داهاچوو (ڕۆژهەڵات هەمووی بەفراوە!)

سەرەتا:

ئەم نووسینەی من لەسەر پۆستێکی فەیسبووکی دادە ‘بەفراوی نووری’یە کە چوار ساڵ پێش دایناوە. لەو پۆستەدا دادە بەفراو کۆپلەیەکی درێژ لە شیعرێکی ‘شێرکۆ بێکەس’ی هێناوە و چەند ڕستەی لەسەر نووسیووە.

نووسینەکەی من دوو بابەت لە خۆ دەگرێت. بابەتی یەکەم ڕەخنەی ئەدەبییە کە تێیدا باسی شیعرایەتیی دەقەکەی ش. ب دەکەم. بابەتی دووهەم باسی ئامادەییی خوێنەری ڕۆژهەڵاتە لە دونیای کوردیدا. بابەتی دووهەم هەر قسەیەکی بۆ کردن هەبێت؛ پشتی بە بابەتی یەکەم بەستووە.

دەشێت کەسانێک بە بێ خوێندنەوەی بابەتەکە لە دوورەوە بڵێن؛ مادام نووسینێک لەسەر پۆستێکی فەیسبووک بێت، دیارە شیاوی سەرنج و خوێندنەوە نییە و نەیخوێننەوە. من سوور نیم لەسەر ئەوەی ئەم کەسانە لە گێلی دەربهێنم و حەزیش دەکەم هەر گێل بمێننەوە.

لەم نووسینەدا باسی شیعرێکی شێرکۆ، زمانی نووسینی بەختیار عەلی و ڕوانگەی بەفراوی نووری بۆ شیعرێکی شێرکۆ دەکرێت. بەڵام لە بنەڕەتدا هاندەر و پاڵنەری من بۆ نووسینی ئەم دەقە، گرفتێکە کە پێی دەڵێم؛ ئامادەییی ناهۆشیارانەی کوردانی ڕۆژهەڵات لە پانتاییی گوتاری کوردیدا.

چەند تێبینی:

ــ دەقەکەی شێرکۆ، زمانی بەختیار، تێبینیی بەفراو، نموونەگەلێکن بۆ نیشاندانی گرفتێکی گەورە و گشتی.

ــ حەز ناکەم باسەکەی من لەسەر ئەدەبیایەتی ئەو دەقەی شێرکۆ بەسەر هەموو دەقەکانی شێرکۆدا بگشتێندرێت.

ــ لەسەر زمانی بەختیار عەلی نموونەم نەهێنایەوە چون بە شتێکی ئاشکرام دەزانی. ئەگەر کەسێک نکوولی لێ بکات ئەو کات بە تەسەلی باسی دەکەم.

ــ بەفراو لەم دەقەدا پتر لەوەی کەسێکی تایبەت بێت، نموونەیەکە لە جۆرێک تاک/خوێنەر/نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەفراو بەردێکە لە بەندەنێک. ئەمڕۆ بەفراو ئەو مشتەیە کە خەڵواری ڕۆژهەڵاتی پێ دەنرخێنین، سبەی کەسێکی تر. بەفراو کەس نییە، گشتە.

رۆژهەڵات هەمووی بەفراوە! هەر ئەوەیە دەمێکە ئاو بردووینی!

ئەمە خوارەوە کۆی پۆستەکەی دادە بەفراوە، سەرەتا بیخوێننەوە:

“کڵپەیەکی سارد و سڕم.

خۆرەتاوێکی تاریکم.

تاریکایی چراخانم.

کوێستانێکی پڕوکاو و

بیابانێکی پاراوم…

تەم و مژو، لێڵی ڕوونم.

من ئەشکەنجەی کامەرانی و پێکەنینم

ئاخ لە من ئاخ لە من. نامۆی ناو ماڵەکەی خۆمم و

غەریبی ناو گیانی خۆمم.

سپی ڕەش و ڕەشی سپی و

دەنگدانەوەی ناو بێدەنگی و

ڕەنگدانەوەی ناو بێ ڕەنگی و

سوڕانەوەی ناو وەستانی جەستەی خۆمم.

من بینایی نابیناییم

من کەسدارێکی بێ کەس و

جوگرافیای بێ خەریتە و

ماتماتیکی بێ ژمارە و

کارەساتی بێ دیرۆک و

ڕێزمانی بێ زمانی دەنگی خۆمم.

شێرکۆ بێکەس.. شاعیری کۆکەرەوە بۆ ناکۆکییە گەورەکان ، بۆ پارادۆکسەکان.

لێرەدا بەڕوونی بوونی شاعیر شوێنی لەیەکدانی هەموو دژەکانە، شوێنی کۆبوونەوەی ناکۆکییەکان و یەکگرتن و بەیەکگەیشتنیانە. ئایا بەیەکگەیشتنی هەموو شتێک بە دژە موتڵەقەکەی هەوڵی دەربازبوونی گەورەی شاعیر نیە لە هەموو فۆرمێک و شێوەیەکی چەسپیو. یادی بەخێر شاعیری لەیادنەکراو.”

ڕەخنەی ئەدەبی:

لە ڕەخنەی ئەدەبیدا oxymoron بە لێکدراوێک دەگوترێت کە لە دوو شتی دژ دروست بووبێت. ئەم بابەتە جیاوازە لە paradox. لە ئینگلیزیدا بە sweat sorrow (خەمی خۆش) ئاکسیمۆران دەگوترێت. دە ساڵ پێش بە فارسی لە دوو دێڕدا نووسی بووم:

ضخامت ظریفانەی اسب در اندام و

وقاحت نجیبانەی معشوقان کلاسیک در ادا

لێکدراوی “ضخامت ظریفانه” کە  دەکەوێتە پاڵ “اسب” لە ئاکسیمۆرانێکەوە بۆ پارادۆکسی ئەدەبی هەڵدەکشێت.

