە کاری دەروونشیکار بە تەواوی جیاوازە. دەروونشیکار گەر بشتوانێت لە ساتەوەختێکدا بێتە ناوەوە و ئامادەگیی لەناو ڕیاڵدا هەبێت، ئەوا لەوێندەر دەمێنێتەوە، هەمیشە لەوێندەر لەناو ڕیاڵدا وەک سیمپتۆم ئامادەیە و بە تەنهایش وەک سیمپتۆم دەتوانێت بەرگە بگرێت و بمێنێتەوە… بەڵام دەبینین کە مرۆڤایەتی لە ڕێی دەروونشیکارییەوە دەتوانێت چارەسەری خۆی بکات و بیمارییەکانی ساڕێژ بکات، ئەویش بە نغرۆکردنی خودی سیمپتۆمەکە لەناو مانادا، دیارە لەناو مانای ئاییندا، خەڵک لەوێدا خۆیان دەچەپێنن. هەمیسان  ئایین هەر لە سەرەتاوە بۆ چارەسەرکردن و تیمارکردنی مرۆڤ دروست بووە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئەو ژیانەدا هەڵبکات. لێ لەگەڵ ئەمەیشدا جێی شانازییە کە لەم کایەدا و لە گوتارەکانمدا باسم لە بونەوەری قسەکەر کردووە.

لاکان لەم بارەیەوە دەڵێت: «بوونەوەری قسەکەر چەمکێکە کە من گوزارشتکردن لە نەست و نائاگای مرۆڤ  بە کاری دەهێنم. کۆی تێزەکەیشم هەر ئەوەیە کە مرۆڤ ئاژەڵێکی قسەکەرە، لێ چۆنیەتیی ئەوەی کە بزانین ئەم ئاکتی فێربوونی قسەکردنە چی لە مرۆڤ دەکات و هاوکات چۆنیش دروست دەبێت بۆ خۆی جێی بایەخ و سەرنجە.» دیارە لێرەیشدا لاکان ئاماژە بە فرۆید دەکات و دەڵێت: «خودی ئەم پڕۆسەیە لە سەرەتاوە پەیوەندیی بە هەندێ شتەوە هەیە کە فرۆید بە پەیوەندیی بە سێکسوالیتەوە باسی کردووە. لە ڕاستیشدا پەیوەندی بە سێکسوالیتەوە هەیە، لێ دەبێت بزانین کە خودی پەیوەندییەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد و تایبەتە.»

ئا لێرەدا لاکان ڕوو دەکاتە ئەو کەسەی کە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ دەکات و پێی دەڵێت: «دەزانی باسی چی دەکەم، لە کاتی ئەم قسانەدا گڵۆپێکی بچووک لە مێشکتدا داگیرسا؟ هەست دەکەیت حسابم بۆ پێگەی خۆم  لەم قسانەدا کردووە؟»

ئەویش دەڵێت: «من گوێت لێ دەگرم.»

لاکان: «بەڵی گوێ دەگریت! لێ دەستیشت بە شتێکی بچووکەوە گرتووە کە بەرجەستە و نمایشی ڕیاڵ دەکات!»

ئەویش دەڵێت: «من گوێ دەگرم، تێبینییەکان دەنووسم، ئیتر دواتر ئەوە منم بڕیار دەدەم کە چۆن دەیانهۆنمەوە!»

