بۆچی بێماناییی نووسینی کوردی کەس ئازار نادات؟
دیهاوێژی (projection) مەکانیسمێکی بەرگرییە کە لەوێدا کەسەکە هەست و ئاکاری خۆی دەداتە پاڵ کەسێکی تر. ئەو نووسینەی ڕێبوار سیوەیلی کە لە خوارەوەدا دێت، نموونەیەکی دیهاوێژییە.
ڕێبوار سیوەیلی لە پاراگرافی کۆتاییی نووسینەکەیدا قسەیەک لە ویتگنشتاین ــ بە هێنانەوەیەکی ناتەواوی ئادرەس ــ دەهێنێت کە گوایە ویتگنشتاین گوتوویەتی: کە ناتوانی لەسەر شتێک قسە بکەی، باشتر وایە لە هەمبەریدا بێدەنگ بیت.
شەڵڵا کاک ڕێبوار ئەو قسەیەی ببیستایە!
دەرد و داخ ئەوەیە نووسینی بێمانا و بێسەروبەر خوێنەری کورد ئازار نادات! کەس له خۆی ناپرسی بۆچی کورد بەم دەردە چووە؟
چەند جار ئەو نووسینە بخوێنەرەوە. ئەوەی دەیبینن، نووسینی نووسەرێکی کوردە کە مامۆستای فەلسەفەیە و دەیان کتێبی هەیە!
لە نووسەر گەڕێ، بۆچی ئەو کەسەی بڵاوی دەکاتەوە ئەقڵی بە هیچ شتێک ناشکێت؟
ئەرکی بڵاوکەرەوە چییە؟ ئاخۆ ئەرکی تەنیا ئەوەیە بە دەستی ڕاست وەری بگرێت و بە دەستی چەپی بڵاوی بکاتەوە؟
بڵاوکەرەوەکە تاوانی زۆرترە یان نووسەرەکە؟ من دەڵێم بڵاوکەرەوەکە. چون له نێوان دەیان نووسینی ڕێک و ڕوون و ماناگەیەن، نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە کە نە ڕێکە، نە ڕوون نە ماناگەیەن.
لە دوای نووسەر و بڵاوکەرەوە، سەرەی خوێنەرە؛ بۆچی خوێنەر هیچ کاردانەوەیەکی نییە؟
بۆچی کەس بە نووسەر و بڵاوکەرەوە ناڵێت، بابەتێکی بەرز و بڵند به نووسینێکی نزم و نەوی سووک مەکە؟
پێشبینی دەکەم بڕێک بڵێن ئەم نووسینە وەڵامێکە بەو باشوورییانەی لە ڕوانگەیەکی نزم و بە چاوێکی سووکەوە سەیری شۆڕشی شکۆداری ژینایان دەکرد و ئەو شۆڕشەیان وەک شۆڕش بۆ بەرەڵڵایی نەک ئازادی ناو دەبرد. ئەگەر وەڵامدانەوە بەو تێگەیشتنە هەڵە و نزم و نەوییە، ئامانج و نیازی نووسەر بووبێت؛ جێی دڵخۆشییە کە ئامانج و نیازێکی پاک لە پشت ئەو نووسینەوە بووە، بەڵام ئاخۆ نیازپاکی دەتوانێت پاکانە بۆ بێسەروبەری و بێماناییی ئەو نووسینە بکات؟ ئەگەر بڵێین؛ بەڵێ، دەتوانێت پاکانە بکات؛ ئەوکات جیاوازیی ئێمە لەگەڵ جەماعەتی ژێر دەواری گوتاری “إنما الأعمال بالنيات” چییە؟!
ئەمە پرسیارێکی پێویستە بۆ ئێستا کورد. بە تایبەت بۆ کوردی ڕۆژهەڵات کە زۆربەی چالاکییەکانیان فەیکن.
