خوێندنەوەی دەروونشیکارانەی چیرۆکی (کتووپڕێک ئا)

یەکێ لە تێکنیکەکانی چیرۆکی مۆدێڕن، ڕۆچوونە ناو زەین و دەروونی کەسایەتییەکانە، واتە زۆر جار بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆمان لە ناوئاخنی مژیی و شێوە ئاخافتنی دەروونی کەڵک وەردەگیرێ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندنەوەی دەروون‌ناسانەی بۆ گونجاو بێت. ئەوەی کە خوێندنەوەی چیرۆکی (کتووپڕێک ئا) نووسینی فریا یوونسی لە دیکەی چیرۆکە مودێڕنەکان جودا دەکاتەوە، یەکەم، شێوەی هەژەند و نامۆی گێڕانەوەیە کە ئەگەر ڕێی هەبێ دەکرێ بە بێ وەستان و بە یەک هەناسە بیخوێنیتەوە، دووهەم ناوەڕۆکی چیرۆکە کە چەندین شرۆڤەی جیاواز هەڵدەگرێ.

چیرۆکی (کتوپڕێک ئا)ی فریا یوونسی لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە

(خوێندنەوەی یەکەم)

شێوەی گێڕانەوەی چیرۆک:

یەکەم ڕستەی چیرۆک ئاوا دەست پێ دەکات:

“وتم کاکه ئه‌ڵێ دوێشه‌و فێری ماشینت ئه‌کا وتی مه‌ڵێ کاکه دەی بڵێ کا زمانم نه‌ده‌هاته‌وه ‌گۆ وتم داده ‌کاکه ‌ئه‌ڵێ دوێشه‌و ئه‌چین فێری ماشینت بکا جا ئه‌هێڵێ منێش سوار ببم ئەزانی ئەهێڵێ منیش بهێڵم ماشینەکه ‌بمبا فێرم بکات…”

لە یەکەم ڕستەدا خوێنەر وا هەست ئەکات لەگەڵ منداڵێ بچووک کە تازە زمانی گرتووە ڕووبەڕوو بۆتەوە. بەڵام نووسەر ئیزنی مانەوە لەو هەستە هەڵە بە خوێنەر نادات و یەکسەر لە دوای ڕستەی یەکەمدا ئاوا هاتووە:

“به‌ خۆیه‌وه هه‌ڵگڵۆفیم تاڵ بووم مه‌ڵاشوم پڕ بوو له‌ تاڵی و هینه له‌وانه ‌بوو بمخنکێنم وتم داده ئەوە بیری چیم ئه‌خه‌یته‌وه‌ په‌نجه‌کانی ئه‌و نیوه‌ شه‌وەت له ‌بیره ماوە ‌له‌ سه‌ر ئه‌و سێبه‌ره ‌نه‌گبه‌ته‌که‌ی سه‌ر دیواری حه‌وشه‌که‌ هەڵقڕا…”.

کەواتە هەر لە سەرەتای چیرۆکەوە بۆمان دەرئەکەوێ، بگێڕەوە کەسێکی تەمەن گەورە و بە عەقڵ منداڵە واتە دەکرێ چەشنە (دواکەوتەیەکی زەینی) بێت. دیارە لە ئەدەبی جیهانیدا نموونەی وامان هەن وەکوو کەسایەتیی “بنجی” لە (هەرا و تووڕەیی)ی فاکنێر یان “ئایدین” لە ڕۆمانی سێمفۆنیای مردووەکانی عەباس مەعرووفی، بەڵام لە چیرۆکی کوردیدا ئەوەی کە بگێڕەوە کەسێکی دەروون‌ژاکاو بێت و بێتە ئاخافتن و دیالۆگی ببێت نموونەی کەمن، بەڵام لە چیرۆکی (کتووپڕێک ئا)دا نووسەر شانی داوەتە بەر ئەم کارە دژوارە و سەرکەوتوویش بووە. “کات” نەک بە شێوەی کڕۆنۆلۆژیک، بەڵکوو بەپێی وەبیرهاتنەوە/ تەداعی/ کەسایەتی پاش و پێش دەکات. ئەوەی جێی سەرنجە بەکارنەهێنانی هیچ خاڵ و ئاماژەیەکی ڕێزمانی‌یە، هەموو وشە و ڕستەکانی چیرۆک بە بێ وەستان بە شوێن یەکدا هاتوون و هیچ نیشانەیەکی ڕێزمانی؛ ڕووداوەکان، خەونەکان و تەنانەت وتووێژەکان جودا ناکاتەوە. دەڵێی یەکسەر لە ناوئاخنی زەینی کەسایەتییەوە ڕژاونەتە سەر پەڕەی کاغەز.