لاکان: «دەیهۆنیتەوە؟ کوڕە، تۆ خۆشبەختیت، لە ڕاستیدا دەتوانیت هەرچییەکت بەدڵە لیی دروست بکەیت!» شتێکی بچووک لە حەقیقەت لە ڕووی دەروونشیکارییەوە ئا لەم دانیشتنەدا سەری هەڵدا و دروست بوو، لێ مەرج نییە دریژە بکێشێت و بەردەوام بێت. ‌هەڵبەت ئەو کەسەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ لاکان کردووە زۆر زیرەک وردە و هاوکات بەئاگایە لە ئەدەبیاتی دەروونشیکاریی لاکانی، هەر بۆیە دەتوانێت دنەی لاکان بدات و پێی بڵێت: «هەر وەک ئەوەی تێگەیشتبم لە تیۆریی لاکانی، مرۆڤ لەسەر بنەمای بایۆلۆژی یاخود فیسیۆلۆژی دروست نەبووە بەڵکوو یەک بنەما هەیە بۆ مرۆڤ ئەویش زمانە. ئینجا خۆ بەڕێزم، قەشە جۆنیش هەر ئەم قسەیەی کردووە، کەواتە تۆ هیچی تازەت بۆ قسەکەی قەشە جۆن زیاد نەکردووە کە دەڵێت “سەرەتا وشە بوو!” ئەی مەگەر چی تازەت گوتووە؟»