دەپرسم ئەگەر نیازی نووسەر، ئەو نیازە پاکەی سەرەوەش بووبێت، گەلۆ ئەو شێوە شەقوشڕەی ڕێبوار ــ کە بە سەقەتی باس لە وشەی ناخ و ئاخ و خاک و خۆ و خەبات دەکات ــ موویەکی لە بەرازی ڕوانگەی بەرانبەر کەندووەتەوە؟ یان نا، شۆڕشی ژینای پێ گەڕ کردووە؟
سەرەتا نووسینەکەی ڕێبوار سیوەیلی بخوێننەوە، دوای ئەوە تێبینییەکانم لەسەر نووسینەکە دەنووسم.
ئەو نووسینەی ڕێبوار سیوەیلی له “ڕاوێژیسم”دا بڵاو کراوەتەوە.
لەبارەی وشەی “خەبات”ـەوه له ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
1. هەر یەک له وشەیلی “خەبات” و “بەرخۆدان” و “خەبتاندن” و وشه هاوماناکانیانەوە، له زمانی کوردیدا ئاماژەیەکی قووڵیان تێدایه بۆ “خود” و “ناخ” و “ویستی” کەسی. ئەوەی خەبات دەکات، له بەرخۆداندا بەشداره، یان دەخەبتێ، ویستی خۆی لەو چالاکییەکەدا بەرجەستە دەکات.
2. ڕەنگه ئەو وشانه له بنەمادا پەیوەندییەکی نزیکیشیان لەگەڵ وشەی “ناخ و خاک و ناخ و خود”یشدا هەبێت. ئەویش نەک هەر لەبەر هۆکاره دەنگیی و هاوبەشییاندا له پیتی (خ)، بەڵکو ڕێک لەبەر ئەو پەیوەندییەی ئەم وشانه لەگەڵ یەکتردا هەیانه و دەنگی (خ) وەک دەنگێکی ڕەسەن له زمانەکەدا بەرجەسته دەکەن.
3. هەر شتێک پەیوەندیی به خاک و ئاخ و خەباتەوە هەبوو، پەیوەندییشی به خود و ناخ و ویستەوە هەیه. خود کۆکەرەوەی هەموو ئەو وشانەیه به مانا جیاوازەکانیانەوە له خۆیدا. خود هەرچەنده یەک وشەیه، بەس تێکەڵێکه له هەموو ئەوانه. خودبوون پێکهاتەیەکی چڕه له ئاخ و خاک و ناخ و وشەگەلی لەو بابەتە. خود هەرچەنده ئاماژەیه به یەک و تاکێتی و خودبوون و دانسقەیی و بێ نموونەیی و نایابی و دەگمەنی و تاکایەتی دابەشنەبوون و… وشەی لەم بابەتە، ئاواش وشەیەکی پێکهاتەییه له هەموو ئەوانه.
4. کاتێک خود شیی دەکەینەوە و هەڵیدەوەشێنینەوە و پارچەپارچەی دەکەینەوە سەر یەکە پێکهێنەرەکانی خۆی، دەبینین هەر ئەم خوده دانسقه و دابەشنەبووه، پڕه له ڕەگەزەکانی خاک و ئاخ و ناخ و ویست و خەبات.
5. بۆیه وشەی خەبات له زمانی ئێمەدا ئامادەیی هەموو ئەمانەیه له خۆیدا. خەباتکار خودێکه خۆی وەک یەکێک، دانەیەک، دانسقەیەک، خودێک خۆی بەیاندەکات، بەڵام کاتێک دەخەینه بەر دەم ئەو پرسیارەی بۆ وا دەکات؟ به ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت، که ئەو خودێکی پێکهاتەییه له خۆی و خاک و ناخ و هەر شتێک لەو نێوانەدا. مرۆڤ خەبات دەکات چونکه لەو ڕێگەوە خۆی دەردەبڕێت و خۆی دەسەلمێنێت و خۆی گیانفیدا دەکات. لەوێشەوە خوێنی خۆی دەبەخشێت به ئاخ و خاک و بەوجۆرەش ناخی خۆی ئاسووده دەکات.