لە شیعری درێژی “ئایەتە کوردییەکاندا” هاتووە:

گای مارۆش هەر بۆ سەربڕینە

گای مارۆش ناوچاوی ڕەشە.

ئەمەی سەرەوە پارادۆکسە. گای مارۆ کە ناوچاوی ڕەش بێت، پارادۆکسە. پارادۆکس؛ کۆکردنەوەی دوو شتە کە لە ڕووی مەنتقییەوە کۆکردنەوەیان مەحاڵ بێت(مانع الجمع). ئەو مەحاڵەی لەسەرەوەدا باسی کرا، وا دەکات پارادۆکسی ئەدەبی پێویستی بە پاساوێکی زەینی یان زمانی یان وێنەیی یان… هەبێت.

من دەڵێم؛ گای مارۆ ناوچاوی ڕەشە. گای مارۆیەک کە تۆ دەزانی لە کوردیدا لەبەر ناوچاوە سپییەکەی بووە بە نیشانەی شتێکی زەق و دیار، بووە بە هێمای کەسێکی ناسراو. ئەو بابەتەی “گای مارۆ ناوچاوی ڕەشە”، دەکات بە پارادۆکسی ئەدەبی؛ پاساوی “گای مارۆش هەر بۆ سەربڕینە”یە. بەو پاساوە خوێنەر تێ دەگات لەو دێڕەدا ناوچاوڕەش، کینایەیە لە بەدشانسی و عاقیبەت‌شەڕی و عاقیبەت شڕی.

ئەگەر سەرنجت هەبێت و بتوانی بیدەیت! تێ دەگەیت پارادۆکس و ئاکسیمۆران لەگەڵ ئەوەی بە ڕواڵەت لێک نزیکن، لە ڕاستیدا فەرقیان وەک فەرقی چامپیۆنز لیگ و لیگی مەحەلاتە!

دروستکردنی ئاکسیمۆران؛ کارێکی ئاسان و ئاسایی و سووکە! بەڵام پارادۆکس هێزێکی داهێنەرانەی گەرەک. لە ڕاستیدا لە هەر زمانێکدا؛ دەکرێت هەزاران ئاکسیمۆران بە ئاسانی دروست بکرێت، بەڵام بدێری و زەرفیەتی هەر زمانێک بۆ دروستکردنی پارادۆکس، سنووردارە. تەنیا داهێنەرەکان دەتوانن پارادۆکس ڕاو بکەن.

ئەو ڕیزە دێڕەی شێرکۆ بێکەس؛ ڕیزێک ئاکسیمۆرانی ناداهێنەرانەن. ریزێک لێکدانی شتە دژەکانن، بە بێ ئەوەی هیچ قووڵایییەک دروست بکەن. لە بڕگەیەک لە شانۆنامەی ڕۆمئۆ و ژوولیەتدا هاتووە:

O brawling love! O loving hate!

O anything of nothing first create!

O heavy lightness, serious vanity!

Misshapen chaos of well-seeming forms!

Feather of lead, bright smoke, cold fire, sick health!

Still-waking sleep, that is not what it is!

This love feel I, that feel no love in this.

وەک دەبینی لێرەشدا ڕیزێک ئاکسیمۆران هەیە کە ڕەواییی خۆیان لە بوونیان لە ناو زەمینەیەکی لەباردا وەرگرتووە نەک ئەوەی خودی ئاکسمۆرانەکان ــ بە جیا ــ شتێکی داهێنەرانەی دیار بن.

سەرنجی ئاگری ساردی شکسپیەر و کڵپەی ساردی شێرکۆ بدەن. ئەمە دووبارە جەختکەرەوەیە لەسەر ئەوەی دروستکردنی پاردۆکسی ئەدەبی، کارێکی دژوارە، وە دروستکردنی ئاکسیمۆرانی قاڵبی کارێکی سووکە. هەروسا سەرنجی سووکی قورس و نەخۆشی تەندروست بدەن.

سەرنجی serious vanity(بەتاڵیی جیددی) بدە. لە شیعری “بەرەی ڵا”دا هاتووە:

قۆڵ هەڵدەماڵنەوە بۆ باوێشک ڕاکێشان.

بە بەراوردی ئەو دوانە دەتوانی جیاوازیی ئاکسمۆرانێکی قاڵبی و داهێنانێک ببینیت.

دووباره ئاکسیمۆرانە سووکەکانی شێرکۆ دەخەمەوە بەری چاوت:

ڕەشی سپی

سپی ڕەش

کەسداری بێکەس

ئەم لێکدراوانە، نیشانی دەدەن لە سەردەمی نووسینی ئەو شیعرەدا ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی، بێکاریگەری بووە. نیشانی دەدات ئەوسا لە ناو پانتایییەکەدا تامناسی(ذائقه)یەکی ئەدەبی شەقوشڕ باڵادەست بووە.

سەرنج بخەرە سەر بڕگەی:

سووڕانەوەی ناو وەستانی جەستەی خۆمم.

کابرای فارسینووس گوتبووی:

رم آهوی تصویرم، شتاب ساکنی دارم.

