سەركەوتنی ڕووتی زمان
دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
بە چاوێكی پڕ لە بیركردنەوە و هەست، چاوێك كە (زمان) وەك بوونەوەرێكی چالاك تەماشا دەكات، بوونەوەرێك كە پرۆسیسەی پرسیارەكانی بوون و خەیاڵەكانی داهێنان و ئاگری بەرهەمهێنانەوە و نووسین خۆش دەكات، سەركەوتنی ڕووتی زمان دەنووسم. كەواتە بیركردنەوە و پرسیاری ئەو نووسین و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانەوەیە لە پێگەی دال یان مەدلولدا كورت نابێتەوە، بە مانایەكی دیكە کتێبی (سەركەوتنی ئایین)ی (ژاك لاكان- وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی: محمد الحاج سالم- چاپی 2023) كتێبێكە ڕوو لە دەرەوەیە! واتە زمانی نووسین لای لاكان زمانێكی باو نییە، زمانێكی نامۆیە، دەرگا لە غەریبەكان، فەرهەنگەكان، گێڕانەوەكان، حیكایەتەكان واڵا دەكات.
ژاك لاكان لەو كتێبەدا هۆی سەركەوتنی ئایین بۆ سەرنەكەوتنی شیكردنەوەی دەروونی دەگەڕێنێتەوە. پێیوایە هەر لە سەرەتاوە ئایین بە دەوری مانادا دەخولێتەوە، ئایین مانا بەو شتانە دەدات، كە ڕۆژێ لە ڕۆژان شتی سرووشتی بوون. ئەوەش لە ئاییندا نیعمەتی خوایییە. بەڵام شیكردنەوەی دەروونی بۆ هەمیشە (سروشت/ ناسروشت- خودا/مرۆڤ) لێكجیا دەكاتەوە و مرۆڤایەتی دابەش دەكات. ڕووداوی ئەو دابەشبوونە مرۆڤ بۆ هەمیشە بە مانا فرۆیدییەكە و شیكردنەوەی دەروونی بە نوقسانی دەهێلێتەوە، هەر بەو مانایەش (زیگمۆند فرۆید) پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە (سەمپتۆم نەخۆشی نییە، نیشانەی نەخۆشییە) سەمپتۆم زەقبوونەوەی تێرنەبوونێكە لە ناو دەرووندا. بێگومان نەقسی فرۆیدی لای لاكان بە (درز) ناو دەبرێت، كەچی لای دۆلۆز ئەو چاڵ و درزە دەكەوێتە نێوان سەیروورە و جێگیربوون، یان گۆڕانی بەردەوام و داهێنانی بەردەوام. كەواتە شیكردنەوەی دەروونی خستنەڕووی نەخۆشییە. ئەوە بەشێكە لە نیگەرانییەكانی ژیاری، كە فرۆید لە كتێبی (نیگەرانییەكانی ژیاری) قسەی لەبارەوە دەكات.
رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ. بەڵام بۆچی دەڵێن شیکەرەوەی دەروونی لە بارێکدایە کە ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات؟ لاكان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیاوازی لەنێوان (فێركردن) و (حوكمكردن) دەخاتە ڕوو، پێیوایە ئەوەی دەبێتە جێی نیگەرانی چەمکی (فێرکردن)ە، واتە لە مانای فێرکردندا مرۆڤ دووچاری نیگەرانی دەبێتەوە، كەواتە وێناکردنەکانی مرۆڤ، یان مرۆڤ کێیە و ماھیەنی مرۆڤ چییە… ھەموو ئەوانە کێشەن. بەڵام (حوكمكردن) نیگەرانی ناس ناكات، حوكمكردن تەواو جیاوازە، بە ئەندازەی ئیمان! لە شیکردنەوەی دەروونیدا ئەگەرچی ھەرگیز نە حوکم دەوەستێ و نە فێرکردن، بەڵام ئایین لەسەر حوكمكردن وەستاوە! لە ئاییندا پرسیاركردن سنووری ئیمان تێناپەڕێنێ، شیكردنەوەی دەروونی سەر بە پرس و فێركردنە.