6. بۆیه کاتێک مرۆڤی کورد دەبینیت دەخەبتێ، خەبات دەکات، تێدەکۆشێت، ویستی خۆی وەک خەباتکارێک بەیان دەکات. ویستی خودێکی پێکهاتەیی له پەیوەندی بەو شوێن و کات و ئاخ و خود و ناخەی ئەوی گرتۆتە خۆی.
بەمجۆرەش ئەو خەباتکاره بوونی خۆی دەبەستێتەوە بەو پەیوەندییانەی ئەویان به پێکهێنەرەکانییەوە بەستۆتەوە و ئەم بوونەش له سەرجەمییەتی خۆیدا خۆی بەیان دەکات. مرۆڤ بەم مانایه خەبات دەکات، چونکه دەیەوێت خۆی دەرببڕێت و خۆی بێت و ئەوەی له ناخیایەتی بهێنێته دەنگ و بەرهەمهێنان؛ تەنانەت ئەگەر ئەوە به تێکەڵبوونی خوێنی خۆیشی بێت لەگەڵ خاک و ئاخی وڵاتەکەی.
8. ئەوەی ئێمه له ئێستادا له ڕۆژهەڵات دەیبینین خەباتێکی مەزن و تێکۆشانێکی بێوێنەی تاکەکەسی کورده، که له هەموو سنوورەکان تێپەڕیوه و دەیەوێت وەک خۆی، ناخی خۆی بەیان بکات و ویستی خۆی بۆ بوونێک دەرببڕێت که لێی قەدەخە کراوه.
9. قووڵی مانای ئەم خەبات و خوێن و خاک و تێکۆشانه هەر تەنیا حەماسەتێکی کوردییانه نییه، بەڵکو خستنەڕووی بەڵگەیەکی بوونخوازانەشه بۆ سەلماندنی بوونی مرۆڤ به کۆی ئەو ڕەگەز و پێکهاتانەشەوە که ئەو بوونەیان به خود بەخشیوه. ئەمێستا ئەم خودێتییه پڕ و لێوڕێژه ئەوە دەبەخشێتەوە که پێکیهێنانەوە و سەرچاوەی بوونێتی. ئەمه بەخشەندەیی خودێکه، که لێوڕێژه له ویست. ئەمه ئەو دۆخەی خودێتییه که بەویستی خۆی، خۆی دەکاتەوە قوربانی ئەو پێکهاتانەی ئەویان کرده تەک و دانسقه و تاک و کەس. ئەمێستا هەر ئەم کەسه به توانەوەی خۆی بەسەر پێکهێنەرەکانیدا، ئەوە دەبەخشێتەوە که سەرچاوەکانی پێیان بەخشیوه.
10. لودڤیک ڤتگنشتاین له کۆتاییەکانی (تراکتاتۆس)دا دەنووسێت، ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت لەبارەی شتێکەوە قسه بکات، پێویسته له ئاستیدا بێدەنگ بێت. ئەگەر له مانای خەباتی ڕۆژهەڵات به تێگەیشتنە کوردییەکەی تێناگەیت، پێویست ناکات کۆمێنت بدەیت و لەبارەی شتێکەوە بنووسیت و دژی بیت، که نازانیت چییه و چۆن قسەی لەبارەوە بکەیت.
پ. یەکەم:
لەم ڕستەیەوە دەست پێ دەکەم: “ئەوەی خەبات دەکات، لە بەرخۆداندا بەشدارە یان دەخەبتێ ویستی خۆی لەو چالاکییەدا بەرجەستە دەکات”. ئەگەر وای دابنێین کە ئەو حوکمەی ڕێبوار سیوەیلی، حوکمێکی دروستە، ئاخۆ ناتوانین هەر بە لۆژیکی ئەو ڕستەیە بڵێین:
“ئەوەی هەڵدەستێت، ویستی خۆی لەو چالاکییەدا بەرجەستە دەکات”
“ئەوەی ڕادەکشێ، ویستی خۆی لەو چالاکییەدا بەرجەستە دەکات”؟
ئێستا سەرنج بخەنە سەر بەشی یەکەمی پاراگرافەکە:
“هەر یەک لە وشەیلی خەبات و … لە زمانی کوردیدا ئاماژەیەکی قووڵیان تێدا بۆ خود و ناخ و ویستی کەسی”.