لە چیرۆکی رێئال‌دا هەوڵ دەدرا ڕووداوەکان دیسانەوە بگێڕدرێنەوە. بە شێوەیەک کە بگێڕەوەی هەمووشت‌زان هەموو شتێکی سەبارەت بە کەسایەتیی ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ بە خوێنەر دەگوتەوە، لە “ڕووداوەکانی ڕابردوەوە” هەتا “هەست و دەروونی کەسایەتییەکان” کە بە ڕاشکاوی باسیان نەدەکرد.  بەڵام لە سەدەی بیستەم و چیرۆکی مودێڕندا هەوڵ دەدرێ ڕووداوەکان “نیشان” بدرێت واتە بگێرەوە لە جیاتی دزەکردنە نێو دونیای دەروونیی کەسایەتییەکان و بەدەستهێنانی زانیاریی تەواو سەبارەت بە زەینی کەسەکان، ڕەوت و گفتی کەسایەتی و ڕووداوەکان بە شێوەیەکی شانۆیی بە خوێنەر نیشان دەدات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بگێڕەوەی هەمووشت‌زانی نییە کە وەکوو ڕاڤەکار بە کۆبەندیی ڕووداوکان و کەسایەتییەکانی چیرۆک خەریک بێت، بەڵکوو خودی خوێنەرە کە دەبێ سەرەداوەکانی چیرۆک بدۆزێتەوە و کرداری کەسایەتی بە بێ ڕاڤەی بگێڕەوە بۆ خۆی ئاشکرا بکات(حوسەین پایەندە، 1395). هەڵبەت نیشاندانی ڕووداوەکان لە زمانی کەسایەتیی دەروون‌ژاکاوەوە، خوێنەر تووشی دژواریی تێگەیشتنی ناوەڕۆک ئەکات.

  • زۆرجار کەسایەتی بگێڕەوە (پاشگری جێ‌ناوی) لێ ئەشێوێ:

“منیش ئەهێڵم بترسم”. “ناهێڵم بوێرم”. “وتاندی”. “دەمکەواند”. “بیکەوێنم”. “وتانی ئەزانی هەڵدیم”. “ئەمئەزانیبوو…”.

رۆح‌بەخشینێکی داهێنەرانە بە شتەکان و ئامرازەکان، هەست بەخشین بە ئەندامەکانی جەستە کە دەکرێ بڵێن هەستی خودی کەسایەتیی بگێڕەوەیە کە لەو ئەندامانەدا وێنا کراوە:

          “ئەڵێ وەحەسێ من جۆلانێ ئەکەم ئەڵێم نا و دەرپێکانی توورە ئەبن دائەخزێنە ژێر قاچە شێتەکانی و قاچە شێتەکانی هار دەبن فڕێی ئەدەن بە سەر لووتما لووتم هەڵدەستێ و دڵم پڕ دەکاتەوە لە هین…”. “ویستی بچمە سەر کەفەڵی و جۆلانێ بکەم وتم نایەم دەنگت خزممانە…”. ” لووتم نەیدەوێرا بتەزێ دەنگی لەوانە بوو لێم تووڕە بێت قاچم ئاگای له دەنگی ئاشنای بوو وتی هەڵێم ئیتر قاچم هەڵات و منیش شوێنی کەوتم…”. “نەرده بێ دەسەڵاتەکانی پەنجێرەی ژوورەکەیانەوه…”. “سەری چەقاندبووە نێو پەشمی بێ شەرەفی سینگی کابرا…”. “من هەر هەڵئەهاتم لەو سیخه بێ شەرەفه ئەترسام که له نێو دەستیەوە هەڕەشەی ئەکرد…”.

  • کەڵکوەرگرتن لە تێکنیکی بانگهێشتن (تەداعی) وەکوو یەکێ لە تێکنیکەکانی چیرۆکی دەروون‌شیکار‌یانە:

“بەو حەموو شەوەی گلێنەکانمەوه هەر ئاگام له ئەستێرەیه ئەبارێتە ناو کونی کۆنی مەستەراحەکە دایه ئەیوت که ئەستێره باری زوو مورادێکت بڵێ حاسڵ ئەبێ ئەڵێم خوایه پۆشتەم ئەکەیتەوە و پۆشتە نابمەوە…”

هیچ کام لە کەسایەتییەکان ناویان نییە و جیاوازیی کەسایەتییەکان لە ڕووی ڕۆڵێک کە نووسەر بۆی دابین کردوون دەرئەکەوێ، کەسایەتییە سەرەکی‌یەکان ئەمانەن: بگێڕەوە/ دادە/ دایکە / کاکە / کابرا/ ژنە چڵمنەکە و.. ئەوەی جێی سەرنجە نەبوونی ڕۆڵی چالەکانەی کەسایەتیی باوکی بگێڕەوەیە، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی گەشەی کەسایەتیی بگێڕەوە کە لە قۆناغی ڤاڵیک‌(کۆئەندامی میزکردن)دا ماوەتەوە، هەر ئەو قۆناغەی کە بە وتەی فرۆید ئەگەر وزەی چێژ لەوێ سەقامگیر بمێنێتەوەوە تووشی گرێی ئۆدیپ دەبێت، واتە قۆناغێک کە منداڵی کوڕ لە دایکی نزیک دەبێتەوە و ڕقەبەری لەگەڵ باوکی دەکات.