لە سەرەوەدا گوتبووم، پارادۆکسی ئەدەبی، پاساوێکی پێویستە. “شتاب ساکن” لەگەڵ “سووڕانەوەی وەستاو” فەرقێکی ئەوتۆی نییە، ئەوە “آهوی تصویر”ـە کە دەبێتە ئەو پاساوە وێنەییە کە “شتاب ساکن” تا ئاستی پارادۆکسێکی ئەدەبی بەرز دەکاتەوە(هونەر دۆزینەوەی “لەزی وەستاو”ـه لە ئاسکی ناو وێنەدا).

سەرنجی ئەم دوو ڕستەیە بدە:

شار بێساحێبە.

شار بێساحێب نییە.

ئەم دوو ڕستەیە بە ئاشکرایی، یەکتربڕ و پارادۆکسیکاڵن. لە ڕووی مەنتقیەوە، ناکرێت هەرتکیان هاوکات دروست بن. سەرنجی ئەم داهێنانەی شێرکۆ عەبدوڵڵا بدە:

لە خۆیەوە ئەڵێ بۆچی سەرشۆستەکەت کردووە بە دوکان، وائەزانێ شاری بێساحێبە.

ئەم داهێنانەی شێرکۆ عەبدوڵڵا، هاوکات ئەو ڕستانەی سەرەوەی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە و بەمە پارادۆکسێکی ئەدەبی دروست کردووە.

ڕستەی یەکەم: کابرا لەبەر پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسێکدا، شۆستەکەی کردووە بە دوکان، کەواتە شار بێساحێبە؛ یانی یاسا لەو شارەدا سەروەر نییە.

ڕستەی دووهەم: کابرا هەر وا لە خۆیەوە شۆستەی نەکردووە بە دوکان، بەڵکوو کۆمەڵێک کەس کە خۆیان بە خاوەنی شار دەزانن، ڕێگەیان پێداوە؛ کەواتە شار بێساحێب نییە!

لە “ئایەتە کوردییەکاندا” هاتووە:

گوتمان هەڕاوەستە.

سەرنج بدە “هەڕاوەستە” لە یەک وشەدا “وەستان” و “هەڕا”ی کۆ کردووەتەوە. ئەمە ئەگەر وەک ئاکسیمۆرانەکانی شێرکۆ بینووسینەوە دەبێت بە:

وەستاوی ڕاکردوو یان ڕاکەری وەستاو.

بەڵام ئەوەی ئەو دێڕە بەرز دەکاتەوە تەکنیکی تێترنجاندن و تێهەڵکێشان ( portmanteau word)ی وشەکانە کە پاژی “ڕا”ی دوو وشەی “هەڕا” و “ڕاوەستان” وەک جەمسەرێک بۆ لکاندنیان پێکەوە، بەکار دەهێنێ.

هەر لە شیعری “ئایەتە کوردییەکان”دا وشەی “دوودڵنیا” هاتووە. کە دووبارە بە تەکنیکی تێهەڵکێشان لە یەک وشەدا ئاکسیمۆرانی دروست کردووە. ئەگەر بگوترایە “دڕدۆنگێکی دڵنیام” ئەو کات شێرکۆیی دەبوو و مەگەر لە بازاڕی بەفراویسمدا ساغ بکرایەتەوە.

هەر لەو تەکنیکەدا وشەگەلی وەک “داهاچوو” و “ڕابردێ” و … دروست کراون کە دیارە سەر بە تامناسییەکی ئەدەبی ترن.

سەرنجی لێکدراوی “کچێکی ڕەشکاڵە” بدە. ئەم لێکدراوە بێجگە ئەوەی بە تەکنیکی تێهەڵکێشان، ئاکسیمۆران لە وشەیەکەدا ــ نەک لە دوو وشەدا ــ دروست دەکات، هاوکات چێژی سەرواش بە خوێنەر دەبەخشێت. چون خوێنەر هاوکات کە وشەی “ڕەشکاڵە” دەخوێنێەوە ، وشەی “ڕەشتاڵە”ش کە هاوکێش و هاوسەروای ئەوە، بە زەینیدا دێت.

یەکێک لە ئاکسیمۆرانەکانی شێرکۆ “کەسداری بێکەسە”! سەرنج بدە هیچ قووڵییەکی نییە. ڕووکەشێکی ڕووتە! تەنانەت نەیکردووە بڵێت: خزمداری بێکەسم و بەوە خۆی لە دووبارەکردنەوەی ناقۆڵای وشەی “کەس” ببوێرێ. سەرنجی ئەم ڕستەیەی خوارەوە بدە:

خزمم زۆرە و کەسم کەم.

لێرەدا دوو وشەی هاومانای کەس و خزم، کە لە زمانی ئاساییدا وەک یەک دەبینران، لەیەک جیا دەکرێنەوە. بەمە هەم مانایەکی قووڵ دەر دەبڕدرێت، هەم زمان دەوڵەمەند دەکرێت. زمان دەوڵەمەند دەکرێت چون لێرەدا وشەی “کەس” مانای هەر خزمێک نادات، بەڵکوو مانای خزمێکی تایبەت دەدات. لێرەدا “کەس”؛ ئەو خزمەیە کە کچی کاڵی چاوسەوزی هەیە.

تایبەتکردن و جیاوازی دانان لە نێوان وشە نێزیکەکان؛ دەوڵەمەندکردنی ڕاستەقینەی زمانە.

یەکێک لە جیاوازییەکانی نووسینی هەڕەمەکی و شیعری داهێنەرانە، ئەمەیە؛ نووسینی هەڕەمەکی دەرئەنجامی لێکدانی هەڕەمەکی و بیرلێنەکراوەیە. بەڵام نووسینی داهێنەرانە بە ئاگایییەوە نووسراوە.

