پێکەنین دژ بە تراژیدیا
ئایا لە دونیای ئەمڕۆدا، کەسێک هەیە بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت و “خوان خۆیا بۆرجا” نەناسێت؟ خوان ساڵی ۱۹٥٦ لە شاری سیڤیلیای ئیسپانیا هاتۆتە دونیاوە، تاکوو ساڵی ۲۰۰۰ هیچ کەسێک نەیدەناسی، بەڵام چاوپێکەوتنێک هەموو شتێکی گۆڕی و زۆر بە خێرایی بە هەموو دونیای ناساند، کەناڵی ۲ی ئیسپانی ئەم پیاوەی هێنایە سەر شاشە و لە ڕێی گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی ژیانی خۆیەوە، کە چیرۆکی غەم و ئازار و نەهامەتی و ڕەنجکێشانی ژیانە هەژارانەکەی بوو، نەک بە تۆنێکی غەمگینانەوە، بەڵکوو بەوپەڕی دڵخۆشییەوە و بە پێکەنینێکی ئێجگار سەرنجڕاکێش و جوانەوە! خوان لە میانەی گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆیدا باس لە ژیانی سەردەمی شاگردایەتییەکەی دەکات، ئەو دەمەی لە چێشتخانەیەکی سەر دەریا کار دەکات و بەڕێوەبەرەکەی پێی دەڵێت کە دەبێت ۲۰ مەقەڵی پیس پاک بکاتەوە، بەڵام چونکە مەقەڵییەکان زۆر پیس دەبن بۆیە ناچار دەبێت بیانباتە سەر کەناری دەریاکە تاوەکوو بە ئاوی سوێری ئەوێ پاک ببنەوە، خوان مەقەڵییەکان دادەنێت و دەگەڕێتەوە جێگاکەی خۆی و هێندە ماندوو دەبێت خەوی لێ دەکەوێت، کە بەئاگا دێتەوە و دەچێتە کەناری دەریاکە دەبینێت هەموو مەقەڵییەکان ئاوی دەریاکە بردوونی جگە لەیەک دانەیان نەبێت، ئەویش گیربووە لە بەردێک، خاوەن کار کە ئەمە دەبینێت، زۆر پەست و تووڕە دەبێت و لە کارەکەی دەری دەکات، خوان گرفتار و بێکار، سەرگەردان و بێ پارە دەبێت و بە ناخۆشترین ساتەکانی ژیانیدا تێپەڕ دەبێت.
خوان لێرەدا وەکو کرێکار و شاگردی چێشتخانەیەک ئازارێک، ناخۆشییەک، چەرمەسەرییەک دەگێڕێتەوە کە بەسەر خۆیدا هاتووە، ڕەنگە لە ژیانی هەمووماندا ڕووداوی زۆری سەمەرە و تراژیدییانە ڕوویان دابێت، بەڵام ئەوەی گێڕانەوەکەی خوان لە گێڕانەوەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەو ڕۆحی گاڵتەکردنەیە بە ئازار و نەهامەتییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی یادەوەری و ڕووداوە ناخۆشەکانە بە پێکەنین. خوان بەوە ناڕووخێت کە دەردەکرێت، هەرچەندە دەزانێت دەرکردنەکەی بێ ئیش و بێ نان و بێ حاڵی دەکات و سەرگەردان دەبێت، هێزی ئەم نەڕووخانەشی لە پێکەنینەکەیەوە وەرگرتووە، پێکەنینێکی ژیندۆستانە، پێکەنین بە ڕووی بەسەرهاتێکی تراژیدیدا کە خەریک بووە بێ ئومێدی بکات لە ژیان. دەزانم ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەوەی خوان کردوویەتی گەمژەیییەکی تەواوە، بەڵام دەمەوێت ئەم بیرکردنەوەیەتان بە زوویی بقۆزمەوە و بیکەمە بەهانەیەک بۆ باسکردن لە پەیوەندی نێوان گەمژەیی و پێکەنین.
