هونەری گرافیتی لە نێوان ناڕەزایەتی و یاخیبووندا

بۆچی هونەری گرافیتیمان نییە؟

بە گشتی هەموو میللەتێک خاوەنی هونەری سەرشەقامی خۆیەتی بە هەموو شێوەکانیەوە، گرافیتی، پەیکەر، وێنە، کاری ئینسلیشن، مۆنۆمێت، پێرفۆمانس، شانۆ و چەندین کاری هونەری جیاواز، بەپێی کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سروشتی ناوچەکە دەردەکەوێت.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئێمەی کورد بە تایبەتی کوردی باشوور، هونەری سەرشەقام (گرافیتی)مان نییە وەک شێوازێک لە هونەر بۆ دەربڕین لە ناڕەزایەتی و یاخیبوون. ئەمەش بۆ من جێی پرسە، بۆچی هونەرمەندانی کورد هونەری (گرافیتی) بەکار ناهێنن وەک ئامڕازێک بۆ دەربڕین لە کێشە هەنووکەیییەکانی نێو کۆمەڵگە؟

هونەری گرافیتی وەک بزووتنەوەیەکی هونەری لە دەرەوەی یاسا

مێژووی ئەم هونەرە نادیارە هەندێک دەیگەرێننەوە بۆ سەرەتای مرۆڤایەتی، کاتێک لەسەر دیواری ئەشکەوتەکاندا وێنەیان دەکێشا، وەک چالاکییەکی پێکەوەیی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان کە لە چەند  (کۆدێک و هێمایەک) پێک هاتبوو لە نێوان دانیشتووانی ئەشکەوتەکە بەکار دەهات لە جیاتی قسەکردن و پەیوەندیی نێوانیان کە ئەو کاتە زمان بوونی نەبوو کە لە ئێستادا پێی دەوترێت (زمانی وێنە) واتە ئەو وێنانە کە لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان دەکێشران، لە هەمان کاتدا ئەم وێنانە بەشێک بوون لە (ڕێوڕەسمی ئایینی) لە نێوان ئەشکەوتنشینەکاندا.

لە دوای دروستبوونی شارستانییەتی مرۆڤایەتی، هونەری سەردیوار لە زۆربەی شارستانییەکانی کۆندا بەکار هاتووە، وەک شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، فیرعەونەکان و شارستانییەتی مایا، ئەم هونەرە بەردەوام بوو تا ناو پەرستگا و کەنیسە و مزگەوتەکان. بەڵام لە هەر سەردەمە و قۆناغێکدا بە کۆنسێپتی جیاواز و دەربڕینی جیاواز خۆی نمایش دەکرد لە سەر دیوارەکان. 

لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکا بە تایبەتی لە شاری (نیو یۆرک و دیترۆیت) بە هەماهەنگی لەگەڵ موزیکی (هیپ هۆپ) ئەم هونەرە گەشەی کرد و بڵاو بووەوە بۆ ئەوروپا وەک بەرلین، پاریس، لەندەن، ڕۆما، ئیرلەندا و لەوێیەوە بۆ زۆربەی شارە گەورەکانی دی جیهان.

هونەری گرافیتی لە ئێستادا هونەرێکی یاخی و ناڕازیی دژ بە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆسەپێنە لە هەمان کاتدا دژی توندوتیژیی پۆلیس و عەسکەرتاری و دیکتاتۆراکان و نەژادپەرستی و گەندەڵییە، لە ڕوویەکی ترەوە داکۆکی لە پێکەوەژیان، ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ، جێندەر و کەمەنەتەوایەتییەکان دەکات لە فۆرمێکی هونەری جیاوزدا. ئەم هونەرە بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی قوتابییان لە (ئەمریکا و ئەوروپا) وەک ناڕەزایییەکی گەورە بە وێنەکێشان و نووسین لە سەر دیواری شارەکاندا بڵاو بۆوە.

ئەم هونەرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەهاوبەشیکردنی لەگەڵ هاووڵاتیی ئاسایی بە کێشە هەنووکەیییەکانی ناو کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی هونەرمەندانە وەک چالاکەوانێکی ئەکتیڤیست لە زۆربەی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرشەقام بە تایبەتی لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و ئامادەیی هونەرمەند لە کێشە چارەنووسسازەکاندا.