ئەو كتێبە ڕوو لە دەرەوەیە، لەو قسەوە دەمەوێ بڵێم ئەو كتێبە کورت نابێتەوە بۆ کۆ ئاماژە یان تێگەیشنێکی ئاڕاستەكراو و دیاریکراو. بەڵکو خۆی لە خوێندنەوەی خوێنەرە جیاوازەكانیدا بەرهەم دەهێنێتەوە. لەو كتێبەدا ژاك لاكان دەڵێت: تاکە شتێ کە دەکرێ لە دیدی شیکردنەوەی دەروونیدا، لە خۆیدا بە گوناح دابنرێ، وازھێنانە لە ئارەزووەکانی خۆت. بەو مانایەش گەڕانەوەی لاکان بۆ فرۆید گەڕانەوە نییە، بۆ گوتەکانی بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ نیازەکانی، بۆ شۆڕشی فرۆیدی و بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییەكان.
واقیع و ڕووتی
دەشێ سروشت و ناسروشت، مرۆڤ و خودا، لە ڕێگای دەستەواژەی ئەگەر ڕووتی نەبوایە مرۆڤ چۆن دەیزانی پۆشاک چییە، شی بكەینەوە. هەروەها دەتوانین بە ڕەنگێگی دیكە ئەو پرسیارە بنووسینەوە و بڵێین ئەگەر ئایین نەبوایە، مرۆڤ چۆن دەیزانی شیكردنەوەی دەروونی چییە؟
لەو خوێندنەوە و شیكردنەوەیەدا قسە لە چەمكی زانین و نەزانین ناكەم، هەڵبەتە ئەو كتێبە ڕوو لە دەرەوەیە، دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم ڕەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ، بەڵام ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات. كەواتە ئەو ململانێیە دەكەوێتە نێوان ئایین و شیكردنەوەی دەروونی، واقیع و ناواقیع، ڕووتی و پۆشاك.
شیكردنەوەی دەروونی بوونی ئایین ڕەت دەكاتەوە. ڕووتیش لە ڕێگای پۆشینەوە بوونی (نیعمەتی خوایی) ڕەت دەکاتەوە. بەو مانایەش شێوەی نێگەتیڤی ڕووتی (ئایین)ی لە (شیكردنەوەی دەروونی) و پۆشاکەوە مانا وەردەگرێ. کەواتە ئەگەر دەرککردن بە ڕووتی لە وەردەرنانی ئادەمەوە بێ لە بەهەشت، ئەوە ڕووتی لە گوناهەوەیە. بۆیە داپۆشینی ڕووتی، واتە دووركەوتنەوە لە گوناح، واتە داپۆشینی گوناح. بەم جۆرەش ناتوانین بگەینە بوونە هەرە پوخت و ڕیشەیییەکەی مرۆڤ تەنها لەو ماوە کەمە نەبێ، کە لە فیردەوس بووە! وەك چۆن لە واقیعدا شیكردنەوەی دەروونی ناتوانێ ئەو نیشانە، نەقسە، یان چاڵ و درزە… چارە بكات، تەنها لە ڕێگای داهێنانی بەردەوامەوە نەبێ. کەواتە بە مانا ئایینییەكە کاتێ مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو واقیع، ئیتر مرۆڤ بە گوناهەوە لكاوە. لە واقیعدا ئەسڵی مرۆڤ پیسە، گوناهبارە، نوقسانە، چاڵە. هەر بەو مانایەش كۆی پرسیارەكان لەوەدا كورت دەكەینەوە و دەڵێین: ئەگەر پۆشاک (نیعمەت) نەبێ مرۆڤ نازانێ نوقسانی چییە؟ بە مانایەكی دیكە دەشێ دەستەواژەی شیكردنەوەی دەروونی دەستەواژەیەکی ئایینی بێ، دژ بە ئایین.
