ڤێلادیمیر ناباکۆف؛ میراتگری ڕەسەن

چەند سەرنجێک لەسەر ڕۆمانی «پێکەنین لە تاریکی»

ئەوەی ئەدەبیاتی ڕووسیای خوێندبێتەوە ئەم پرسیارەی بۆ ساز دەبێت؛ میراتی مەزنی تۆڵستۆی و داستایۆڤسکی، تورگینیه‌ف و… چیی لێهات و لە کوێدا درێژەی پێ درا؟ بەدەر لەو وه‌ڵامانەی وا پێبه‌نده به شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۱۷وە، تا ئەو شوێنەی من خوێندبێتمەوە، لە ناوخۆی ڕووسیا میخاییل بوڵگاکۆف یەک لەو کەسانەیه‌ توانیی بەشێکی باش لەو میراتە لە ئاستێکی باڵادا و بە تایبەت بە ڕۆمانی “ماستەر و مارگاریتا” درێژە پێ بدات، زیاتر لەویش ڤێلادیمیر ناباکۆف لە بەستێنێکی بەرفرەتردا ئەو میراتەی لە ڕۆمانەکانیدا وەگەڕ خستووە. هەڵبەت کارنامەی ناباکۆف هێندە بڵاوە پێناسە و یەک پۆل کردنی دژوارە؛ هاوکات وەک مۆدێرنیست و پۆست مۆدێرنیست، وەک نووسەری ئەمریکایی و وەک نووسەری ئەورووپایی، تەنانەت ڕووسی نووس پێناسەکراوە.

بە گشتی ناباکۆف بە ئاگایییەوە سوودی لەو میراتە وەرگرتووە و دەوڵەمەندی کردووە؛ یه‌ک له‌و‌ به‌رهه‌مانە ڕۆمانی “پێکەنین لە تاریکی”ە. ڕەنگە ئەم ڕۆمانە لە چاو بەرهەمەکانی دیکەی وەک “پێنین” و “ئاگری کز” و… هێندە بەهێز نەبێت، بەڵام بە ڕای من تۆپۆس و پێگەیەکی گرنگی لە کاری ناباکۆفدا هەیە، ئەم ڕۆمانە هاوکات هەم پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ “میراتی ڕووسی” هەیە، هەم نوتفە و گەرای ڕۆمانی “لولیتا”یش وەک “ڕۆمانی ئەمریکایی” ناباکۆف لێرەدا چێنراوە. لە لایەکی دیکەوە دەرخەری ڕوویەکی ئاڵمانیای پاش شەڕی یەکەم و پێش شەڕی جیهانیی دووەمە، بە وتەیەکی دیکە بە ناوەرۆکی ئەورووپایی و دارشتننیکی ڕووسیانەوە نووسراوە.

ڕۆمانی “پیکه‌نین له تاریکی” بە فلاش فۆرواردێکی بوێرانەوە دەست پێ دەکات؛

 “ڕۆژێ ڕۆژگارێک لە شاری بێرلینی ئاڵمانیا، پیاوێک دەژیا، بە ناوی ئالبینوس. دەوڵەمەند و بەڕێز و بەختەوەر بوو، ڕۆژێک لەبەر کچۆڵەیەک هاوسەرەکەی بەجێ دەهێڵێ، ئەڤینی دا و بێ مەیلیی پێ کرا. ئەمە هەموو چیرۆکەکەیە، ئەگەر لە گێڕانەوەیدا چێژ و سوودەمەندیی نەبوایە هەر لێرەدا لێیدەگەڕاین.”

گێڕەوەر هەر لەم دەسپێکەدا کۆی پلۆت لە پەرەگرافێکدا دەخاتە بەردەستی خوێنەر و بە متمانەوە دەڵێ چیرۆکێکم هەیە کە چێژ و سوودمه‌ندییەکەی (وه‌ک دوو خسڵەتی هۆراسی) لە جۆری گێڕانەوە و وردەکاریدایە. وەک دەردەکەوێت کەسێتیی سەرەکیی ئالبینوس که‌سێکی زێدەڕۆیە، ئالبینوس کە ڕەخنەگرێکی بە تەمەنی هونەرییە، ئەوینداری کچێکی ١٧-١٨ ساڵان دەبێت و ژن و منداڵی جێ دەهێڵێت، کچەکەی دەمرێ، پارەی زۆری لێ‌دەبرێ، لە ڕێگەی ئەڤیندا کوێر دەبێت و لە ئەنجامدا دەکوژرێت.