هونەری گرافیتی هەمیشە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای هەڵگرتووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی (کاتی) هەیە لەسەر شەقام و لە هەناوی شەقامەوە دروست دەبێ بە شێوەیەک کاریگەرییەکانی دەبنە باسوخواستی ڕۆژانەی خەڵکی، بە تایبەتی لە کاتی دروستبوونی کێشە و گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا.

هونەری گرافیتی لە زۆربەی وڵاتان بە دوو شێواز گوزارشت لە خۆی دەکا.

شێوازی یەکەم بە نووسین، واتە بە کارهێنانی (وشە و پیت) بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش لە هەمان کاتدا بە ڕەنگی زەق و قەبارەی گەورە، زۆربەی ئەو وشانەی کە بەکار دەهێنرێت وشەی زبر و نەشیاون لە ڕووی ئەدەبیاتی نێو کۆمەڵگەوە.

شێوازی دووهەم وێنەکێشان، بە چەندین شێوازی جیاواز و قەبارەی جیاواز بە دەربڕینێکی (ڕادیکاڵانە) لە فۆڕم و ڕەنگدا، لە هەندێ کاتدا وێنەی هێما و کۆدی (هەست هەژێن)ی نێو کۆمەڵگە دەکێشرێت بۆ ئیستفزازکردنی دەسەڵات.

لە هەندێ کاتدا وێنەی ئەو کەسایەتییانە دەکێشرێت کە وەک شۆڕشگێڕێک دەردەکەون لە نێو کۆمەڵگەدا بە هەمان شێوە ئەو کەسایەتییانە کە لە ڕووی یاساوە (یاساغ و قەدەغەکراون) لە نێو کۆمەڵگە وەک زیندانیکراوان و هەڵهاتووەکان (پەناهەندەی سیاسی) یان ئەو کەسە ئاساییانە کە بە ناحەق کوژراون بە دەستی پۆلیس و پیاوانی دەسەڵات.

هونەری گرافیتی هونەرێکی قەدەغەکراوە لە هەموو وڵاتێک (نایاسایییە) بە گشتی دەسەڵاتی سیاسی ساڵانە بوودجەیەکی خەیاڵی بۆ دابین دەکات لە پێناوی بنبڕکردنی هونەری گرافیتی بەرەنگاری. بە پلەی یەکەم بۆ سڕینەوە و خاوێنکردنەوەی دیوارەکانی شار. بە پلەی دووهەم چاودێریکردن لە ڕێگەی دانانی کامێرای چاودێری و زیادکردنی پۆلیسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکانی شار و دەرکردنی یاسا و ڕێسای قورس بە سزای دارایی و زیندانیکردنی هونەرمەندانی ئەم هونەرە بۆ ماوەی درێژخایەن.

بە شێوەیەکی گشتی هونەری گرافیتی ئەو هونەرە یاخییەیە کە دژی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نادادپەروەری دەجەنگێت، لە هەمان کاتدا دژی هونەری قۆرخکراوی چەند چینێکی نێو کۆمەڵگەیە کە هونەر ئەبێ تەنها لە ناو (گەلەری و مۆزەخانەکاندا بوونیان هەبێ) بە پارە سەردان بکرێت و کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، ئەم هونەرە هونەری خەڵکە بە تایبەتی خەڵکی هەژار کە جێگرەوەی ئەو هونەرەیە کە دەسەڵاتی کولتووری پەسەندی کردووە و یاسا و ڕێسای بۆ داناوە.

هونەری گرافیتی دەنگی ئەو کەسانەیە کە دەنگیان نییە لە هەمان کاتدا ئەو هونەرەیە کە پرس دروست دەکات (ئەکتێکی هونەری) کولتووریی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە سەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێت، کە ڕاستەوخۆ خەڵک بەشداری پێ دەکرێت لە ڕێگەی وروژاندنی هەسەت و نەستی خەڵکی ئاسایییەوە.

لێرەوە ئەو پرسیارەمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کە ئایا بۆچی هونەری گرافیتی لەم ناوچە جوگرافییەدا بوونی نییە؟ لە گەڵ ئەوەی ئەو هەموو فشار و دژایەتی و زوڵم و زۆردارییە کە ڕووبەڕووی میللەتی کورد و تاکی کورد دەبێتەوە، لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بە گشتی و دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان بە تایبەتی.

