دەق بۆ حەقیقەت، دەق بۆ چێژ

(رووتەختی پێكەوەسازان)

چێژ كۆمەڵە حاڵەتێكی مینتالیتییە، كە مرۆڤ هەستی پێ دەكات و بەرەو خۆشی و كرانەوەی ئەرێنی دەكاتەوە. بنەمای چێژ هەوڵدانە بۆ خۆشی وەرگرتن. بنەمای چێژ لای فرۆید پێچەوانەی بنەمای حەقیقەتە، چونكە حەقیقەت ئارەزووەكان وەدوا دەخات. بە مانایەك لە ماناكان بارت دەڵێ‌ چێژی دەق ئەو ساتەیە كە جەستەی (وەرگر/خوێنەر) تێیدا بە فەزا تایبەتییەكانی خۆی دەگات.

ئەگەر چێژی دەق پەیوەندی بە فەزای (وەرگر و خوێنەران)ەوە بێت، ڕووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەت چییە؟ ئایا پرسیار لەبارەی حەقیقەت و چییەتیی حەقیقەت گرنگی بەوە دەدا كە حەقیقەت لە ئەزموونكردنی ژیانەوە وەدەست دێت؟ یان لە بیركردنەوە و توانای سیاسی و توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری و ڕامانی فیكری و بڕوای ئایینی و عەقڵی وەكیەك و واقیع و ئازادی… وەدەست دێت؟! ئایا پرسیار لە بارەی چێژی دەق تەنها گرنگی بەوە دەدات كە پێی دەڵێن فەزا تایبەتییەكانی وەرگر و خوێنەران؟

هەڵبەتە چییەتیی حەقیقەت و چییەتیی چێژ لە دەقی هونەرییدا هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنن، بەو مانایەش حەقیقەت جیایە لەوەی حەقیقەتە! چێژیش جیایە لەوەی تەنها چێژ بێت. حەقیقەتی دەقی هونەری بەرجەستەكردنی جوانناسانەی چییەتیی زمانە. دەقی چێژی هونەریش بەرجەستەكردنی بیركردنەوەی چییەتیی زمانە! چییەتیی زمانیش سیستمێكی فیكرییە و هەڵگری جوانی و ڕەنگدانەوەی ڕەهەندەكانی ژیاری مرۆڤایەتییە. بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت. جەستە قسان دەكات، شتەكان، مێژوو، توانا فەردی و كۆمەڵایەتی قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ دابڕان بە هەزاران شێواز قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت.

كەواتە پێویستە بزانین لەنێوان ئەوەی حەقیقەت جیایە لەوەی ڕووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەتە و چێژ جیایە لەوەی ڕووتەختی بێ‌ بڕانەوەی چێژە، چییەتیی زمانیش جیایە لەوەی زمان هەموو شتێ‌ بڵێت. بەو مانایەش پێویستە (دەقی هونەری) لەنێوان پێكهاتەكانی زمان و بیركردنەوە تایبەتییەكانی (وەرگر/خوێنەر)انەوە، لەنێوان حەقیقەت و چێژ… ڕووتەختی پێكەوەسازان درووست بكات.

ئایا دەقی هونەری بۆ حەقیقەتە یان پرسێكی چێژئامێزە؟ ئەگەر دەق بۆ حەقیقەت بێ‌، دەبێ‌ مرۆڤ حەقیقەت پەسەند بكات. بەڵام ئەگەر دەق پرسێكی چێژئامێز بێت، ئەوە (وەرگر/خوێنەر) گرنگترە لە بەرهەمهێن! یەكەمیان دەكەوێتە نێو باوەڕی حەقیقەتی هاوبەشەوە، دووەمیان زمانی هاوبەش بەڕێوەی دەبات، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە.