لە زۆربەی ڕۆمانە ڕووسییەکان بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر دیاریکەری دۆخی تاکییه، نووسەری ڕووسی سەدەی نۆزدەهەم کەسێتیی تەنها لە دۆخی تاکیی خۆیدا نابینێت، ئەکت و کارە بچووکەکانی کارەکتەرەکان لە بەستێنێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئابووریدا، مانایەکی دیکە پەیدا دەکەن. با بە چەند نموونە ئاماژە بکەین:

له ڕۆمانی “باوکان و‌کوران”ی تورگێنیەفدا، بازارۆفی نوێخواز و ئانارشیست، وەک هەڵگری بیری نوێ و نوێنەری نەوەی نوێیە، مامی ئارکادیی هاوڕێیشی (واتە پاڤێل)، هەڵگری بیری کۆن و سوننەت و نوینەری نەوەی کۆنە، کە دەکەونە دوێلەوە بازاڕۆف، پاڤێل تەنیا بریندار دەکات. ئەمە پرسێکی کەسەکی نییە و لە ئاستی دوێلێکی دوو کەسی دەچێتە سەر و دەبێتە جەنگی نێوان دوو بیر و دوو نەوە و نەسڵ. له جیهانی تورگێنیه‌فدا نه‌ریت هێشتا ئەوەنده به‌هیزه که بیری نوێ جارێ ڕێگای نییه، بۆیه لە ئەنجامدا ئەمە بازاڕۆفە ده‌مرێت.

کاتێک داستایۆفسکی له ڕۆمانی “تاوان و سزا” پیره‌ژنی سووخۆر ده‌خاته به‌ر ته‌وری ڕاسکۆڵنیکۆف جیا له هه‌موو دەلالەتە تاکییه‌کان و ئیمان و تاوان و ڕزگاری، پێماندەڵێ ئیتر ئەو جۆرە ئابوور و پارەدانه ڕوو له تەواوبوونه و نۆبەی بانکدارییه‌کی نوێیە، بۆیە سەردەمی پیرەژن و پیرەپیاوی نزوولخۆر تەواو دەبێت. ئەمەش بە سانایی و بەبێ قوربانی ناکرێ، تەنانەت دەکرێ کەسی بێ تاوانیش وەک خوشکی پیرەژنەکە تووش ببێت. یان کاتێک ورۆنسکی و ئەسپەکەی له ڕۆمانی “ئانا کارنینا”دا دەگلێن، جگە لە دۆخی تاکیی ورۆنسکی کە پێشبڕکێیەکە وەک دەرفەتێکی باش بۆ هەڵسانەوەی خۆی دەبینێت، ڕۆمان پێشبینی ئەوە دەکات کە نەک هەر ورۆنسکی بەڵکوو توێژ(قشر)ەکەیشی سەرەونخوون دەبنەوە. تەنانەت کاتێک ئاناکارنینا دەخاتە ژێڕ شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ، تەنێ پرس و هۆکار له‌ناوچوونی ژنێکی لە قاو دراو له‌ ژێر باری شکست و گوشاری عاشقی و… نییە بەڵکوو هاوکات باسی قەیرانی بنەماڵەی ئەشراف و کەوتنە ژێر شەمەندەفەڕ و لە ناوچوونی توێژێکە که ئانا سەر بەوە. شه‌مه‌نده‌فەڕی شۆڕشی ١٩١٧ کە هاتنە هەڵتەکێنەرەکەی پێشتر له به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌رانی ناوبراو پێشبینی کرابوو. بۆ شایەتیی ئەم باسە دەتوانین ئاماژە بەو وتارانەی لینین و پلیخانۆف بدەین لە سەر تۆلستۆی کە پێیانوایە، چەندەش دژە شۆڕش بووبێت، لە ڕۆمانەکانیدا باشتر لە زۆر تیۆریسیەن و ئایدیۆلۆگ هۆکارەکان و بەرگرەکانی شکستی شۆڕشی دێسەمبریستەکانی دەرخستووە.

