فەلسەفەی ڤیتگنشتاین
هەڵوەشانەوە و بونیادنانەوە
(لۆدڤیگ جۆزێف یۆهان ڤیتگنشتاین 1889-1951) فەیلەسوفى نەمساوى هەڵگرى ڕەگەزنامەى بریتانى، جوولەكە ئایین، بە یەكێك لە گەورەترین فەیلەسوفانى سەدەى بیستەم دەژمێردرێت، نووسینەكانى لەنێوان هەردوو جەنگى جیهانیدا شۆڕشێكى گەورەى لە فەلسەفە و فەلسەفەى زماندا نایەوە، لە بوێریدا بە سوكرات ناس دەكرێت. سەرەڕاى شێوازە ئاڵۆزە نیتشەوییەكەى توانى بیركردنەوەى فەلسەفییانە و ڕێگاى مامەڵەكردن لەگەڵ مەسەلە فیكرییەكان بگۆڕێت، چونكە لاى ئەو ئەركى فەلسەفە نییە جیهان بگۆڕێت، یان ڕاڤەى بكاتەوە، بەڵكوو ئەركى فەلسەفە ئەوەیە (شت)ەكان وەك خۆى بە ڕوونی ببینێت و ڕۆشنایى بخاتە سەر بیركردنەوە. ئەو بیركردنەوە (راسل)ییە، پێماندەڵێت فەلسەفە دیاریكردنى ئەوەیە كە دیارى دەكرێت و ناتوانرێ بگوترێت. كەواتە ئەركى فەلسەفە بەرهەمهێنانى (دۆزە) فەلسەفییەكان نییە، بەڵكوو ڕوونكردنەوەیانە لە ڕووی زمانەوە.
(تراكتاتۆس)
پەیوەندیی زمان و جیهان
لە كتێبی (تراكتاتۆس- پەیامى لۆژیكى- فەلسەفى) ئامانجی ڤیتگنشتاین دیاریكردنی پەیوەندیی زمان و جیهانە. واتە چۆن دەكرێ بە شێوەیەكی ورد و لۆژیكی لە ڕێگای وێنەكێشراوەكانی جیهانەوە گوزارشت لە وێنە شیمانییەكانی زمان بكرێت. ڤیتگنشتاین دەیەوێ شیكارى چەمكەكانى (جیهان) و (زمان) بكات، جیهان بە نسبەت ڤیتگنشتاین دنیاى واقیعى یان بوونى دەرەكییە، بۆیە سەرەتا لە شیكردنەوەى جیهانەوە دەست پێ دەكات، چونكە پێی وایە بە شێوەیەكى لۆژیكى جیهان پێش زمان دەكەوێت. بەڵام دواتر لە زمانەوە شتە ئاوێتەكان شی دەكاتەوە و بەرەوە ڕەگەز و بنەما سەرەتایییەكانیان دەباتەوە و زمان بە سەرجەمى دەستەواژەكانییەوە دیارى دەكات. پێی وایە ئەوەى لە زماندا گوزارشت لە خۆى دەكات، ناشێ ئێمە لەمیانى زماندا گوزارشتى لێ بكەین، بەس دەتوانین بیخەینە ڕوو! بۆ نموونە (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) هەر یەكەیان وێنەن بۆ ڕاستییەكی دیاریكراو: یەكەمیان، وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوا دەكێشێ. دووەمیان، وێنەى ڕاستییەكی گەردوونییە. واتە زمان پەیوەندیى وێنەیە بە نیگارەوە، یان زمان پەیوەندیی وێنەی زمانەوانییە بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە، یان دەرەكییەوە. وێنەكان بیرۆكەن و لە زماندا خۆیان دەنوێنن، وێنەبۆكێشراوەكان دەرەكیین و لە جیهانەوەن. هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەوەى كە بیرۆكە و هزر هیچ نین، جگە لە دەستەواژەى زمانی پڕ واتا نەبێت.
بەڵام (لۆژیك) بنەماى فەلسەفەیە، لۆژیك زمانمان بە شێوەیەك دادەڕێژێت، كە شیاوى گوتن بێت، بەو مانایەش ئێمە و دۆزەكان دەكەوینە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە.. لۆژیك وەك پێویست لە دۆزەكان، یان بە گشتى لە زماندا ڕەنگ دەداتەوە، هەموو ئەوەى لە زمانیش ڕەنگ دەداتەوە، ناشێ زمان نوێنەرایەتییان بكات.