ئەرک و بەرپرسێتی هونەرمەندانی شێوەکاری کورد لە بەرامبەر بە کێشەکانی نێو کۆمەڵگەدا لە کوێدایە؟ هونەری شێوەکاریی سەرشەقام لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا هونەری ناڕازیبوون هەیە لە نێو شەقامەکانی ئێمەدا؟ ئایا هونەرێک هەیە دژی ئەو هونەرەی کە ئێستا باوە لەسەر شەقامەکان؟ ئەمانە و چەندین پرسی جددی لە سەر هونەری سەرشەقام (گرافیتی) کە ئەبێت بکرێت و وەڵام وەرگرین! 

سەرەتا دەربارەی مێژوویەکی کورت.

لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووهەمدا چەند سەربازێکی (پۆلۆنی) لە وڵاتی ئێرانەوە دەپەڕینەوە بۆ عێراق لە ناوچەی خانەقینەوە، دەچنە نێو سەربازگەکانی ئینگلیزەوە کە ئەو کاتە عێراق لە ژێر (ئینتیدابی) بەریتانیدا بوو. لە نێو ئەم سەربازانەدا هەندێکیان دەستڕەنگین و هونەرمەند بوون، وەک دەگێڕنەوە بۆ یەکەم جار لە سەر دیواری چەند (چایخانەیەک) لە شاری بەغداد وێنە دەکێشن لە هەمان کاتدا لە سەرەتای دروستبوونی پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشی شێوەکاری لە بەغداد هەندێک لەم سەربازە پۆلۆنیانە وانەی وێنەکێشان دەڵێنەوە، کە بە باوەڕی من ئەمە سەرەتای دروستبوونی هونەری سەردیوار بووە لە عێراقدا.

لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی 1958 و ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی حوکمی مەلەکییەت و هاتنەسەر حوکمی ) چەپی نەتەوەیی (و کاریگەری بە هونەری ئاڕاستە کراوی (ئیشتیراکیەت) لە هەندێ شوێنی بەغداد چەند پۆستەرێک و چەند دروشمی شۆڕشگێڕی دروست کران بۆ پاڵپشتی شۆڕش و دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئازادی (نصب الحرة) لە مەیدانی ئازادی کە ئەمانە هەموو دەچێتەوە خانەی ڕاژەی خزمەتی دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتەوە لە ڕێگەی هونەرەوە.

blank
blank

لە دوای هاتنی ڕژێمی بەعسی فاشیست بۆ سەر حوکمی عێراق هونەر بە گشتی و هونەری سەرشەقام گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات، هەمووی چووە ژێر بەرژەوەندیی حیزبی پێشەواوە (حیزب القائد) بە سەرۆکایەتی خوێنڕێژ (سەدام حسێن) بۆ گەورەکردن و پیرۆزکردنی دیکتاتۆریەتەکەی و ترساندنی هاووڵاتیی ئاسایی و ڕەوایەتدان بە جەنگی کەنداوی یەکەم (جەنگی قادسیە) کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراق وێنەی دیکتاتۆری فاشیست و دیواربەندی (چیرۆکی سەرکەوتنی نەتەوەیی و حیزبی) بە قەبارە گەورە لەسەر دیوار و باڵەخانەکان دروست کرابوو، هەتا وای لێ هاتبوو وێنەی خوێنڕێژ سەدام حسێن لە هەموو جێگەیەک بوونی هەبوو تەنانەت لە ناو ماڵەکانیشدا.

لەگەڵ پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی (2003) ئەم وێنە و دیواربەندانە هەمووی بەر لێشاوی ناڕەزایی خەڵک کەوتن و سووتێنران و لابران لە ماوەیەکی کەمدا هیچیان بوونی نەما.

لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق وێنەی کەسایەتیی سیاسی و نەتەوەیی لەسەر دیواری شەقامەکان نەدەبینران. بەڵام شێوەیەکی دیکە دروست بوو کە خۆی لە ریکلامی بازرگانی و بانگەشی هەڵبژاردن دەبینیەوە بۆ نموونە وێنەکردنی بەربژێرەکان و ناساندنی بە خەڵک لە ڕێگەی وێنەکێشانیان لەسەر دیوارە بەتایبەتی (دیوارە کۆنکرێتییەکانی نێوان شەقامەکان) وەک بانگەشەی هەڵبژاردن ئەویش بە شێوەیەکی کەم لە دوای هاتنی چاپی دیجیتاڵی لە سەر (فلێکس) ئەوەش بوونی نەما.

