لێدان لە بوداپێست
بەرەو بوداپێست بەڕێگەوەین: باستارد و چیپۆ و گۆدنۆز و سبهۆ و ستینا و من. وا خەریكین دەڕۆین لەگەڵ ئەوەی تەنانەت ڕێگەشمان پێ نادرێت ڕێگەی مزیلیكازی تێپەڕێنین، سەرباری ئەوەی كە وا بڕیار بووە باستارد ئاگای لە خوشکە بچووکەکەی، فراکشن، بێت، لەگەڵ ئەوەی دایکم ئەگەر پێ بزانێت بێكەسكوژم دەكات، كەچی ئێمە وا دەڕۆین. بوداپێست پڕە لە گواڤا[1] کە ماڵی دزینە. هەر لە ئێستاوە لاكەی دڵم دێ بۆ گواڤا یان هەر خۆراكێكی تر. ڕێك دەڵێی كەسێك خاكەنازێكی بە دەستەوە گرتووە و هەرچی لە ورگمدا بووە فڕێی داوەتە دەرەوە.
هاتنەدەرەوە لە پارادایز[2] هێندەش قورس نییە، چونکە دایکان هەر بە قسە و قژیانەوە سەرقاڵن. وەختێك دوور دەكەوینەوە، تەماشایەكمان دەكەن و دیسانەوە وازمان لێ دێنن. پێویست ناکات خەمی پیاوەکانی ژێر درەختەكانی جاكاراندا[3]مان هەبێت، چونكە ئەوان چاویان لەسەر دامەكردنەكەیان هەڵناگرن. تەنیا منداڵە بچوکەکان دەمانبینن و دەیانەوێت شوێنمان بکەون. بەڵام باستارد مشتەكۆڵەیەك لە سەری زلی ئەو منداڵە ڕووتە دەدات كە لە پێشیانەوەیە و هەموویان هەر لەوێدا دەگەڕێنەوە.
بە هەڵەداوان دەگەینە دەوەنجاڕەكە. باستارد لە پێش هەمووانەوە ڕادەکات، چونکە ئەمڕۆ لە پێشبڕکێی گوندەکەدا براوە بووە و پێی وایە كە سەرۆکە، لە دوایەوە من و گۆدنۆز و ستینا و ئینجا چیپۆ، کە پێشتر لە پارادایز پێشی هەمووانی دەدایەوە، بەڵام ئیتر نا، چونکە لەلایەن باپیرەیەوە سكی پڕ كراوە. دوای ئەوەی لە مزیلیکازی تێدەپەڕین، بەرەو دەوەنجاڕێكی تر سەرەوخوار دەبینەوە. درێژاییی ڕێگەی هۆپ ستریت دەگرین و لە یاریگا گەورەکەش بە خۆی و کورسییە بریقەدارەكانیەوە كە هەرگیز لەسەریان دانانیشن، تێدەپەڕین. هەرچۆنێك بێ دەگەینە بوداپێست. دەبێت جارێ بوەستین تا چیپۆ پشوویەك بدات.
باستارد دەڵێت: “دەی کەی ئەم منداڵەت دەبێت؟” باستارد پێ خۆش نییە بەهۆی چیپۆوە بوەستین. تەنانەت هەوڵی دا وامان لێ بكات كە بە هیچ شێوەیەک یاری لەگەڵدا نەکەین.
“ڕۆژێک دەمبێت.”
“کام ڕۆژ؟ سبەی؟ پێنجشەمە؟ هەفتەی داهاتوو؟”
“نابینیت سكی هێشتاكە بچووکە؟ دەی كۆرپەكە دەبێت گەشە بکات.”
“مناڵ لە دەرەوە گەشە دەکات، هەربۆیەشە دێنە دنیاوە تا گەشە بکەن.”
“سەیرکە، هێشتا کاتی نەهاتووە، بۆیە لە سكما ماوەتەوە.”
“كوڕە یا كچە؟”
“کوڕە. یەكەم منداڵ چاوەڕێ دەكرێت کوڕ بێت.”
“دەی خۆ تۆ کچیت و منداڵی یەکەمیشیت.”
“وتم چاوەڕێ دەكرێت“.
“تۆ جارێ دەمت داخە، ئەمە خۆ سكی تۆ نییە.”
“من پێموایە کچە چونكە لەقە ناوەشێنێت.”
“کوڕان دەست و پا دەوەشێنن و سەرەكوتێ دەكەن.”
“حەزت لە کوڕە؟”
“نەخێر. بەڵێ، ڕەنگە. نازانم.”
“باشە منداڵ ڕێك لە كوێوە دێتە دەرەوە؟”
“یانی لە هەمان ڕێگەوە دەچێتە ناو سكەوە؟”
“باشە بەڕاستی چۆن دەچێتە ناو سكەوە؟”
“سەرەتا دەبێ خودا لەوێدا داینێ.”
“نا، خودا نا. موسای ئامۆزام پێی وتم دەبێت پیاوێك لەوێدا داینێ، مەگەر چیپۆ ئەوەی تۆیش باپیرەت نەیخستووەتە ئەوێوە؟
سەری ڕادەوەشێنێت.
“دەی ئەگەر پیاوێك بیخاتە ئەوێوە، بۆچی دەریشی ناهێنێت؟”
“چونكە ئەوە ژنانن كە منداڵیان دەبێت، سەرزل. هەر لەبەرئەوەشە كە مەمكیان هەیە تا شیر بدەن.”
“بەڵام مەمكەكانی چیپۆ بچكۆلەن، وەكوو بەردن.”
