مەیلی تەكنۆلۆژیا، مەیلی زمان

ئەمڕۆ مرۆڤ لەنێو بڕێكی زۆری سیستمی پێكگەیاندنی ڕۆژانەدا گیری خواردووە، كۆمەڵێ‌ ڕووداو و یەكەی سیمیۆلۆژی وردی ڕێكخراو و ناڕێكخراو، زمان و نازمانی… ڕۆڵی خۆیان لە ژیانماندا دەگێڕن و دنیابینیمان دیاری دەكەن. لێرەوە ئیتر تێدەگەین بنەمای ژیان لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە ڕیشە میتافیزیكییەكەی پچڕاوە! بەدیوە ڕۆشنبیرییەكەشی تێدەگەین شاشەی ژیان هەر تەنها بەرهەمی ململانێی كولتوورەكان نییە، بەڵكوو سەبەتەی هۆكارە سیمیۆلۆژییەكان و مەیلی ئەتۆمگەرایی و فەزای گریمانەیییە…

كەواتە لە بەرانبەر سوبێكتدا، لە بەرانبەر داهێناندا فەزای گریمانەییی ئاماژەكان نوێنەرایەتیی واقیعی مەتریاڵی دەكەن، بەڵام سوبێكت لە سیستمی هەڵبژاردن دانەبڕاوە، بەو مانایەش داهێنانی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە ڕێگای پۆلێنكردنەوە، دەتوانێ خۆی لەگەڵ واقیعی گریمانەییی ئاماژەكان بگونجێنێ‌. كەواتە لە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێرەوە تا سیستمی ناسینەوەی دەنگ… دەبێ‌ بە شوێن فۆڕمێكی دیكەی نوێی ئەدەبی هونەریدا بگەڕێ‌ و سوود لە هەموو تواناكان وەربگرێت.

شاشەی گێڕانەوەكان ڕووخسارێكی گرمۆچەبوو پیشان دەدەن و لێی نووسراوە پێش. لای چەپی شاشە ڕووخسارێكی ئایدیالی پیشان دەدات و لەسەری نووسراوە پاش. بەڵام سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد فەزای ئەتۆمگەرایی و گریمانەییی سیمیۆلۆژیا، لە چاك و خراپ خاڵی كراوەتەوە و فۆرم، جێگەی جەوهەری گرتۆتەوە.

پرسیار ئەوەیە ئایا سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، دنیای فاشیزمی تەكنۆلۆژیایە، یان مەیلی فاشیزمی زمان؟ ئایا سوبێكتی لاكانی چیدیكە دەتوانێت بە ”ڕەش – سپی“ بدوێت؟ بێگومان ئیتر مرۆڤ لەو فۆڕمە خودایییەی خۆی دوور دەكەوێتەوە، ئیتر زمانی ئەدەب و هونەر، سەیروورە و نوێبوونەوە و گۆڕانكاری و خۆگونجاندنە، بەردەوام زاڵبوونێكی ڕێژەیی بەسەر كات و تێگەیشتندا دەسازێنێ‌.

فەزای گریمانەیی وڕوژاندنی خوێندنەوە

دەشێ‌ مەیلی گێڕانەوە و شیعرییەت هەڵاتن بێ‌، لە نمایشی ڕۆژانە و هێزی بزوێنەری فەزای گریمانەیی (بە مانا بۆردیارەكەی)، بە دیوەكەی دیكەش دەشێ‌ خەیاڵی گێڕانەوە و شیعرییەت وەك نووسینەوەی نووسین، پانتایییەك بۆ ئاوێتەبوونی وەهم و واقیع خۆش بكات! بەڵام ئەوەی ئەو وەهمە هەڵدەمژێت، هێزی بزوێنەری ماشێنی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد نییە، بەڵكوو بە شێوە تەقلیدییەكە مەیلی بزوێنەری وەرگر و خوێنەرە، ئەوە توانای وەرگر/خوێنەرە لە فەزای خوێندنەوە و دوای (بەخەبەربوونەوە لە نمایشەكان) دەچێتە فەزای گریمانەییی جیاوازی واقیع، بۆ خودی واقیع.

