بەڕوو حەزی لە کڵاوی زلە

“نەتەوەی شۆڕشگێڕ دەبێ تەقەی چەکی بێت، نەک تەقەی سەری یان تەقەی قوونی!”.

                                        باوک.

ئەم نووسینە لەسەر پۆستێکی ئینستاییی لاپەڕەی “کوردینووس”ە.

لە پۆستەکەی کوردینووسدا ئەم کۆپلەیەی خوارەوە هاتووە:

هەتا برین قووڵ بێتەوە

مەرگی چەقۆ نزیکترە…

وا دیارە شیعری “شێرکۆ بێکەس”ه

….

ڕەخنەی ئەدەبی:

(1)

سەرنجی ئەم زنجیرە داهێنانە بدە:

۱.  بە دەستی مشتکراو، تەوقە ناکرێت.(گاندی)

۲. دەستی وشک بە دیوارەوە نالکێت. (ئیدیەمی کوردی)

۳. دەریای گەورەی دوور

یان چاڵی بچووکی ئاو

فەرق ناکات

کە ڕوون بیت

ئاسمان لە تۆدایە.

(گەڕووس عەبدولمەلکیان)

۴. بەڕوو حەزی لە کڵاوی زلە. (باوک)

۵. سێ لەسەر چواری حیزب، لە حیز پێک هاتووە.(باوک).

٦. “There is no “I” in team but there is in win.” Quote by Michael Jordan

هیچ پیتێکی “I” لە وشەی team دا نییە، بەڵام لە وشەی  winدا هەیە.

۷. There’s no ‘I’ in team. There’s a ‘me’ though, if you jumble it up.” – Dr. Gregory House.

هیچ پیتێکی I لە وشەی  teamدا نییە، بەڵام ئەگەر هەڵی بشێوێنی، meیەکی تێدایە.

تەواوی ئەو بڕگانە لە یەک شتدا هاوبەشن. ئەو شتەش ئەمەیە:

هەموویان حوکمێک لەسەر دونیای بەرهەست و بەرچاو دەدەن کە بەردەنگ دەتوانێت بە بیرکردنەوە ڕاستیی ئەو حوکمەی بۆ بسەلمێت.

خوێنەر/بیسەر بیر لە تەوقەکردن دەکاتەوە و قبووڵی دەکات بە دەستی مشتکراو، تەوقە ناکرێت.

بیر لەوە دەکاتەوە دەستی لینج و چەور بە دیوارەوە دەلکێت، بەڵام دەستی وشک نالکێت.

بیر لە چاڵێک ئاو و دەریایەک دەکاتەوە کە ئەگەر زوڵاڵ بن، وێنەی ئاسمان دەکەوێتە ناویان.

بیر لە بەڕوویەک و جووتەکەی دەکاتەوە کە وەک کڵاوێکی زل تا ناوقەدی هاتووەتە خوار.

بیر لە وشەی حیزب دەکاتەوە و تێ دەگات سێ لەسەر چواری وشەی حیزب لە حیز پێک هاتووە.

بیر لە وشەی team دەکاتەوە و دەبینێ هیچ پیتێکی I تێدا نییە. بیر لە پیتەکانی وشەی team دەکاتەوە و تێ دەگات هەڵی بشێۆێنی دەکرێت meیەکی پێ دروست بکەیت.

بێجگە ئەوەی ئەو ڕیزە داهێنانە، هەرکام حوکمێکیان تێدایە کە بە سەرنجدان لە دونیای بەرهەست و بەرچاو دەکرێت ڕاستبوونی ئەو حوکمە بسەلمێندرێت، ئەو بڕگانە دەیانەوێت ڕاستیی ئەو حوکمە بەرهەستانە بۆ گواستنەوەی بیرۆکە و مانایەک بەکار ببەن.

ئەمە قاڵبی ئەو بڕگانەیە:

خستنەڕووی بیرۆکە یان مانایەک لە ڕێی حوکمێک لەسەر دونیای بەرهەست.