“وەختێ منداڵەكەی بێت، گەشە دەكەن. چیپۆ وا نییە؟ “
“من نامەوێ مەمكەكانم گەورە ببن. من منداڵم ناوێت، من هیچم ناوێت، تەنیا گواڤام دەوێت.”
چیپۆ ئەمە دەڵێت و پێی لێ هەڵدەگرێ. ئێمەش لە دوایەوە ڕادەکەین و ڕێك ئەو وەختەی دەگەینە ناوەڕاستی بوداپێست[4]، دەوستین. بوداپێست وەك وڵاتێكی جیاواز وایە، وڵاتێك، كەسانێكی تێدا دەژین كە لە ئێمە ناچن.
بەڵام نەك وڵاتێكی ئاسایی ـ وەک ئەوە وایە ڕۆژێک لە خەو هەڵسابن، دەروازە و دەرگە و پەنجەرەکانیان كڵۆم دابێ، پاسپۆرتەکانیان هەڵگرتبێ و بەرەو وڵاتانی باشتر ڕۆیشتبن. تەنانەت هەواش چۆڵە؛ نە شتێكی سووتاوی تێدایە، نە بۆنی خواردنی لێنراو یان شتێكی ڕزیوی لێ دێت؛ تەنیا هەوایەكی سادە بێ ئەوەی شتێكی هەڵگرتبێت.
بوداپێست گەورەیە، ماڵی گەورە بە حەوشەی بەردەڕێژكراو و پلەكانەی بەرز و باخچە و گوڵ و درەختی سەوزی پڕ لە میوە كە چاوەڕێی ئێمە دەکەن. لەم دەوروبەرە هەردەڵێی کەس نازانێت میوە بە كەڵكی چی دێت. ئەوە میوەكانن كە ورەمان پێ دەدەن، ئەگینا نەماندەوێرا لێرە بین. هێشتاكەش من چاوەڕێی ئەوەم كە شەقامەکە تفێك بکات و بڵێت بگەڕێنەوە بۆ كۆڵیتەكانتان.
ئێمە پێشتر لە درەختەكەی ماڵەمامی چیپۆ دەماندزی، كە ناكرێ بەوە بڵێی دزی. ئێستاش كە هەموو گواڤاكانی درەختەكانیمان بنبڕ كردووە، دەبێ سەر بكەین بە ماڵە بێگانەكاندا. لە زۆر كەسمان دزیوە، كە تەنانەت ناتوانم بشیانژمێرم. گۆدنۆز بوو پێی وتین شەقامێك هەڵبژێرین و تێیدا بمێنینەوە و سەر بە هەموو ماڵەکانیدا بکەین. پاشان دەڕۆینە شەقامی دواتر. ئەمەش بۆ ئەوەیە تا ئەو شوێنانەی كە ڕۆیشتووین تێكەڵ نەكەین لەگەڵ ئەو شوێنانەدا وا بڕیارە بۆی بڕۆین. ئەمەش هەر لە نەخشەیەک دەچێت و گۆدنۆز دەڵێت بەم شێوەیە دەتوانین دزێكی باشتر بین.
ئەمڕۆ دەست بە شەقامێکی نوێ دەکەین، هەر بۆیەش بە وردییەوە ئاگامان لە چواردەورمانە. لە شەقامی (SADC)یەوە تێدەپەڕین، واتە ئەو شوێنەی کە بەر لە دوو هەفتە هەموو دارگواڤاکانیمان ڕووت کردەوە. پەردەگەلێكی سپی دەبینین و ڕوخسارێكیش لە پەنجەرەی ماڵەکەوە دەردەکەوێت. ماڵێكی كرێمیڕەنگ بە پەیکەری کوڕێژگەیەكی باڵدارەوە لە وەختی میزكردندا. دەوەستین و لێی دەڕوانین، تەماشا دەكەین بزانین ڕوخسارەكە چی دەكات، دوای ئەوە پەنجەرەکە دەکاتەوە و بە دەنگە كزەكەی هاوار دەکات تا بوەستین. هەر لەوێدا ڕادەوەستین، نەک لەبەر ئەوەی دەنگەکە داوامان لێ دەكات كە بمێنینەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێشتا هیچ کاممان دەستمان بە ڕاکردن نەکردووە و وا دیارە دەنگەکەش مەترسیدار نییە. مۆسیقا لە پەنجەرەكەوە بەرەو شەقامەكە سەراولێژ دەبێت؛ ئەمە كوایتۆ نییە، هۆڵی سەماكردن نییە، هیچ شتێك لەوانە نییە كە ئێمە دەیانزانین.
ژنێکی بەژنزراڤ دەرگەکە دەکاتەوە و لە ماڵەوە دێتە دەرەوە. شتێک دەخوات و بەدەم هاتنیشییەوە بۆ لامان، دەستی ڕادەوەشێنێت. ئێستا كە دەبینین هێندە باریكەلەیە تەنانەت بیر لە ڕاکردنیش ناکەینەوە. چاوەڕێی دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بەچی و بۆچی پێدەكەنێت. لە ڕاستیدا هیچکەسێك لە پارادایزدا بەدەممانەوە پێ ناكەنێت. جگە لە دایە ئێسقان[5] کە بەدەم هەمووانەوە دەخەنێتەوە. ژنەکە لەودیو دەرگەی حەوشەكەوە دەوەستێت. كڵۆم دراوە و کلیلەکانی بۆ كردنەوەی نەهێناوە.