كەواتە بۆ ناساندنی دەقی هونەری بۆ حەقیقەت و دەقی هونەری بۆ چێژ، دەبێ‌ بۆ بنەماكانی بیركردنەوە و جوانناسیی زمانەوانی بگەڕێینەوە و ڕووتەختی پێكەوەسازان درووست بكەین. وەك دەزانین هیچ زمانێك لە گوتندا بەبێ‌ ئاماژە نییە، دواتریش مانا. بەڵام زمان وەك مانا دەگۆڕێ‌ بۆ جەستە. دەمەوێ‌ بڵێم جوانیی زمان وەك جەستە، دەق دادەهێنێ‌! بەڵام بۆچی هەندێجار بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەكانی ئەو جەستەیە چەند جارێك دەق دەخوێنینەوە؟! ئەگەرچی لە جاری یەكەمدا ماناكەی حاڵی دەبین.

لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كۆمەڵێ‌ شتی دیكە لە جەستەی دەقدا هەیە، كە هەر مانا و ئاماژە نییە. لە دەقدا مەعریفەی دەربڕینی بیركردنەوە و مەعریفەی دەربڕینی جوانیناسانە ئامادەیی هەیە، بۆنی دەكەین، هەستی پێ دەكەین، دەستی لێ دەدەین، دەیبستین، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكەین.

كەواتە كاتێك زمان وەك مانا و ئاماژە لە جەستەی زیندووی دەقدا دەناسێنین، كاتێك دەق وەك پێكهاتەی جەستە تێكەڵ بە ژیان دەبێت، ئیتر دەبێتە بابەتی خۆشویستن و ڕق لێبوونەوە، عەشق و گومرایی، حەقیقەت و چێژ… چونكە جەستەكان بەیەكدا دەچن و تێكەڵ دەبن و كاریگەری لەسەر یەكتر دادەنێن، نەزمی چیگوتن و جوانگوتن  گوزارشت لەو ئاماژە و مانایانە دەكەن، كە لە شانەكانی زمانەوانییەوە لەدایك دەبن و بە گوێرەی سەیرورەی دەق و بە گوێرەی ڕێگایەكی نوێی هونەری ڕێك دەخرێن و لەوپەڕی ئاماژە و مانادا، لەوپەڕی حەقیقەت و چێژدا، لە ڕووتەختی پێكەوەسازان دەردەكەونەوە.

رووتەختی پێكەوەسازان

دولۆز دژ بە ئارەزووی فرۆیدی، پێی وایە ئارەزوو هەرگیز بۆ لێكدانەوە نییە، بەڵكوو ئەزموون دەكرێ‌، بەڵام فرۆید ئارەزوو لە چوارچێوەی خێزاندا قەتیس دەكات، لە كاتێكدا ئارەزوو هەمیشە درووستكەرانەیە و هەرگیز خۆكارانە و یاسایی نییە. دولۆز نە بڕوای بە غەریزە ناوەكییەكان هەیە، كە گوایە ئیلهام بە ئارەزوو دەبەخشێ‌، نە وەك دەروونشیكاریی فرۆیدی بڕوای بەوە هەیە، كە ئارەزوو (نەقس) بێ‌. چونكە ئەگەر ئارەزوو نەقس بێ‌، ئەوە هیچ ڕووتەختێكی پێكەوەسازان مومكین نییە، كە دەرفەتی ئەوە برەخسێنێ‌ ئارەزوو بكەن. (رووتەختی پێكەوەسازان) نەقس دەگۆڕێ‌ بۆ مۆركە پۆزەتیڤەكەی ئارەزوو، نەك ئارەزوو بگۆڕێ‌ بۆ مۆركە نێگەتیڤەكەی نەقس. ئەو بیركردنەوە دولۆزییە لەبارەی ئارەزووەوە لە بەشی سێیەم  كتێبی (گفتوگۆكان) وەرگێڕانی (هاوار محەمەد) قسەی زۆری لێ كراوە.