  • کەڵکوەرگرتن لە زمانی شیعر، وەکوو زمانی شیزۆفێرنیک؛

گوێم له دەنگی پەنجێرەکان گرتبوو گوێم له کپبوونەوەی شیشەکان و ئاگام له هەناسەی مێروولەیەک بە نێو نەخی قاڵییەکەوە ببوو”. “وتی ئەها ئیتر کەس لێره نییه کەس لێرە نەماوە شەوەکەی سەرچاوم لادا کاکه به دیار تلویزوێنە کڕێوەکەوە ڕووت خەوتبوو تلویزوێنەکە چ کڕێوەیەک بوو چ بەفرێکی تیا ئەباری ویستم هەڵێم کەچی بەفرەکه چاومی دزی شتێک دەجووڵا لەوێ نزیک ئەکەوتەوە و دوور ئەکەوتەوه دەرئەکەوت و بزر دەبوو له خۆوه وەمزانی سێبەری گوناحی دادەیه و سەرمایەکم ببوو بۆ گریان ئەگەڕام بۆ گەرمایەک نزیک پێستم ئەگەڕابووم”

(خوێندنەوەی دووهەم)؛

خوێندنەوەی چیرۆک بە شێوازی لەکانی (ژان لەکان):

ڕەهەندی خەیاڵین؛

کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆک وێنای “ڕەهەندی خەیاڵی” لەکانی‌یە. لە چیرۆک‌دا کردەوەی کەسایەتی بگێڕەوە دەیهەوێ قۆناغەکانی گەشەی کۆرپە بۆ منداڵ لە ڕەهەندی خەیاڵەوە بۆ “ڕەهەندی هێما” نیشان بدات، بەڵام بۆ هۆی کێشەی زەینی بگێڕەوە ناتوانێ بە تەواوی بگاتە “ڕەهەندی هێما” و ئاستی بەرزتر. ڕەهەندی خەیاڵی لە دوای شەش مانگی ژیانەوە دەست پێ دەکات، کۆرپە بە شێنەیی بۆی دەرئەکەوێ کە سەقامگیرییەکەی پێوەندی بە چاودێری دایکەوەیە. لە ڕەهەندی خەیاڵی‌دا منداڵ هێشتا ڕێسای زمان نازانێ و ناتوانێ قسە بکات و لەبەر ئەوەی ناتوانێ جیهانی دەورووبەری لە ڕووی زمانەوە وەسف بکات، تێگەیشتنەکانی زیاتر لە سەر ئیماژ پچڕپچڕ و خەیاڵی‌یە(هۆمێر،1388). واتە لە سەر ئەو ئیماژانەی کە هەڵقوڵاوی خەیاڵاتی منداڵانەن و بەس لە چوارچێوەی هەمان خەیاڵە ساویلکە و ناباڵقانە (پێنەگەێشتووانە) دەکرێ فام بکرێن. هەبوون لە ڕەهەندی خەیاڵی هاوواتایە لەگەڵ ژیانی وێنەی زەینی(ئیماژی)، یەعنی وێنەی خەیاڵینی یەکبوونی لەگەڵ دایکی(ئۆبژە) هەستێکی پڕ لە خۆشی بە سووژە (واتە منداڵ) ئەبەخشێت. بەپێی قسەی ژان لەکان، منداڵ لە ڕەهەندی خەیاڵی‌دا، سەرەتا هەوڵ ئەدات جەستەی خۆی بناسێت. لەبەر ئەوەی تێکڕای ئەو واتایانەی کە لە زەینی‌دا بیچم دەگرن لە وەرگرتنی هەستەکانییەوە سەرچاوە دەگرێ بۆیە “جەستە” یەکەم جیهانێکە کە منداڵ ئەیدۆزێتەوە و شی دەکاتەوە. تێگەییشتنی ئەو لە بەشەکانی جەستەی لە ڕووی ئەو وەرگرتنانەوەیە کە لە ئەندامەکانی لەشییەوە بۆ زەینی دەگوێزرێتەوە(هۆمێر،1388).