گەمژەیی و پێکەنین
دەروونناسیی نوێ گەمژەیی بە زۆر باردا پێناسە کردووە، ئێمە لێرەدا لە هیچ کام لەو پێناسانە ورد نابینەوە، تەنها لەوە نەبێت کە گەمژەیی وەک خەسڵەتێک لە خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەبینێت و پاڵپشتی ئەو تێگەیشتنە دەکات کە هەر کەسێک لە ئێمە بەڕادەی جیاواز و لە ساتگەلی جودا جودادا گەمژەبوونمان دەسەلمێنین و دەرخستنی هەر بڕێک لەو هەڵسوکەوت یاخود قسە ناتەبایانە بە عەقڵ، دەوروبەر و زۆرجاریش خۆمان دەهێنێتە پێکەنین. واتا پێکەنین بەشێکی هەرە زۆری پەیوەستە بە دەرکەوتنی نیشانەی ئەو هەڵسوکەوت و قسانەی کە ئێمە بڕوامان وایە دەبێت بە شاراوەیی بمێننەوە و نەکرێن. هەموو ئەو بیروباوەڕە کۆنانەی کە مرۆڤ بە درێژاییی مێژوو تەبەنی کردوون، داوایان لێ کردووین لە هەمبەر هەڵسوکەوت و قسەکانمان هوشیار بین، تاوەکوو نەبینە بابەتێک بۆ پێکەنینی ئەوانی تر. بۆیە مرۆڤ بە گشتی حەز دەکات جدی و ژیرمەند دەربکەوێت و هەموو خەسڵەت و ڕووکارێکی گەمژانە لە خۆیدا بسڕێتەوە، یان لانی کەم سەرکوتی بکات. ئێمە کە کەسێک دەبینین هەڵسوکەوتێک ئەنجام دەدات یان قسەیەک لە زاری دێتە دەر و دەرخەری ڕووه گەمژانەکەی مرۆڤە، پێی پێدەکەنین. ئەم پێکەنینە لە ڕووکەشدا وا دەبینرێت کە لە پێناو ڕەتکردنەوەی بوونی ئەو خەسڵەتەیە لە خۆماندا و ئەوە ئەو کەسەیە کە کارێک یان قسەیەکی کردووە و بۆتە گاڵتەجاڕی ئێمە، بەڵام لە ڕاستیدا پێکەنینەکە لە ناخدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرسامبوونمان بەو لێکچوونەی کە لە نێوان خەسڵەتە کپکراوو سەرکوتکراوەکەی ئێمە و خەسڵەتە دەرخراوەکەی بەرامبەردایە. دواجار گرنگە بزانین پێکەنینی ژیندۆستانە بڕێک لەو پەیوەندییەی لە خۆیدا هەڵگرتووە.
بۆ ئەوەی هیچ هەڵە تێگەیشتنێک دەربارەی شکۆی ئەکتەرە کۆمیدی و مرۆڤە قسەخۆشەکان دروست نەبێت، دەبێت باس لەوە بکەین کە مرۆڤانی قسەخۆش و ئەکتەرانی کۆمیدی لەوەدا لە نێو کۆمەڵدا ڕێزلێگیراوترن کە تاکوو ئێستا تەنها خۆیان وەک ڕۆڵگێڕ و گێڕەرەوە پیشان داوه و خۆیان نەبوونەتە بابەتێکی واقیعی بۆ پێکەنین. کۆمەڵگە و دەوروبەر کە به قسه و کردارەکانی ئەمان پێدەکەنن لەبەر ئەوەیە کە دەزانن ئەمان بکەرە ڕاستەقینەکانی کردە کۆمیدییەکان نین، هەر ئەمەشه وای کردووە کە هەم شکۆدار بن و هەم ڕێزلێگیراو، بە پێچەوانەی بکەرە ڕاستەقینەکانەوە کە هەم سەرکۆنە دەکرێن و هەمیش سووکایەتییان پێ دەکرێت، چونکە بکەرانی ڕاستەقینە لە ناو واقیعەوە کردەکان ئەنجام دەدەن و کاردانەوەکانیش واقیعی دەبن، بەڵام گێڕەرەوە و لاساییکەرەوەکان لە ڕۆڵگێڕاندا بەر ئێمە دەکەون و خەسڵەتە کۆمیدی و گەمژانەکەی مرۆڤمان بیر دەهێننەوە. مرۆڤ دەبێت دەستبەرداری ئەم ژێستی گاڵتەجاڕی و سووکایەتیپێکردنەی خۆی بێت لە هەمبەر بکەرە ڕاستەقینەکان و ئەوانیش وەک کەسانی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز ببینێت، بزانێت ئەوەی وەک کردەیەکی کۆمیدی لە هەر چرکەساتێکدا دەردەکەوێت، بەشێکە لە بوونی کپکراوی ئێمە و دەشێت ئێمەش ڕۆژێک ببینە دەرخەری کردەیەکی لەو جۆرە.
مرۆڤ بۆچی پێدەکەنێت؟
ئەمە پرسیارێکی لاستیکییە و بە زۆر شێوە دەکرێت وەڵام بدرێتەوە. مرۆڤ کاتێک ژیان دەست دەنێتە بینەقاقای و بڕستی لێ دەبڕێت، هیچ هێزێک جگە لە پێکەنین ناتوانێت بە هانایەوە بێت و لەو دڵتەنگی و نائارامییەی کە تێی کەوتووە ڕزگاری بکات. گرنگ نییە مەودای نێوان غەم و دڵخۆشی چەنێکە، ئەوە گرنگە کە داخۆ لە چ شوێنێکدا ئیدی پێکەنین بواری بۆ دەڕەخسێنرێت وەک هێزێکی کاریگەر دژ بەو دۆخە تراژیدییەی کە تێی کەوتووین دەربکەوێت. مەرج نییە پێکەنین و دەرکەوتنی ددانەکان بۆ خۆی ئاماژەی گەیشتن بێت بە دڵخۆشی و بەختەوەری، ئاخر زۆرجار پێکەنین دەبێتە دەرچەیەک بۆ هەڵهاتن لەو بارە قورس و گرانەی غەم دەیخاتە سەر شانی مرۆ، نەک هیچ شتێکی دی. بەڵام خۆ ئەگەر ئیشی پێکەنین هەر بە تەنها بریتی بێت لە داگرتنی ئەو بارە قورسە لە سەر شانی مرۆ، ئەوا هێشتاش دەکرێت پێکەنین وەک ئاماژەیەکی ڕوونی ڕێنوێنی بەرەو بەختەوەری وێنا بکەین و ستایشی بکەین.
