دۆن کیخۆت

سوارچاکی شێتی، شۆڕشگێری یاخی

دەشێ هەردوو چەمكی (شێتێتی) و (یاخیبوون) لە زەقنەبوونەوەی تێرنەبوونێكی بەردەوامی دەروونی و واقیعی جێگیری نەریتگەرادا كورت بكەینەوە. تاك بیر لە تەسكردنەوەی سنوورەكانی ناخ دەكاتەوە و كۆمەڵگا بیر لە كۆنترۆڵكردنی بەهاكانی ڕزگاری دەكاتەوە. شێتی سنووری تێرنەبوونی ناخی تاكی داهێنەرە، یاخی ڕێگای ڕزگاری نیشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدات. یەكەمیان ئازادكردنی تاكە لە كۆمەڵگا و دووەمیان ئامانجی بەدەستهێنانی ڕزگارییە لە واقیعی جێگیر. ئازادكردنی تاك هەوڵێكە بۆ ئەوەی ببی بەوەی كە خۆت دەتەوێ، بەدەستهێنانی ڕزگاری پەیوەندی بە دەربازبوون لە پێدراوە چەسپاوەكان هەیە. كەواتە شێتی و یاخیبوون وەك بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە، ئازادی و داهێنان، داهێنان و ڕزگاری لەنێو یەكتردا لە گەشەدان.

 كاراكتەری ڕۆمانی دۆن کیخۆتی نووسەری ئیسپانی (میگێل دو سێرڤانتێس) هێمای تێپەڕاندنی دابونەریتی باوی چەسپاو و سەیرورە و گۆڕانە، دژی شەپۆلە چەسپاوەكانی واقیعە، لە دەریای بێ سنووری ئازادیدا. ئەو ڕۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات، کە ناوی (ئەلونسۆ کیشانو)یە و تەمەنی سەرووی پەنچا ساڵە، لەگەڵ خوشکەزایەکی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی (لامنتشا)دا دەژین. دۆن کیخۆت دوای خوێندنەوەیەكی زۆر، بە کردە (بوونی مرۆیی)ی خۆی بەسەر واقیعدا واڵا دەكات، لە ڕێگای بیروڕاكانییەوە هەوڵ دەدات بە کردە، وەك (سوارچاکێك) داکۆکی لە دادپەروەری و چەوساوەکانی جیهان بكات، ئەو جیهانەی كە بەهاکانی گۆڕان و سەیرورە ناس ناكات. ئەم چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە بۆتە ئایکۆنێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیری کە نووسەران و فەیلەسوفان بەردەوام وزەی لێوەردەگرن.

واقیع

لەنێوان ئازادی و ڕزگاری

زۆرجار شێتی بە جیابوونەوە لە واقیع، یان ڕەتکردنەوەی واقیعی چەسپاو دادەنرێت. وەك چۆن ئازادی وەك شۆڕش هەندێ لە پێدراوەكانی ناسنامەی ڕزگاری ڕەت دەكاتەوە. ئەوەش بە ڕوونی لە شۆڕشە جیاوازەكانی دنیا و تەکنیکی گێڕانەوەی سێرڤانتسی ڕۆماننووس دەردەكەوێت. بەو مانایەش لای سێرڤانتس دۆن كیخۆتە مەحكومە بە خەیاڵ (هەموو شۆڕشەكانی دنیاش مەحكومن بە ئازادی)، بەڵام خەیاڵ (ئازادی) بۆ كوێمان دەبەن؟ لە پشت ئەو پرسیارە داهێنان (رزگاری) وەستاوە، داهێنان هەمیشە لە گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامدایە. ئازادیش هەمیشە فۆرمەكانی ڕزگاری بەرەو جۆری دەبات. بە كورتی خەیاڵی داهێنان هونەری وێناكردنی سێبەرە وەك حەقیقەت، سێبەریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە! خەیاڵی ئازادیش دۆزینەوەی فۆرمە جیاوازەكانی ڕزگارییە و ڕزگاریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.

جیاوازی ڕۆمانی دۆن كیخۆتە لە تەكنیكی گێڕانەوە و وەسفکردنی پاڵەوان لە هەموو ڕوویەكەوە (بەتایبەتی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی، گرێی ئەدەبی، ڕەگەزی کتوپڕ) بەرجەستەیە. جیاوازیی شۆڕش و ئازادی، لە ساتەوەختە چەسپاوەكانی ڕزگاری لە نا- نواندنەكانی خۆی بەردەوامە. چونكە داهێنان و ڕزگاریی مرۆڤایەتی لە سەیرورەی بەردەوام و گۆڕانی بەردەوامدایە.

شێتی تەقینەوەی فشارەكانی دەروونە و یاخی دنیا و ژیانێك ڕەت دەکاتەوە، کە مانای بەردەوامی گۆڕانی قبووڵ نییە. بۆیە دەتوانین (ئازادی) بە حاڵەتی شێتبوون و یاخیبوون بە دژی واقیعی سەپاوی (رزگاری) بچوێنین، بەو مانایەش ژیان خەون و خەیاڵەكانی شێتی و ڕزگاری ناناسێت؟ دۆن کیخۆت پێمان دەڵێت، ئەگەرچی ئیگۆی گوتاری ئازادیی شۆڕشگێرانە لەگەڵ گوتاری ناسنامەی ڕزگاری پێكەوە لە گەشەی بەردەوامدان. كەواتە ژیان هەرگیز بەو مانایە نییە، كاتێ ڕزگاری خەیاڵی ئازادییمان پێشێل دەكات، قبووڵی بكەین؟!