من دەكەومە ژێر چەمكی (ئارەزووی دۆلۆزی) و (رووتەختی پێكەوەسازان) و دەڵێم “چێژ وەك وێنەی ئەو نەستە دەبینم، كە تێنووەّ. حەقیقەت وەك وێنەی ئەو هەستە دەبینم، كە ڕاخراوە”! بەڵام ڕێگایەكیش دەبینمەوە لەو لێكدانەوەیە ڕابكەم، لەوێوە كە چیدی فۆرمەكان بوونیان نییە؟! مەسەلەكە پەیوەندی بە نەخشەی خێرایییەكان، چڕبوونەوەكاندایە… مانای جێگیر واتای نەمانی جووڵە نییە، بەڵكوو ئاماژەیەكە بۆ حاڵەتی ڕەهایی جووڵە، وەك چۆن ئاماژەیە بۆ حاڵەتی ڕەهای وەستان. ئەوە ڕووتەختە، جووڵە و جێگیری، پەیوەندییەكانی خێرایی و خاوبوونەوە لەنێوان ڕەگەزە پێكهاتووە تەواو پێكنەهاتووەكاندا دەناسێت.

بەو مانایەش دەشێ‌ حەقیقەت و چێژ سەر بە ئارەزوو بن، وەك چۆن زمان لە نەست ڕسكاوە. بەڵام دەبێ‌ ڕووتەختی پێكەوەسازان دامەزرێنن، ڕووتەختی پێكەوەسازان بخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن، ئەگەرنا لە دەرەوەی زمان، یان لە دەرەوەی نەست، نە چێژ هەیە و نە حەقیقەت!. چێژ جەستەیەكی بێ‌ ئەندامە هەرگیز لەگەڵ وەرگر و خوێنەران دژ ناكەوێتەوە، كە بیركردنەوەی تایبەتی خۆیانی تێدا دادەمەزرێنن، یان چێژ دەخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن. حەقیقەتیش هەرگیز لەگەڵ پارچەكانی دژ نییە، كە تێیدا دەجووڵێن و خۆیان لە جیاوازیدا دەنوێنن.

زمان و چێژ و حەقیقەت وەك ئارەزوو ئەزموون دەكرێن. چێژ و حەقیقەت، وەك زمان بنەمایەكی مەعریفییان هەیە. دەقی هونەریش لەسەر بنەمایەكی مەعریفی دادەهێنرێت. بنەمای دەقی هونەری ڕەگەزەكانی زمانە، زمانیش وەك چۆن ئاماژە و مانا بەرجەستە دەكات، حەقیقەت و چێژیش درووست دەكات! بە دیوەكەی دیكە وەك چۆن چێژ دەشارێتەوە، حەقیقەتیش دەشارێتەوە! لەوێشەوە نوێنەرایەتی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆڕئامێزی نێوان نووسەر و دەق، خوێنەر و دەق، فەزای خوێندنەوە و فەزای نووسینەوە، كۆمەڵگا و بازاڕی هونەری دەكات، بەر لەوەی مانا و ئاماژەكان لێك بدرێتەوە، بەر لەوەی مەعریفەی هونەری و هونەری چێژ كەشف بكرێت، پێویستە دەق وەك جەستەیەكی فرەڕەهەند و فرەفەزا لە دانوستاندا (وەرگر/خوێنەر) بەرەو خۆی كێش بكات، چونكە هونەری نووسین بە گشتی زانستی خۆشگوتن و فەزای دانوستانی فرەڕەنگ درووست دەكات.

دەق وەك جەستەیەكی ئاڵۆز بۆ چێژ

پرۆسەی لەدایكبوونی نووسین پرۆسەیەكی هونەری چڕ و پرسیارئامێزە لە كۆمەڵێك ڕەهەندەوە  لێكدانەوەی دیار و نادیاری بۆ دەكرێ‌! من ئێستا ناچمەوە نێو پێكهاتەكانی زمان و فەزا و ڕەگەزە هونەرییەكانی دەقەوە. بەڵكوو بە كورتی بە ستراتیژی هەندێ‌ لەو هەوڵانەدا دەچمەوە، كە بەرەو دەق و چێژی دەق دەبنەوە، لەوانەش: ڕۆلان بارت، ژۆرژ باتای، ماركیز دۆ ساد.