کۆی پاراگەفەکە ئارگیۆمنتەشین و بەڵگەهێناوەیەکە کە من بەم جۆرە کورتی دەکەمەوە:
“(چونکە) ئەوەی خەبات دەکات یان لە لەبەرخۆداندا بەشدارە، ویستی خۆی لەو چالاکییەدا بەرجەستە دەکات (کەواتە) هەر یەک لە وشەیلی خەبات و بەرخۆدان ئاماژەیەکی قووڵیان تێدایە بۆ ویستی تاکەسی”.
ئێستا دەڵێم:
بەپێی ئەو بەڵگەهێنانەوەیە ڕێبوار سیوەیلی بێت، هەر یەک لە وشەگەلی “هەستان” و “ڕاکشان”یش ئاماژەیەکی قووڵیان تێدایە بۆ ویستی تاکەکەسی!! هەر وسا بە لۆژیکی بنووس زۆرێک وشەی تری کوردی ئاماژەیەکی قووڵیان تێدایە بۆ وشەی “ویست”.
سەرنج بدەن کە بنووس ناڵێت چەمکی خەبات یان بەرخۆدان، بەڵکوو باسی ئەو “وشە”گەلە دەکات “لە زمانی کوردیدا”. کەواتە ڕستەکان بەدەر لە هەڵەبوون یان دروستبوون، خۆیان وەک خوێندنەوەیەکی زمانناسییانە دەنوێن و باسی خزمایەتیی ئەو وشانە لە ڕووی سەرچاوە و ڕەگەوە دەکەن. من ویست بووم لە ڕێگەی پووچەڵکردنەوەی ئارگیۆمنتەیشنەکەی بنووسەوە باسی پووچبوونی ئەو پاراگرافە بکەم ئەگینا بەر لە زانستی زمانناسی بۆرەئەقڵ commen senseیش قبووڵی ناکات وشەگەلی ناخ و خود و ویست پەیوەندییی ڕەگناسییانە(etymological)یان بە وشەگەلی خەبات و بەرخۆدانەوە هەبێت.
پ. دووهەم.
پاراگرافی دووهەم بە “ڕەنگە ئەم وشانە” دەست پێ دەکات. مەبەستی لە “ڕەنگە ئەم وشانە”، کام وشانەن؟ وەڵامەکە دەبێ وشەگەلی “خەبات” و “بەرخۆدان” و چاوگی فەیکی “خەبتاندن” بێت. لە سەرەوەدا گوتبووی ئەو وشانە ئاماژەی قووڵیان تێدایە بۆ “خود” و “ناخ” و “ویست” لە خوارەوەدا دەڵێ ڕەنگە ئەو وشانە لە بنەمادا پەیوەندییی نزیکیان هەبێ لەگەڵ “ئاخ” و “ناخ” و “خاک” و “خود”. دەبینن لە دوای دوو دێڕ لە بیری چووەتەوە کە لە سەرەوەدا ئاماژەی کردووە بە پەیوەندیی “ناخ” و “خود” بە وشەگەلی “خەبات” و هتد و بەشێک لە فەرموودەکەی خۆی بە جۆرێک دووبارە کردووەتەوە، چمان پێشتر باسی نەکرا بێت.
لە باسی پارگرافی یەکەمدا گووتم؛ پەیفی “وشە” و “لە زمانی کوردیدا” و “ئاماژەیەکی قووڵ” دەمانگەیەنن بەوەی باسەکە ـ پووچ یان پڕ ـ باسێکی زمانناسییانە و ڕەگناسییانەیە. ئەگەر ئەو قسەیە قاییلکەر نەبوو بێت، دەربڕینی “لە بنەمادا” و باسکردن لە دەنگی “خ” لەو وشانەدا گومان ناهێڵێت کە باسەکەی باسێکی زمانناسییانە و ڕەگناسییانەیە.