وەك چۆن وەرگر/خوێنەر ناتوانێ‌ لە فەزای خوێندنەوە بێتە دەرەوە، سوبێكتی سەردەمیش ناتوانێ‌ لە دەرەوەی مەیلی ئەتۆمگەراییی پۆستمۆدێرنەدا بژیت! وەرگر/خوێنەر لە دەرەوەی خوێندنەوە، وەرگر/خوێنەر نییە. سوبێكتی سەردەم لە دەرەوەی دنیای ئەتۆمگەرایی سوبێكتی سەردەم نییە. فەزای گریمانەكراو و فەزای خوێندنەوە بەو مانایەیە كە (سوبێكتی تەكنۆلۆژی و خوێنەری زمان) لەگەڵ نیشانەكان و گەیاندنی پراكتیكی هێماكان پێك دەگەیەنێت، لەوێشەوە تێگەیشتن و ڕاڤەكردن و جێبەجێكردن بەجێ دەهێنن. ئەوەش خوێندنەوەی ژیان و فەزای گریمانەكراوە، كە جیاوازی و دیالۆگ و تێگەیشتن، سیماكانی دەنەخشێنێ‌. كەواتە ئەگەرەكانی گۆڕانكاری هەنگاوی جیاواز و بیركردنەوەی جیاواز و هۆشیاریی جیاوازی دەوێت.

فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان بۆدریار لە یەكێك لە بەرهەمەكانیدا حیكایەتی كەسێك دەگێڕێتەوە بە ناوی ئیشی (Ishi)، ئەو كەسە سەر بە دانیشتووانە ڕەسەنەكەی ئەمەریكایە و دوایین هیندییە لە خێڵەكەی لە ژیاندا مابێ‌، ڕادەگوێزرێت بۆ شاری سان فرانسیسكۆ. (ئیشی) سەری سووڕ دەمێنێت لە دیمەنی ئەم خەڵكگەلەی لەوێ دەیانبیێت، وێنەی گەورەییی شارەكە و قەرەباڵغی و ڕێژەی زۆری دانیشتووان دەیگەیەننە ئەو بڕوایەی كە هەموو ئەو كەسانەیش وا پێشتر مردوون، هاتوون لەم شارە نیشتەجێ بوون، مردووەكان دەچنە نێوان زیندووەكانەوە و مەودایان لە یەكتری بۆ دەهێڵنەوە. بەو جۆرە زیندووەكان و مردووەكان بە پاڵ یەكترییەوە دەژین. دواجار لە بیركردنەوەی (ئیشی)دا ئەوە مردووەكانن پەیوەندیی نێوان زیندووەكان ڕادەگرن. دەمەوێ‌ لەو خوێندنەوەیەدا بڵێم لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرددا، زیندووەكان ناتوانن بێ‌ ئەدەب و هونەر بژین؟!

پرۆسەی خوێندنەوە، جیاوازی و فرەیی ڕەنگرێژی دەكات، شیعرییەت و گێڕانەوە ناتوانێ‌ لاساییی مردووەكان و زیندووەكان بكاتەوە! خوێندنەوە واقیع و خودی واقیع و نەهاتنەوەیە لە واقیع، یان بە مانا سیمیۆلۆژییەكەی زێدەواقیعییە! ئەوە خەیاڵی گێڕانەوە و شیعرییەتە، كە بە خێرایی دەبێتە كۆدێكی دیكە بۆ سوبێكت، (بە مانا بۆدریارەكەی) دەبیتە كۆد و پاسۆرد و ژمارە و ئەكاونت، پەیوەندی و عەشق و سێكس و پێكەنین و گریان و…

لە دواجاردا تێزەكە ئاوای لێ دێت: ڕاستی لە خەون دەچێت. بەڵام ئەو تێزە هەڵەیە چونكە جێگوڕكێ‌ بە ڕۆڵی خەون و ڕاستی دەكرێت، ئەو كاتە دەتوانین لەگەڵ فرۆیددا دژ بە فرۆید بڵێین: چەپێنراو بە ڕێگای خەوندا نایەتەوە، بەڵكوو بە ڕێگای ڕاستیدا دێتەوە. (بۆ زێتر شارەزایی و بەدواداچوون بڕوانە: زێدەواقیعی: چەند یادداشتێك دەربارەی فەزای مەجازی-هاوار محەمەد). وەك ئەوەیە بڵێیت: مەیلی گێڕانەوە و شیعرییەت بە ڕێگای خەونی ئەدەبیدا نایەنەوە، بەڵكوو بە ڕێگای زیرەكیی دەستكرددا دێنەوە.