هەرکەسێک دەتوانێت بە لێکدانی هەڕەمەکی شتە دژەکان، سەدان و بگرە هەزاران ئاکسیمۆرانی ناداهێنەرانە دروست بکات. بەڵام کە دێتە باسی لێکدانی بەئاگاییانە و پاساودار، کارەکه دژوارە.

لە خوارەوەدا بۆ نیشاندانی سادەبوونی کارەکە ئەو ڕیزە ئاکسیمۆرانە سووکەی شێرکۆ بێکەس، درێژ دەکەمەوە:

شلیی ڕەقم

ڕەقی شلم

مۆنی ڕووخۆشم

ڕووخۆشی مۆنم

بەرزی کورتەبنەم

کورتەبنەی درێژم

ورگنی ڕەقەڵەم

ڕەقەڵەی ورگنم

مانگەشەوی ئەنگوستەچاوم

ساماڵی بەهەوروهەڵام.

بەردی شلم.

زیرەکی گێلم.

گێلی زیرەکم.

داوا دەکەم ئەمانە لەگەڵ ڕیزە ئاکسیمۆرانەکەی شێرکۆ کە بەفراوی نووری ــ بە هەڵە ــ بە پارادۆکسیان دەزانێت، بەراورد بکەیت.

دووبارەی دەکەمەوە؛ ئاکسیمۆرانێک کە پاساوی داهێنەرانەی هەبێت دەتوانێت تا ئاستی پارادۆکسێکی ئەدەبی هەڵبکشێت.

لە سەرەوەدا باسی “ضخامت ظریفانه”ٔ(ئەستووریی ناسکانە)م کرد. ئەو لێکدراوە ئەگەر نەدرێتە پاڵی “اسب”، فەرقێکی ئەوتۆی لەگەڵ “سپی ڕەش” و “کەسداری بێکەس” و …دا نییە. ئەوە وشەی “اسب”ە وا دەکات؛ خوێنەر هەست بکات دەکرێت دوو دژی وەک ناسکی و ئەستووری، کۆ بکرێنەوە. لێرەدایە کە هێزی داهێنەری دەر دەکەوێت. لێرەدا دەکرێت باسی خەیاڵ و imagination بکرێت. هێزی خەیاڵ ئەوەیە بتوانی لەزی وەستاو لە ئاسکی ناو وێنەدا ببینی. ئەگینا لێکدانی لەز و وەستان، کارێکی قاڵبییە.

ڕەنگە بیستبێتت؛ کاری شاعیر دۆزینەوەی پەیوەندییە شارەوەکانی ناو دونیایە. ئەم دۆزینەوەیە پەیوەندییەکی پتەوی بە خەیاڵ و وێناکردنەوە نییە! بەڵکوو خودی خەیاڵ و وێناکردنە! بەڵکوو خەیاڵ ناوێکی تر و دەربڕینێکی ترە بۆ ئەو دۆزینەوەیە.

ئێستە دەپرسم؛ گەلۆ لە لێکدراوگەلی وەک “ڕەشی سپی” و “کەسداری بێکەس”دا، خەیاڵ و دۆزینەوە دەبینی؟ خەیاڵ دەبینی یان تەنیا لێکدانی ڕووتی وشەکانە؟

بە جۆرێکی تر دەپرسم؛ دەتوانی لە لەزی وەستاوی ئاسکی ناو وێنەدا، خەیاڵ و دۆزینەوە(کشف) ببینی؟

داوا دەکەم بیر لە “سپی ڕەش” و “ڕەشی سپی” بکەیتەوە. حەز دەکەم لەگەڵ وشەی “بۆرەسوور”دا، بەرواردی بکەیت. دەپرسم؛ له ڕووی ئەدەبییەوە فەرقێکیان هەیە؟ تا ئێرە فەرقیان نییە. بەڵام ئەگەر پێت بڵێم ڕۆژێک دەمویست بڵێم فڵانی کۆمۆنیستێکی ناڕەسەنە، کۆلکەکۆمۆنیستە، زڕەکۆمۆنیستە، گوتم: فڵانی “بۆرەسوور”ە، بابەتەکە فەرق دەکات. ئەوکات تۆ تێ دەگەیت؛ “بۆرە سوور” تەنیا کۆکردنەوەی ڕووکەشی دوو ڕەنگ و دوو دژ نییە.

هێنانە ئارای بابەتی “بۆرە سوور” ــ بێجگە ڕانانی خۆم! ــ بۆ دووبارە باسکردنە لە “دۆزینەوە”.

بەشێکی زۆری ئەو کەشفانەی داهێنەران دەیکەن؛ کەشفێکە لە ناو زماندا دەکرێت. ئەو کەشفانە بە هەڵدانەوەی توێژەمانایییەکانی وشەکان دروست دەبێت. ئەوەی کە “سوور” بێجگە ڕەنگ، دەکرێت مانای کۆمۆنیست بدات، ئەوەی کە “بۆر” بێجگە ڕەنگ، لە پێشگری “بۆرە”دا دەتوانێت ناڕەسەنی بگەیەنێت.

ڕەنگە توانیبێتم جیاوازیی ئاکسیمۆرانێکی ڕووکەش و بێقووڵایی، لەگەڵ پارادۆکسێکی ئەدەبیدا نیشان بدەم. بەڵام لە ڕوانگەی منەوە ئەگەر ئاکسیمۆرانی ڕووکەش و پارادۆکسی ئەدەبی وەک دوو سەر شەبەنگێک لە بەر چاو بگرین؛ لە نێوان ئەو دوانەدا دەکرێت باس لە ئاکسیمۆرانگەلێکی قووڵاییدار و ماناگەیەن بکرێت. ئەم ئاکسیمۆرانانە بە پێی ئەوەی چەنێک ماناگەیەن و قووڵاییدار و ئاماژەکەر بن، دەتوانن نزیکی پارادۆکسی ئەدەبی ببنەوە.