بارت پێی وایە دەق لە نەستدا لەدایك دەبێ‌ و لە هەستدا دەنووسرێتەوە. ئەو لێكدانەوەیەی بارت لە گوتەزای (نەست وەك زمان ڕسكاوە)ی ژاك لاكان دەناسێنین. بەڵام باتای بە پێچەوانەوە دەیبینێ‌ و پێیوایە دەق لە ڕەحمی شێتیدا لەدایك دەبێ‌ و دژ بە دەمارگیرییە. دەشێ‌ ڕەحمی شێتی باتای ئاڵۆزی زمانمان بیر بخاتەوە! ساد ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر چێژی دەق و پێی وایە چێژی دەق پەیوەندی بە دژبوونەوەی نێوان باو و ناباوەوە هەیە. دەشێ‌ ئەو قسەیەی ساد بە پێشكەوتنی زمان لەنێوان چەمكی پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زماندا هەڵبگرینەوە.

چێژی دەق و حەقیقەتی دەق

چێژ بیرۆكەیەكە، دەكەوێتەوە نێوان پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زمانەوە. دەكەوێتە نێوان باو و دژە باوەوە. بە گشتی چێژ لەگەڵ كولتوور هاوئاهەنگە. وەك بارت و باتای و ساد قسەیان لێ كردووە چیژی دەق وەك چۆن لە خۆدەرخستن و خۆشاردنەوە، جێگیربوون و جێگیرنەبوون، هەست و نەستی زمانەوە گەڵاڵە دەبێت، لە بواری خوێنەر و فەزای خوێندنەوەشدا لە شیكردنەوەی دەروونی و ئارەزووەوە نزیك دەبێتەوە.

كەواتە لەنێوان حەقیقەت و چێژدا، لەنێوان حەقیقەتی سۆسیۆلۆژی و بازاڕی هونەریدا ئەوە ڕیتمی تێنووی نەستە، یان ڕەگەزە دیارەكانی دەقە سنووری چێژ بۆ وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی دەنەخشێنێ‌! وەك چۆن ئەوە دیتنی پارچەكانی حەقیقەتە، بە ڕێگای جیاوازەوە وەك هەست كۆمەڵگا دەدوێنێ‌. دەقی چێژ ئەو دەقەیە كە ڕازی دەبێ‌ هەستی خۆشی بخاتەوە. بەو مانایەش چێژی دەق ئەو ساتەیە كە وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی لە ساتی خوێندنەوەدا دەكەونە نێو فەزا تایبەتییەكانی خۆیانەوە، لێرەوە بارت دەڵێ‌ بیركردنەوەكانی جەستەم بیركردنەوەكانی من نین. ئەو قسەیەی بارت پەیوەندی بە نەستی زمانەوە هەیە و پەیوەندی بەو حاڵەتە شێتییەوە هەیە، كە باتای دەیخاتە ڕوو، وەك چۆن بەریەككەوتنە باو و ناباوەكەی ساد بەشێكی زۆر لە سەرسامی بۆ خۆی دەبات.

بێگومان وەك لە سەرەوە قسەمان لێ كرد حەقیقەت قابیلی لێكدانەوەی جیاوازە، حەقیقەت خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، وەك چۆن چێژی دەق لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێ‌. بەو مانایە جگە لە ڕووتەختی پێكەوەسازان یاسایەكی گشتی بۆ خوێندنەوەی حەقیقەتی هونەری و چێژی هونەری نییە.

ئەو دەقە هونەرییەی مایەی چێژە جۆرە هەستێكی خۆشحاڵیمان لە لا درووست دەكات، ئەو دەقە هونەرییەی پارچەكانی حەقیقەتمان نیشان دەدات، هۆشیاریمان پێدەبەخشێ‌ و هۆشیاریش گۆڕانكاری جۆراوجۆر دەنێتەوە! دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ چێژ، هەستی خۆشی بە منی (وەرگر/خوێنەر) دەبەخشێ، ناسنامەی (منی وەرگر/خوێنەر)انی تیا بەهێزتر دەبێ. دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ بەشە جیاوازەكانی حەقیقەت نەستمان بەهێز دەكات و ڕوانینمان بۆ دنیا دەگۆڕێت. هەموو ئەوانەش لە ڕێگای درووستكردنی ڕووتەختی پێكەوەسازانەوەیە.