میلان کۆندێرا لە کتێبە گرنگەکەی خۆیدا: (پێکەنین و لەبیرچوونەوە)، زۆر بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک پێدەکەنین واتا ئێمە بە قووڵی دەژین و دەمانەوێت بژین؛ دەمانەوێت بە پێکەنینێک هەموو ئەو سەختییانەی کە هەیە لەبیری خۆمانی ببەینەوە، پێکەنین بۆ هەڵهاتن لە کێشەکان و لەبیرخۆبردنەوەیان، پێکەنین لە پێناوی بیرچوونەوەدا، ئەمە ڕوانگەی نەک بە تەنها کۆندێرا، بەڵکوو ڕوانگەی زۆرێک لەو بیریار و نووسەرانەشە کە باسیان لە پێویستی ئینسان بە پێکەنین کردووە.
ئەو دەمەی لە ژیانی هەر کەسێکمان ورد دەبینەوە، زۆر بە ڕوونی ئەوە دەبینین کە لە نێوان دڵتەنگی و بەختەوەرییدا پانتایییەکی فراوان بوونی هەیە و ئەم پانتایییەش بەشێکی گەورەی ژیانی مرۆڤی داگیر کردووە. کە باسی دۆخی دەروونی و کارکردە سایکۆلۆژییەکانی مرۆڤ دەکرێت، هێڵێکی ڕاست بە سەر پەڕەکانی ژیانیدا دەکێشرێت و دەکرێتە دوو بەشەوە، بەشێکیان بەختەوەری و ئەوی تریان دڵتەنگییە، وەک بڵێی مرۆڤ ناچار بێت هەمیشە سەر بە یەکێک لەم دوو دۆخە تایبەتییە بێت، ناچار بێت لە نێوان بەختەوەری و دڵتەنگیدا یەکیان هەڵبژێرێت؛ لە کاتێکدا بەشی هەرە زۆری سروشتی مرۆڤ دژ بەم دابەشکارییەیە! ژیانی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی کردار و گوفتارەکانێتی؛ ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕ و هەوڵە زۆر و زەبەندەکانێتی بۆ خۆبەرجەستەکردن لە نێو ژیاندا، هەر لەم ڕەنگدانەوەیەشەوە چرکەساتەکان و دۆخە تایبەتییەکەی دەروون دیاری دەکرێت، ئەم ڕەنگدانەوانەش بتەنێ پەیوەست نین بە بەختەوەری یان دڵتەنگییەوە بەڵکوو زێدەتر پەیوەستن بەو پانتایییە فراوانەی کە لە نێوان ئەو دوو دۆخە تایبەتییەدا ماوەتەوە. پانتایییەک کە پرە لە لێکدژی و ڕەوتاری هەڕەمەکییانە و لێیەوە ئاڵۆزی و پێچاوپێچیەکانی مرۆڤ خۆیان نمایش دەکەن.
لە ژینگەی مرۆییدا زۆرترین بوار بۆ تێکشکان و داڕمان، بێ ئومێدبوون و دڵتەنگی ڕەخسێنراوە و کەمترین هەل دراوەتە دڵخۆشی. ڕەخساندنی هەل بۆ دڵتەنگی پێناچێت بە تەنیا بەهۆی هەبوونی هێزگەلی جودا و زاڵی دژ بە ژیانەوە بووبێت، بەڵکوو لەوانەشە هەر لە بنەڕەتەوە ژیان بۆ خۆی هەڵگری ئەم سیما ناهاوسەنگە بووبێت لە نێوان بەختەوەری و دڵتەنگیدا، پێدەچێت سروشتی ژیان خۆی وای کردبێت کە زیاتر دڵڕەقانە و فریودەرانە دەربکەوێت وەک لەوەی بەبەزەیی و خەندەلەخۆگر و ئومێدبەخشانە بێت. سڵکردنەوە لە پێکەنین خەسڵەتی هەرە دیاری هێزە دژە ژیانەکانە، خەسڵەتی سەرەکیی ئەو ڕێباز و بیروباوەڕە ترسناکانەیە کە ناخوازن مرۆڤ بە هیچ کڵۆجێ بێتەوە نێو ژیان و باوەش بە جوانییەکانی ژیاندا بکات، ناخوازن ژیان ببێتە مۆڵگەیەک بۆ چێژبینین و تیاحەسانەوە و ئارامبوون.