ئەم نووسینەمان بە لێکدراوی “خەمی خۆش” دەست پێ کرد. ئەم لێکدراوە لەگەڵ ئەوەی وەک لەزی وەستاو، پاساوی وێنەیی لەگەڵدا نییە تا ببێتە پارادۆکسێکی ئەدەبی، چون ماناگەیەن و ئاماژەکەرە، دەکرێت وەک ئاکسیمۆرانی قووڵاییدار ناوی ببرێت.

چەند نموونەی قووڵاییدار، لە ئینگلیزیدا دەهێنمەوە:

scalding coolness

ساردیی داپڵۆخێن. هێمنگوەی

beggarly riches

دەوڵەمەندانی سواڵکەرسەر؛ جان دان.

expressive silence

بێدەنگیی دەربڕ؛ تامسۆن.

falsely true

ڕاستی درۆئاوی؛ تنیسن.

ئێستا ئەگەر جارێکی تر چاو بە نووسینەکەی شێرکۆدا بخشێنی؛ تێ دەگەیت نە تەنیا تێیدا پارادۆکسی ئەدەبی دەست ناکەوێت؛ بەڵکوو بە زۆر دەتوانی لێکدراو و دەربڕینێک بدۆزیتەوە کە تەنانەت ئاکسیمۆرانێکی ڕووکەش نەبێت.

ئەدەبی کوردی ئاکسیمۆرانی قووڵاییداری زۆره. یەکێک لەوانەی کە خۆم دروستم کردووە لێکدراوی “گۆمی خوڕە”. من ئەم لێکدراوە بۆ جۆرێک کەسایەتی بە کار دەبەم کە لەگەڵ ئەوەی مرۆگەلێکی بیرکەرەوە و قووڵن، کەسێکی خاو و لامسەرلا و بێدەربەست نین. بەڵکوو لەگەڵ قووڵی، بزۆز و توندوتیژ و میناشکێن و ڕاماڵ و ڕاپێچن. مەبەستم کەسێکی وەک حەمەسەعید حەسەنە.

دەکرا وردتر باسی ئەم بابەتە بکەم. نەمکرد؛ چون بە لەسەرچوون، خوێنەر بۆ بیرکردنەوە له بەشەکانی تری نووسینەکە، وزەی نەدەما. بۆ نموونە دەکرا بێجگە تەکنیکی پۆرتمانتێئۆ باسی وشەی “ئاوڵەکفت” بکەم کە جورێکی تری neologismـە کە جیاوازە لە “ڕەشکاڵە”.

وەک کۆتاییی ئەم بەشە دەڵێم؛ یەکێک لەو ئاکسیمۆرانە قووڵاییدارانەی کە بەم دواییانە، دروستم کردووە، لێکدراوی “مزدوورانی خۆبەخش”ـە کە دەمەوێت لە  نووسینانی تردا بە ئاماژەکردن بە میسداقەکانی تا ئاستی پارادۆکسێکی ئەدەبی بەرزی بکەمەوە.

زمانی نووسین:

لە کوێوە دەست پێ بکەم؟

لە ئەو “بۆ” ناخۆشەوە دەست پێ دەکەم؛ ڕستەی یەکەم “بۆ”یەکی گەنی تێدایە. ئەو “بۆ”یە هەڵەیەکە کە لە نووسین/قسەکردنەکانی ‘بەختیار عەلی’یەوە دزەی کردە ناو نووسینی کوردییەوە.

بیر لە “کۆکەرەوە بۆ ناکۆکییە گەورەکان” بکەرەوە. دروستەکەی کە تەنانەت پێویست بە ئاماژە پێکردنیشی نییە؛ “کۆکەرەوەی ناکۆکییە گەورەکان”ـە.

بیر بکەرەوە؛ ئامادەیی لە پانتاییی ئەدەبی و فەرهەنگیدا دەبێ چەند ناهۆشیارانە بێت کە نووسەرەکانی پرەپزیشنەکان(وردە وشە) لە جێی دروستدا، بە کار نەبەن؟

ئازاری گەورە ئەوەیە بەختیار عەلی ئەو هەڵەیە بە داهێنان و تایبەتمەندیی زمانێکی ناوازە بە خوێنەران دەفرۆشێت. ڕەنگە دروستتر وایە بڵێم خوێنەران وەک داهێنان و ناوازەیی، لێی وەردەگرن.

کە هەڵەیەکی وسا، بە جێی ڕاستکردنەوە، بڵاو دەبێتەوە، کێ تاوانبارە؟ من خوێنەری کورد لە نووسەری کورد بە تاوانبارتر دەزانم. تاوانباری سەرەکی لێرەدا پانتایییەکەیە نەک کەسێکی تایبەت.

بەفراو نووری لە پێگەی خوێنەردا، دەبوو ئەو هەڵەیە بۆ بەختیار عەلی ڕاست بکاتەوە نەک ئەوەی دووبارەی بکاتەوە.

تا ئێرە نموونەیەک بەدمسان(بدآموزی)ی زمانی دەبینین. کە ناتوانین چاو لە کۆڵیی کەسی بەدمساویش بنووقێنین.