بیرۆکەی گاندی ئەمەیە بەبێ ئامادەیی بۆ سازان، ڕێککەوتن ناکرێت. ئەو بیرۆکەیە لە ڕێی حوکمی “بە دەستی مشتکراو تەوقە ناکرێت”، خراوەتە ڕوو.

بیرۆکەی ئیدیەمە کوردییەکە ئەوەیە بەبێ بەرتیل ناتوانیت نزیکی بەرپرسان ببیتەوە و کارت ببەیتە بەرەوە. کە ئەو بیرۆکە لە ڕێی ڕستەی “دەستی وشک بە دیوارەوە نالکێت”، دەخاتە ڕوو.

بیرۆکەی شیعرەکەی عەبدولمەلکیان “ڕەنگە” ئەوە بێت ئەگەر دڵپاک بیت، هەر کەسێک بیت، لە هەر پێگەیەکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی، هێشتا کەسێکی گەورەیت.

بیرۆکەی ڕستەی “هیچ پیتێکی I لە وشەی team دا نییە” ئەوەیە؛ لە کاری هاوبەشدا نابێت کەسێک بکوژ و ببڕ بێت و حساو بۆ کەسی تر نەکات.

ئەو قاڵبە (خستنەڕووی بیرۆکەیەک لە ڕێی حوکمێک لەسەر دونیای بەرهەست کە بکرێت بسەلمێت) قاڵبێکی زۆر باوە. لە هەر زمانێکدا سەدان شیعر و داهێنان و پەند و ئیدیەم لەو قاڵبەدا هەن.

هەر لە کوردیدا دەیان ئیدیەم لەو قاڵبەدا هەن. لە خوارەوەدا ڕیزێک لەو ئیدیەمە کوردییانەم هێناوە سەیریان بکە:

چەپڵە بە دەستێک لێ نادرێت.

چرا شەوقی بۆ ژێری خۆی نییە.

دار بەر دەگرێت، سەر دەچەمێنت.

کێوێک دەڕووخێت، کەندەڵانێک پڕ دەکاتەوە.

کەر بارەکەی شمشێریش بێت، گورگ هەر دەیخوات.

کەڵەشێریش نەخوێنێت، ڕۆژ هەر دەبێتەوە.

گوڵە ژاڵە جوان و ئاڵە، بەڵام تاڵە.

گەرما ئاوی سارد، دەخاتە برەو.

لای کوورەوە بیت، پریشکت هەر بەر دەکەوێت.

لە سایەی گوڵەگەنمێک هەزار گوڵە مرۆر ئاو دەخوات.

لە سەرخۆش بگەڕێیت، خۆی دەکەوێ.

لە قوڕ تۆز هەڵناسێت.

لە هەموو هەورێک باران نابارێت.

ماست تا نەیژەنیت، کەرە نادات.

مانگ لە چواردەیا، پەنجەی ناوێت.

مردوو بە شیوەن زیندوو نابێتەوە.

(2)

ئێستا داوا دەکەم جارێکی تر دەقی ناو پۆستەکەی کوردینووس ببینیتەوە:

تا برین قووڵ بێتەوە

مەرگی چەقۆ نزیکترە

وەک دەبینی ئەو بڕگەیە دەیەوێت ئەو قاڵبەی لە سەرەوەدا باسی کرا بە کار بهێنێت. ئەو قاڵبەی کە گوتم دەیەوێت لە ڕێی حوکمێک لەسەر دونیای بەرهەستەوە، بیرۆکەیەک بگوێزێتەوە. من ئەو قاڵبە ناو دەنێم “دەربڕینی سیمبۆلیستی”.

بەڵام ئەگەر سەرنج بدەیت، ئەو حوکمەی لە دەقەکەی شێرکۆ لەسەر دونیای بەرهەست دەدرێت، جێگەی سەلماندی نییە. هیچ وێنەیەک لە دونیای بەرهەستدا نییە کە بیسەلمێنێت “تا برین قووڵ بێتەوە، مەرگی چەقۆ نزیکترە”.