خەیاڵی زمان و زیرەكی دەستكرد

دنیا لەژێر هەژموونی كۆمەڵە و ڕێكخراوە گەورەكاندایە، بەڵام بنەمای دەقی هونەری و ئەدەبی جیاوازیی زمان و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، لەوێشەوە گۆڕینی هۆشیاری، جوانیناسی، خۆشی… بەردەوامی و سەیروورە دەخاتەوە. ئەگەر لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش، مەعریفەی هاوبەش لە دەستدانی پەیامی حەقیقەتی هونەری بێت، لە دەستدانی زمانی هاوبەش، خوێندنەوەی هاوبەش لە دەستدانی چێژی هونەری لێ بكەوێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ حەقیقەت نابێتە هەڵگری جۆرە تێگەیشتنێكی ئایدیالیستانە؟ ئایا دەقی هونەری بۆ چێژ لە تێگەیشتنێكی بازاڕی بازرگانی نزیك نابێتەوە؟!

بێگومان داهێنان لە خەیاڵی زمان و جوانیی هونەریدایە، لە خەڵقكردنی دنیایەكی نوێدایە، لە درووستكردنی پەبلیكێكی نوێدایە. كاری داهێنەرانە، جیهان لەگەڵ (وەرگر/ خوێنەر)ە جیاوازەكانی دابەش دەكات. بەڵام زمانیان لەگەڵ دابەش ناكات. ستراتیژی كاری داهێنان بۆ ئەوە نەخشێنراوە تاكوو لە ڕێگای وەرگر و خوێنەرانی داهێنەرەوە كاریگەری بخاتە سەر جیهان.

بە دیوەكەی دیكەش لە پشت ئاراستەكردن و مەبەستە ئایدیالییەكان، سەیروورەی داهێنانی مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد جیهانی دووچاری گۆڕانكارییەكی بەپەلە كردووە. زیرەكیی دەستكرد ترادیسیۆنی كاری داهێنان (تكایە بێدەنگ بن نووسەرێك خەریكە دەنووسێت)، دەلەرزێنێ‌. شاراوەكان لە ڕێگای چاوی شەیتانی زیرەكیی دەستكردەوە ئاشكرا دەكرێت. هاككەر دەبێتە ڕاڤەكار! چێژ، حەقیقەت، جوانی، لە ئۆنلاینەوە بوونی خۆیان دەنەخشێنن، بەڵام خەیاڵ دەكەوێتە كوێی زیرەكیی دەستكردەوە؟

بێگومان زیرەكیی دەستكرد لقێكە لە زانستەكانی كۆمپیتەر و هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ دەتوانێت ئەركەكان جێبەجێ‌ بكات. فەلسەفەی زیرەكیی دەستكرد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین ئامێرێك درووست بكەین وەك خۆمان بیر بكاتەوە، بەڵام خەیاڵكردنی نییە. چونكە خەیاڵی مرۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بێتە بەرهەم یان بە لاساییكردنەوە درووست بێت، خەیاڵە. زیرەكیی دەستكرد خەیاڵی نییە! كەواتە هەرگیز زیرەكیی دەستكرد چارەی نەزانینمان ناكات، بەڵكوو توانایەكە بۆ گەیشتن بە پێدراوەكانی مەعریفە و چێژ و جوانی، زیرەكیی دەستكرد هێز و توانایەكە وێنەی بوونەوەرە جیاوازەكان دەكێشێت، بەڵام مرۆڤ شاعیرانە كەوتۆتە نێو خەیاڵەوە.

هەولێر 12/3/2024