ئەو پێکەنینەی ژیان دەیەوێت
ڕەنگە ئەوەی کە ئەم دووە واتا ( پێکەنین و ژیان)م لەو چەند دێڕەی پێشووتردا پێکەوە گرێدا، بۆچوونێکی وەهای دروست کردبێت لای خوێنەر کە وابزانێت ئەوەی پێکەنی ژیان دۆستە و ئەوەی مڕومۆچ بوو کەسێکی دژ بە ژیانە! بیرکردنەوەیەکی لەم چەشنە بە هیچ جۆرێک خواستی ئەو پێکەوە گرێدانە نییە، چونکە پێکەنین تەنها یەک وەزیفەی نییە، بەڵکوو هەڵگری زیاد لە وەزیفەیەکە و بگرە هەندێک جاریش وەزیفەکەی دەبێت بە دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی خودی جوانییە باڵا و ڕاستەقینەکانی ژیان. ئەم فرە وەزیفەییە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە فرە جۆری پێکەنینەوە هەیە. پێکەنینیش وەک هەر کردەیەکی تری مرۆڤ چەندین دەرکەوتەی جودا جودای هەیە، لێ ئەوەی لە هەموویان گرنگتر و بە بەهادارترە ئەو جۆرەیە لە پێکەنین کە دەشێت بە “پێکەنینی ژیندۆستانە” ناوی بهێنین.
پێکەنین بەڕووی ژیاندا پێکەنینێکە لە قووڵاییی دڵەوە دەرهەق بە ژیان و ناڕەحەتی و ئازارەکانی نێوی و ئاوڕدانەوەیەکیشە بە ڕووی جوانی و ناوازەییەکانی ژیان خۆیدا. ئیشی ئەم پێکەنینە هەڵگیرساندنی شەڕێکی گەورەیە دژی هەموو ئەو هێز و بیرکردنەوە و ڕەوتانەی کە هانی مرۆڤ دەدەن دەستبەرداری جوانییەکانی ژیان بێت و خۆی ڕادەستی ڕووە تاریک و داڕماوەکەی ژیان بکات. مرۆڤ لە سەختترین کاتەکانیدا گەر بگەڕێتەوە لای ئەم جۆرە لە پێکەنین هەرگیز بۆ هەمیشەیی خۆی ڕادەستی بیرۆکەکانی پووچێتی ژیان و سڵکردنەوە لە چێژ و جوانیەکانی نێوی ناکات و کاتییانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. مانەوەی دەروون و ستایلی ژیانی مرۆڤیش بە ڕێکی و بەهادارییەوە پەیوەستە بە ڕادەی ئامادەبوونی ئەم جۆرە لە پێکەنین لە نێو پانتاییی ژیانی تاکەکەسی و کۆییانەیدا. ئامادەبوونی ئەم جۆرەیش لە پێکەنین پێویستی بە هێزێکی مەزن هەیە، ئەو مرۆڤانەی خودان ئەو هێزە مەزنەن هیچ کات سڵ لە چێژوەرگرتن لە ژیان و ژیانکردن بە واتای ڕووتی وشەکە ناکەنەوە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت ببێتە خاوەنی هێزێکی وەها بۆ هەمیشە؟ مێژووی چەرمەسەری و دەردەدارییەکانی مرۆڤ و بەرزی و نزمییەکانی دەروون و هەڵچوون و کاردانەوە سەیرەکانی، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بۆ هەمیشە ببێتە خودان پێکەنینێکی لەم چەشنە! ئەمە جێی نیگەرانییە بۆ کەسێک کە بەهای پێکەنینی ژیندۆستانە بزانێت و دڵنیاش بێت لە کاتیبوونەکەی، دڵنیا بێت لەوەی ئەم جۆرە لە پێکەنین کە هاوتای بەهێزترین چەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دەیانەوێت هیچ واتا و نرخێکی ڕاستەقینە بۆ ژیان نەهێڵنەوە. کەواتە خەسڵەتی هەرە سەرەکیی پێکەنینی ژیندۆستانە کاتیبوونەکەیەتی، بەڵام کاتیبوونێک بە هێزێکی زۆرەوە! ئەوەی بڕیار دەدات کە مرۆڤ تا چەندە ژیانێکی بەختەوەرانە بژێت؛ ڕادەی ئامادەبوونی ئەم جۆرە پێکەنینەیە لە نێو وێستگە جیاوازەکانی ژیانیدا نەک هیچ شتێکی تر. مرۆڤ کە بوو بە خاوەنی ئەو توانایەی لە سەختترین کاتەکانی ژیانیدا هۆیەک بۆ گێڕانەوەی ئەم جۆرە لە پێکەنین بدۆزێتەوە؛ ئەوا بێ دوو دڵی مرۆڤێکی بەختەوەرە. بەختەوەرە چونکە توانیویەتی سەرباری هەبوونی بڕێکی ئێجگار زۆر لە ناشیرینی و ئازار و نەهامەتی، هێشتا دەستبەرداری ڕووە گەش و جوانەکەی ژیان نەبێت. مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە پێبکەنێت و ناچاریش نییە بۆ ئەبەد بەرگەی ئازار و ناڕەحەتییەکانی ژیان بگرێت، بەڵام دەتوانێت لە زۆر چرکەساتی ژیانیدا پەنا بباتە بەر ئەم هێزە مەزنە و نەهێڵێت لەوە زیاتر بپڕوکێنرێت و تا ئاستی بەرەنگاری ویستی خۆکوژیش سوودمەند بێت لێی.