“یا مەسیح، خۆ من بەرگەی ئەم گڕەوگەرمایە ناگرم. ئێوە چۆنچۆنی دەرەقەتی دێن؟” ژنەکە بە دەنگێکی نەترسێنەوە ئەمە دەپرسێت. گازێك لەو شتە دەگرێت كە بە دەستیەوەیەتی و پێدەکەنێت. کامێرایەکی پەمەییی جوان بە ملیەوە هەڵواسراوە. هەموومان سەرنج لە پێیەکانی دەدەین كە لە ژێر تەنورە درێژەكەیەوە دەركەوتوون، پاک و خاوێنن، ڕێك وەكوو پێیەكانی منداڵێک. پەنجەكانی پێی دەجووڵێنێت. بیرم نایەت هیچ وەختێ پێیەكانم بەم جۆرە بووبن، مەگەر ئەو وەختەی كە منداڵ بووم.
پاشان سەیری دەمی سوری ژنەکە دەکەم كە خەریكی جوینە. لە دەمارەکەی لاملی و شێوازی مڵچەی لێوە گەورەکانیەوە، دەتوانم هەست بە خۆشیی ئەو شتە بكەم وا دەیخوات. لە نزیكەوە تەماشای دەستە درێژەكانی دەكەم، تەماشای شتێك كە خەریكە دەیخوات. تەختە و ڕووی دەرەوەی وشكە. سەرەوەی كرێمی و نەرم دیارە و شتگەلێکی هاوشێوەی پارەی ئاسنی لەسەرە، پەمەییی تۆخ وەك ڕەنگی سووتاوی. هەروەها ناوكەی سوور و سەوز و زەردە و ئینجاكە هەڵتۆقینی ڕەنگقاوەیی وەک زیپكەی لەسەر دەبینم.
چیپۆ دەپرسێت: “ئەوە چییە؟” بە دەستێکی ئاماژە دەکات و دەستەکەی تریشی بە سکیدا دەهێنێت. چیپۆ لەوەتەی دووگیان بووە، حەزی لێیە لە كاتی قسەكردندا یاری بە سكی بكات. سکی بەقەدەر فوتبۆڵێكە، هێندەش گەورە نییە. هەموومان سەیری دەمی ژنەکە دەکەین و چاوەڕێین بزانین ئەو چی دەڵێت.
ژنە دەڵێت: “ئۆی، ئەمە؟ ئەمە کامێرایە”، کە بێگومان خۆشمان دەمانزانی. دەستی بە تەنورەکەیدا دەهێنێت و لە کامێراکەی دەدات. ئینجا نیشانە لە زبڵدانی تەنیشت دەرگەكە دەگرێتەوە و پاشماوەی ئەو شتەی كە دەیخوات، ڕووەو ئەوێ فڕێ دەدات. بەڵام نایپێكێ. پێدەکەنێت، بەڵام من شتێکی پێکەنیناوی تێدا نابینم. ژنەکە تەماشای ئێمە دەکات. ڕەنگە بیەوێت ئێمەش لەگەڵیدا پێبکەنین، كەچی ئێمە سەرگەرمی سەیركردنی شتەكەین و بەر لەوەی بەربینەوە زەوی، وەكو باڵندەیەكی مردوو بە ئاسماندا دەفڕین. ئێمە هەرگیز نەمانبینیوە کەسێك خواردن فڕێ بدات. لەلاوە تەماشایەكی چیپۆ دەكەم.
ژنە لە چیپۆ دەپرسێت: “تەمەنت چەندە؟” و وەها سەیری سکی دەکات وەک ئەوەی تائێستا دووگیانێكی نەبینیبێت. بەڵام چیپۆ هەر گوێشی لێ ناگرێت، خەریکە سەیری ئەو شتە دەكات کە لەسەر زەوییەكە فڕێ دراوە.
گۆدنۆز لە جیاتی چیپۆ وەڵام دەداتەوە: “دە ساڵانە. ئێمە نۆ ساڵەین. من و ئەو، وەك دووانەكان”. مەبەستی من و خۆیەتی. “باستارد یانزە ساڵانە، سبهۆ هەشت ساڵان و بۆ ستیناش نازانین.”
ژنەكە مژولی كامێراكەی دەبێت و دەڵێت: “ئۆی!”
گۆدنۆز دەپرسێت: “تۆ تەمەنت چەندە؟ ئەی خەڵکی کوێی؟” خەریكم بیر لەوە دەکەمەوە کە گۆدنۆز چەندە هەڵەوەڕە.
“من؟ من سی و سێ ساڵەم و خەڵکی لەندەنم. ئەمە یەکەمجارە سەردانی وڵاتی باوکم دەكەم”.
گۆدنۆز دەڵێت: “من جارێکیان شیرینییەكی لەندەنیم خواردووە. پوورە پۆڵایتم، یەکەم جار کە چووبووە لەندەن ناردبووی، بەڵام ئەمە هی وەختایەكی زۆر پێشترە، ئێستا ئیدی تەنانەت نامەش نانووسێت”. دەمی لە جووڵەی ژنەکە لە جوین دەوەستێت، منیش لەگەڵیدا قووتی دەدەم.
گۆدنۆز دەڵێ: “بەلای منەوە هەردەڵێی پانزە ساڵانی، ڕێك وەك منداڵێك”. چاوەڕێم ژنەكە لەبەر ئەم قسەیە یەكێ بە دەمە زلەكەی گۆدنۆزدا بماڵێ، بەڵام ژنەکە تەنیا پێدەکەنێت، وەک ئەوەی گوێی لە شتێکی مایەشانازی بووبێت.