ئەو حوکمە بێسەروبەرە و ناکرێت وەک “بەڕوو حەزی لە کڵاوی زلە” یان “لە قوڕ تۆز هەڵناستێت” چاوی لێ بکرێت.

تەواوی ئەو ئیدیەم و داهێنانانەی لە سەرەوەدا هاتوون، ڕەواییی ئەدەبی خۆیان لەوەوە وەردەگرن کە خەریکن بیرۆکەیەک بە دەربڕینێکی سیمبۆلیک لە ڕێی ریزێک ئۆبژەوە دەردەبڕن. بەڵام لەو بڕگەیەی دراوەتە پاڵ شێرکۆ بێکەس بیرۆکەکە بە زۆر بەسەر ئۆبژەکاندا سەپاوە و ئۆبژەکان قبووڵیان نەکردووە.

ئا لێرەدایە فەرقی ئەدەبایەتی و داهێنان و خەیاڵی داهێنەرانە لەگەڵ نووسینی هەڕەمە دەردەکەوێت.

شێرکۆ بێکەس هیچ پەیوەندییەکی ناوەکی ماناگەیەنی لە نێوان چەقۆ و بریندا نەدۆزیوەتەوە، تەنیا خەریک بووە بیرۆکەی:

گوریس لە باریکیدا دەپچڕێت، زوڵم لە ئەستووریدا.

بە سەر بڕێک ئۆبژەدا سەپاندووە، بەبێ ئەوەی قایلییان بکات کە ئەو بیرۆکەیە دەرببڕن.

ئەگەر بڕیار بێت بە زۆر ئەو بیرۆکەیە بە سەر ئۆبژەکاندا بسەپێنین، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی ناوەکی بدۆزینەوە، ئەوە کارێکی ئاسانە. دەکرێت بۆ نموونە بڵێین:

کەر تا بەرزتر بسەڕێنێ، تۆپینی نزیکترە.

گورگ تا زیانی گەورەتر بدات، کوشتی نزیکترە.

با کە داری گەورەی خست، لە نیشتنەوە دایە.

دەبینیت ئەمانە هەروەک بڕگەکەی شێرکۆ بێکەس ــ چون دۆزینەوەیەک و خەیاڵێکیان تێدا نییە ــ ناکرێت بە ئەدەبیان بزانین.

وەک کۆتاییی ئەم بەشە بڵێم بەدەر لە ئەدەبیبوون یان نەبوون، شێرکۆ ئەگەر بە جێی “مەرگی چەقۆ”، شکانی چەقۆی بەکار بهێنایە، لانیکەم بڕێک ڕێزی لەو ژێستە و گەماڵتاوەی خۆی دەنا کە بۆ دەربڕینی سیمبۆلیستی گرتبووی و هێنابووی.

ئەوەی کە لە دەربڕینێکی سیمبۆلیستیدا مەنتقی ناوەکیی دونیاکە ڕەچاو نەکەیت ــ بۆ نموونە نەڵێی شکانی چەقۆ، بڵێی مەرگی چەقۆ ــ نەخۆشییەکە کە تەواوی شیعرە بە ناو سیمبۆلیستیەکانی شێرکۆ بێکەس بە ژێرییەوە دەنقێنن.

نموونەیەکتان نیشان بدەم. سەرنجی ئەم شیعرەی شێرکۆ بێکەس کە لە خوارەوەدا دێت، بدەن:

ئەگەر

خۆ ئەگەر قەلەڕەشکەی مێ

وەکوو نەورەس

عەباکەی فڕێ بدات و

چۆلەکەی دایکە

لە دەنووک ئاژنی چۆلەکەی باوکە

یاخی بێ و

حاجی لەق‌لەق

یەک حاجی ژنی هەبێ

نەک چوار و..

ئەگەر تەوارەکان

وەک هەڵۆکان

ئەوانیش بە شەو بێنە دەروەو

کلیلی درگای حەوشە

بە خۆیان بێ و

ماکەوەکان..

بە دڵی خۆیان شوو بکەن و

بە زۆر نەیاندەن بە نێرەکەوە پیرەکان

ئەو ساتە ئیتر

ئاسمان و فڕین

لە شیعری مندا

زۆر جوانتر ئەبن..!