لە نێوان پێکەنین و ئاییندا
خۆرهەڵات کانگا و بنەچەی زۆرینەی ئایینە گەوره و ناسراوەکانی جیهانە، بە دەگمەن ئایینێک دەبینینەوە زادەی سەرزەمینی خۆرهەڵات نەبێت، ئایا ئێرە دێرینترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە؟ شوێنەوارناسی و پاشماوە شوێنەوارییەکان و ژیارە دێرینەکانی مێژوو، سەدان بەڵگەی بێ چەندوچوونیان پێداوین تا بێ هیچ سڵەمینەوەیەک وەڵامەکەمان بۆ پرسیارێکی وەها بەڵێ بێت. لە خۆرهەڵات یەکەمین شارستانیەتەکان بنیاتنران و مرۆڤ ماڵی پێکەوە نا و بوو بە شارنشین و نووسینی دۆزییەوە و یاساکانی داڕشت. لێرەوە ئەفسانە داڕێژرا و مرۆڤ بە پرسیارە سادە و ئاڵۆزەکانی خۆیەوە دەرگیر بوو، پاشان ئایینەکان پەیدا بوون و خەڵکانێکی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە. ئەم ئایینانە زۆر بە سانایی هەستان بە دەستکاری کردنی کۆی ڕوانینەکانی مرۆڤ و بەرەو ڕێکخستن و لەقاڵبدانی زیاتری کردار و گوڤتاریان بردن، ئیدی زۆر بە ئاسانی نەدەتوانرا پێناسەی هیچ کردە و گوتەیەکی مرۆ بکرێت گەر نەگەڕابایەنەوە بۆ ئەحکامەکانی ئایین.
پێکەنین وەک خەسڵەتێکی سروشتییانەی مرۆ، یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو دیاردانەی کە دەبوو ئایین ڕای خۆی لەبارەیانەوە دەربڕێت، ئەمەش بەهۆی ئەو کاریگەرییە فراوان و فرەڕەهەندەی کە لە سەر کۆمەڵگە و مرۆڤ هەیبوو. ئایین هەر لە دەستپێکەوە پێوستی بە کەسانێک نەبوو کە پێکەنین ببەخشنەوە و ژیان بە لاقرتێوە وەربگرن، بەڵکو پێویستی بە کەسانێک بوو کە جدی و بەئاگا بن و کەمترین بەرکەوتنیان لەگەڵ دونیای گاڵتەوگەپ و ناجدیدا هەبێت، گوایە بەمە لە شکۆدارییان کەم دەبێتەوە! ئەفسانەکانی دۆڵی دووئاوان و نیل و سەنەد، نووسینە بزمارییەکانی پێش زایین، پەیکەرە زۆروزەبەندەکانی شارستانیەتە دێرینەکان، پێکەوە گەواهیدەرن بۆ ئامادەگی بەردەوامی تووڕەییی گشت و سڵکردنەوەی لەڕادەبەدەر بەرامبەر بە پێکەنین! تەورات کە لە دۆڵی دووئاواندا نووسرایەوە و بەتەواوی کاریگەر بوو بەم شارستانیەتە تووڕانە، نەیتواینی لە هیچ سفرێکیدا، جێیەک بۆ پێکەنینی ژیندۆستانە بکاتەوە، وەک ئاوێکی ڕژاوی گەوران، ڕژا و بە دوویدا زۆرێک لە ئایینەکانی دواتر، پێیان تێدا خشاند!