لەگەڵ دروستبوونی شەڕی مەزهەبی لە عێراق و بڵاوبوونەوەی وێنەی سەرۆک مەزهەب و چەند سەرکردەیەکی دینی و سیاسی (عێراقی و ئێرانی) لە شاری بەغداد و شارە شیعەکانی باشووری عێراق، بۆ گەورەکردن و پیرۆزکردنی ئەو کەسایەتییانە و چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوچەگەری، بەتایبەتی بەکارهێنانی هەمان ئەو شوێنانە کە ڕژێمی پێشوو بەکاری دەهێنا بۆ دیواربەندییەکانی.

لەگەڵ دروستبوونی ناڕەزاییەکانی (تەشرین)ی ساڵی (2016) لە شاری بەغداد، لەژێر کاریگەریی (بەهاری عەرەبی) بەتایبەتی وڵاتانی (تونس، میسر، لوبنان، یەمەن) خۆپیشاندەرەکان بە تایبەتی هونەرمەندە گەنجەکان هەستان بۆ یەکەمین جار بە وێنەکێشان (گرافیتی) لە سەر دیوارەکانی شاری بەغداد وەک ناڕەزاییەک و یاخیبوونێک لەو دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵە کە ئەو کاتە عێراقیان حوکم دەکرد. بەم شێوەیە بۆ یەکەم جار لە عێراقدا هونەری (گرافیتی) دروست دەبێت وەک هونەرێکی ناڕەزایی و یاخی لە هەناوی کۆمەڵگەوە دروست ببێت، خەڵکی عێراق بەر هونەرێک کەوتن کە پێشتر بوونی نەبووە ئەو هونەرەی کە پاڵپشتیی لە خۆپیشاندەرەکان دەکات و کێشەکانی بە کێشەی خۆی دەزانێ و داکۆکی لێ دەکات بۆ سەرکەوتن و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی.

سەرەتاکانی نووسینی سەردیوار لە هەرێمی کوردستانی عێراق

لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی کوردی لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دژ بە حکومەتی عێراقی بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان (سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، کۆیە، هەڵەبجە) هەندێ جار دروشمی شۆڕشگێرانە و داکۆکی لە مافی کورد و سەربەخۆییی میللەتی کورد لەسەر دیوارەکان دەنووسرا بە تایبەتی لە سەر دیواری بارەگا حیزبییەکانی کە ئەوکاتە هەندێکیان بارەگایان هەبوو لە ناو شارەکاندا.

تا دروستبوونەوەی شۆڕشی نوێ لە دوای هەرەسی ساڵی (1974) و کاریگەریی شۆڕشی نوێ بە بیروباوەڕی (چەپی مارکسی لینینییەوە) و کاریگەریی هونەری ئاراستەکراوی (ئیشتیراکی) لە پێناو بیڕوباوەڕی حیزبیدا، دیواری شارە کوردنشینەکان پڕ بوون لە دروشم و هێمای بزووێنەری شۆڕشگێڕی. بۆ نموونە دروشمی (بژی گەل، هیزی گەل، حوکمڕانی بۆ گەل) لە زۆربەی زۆری شارەکاندا دەبیندرا. لە هەمان کاتدا بوونی چەند وێنەیەک لە سەر دیوارەکان وەکو (چێ گیڤارا، شەهید ئارام، شەهید هاوڕێ جبار و خاڵە شەهاب کە لە ژێر وێنەکەیدا نووسرابوو (کەم بژی کەڵ بژی) و هەندێ هێمای حیزبی وەک (چەکوش و داسی کۆمۆنیستەکان و ئەستێرە سوورەکەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران) ئەم وێنە و هێمایانە بە شێوازی چاپی خێرا (لەسەر  فلیمی تیشک – ئەشیعە هەڵکۆڵرابوون وە بە بۆیەی سپرای سوروڕەش) چاپ دەکرا لە سەر زۆربەی دیواری گەڕەکە هەژارنشینەکانی شار.