هەڵسانەوە لە گوناح، واقیع، دووبارە بە دەستهێنانەوەی ئازادییە. بەڵام مرۆڤ لە دروستکردنیەوە ئازاد نەبووە، دەیەوێ ئازادی بەدەست بهێنێ. بەدەستهێنانی ئازادی لە ئاییندا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ! وەدەستهێنانی ئازادی لە واقیعدا داهێنانی بەردەوامی داهێنانە (ئیتر کە پەناگا نامێنێ، کە پەیوەستبوون نامێنێ ئازار، برسێتی، مردن…. دەست پێ دەکات).
من فرۆیدم، من زمانم
نەقسی فرۆیدی وەك لە شیکردنەوەی دەروونی و بە تایبەتی لاکان وەسفی دەکات، چارەکردنە بە زمان، قسەكردن، ئەوەش شیکردنەوەی بونیادی گوتارە لە ناوەوەدا، گوتار ئەو هێزەیە، کە وادەکات دیاردەیەک، یان تێکستێک مانایەکی تایبەت بە دەستەوە بدات، هەستێکی تایبەتی جێ بهێلێت. کەواتە گوتاری شیكردنەوەی دەروونی چارەی دەروونی لە ڕێگای زمانەوە دەكات، یان ئەو چارەكردنە بە زمان نەبێ، بە ھیچ شتی دی مەیسەر نابێت، زمان سەرچاوەی بوون و داهێنانی بەردەوامی مرۆڤە، بەو مانایەش زمان ناوەندیاری بەیەکگەیشتنی دنیای ناوەوەی مرۆڤ و دنیای دەرەوەیە. لە دیدی لاکاندا زمان بەیەکگەیشتنی (پێداویستی) و (ئارەزوو)ە، وەك کرداری ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیی نێوان ڕەمزی و واقیعی و خەیاڵی تەماشای دەكرێ، (واتە دەستبردن بۆ پێداویستی ژیان و تێرکردنی ئارەزووەکان و بەدیھێنانی خەون و خەیاڵەکان…)
بەڵام لە ڕێگای واقیعەوە، ھیچ کاتێ لە ئارەزووەکانی نەخۆش تێناگەین تەنھا لە ڕێگای زمانی قسەکردنەوە نەبێ، یان گوتنەوە نەبێ، کە ئارەزووەکان دەگۆڕێ بۆ پێکھاتەی مانای زمانەوانی و وشەکان زیاد لە مانایەک ھەڵدەگرن و دەبنە دەنگدانەوەی حاڵەتەکانی نەست و بە تایبەتی لە خەونەکاندا بە دەردەکەون، یان لە لادان و خلیسکانی زماندا. هەڵبەتە وەک دیارە لاکان بۆ شیکردنەوەکانی لەبریی چەمكی نەستی فرۆیدی، زمان بە کار دەھێنێ. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێ: نەست لە زمان ڕسكاوە.
من لێرە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی من فرۆیدم، من زمانم. سوودم لە كۆی بۆچوونەكانی لاكان وەرگرتووە، ئەگەرچی دەستەواژەی من ئەفلاتوونم، من حەقیقەتم، یان وەک لویسی شانزە و دەوڵەت، کە دەیگوت من دەوڵەتم، بیر دەخاتەوە. لەوێشەوە دەمەوێ بۆ شیكردنەوەی نێوان (نێر و مێ) بڵێم لە هەموو ئەوانەدا حەقیقەت نێرینەیە. نێرینە وەک (ڤالووس) كە لای وایە مێیینە وەک (سەتح، ڕوو-كار) دژ بە حەقیقەتە. مێینە، ڤالووسی نییە، کەواتە خەسیووە.