دەڵێت: “سوپاس”. سەیرێكی ژنەكە دەكەم وەك ئەوەی ئاخر بڵێ چ شتێك هەیە شایانی سوپاسكردن بێت؟ پاشان سەیری ئەوانی تریش دەکەم و تێدەگەم کە ئەوانیش هەروەك من بیر دەكەنەوە كە ئەو ژنێكی سەیرە. ژنە دەستێك بە پرچیدا دەهێنێت، دەڵێی ئاڵۆزكاو و چڵكنن. ئەگەر من لە بوداپێست بژیامایە، هەموو ڕۆژێک هەموو لاشەم پاكوتەمیز دەشۆرد و پرچیشم بە جوانی شانە دەکرد، بۆ ئەوەی نیشانی بدەم مرۆڤێكی ڕاستەقینەم و لە شوێنێکی ڕاستەقینەدا دەژیم.
“منداڵینە كێشە نییە وێنەتان بگرم؟”
ئێمە وەڵام نادەینەوە، چونکە وا ڕانەهاتووین گەورەکان داوای مۆڵەتمان لێ بکەن. هەر سەیری ژنە دەکەین کە چەند هەنگاوێک دەچێتە دواوە، سەرنج لە پرچە تێكئاڵاوەكەی و تەنورەکەی دەدەین کە لە کاتی ڕۆشتندا زەوی ڕادەماڵێ، سەیری خشڵە گەورەکانی و چاوە قاوەیییەكانی دەکەین، سەیری پێستە قاوەیییە سافەكەی دەکەین کە تەنانەت جێبرینێكی پێوە نییە تا نیشانی بدات ئەو مرۆڤێكی زیندووە، سەیری ئەڵقەكەی بەرلوتی و تیشێرتەکەی دەكەین کە لەسەری نووسراوە “دارفۆر ڕزگار کەن”.
ژنەكە بە تاسەوە دەڵێت: “دەی وەرن، بڵێن پەنیر، بڵێن پەنیر، پەنیـــــــــر”، هەموو دەڵێن: “پەنیر”. من خۆم نایڵێم، چونکە هەوڵ دەدەم بیری خۆم بێنمەوە كە پەنیر مانای چییە و بیرم نایەتەوە. دوێنێ دایە ئێسقان چیرۆکێکی لەبارەی دۆدۆ[6]وە بۆ باس كردین؛ باڵندەیەک کە گۆرانییەکی نوێ فێر دەبێت و هەر دەیڵێتەوە، لەکاتێکدا مانای ئەو وشانە نازانێ کە دەیانڵێت. بۆیە ڕاوی دەکەن، دەیکوژن و بۆ ژەمی ئێوارە لێی دەنێن، چونکە لە ڕاستیدا بە ئاوازەكەی تكای لە خەڵك دەكرد و دەپاڕایەوە كە بیكوژن و لێی نێن.
ژنە ئاماژەیەك بۆ من دەکات، سەری دەلەقێنێت و بە من دەڵێت “پەنیــر” و منیش دەیڵێم، چونکە ژنەکە زەردەخەنەیەكی وەهام بۆ دەکات وەک ئەوەی باش بمناسێت. سەرەتا بە هێمنی دەیڵێم، دواتر دەڵێم “پەنیر”، “پەنیر” و ئێستاكەش دەڵێم “پەنیر، پەنیـــــر” و هەمووان دەڵێن: “پەنیر، پەنیر، پەنیر” و هەموومان خەریكین وشەیەك دەڵێینەوە و کامێراكەش چركە دەكات و چركە دەكات و چركە دەكات. پاشان ستینا کە هەرگیز قسە ناکات، دەكەوێتە ڕێ و دەڕوات. ژنەكە واز لە وێنەگرتن دەهێنێت و دەڵێت: “تۆ باشیت؟” بەڵام ستینا ناوەستێت. پاشان چیپۆ بەدەم سكهەڵكڕاندنیەوە شوێنی دەكەوێ. ئینجا ئێمەش شوێنیان دەكەوین.
ژنەكە لە وەختێكدا بەجێ دەهێڵین كە وا وەستاوە و خەریكە وێنەمان دەگرێت. باستارد لەسەر گۆشەی شەقامی (SADC)دا دەوەستێت و دەست بە جوێندان بە ژنەكە دەكات و من ئەو شتەم بیر دەكەوێتەوە کە ئەو فڕێی دا، بێ ئەوەی تەنانەت لێمان بپرسێت ئایا ئێمە دەمانەوێت یان نا. منیش دەست بە هاواركردن دەکەم. ئەوانی تریش دەدەنە پاڵی. هاوار دەكەین و هاوار دەكەین و هاوار دەکەین. ئێمە دەمانەوێت هەمان ئەو شتە بخۆین كە ئەو خەریك بوو دەیخوارد، دەمانەوێت لە بوداپێستدا بقیڕێنین، دەمانەوێت برسێتی ملی بشكێنێت. ژنەکە تەنیا تەماشا دەكات، گێژ و بەپەلەپڕوزێ دەگەڕێتەوە ماڵەوە و ئێمە هێشتا هەر هاواری لێ دەکەین. ئێمە دەقیڕێنین و قوڕگمان دەخورێ، ژنە كە دەرگەکە دادەخات و ون دەبێت، ئێمەش دەوەستین و بە هێواشی بەشوێن پەیداكردنی گواڤادا دوور دەكەوینەوە.
باستارد دەڵێت کە گەورە بووین ئیتر گواڤا نادزین، دەكەوینە دوای شتە گەورەترەكانی ناو ماڵەکان. تا ئەوكاتە دێت من هەر لێرەش نابم، لە ئەمریكا لەگەڵ پوورە فوستالینادا دەژیم و کاری باشتر دەکەم. بەڵام ئێستا تاکە شتێک كە هەیە ئەم گواڤایانەیە. بڕیار دەدەین بڕۆینە شەقامی (IMF)، بۆ ماڵێكی سپی و زۆر گەورە كە وەك شاخێك وایە. لە بەردەمیدا ئەستێركێك هەیە و كورسیی بەتاڵ چواردەوری گرتووە.