لە پاراگرافی دووهەمدا ئارگێومنتی بنووس بۆ ئەوەی ئەو وشانەی کە لە سەرەوەدا هەڵی داون، لە بنەمادا پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ئەو وشانەی لە خوارەوەدا ڕیز کراون ئەوەیە کە دەنگی “خ” _ کە بنووس بە هەڵە پێی دەڵێ پیت _ لە هەموو ئەو وشانەدا دووبارە بووەتەوە. ئەو ئارگیۆمنتە پشت بە ڕێسایەکی دەبەستێ کە پێی وایە دەنگی هاوبەش لە وشەکاندا نیشاندەری پەیوەندیی ڕەگناسییانەی وشەکانە. ئەم ڕێسایە سائەقڵیش نایسەلمێنێ چ بگات بە بۆرەئەقڵ و زانستی زمانناسی.
سەرنجی “ئەویش نەک هەر لەبەر” بدەن. ڕستەبەندیی پاراگرافی دووهەم پێمان دەڵێت کە ئەو بەڵگەیەی لەسەرەوەدا باس کرا، بەڵگەی لاوەکیی بنووسە بۆ پەیوەندیی ئەو وشانەیە. بەڵگەی سەرەکیی بنووس ئەمەیە:
“لەبەر ئەو پەیوەندییەی ئەو وشانە لەگەڵ یەکدی هەیانە و دەنگی خ وەک دەنگێکی ڕەسەن لە زمانەکەدا بەرجەستە دەکەن”.
ئەم ڕستەیە باشتر شپرزەییی نووسینەکە دەر دەخات. باشە ئەو پەیوەندییەی ئەو وشانە پێکەوە هەیانە و دەنگی “خ” بەرجەستە دەکەن، چین؟ بێجگە هاوبەشبوونی دەنگی “خ” چ پەیوەندییەکی تر لە نێوانیاندایە؟ بۆچی نووسەر جۆرێک دەنوێنێ چمان ئەو پەیوەندییانەی ڕوون کردبێتەوە؟
لە کاتێکدا نووسەر سەرەتا باسی “نەک هەر لەبەر هۆکاری دەنگی…” کردبوو، بۆچی دووبارە باسی دەنگی “خ” دەکات و وەک “دەنگێکی ڕەسەن کە ئەو وشانە بەرجەستەی دەکەن” ئاماژەی پێ دەدات؟ ئەمە ئیتر شپرزەیی تێ پەڕاندووە و گەیشتووە بە تاتاڵجی (tautalogy). ئەمە وەک ئەوەیە بڵێی:
من و ڕێبوار لەیەک دەچین. نەک هەر لەبەر ئەوەی گڵمەگڵم دەکەین. بەڵکوو لەبەر ئەو نووسینانەی کە تێیاندا گڵمەگڵم بەرجەستە دەکەین!
پ. سێهەم
بنووس پێی خۆشە لافی کوردیحەزی و کوردیزانی لێ بدات. ئەوەیە دەبینین وشەی “ئاخ” _بە مانای خاک_ کە زۆرتر لە کرمانجیدا بەکار دەچێت و لە وشەی “بناغە”ی ناو سۆرانیشدا هەیە، بەکار دەهێنێت. دەبینین پەیڤی “وشەیلی” بەکار دەبات کە بڵێت ئاگاداری کوردیی باشووریشە!
چاوگی فەیکی “خەبتاندن” دروست دەکات. کە کرمانجیزانیمان پێ بفرۆشێتەوە! لەسەر ئەم بابەتە ناچم چون ڕستەبەندییەکەی نووسەر ڕادەی کوردیحەزی و کوردیزانیی ئەو نیشان دەدات. تەنیا بپرسم ئەم هەمگە دووبارەکردنەوەی “ئاخ” و “خاک”ە لە پای چی؟ دەبێ مەمنوونی بین کە مانای “ئاخ” لە کرمانجیدا دەزانێت؟!
سەیری ئەم حوکمە بکەن:
“هەر شتێک پەیوەندیی بە خاک و ئاخ و خەباتەوە هەبوو، پەیوەندیشی بە خود و ناخ و ویستەوە هەیە”.