لاکان: «شتێکی کەمم بۆ زیاد کردووە. (سەرەتا وشە بوو!) بەڵێ، ئەمە ئەوەیە کە قەشە جۆن وتوویەتی. لێ من هەر بەم قسەیە ڕازی نەبووم بەڵکوو بۆ من پرسیارەکە ئەوە بوو ئەی  بەر لە دروستبوونی وشە، چی هەبووە؟ مرۆڤ لە کوێ بووە؟ کە ئەمەیش بۆ خۆی تەفسیر ناکرێت. بە ڕای قەشە جۆن ئینجیلێک هەیە، لێ نەخشەیەکی تریش هەیە کە بە ئەسڵ و سەرچاوەی ژیان (Genesis) ناسراوە و هیچ پەیوەندیی بە وشەوە نییە. ئینجا ئا لێرەدا خەڵک هەردووکیانی پێکەوە جویوە و دەڵێن وشە کار و کردەوەی خودایە- خودای باوک. بە ڕای قەشە جۆن کە ئەسڵی ژیان بە هەمان ڕادەی ئینجیل ڕاستە، بەم پێیەیش بێت خودا سەرەتا لە ڕێی وشەوە و هەر بە وشە دونیای دروست کردووە. لە ئەدەبیاتی جوودا، لە تەوڕاتدا، تەواو ئەوە ئاشکرایە کە بە چ قازانجێک ئەو حەقیقەتە شکاوەتەوە کە نەک هەر بە تەنها سەرەتا وشە بوو، بەڵکوو وشە بۆ خۆی دەکەوێتە پێش سەرەتایشەوە. هەر لەبەر ئەوەی وشە دەکەوێتە پێش سەرەتاوە، ئەوا خودا خۆی دەزانێت کە مافی ئەوەی هەیە هەموو داواکارییەک لە مرۆڤ بکات، چونکە ئەو خۆی سەرەتا دیارییەکی بچووکی پێ بەخشیون، دیارییەکی زۆر (بچووک، بچووک، بچووک)، وەک ئەو دەنکەگەنمەی دەیدەیت بە مریشکێک. خودا خۆی فێری ئادەمی کرد تا ناو لە شتەکان بنێت. تەماشا بکە! خودا وشەی نەدا بە ئادەم چونکە ئەوە بۆ خۆی شتێکی گەورە بوو، بەڵکوو فێری کرد کە چۆن ناو لە شتەکان بنێت؛ ئەمەیش دوو شتی جیاوازە، چونکە ناونان شتێکی ئەوەندە گەورە نییە، بە مانایەی تۆ خۆت ناوەکەت هەیە و فێری ئەوی تر دەکەیت کە بیڵێت… مرۆڤ داوای هیچ شتێکی زیادەی نەکردووە بەڵکوو تەنها ئەوە نەبێت کە ئەو ڕووناکییە بکۆژێتەوە، چونکە خودی ئەو ڕووناکییە کە مرۆڤ ناتوانێت بەرگەی بگرێت، ئینجا لەوەیش زیاتر هیج کەس بە درێژاییی ڕۆشنگەری باسی لەو ڕووناکییە نەکردووە، بەڵکوو لەبری ئەوە هەمووی باسی لە (Aufklärung) کردووە- تکاتان لێ دەکەم گڵۆپێکی بچکۆلەم بۆ بێنن- چونکە ئەمەیش بۆ خۆی زۆر بوو، زۆر لەوە زیاتر کە بتوانین بەرگەی بگرین. هەڵبەت من قەرزاری قەشە جۆنم بۆ ئاماژەکەی کە بەڵێ سەرەتا وشە بوو، لێ با بیرمان نەچێت کە ئەم سەرەتایە زۆر ئاڵۆز و تەمومژاوییە… ماناکەیشی هەر ئەمەیە: بۆ ئەم بوونەوەرە بیمارە، بۆ ئەم بوونەوەرە خاوەنجەستەیە، بۆ خەڵکە عەوامەکەی قەشە جۆن، دراماکە ئەوکات دەست پێ دەکات کە وشە دێتە بوون، ئەو کاتەی وشە بەرجەستە دەبێت وەک کاری خودا هەر وەک ئایینی ڕاستەقینە پێمان دەڵێت. ئێ هەر ئەو کاتەیش کە وشە جێی خۆی لای مرۆڤ دەکاتەوە و دەبێت بە بەشێک لێی ئیتر شتەکان خراپ دەبێت و قڵپ دەبێتەوە. ئیتر هەر دوای ئەوەی مرۆڤ فێری وشە دەبێت، چیتر شاد و بەختەوەر نابێت، چیتر مرۆڤ نابێت بەو سەگە چکۆلەیەی کە کلکی با بدات یان ئەو کەرە جوانەی کە بە تەنها خەریکی دەستپەڕکردن بێت. مرۆڤ چیتر بەرجەستەی هیچ شتێک نییە، مرۆڤ بۆ ئەبەد بە وشە دەکوژرێت و لەناو دەچێت! با بزانیت منیش باوەڕم وایە کە وشە سەرەتایە. ئەوەتا تۆ پێم دەڵێیت کە من هیچ شتێکی تازەم زیاد نەکردووە و نەگوتووە! بەڵێ، ئەوە ڕاستە، خۆ هیچ کاتیش بانگەشەی ئەوەم نەکردووە کە شتێکی تازەم گوتووە یان دۆزیوەتەوە. هەموو ئەو شتانەی باسیان دەکەم ئەوانەن کە لێرە و لەوێ دەیانهێنم، شتێک لێرە و شتێک لەوێ کۆپلەیان دەکەم و بە یەکەوەیان دەنووسێنم. ئێستاکە تۆ دەزانیت، کە من  لە دوای هەموو شتێکەوە و دوای ئەو هەموو ئەزموونەم وەک دەروونشیکارێک، شتێک هەر فێر بووم ئەویش ئەوەیە کە سەرەتا (وشە) بوو. با لێرەیشدا شتێکت پێ بڵێم: ئەگەر ئەوە وشە نەبێت کە ژویسانس دەهێنێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دێن قسەم لەگەڵ دەکەن، ئەی کەواتە بۆ جارێکی تر دێنەوە بۆ لام گەر پێویستیان بەوە نەبێت کە خۆیان تیمار بکەن لە پارچەی ئەو وشەیە؟ من ئا لەم گۆشەنیگایەوە تەماشای شتەکان دەکەم. کە قسەکردن لەگەڵ من خۆشی دەدات بە خەڵک، شادیان دەکات، ئەگەر ئەم خۆشییە نەبێت چۆن من کلایەنتم[1] ((Client دەبێت، بە ڕای تۆ بۆچی جار دوای جار دێنەوە بۆ لام، تۆ دەتوانیت بیر لەوە بکەیتەوە؟ بە دڵنیایییەوە بۆ کەسی دەروونشیکار ئەوە ڕاستە کە سەرەتا وشە بوو! ئەگەر ئەم ئاماژەیە ڕاست نەبێت ئەی بۆ خاتری شەیتان من و تۆ لێرەدا پێکەوە خەریکی چین؟»