چون زمانی کوردی لە نەستی زۆربەی خوێنەری کورددا، وەک زمانێکی ڕاستەقینە و بەرز وەرنەگیراوە، کاتێک باسی کارەساتی وەک “کۆکردنەوە بۆ” دەکەم؛ خوێنەری کورد نە تەنیا هەست بە کارەساتەکە ناکات، بەڵکوو لە گێلیی خۆیەوە ڕەنگە من بە کەسێکی هەراچی و فووتێکەر و گەورەکەر بزانێت.

بۆ ئەوەی دەستی ئەو خوێنەرە بگرم تا لە چاڵ ــ سەنگەری بەرگری لە گێلیی خۆی بێتە دەر؛ هەوڵ دەدەم ئەو ڕستەیەی بەفراو نووری، بکەم بە فارسی:

ش.ب شاعر جمع کننده برای تضادهای بزرگ، برای پاردوکس ها.

ئەگەر کەسێک لە فارسیدا بنووسێت؛ “جمع کننده برای”، هەر ئەم خوێنەرە کۆڵانەی ئەدەبی کوردی، بە کێویدا دەکەن. بەڵام هەر ئەو ڕستە، لە کوردیدا وەک زمانێکی شێوازدار و تایبەت وەرگیراوە! هێندە بە زمانێکی بەرز زانراوە کە بەفراوی نووری بۆ خۆژیرنیشاندان لاسایی/دووبارەی کردووەتەوە.

ئەم یەک بان و گوو هەوایەی خوێنەری کورد لە نێوان فارسی و کوردیدا، بۆچی دەگەڕێتەوە؟ من لای خۆمەوە دەیگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی؛ خوێنەری کورد سەرەڕای ئەوەی لە ئاگاییی خۆیدا و بە قسە و لافلێدان کوردی وەک زمانێکی بەرز دەنرخێنێ، لە نەست و نائاگای خۆیدا بە شتێکی ناجیددی دەزانێت کە گۆڕین و دەستتێخستنی بە هەڵە نازانێت.

ئەم بابەتە هەر هۆکارێکی هەبێت، هۆکارەکەی شتێکی بنچینەیییە. شتێکی ڕواڵەتی نییە. دەبێ لە دەروونشیکاری و فەلسەفەی زمان و … بۆ وەڵامەکەی بگەڕێین.

لای من “بۆ”یەک کە بە بێ پرس و پێحەسین، دێتە نێوان “کۆکردنەوەی ناکۆکییەکان”، بەرانبەرجێ(تناظر)ە لەگەڵ دامەزرانی هەستپێنکراوی سەربازخانەیەکی سوپای تورکیا لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا.

تێ بگە. ناڵێم چون من کوردیم خۆش دەوێت؛ لای من هاتنی ئەو “بۆ”یە بۆ ناو ئەو ڕستەیە لە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی باشوور، ناخۆشترە. من دەڵێم ئەو نەتەوە و خەڵکەی بە بێ پێحەسین، بە ئاسانی ڕێگە دەدەن ئەو “بۆ” بێتە ناو ئەو ڕستەیەوە، هەر ئەو خەڵکەن کە ڕێگە دەدەن بەئاسانی تورکیا بێتە ناو خاکی وڵاتەکەیان. دەڵێم ئەم دوو بابەتە بەرانبەرجێن. تەنازوریان هەیە. یانی ئەگەر دوو بابەتی هەڵوێستی سیاسی و هەڵوێستی زمانی بەراورد بکەین، هاتنی ئەو “بۆ”یە و بەزاندنەکانی تورکیا له بەرانبەری یەکدا دەوەستن. لەگەڵ یەکدا بەرانبەرجێن.

لە لای من وشەگەلی “بەخ بەخ” و “ئاخ” و “گوناح” و “تەنیا” و … کە لە نووسینی ئێمەدا بە ئاسانی جێی خۆیان دەدەن بە “بەهـ بەهـ” و “ئاهـ” و “گوناهـ” و “تەنها” … بەرانبەرجێن لەگەڵ ئەو دوانزە هەزار پێشمەرگەیەی لەبەری داعش هەڵاتن و شەنگالیان دا بە دەستی داعشەوە.

پێش ئەوەی “بەخ بەخ” جێی خۆی بۆ “بەهـ بەهـ” چۆڵ بکات، چەکدارانی کورد جێی خۆیان بۆ پاسدار، چۆڵ کردبوو.

نەتەوەیەک کە بە ڕیسوایی سیاسی و چەکداری خۆی ناحەسێت؛ بە ڕیسوایی زمانیشی ناحەسێت!

دەگەین بە “شاعیری کۆکەرەوە بۆ پارادۆکسەکان”. ئەوەی کۆ دەکرێتەوە، بابەتە یەکتربڕ(متناقض)ەکانە نەک بابەتە پارادۆکس(تناقظ)ەکان! لە ڕاستیدا پارادۆکس بە  کۆکردنەوەی شتە موتەناقزەکان دەگوترێت.

هەر لەو چەند ڕستەیەدا دادە بەفراو، وشەگەلی “لەیەکدان”، “کۆبوونەوە/کۆکردنەوە”، “یەکگرتن”، “بەیەکگەیشتن” بۆ دژەکان و ناکۆکییەکان بە کار دەبات.

باشە “لەیەکدان”ی دژەکان و “کۆکردنەوە”ی دژەکان یەک شتن کە وەک یەک شت بەکاریان دەبات؟ “لەیەکدان”ی دژەکان چ شوێنێکی لە بابەتی پارادۆکسدا هەیە، کاتێک ئێمە بزانین؛ پارادۆکس بابەتی کۆکردنەوەی دژەکانە نەک لەیەکدانیان.