باشی ئەم خانووە جوانە ئەوەیە کە شاخەكەی زۆر دوور كەوتووەتە پشت حەوشەكەوە و ڕێك دەستمان بە گواڤاکانمان دەگات، وەک بڵێی بیستبێتیان ئێمە دێین و بە ڕاكردن هاتوونەتە پێشوازیمان. زۆر ناخایەنێت بەسەر پەرژینی باخچەکەدا هەڵدەزنێین و لەسەر درەختەكانەوە کیسە نایلۆنەکانمان پڕ لە شاگواڤا دەكەین. ئەمانە گەورەن، بەقەدەر مشتی پیاوێك دەبن و لە کاتی پێگەیشتندا وەک گواڤای ئاسایی زەرد هەڵناگەڕێن. دەرەوەیان بە سەوزی دەمێنێتەوە و ناوەوەیان پەمەیی و كوڵكنە. تام و چێژیان هێندە خۆشە كە تەنانەت ناتوانم باسیان بکەم.
*** *** ***
لە گەڕانەوەماندا بۆ پارادایز ڕا ناکەین. بە هێواشی دەڕۆین، وەک ئەوە وایە بوداپێست ئێستا وڵاتی ئێمە بێت. بە درێژاییی ڕێگەكە گواڤا دەخۆین و ناوكەكانی تف دەکەینەوە تا هەموو شوێنێک پیس ببێت. لە سیلەی شەقامی (AU) چاوەڕێ دەکەین تا چیپۆ بڕشێتەوە. ئەمڕۆ ڕشانەوەکەی لە میز دەچێت، بەڵام تێرتر. بێ ئەوەی دایپۆشین هەروا لێی دەگەڕێین.
“ئاخرییەكەی ڕۆژێک هەر لێرە دەژیم، لە ماڵێکدا ڕێك وەكو ئەوە”. سبهۆ قەپ لە گواڤایەکی گەورە دەگرێت و ئەمە دەڵێت. سەیری لای چەپ دەکات و ماڵێکی گەورەی شینمان پیشان دەدات کە ڕیزە پلیکانەیەكی درێژی هەیە و چواردەورەكەی پڕ لە گوڵە. تۆنی دەنگی بەجۆرێكە وەک ئەوە وایە بزانێت باسی چی دەکات.
لێی دەپرسم: “چۆنچۆنی دەتەوێت ئەم کارە بکەیت؟”
سبهۆ توێكڵەكان تف دەكاتەوە سەر شەقامەکە و دەڵێت: “دەزانم ئیتر”.
“مەگەر لە خەودا ئەم کارە بکات”. باستارد ڕووەو ڕۆژ ئەمە دەڵێت و گواڤایەک دەگرێتە دیواری ماڵەكەی سبهۆ. گواڤاكە دەتەقێت و دیوارەکە پەمەیی دەکات. من قەپ لە گواڤایەکی شیرین دەگرم. حەزم لە جوین و وردکردنی ناوكەكانی گواڤا نییە، چونکە ڕەقن و کاتێکی زۆری بۆ جوین دەوێت، بۆیە بە كاوەخۆ لە دەممدا دەیانهاڕم و هەندێک جاریش هەرچەندە دەزانم لەدواییدا چی ڕوو دەدات، بەڵام هەموویان بە جارێ قووت دەدەم.
“بۆ وات کرد؟” سبهۆ سەیری دیواری ماڵەکەی دەكات كە ئێستاكە پیس بووە و دواتر لە باستارد دەڕوانێت. باستارد پێدەکەنێت و گواڤایەکی دیکەی تێ دەگرێت. لە دیوارەكە نادات و بەر دەرگەی چوونەژوورەوە دەكەوێت. دەرگەكە وەكو دەرگەیەكی ڕاستەقینە تەقەی نایەت.
“چونکە دەتوانم. چونکە هەرچیم بوێت دەتوانم بیکەم، ئینجا، ئەوە كەی كیشەیە؟”
“نەخێر، چونکە گوێت لێ بوو كە وتم من حەزم لەم ماڵەیە، بۆیە نەدەبوایە وات بكردایە، ئەگینا بۆ نەتدا لە ماڵێکی تر کە بەلای منەوە گرنگ نییە؟”
“دەی باشە، خۆ هەر لەو گۆڕەی ماڵەكە نابێتە هی تۆ، دەبێ؟” باستارد پانتۆڵێکی وەرزشیی ڕەشی لەبەردایە کە هەرگیز دایناکەنێت و تیشێرتێکی پرتەقاڵیی کاڵبووەوەی پۆشیوە کە لەسەری نووسراوە “کۆرنێڵ”. باستارد تیشێرتە كۆرنێڵەكەی دادەکەنێت و لە سەریەوە دەپێچێت و من نازانم ئەمە جوان یا ناشیرینی دەكات، وادەكات شێوەی لە پیاوان بچێت یا ژنان؟ دەگەڕێتەوە و پشتاوپشت هەنگاو دەنێت تا بتوانێت ڕووی لە سبهۆ بێت. باستارد حەزی لێیە ڕاست سەیری دەموچاوی ئەو كەسە بكات كە شەڕی لەگەڵ دەكات. ئەو، جگە لە ستینا هەموومانی بۆڕ داوە.
“سەرەڕای ئەوە خۆ بوداپێست ئاودەست نییە کە هەر كەسێك ویستی ملی تێ نێ. تۆ قەت ناتوانی لێرە بژیت”.