كەواتە چیرۆکی دۆن کیخۆتە وێنەی كاراكتەری سەرەكی وەك سێبەری شكاو بە دژی پاڵەوانی هەرگیز نەبەزیو دەكێشێ. واتە ئەو گێڕانەوەیە جگە لە پاڵەوانی بەزیو، مۆنۆلۆگ، دانانی ڕەگەزی فرە دەنگی و گرێی ئەدەبی، كە بەشێکی زۆری ڕۆمانەکانی دنیای ئەمڕۆی تەنیوە و کاریگەری لەسەر زۆر لە کارە ئەدەبی و فەلسەفییەكان داناوە، زێدە حەقیقەتیش دەكاتە كەرەسەی گاڵتەپێكردن.

دۆستۆیڤسکی دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە. شانۆنووسی ناوداری فەرەنسی مۆلێر، فرانس کافکا، گراهام گرین، ژنە نووسەری ئینگلیزی چارلۆتە… فرانس کافکا چیرۆكێکی بەناوی (حەقیقەتی شانشۆ پانسا)  نووسیووە. تۆماس مان لە ڕۆمانی (چیای جادوویی) لەژێر كاریگەریی بیرۆكەكانی سێرڤانتس، پاڵەوانێك هەڵدەبژرێ، کە لە کۆمەڵگاکەی دابڕاوە و لە گەشتێکی فەلسەفی ناوخۆیی لاساییی شێتی دۆن کیشۆت دەکاتەوە. ڕۆمانی (پاسەوان لە کێڵگەی شۆفان) سالینجەر، هەر لەژێر هەمان كاریگەریی (کولین)ی پاڵەوانی هەوڵ دەدات پاکی منداڵانە بپارێزێت، بۆ ئەوەش کەموکوڕییەکانی جیهانی ڕاستەقینە فەرامۆش دەكات.

ئازادی

وەک ئامرازی بەدواگەڕانی ڕزگاری

دەتوانین لەو سەردەمەی كە تێیدا دەژین، سەردەمی مۆدێرنە، كاراكتەری دۆن کیخۆت نەک وەک شێت ببینین، بەڵکوو وەک فەیلەسوفێک بیبینین، كە لە ڕێگای یاخیبوون بە دژی دابونەریتە سەپاوەكانی کۆمەڵگا، هەوڵی خۆدۆزینەوە دەدات. ئازادیی ناوەوە لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئێمە وادەردەکەوێت، کە ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنان و بەردەوامی ئازادی و ڕزگاری. (بۆ نموونە) فرۆید لە تیۆرییە دەروونییەكانیدا پێشنیاری ئەوە دەکات، کە دابڕان لە واقیع دەتوانێ وەڵامێک بێت، بۆ پێداویستییە دەروونییە قووڵەکان و دەشێ هەوڵێک بێ، بۆ دەربازبوون لە فشارە ڕاستەقینەكانی ژیانی مرۆڤ. بەڵام دەبێ ژیان لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەی بەردەوامدا بێت.

جەنگە بەناوبانگەکەی دۆن کیخۆتەی سێرڤانتێس لە دژی (ئاشی با) جەنگی مرۆڤی مۆدێرنە لە دژی ئەو هێزە ستەمكارە زەبەلاحەی کە کۆنترۆڵی ژیان دەکات. ئایا ئەمانە هێمای سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیین، کە تاک ناتوانێت بەریان بگرێت؟ تێڕوانینی دۆن کیخۆتە بۆ ئەم کارگە زەبەلاحانە تەنها نیشانەی بەرفرەوانی خەیاڵ و شێتییەکەی نییە، بەڵکوو نیشانەی بەرفرەوانی ئازادییەكە، كە هەمیشە دنیا وەک سیستەمێکی تەحەداكەر دەبینێ. میشێل فوکۆ لە کتێبی مێژووی شێتی دووبارە چەمکی شێتی تاقی دەکاتەوە، کە تیایدا باسی شێتی وەک حاڵەتێکی یاخیبوون لە عەقڵانیەتی ڕەها دەکات.

دۆن کیخۆت وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، کە نوێنەرایەتی گەڕانی بەردەوام بەدوای خۆیدا دەکات، لە جیهانێکی ڕیالیزمی بێلایەندا. چیرۆکی ئەم شێتە، پرسیار لەسەر مانا و خەیاڵ، ئازادی و ڕزگاری، حەقیقەت و سێبەر… دەوڕوژێنێت و خوێنەر بانگهێشت دەکات، بۆ بیرکردنەوە لە ژیان، بە شێوازێکی بەردەوام گۆڕاو و جیاواز. دەشێ لەو گێڕانەوەیەدا شێتی بانگەشەی ئازادیی بەردەوام بێ و (ئاشی با) دەلالەت لە جێگیربوونی هەڵبژاردەكانی ڕزگاری بكات، کە مرۆڤی داهێنەر لە گەڕان بەدوای ناوەوەی خۆیدا پێی ڕازی نییە.

هەولێر 5/11/2024

…..

سەرچاوەکان:

  • میغیل دی سیرفانتس. دون کیخوتە. ترجـمة عبدالرحمن البدوي. دار المدی للثقافة و النشر.سوریا.1998
  •  عبدالهادي سعدون. 400 عام على ڕواية «دون كيخوته»: الفارس النبيل لا يزال يحارب طواحين الهواء!.
  • دون كيشوت: فارس الجنون وحكمة التمرد على الواقع- جمیل سلیم ، 4 تشرینی دووەمی 2024.