هەر لەم چەند ڕستەیەدا دادە بەفراو، “کۆکردنەوەی ناکۆکییەکان”ی بە بێ “بۆ”یش بە کار بردووە. دەبێ بپرسین؛ مادام تۆ لە خوارەوەدا “کۆکردنەوەی ناکۆکییەکان” بە بێ وشەی “بۆ” بەکار دەبەی و هیچ کێشەیەک ڕوو نادات، پێمان ناڵێیت ئەو “بۆ”یە چییە لەسەرەوەدا هێناوتە؟ دەتوانی لە خۆت بپرسیت کە ئاخۆ بە ئاگایییەوە وشە دەخەیتە ناو ڕستەوە یان خەریکی لاساییی ژێستێکی سواوی ڕەوشنبیرنوێن دەکەیتەوە.

یەکێک لە ژێستە ڕەوشنبیرنوێنەکان لە نووسینی کوردیدا، قووتکردنەوەی “ئایا” و “ئاخۆ”ی بێبنەمایە.

دادە بەفراو لە کۆتاییی نووسینەکەیدا، یەکێک لەو “ئایا”گەلە قووت دەکاتەوە. ئەو “ئایا”یە لە بەرچاوی مندا وەک شەڕی ڕاستەقینەیە لەگەڵ دوژمنی فەرزی! لە خۆیەوە دوژمنێکی فەرزی بە ناوی “هەموو فۆرم و شێوەیەکی چەسپیو” دروست دەکات. شێرکۆ دەباتە ناو شەڕ لەگەڵ ئەو دوژمنە فەرزییە و سەریشی دەخات! لەو شەڕەدا چەکی قورس و نیشانەشکێنی شێرکۆ بێکەس دەبێت بە “ڕەشی سپی” و “سپی ڕەش” و … .

خستنەڕوو:

۱.ئامادەییی ڕێوڕەسمی

بۆچی دادە بەفراو، سەرسامە بە ڕیزێک لێکدانی ناداهێنەرانەی شێرکۆ بێکەس؟

پێشتر گوتم دادە بەفراو، وەک نموونەیەک لە خوێنەری ڕۆژهەڵات ببینە.

بۆچی ناوی شێرکۆ بێکەس لە لای خوێنەری ڕۆژهەڵات بەسە بۆ ئەوەی دەقێک بە داهێنەرانە و بەرز بزانێت؟ بۆچی خوێنەری ڕۆژهەڵات تواناییی پاک و پیسکردنی دەقی کوردی نییە؟

لەبەر ئەوەی نەبوونی تواناییی پاک و پیسکردن و سەرسامی بێبنەما لە ڕۆژهەڵاتدا بابەتێکی بەربڵاوە، ناتوانین تەنیا نزمی پلەیی زیرەکی بە تەنیا هۆکار بزانین.

پێشتر باسی ئامادەییی ناهۆشیارانەم کرد. ئێستا ئەو دەربڕینە، لە دەربڕینێکی ناونەرانه و ڕاشکاو و ڕاستەوخۆوە دەکەم بە دەبڕینێکی خوازەیی و پێی دەڵێم:

ئامادەییی بۆنەیی

یان

ئامادەییی ڕێوڕەسمی.

ئەگەر سەرنجی بەشداری کۆمەڵێک بڕوامەند لە ڕێوڕەسمێکی ئایینیدا بدەی، دەبینی بڕێک کردەوە و جووڵەی قاڵبدار، تێیدا دووبارە دەبنەوە.

لە بەشدارێکی زیارەتی گۆڕێکی بەپیرۆز زانراودا، ئیحتماڵەن ماچی شباک(ضریح) و لێو و لووت و هەنیە خشاندن بە شباکدا و دەست لێک ماڵین و دەست بە ڕوومەتدا هێنان و فووکردن دەبینی. ئەم کردەوانە فرەتر لەوەی هۆشیارانە بن، قاڵبی و ڕێوەڕەسمین.

بەشداری خوێنەری ڕۆژهەڵات لە دونیای گوتاری کوردیدا فرەتر لەوەی هۆشیارانە بێت، قاڵبی و ڕێوڕەسمییە. کردەوەگەلێکی قاڵبی وەک لایککردن و نووسینی کۆمێنتی “نموونەتان زۆر بێت”، “یاد و ناوی هەرمان!”، نموونەگەلێکن لە بەشداری ڕێوڕەسمیی خوێنەر/تاکی ڕۆژهەڵات.

سەرسامی بە دەقی شێرکۆ بێکەس، کاردانەوەیەکی قاڵبی و ڕێوڕەسمی تێ پەڕاندووە و بووە بە بڕوایەکی نەتەوەیی.

سەرسامی خوێنەری ڕۆژهەڵات بە دەقی شێرکۆ پتر لە داهێنەرانەبوونی دەقەکە، بۆ بەشداری و ئامادەییی ناهۆشیارانە یان ڕێوڕەسمی دەگەڕێتەوە.

ئامادەیی لە پانتاییی گوتاری کوردیدا بۆ خوێنەری ڕۆژهەڵات پتر لەوەی ئەکت بێت وەک ئەرکێکی ئایینی لێ هاتووە. ئەگەر ئەم گوزارەیە بە ڕاست بزانین دەتوانین لەسەر بنەمای ئەو گوزارەیە بڵێین ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا، پتر لەوەی ئاگایانە و ڕەوشنبیرانە بێت ڕێوڕەسمی و ناهۆشیارانەیە.

ئەگەر خۆم ناسیۆنالیست نەبوایەم؛ لەسەری دەچووم و دەمگووت “ناسیۆنالیزمی هۆشیارانە”، بۆ خۆی پارادۆکسیکاڵە! ئێستا ناچارم خۆم بخەڵەتێنم و بڵێم ئەوە “ئۆرتۆدۆکسی هۆشیار”ە کە پارادۆکسیکاڵە نەک ناسیۆنالیستی هۆشیار.