بێکەس لێرەدا دەیەوێت بیرۆکەیەکی فێمینیستی بە شێوەیەکی سیمبۆلیستی و لە ڕێگەی دونیای بڕێک باڵندەوە دەر ببڕێت. بەڵام وەک دەبینن خەیاڵی شاعیر کورتی دەهێنێت و ناتوانێت مەنتقی ناوەکیی شیعرەکە کە گواستنەوەی بیرۆکەیەکی ژنپەروەرانەیە لە ڕێی دونیای باڵندەکانەوە ڕەچاو بکات و بەردەوام لە نێوان دونیای مرۆڤ و دونیای باڵندەدا قولقولان‌ دەکات.

لە بڕگەیەکدا دەڵێت:

 چۆلەکەی دایکە لە دەنووک ئاژنی چۆلەکەی باوکە، یاخی بێت

لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت:

ئەگەر قەلەڕەشکەی مێ/وەکوو نەورەس/عەباکەی فڕێ بدات

دەپرسم “عەبا” کە سەر بە دونیای مرۆڤە، لە دونیای باڵندەکاندا چی دەکات؟ یان باس لە گاڵتەجاڕیی کلیلی حەوشە بە دەست تەوارەکانەوە بکە!

دەپرسم ڕەواییی ئەدەبی هێنانی ئەو باڵندانە چییە، کاتێک خەریکن بە مەنتقی دونیای مرۆڤ هەڵسوکەوت دەکەن؟ شاعیر ئەگەر به جێی تەوار و هەڵۆ، ژن و پیاوی، بهێنایە سەنگین و سەلارتر نەبوو؟

ئەو دەقە بێڕێزییە بە کورد، بە ژنی کورد، بە خوێنەری کورد، بە فێمینیزم و سیمبۆلیزم، کە پێم وایە دوو دانەی ئاخریان حەیفن. بە تایبەت فێمینیزم کە دروستە لە کوردستان کەودەنەکان خاوەنداری دەکەن، بەڵام لە وڵاتانی تر بەشێکه لە مێژووی فەلسەفە.

ئەگەر کرا ئەم باسە لە وتارێک بە ناوی “سیمبۆلیسمی شەق‌وشڕی شێرکۆ بێکەس”دا درێژە دەدەم. تا ئەو کاتە داوا دەکەم سەرنجی ئەو دەقە بەرزەی گۆران بە ناوی “یادی پیرەمێردی بوێژ” بدەیت و ورد ببیتەوە چۆنچۆنی گۆران ڕووەکێکی وەک گوڵە‌ هێرۆ لە ڕێی تایبەتمەندییەکانییەوە وەک سیمبۆلی جۆرێک مرۆڤ بەکار دەهێنێت.

ئەمە بەشێکی شیعرەکەی گۆرانە:

لە ناو هەزار و یەک گوڵا،
من هێرۆم زۆر چۆ بە دڵا؛
کە پاش ئەوەی بەهار پیر بوو،
بە دڕک و پووش هەرد داگیر بوو،
گوڵی هێرۆ،
گورج لەسەر بنجی سەربەخۆ،
سپی و سوور هەڵئەکا بەیاخ،
دڕک و داڵ ئەگێڕێ بە باخ!
پاش بەهارێ،
کاتێک: ڕۆژی لای نیوەڕۆ
دەرزیی داخی لێ ئەبارێ،
ڕێبوار تک تک ئەتوێتەوە
لەوکاتەدا گوڵی هێرۆ
لە ناکاو ئەشەکێتەوە،
سرنجێک ئەگرێتە ڕێ و بان:
فێنک وەک ئاو، وەک بای کوێستان!
هێرۆم بۆیە لا پەسەندە:
لەسەر ڕەگێکی قووڵ بەندە
بەسەر دڕکی ژینا زاڵە،
تا ئەمرێ، سەر لقی ئاڵە.