پەیمانی کۆن لە چەندین جێدا باسی لە پێکەنین کردووە و وەک نیشانەیەکی باوەڕنەکردن بە قودرەتی ئیلاهی و پەرچووە ناودارەکانی لێکی داوەتەوە، بەڵام لە سفرەکاندا زۆر بە ئاسانی لکاندوونی بە پەیامبەران و خودای جووەکانەوە، هێندێک جار ئەوە پەیامبەر و دەنگە ئیلاهییەکەی نێو تەوراتە بزە دەیگرێ و پێدەکەنێت، هەندێک جاریش ئەوە دوژمنانی خودان دەیانەوێت لە ڕێی پێکەنینەوە، لە ڕێی گاڵتەپێکردن و لاقرتێوە تانە لە حیکمەتە ئیلاهییەکانی تەورات بدەن. ئەمە لە پەیمانی نوێدا دەبێتە جۆرێک لە سڵەمینەوەی ترسناک لە پێکەنین و تەنانەت لە هەندێک دۆخدا هێرشکردنە سەر پێکەنینیش. ئەوەی کە سارەی ئیبراهیم لە پەیمانی کۆندا پێدەکەنێت و بڕوا بەوە ناکات کە بەو تەمەنەوە بێتە دایک، لە پەیمانی نوێدا ئیدی ڕێ بەم جۆرە پێکەنینەش نادرێت، ئیدی پێکەنین دەبێتە خەسڵەتی دونیاویستەکان و ئەوانەی پشتیان کردۆتە خودا و وەک بێزراوییەکی نابەجێ پێناسە دەکرێت، جگە لە چەند دۆخێکی ئێجگار سنوردار نەبێت کە دواتر و لە لایەن کڵێساوە ڕێگەپێدانی بۆ کرا. هەرچەندە لە سەرەتاوە پیاوانی ئایینی مەسیحی دژ بە پێکەنین دەوەستانەوە، بۆ نموونە: قەدیس جیرۆم (347-420) کە یەکێک بوو لە ناودارانی کڵێسا و پیاوێکی ئاینی پایەداری نێو دونیای مەسیحیەتە، زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێکەنین هەڵسوکەوتێکە زۆر دوورە لە هەڵسوکەوتی مرۆڤی بڕواداری مەسیحییەوە، بەڵام دواتر لە لایەن قەشە ئۆگەستین و هێندێک زانای مەسیحی دیکەوە هەوڵدرا پلەپەندی بۆ پێکەنین بکرێت و ڕێگا بە چەند پلە و شێوازێکی پێکەنین بدرێت، بەو مەرجەی دژ نەوەستێتەوە لەگەڵ ئامانج و بنەماکانی کڵێسادا، لەگەڵ ڕێنسانس و دەستپێکی چاکسازییە ئایینییەکانیشدا، ئیدی واتاکانی پێکەنینیش گۆڕانی بەسەردا هات و کڵێسا داوای لە پیاوانی ئایینی و بڕوادارانی مەسیحی کرد تاکوو لە جەژن و بۆنە ئایینییە گەورەکاندا پێبکەنن، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو ڕێگا بە گێڕانەوەی بەسەرهات و نوکتەی پێکەنینهێنەریش درا!
لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا، پێکەنینیش واتا و دەلالەتەکانی گۆڕانیان بەسەردا هات، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەیی نەبوون، تێکەڵەیەک بوون لە دیدگا کۆنەکان و بڕێک ڕوانینی جودا و نوێ، ئایەتەکانی قورئان زۆر ئاماژە و گێڕانەوەیان تێدایە کە باس لە پێکەنین دەکەن، باسکردنی پێکەنین وەک ئاماژەیەکی گەورە بۆ سەرکەوتنی بڕوادار لە تاقیکردنەوەی دونیادا، یەکێکە لە خوێندنەوە هەرە جیاوازەکانی ئیسلام بۆ پێکەنین. مرۆڤی بڕوادار ناچارە بەرگەی ناڕەحەتی و نەهامەتی و تانە و تەشەری ناحەزانی ئایینەکەی بگرێت و خۆی لە چێژی قەدەغەکراو و لەزەتی حەرامەکان بە دوور بگرێت، تاکوو بتوانێت لە قیامەتدا پێبکەنێت و پێکەنینەکەشی مژدەی گەیشتنی بێت بە بەهەشتی ئیلاهی. بەڵام ئەمە تەنیا پێناسەیەکی ئیسلام نیە بۆ پێکەنین، بەڵکوو بە زۆر جۆری جودا و واتای جیاوازتر دەتوانین چەندین پێناسەی پێکەنین لە فەرموودەکان و کتێبە مێژووییەکان و توراسی ئیسلامیدا بدۆزینەوە، مێژووی ئیسلام پڕە لەو بەسەرهاتانەی کە نیشانەی ڕێگەدانن بە پێکەنین و ئەو هەڵسوکەوت و قسانەی کە مرۆڤ دەهێننە پێکەنین، هەرچەندە لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئیسلامدا پێکەنین زیاتر ڕێکخراوتر و مەرجدارتر بوو، بەڵام دواتر ئەم مەرجداری و ڕێکخستنە زۆرە وەکوو خۆی نەمایەوە، بە تایبەتی لە سەردەمی خەلافەتی ئومەوی و عەباسیدا.