ڕەنگە لە بنەڕەتدا دەردی نووسەری ئەم وتارە ئەوە بێت بۆچی لە ڕۆژهەڵاتدا تاکگەلێکمان نییە بتوانن میسداقی لێکدراوی پارادۆکسیکاڵی “ناسیۆنالیستی هۆشیار” بن.

۲. ئەفسوونی ئاشنابوون.

شەفیعی کەدکەنی لە شوێنێکدا لە باسی فۆرمالیزم و ئاشنایی‌سڕینەوەدا دەڵێت؛ کۆمەڵێک نووسەری ئێرانی چووبوون بۆ ئەفغانستان. لەوێ منداڵێک سواڵی لێ کردبوون. دایکی منداڵەکە گووتبووی:

شرم نمی کنی از بیگانه دریوزه می کنی!

شەفیعی دەڵێت بۆ ئەو نووسەرە فارسانە ئەو ڕستە فارسییە لەبەر نائاشناییی دەربڕینەکان، بە قەد شیعرێک چێژبەخش بووە.

دەتوانین بەشێک لە سەرسامی خوێنەری ڕۆژهەڵات بۆ بابەتی نائاشنایی بگەڕێنینەوە. کوردی ڕۆژهەڵات؛ چون وشە و دەربڕینە کوردییەکان بۆیان نائاشنان، زۆرجار هەر بە بیستنیان وەک ئەوەیە سیحریان لێ بکرێ.

جاران ئەم بابەتەم بۆ هاوڕێکان باس دەکرد و دەمگووت، گاگەلی ڕۆژهەڵات دوای فێربوونی ڕێنووس و واتای چوار وشەی ئاسایی، دەست دەکات بە شیعر نووسین. ئەگەر هاتوو ڕستەیەکی ئاوا بنووسێت لای خۆی پێی شیعرە:

دەی وەرە!

دەبا دووقۆڵی

بە شۆستەی شەقامی شاردا

پیاسەیەک بکەین.

تازەبوونی وشەگەلی “دووقۆڵی” و “شۆستە” و “شەقام” و “پیاسە” بۆ خوێنەری کۆڵی خێرا بە نووسەربووی، ڕۆژهەڵات، سیحری لێ دەکات و چێژێکی پێ دەدا کە ئەو لای خۆی بە چێژی ڕاستەقینەی شیعری دەزانێت.

ئەگەر ئەو ڕستەیه کە ناسیۆنالیستە “شەش دانگ و درێژ”ـەکانی ڕۆژهەڵات پێی سەرمەستن بۆ گەنجێکی سلێمانییەی بخوێنیتەوە پێت دەڵێ: مەگێلێنە.

دادە بەفراو لە پۆستێکی تردا دەڵێت ساڵی ۲۰۰٦ فێری کوردی بووە. دەکرێت بڵێین پاش چواردەساڵ هێشتا ئەفسوونی تازەییی وشەکان بەری نەداوە؟

ئەگەر دادە بەفراو بە نیشاندەری ڕاستەقینەی خوێنەری ڕۆژهەڵات بزانین، دەگەین بەوەی کوردی ڕۆژهەڵات پاش ماوەیەکی درێژ مامەڵە لەگەڵ کوردی، هێشتا بۆیان تازەیە.

ئاخۆ تازەبوونی کوردی، بۆ خوێنەری ڕۆژهەڵات، پاش تێپەڕینی ساڵان دەرخەری ئەوە نییە کە خوێنەری ڕۆژهەڵات لە دوورەوە سەیری دونیای کوردی دەکات و تواناییی نزیکبوونەوە لێی نییە؟

لێرەدا من کێشەیەکی تری پەیوەندیی ڕۆژهەڵاتی و کوردی دەخەمە ڕوو. کوردی ڕۆژهەڵات لە دونیای کوردیدا گەشە ناکات. دەیان ساڵ تێ دەپەڕێ و دەبینی کوردی ڕۆژهەڵات نامۆیە بە هەموو شتی کوردی! جارجار هەست دەکەی زەینی خوێنەری ڕۆژهەڵات، پێکوتەی دژی “زانیاریی کوردی” لێ دراوە.

سەرسەختی زەینی ڕۆژهەڵاتییەکان لە هەمبەر زانیاریی کوردیدا وای کردووە هەر گەوجیلەیەکیان کە نیو سەعات کات بۆ فێربوونی ڕێنووس دادەنێت خۆی پێ مەیدانداری کوردییە. خۆ ئەگەر کابرا بێجگە ڕێنووسی ئارامی، زەحمەتی خۆی بدات و ڕێنووسی لاتینیش فێر ببێ ئەوە ئیتر خۆی بە فەیلەسووف ناگۆڕێتەوە.

لەم وتارەدا “ئامادەییی ڕێوڕەسمی” و “گەشەنەکەری” یان “نزیکنەبوونەوە”م وەک دوو کێشەی گرێدراو بە پەیوەندیی کوردی ڕۆژهەڵات و گوتاری کوردییەوە خستە ڕوو. لە داهاتووداشدا ــ ئەگەر بنووسم ــ هەر باسی ئەم دوو  کێشەیە دەکەم و بە نموونەی فرەتر نیشانیان دەدەم.

دواتر ئەگەر قبووڵ کرا کە کوردی ڕۆژهەڵات، ئەم کێشانەی هەیە؛ دەکرێ بیر لە هۆکارەکانیان بکرێتەوە.