وێنە و نیگارەكێشراوەكان
(زمان و جیهان)
زمان وەك وێنەی شیمانەیی، ڕاستی وێنەكێشراوەكانی جیهان دەگەیەنێت، ڕستەكان ڕەنگدانەوەی ڕاستییەكانن، ڕستە وەك وێنەیەك وایە، كە بەشەكانی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بەیەكەوە گرێدراو بێت، وەك چۆن لە واقیعدا شتەكان بەیەكەوە گرێ دراون، كەواتە زمان لە واقیع دەچێت. ڕستەكان دەشێ ڕاست بن، یان درۆ، بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ واقیع دەگونجێن. ڕاستى پەیوەندیی وێنەیە بە وێنەكێشراوەكانەوە، ئێمە بۆ خۆمان وێنەى فاكتەكان دەكێشین (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) (خەڵكانێك بە جیهاندا گوزەر دەكەن) هەر یەكەیان وێنەن بۆ فاكتێكى دیاریكراو، بەڵام بونیادى وێنەكێشراوەكانی جیهان ئەو ڕێگایەیە كە ڕەگەزەكانى وێنەی كێشراو بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
كەواتە زمان، جیهان لە دۆزی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ پێكهاتووە، دۆزە پۆزەتیڤەكان وێنەى دنیاى كردەیى دەكێشن، بەڵام دۆزە نێگەتیڤەكان وێنەى واقیعێك دەكێشن كە شیاوى بوونە، بەو مانایەش دەكەوینە نێوان بوون و نەبوون. كەواتە جیاوازیی نێوان وێنە و وێنەی كێشراو ئەوەیە كە وێنەكێشراوەكان هەبوونن بە كردە، بەڵام وێنە شیانى هەبوونە بە كردە. بە مانایەكی دیكە جیهان بە كردە هەبوونە و زمان بە كردە شیانی هەبوونە.
ئەوەی جیهان دەرنەخات، دەبێ وسبەی لێ بكرێت
لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا كورتەیەك لە هەڵوێستی ڤیتگنشتاین لە بارەی پرسە میتافیزیك و ئایینییەكان دەبینرێت، نواندنی ئەو كورتە هەڵوێستە دەكەوێتە دەرەوەی وێنەگرتنی ڕاستییەكانەوە، ڕاستى (فاكتى) دۆزەكانى زمانیش لەسەر ڕاستى (فاكتەكانى) جیهان وەستاوە. بەو مانایەش ئەگەر فاكتێك بۆ حوكمدان لە ئارادا نەبوو، ئیتر دەكەوینە باری نە ڕاستی و نە هەڵەیی. (وەك میتافیزیك) نە ڕاستی و نە هەڵەیی تەنها بوونێكى زمانەوانی هەیە و وێنەى هیچ فاكتێك نانوێنێت، واتە هیچ پردێك بە واقیعی نابەستێتەوە. ئەوەش ئەو قسەیەمان بیر دەخاتەوە كە ئەوەى خۆى دەردەخات و فاكت دەرناخات، ناتوانرێت بگوترێت، ئەوەیشى ناگوترێت پێویستە بێدەنگى لێ بكرێت.
كتێبی تراكتاتۆس لەسەر بنەمای ئەو بیركردنەوەی سەرەوە، مشتومڕی میتافیزیكی ڕەت دەكاتەوە و جەخت لە پەیوەندیی زمان و جیهان دەكات. لێرەوە تەنیا تیۆرى وێنەكێشراوەكانی جیهان بەرز دەكاتەوە و وسبە لە فاكتە گوتراوەكانى زمان دەكات. هەموو ئەوەى كە ناشێ بیرى لێ بكەینەوە، ئەوەى كە ناتوانرێت گوزارشتى لێ بكرێت، ئەوەی كە وسبەى لێ دەكەین، میتافیزیكایە، بەو مانایەش تراكتاتۆس كتێبێكە لەسەر میتافیزیكا.
