کرێکاری وشە
ئەم ئێوارەیەش لەبەر دەرگای ئاپاڕتمانەکەمان، پێشم کەوتەوە. پێی وایە دەبێ بەردەوام دەستێکم پێیەوە بێت و بە هەزار باردا، خەریکی بم. دەقیقە و سەعات نازانێت، هەر کە هات، دەبێ دەستی پێ بکەم. کردوومییە کرێکاری خۆی.
ئەرێ، من کرێکاری ئەوم!
نیوەشەوان، هەر خۆیەتی لە خەو دەرمدەپەڕێنێت. یەکەوڕێ بە شوێن سیگارەکەمدا دەمگێڕێت. هێشتا چاوم نوقمی خەوە و تاسەی چڕەدووکەڵم پێ دەکات، تومەز بە دووکەڵ لە خۆم، لە خەو وە دەرم دەنێت، ڕاپێچی دنیای زیندووانم دەکات. لە خورێنی چەن سیگارم پێ دەکێشێت، هەتا جەستەم ئامادەی خۆی دەکات. دوایی دەمبا لەسەر لەپتاپەکەم دامدەنیشێنێت و بێ ئەوەی هیچ پلانێکم هەبێت، خۆیم پێ بە تاشین دەدات. ئەرێ، شتێکی دەوروبەری مێشکم پێ دەتاشێت کە ناوکی خۆیم لێ ئاشکرا بکات. سەیر ئەوەیە، وشەکانی ئەو کاتانەم لەگەڵ وشەکانی باقیی ڕۆژەکەم جیاوازە، تومەز تازەن، یان ڕەنگە وشە بەجێماوەکانی دوێنێمن کە دوای ئەوەی بە تەواوی نائومێد بوون لە تاشران، لێم هەڵپرواون و لەگەڵ فێنکاییی شنەیەک، گەڕاونەتەوە بۆ نێو مێشکم، یان چوزانم بۆ نێو هەناوم…
کاتێک هەوا بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە، ڕوونم دەکاتەوە و وە هۆش خۆم دێنێتەوە، تێم دەگەیەنێت کاتی چوونەدەرەوە و کارە. دەڵێت ماڵ و خێزانم پێویستیان بە بژێوییە و دەبێ هەر لە ڕێگەی ئەوەوە شتێکیان بۆ بهێنمەوە، لە ڕێگەی وشەوە. چونکە لەم جیهانە پانوپۆڕەدا، تەنیا ئەو کارە دەزانم، تاشینی وشە. سەعات نازانم چەنی بەیانی دەچمە سەر کار، پێستی پەمەییی نیوەشەوم لەبەر دادەکەنێت و کەمێک قاوەیی، یان شین، یان هەر ڕەنگێک کە لە ڕەنگی بنیادەم بکات، دەکاتە بەرم. سەر لەپتاپی کارەکەم لەگەڵ سەر لەپتاپی ماڵەوەم جیاوازە، لەوێ دەبێ بۆ هەمووانی داتاشم. هەرچەند نازانم بە هەمووان دەگات یان نا، بەڵام ناچارم. حەقدەستەکەم بۆ ئەوەیە کە دڵخۆش بم بەوەی هەر وشەیەکم دەگاتە دەست هەمووان و ڕۆژێک کاردانەوەی دەبێت.