ئەم وێنە و هێمایانە بە هەمان شێوەی هونەری (گرافیتی) بوو. بەڵام بە فۆڕمی بچووک و سادە و ساکار، ئەو کەسانەی کە ئەم کارەیان دەکرد زۆربەیان خەڵکی ئاسایی و ئەندامانی حیزب بوون بە نهێنی و لەژێر فشارێکی گەورەدا ئەم کارەیان ئەنجام دەدا لە ترسی گیران و سزادان، لەگەڵ ئەوەی کە هیچیان هونەرمەند نەبوون و ئاگاداری هونەری گرافیتی نەبوون. 

blank

بە جۆرێکی دی، زۆربەی زۆری (توالێتی مزگەوتەکانی) شار بووبوون بە شوێنی خۆبەتاڵکردنەوە هەم وەک جەستەیی هەم وەک خۆبەتاڵکردنەوەی دەروونی. دژ بە دەسەڵاتی فاشیستی نەتەوەپەرستی بەعسی لەسەر دیوار و دەرگای توالێتی مزگەوتەکان پڕ بووبون لە دروشمی (بێ فلتەر) زۆر بە ئازادانە خەڵک ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان دەنووسی و جنێویان دەدا بە دەسەڵات و جاشە کوردەکان کە کاریان بۆ دەسەڵات دەکرد.

بە باوەڕی من لەم هەوڵانە زیادتر نەبوو، هەندێ جاریش لە سەر پشتی کورسیی پاسەکان (پاسی مەسلەحە) و لە وێستگەی پاسەکاندا هەندێ وشە و دروشم دەنووسرا تێکەڵێک بوو لە ناڕەزایی و سۆز و خۆشەویستی و وشەی کۆمیدی و جنێودان. لە کۆتاییی ساڵی حەفتا و تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو هونەرمەند و خۆشنووس (خالید زامدار) لە گەڕەکی گۆیژە لەسەر شەقامی  سابوونکەران دووکانێکی خۆشنووسی و وێنەکێشانی هەبوو لە بەرامبەر دووکانەکەی دیوارێکی (گڵ) هەبوو بە گەچ سواغی دابوو کارێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی ئەنجامدەدا لەو کاتەدا. هەموو ڕۆژێک پەندێکی پێشینانی (پیرەمێرد) یان کۆپلەیەک لە شیعر کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی  سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژەکەدا بە خەتێکی جوان و هونەری لەسەر ئەو دیوارە دەینووسی، بەیانی زوو دەهات بە ڕەنگی سپی دەیسڕییەوە و دووبارە نووسینێکی تازەی بۆ ئەو ڕۆژ دەنووسییەوە، ئەم کارە ڕۆژانە بەردەوام بوو لە سەری. تا وای لێهات دەنگی دایەوە خەڵکی شارەکە بە تایبەت دەڕۆیشتن بۆ بینینی ئەو نووسینانە کە ڕۆژانە دەینووسی و دەیسڕیەوە، چەند جارێک رژێمی بەعسی فاشیست لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد و هەندێ جاریش فشاریان دەخستەسەر، ئەوەی گرنگ بوو لەم پەند و شیعرانە ئەوەبوو کە پەیوەست بوو بە کێشە و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگەکە واتە وەک دەربڕینێکی هونەرییانە دەیویست خەڵکی سادە بەشدار بکات لە گەڵ ڕاوبۆچوونەکانی خۆی.  

تا دەهات فشاری ڕژێمی فاشیست توندتر دەبوو لە کۆتایییەکانی ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەنجومەنی شۆڕشی بەعس بڕیار دەدات کە لەسەر هەر دیواری مالێک یان شوێنێکی گشتی دروشمێک یان هێمایەکی دژ بە دەوڵەت و (سەرۆکی فەرماندە) ببینرێت، دەستبەجێ خانووەکە بە شۆفل دەڕوخێندرێ و خێزانەکەی ڕاگوێزی باشووری وڵات دەکرێت و دووچاری زیندان دەبێتەوە. 

بە هەمان شێوەی شارەکانی دی عێراق لە ناوچە کوردییەکاندا، واتە هەرێمی کوردستان وێنە و دیواربەندیی خوێنڕێژ (سەدام حسێن) و چیرۆکی سەرکەوتنەکانی حیزبی بەعسی عەرەبی بە گشت دیوار و باڵەخانەکانە گشتییەکانەوە بوونی هەبوو، بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو و بێزارکەر تا فشاری دەروونی بخاتە سەر هاووڵاتییان.