سبهۆ دەڵێت: “من دەمەوێت شو بە پیاوێکی بوداپێستی بکەم تا لە پارادایز، لە كۆڵیتەكان، لە هێڤنوەی[7] و فامبێکی[8] و هەموو شتێکی تر ڕزگارم بكات”.
گۆدنۆز بەسەر شانوملیدا هاوار دەکات: “هاها. وادەزانی بەم ددانە کەوتووانەتەوە هیچ پیاوێك تۆ دەهێنێت؟ تەنانەت منیش ئامادە نیم بتخوازم”. ئەو و چیپۆ و ستینا لە پێشمانەوە دەڕۆن. من سەیری شۆرتەکەی گۆدنۆز دەکەم کە لە پشتەوە دڕاوە و گوڵمەی سمتە ڕەشەكانی دەبینم لە دوو چاوی سەیروسەمەرە دەچن کە لەودیوی پارچەیەكی سپیی چڵكنەوە سەیری دەرەوە دەکەن.
سبهۆ بەسەر گۆدنۆزدا دەگوڕێنێ: “كەس لەگەڵ تۆی نەبوو سەرزل! ئینجا خۆ ددانەكانم دیسانەوە دەردێنەوە، دایكم دەڵێت من تەنانەت لەمەش جوانتر دەردەچم!”
گۆدنۆز دەستی بە ئاماژەی “دەی هەرچی!” ڕادەوەشێنێ و تێدەپەڕێت، چونکە ئیتر هیچی بۆ وتن بەو نییە. هەموو دەزانن كە سبهۆ جوانترە. جوانتر لە هەموو ئەوانەی کە لێرەین، جوانتر لە هەموو منداڵەکانی پارادایز. هەندێک جار كە ناخۆش قسە دەکات ئەگەر واز لەو شێوە قسەكردنەی نەهێنێت، جوانییەكەی نادیدە دەگرین و ئیتر یاری لەگەڵدا ناکەین.
باستارد دەڵێت: “بەلای منەوە گرنگ نییە. من بۆ خۆم ئەم مەملەكەتە بەجێ دێڵم. دنیایەك پارە کۆ دەکەمەوە و دێمەوە خانوویەک لەم بوداپێستە یا لۆس ئەنجلۆس یان تەنانەت پاریس دەكڕم”.
“کاتێک دەچووینە قوتابخانە، مامۆستاکەم، بەڕێز گۆنۆ دەیگوت بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکەیت دەبێ بخوێنێت. ئەمە ئەو شتەیە كە مامۆستاكەی خۆم دەیگوت”. چیپۆ سکی هەڵدەكڕێنێت ناوی مامۆستا گۆنۆ وەها بە شانازییەوە دەڵێت وەک ئەوەی باوکی بێت، وەک ئەوەی شتێکی تایبەت بێت، وەک ئەوەی هەمان ئەو كەسە بێت لە سکیدایەتی.
پاشان هەر خۆی بەردەوام دەبێت: ” کاتێک ناچیتە قوتابخانە چۆن بتوانین ئەم كارە بكەین؟”
“من بۆ پارەپەیداكردن پێویستم بە قوتابخانە نییە. ئەمەت لە چ كتێبێكی پیرۆزدا خوێندووەتەوە، ها؟”
باستارد بەسەر چیپۆدا دەقیڕێنێ و دەموچاوی وەها لە دەموچاوی نزیک دەکاتەوە وەک ئەوەی بیەوێت قەپ لە لوتی بگرێت. چیپۆ دەست بە سکیدا دەهێنێت و پاشماوەی گواڤاکانی بەكاوەخۆ دەخوات و خێرا لێمان دوور دەکەوێتەوە.
من دەڵێم: “من دەڕۆمە ئەمریکا تا لەگەڵ پوورە فاستالینامدا بژیم. هەر بەم زووانەیش، دەیبینن”. دەنگم بەجۆرێك بەرز دەکەمەوە تا هەمووان بیبیستن. گواڤایەکی تازە بە دەستمەوە دەگرم و دەست بە خواردنی دەكەم. ئەوەندە شیرینە كە بە سێ قەپ تەواوی دەکەم. تەنانەت تاقەتی جوینی ناوکەکانیشیم نییە.
باستارد بە بێتاقەتییەوە دەڵێت: “ئەمریکا زۆر دوورە، من حەزم لێ نییە بچمە شوێنێک کە ناچار بم سواری فڕۆکە ببم. ئەگەر لەوێ گیرت خوارد و نەتتوانی بگەڕێیتەوە ئەوسا چی؟ من دەچمە ئەفریقای باشور یان بۆتسوانا. بەم شێوەیە ئەگەر بارودۆخەكە خراپ بوو، زۆر بە ئاسانی، بێ ئەوەی قسە لەگەڵ کەسدا بکەم بەری جادە دەگرم. مرۆڤ دەبێ بەئاسانی لەو جێگەیەوە بگەڕێتەوە كە بۆی دەڕوات”.
سەیری باستارد دەکەم و بیر لەوە دەکەمەوە چی پێ بڵێم. ناوکە گواڤایەك بە نێوانی پوکم و دواڕیزی ددانەکانمەوە لكاوە و بە زمانم هەوڵی لابردنی دەدەم. كەچی ئاخرییەكەی پەنجەمی بۆ بەكار دەهێنم. تامی زەردەكێمی گوێ دەدات.