هێزی گێڕانەوە؛ نوکتە، درۆ و پێکەنین
یەکەمین ڕێگا بۆ پێکەنین ئەوەیە کاتێک شتێکی پێکەنیناوی ڕوو دەدات و ڕاستەوخۆ دەیبینین و بەری دەکەوین، پێی پێدەکەنین ؛ بەڵام ئەی چی ئەگەر ئێمە خۆمان ئەو شتە پێکەنیناوییە نەبینین؟ ڕێگای دووهەم کە ئێمە بە زۆری لە ڕێیەوە پێدەکەنین، گێڕانەوەیە ( نوکتە)، کەسێک دێت و ڕووداوێک یان بەسەرهاتێکی کۆمیدی دەگێڕێتەوە و ئێمە دەهێنێتە پێکەنین. ئەو کەسە چۆن توانی بەبێ ئەوەی ئێمە خۆمان ڕووداوەکەمان بینیبێت بمانخاتە پێکەنین؟ بێگومان لە ڕێی گێڕانەوە و وێناکردنەوە. ئەم گێڕانەوە و وێناکردنەش گەر لە ئاستی بینینی یەکەمدا بێت و وەکو خۆی مابێتەوە سەرنجڕاکێش نابێت بۆ ئێمەی بیسەر، چونکە چێژی بینەربوونی ڕاستەوخۆ هەرگیز وەکو خۆی لە ڕێی گێڕەرەوە ناگوێزرێتەوە بۆ ئێمە، ئەی کەواتە من بۆچی زۆرجار زیاتر لە بینەرە ڕاستەوخۆکە پێدەکەنم؟!
شتێک کە وادەکا من لەو زیاتر پێبکەنم چێژی گێڕانەوەکەیە کە هێز و گڕوتینەکەی لە بینینە ڕاستەوخۆکە زیاترە، ئەمەش لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکوو بە هەوڵ و ئاگاییی گێڕەرەوە گەیشتۆتە ئەو ئاستە، گێڕەرەوە بۆ ئەوەی نوکتەکە بە چێژ بکات لە لای من پەنا دەباتە بەر درۆکردن و خستنە سەر و تەحریفکردنی ئەسڵی ڕووداوەکە، ڕووداوەکە وەک هەویرێکی لێ دێت کە ئەو بە ئارەزووی خۆی چۆنی بوێ بیشێلێت و ڕووکاری جیاواز جیاوازی پێ بدات. ئەم درۆکردنە گەر بە نیازی ڕازاندنەوەی بابەتێکی پێکەنیناوی بێت بۆ ئەوەی پێکەنیناویتر دەربکەوێت و قاقای لێ بکەوێتەوە، ئەوا نەک نابێت خاوەنەکەی سەرکۆنە بکرێت، بەڵکو گرنگیشە پەسن و ستایش بکرێت و ئەمەکدار بین بۆ ماندووبوونەکەی. بەڵام گەر ئەم درۆیە نیازی لەکەدارکردن و بێڕێزیکردن بێت بە شکۆی مرۆییانەی کەسێک و ترۆری کەسێتییانەی ئینسانێکی تر، ئەوا دەبێت لە بری پەسندان ڕەخنەی لێ بگیردرێت و وەک درۆیەکی زیانبەخش و نامرۆڤانە لێک بدرێتەوە. درۆ و خستنەسەر لە گێڕانەوەی بەسەرهاتە کۆمیدییەکان دەربهێنین چی لێ دەمێنێتەوە؟ گەر ئەم دووانە دەربهێنی ئەوا بەشی هەرە زۆری ئەو نوکتە و بەسەرهاتە کۆمیدییانەی نێو مێژوو کە تۆمارکراون، یاخود زارەکی گواستراونەتەوە، شتێکی ئەوتۆیان لێ نامێنێتەوە پێکەنین بخاتە سەر لێوی مرۆڤ.
کەواتە ئەو پەیوەندییەی درۆ دەبەستێتە پێکەنینەوە، پەیوەندییەکی ڕیشەداری مێژوویییە و کرۆکی نوکتە و بەسەرهاتە پێکەنیناوییەکانیشە. بەو پێیەی لەوەوپێش ئاماژەمان بەوەدا کە دەبێت ڕێز لەو کەسانە بگرین کە بێ هیچ شکۆشکاندنێکی مرۆیی خەندە و پێکەنین دەخەنە سەر لێومان و هۆکاری دڵخۆشییەکانی ئێمەن (هەڵبەت مەبەستمان لە شکۆشکاندنی مرۆیی لێدانە لە کەسێتی تاکێک و شکاندنەوەیەتی لە ڕێی گاڵتەکردن بە هەڵە و کەم و کورتییەکانی)، کەوابێت دەبێت ڕێز لەو کەسانە بگرین کە درۆ بە نرخی ڕاستی و بۆ دڵخۆشکردنمان دەرخواردی ئێمە دەدەن، بێ هیچ ویستێک بۆ شکۆشکاندن و تەنها لە پێناوی ئەوەی بگەینە دۆخی پێکەنینی ژیندۆستانە، دەبێت ئەوەش بزانین کە هیچ کەس ناتوانێت لە بری ئێمە پێبکەنێت، بەڵام کەسانێک هەن لە خستنە پێکەنینی ئێمەدا یارمەتیدەرن و گێڕەرەوەی بزە و خەندەن بۆ نێو ژیانی گشتی، ئەوان شایستەی ڕێز و پەسنی ئێمەن، نەک پلار و توانج، دواجار ژیان پێویستی بە پێکەنینی قووڵی ئێمەیە، بۆ ئەوەی چێژە ڕاستەقینەکەی خۆیمان پیشان بدات.