فەرقی دەقەکەی گۆران ئەوەیە؛ تایبەتمەندییەک دەداتە پاڵی هێرۆ کە گوڵی هێرۆ بۆ خۆی هەیەتی. بەڵام شیرکۆ شتانێک دەداتە پاڵ ئۆبژەکان کە له ڕاستیدا ئەو تایبەتمەندییەیان نییە. ئەم بە سەردا سەپاندنەی شێرکۆ دەقەکەی لە ئەدەبایەتی دەکات.

ڕەخنەی نائەدەبی:

تا ئەو شوێنەی من دیبووم ۲۲۰۰ کەس ئەو پۆستەی کوردینووسیان لایک کرد بوو، چەند کەسیش کۆمێنتیان بۆ دانابوو. کەسیش کێشەیەکی تەکیدا نەبوو.

ئەو دوو هەزار کەسە چون زەحمەتیان بە خۆیان داوە و ڕێنووسی کوردی فێر بوون،  پێ دەچێت خۆیان بە ئلیت و دەستەبژێری کۆمەڵگا بزانن. ئەوانە کوردی ئاسایی نین!

من کاتێک ئەو بڕگەیەی شێرکۆ بەراورد دەکەم بە ئیدیەمێکی کوردی، ئیتر جێگەی ئەوە نامێنێت کەسێک ناشارەزاییی خوێنەر بکات بە پاساوی نەتفینەوەی ئەو نووسراوەیە. چون ئەگەر خەڵکی ئاسایی تواناییی تێگەیشتن و چێژبینین لە قاڵبی “له قوڕ تۆز هەڵناسێ”یان نەبوایە، نەدەبوو بە بەشێک لە زمان و بڵاو نەدەبووەوە.

خەڵکی ئاساییش دەبێت بڕگەی “تا برین قووڵ بێتەوە، مەرگی چەقۆ نزیک‌ترە” بتفنەوە، بەڵام کە نایتفنەوە مانای ئەوەیە گەمەی خوێندنەوەی کوردی، گەمەیەی هۆشیارانە نییە.

پرسیار ئەمەیە چی بەسەر کورددا هاتووە، ئلیتەکەی! تەپاڵەیەکی ئەدەبی ناتفێتەوە و وەک داهێنان وەری دەگرێت؟

لە وتاری “داهاچوو”دا باسی ئامادەییی ڕێوڕەسمی و ئامادەییی ئایینیم کردووە، وەک دژی ئامادەییی هۆشیارانە ناوم بردووە.

کارەسات نییە نەتەوەیەک لە قۆناغی خەبات و تێکۆشاندا هێندە خەواڵوو بێت؟ خەبات و ناهۆشیاری چۆن پێکەوە دەبن؟

من دەزانم بیرۆکە و ناوەڕۆکێک کە ئەو بڕگەیە دەیگوێزێتەوە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات گرنگە، بەڵام ئاخۆ ئەمە ناکاتە ئەوەی بڵێین، ئێمە هێندە کوردپەروەرین لە پێناوی کورددا کەودەن دەبین؟! لە پشت ئەو کاردانەوەیە ئەو هەڵە تێگەیشتنە هەیە کەوا دەزانێت ئەگەر تەقەی سەرمان بێت، هێندەی تەقەی چەک داگیرکەر دەترسێنێت.

ئەمە بوو هۆشیاریی نەتەوەیی؟ ئەم ناهۆشیاری و خەواڵوویی و ئامادەییی ڕێوڕەسمییە وەک هۆشیاری نەتەوەیی بە خۆتان و خەڵک دەفرۆشنەوە؟

ئەمە هەر لە ڕەگەزی گاڵتەجاڕیی ئەو کابرا نییە کە نوێژی دەکرد شەقی لە پشیلەکە هەڵدا و گوتی کاتێ نوێژ ئەکەم خوایش ناناسم!