سەرەتا پێنج خولەک تا دوو سەعات گێژم. نازانم چ وشەیەک بۆ کێ، بۆ کوێ دابتاشم. بەڵام دوایی وردە وردە گەرمم دادێنێت و دەستم بە کارەکەم ڕادێنێت. ئەوسا وشەم لێ هەڵدەپروێنێت، ئەمما وشەم لێ هەڵدەپروێنێت…
سەرم پێ دەکات بە هەموو کونێکدا: ناو فایلەکانی دامودەزگا حکومییەکانم پێ دەپشکنێت؛ لێواری تاریکییەکانی مرۆڤم پێ سنگوسووژن دەدات؛ سەرلەبەری زامەکانی نێو کۆمەڵگەم پێ تاوتوێ دەکات؛ دەستم پێ دەکات بە جانتای بەرپرساندا، کەروێشک، بە کڵاوی لایەنگرانیاندا، کۆتر و بە کەوای شوێنکەوتووانیاندا، کوڵکەمارم پێ دەردەکێشێت؛ بە نێو میدیا نێوخۆیییەکاندا ڕۆمدەکات بۆ نەختێک ئاماری ژنانی نەزۆک، کچانی بە-منداڵی-بەشوودراو، مێرمنداڵانی ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، ژنکوژی، خۆکوژی، ئەموئەوکوژی، کچانی هەڵاتوو، کۆڵبەرانی دە دوانزە ساڵ؛ ئەو رێکارانەی کە چەند مانگە مووچەیان نەدراوە؛ ئەو منداڵانەی لەسەر شەقامەکان فڕێ دراون؛ ئەو ژنانەی بەهۆی نەبوونی نان و بژێویی ژیان، کڕدراون؛ ئەو کچانەی بە زۆر بە شوو دراون؛ ئەو کوڕانەی لەبری باوکیان بە کرێ گیراون. ئەمجار دەمگەڕێنێت بە شوێن هۆکارەکانیاندا، لە دووی دەستەکانی ئەودیو پەردە، لە دووی مەبەستی سیاسیی بەرپرسان، بە شوێن ئەندازەی زامەکان، درێژاییی ئازارەکان و پانتاییی ڕەنجەکاندا. کە هەموو ئازارەکان و ئامارەکان و هۆکارەکانی پێ کۆکردمەوە، دەستەویەخەی خۆیم دەکاتەوە و دەمخاتە نووسین، دەمخاتەوە داتاشینی. دەبێ جۆرێک بیتاشم کە کونوکەلەبەرەکان پڕ بکاتەوە، سووچ نەهێڵێت، لە زاڵەکاندا کار بکات و ترووسکەی هیوایەکیش بخاتە دڵی زوڵملێکراوان. دەبێ وای بنووسم، ئەوەی چاوی پێی دەکەوێت، داچڵەکێت و کەمێک بە خۆیدا بچێتەوە…
دوای هەشت سەعات، سەرم پێ لە لەپتاپی شوێنی کارەکەم هەڵدەگرێت و قرتەیەکم لە پشتم پێ دێنێت کە ئامادەم بکات بۆ گەڕانەوەم بەرەو ماڵ.
تا دەمگەیەنێتەوە ماڵ، نازانی، چ ئامارێکی ئەو هەشت سەعاتەیە، دەیانخاتە شوێنم و لەسەر شەقام بەملا و بەولامدا تێیاندەپەڕێنێت؛ بەرپرسەکان بە کۆتوشەڵوار و کراواتەکانیان و ئۆتۆمبێلە گرانبایییەکانیانەوە، کرێکاران بە ڕوخساری قاوەیی و لێوانی هەناسەلێبڕاویانەوە، کچان بە ئاهـ و حەسرەتی ژیانی چاوەڕواننەکراویانەوە، منداڵان بە زمانی بێبنی داهاتوویانەوە، نێرینەکان بە هەست-بە-سەروەری-کردنیانەوە، تەنافەکان بە خەمۆکییەکانیانەوە، ویترینی شاراوەی لەشفرۆشان بە گەرمیی بازاڕیانەوە و نەزۆکەکانیش بە هەموو ئازارەکانیانەوە… هەمووان، هەمووان، لەسەر شەقام دەخاتە شوێنم و منیش، چی بکەم، تا دێم زیاتر خۆم کز دەکەم کە نەمناسنەوە.
هەر کە دەشمگەیەنێتەوە ماڵ، دوو سەعاتی ڕێک دەممرێنێت. ئەرێ، ڕێک دوو سەعات ناچارم دەکات لە دنیا نەمێنم تا کەمێک ڕوحم پاکژ بێتەوە. ئەویش بە چی؟ خۆ دەخزێنێتە نێو مێشکم و دەست دەکات بە بۆڵەبۆڵ. دەڵێت “ئاگات لێیە، کەس منت لێ ناکڕێت، کەس منی تۆی بە توورێک ناوێت؟” و ئاوا من بەردەداتەوە لە ژیان. لە سووچێک هەڵدەلەرزم و دەمرم. نازانم دوای چەند سەعاتێک هەڵمدەستێنێت و خوتوخاڵی دەمگەڕێنێتەوە، هەر کە چاو دەکەمەوە، دەبینم بەدیارمەوە دانیشتووە و چاوەڕێی تاشرانە. ئەوسا من هەر لەنێو ژوورەکەمدا دێم و دەچم، دێم و دەچم، دێم و دەچم، هەتا گەرم دەبم بۆ بزەیەک بەدیاریەوە و وشە شاراوەکانی ژێر داوێنیم بۆ دەردەخات. ئیتر دەنیشمە پشت لەپتاپەکەم و دەست پێ دەکەم و دەنووسم ئەمما دەنووسم. بۆ ئەوەی لە خۆمی نەتۆرێنم، هەرچی نیوەشەوە دەبێ سەرەتا بە یەک ڕستەوە دەست پێ بکەم و دوایی ئەوەی دیکە خۆی، وردە وردە دەینێرێت…
«من پێناوداری وشەم، جا با کەس بە تمەنێکیش نەیەوێت…».