          “دەنگی ئارەقەی پشتی دەبینم…”. “دەسەڵاتی دەکم نەمابوو…”. “کاکە قیت و قنجە و خریکە گوێ لە لەشی بێتاقەتی ئەودیو درگای دادە دەگرێ…”. ” سەرمایەکم ببوو بۆ گریان ئەگەڕام بۆ گەرمایەک نزیک پێستم ئەگەڕابووم زبر بوومەوه پێستم ئەببووە سماتە…”. “وتم کاکه فێری ماشینت کردین هیچی نەوت وتی زوو که درگاکه بکەرەوە هەرچی گیانمه ئێشه هیچم نەوت وتم دەی خۆ ماشینەکه نایەشێ بۆ کوێ ئەیبەیتە ژوورەوه ماشینەکه هیچی نەوت پێش کاکه ئەمدیو دەروازەکه کەوت…”. “پانتۆڵەکەشم به خۆی دەزانی و دەکەوتە پرمەپرمی پێکەنین پێم وام لێ هاتبوو کراسەکەشم ئاگای له هاسکه هاسکی حەموومان بوو دەپاڕایەوە نەیکەین…”.

هەروا کە لەو نموونە دەقانە دەرئەکەوێ کەسایەتی زیاتر لە ڕەهەند خەیاڵی‌دا ماوەتەوە و هەموو تێگەییشتنەکانی لە جیهانی دەورووبەر، لە ڕووی ئەندامەکانی لەشییەوە پێناسە دەکرێ و پتەو نابێتەوە. ڕەهەندی خەیاڵی هەرێمێکە کە تێیدا “خود” هیچ ناوەندێکی نییە و لە جوداکردنەوەی نێوان خود و ئۆبژەکانی دونیای دەورووبەری بێ دەسەڵاتە، واتە هێشتا لە تێپەڕاندنی قۆناغی پێش‌زمانیدایە.

قۆناغی ئاوێنەیی؛

ئەو چەند بەشییە و کەرت کەرت بوونە بە وتەی لەکان لە چوونە ناو قۆناغی ئاوێنەدا کۆتایی پێ دێت و منداڵ جەستەی خۆی بە چەشنێکی یەکپارچە و سەربەخۆ دەناسێت. بە ڕای لەکان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاوێنە لە سێ هەنگاودا ڕوو دەدات: هەنگاوی یەکەم منداڵ لە ناسینەوەی خۆی لە ئاوێنەدا عاجز دەبێ و وێنەی لەگەڵ دایکی بە هەڵە دەگرێ. لە هەنگاوی دووهەم‌دا منداڵ دەزانێ کە ئەو وێنەی لە ئاوێنەدایە تەنیا ڕەسمێکە نەک مرۆڤێکی ڕاستەقینە. لە هەنگاوی دوایی‌دا وا دەزانێ کە ئەوە وێنەی خۆیەتی کە لە ئاوێنەکەدا دەرکەوتووە (ئەوێنز،1387).

          “له پیلکانەکانەوە خلۆر بوومه نێو یەکیان دیسان پڕ به ئاوێنەکه بووم وتم خۆسکه ئەمتوانی پۆشته ببمەوە…”. “چاوم چ پڕ ئەبووبێتەوە له خۆم پشت درگای ئاودەستەکە خۆمێکی تر ئەلەرزێت بۆ دۆخێنی پانتۆڵەکەی ئەگەڕێم بۆ دۆخینی پانتۆڵەکەم ئەگەڕێت…”. “ئەویش تماشام ئەکا منیش تماشام ئەکەم خۆمی نێو درگاکە لا دەکاتەوە من نا ئەو کزوڵەیەک دەکا ئەڵێی گوێ لە دەرەوە ئەگرێت من هەر بۆن ئەکەم سینگم تاڵ نییە خەوم لێ ناخات چاوم ئەڕنمەوه لە مووەکانی و دەینێرمە نێو ئاوێنەکه…”.

هەڵبەت دەرەنجام و دەسکەوتی جەستەی سەربەخۆی منداڵ، لە وەهمێک زیاتر نییە و ناتوانێ بێ دایک بگەڕێ و برسیەتی بشکێنێ، ئەم هاوشوناسییە حوکمی دالێکی بێ مەدلوول دەدات و مەیلی دایک بە تان و پۆی سووژەدا/ کە لە ڕەهەندی خەیاڵی‌دا جێی گرتووە/ ڕۆ دەچێ، لەبەر ئەوەی هێشتا دایک چاوگی هەموو ئاسوودەیییەکانە. 