ئەم propositionـە ئەگەر شی بکرێتەوە نۆ دانە گوزارەی لێ دەکەوێتەوە. وەک:
هەر شتێک پەیوەندیی بە خاکەوە هەبوو، پەیوەندیشی بە ویستەوە هەیە.
هەر شتێک پەیوەندیی بە ئاخەوە هەبوو، پەیوەندیشی بە ناخەوە هەیە.
و …
باشە خوێنەر چۆن ئەو نۆ حوکمە بەبێ بەڵگە بسەلمێنێت؟
عەیبدار نییە بۆ کەسێک کتێبی سەبارەت بە فەلسەفە نووسیبێت، بەو جۆرە حوکمی بێبنەما بدات؟
لە درێژەدا دەڵێت: “خود کۆکەرەوەی هەموو ئەو وشانەیە بە مانا جیاوازەکانیانەوە”. پێمان ناڵێت “خود” چۆن کۆکەرەوەی ئەو وشانەیە پێکەوە؟
سەرنج بدەن لە هەموو قسەکانیدا باسی وشەی “خود”ـە نەک چەمکی “خود”. کە تەنانەت ئەگەر باسی چەمکی خودیش بوایە، هەر هەڵە بوو. بۆ نموونه دەپرسم خود چۆن دەتوانێ کۆکەرەوەی خاک بە مانای وڵات و خاک بە مانای خۆڵ لە خۆیدا بێت؟
هەر بەم جۆره دەکرێت خاڵێکی پرسیار لە هەمبەر هەر دەربڕدراوێکی بنووسدا دابنرێت و بپرسی چۆن؟
خودبوون چۆن “پێکهاتەیەکی چڕە لە …”؟
وشەی خود چلۆن لە وشەگەلی ئاخ و خاک و … پێک هاتووە؟ مەگەر وشەی “خود” بێجگە سێ دەنگ و ڕیزبەندیی ئەو سێ دەنگە چیترە؟
پ. چوارم.
دەپرسم ڕەگەزەکانی ئاخ و خاک و ناخ و ویست چین کە ئەگەر خود شی بکەینەوە دەبینین پڕە لەو ڕەگەزانە؟
ئەمە خۆفریودانە یان بێڕێزیکردن بە خوێنەر؟
پ. پێنجەم.
لە پارگرافی پێشوودا ئەوە وشەی خود بوو کە کۆکەرەوەی هەموو وشەکانی تر بوو. لەم پاراگرافەدا ئەوە خەباتە کە کۆکەرەوەی هەموو وشەکانە. ئەم دوو قسەیه یەکتربڕ نین؟
لەم پاراگرافەشدا بڕێک بەڵگەهێنانەوە دەبینین. ڕێبوار دەڵێت “مرۆڤ خەبات دەکات چون لەو ڕێگەیەوە خۆی دەردەبڕێت و خۆی دەسەلمێنێت”. ئەم ڕستەیە بکە بە: “مرۆڤ وەرزش دەکات چون لەو ڕێگەیە خۆی دەردەبڕێت و خۆی دەسەلمێنێت”. ئەگەر قسەکەی ڕێبوار بەڵگە بێت بۆ ئەوەی خود لە وشەی خەباتدا ئامادەیە، بەڵگەیشە بۆ ئەوەی وەرزشیش لە وشەی خەباتدا ئامادەیە. بەم جۆرە سەدان وشەی تر لە وشەی خەباتدا ئامادەن!
دەبینین کۆی نووسینەکە کۆمەڵێک دەربڕینی بێسەروبەرە. کۆمەڵێک دەربڕین کە نە تەنیا خزمەت بە بابەتەکە ناکات بەڵکوو سووکی دەکات.
پ. هەفتەم
ئەم پاراگرافەش هەر درێژە و دووبارەکردنەوەی ئەو بیسەروبەرییەی سەرەوەیە. نووسینێکی بێمانا، کۆمەڵێک دەربڕین کە ناتوانێت بیانسەلمێنێت، بیشیان سەلمێنێت زانیارییەکی سوودبەخش بە خوێنەر نادەن.