دۆڵۆزیش لەگەڵ نیچەدا پێدەکەنێت!
مێژووی جدیبوونی ئینسان، مێژووی سڵکردنەوە و خۆلادانی لە پێکەنین، بارتەقای کۆنینی پێکەنین خۆی کۆنە، لەمەشدا هەر لە ئاین و ئەفسانەکانەوە بگرە تا دەگات بە فەلسەفە هۆکاربوون و پێکەوە مێژوویەکی گەورەی ڕقهاتنەوە لە پێکەنینیان چێ کردووە. وەک بڵێی جدیبوون و باڵایەتی پێویستی بە وەدەرنانی پێکەنین هەبێت!
لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە فەلسەفە بە درێژایی مێژووی خۆی ئاوڕی لێ داوەتەوە و لە بارەیەوە دواوە، پرسی پێکەنین و کاریگەرییەکەی بووە لە سەر ژیانی تاک و کۆمەڵگەکان بە گشتی. هەر لە یۆنانی کۆنەوە بیگرە تا دەگاتە چاخەکانی ناوەڕاست و ڕێنسانس و ڕۆشنگەری و لەوێشەوە بۆ فەیلەسوفە ناودار و زیندووەکانی ئەم سەردەمە، بە دەگمەن فەیلەسوفێک دەبینینەوە گەر بە چەند دێڕێکیش بووبێت باسی لە پێکەنین نەکردبێت وەک خەسڵەتێکی دیاری ئینسان. بۆ نموونە: فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتۆن کە پێکەنین گرێدەداتە ئاکاری چینە نزمەکانی کۆمەڵگەوە و دژ بە فەزیڵەتی ئینسانی پایەبەرز دەیناسێنێت، هەروەها پێی وایە کە پێکەنین دەبێتە هۆی نەمانی ڕێزگرتن لە نێوان هاووڵاتییانی کۆمارەکەیدا، کاتێک دەست دەکەن بە گاڵتەکردن بەیەکدی و یەکتری دەکەنە بابەتێک بۆ پێکەنین. لە ڕاستیشدا بەشی هەرە زۆری فەیلەسوفان لەوەد دژ بە پێکەنینن کە خواستێکە زۆرجار پێ دەنێتە نێو گاڵتەپێکردن و بە کەم بینینی ئەوانی ترەوە، ئەمە ئەو خاڵە هاوبەشەیە کە فەلسەفە و ئایین لە سەری کۆکن، هەڵبەت بە جیاوازی نرخدانان بۆ پێکەنینی ژیندۆستانە لای فەیلەسوفان و سڵکردنەوە لە پێکەنین وەک دوورخەرەوەیەکی مرۆڤ لە باوەڕ و ئیمانە ڕاستەقینەکەی خۆی لە بەشێکی زۆری ئایینەکاندا.
بەڵام لە ناواخنی ئەم مێژووەوە، هەمیشە جۆرێک لە بەرگری و ستایشکردنی پێکەنینیش هەبووە، لەمەدا دەشێت فەیلەسوفێکی وەکو “نیچە” وەک نموونەیەکی باڵا ببینین، ئەو فەیلەسوفەی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێن ئاڵۆزترین پرسە فەلسەفی و وجودییەکانی بە تەنزەوە، بە بڕێکی زۆر لە گێڕانەوەی پێکەنیناوییەوە شی دەکردەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە دۆڵۆز دەربارەی خوێنەر و ڕاڤەکارانی نیچە وا بیر بکاتەوە کە ئەگەر لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکانی نیچەدا پێنەکەنن، کەواتە نیچەیان نەخوێندۆتەوە! ئەم دیدە نامۆیەی نیچە بۆ خودی فەلسەفە و پێکەنینیش، دیدێکە تاڕادەیەکی زۆر نامۆ بە فەیلەسوفانی پێشوو، هەر لە ئەفلاتۆنەوە بگرە تا دەگات بە هیگڵ و دیکارت و کانت و …هتد، نیچە پێکەنین ئاسایی دەکاتەوە و دەیبەستێتە ئەو وێنایەشەوە کە زۆر بە قووڵی بۆ دەستنیشانکردنی مرۆڤی باڵا کێشاویەتی، لە نێو ئاڵۆزترین پرسەکانەوە، دژ بە تراژیدییای بوون، نیچە ڕێک ئەوەی لە مرۆڤ دەوێت کە پێبکەنێت، پێکەنینێک دژ بە تراژیدیا!