ژان لاکان (١٩٠١-١٩٨١) فەیلەسووف و دەروونشیکاری فەڕەنسایی

چەن کەرت بوونی ئەندامانی لەش (واتە ئەوەی کە جەستەی یەکپارچە نییە)، گەورەترین مەترسیی منداڵە هەتا پێش ڕووبەرووبوونەوەی لەگەڵ ئاوێنەدا. بەم پێیە هەوڵ ئەدات تا بە سازدانی واقعێکی خەیاڵی (زاڵبوون بە سەر جەستەی خۆی وەکوو ئەوەی کە گەورەساڵان بەسەر لەشی خۆیاندا هەیانە) بە سەر دڵەڕاوکێی خۆیدا زاڵ بێت. (نەبوون) داهاتی جیاوازیی نێوان وێنەی خۆویست و بچڕانی چەن لەت بوونی ئەزموونی منداڵە. هەرچەن منداڵ هەوڵ ئەدات نکۆڵی بکا لە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دایکی، بەڵام دیسان درێژەدان بە ژیان، پەیوەندە بە چاودێریکردنی دایکییەوەیە(ئەوێنز،1387).

          “ئێره خۆ ئاوێنه نیه وا ناتوانم لەرەیەک بتوانم لەرەیەک وەخۆ خەم و ناتوانم له گەڵ دڵقی ئاوێنەکه به مەییوی بهارێمه خوار ورد ببمە نێو کونی کۆنی مەستەراح گوێم له دڵقی ئاوێنەکه بێ بتوێتەوه و ڕمبوکوت له ئاوێنەکه هەڵدەستێ…”. “کاکه ئاوێنەکەی هاڕاند به سەر و چاوما و ئەو دادەمەی لێ هەڵتەقاندم کە لە بنکی ئاوێنەکەوە هاتبوو ڕێک لە لای ناوکمەوە دەرکەوتبوو…”. “لە کوتێک ئاوێنەی شکاوا گیری خواردبوو دەگریا داده…”.

ئۆبژەی ئەوی دی بچووک(a)؛

واتە ئەو وێنەی کە منداڵ (لە خودی مەیلە و پێگەییشتن) دەیبینێ و لەگەڵیدا هاوتاسازی ئەکات. یاکووبسێن لە تێئۆری خۆیدا لە سەر زمان ئاڵۆزی، دەسنیشانی دەکات کە کۆڵەکەی مەجاز دێتە سەر دراوسێ بوون و بنەمای خوازەش دێتە سەر وێکچوویی. سۆسۆر پێی وایە زنجیرەی گوتار لە سەر دوو هێڵی هاونشینی و جێنشینی‌یە. لەکان دراوسێ بوون بە تایبەتمەندیی مەجازی مورسەل و جێ‌گۆڕکێ (جابجایی) دەزانێ و وێک‌چوویی بە پێناسەی خوازە و کەڵەکەبوون(ادغام). لە مەجازی مورسەل‌دا پاژێک دێتە جێی هەموو شتەکە و لە ڕێگەی جێگۆڕکێ، دەبێتە نوێنەری خودی شتەکە. وەکوو باڵ کە هێمای کۆترە و دەتوانێ هەڵفڕین وێنا بکات، یان تاج کە دەتوانێ پادشا و دەسەڵات بنوێنێت. لە خوازەدا ناو یان ئاوەڵناوی شتێک لەگەڵ شتێکی دیکە جێگۆڕکێ دەکا. مەبەست لە بەکارهێنانی خوازە ئەوەیە کە بڵێن؛ ئەم دوو شتە لەگەڵ یەکدی جیاوازن بەڵام تایبەتمەندییەکی دیاریکراو لە هەردووکیاندا هەیە، وەک لە شیعری کلاسیکدا مانگ ڕوخساری یار دەخاتە بەر چاو. لەکان بە هاوتاکردنی جیاوازیی ئاماژەپێکراوی یاکوبسێن لە نێوان خوازە و مەجازدا، بۆی دەرکەوت کە نەست (خودی نابەئاگا) پێکهاتەیەکی وەک پێکهاتەی زمانی هەیە. لەکان لای وابوو کە نەست بە گوێرەی ڕێسای خوازە و مەجاز کار دەکا(مەوەلەلی،1383).

تایبەتمەندیی مەجازی مورسەل و جێ‌گۆڕکێ لە چیرۆک‌دا؛

کردەوەی دایک و دادە زۆرجار جێگۆڕکێ دەکەن؛ واتە هەندێ جار کەسایەتیی بگێڕەوە کردەوەی دایک و دادەی لێ تێک دەچێ و بە جێی یەکتریان دادەنێ. ئەم هۆکارە لە سەر هێڵی هاونشینی دەبنە هۆی ئەوەی لە جیاتی وشەی دایک، دادە بەکار بێنێ.