لۆژیكی ناهاوسەنگیی پێكگەیاندن

بە گشتی میدیا دەروازەی گەیاندنی زانیاری و جوانی و مانایە. لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرددا میدیا وەك بەدیلی ڕۆحی بە دەوری جەستەدا دەسووڕێتەوە! كلینەكانی جوانكاری، هۆڵەكانی لەشجوانی، پرۆتین و كریاتین و بۆتۆكس و فیلەر، ڕجیمە خۆراكییەكان… بە دیوەكەی دیكە زمانی میدیایی، یان مەیلی میدیایی وەك بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی جەستە و ئاماژەكان خۆی نمایش دەكاتەوە. بەڵام گوتاری میدیایی هەر تەنها بابەتی خوازراو و مانای ڕووكار و جووڵەی سادە و ڕاستەوخۆ ناگەیەنێت، بەڵكوو مانای ناوەكی و ناڕاستەوخۆیشی لەخۆدا هەڵگرتووە و لە پشت جووڵە و وێنەكان و وشەكانەوە دنیایەكی مانادار لە ئارادایە. جگە لە هەموو ئەوانەش مۆڕكێكی چێژئامێزیش لەخۆ دەگرێت. بۆیە ئەمڕۆ مەیلی (زمان، تەكنۆلۆژیا) لەبری میدیا بۆتە گەورەترین دەسەڵاتی سەر گۆی زەوی، دەتوانێت زۆرترین كاریگەری بخولقێنێت.

بێگومان كاركردنی تەكنۆلۆژیا و سیمیۆلۆژیا لە گوتاری میدیاییدا جێكەوتە و نرخی خۆی هەیە، بۆیە كاتێك بۆدریار وەك هۆكاری گواستنەوەی دەلالەت و بایەخی ڕووتكردنەوە لە مانا، دەڵێ‌ ئاماژە كاڵایە بۆ كاڵایەكی دیكە… ئەلتەرناتیڤێكی بەتاڵە بۆ كاڵایەكی دیكە، دالێكە بۆ دالێكی دیكە و بە گشتی مەدلول لەناوچووە! دەیەوێ‌ بڵێ‌ مانا كەمتر و كەمتر ئامادەیە. سەیر نییە لەمیانی سیمیایی نوێدا ژان بۆدریار وەك خوازەی گەورە تەماشا زمان بكات؟! چونكە زمان لە سیمیۆلۆژیادا توانای ئەوەی هەیە، كە هەموو ئەو سیستمانەش لەخۆ بگرێ‌، كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ گوزارشت لە خۆیان ناكەن و ئاماژەی ئەبستراكتین و هەر تەنها ئاماژە بە دەلالەتەكانیان دەكەن. دەكرێ‌ ئەو قسەیەی بۆدریار دووبارە ململانێی فاشیزمی تەكنۆلۆژیا و فاشیزمی زمان بیر بخاتەوە. ئەوەش كۆتاییی مێژووی ئەدەب و هونەر نییە، وەك دەڵێن بەڵكوو كۆتاییی جوگرافیایە: هەر ئەوەشە سەردەمی ئێمە بە یەكگرتنی كات و شوێن جیا دەكاتەوە، یەكگرتنی كات و شوێن، لە فەزای گریمانكراوی زیرەكیی دەستكرد تێناپەڕێ‌. میترۆستراتیژیا شوێنی جیۆستراتیژیای گرتۆتەوە. بەم جۆرە ڕووداوی سوبێكتی داهێنەر بە كاتدا درێژ نابێتەوە، زیاتر لە كودەتا نزیكە وەك ئەوەی تەنها ڕووداوی لەپڕ بێ‌، ڕووداوی نمایشكارانە بێت. ئەمڕۆ دنیا، دنیای ناوەندیارە، لە گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی ڕەخنەگر ناوەندیاری دانەر و خوێنەرە، مێژوونووس ناوەندیاری ڕابردوو و ئێستایە… بەڵام ئایا تەكنۆلۆژیا ناوەندیاری زمانە، یان زمان ناوەندیاری تەكنۆلۆژیایە؟

ئێستا داوا لە نووسەر دەكرێ‌ پەیوەندی لەگەڵ هۆیەكانی ڕاگەیاندن و تەكنۆلۆژیا ببەستێ‌، یەكەمجار بە دوای مەیلی میدیادا بڕوات و بەر لەوەی بە دوای مەیلی زمان و نووسیندا بكەوێت، چونكە لە ڕێگای تەكنۆلۆژیا و میدیاوە دەبێتە دانەر!