(پاش تراكتاتۆس)
لە ڕووی فەلسەفییەوە هەر دۆزێك، ئەزموون یان لۆژیك تێپەڕێنێ، بێ مانا دەكەوێتەوە. ئەگەرچى ڤیتگنشتاین سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ ناكات، بەڵام شیكردنەوەكانى زمانەوانییە، ئیتر لە پاش كتێبی تراكتاتۆس بیرۆكەی یارییە زمانییەكانی پێش دەخات، بەڵام نەك وەك ئەوەی زمان وێنەیەكی جێگیری جیهان بێت، بەڵكوو وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوە بێ لەگەڵ جیهان. وەك ئەوەی یارییەكی كراوە بێ بەسەر ئایین. ئەو دنیابینییە كۆمەڵێ ڕاڤەكردنی جۆراوجۆری بە ڕووی جیهان و ئایین و ئەزموونی ڕۆحی لێ كەوتەوە. ڕاڤەكردنی جۆراوجۆر چونكە هەموو چالاكییە مرۆیییەكان یاسای زمانەوانی جۆراوجۆری خۆیان هەیە. كەواتە مانا لە زماندا پشت بە چۆنێتیی بەكارهێنانەوە دەبەستێت و دەكەوێتە چوارچێوەی گەمەی زمانەوانییەوە، نەك چۆنێتیی جێبەجێكردنی بەسەر جیهاندا، هەر لەو ڕاستییەوە زمان لە یارى نزیك دەبێتەوە، بۆیە ڤیتگنشتاین هەرگیز لەگەڵ جێگیربوونی مانا نەبووە، پێی وابوو وشە هەڵگری مانای چەسپاو نییە. وشە مانا لەخۆ ناگرێ، بەڵكوو ئەوە ئێمەین پڕ ماناى دەكەین، وەك چۆن بیرۆكەی بوونی تاكە زمانێكی لۆژیكی یان ئایدیالی بۆ نوێنەراتیكردنی ڕاستییەكان، ڕەت دەكاتەوە. لەوێشەوە زمانی سادەی بۆ فەلسەفە پەسەند دەكات، بەو مانایەش ڕووكردنە لۆژیك واتە ڕووكردنە ڕوونی زمان، هەر لەوێشەوە لە ڕاستیى تێگەیشتن لە لۆژیكى زمانەوە ڕێگای بۆ زۆر لە كێشە فەلسەفییەكان دەدۆزێتەوە، كەواتە فەلسەفە تیۆری بونیاد نانێت، بەڵكوو گوزارشت لە كاركردنی زمان بە شێوەیەكی ڕوون دەكات.
فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكى زمان
تراكتاتۆس تا ئەو پەڕى ئەنتى ئەفلاتوون و ئەنتى فەلسەفەیە. دەستەواژەی فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكی زمان، خودی زمان بۆ كۆمەڵێك دۆز شی دەكاتەوە، بە دواى ئەو دۆز و نۆرم و ڕاستییانەدا دەگەڕێت، كە پەیوەندییان بە فیكر و واقیع و لۆژیك هەیە. دوای تراكتاتۆس لاى ڤیتگنشتاین زمان فیكرە، هیچ زمانێك بێ فیكر بوونى نییە، بەڵام لە بیرمان نەچێت فیكر بەرهەمى ئازادییە، چونكە خەیاڵ ڕابەرایەتى دەكات! كاتێك ڤیتگنشتاین پێیوایە زمان فیكرەكانمان بەرجەستە دەكات، ئەوە بەو مانایەیە، كە زمان ئازادییمان دەنوێنێ.
ڤیتگنشتاین لە قۆناغی تراكتاتۆسدا جەختی لە پەیوەندیی زمان و جیهان دەكردەوە، بەڵام لە قۆناغی پاش تراكتاتۆس جەخت لە خودی زمان دەكاتەوە، وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، كە پشت بە بەكارهێنانە جیاوازەكان دەبەستێت، هەر بەو مانایەش بیرۆكەی عەقڵ و ئاگایی سەربەخۆ دەخاتە دەرەوەی زمانەوە. لە كتێبى (لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان)دا دەڵێت: زمان قسان دەكات و خۆى ڕۆناك دەكاتەوە، یان ئازادیى خۆى دەخاتە ڕوو، ئەوە ئێمە نین ئەو ئازادییە بە زمان دەبەخشین، چونكە ئازادیی ئێمە بە تێگەیشتنى زماندا دەڕوات و تێگەیشتنی زمانیش هەر دەبێ بە زماندا بڕوات، هەر دەبێ زمان گوزارشتى لێ بكات، هەر دەبێ زمان ڕۆناكى بكاتەوە.