چیپۆ كە لەگەڵ باستارد هاوڕایە، دەڵێت: “ئەمریکا زۆر دوورە”. دەستلەژێرسک، ماوەیەک دەوستێت تا ئێمەش پێی بگەینەوە. “ئەگەر ئەو كاتەی كە لەناویدان شتێك لە فڕۆكەكەتاندا قەوما چی؟ ئەی چی لە تیرۆریستەكان دەكەیت؟”
بەڕای من ئەم چیپۆ دەموچاو تەختی سکفتبۆڵە هەموو ئەمانە تەنیا بۆ دڵخۆشكردنی ئەو باستاردە سەروسەكوت ناشیرینە دەكات چونكە تازە هاواری بەسەریدا کردووە. من بە چاو هەموو شتێكی پێ دەڵێم، بەڵام دەمم هەر لە جوین ناكەوێت.
دەڵێم “بە من چی، من دەڕۆم” و ئیتر بەخێرایی دەڕۆم تا بە گۆدنۆز و ستینا بگەمەوە، چونکە باش دەزانم ئەگەر باستارد و چیپۆ لە دژم یەك بگرن، چیم بەسەر دێت.
“باشە، بڕۆ بۆ ئەو ئەمریکایە و لە خانەی بەساڵاچوواندا هەر خەریكی گوپاككردنەوە بە. تۆ پێتوایە ئێمە لەم حەكایەتانەمان نەبیستووە؟” باستارد لە پشتمەوە هاوار دەکات، بەڵام من درێژە بە ڕۆشتنەكەم دەدەم.
بیر لەوە دەکەمەوە هەر لێرەدا بگەڕێمەوە و تێروپڕ بەهۆی ئەو شتانەوە كە بە ئەمریكای منی وتووە، باستارد بكوتم. شەپازلەیەك بسرەوێنمە بناگوێی، بە كەللە بكێشم بە ناوچەوانە گەورەكەیدا و ئینجا كوڵەمشتم وەها بكوتمە دەموفڵقی كە دەمودانی بتفێنێتەوە. وەها بكوتمە بنسكی تا هەر گواڤایەکی خواردووە هەڵی بێنێتەوە، ئینجا بیدەم بە ئەرزدا، ئەژنۆم بخەمە بان پشتی و دەستەکانی لە پشتەوە با دەم، پشتەسەری بگرم و ڕایکێشم تا تكا بۆ مانەوەی لە ژیاندا بكات. بەڵام بێدەنگم لێ كرد و ڕۆشتم. من دەزانم ئەو تەنیا ئیرەیی دەبات، چونکە هیچ کەسێكی لە ئەمریکا نییە. چونکە پوورە فاستالینا پووری ئەو نییە، چونکە ئەو باستاردی بیژییە و منیش دارلینگی ئازیز.
*** *** ***
کە دەگەڕێینەوە پارادایز، گواڤاکان ئیدی تەواو بوون. ئەوەندەمان ترنجاندوەتە سكمان ئیتر وا بە سنگەخشكێ خۆمان بەكێش دەكەین. شەو تەنیا ئاو دەخۆینەوە، گوێ لە حەكایەتەكانی دایە ئێسقان دەگرین و دەخەوین. لەسەر ڕێ ڕادەوەستین و لە بنەدەوەنەكاندا خۆمان بەتاڵ دەكەینەوە. باشترین وەخت بۆ ئەمە پێش دنیاتاریكداهاتنە، ئەگینا هیچ کەسێك لەگەڵماندا نایەت، بۆ ئەوەی بنەدەوەنێك بدۆزیتەوە، دەبێت بەناو گۆڕستانەکەدا تێپەڕیت و لەوانەیە تووشی خێوێك ببیت.
هەموومان شوێنی خۆمان پەیدا دەكەین و من لە پشت گابەردێكەوە چیچكە دەكەم. ئەمە خراپترین بەشی گواڤاكانە. وەختێك زۆرت خواردبێ ناوکەکانی توشی تەنگەبەریت دەكەن. لە کاتی فڕێدانیدا زۆر ئێشی دێت، ڕێك وەكو ئەوەیە هەوڵ بدەیت وڵاتێكت ببێت. خولەکەکان و خولەكەكان و خولەكەكان تێدەپەڕن و هیچ کەسێك هاوار ناکات “من تەواو بووم، دەی خێرا كەن”.
هەموومان هەریەكە و لە پەنایەكدا چیچكەمان كردووە، خەریكم بەڕانمدا دەكێشم تا خۆپێچدانەكەم نەمێنێ كە لەناکاو گوێمان لە قیژەیەك دەبێت. بەڵام لەو جۆرە قیژانە نە كە بەهۆی زۆرلەخۆكردنی توندەوە ناوكە گواڤایەك ڕیخۆڵەت دەبڕێت. دەنگەکە دەڵێت: “وەرن تەماشا كەن”. بۆیە واز لە زۆرلەخۆكردن دەهێنم، دەرپێكەم هەڵدەكێشمەوە و گابەردەکەم بەجێ دەهێڵم. گۆدنۆزە كە هەروا بە چیچكانەوە خەریکە دەقیژێنێ و ئاماژە بۆ درەختە چڕەكانی بەرامبەری دەكات و ئێمەش دەیبینین؛ شتێکی درێژ کە بە دارێکەوە هەڵواسراوە.
یەكێك، نازانم کێیە، لە ژێر لێوەوە دەڵێت: “ئەوە چییە؟” کەس وەڵام ناداتەوە، چونکە ئێستا هەموومان دەتوانین ببینین كە چییە. ژنێکە بە پەتێکی سەوز هەڵواسراوە. تیرۆژ، بەنێو گەڵاکاندا دەپرژێتەوە و ڕەنگێکی نامۆ بە هەموو شتێک دەبەخشێت و وا دەكات پێستە زەلالەكەی ژنە وەك ئەوەی پەنگری داخ و سور لە ناوەوەیدا بێ، بدرەوشێتەوە.