بەڵام بێگومان زمانەكان نووسین درووست دەكەن، تەكنۆلۆژیا وێنەكانی بڵاو دەكەنەوە. دانەرەكان لە ڕێگای زمان و تەكنۆلۆژیاوە ژیانی خۆیان، چالاكییەكانیان دەناسێنن. ڕەنگە بتوانن گۆرانی لە بارەی خوێندنەوەی خودی نووسینەوە بچڕن، ببنە خوێندراوە بەر لەوەی بخوێنرێنەوە! لیرەوە دنیای نمایش ڕوویەكی دیكەی دەسەڵاتی زمان و تەكنۆلۆژیا نیشان دەدات.

پەڕگیری و تەنیایی

هێزی ئەدەب چییە؟ سارتەر دەڵێ‌ هێزی ئەدەب هێزێكە، ئەدەب تێدەپەڕێنێ‌. كەواتە پرسیارەكە دەچێتە نێو توانای سوبێكتەوە، ئەدەب لەو هێز و توانایانە پێكهاتووە كە لە سەرووی ئەو شتانەوەیە، كە پشتی پێ دەبەستین. سوبێكتی داهێنەر دەتوانێ‌ تەنیا بێ‌، نەك پەڕگیر. تەنیایی توانایەكی بنەڕەتییە لە داهێناندا، بەڵام پەڕگیری تووندوتیژی دەخاتەوە، سوبێكتی داهێنەر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی بەرفرەوان لەگەڵ مەیلی تەنیایی دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ هێزی پەڕگیری هەڵناكات؟!

خوێندنەوە لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد چیدی ڕاڤەكردنێكی نوێ‌ نییە بۆ دەروونی خوێنەر، بەڵكوو دیدێكی نوێیە بۆ جیهانبینی. وەك چۆن سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد تەنها فیكری نوێی بەرهەم نەهێناوە، بەڵكوو بونیادی خودی بیركردنەوەی گۆڕیووە. واتە لەبری سرووشتی نیشانەكان و چۆنیەتیی ڕاڤەكردن، نیشانەكانی گۆڕیووە. هەڵبەتە ڕاڤەكردن یەكەمی نییە، چونكە تێگەیشتن ڕاڤەكردن بەڕێوەی دەبات، هەموو بابەتێ‌ بابەتەكانی ڕاڤەكردنی یەكەمە، بەم جۆرەش ناتوانین بەبێ‌ خوێندنەوە و تێگەیشتن، ڕاڤەكردن دابمەزرێنین، ڕاڤەكردن تەنها لەسەر ڕاڤەكردنی پێشتر نەبێ‌ دانامەزرێ‌، ئەوەی ئەو دوو ڕاڤەكردنەش بە یەكەوە دەبەستێتەوە پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و زمانە. شیعری بێ‌ شیعرییەت، گێڕانەوەی بێ‌ خەیاڵ، وەك ماست، پەنیری، شیری، بێ‌ چەوری، قاوەی بێ‌ كافایین، جگەرەی بێ‌ نیكۆتین… لە خوێندنەوە و تێگەیشتن و ڕاڤەكردن دوورمان دەخەنەوە. هەموو ئەوانەش لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد ناوی ئەو بەرهەمهێنراوانەن كە دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە و هەموو ڕاڤەكردنێ‌، هەموو چێژێ‌ لە خۆیاندا ون دەكەن، تەنها ناوەكەیان نەبێ‌! ئەوەش فێڵێكی ناهۆشیارانە نییە بەڵكوو هۆشیارانەیە، شاراوە نییە، بەڵكوو كەشفكراوە، فریودانی تەكنۆلۆژیا و فریودانی زمانەكانە.

ئێستای تەكنۆلۆژیا و سروتی گەڕانەوە

نیتشە دەڵێ‌ ژیان لە خۆشیی ڕسكاوە، بەڵام گەمژەكان هەموو لقەكانی ژەهراوی دەكەن. ئەگەر (خۆشی) تەرجەمەی (دیالۆگ) بكەین، دەتوانین بڵێین دیالۆگ تەواو لەگەڵ هەموو ئەو ژەهراویبوونە دژ دەكەوێتەوە، دیالۆگ تەواو لەگەڵ هەموو سەپاندنێ‌ دژ دەكەوێتەوە… كەواتە پەیوەندیی نێوان سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد و ئەدەب وهونەر، ئەگەر سەپاندنی تێدا نەبێت ناوازەییی تەكنۆلۆژیا و ناوازەیی داهێنانی ئەدەبی و هونەرییەكان لەكەدار ناكات.