“دایە درزێکی خێوەتەکەی پێ حاڵی کردم…”. “ئەچووبووم دەم درزەکە کە سەرم سووڕمابێ دادە بۆ لەوێیە…”. “داده دایکم دیار نیه نەمتوانی بڵێم شەوێک لە حۆو خێوەتانە ئەبینی دەنگێکم بینی لە دایە چووبوو ئیتر نایبینمەوە…”. “ئەبوو بڵێم ئەڵێن ساڵی خەوێک و دوو خەوە ئەویش ئەبێ دادەم خەوم پێوه ببینێ ئەڵێن جار و بار دایەشم دەبوو وتبێتم خەو ئەبینم…”. “کتوپڕێک ئا بووه به من و خێرا بزنه ڕێیەکم له نێو قامیشەڵانەکه ئەبینیوه و پیا هەڵگەڕاوم جا گەیشتوومەوه سەر شانی خۆم و بوومەتەوه به دادەم خێرا جا له سەر شانم هه ڵفڕیوم دادەم…”.  “دەبوو ئەوتبێتم ئاخر خەوەکانی من ئەڵێن داگیر کراون داگیر چییە وتی قەینا هی ئەو کابراش هەر وایه داگیر شتێکی وەکوو دادەتە وەکوو دایەت پێش ئەو شەوەی خێوەتەکە…”.

هەر لە سەر ئەو بنەمای دراوسێ بوونە هەندێ جار دەبینین جیاوازی دایک و دادە لە سینگیاندا دەرئەکەوێ، سینەی دایک تامی شێی بنکی کتری ئەدات و تامی سینەی دادە تاڵ و خۆشە و خوا دایناوە بۆ خەو:

“چۆن سینەی دادەم خوا دایناوه بۆ خەو…”. “به قەد سینەی دایەش زل نییه”. ” سینەی دایه نییه که تامی شێی بنکی شەوانەی ئەدا و بۆنی شیری کترییە کۆنی لێ ئەهات…”. ” وەیی سینەی دادەم تاڵه تاڵ خۆشە مەڵاشووم ئەخورێنێ ئەلێم داده تاڵ چ خۆشه…”. ” سینگی تۆم دوروست ئەکرد که خەوێکم لێ بکەوێنێت…”. ” وتم داده خوا دایناوه بۆنی شیری لێ بێ شیری لێ بێ وتبووم چەمە شیرەکانی دادە حەموو بەچکەکانی شاری تێر کردبوو…”.

وشەی کاکە زۆر جار بەپێی کردەوەی کەسایەتیی “کاکە”، جێ‌ناوی پێ دەدرێت و لەگەڵ شتێکی دیکە دەگۆڕدرێ، واتە وشەی کاکە دەبێتە هێمایەک بۆ ڕەگەزی نێر:

“کاکە – کازاوای دایکم – کا شووی دادە – کاقوززەڵقۆرتی نێو شۆرتەکەم”

گێڕانەوەی کارەسات؛

ئامانجی سەرەکیی ڕەخنەی لەکانی شیکردنەوەی پچڕانەکانی زمانی بگێڕەوەیە. ئاماژەکانی دووپاتکراوی بگێڕەوە بە ڕای لەکان جێگەی سەرنجە، لەبەر ئەوەی نەست بە سازدانی پێوانە و هێمای دووپات کراوەوە، مانا دیاری ئەکا.

بگێڕەوە بە هێمای چەندین جار دووپاتەی (تەرمه بۆگەنەی ئەو دیو خێوەتەکە)، (لەشی بە تێزاب کراوی ژنێک) و (کابرای ساحێب سیخ و ساج و تەوراس) ئەیەوێ کارەساتێک بگێڕێتەوە، هەر جار بگێڕەوە یەکێک لە کەسایەتی‌یەکانی دایک یان دادە یان ژنە چڵمەکە دەخاتە پاڵ کابرا تۆسنەکە و دیسان ڕووداوەکە دەخوڵقێنێ. هەر وا کە لە سەرەوە باس کرا لە بەر جێ‌گۆڕکێی بەردەوامی کەسایەتیی دایک و دادە دیاری ناکرێت ئەوەی کوژراوە کێیە بەڵام ئەوەی ماوەتەوە:

 “ئەو تیزابه نامەرده تا کوێی تواندووەتەوه تا چەنێکی کردووە بە چڵمەکە دەرپێکانی براون حەتتا جا من کارم چیه ئەوەنده نەبێ نێو لینگە دڵقاوییەکەیم پێ گوناح بوو وەک مۆم توابۆوه سەر عەرزەکەی ئەو خوارەوه…”. ‘ئیتر خۆم شوێن دایە کەوتبووم دایە درزێکی خێوەتەکەی پێ حاڵی کردم کە بە فڕکە هەڕرای ئەکردبوو منیش ئەچووبوومە دەم درزەکە کە سەرم سووڕمابێ دادە بۆ لەوێیە ئەوە چی ببوو لەگەڵ کابرای قوڕمساغی ساجەکە وێستاببوو…”. ” ئەرێ ئەو شەوه لێره بووم درزی خێوەتەکەم بیر هاتەوه کابرای ساحەب ساجەکه ژنە چڵمەکەی ڕوت کردبۆوه و له بەری دەپاڕایەوه نازام له چی خەلاسی کردبێ کەچی ژنه به گوێی نەدەکرد و هەر کەفەڵی دەخوراند خێرا خێرا کەفەڵی دەخوراند و کابرا پێی دەوت ئەرێ وەڵڵا بەم تەوراسه سەریم هەڵکەند…”.

بگێڕەوە لە شوێنک‌دا کۆد و هێمایەک زەق دەکاتەوە کە بەو پێیە دەکرێ کابرا تۆسنەکە و باوک بە یەک کەس بزانین کە بە پێی تێکنیکی جێ‌گۆڕکێ گۆڕیویەتی و دیسان کەسایەتی دایە و دادە پێکەوە لە لای ئەون و ژنەکەش هەر لەو شوێنەدایە:

          “خەوەکانی من ئەڵێن داگیر کراون داگیر چییە وتی قەینا هی ئەو کابراش هەر وایه داگیر شتێکی وەکوو دادەتە وەکوو دایەت پێش ئەو شەوەی خێوەتەکە ئەویستم بڵێم کام شەو نەموت ئەموت جا چووزانێ ئەو دەنگە خزمم بوو وتی ژنێک بوو ئەوهنده گرتبووی هەرچی ساڵه ئەمانهێنێتەوه ئەم شاره کۆنە کاوله جا هەر تەواویشی ناکا وتی باوکم گیری کردبوو به دەستیەوه و ئەیوت ئاخری ئەیکووژم و وتی چەنای چەن ساڵه ئەزانی وتم چووزانم بوتڵێک تیزابی میراتی له گەڵ خۆی دەگێڕێ…”.

وێک‌چوویی وەک پێناسەی خوازە و کەڵەکەبوون؛

هەر وا کە پێشتر باسمان کرد کەسایەتیی بگێڕەوە لە قۆناغی ڤاڵۆسی‌ (ئۆدیپی)دا ماوەتەوە، ئەم هۆکارە دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو کردەوە و خەونەکانی کەسایەتی لە سەر کێشەی زایەندی (جنسی) بگەڕێ، گڕێی ئۆدیپ ڕۆڵیکی بەرچاوی هەیە لە ناخی کەسایەتیدا، خەونی قەدەغەکراوەی تێکەڵبوونی لەگەڵ دایکی بەپێی جێ‌گۆڕکێ بە دادە دەگۆڕدرێت و وا پیشان ئەدات لەگەڵ دادەی دەستی تێکەڵ کردووە.

وتی پاییز باشە ئەو ژنە چڵمە بچێتە خەونی هەر کەسێکەوە ئیتر خەونەکانی هی خۆی نامێنێت کارێک دەکا جگە لەو خەونەی کە پێتەوە ئەبینێ خەوی تر نەبینێ…”.

لە سەر بنەمای تێکەڵ‌بوون، چەندین جار خوازەی نوێ دێنە ناو چیرۆکەوە و کەسایەتی بەو کردەوە نوێیەوە بەکاریان ئەهێنێ؛

  • گۆڕینی کردەوەی وشەی ڕیش وکوو هێمای ئەندامی نێر:

“وتم ئۆخەی ئەم خەندەقە چەنێک گۆشتە چ ڕیش بە پیاو شل ئەکاتەوە…”. ” دادە خیرا خۆی لە ڕیشم دەرکێشا…”. ” ڕیشی مەلعوونم کەوتە بۆگەنیوی خەندەقەکەی خوارەوەی کافری چەور کرد…”. ” ڕیشم چەقیبووە تەختانی سینەیەوە ئاگام لێبوو سینەی لە ڕیشم ساندەوە وتم قەینا با وەبزانێت ئاگام لێ نییە…”.

  • گۆڕینی کردەوەی وشەی قاچ وەکوو هێمای ئەندامی نێر:

“وتی سەگە بە سێ قاچەوە ئەڵێی دواکەوتووی…”. ” وتی سەگە هەر سێ قاچەکەت تێڵان…”.