لە ڕووى فەلسەفییەوە شیكارخوازان سێ ئاراستەیان هەیە: یەكەم: ئاراستەیەك كە هەوڵ دەدات پراكتیزەكردنی چەمك و فیكرەكان بە شێوەی بەش بەش شی بكاتەوە. ئەوە ئەو ئاراستە دیالكتیكەیە كە سوكرات كارى لەسەر كردووە. دووەم: ئاراستەیەك كە مەعریفەكانى مرۆڤایەتى شی دەكاتەوە و دەیانباتەوە سەر كۆمەڵەى سادە و ڕەگەزى سەرەتایییەوە، وەك لاى جۆن لوك (فیكر كاغەزێكى سپییە) و دیكارت (زانستەكان سروشتین- یان لەخۆیانەوە هەن). سێیەم: ئاراستەیەك كە بە شیكردنەوەى ئەو دەستەواژانە هەڵدەسێ كە خاوەنى مەعریفەى جێگیرن (فەیلەسوفانى زانكۆى كمبردج- مۆر، ڕاسل، ڤیتگنشتاین، پۆزەتیڤیزمە لۆژیكخوازەكان و قوتابخانەى ئۆكسفۆرد).
زمان و ڕوونكردنەوەى زمان
پێویستە فەلسەفە و لۆژیك ڕاستى و ناڕاستیى زمان و پەیوەندیی زمان بە واقیعەوە دیارى بكات، وەك چۆن پێویستە فەلسەفە گرنگى بە گرامەرى زمان بدات. ڤیتگنشتاین پرنسیپى هۆكارئامێزانە ڕەت دەكاتەوە و پێیوایە ئێمە ناتوانین هیچ شتێك لە مەعریفەى شتێكى دیكەوە بە دەست بهێنین، بۆ نموونە ناتوانین بڵێین بەیانى خۆر هەڵدێت، بە هۆى ئەوەى بەردەوام هەڵدێت. هەموو هۆكارێك دەبێ پێداویستییەكى لۆژیكى لە پشتەوە هەبێت. بەمجۆرە فەلسەفەی ڤیتگنشتاین لە زمانەوە مشتومڕێكی هاوچەرخ و نەرم و نیان و تێگەیشتنێكی ناتەقلیدی لەبارەی زمانەوە خستەڕوو، زمانی ئازاد کرد لەو سنوورە تووندانەی کە فەلسەفەی کلاسیک و لۆژیکی فۆرماڵی بەسەریدا سەپاندبوو. زمانی وەک بوونێکی زیندوو و فرەچەشن و فرەجووڵە بە ژیانی مرۆڤەوە گرێدا.
ڤیتگنشتاین فەیلەسوفێکی ناوازە بوو، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان زمان و جیهان پێناسە کردۆتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی تەحەدای ئەو بناغە فەلسەفییانەشی کرد کە زۆر بیرۆکەی تەقلیدی لەسەر بنیات نراون. لە قۆناغی یەکەمدا دیدێکی تووند و ئایدیاڵی زمانی وەک ڕەنگدانەوەی وردی واقیع خستەڕوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا سنوورداربوونی ئەم دیدەی درک پێ کرد و پەرەی بە دیدێکی نەرمتر و مرۆڤدۆستانەتر كرد، کە زمان لە ڕێگای فرەیییەکەیەوە وەك کۆنتێکست و یارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێ.
ڤیتگنشتاین فێری کردین کە فەلسەفە تەنها بەدواداچوون نییە بۆ ڕاستیی ڕەها، بەڵکوو فەلسەفە دەتوانێ لە ڕێگای ڕوونکردنەوەی زمانەوە یارمەتیمان بدات باشتر لە خۆمان و جیهانەکەمان بگەین. وەك چۆن فەلسەفە بنیاتنانی تیۆری نییە، بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزییە فیکرییەکانە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی زمانەوەیە.
زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر کۆچی دواییی ڤیتگنشتاین تێپەڕیووە، كەچی هێشتا کاریگەریی فەلسەفەکەی لەسەر بوارەکانی وەک زمانەوانی، دەروونناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، زانستی کۆمپیوتەر و تەنانەت توێژینەوەی ئایینی ماوەتەوە. لە کۆتاییدا فەلسەفەی ڤیتگنشتاین وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ توانای هزری مرۆڤ، بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، بۆ پرسیارکردن لەوەی کە پێمان وایە دەزانین. ڤیتگنشتاین ئاوێنەی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەردەمی خۆی تێپەڕاند و بوو بە هێمایەکی فیکری بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەولێر 31/1/2025