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) هەموو وێنە و دیواربەندەکانی ڕژێمی بەعس داگیران و سووتێنران، لە هەندێ شوێنی گشتیدا لە جێگەی ئەو دیواربەند و وێنانە، وێنەی شەهیدانی شۆڕش و سەرکردەکانی شۆڕشی کوردی دانران.

لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی، هەرێمی کوردستان کرا بەدوو بەشەوە، هەرێمی (سەوز) کە زۆربەی باڵەخانەکان و دیوارە گشتییەکانی ئەم زۆنە بە ڕەنگی سەوز و ئاڵا و هێما و لۆگۆی (ی ن ک) داپۆشرا کە تا ئێستاش زۆربەی زۆری کۆمیتە و ڕێکخستنەکان و بارەگاکانی ئەم زۆنە ڕەنگی سەوزی پۆشیوە. بە هەمان شێوە هەرێمی (زەرد) لق و بارەگا حیزبیەکانی و شوێنە گشتییەکان بە ڕەنگی زەرد و هێما و لۆگۆی حیزبی (پ د ک) داپۆشران.

ئیتر بەم شێوەیە  شەهیدەکانی ڕێگەی ئازادیی کورد جیا کرانەوە، لە هەر هەرێمە و سەرۆک و شەهیدەکانی لە سنووری زۆنەکەی خۆی لە سەر دیوارەکان نمایش دەکران، ڕەنگی سەوز و زەرد بوون بە ناسنامەی هەردوو هەرێمەکە.

ئەم شێوازە لە مامەڵەکردنە لەگەڵ وێنەی سەرشەقام و دیاریکردنی ڕەنگی تایبەتی بە زۆرەملێ و دانانی وێنەی سەرۆک حیزبەکان و کوڕی سەرۆکەکان و شەهیدانی شەڕی براکوژی پیرۆزکردنی ناوچەگەری و شارچێتی. کاریگەریی پێشوەختی سیاسەتی کولتووری ڕژێمی بەعسی فاشیست بوو کە پێشتر پەیڕەو دەکرا لە هەموو عێراق، کە بۆ حیزبە کوردییەکان ماوەتەوە وەک میراتی کە ناتوانن لێی دەرباز بن تا ئێستاش.

وەک پێشتر باسمان کرد کە چۆن وێنەی خوێنڕێژ سەدام حسێن و دیواردبەندەکانی لە هەموو سوچ و قوژبنێکی ئەم وڵاتە بوونی هەبوو. چەند مانگێک لە دوای ڕاپەڕین، ناڕەزایی و خۆپێشاندان سەریهەڵدا لە دژی شێوازی بەڕێوەبردن و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری کە ئەو کاتە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان (بەرەی کوردستانی) گرتبوویە ئەستۆ. ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایییەکان زۆرتر دەبوو لێکەوتەکانیشی زیاتر توندوتیژتر دەبووەوە، هەر لە کوشتنی (بەکرعلی، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن و سەردەشت عوسمان) و شەهیدانی 17ی شوبات و خۆپیشاندانەکانی دوای حەڤدەی شوبات و گرتنی ناڕەوای ڕۆژنامەنووسان و تەسکبوونەوەی فەزای ئازادی و هاتنی ئیسلامی سیاسی توندڕەو (داعش) بۆ هەرێمی کوردستان و دروستبوونی تەنگەژەی ئابووری و نەدانی مووچەی فەرمانبەران و راگەیاندنی ڕیفڕاندۆم، لە دەستدانی لە 51٪ خاکی هەرێمی کوردستان و هاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە (کڕۆنا) و کێشەی هەرێم لەگەڵ بەغداد لە سەر نەوت و بوودجە و زیادبوونی هەژاری و بێکاری و مەترسی لە دەستدانی قەوارەی هەرێم بە گشتی وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ لە عێراق.

لەگەڵ ئەم هەموو هۆکارە گرنگ و چارەنووسسازانە و زۆربوونی خۆپێشاندان و ناڕەزایی گشتی، لەلایەن فەرمانبەران و مامۆستایان و خوێندکارانەوە نەبێتە هۆکاری دروستبوونی هونەری (گرافیتی).