  • گۆڕینی کردەوەی وشەی تەوراس وەکوو هێمای ئەندامی نێر:

          “دادە ئەو کابرایە تەوراسەکەی زۆر غەددارە لاچۆ کەچی نەموێرابوو تەوراسەکەی نەیهیشتبوو بوێرم ئەودیو درزەکە کەوم…”. “کابراش دەستی ناردبووە نێو سەری دادەم و ئەیوتبوو بەڵایەکە و هاتووە کچم تەوراسەکەشی لە حاندی کەفەڵیدا گرتبوو…”. ” تەوراسه سەریم هەڵکەند و دیسان  بیری دەکەوتەوه و دەپاڕایەوه لێی تەوراسەکەی له بەر درزەکەدا گرت…”.

  • زۆرجار دێوەزمە دەبێتە خوازەیەک بۆ کردەوەی حەزی زایەندی (جێنسی)، لە هەندێ شوێندا دەبێتە مەجازی مورسەل و بەپێی هاونشینی لەگەڵ هەر ئەو حەزی زایەندییە، هێمای منداڵ، یان خودی کەسایەتیی بگێڕەوە وەکوو منداڵێک دەچوێنێت.

“ئەدرێم به نەرما ئەدرێم بە بەچکەیەکی دێوەزمەدا کە حەمووی سێ چوار سەعاتە گووراوە لە ژێر سینەی دادەوە کەچی نازانم بۆ هەر ژیر نابێتەوە…”. “لە هەر کەس بپرسم جوابم ناداتەوە ئەڵێ له کێ ببوویته دێوەزمه خۆ ناکرێ بێ ئەوەی کەسێکی لێ بێ دێوەزمە بیت ئەڵێم هەر ببوومه دێوەزمه و خێسەیەک لە لێوم دەکات…”. “کتوپڕ لەشی گوناحی دەعباکه ئەبێته چ هەڵمێک دێوەزمەکه به پەنجێرەکەدا لێی هەڵدەچێ…”. “ئەیوتبوو وست نقەت لێوه نەیا مەمکی توند بوو دیارە مژدی ئەکرد بە بەچکە دێوەزمەوە مەمکی بۆنی مژدی لێ هەڵئەستابوو…”. “نقەم لێوه نایا باسی دێوەزمەکەش ناکەم ناڵێم چۆن سکی دادەی پڕ کرد و بەتاڵی کردەوە…”. ” دێوەزمه نەگبەتەکه شوێن زمانم کەوتووه دیانی لە دیانم تیژ کردووە کە بمپچڕێنێ…”.

کۆبەندی باسەکان:

وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ‌کرا؛ دەتوانین ببینین چەندین خوازە و مەجازی نوێ لە چیرۆکدا بەکار هاتووە. بە گشتی شێوەی گفتی بگێڕەوە، ئاشکراکەری شپڕێوییە لە گەشەی دەروونی سووژەدا. سووژە نەیتوانیوە بە دەروونیکردنی سیستەمی نیشانەیی/کە لە زمان‌دا ڕەنگ ئەداتەوە/، لە ڕەهەندی خەیاڵەوە بەرەو ڕەهەندی هێما تێپەڕێ. زۆربوونی وێنەکان وەکوو ترس لە مەرگ، دایک، کاکە، کابرا تۆسنەکە… نیشانەن بۆ جێماوەبوونی بگێڕەوە لە ترسی قۆناغی ڕەهەندی خەیاڵی.

هەوڵی بگێڕەوە بۆ گەڕانەوە بۆ لای دایک (دادە؟) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ترسەکانی، هەوڵێکە کە بە هاڕاندنی ئاوێنە بەسەروچاوی‌دا کۆتایی پێ دێت. لەبەر ئەوەی لە جیهانی پێوەندیی‌ کۆمەڵایەتی‌دا سیستەمی نیشانەیی زمانە کە هەڵسوکەوتەکان دابین ئەکات، نەک خواستە سەرلێشێواوەکانی ڕەهەندی خەیاڵی…/.

سەرچاوەکان:

  • ماری گلاکز(٢٠٠٩). نەرێکار، وەرگێڕان: تەیفووری، مەنسوور. شەوقی، ئیبراهیم، سلێمانی.
  • یوونسی. فریا(١٣٧٩). کتووپڕیک ئا. چیرۆک.
  • اونز، دیلن(١٣٨٧). فرهنگ مقدماتی اصطلاحات روانکاوی لکانی، مترجمان: پارسا، مهدی. رفیع، مهدی، تهران: انتشارات گام نو.
  • پایندە، حسین(١٣٩٥). معکوس کردن رابطەها: خلاقیت پسامدرن در آزادە خانم و نویسندەاش. .مقالە. اینترنت
  • موللی، کرامت(١٣٨٣). مبانی روان کاوی فروید ـ لکان، تهران: نشر نی
  • هومر، شون (١٣٨٨). ژاک لەکان، مترجمان: طاهائی، سیدمحمدابراهیم. جعفری، محمدعلی، تهران: انتشارات ققنوس.