ئەگەر له “باوکان و کوڕان” نه‌کرا باوک بکوژرێت، له “برایانی کارامازۆف”دا باوک دەکوژرێت و بە پێچەوانەی جیهانی “تاوان و سزا” هیچ هومێدێک بە ڕزگاری نامێنێ. ئەگەر لە جیهانی “تاوان و سزا” ئاقیبەت ڕاسکۆڵنیکۆف “ڕێگای ڕاست” دەدۆزێتەوە و پێملی “مەسیح” دەبێت و سویدریگایلۆف ئەم ڕۆحه یاخی و ناوازه‌ی جیهانی داستایۆفسکی ده‌گاته خۆکوژی، یان باشتر بڵێین داستایۆفسکی بە تۆپزی دەیگەیەنێتە خۆکوشتن. جیهانی “برایانی کارامازۆف” جیاوازە، لە دواجاردا به‌شێک له ڕۆحی “شەیتانی”ی سویدریگایلۆف له گیانی ئاسمەردیاکۆفدا دەرده‌که‌وێت و باوک ده‌کوژێت و منداڵان پێ دەنێنە ناو جیهانێکەوە کە ئیتر تا هەتا ناگەڕێنەوە وەک شۆڕشگێرانی ئۆکتەبەری ١٩١٧، به‌ وته‌ی ڕەخنەگرێک شۆڕشگێڕانی ١٩١٧ی ڕووسیا پێش ئەوەی بێنە جیهانی واقیعەوە پیشتر لە ناو ڕۆمانەکانی داستایۆفسکی لەدایک ببوون.

ڤێلادیمیر ناباکۆف(١٨٩٩-١٩٧٧) ڕۆماننووسی ڕووسی

 بێێنەوە سەر ڕۆمانی “پێکەنین لە تاریکی” زه‌مه‌نی ڕۆمان سەردەمی کۆماری وایمار (١٩١٨-١٩٣٣)ە. ئەم دەورانە بە ڕواڵەت دێمۆکراتیکە، بە سەردەمێکی لەرزۆک، پڕ لە هیوا و بێهیوایی، هومێد و ترس، دادەنرێت، ئاڵمانیا کۆمەڵگایەکی تێکشاوە که دەیهەوێ هەستێتەوە بەڵام نازانێ چۆن. سه‌رده‌مەکە وه‌ک کەسێتییەکانی ناو ڕۆمان جۆرێک دڵخۆشیی ئاشقانە و هاوکات ناڕاستی تێدایە. وەک چۆن ئەزموونی وایمار دواجار ده‌گاته نازیزم لە ڕۆمانەکەیشدا فەزای ئاشقانە و ڕۆمانتیک دەگاتە کوێری و مردن. هەندێ لە نیشانەکان لە کۆمار و ڕۆماندا وەک یەک دەردەکەوتن؛ لە کۆماری وایماردا دەرکەوت دێمۆکراسیی بێ دێمۆکرات، چەندە زڕ و بێ بنەما بوو، وەک تابلۆ فەیک و زڕەکانی ئالبینوس و یان ئەویندارییە بێ ئەویندارەکانی مارگۆت و ئالبینوس.

“ماجەرا لێرەوە دەستی پێ کرد؛ شەوێک فیکرەیەکی جوان گەیشتە کەللەی ئالبینوس…. سەبارەت بە سیحربازێکی پیر لە دوایین پرۆگرامی ماڵاوییدا، خۆی وەک تارمایییەک مەحف و بزر دەکات. ئەو فیکرە بە تەواوی هی خۆی نەبوو بەڵام بوو بە هۆگری، لەگەڵیدا کایەی کرد و خڵەپاندییەوە، ڕێگەی دا لە هەناویدا ڕیشاژۆ بێت.”

هەر لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت لەگەڵ کەسێتییەکی سەودایی بەرەوڕووین، پیاوێک کە دەکەوێتە دوای فیکرەیەک، تا کۆتایی درێژەی پێ دەدات، لە ئەنجامدا زۆر شت و تەنانەت بینایی لە سەر ئەو ڕێگەیە دەدۆڕێنێت، واز ناهینێت و لە ئەنجامدا گیانی خۆشی لە سەری دادەنێت. ئالبینوسیش وەک سێحربازەکە مەحف دەبێتەوە. سەرانسەری ڕۆمان بەم جۆرە چنراوە، واتە ئەوەی بڕیارە ڕوو بدات لە پێشدا ئاماژەی بۆ دەکرێت. ژێرار ژۆنێت لە تیۆریی گێڕانەوەناسیی خۆیدا چەمکێکی هەیە بە ناوی پرۆلێپسیس، ئەم چەمکە تا ڕادەیەکی زۆر نزیکە لە فلاش فوروارد، پرۆلپسیس بە زمانی سادە واتە ڕووداو پێش ئەوەی ڕوو بدات لە ناو چیرۆکدا ڕاستەوخۆ یان بە هەندی کۆدەوە، باسی دەکرێت. جیا لە فلاش فوروواردی دەستپێک و ئایدیای سیحربازی پیر، کۆی ڕۆمان بەم تەکنیکە تەنراوە. دوو نموونەی دیکە:

لە لاپەڕەی ١٧ ئالبینوس دەچێتە سینەمایەک کە مارگۆت تێیدا کار دەکات، فیلمێک ببینێ؛

 “ئالبینوس کتوپڕ هەستی بە پەژارە و خەم کرد. کاتێک هاتبوو کە فیمەکە خەریک بوو تەواو دەبوو:

 کچۆڵەیەک لە هەمبەر پیاوێکی دەمامکدار و چەکداردا، بەرەبەرە خەریک بوو لەنێوان کەلوپەلە هەڵرژاوەکاندا دەکشایە دواوە”

 ئەم دیمەنە بە جۆرێک پێشەکییەکە بۆ جۆری مردنی ئالبینوس؛ لە کۆتاییی ڕۆماندا ئالبینوس بە دەمانچەوە دەچێتە ماڵەکەی خۆی کە مارگۆت بکوژێت مارگۆت پاشەوپاش خۆی حەشار دەدات و دەتوانێ ئالبینوس بکوژێت، هەڵبەت ئالبینوس لە باتیی ئەوەی دەمامکی لێ دابێت، کوێرە. یان ئیرمای کچی ئالبینوس خەونێک دەبینێ کە لە کاتی یاریی هاکیی سەرسەهۆڵ، خۆی و باوکی هەڵدەخزن و دەکەون، چەندشەو دواتر ئیرما دەمرێت و بەپێی لۆژیکی خەونەکە، خوێنەر ئامادە دەبێت بۆ مردنی ئالبینوسیش.

لووکاچ پێیوایە ڕۆمان و چیرۆک بەبێ ڕێککەوت و ڕووداو ناچێتە پێش، بەڵام نووسەری لێزان ڕێککەوت و ڕووداوی کاڵ بەرز دەکاتەوە تا وەک پێویستی و زەروورەتی ناو دەقی لێ دەربێت، بۆ نموونە؛ ڕاستە ئەسپەکەی ورۆنسکی لە ڕۆمانی “ئاناکارنینا” بە سودفە و ڕێککەوت سەرسم دەدات و دەکەوێت، بەڵام لە ستراکتۆری ڕۆمانەکەدا ئەم ڕووداوە، وەها دەتەنرێت وەک پێویستییەکی ناچارەکیی لێ دێت، هەر لەو چرکەساتەدایە کە ئانا کارنینا بێ ئیرادە دڵی بۆ دڵدارە گلاوەکەی دادەچڵەکێت، مێردەکەیشی هەر ئەو کاتە لە گۆڕان (خەیانەت)ی ئانا ئەرخایەن دەبێت. سەرانسەری ڕۆمانی “پێکەنین لە تاریکی” بە ڕێککەوت و ڕووداو تەنراوە؛ ئالبینوس بە ڕێککەوت مارگۆت دەبینێ، بە ڕێککەوت فریا ناکەوێ نامەکەی مارگۆت لە پۆستچی وەربگرێت، بە ڕێککەوت ڕێکس لە ماڵی ئالبینوس، مارگۆت دەبینێتەوە، ئالبینوس بە ڕێککەوت لە شارۆچکەیەکی دیکە کۆنرادی هاوڕێی دەبینێتەوە، کۆنراد بە ڕێککەوت لە پاسەکەدا گوێی لە قسە ئێرۆتیکییەکانی ڕێکس و مارگۆت دەبێت، ئالبینوس بە ڕێککەوت بە ڕوودای ماشین کوێر دەبێت و… جیاوازیی ئەم ڕێککەوتانە لەگەڵ ڕێککەوتی حەکایەتی و ڕۆمانسی لەوەدایە ڕووداو و ڕێککەوتی حەکایەتی لە ئاستی کردەی دەستکرد و کاڵدا دەمێننەوە دەڵێی بە دەقەوە هەڵواسراون، بەڵام سەبارەت بە ڕۆمان، ڕێککەوت و ڕووداو لە تانوپۆی دەقدا دەتوێنەوە و دەبنە زەروورەتێک کە بەبێ ئەمانە دەق ناگوورێ، بۆیە کاتێک لە کۆتایییەوە سەیری ڕووداو و ڕێککەوتەکان دەکەوین دەزانین هەر دەبوو وابێت، وەک چۆن هەر دەبوو پیرەژنێکی سووخۆر و خوشکەکەی بە تەورەکەی ڕاسکۆڵنیکۆف بکوژرێن نەک هیچ پارەداری دیکە، یان تەنانەت سویدریگایلۆف.