 ئەگەرچی پاڵنەری داهێنان دیاریكراو نییە، بەڵام كردەی داهێنان لەبارەی داهێنانەوە گۆڕان و سەیروورە و بەردەوامییە، بۆیە زمان دەتوانێ‌ لەگەڵ سەردەمی پاش حەقیقەت و تەكنۆلۆژیای نوێدا دیالۆگ درووست بكات. دەمەوێ‌ بڵێم پارێزگاریكردن لە داهێنان بە دڵنیایییەوە لە غەریزەی عەشقی سوبێكت و دیالۆگەوە سەرچاوە دەگرێ‌، بەڵام ئاشكراكردنی ئەو غەریزەیە و ئاراستەكردنی دیالۆگ، بۆ ئامانج و مەبەستی دیاریكراو جۆرێك لە شەڕانگێزی دەنێتەوە، ئەوەش بەشێكی گەورەی ترسی داهێنەرانە. ئەوە قسەیەكی سوسێرمان لە بارەی زمانەوە بیر دەخاتەوە كە دەڵێ‌: بابەتێك تەنیا بە لابردنی ئەویدی دەبێت بەو شتەی كە هەیە.

تەكنۆلۆژیا و زمان، بەردەوام یاری شت بزركردن و دۆزینەوە دەكەن، سوبێكت بەردەوام لە ژیاندا خەریكی ئەو گەمە منداڵانەیە… كەواتە داهێنان و فەزای گریمانەیی بریتییە لە سەرچاوەی دڵدانەوە. شتە ونبووەكان هۆكاری دڵەڕاوكێن و دۆزینەوەیان چێژبەخشە.

هەرگیز دڵنیابوونەوە قسەكردن نییە، لەبارەی ڕەسەنایەتی و گەڕانەوە بۆ ئەسڵێكی كۆن و ڕووداوی یەكەم و كەلەپوور و یادەوەری نەتەوە… هەمیشە سوبێكتی سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، دەبێ‌ بڕوای بە دیالۆگ و جیاوازی و فەزای گریمانكراو هەبێ‌، نابێ‌ چەمكی ڕەسەنایەتی بەرانبەر چەمكی داهێنان بكاتەوە، چونكە ئەو شێوە فریودانە هەر تەنها هەڵاتن نییە لە كۆمەڵگای نمایش، هەڵاتنە لە ژیان و داهێنانەكانی سەردەم! ئەو شێوە فریودانە لەنێو میدیای كوردی چوارچێوەیەكی فانتازی بۆ خۆی داگیر كردووە! بەڵام لە ڕێگای ڕاڤەكردن و خۆناسینەوە نا، بەڵكوو وەك سروتی گەڕانەوە و ئامادەكردنەوەی ڕووداوە سەرەتایی و دامەزراوە ئایینییەكان، وەك ئەوەی كۆمەڵگای كوردی بە یەك ڕۆژ لەدایك بووبێت و یەك ڕەنگ و دەنگی هەبێت.

بیركردنەوە لەبارەی ڕەسەنایەتی گوزارشت لە شاردنەوەی هیچ نەگوتن بەرانبەر ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و زمان دەكات، بە دیوەكەی دیكەش سۆزی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو وەك بابەت دەگەیەنێت! بیركردنەوە لەبارەی ڕەسەنایەتی باوەڕهێنانێكی پۆپۆلیستانەیە بۆ مەسرەفی ڕۆژانە، وەك ئەوەی كایەی مێژوو كایەیەك بێ‌، خەونە سیاسییەكانی ئەمڕۆی لەسەر بونیاد بنرێتەوە.

پرسیاری زیرەكیی دەستكرد و ڕەسەنایەتی پرسیاری پێداویستی ئەمڕۆی داهێنان و زمان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیایە. ئایا لە ئێستادا تەكنۆلۆژیا پرسی سەردەمی هەڵگرتووە یان سۆزی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو؟ داهێنەران بۆ دەربڕینی جیهانبینیی سەردەم پشت بە زانست و تەكنەلۆژیا دەبەستن یان سروتی گەڕانەوە بۆ بنەماكانی ڕابردوو؟!

هەولێر 25/5/2024