بە پێچەوانەوە ئەوی دەبوو ڕووبدات ڕووی نەدا، بەڵام جۆرێکی دی لە وێنەی سەرشەقام و دیواربەندی دروست بوو، دەسەڵاتی کولتووری و سیاسی هەرێم خۆی سەرپەرشتی ئەم ڕەوتە دەکات و پارە و بوودجەی بۆ دابین دەکات. تەنانەت توانیویەتی گشت هونەرەکانی سەر شەقام کۆنترۆڵ بکات لە هەمان کاتدا قۆرخیشی بکات بۆ بەرژەوەندیی خۆی، وەک پێشتر باسمان لێوە کرد لە دانانی (وێنە و پەیکەر و مۆنۆمێت) ڕێگەدان و کارئاسانی بۆ بۆنە و یادە حیزبییەکان، لە هەمان کاتدا بە حیزبی کردنی یادە (نەتەوەیی و کولتوورییەکان) لەسەر بنەمای ناوچەگەری و حیزب و خێڵەکی.

دەبوو ئێستا وێنەی (بەکر علی) شاعیر لەسەر هەموو دیوارەکانی شاری سلێمانی بوونی هەبووایە وەک هێمایەک بۆ (نادادپەروەری) بە هەمان شێوە وێنەی (سەردەشت عوسمان) لە هەولێر و (کاوە گەرمیانی) لە گەرمیان و (سۆرانی مامە حەمە) لە کەرکوک و (وەدات حسێن و شێروان شیروانی و هاوڕێکانی) لە سەر دیوارەکانی شاری دهۆک و گشت هەرێمی کوردستان هەبووایە یان لە زۆربەی سەر دیوارەکان ڕستە بەناوبانگەکەی (مامۆستا ئازاد)  (مەعاشەکەت جوانە گەواد) بوونی هەبووایە وەک ئیلهامێک بۆ هونەری گرافیتی لە هەرێمی کوردستان. 

کۆنسێپت و ئامانجی وێنەی سەر شەقامەکانی کوردستان

1/ نەرێتێکی سیاسی و هونەرێکی ئاراستەکراوی ڕژێمی پێشووە.

2/ لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی سیاسی و حیزبدایە.

3/ وەک ئامۆژگاری و فێرکردنی یاسا و ڕێسا بەکار دەهێنرێت (دەستەمۆکردن) 

4/ پیرۆزکردن و گەورەکردنی کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەر بە دەسەڵات.

5/ پیشاندانی مێژوویەکی کاڵ و کرچ و یادەوەریی شوێن. 

6/ تەنها بۆ جوانکاری بەکار دەهێنرێت بەتاڵ لە ناوەڕۆک. 

 

blank

بۆ نموونە لە شاری سلێمانی دیواربەندی (شەقامی سالم) هەموو چەند ساڵ جارێک وێنەکان دووبارە دروست دەکەنەوە بەڵام لەبەر ناشیرینی و ئاستنزمی کوالیتی دیواربەندەکە و خاڵی لە کۆنسێپت و پەیامێک هیچی دی ناگەیەنێت، تەنها ژینگەی شار پیستر دەکات.

دیواربەندی بەرامبەر (زانکۆی سلێمانی) لە سەر شا شەقامی سلێمانی، کە لە یادەورییەکی بێ مانا و جوینەوەی مێژوو هیچی دی هەڵنەگرتووە هەندێ جار وەک (ئەلبوومی یادەوەریی خێزانی) دەردەکەوێت وەک لە کارێکی هونەری گشتگیر و پڕ لە پەیام و بیرکردنەوە. لەگەل چەند هەوڵێک تەنها لە پێناوی (جوانکردنی شوێنەکاندایە) کە لەسەر دیواری باڵەخانەکان کێشراون. بەڵام ئەم هەوڵانە کۆنسێپتیان نادیارە و هیچ پەیامێکیان لەخۆ هەڵنەگرتووە، لە هەمان کاتدا شوێنەکانیش زۆر باش نین و نابینرێن (بەرچاو نییە).