هەست ناکەن بە دەم هۆشیاریی نەتەوەییەوە لە گوێی گادا دەخەون؟

شیعرێکی پەشێو هەیە دەڵێ، کوردستان له سەری ئەسپێک دەچێت. فەرق چییە لە نێوان ئەوەی بە سەر سەری ئەو ئەسپەوە گا بە گون دەناسێت، لەگەڵ ئەوەی بە سەر سەری ئەو ئەسپەوە لە گوێی گادا نووستووە؟ کامیان زەرەری بۆ کورد زۆرتره؟ ئەوەی کورد بە هەند وەرناگرێت یان ئەوەی گێلانە و ڕێوڕەسمی بە هەند وەری دەگرێت؟

هۆشیاریی نەتەوەیی بە جێی ئەوەی زیتەڵتان بکاتەوە، سڕی کردوون.

گرنگە بپرسین کورد بۆ بەدەم هۆشیارییەکەیەوە خەواڵووە؟

یەکێک لە هۆکارەکان ــ لە ڕوانگەی منەوە ــ ئەوەیە کورد هێشتا بە دەستێکی ڕەخنەگرانە بژاری مێژووی سیاسی و ئەدەبی خۆی نەکردووە. ئەوەیە دەبینی هەموو گێلیی ئەو مێژووە وەک میرات بۆ ئەم نەوەیە ماوەتەوە.

بابەتێک کە سەرنجم ڕادەکێشێت بابەتی گێلییە وەک میرات. نابێت بهێڵین گێلیی کوردی ئێستا و کوردی ڕابردوو، وەک میراتی بەرز و ڕاستەقینە بە نەوەکانی داهاتوو بفرۆشرێتەوە.

دەبێت مێژووی سیاسی، مێژووی ئەدەب و مێژووی زمانی کوردی بژار بکرێت. باش و بۆشی لێک بکرێتەوە.

ئەو ۲۲۰۰ کەسە تەپاڵەیەکی ئەدەبیان پێ ناتفێتەوە، چون چەند هەزار لاپەڕە دەقی بێسەروبەریان وەک میراتێکی بەرزی ئەدەبی بە سەرەوە ساخ کراوەتەوە.

ئەو ساغکردنەوەیە زۆر ئاسان بووە. پێ ناچێ پەنجا وشەی تێ چوو بێت. بە کورد گەیەنراوە کە شێرکۆ بێکەس فڵان خەڵاتی بردووەتەوە، فیسار کەس پێی گوتووە ئیمپراتۆری شیعری دونیا، وەزیری ڕەوشەنبیری بووە.

تاکی کورد هەر بەو سێ ڕستە، بووە بە شڕەگری ئەو میراتە شەقوشڕە و ئەو دەقانە وەک میراتێکی بەرز، بە سەریەوە ساغ کراونەتەوە.

هەر ئەم پرۆسە سادەیە، بۆ ئایینەکانیش ڕوو دەدەن. منداڵێکی چوار، پێنج ساڵان بە چوار لێکدراوی وەک “خوا گیان” و “پێغەمبەر گیان” میراتێکی هەزار ساڵەی لە کۆڵ بار دەکەن.

کورد ئەگەر دەیەوێت سەربەرز و زیندوو بژیت، نابێت بهێڵێ گێلی ببێت بە میراتی. دەبێت بیشزانێت گێلی لە قاڵبی زمان و کتێبدا مۆمیاییی دەکرێت و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.

کورد نابێت لە هەمبەر کتیبی کوردیدا کەمتەرخەم بێت. کتێبی کوردی زۆرینەیان مۆمیایی‌کردنی گێلین. لە داهاتوودا لەسەر ئەم مۆمیاییکردنی گێلییە، هەمتر دەنووسم.

وەک کۆتاییی کۆتایی:

کورد دەڵێن لەو شوێنەی ئاو هەیە گڵ نییە، لەو شوێنەی گڵ هەیە ئاو نییە! هیچ ئەونە ئازاردەر نییە پەیجێک ببینی کۆڵێک زەحمەتی کاری گرافیک بکێشێت، کەچی هەمووی خەساری بابەتی بێبایەخ بکات.

زۆربەی پەیجە کوردییەکان بە کوردینووسیشەوە ئەو کێشەیەیان هەیە. بەشی زۆری کاریان گرافیکی بە خەسار چووە!