قۆڵە باریكەكانی ژنەکە بە هەردوولایدا شۆڕ بووەتەوە و و دەست و لاقەكانی ڕووەو زەوی داكەوتوون. وەك کەسێک ڕایکێشابێتە ئەوێ، مینا ڕاستەهێڵێك بە هەواوە ئاوێزانە. ترسناکترین بەش، چاوەکانیەتی، كە بە سپیدا هەڵگەڕاون و دەمیشی تەواو كراوەتەوە. ژنەكە، جلێكی زەردی لەبەردایە و گیاكانیش لە بنی پێڵاوەكانی دەسوون.
ستینا دەڵێت: “وەرن با ڕاکەین”. ئەمانە یەکەم ئەو وشانەن کە ستینا دوای پێشبڕكێی گوندەکە لە دەمی دەرهاتوون. کاتێک ستینا قسە دەکات، تێدەگەی ئەمە شتێكی گرنگە، بۆیە خۆم بۆ ڕاكردن ئامادە دەكەم.
“ترسنۆک، نایبینی خۆی هەڵواسیوە و مردووە؟” باستارد بەردێک هەڵدەگرێت و تێی دەگرێت. بەر ڕانی ژنەكە دەكەوێت. من چاوەڕێی ئەوەم شتێک بقەومێت، بەڵام هیچ ڕوو نادات. ژنە هەروا بێجووڵە ماوەتەوە.
باستارد دەڵێت: “دەبینی، پێم وتیت کە مردووە”. باستارد وەختێ بیەوێ بیرمان بخاتەوە كە كێ سەرۆكە، بەو دەنگە قسە دەكات.
گۆدنۆز دەڵێت: “خودا لەسەر ئەم كردەوەیەت سزات دەدات”.
باستارد بەردێکی تری تێ دەگرێت. بە دەنگێكی تەپ بەر لاقی ژنەکە دەكەوێت. ژنە هەروا بێجوڵەیە. من هەترەكم چووە؛ وەك ئەوەیە بە گۆشەی چاوە سپی و دادڕاوەكانیەوە سەیرم بكات. سەیر دەكات و چاوەڕێیە لێم تا کارێک بکەم كە نازانم چییە.
باستارد دەڵێت: “خودا لێرە ناژی، گەمژە”. بەردێکی تر دەهاوێژێت كە تەنیا لە جلە زەردەكەی ژنە دەخشێت و من دڵخۆشم کە بەری نەكەوتووە.
سبهۆ وەک ئەوەی بیەوێت بگری، دەڵێت: “من دەڕۆم و بە دایکم دەڵێم”. ستیناش دەكەوێتە ڕێ. من و سبهۆ و گۆدنۆزیش شوێنی دەكەوین. باستارد كەمێك لە هەمان شوێندا دەمێنێتەوە، بەڵام کاتێک لا دەكەمەوە، دەیبینم وا ئەویش لە دوامانەوە دێت. من دەزانم ئەو ناتوانێت بە تەنیا لەگەڵ ئەو ژنە مردووەدا لەناو دەوەنجاڕەكەدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بیەوێ خۆی وەک سەرۆكی پارادایزیش نیشان بدات. جارێكی تر هەموومان پێکەوە دەست بە ڕۆشتن دەكەینەوە، بەڵام دیسانەوە باستارد خۆی دەهاوێتەوە بەردەممان.
دەڵێت: “بوەستن، کێ نانی دەوێت؟” تیشێرتە کۆرنێڵەكەی بەسەریەوە توند دەبەستێت. تەماشای برینەکەی سەر سنگی باستارد، ڕێك لای چەپی سنگییەوە دەكەم، وەك ناوەوەی گواڤا، پەمەیییە.
دەڵێم: “کوا نان؟”
دەڵێ: “گوێ بگرە، سەرنجت دا كە پێڵاوەكانی ژنەکە چەند نوێ دیارن؟ ئەگەر بتوانین دایانكەنین، دەتوانین بیانفرۆشین و نانێک یا تەنانەت ڕەنگە نان و نیوێكیشی پێ بكڕین، چی دەڵێن؟”
هەموومان وەردەسوڕێین و بەدوای باستارددا، بەرەو دەوەنجاڕەكە دەگەڕێینەوە. ئینجا خێراتر دەڕۆین. پاشان پێی لێ هەڵدەگرین. پاشان ڕادەکەین و پێدەکەنین و پێدەکەنین و پێدەکەنین.
[1] گواڤا (Guava)، درەختێكی هەمیشەسەوزی ناوچە گەرمەكانە، میوەیەكی خۆشی هەیە.
[2] وەك گاڵتەكردنێك بە شوێنی نیشتەجێبوونیان، نوسەر ناوی ” Paradise”ی هەڵبژاردووە.
[3] درەختی نورا یا (Jacaranda)، درەختێكی جوان و بەرزی ناوچە گەرمەكانە، گوڵێكی وەنەوشەیی ئاماڵشینی هەیە و لە زێمبابۆی زۆرە.
[4] بوداپێست ناوی شارۆچكەیەك، گەڕەكێك یان گوندێكی ئەوروپاییە كە خەڵكانی دەوڵەمەندی لێ دەژین و تەنیا ناوەكەی وەك شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریایە.
[5] كارەكتەرێكی نادیاری ناو چیرۆكەكەیە بە ناوی (Mother of Bones).
[6] Dudu ; Dodo.
[7] Heavenway
[8] Fambeki