لاکان ئاماژە بە فرۆید دەکات و دەڵێت مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی قسەکەر دەبەستێتەوە بە نەست و نائاگاوە. دیارە فرۆید نەست وەک ئەو فابریکەی کە زمانی تیادا دروست دەبێت و گەشە دەکات دەیبەستێتەوە بە سێکسوالیتییەوە، بۆ لاکانیش هەمان شتە، لێ لاکان دەڵێت زمان و سێکسوالیتی پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە لێ بە شێوەیەکی زۆر تایبەت.

پرسیارێکی تر کە لە لاکان دەکرێت ئەوەیە کە ئەگەر ڕیاڵ هێندە توندوتیژ و گرفتاوییە ئەی نابێت ئێمە لە چنگی ڕیاڵ خۆمان ڕزگار کەین؟

لاکان: «ئەو ڕیاڵەی کە تا ئێستا هەیە و بەری کەوتووین هەر هیچ نییە لەچاو ئەوەی کە ناتوانین بهێنینە بەرچاوی خۆمان، چونکە زۆر بە سادەیی خاسیەت و سیفەتەکانی ڕیاڵ ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین مەزەنەی بکەین و بیهێنینە بەرچاوی خۆمان کە چییە و چۆن دەبێت.»

پ: «کەواتە تاکە ڕێگەچارە ئەوەیە کە خۆمان لە ڕیاڵ بە دوور بگرین، ئەمەیش خۆی دەبێتە جۆرێک لە شیزوفرینیای کۆگەل، بەو مانایەی کە دەروونشیکاری و ڕۆڵی دەروونشیکاری خۆی تەواو دەبێت لێرەدا.»

لاکان: «ئەمە بۆ خۆی ڕێگەیەکی زۆر گەشبینە بۆ ئەوەی کە من پێی دەڵێم سەرکەوتنی ئایین. کاتیگۆریزەکردنی ئایینی ڕاستەقینە ناونانی بە شیزوفرینیای مێگەل-کۆگەل بە ڕاستی دیدێکی تایبەتە، پێویستە دانی پیا بنێم کە جێی سەرنجە، لێ زۆر تێرمێکی سایکایتریانەیە.»

«هەڵبەت من ئەوا بیرم لێ نەکردەوە، من باسی ئایینم نەکرد.»

لاکان: «نەخێر، باسی ئایینت نەکرد، لێ وشەکانی تۆ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە زۆر گونجاوە لەگەڵ ئەوەی کە من هەر لە سەرەتاوە باسم لێوە کرد کە ئەویش ئەوەیە دواجار و لە کۆتاییی هەموو شیکارییەکاندا ئایین زۆر بە باشی هەموو شتێک جۆر و چاک دەکات. پێویست ناکات ئەمەیش زۆر لە سنووری خۆی دراماتیزە بکەین، بەڵکوو دەبێت خۆمان لەگەڵ ڕیاڵ بگونجێنین. بەو مانایەی کە هێشتا سیمپتۆم بە تەواوی نەبۆتە ڕیاڵ، بەڵکوو تا ئێستا هەر ئەو ڕێگەیە کە ڕیاڵ لە ڕێیەوە خۆی بەرجەستە و مانیفێست دەکات لەسەر حسابی ئێمە وەک بوونەوەری زیندوو؛ بوونەوەری زیندوو کە لێدراو و خوراوی دەستی سیمپتۆمین… مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی زیندوو ئاژەڵێکی نەخۆشە، هەمیسان گوزارشتی ئەوەی کە: (لە سەرەتادا وشە بوو)، هەمان شتمان پێ دەڵێت.


[1] مەبەستی لە نەخۆشەکانیەتی.