بۆ نموونە باڵەخانەی (دەبۆکە لەسەر شەقامی مەولەوی و باڵەخانەی تەنیشت بانکی شیمال)  لەگەڵ ئەو دیواربەندانە کە لەسەر دیواری قوتابخانەکان دەکێشرێت، کە زۆربەیان ئاستی نزمە لە ڕووی هونەری و کوالیتیەوە وە زۆر (کیچە) تەنها پڕکردنەوەی دیوارەکانە بە ڕەنگ.

blank

ئەوەی ئێستا باوە لە نووسین، سەر دیوارەکان بە گشتی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتی لە ڕووی ) هونەری و ڕێزمانییەوە) بە هەمان شێوە لە ڕووی فۆرم و شێوەوە، بەڵام لە ڕووی کۆنسێپت و پەیامەوە زۆر بەتاڵە بۆ نموونە :-

1/ لیژنەی زیادەڕۆیی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان کە لە ڕێگەی نووسینی سەر دیوارەوە ئاگاداری خاوەن موڵکەکان دەکەنەوە، کە ئەمە یەکێکە لە ناشیرینترین دیاردەکان کە بوونی هەیە لە ئێستادا.

2/ نووسینی سەر دیواری قوتابخانەی کچان و زانکۆکان کە زۆربەی بابەتی ئەویندارییە.

3/ نووسینی سەر دیواری کەلاوەکان بە تایبەتی بۆ قەدەغەکردنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.

4/ نووسینی سەر دیوای شوێنە گشتییەکان کە بەکار دەهێنرێت بۆ ڕیکلام.

5/ نووسینی سەر دیواری ماڵان کە بەکار دەهێنرێت بە مەبەستی فرۆشتنی خانوو لەگەڵ  موڵکی هاووڵاتییان.

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی کە ئێستا هەیە لە نووسین و وێنە لە سەر دیوارەکانی نێو شارەکانی هەرێمی کوردستان هونەری (گرافیتی) نییە و هونەرمەندانی کورد تا ئێستا نەگیشتوونەتە وەر ئەو قەناعەتە کە هونەر و ڕاوبۆچوونەکانیان لە سەر دیواری شەقامەکان بنەخشێنن و هاوبەشی پێ بکەن لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە.

١٤/١١/٢٠٢٤

تێبینی :- لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) دونیای هونەری ئێمە بەرەو کراوەیەکی گەورە ڕۆیی لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی هونەر و کولتوور بە تایبەتی هونەری شێوەکاری، ئەم کرانەوەیە وایکرد کە هونەر هەنگاوی گەورە و باش بنێت وە پێبنێتە قۆناغی گرنگەوە و بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی کە دروستبوو لەگەڵ دونیای دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی هەموو سنوورەکانی پەیوەندی لەگەڵ هونەری جیهانیدا. 

گەر بڵێین هونەرمەندانی ئێمە بێ ئاگابووە لەسەر هونەری (گرافیتی) ئەوە غەدرێکی گەورە ئەکەین بە تایبەتی وانەی هونەری دیواربەندی (الفن الجداري) یەکێک بوو لە وانەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی کە خوێندکار فێری دەبوو.

سوپاس و پێزانیم بۆ بەڕێزان :-  مامۆستا قادر میرخان ، مەریوان قەفتان، هونەرمەند سامان علی ، حەمە ئازاد بەرزنجی .

سەرچاوە :-

1/ الجرافيتي كأداة احتجاج سياسي ثورة يناير نموذجا , سمر ممدوح .

2/ الرسم علي الشوارع فن مجاني و ابداع خارج السرب , دلال العكيلي .

3/ الجرافيتي فن المشاغبين يحاصر أبرز فنون الشارع , فادي فرنسيس .

4/ فن الجرافيتي ( Graffiti ) من التعبير الشارعي الي التصنيف التشكيلي , متحف فرحات الفن من أجل الإنسانية .

5/ فن الشارع أبداع و احتجاج و تجارة , وكالة الأنباء الأسبانية .

6/ جرافيتي بغداد أسئلة الهوية ,  محمد حياوي .

7/ الجرافيتي و مواجهة النساء للقهر تجليات الفن أثناء و بعد الربيع العربي , د. آمنة النصيري .

8/ غرافيتي عربي.. فن الشارع فن الحرية , ميموزا العراوي .

9/ الجرافيتي فن تحاربة السلطة , هبة حلمي .

10/ حركة ثقافية ام تمرد.. ماذا تعرف عن فت الشارع , حفصة علمي .

11/ الجرافيتي .. عندما تتكلم الجدران , د. خالد خنفي محمود .