هەڵبەتە دوای هەنگاونان بەرەو ئایین بۆ نموونە (لە مەسیحیەتدا) حەقیقەت دوورتر دەکەوێتەوە، ئیتر (فەیلەسوف) چیتر جیهانی حەقیقەت نانوێنێتەوە، پیاوی ئایینی ئەو کارە بە بەڵێن دەکات، ئەوەش ئایدیایەکی زیاتر دڵرفێن و فریودەرە! لێرەوەیە (فریدریك نیتشە) دەڵێ ئایدیای حەقیقەت دەبێ بە مەسیحی، دەبێ بە ئافرەت، چونكە ئافرەت، ژن بەڵێنێکە بە پیاوان دەدرێ. ئەگەر لە واقیعدا ژن و پیاو گوناح نەکەن، یان گوناح بکەن و تۆبە بکەن، ئەوە لە دواییدا ئایین بەڵێنی بەیەکگەیشتنی هەتا هەتاییان پێ دەدا. هەر بەو مانایەیە نیتشە دەڵێ، کە ئایین دێ، چێژ لەناو دەچێ، شادی دوادەخرێ! کەواتە لە ئاییندا گوێڕایەڵی مرۆڤ (پیاو و ژن) بۆ (حوكم)ەكانی ئایین دواین فۆڕمی کاملی ئەخلاق و مێژووی فەزیلەتە. بەڵام نیتشە، گوێڕایەلی، گوناهباری، پاڕانەوە، زەلیلی هەموو ئەوانە بە ئەخلاقی کۆیلە دەزانێت. بەو مانایەش ئایین پەلاماری ڕەگی ژیان دەدا. شیكردنەوەی دەروونی زمان بە (فێركردن) و چارە دەزانێ.
بە کورتی بەکارھێنانی میکانیزمی چارەكردن بە زمان لە نەستی نەخۆشەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە لە ڕێگای میکانیزمی قسەکردن كار لەسەر بونیادی گوتاری نەخۆش دەكات و مەدلولە خەفەكراوەكانی كەشف دەکات. لە دیدی لاکان زمان لە جێی چەپێنراوەکانی فرۆیدە، لێرەوە لاکان لە شیکردنەوەی بونیادی نەستی فرۆیدەوە بەرەو زمان و دال و مەدلول و پاشان کۆکردنەوەی دال و مەدلول لە تێگەیشتنی ئەویدیکەدا هەنگاو دەنێت، وەک ئەوەی گوتارێک بێ، یان دەرکەوتنی زمانی کارای پاڵنەرەکانی نەستی نەخۆش بێت. وەک ئەوەی گوتار پەیوەستێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان کارا کۆمەلایەتییەکان دیاری بکات، جا لەبەر ئەوەی زمان دەبێتە بنەمای کەشفکردنی حاڵەتە دەروونییەکان، یان وەک لاکان دەڵێ لەبەر ئەوەی زمان لە نەست ڕسکاوە، کەواتە مرۆڤ جگە لەوەی کە دەتوانێ بە وەزیفەیەکی ڕەمزی ھەڵسێ، کە زمان بەرجەستەی دەکات، شتێکی دیکەی لە توانادا نییە، ھەر لە ڕێگای ئەو وەزیفەیەشەوە دەتوانین لە مرۆڤ بگەین.
بەو گوزارەیەی کە زمان وەک تەفسیرکردنی ڕەفتاری مرۆڤ دەبینێ، بە تەفسیرکردنی زۆربەی گوتەکانی فرۆید لە بارەی غەریزەی سێكسییەوە، دەگەینە ئەوەی کە زمان ئاوێنەی نەستە. کەواتە تیۆریی شیکردنەوەی دەروونی ھەر تەنھا چەپێنراوەکان کەشف ناکات، بەڵکوو ڕاڤەی ڕەھەندەکانی زمان و حەقیقەتی ناوەوەی واقیعی مرۆڤ كەشف دەکات. شیکردنەوەی دەروونی ھەر چارەی مرۆڤ لە پێناو خۆشگوزەرانی و سەرکەوتنی نەخۆش بەسەر سەمپتۆم لە کۆمەڵگا و لەسەر ئاستی کەسی ناکات، بەڵکوو وای لێ دەکات بتوانێ ڕووبەرووی ئارەزووەکانی و دەوروبەری بێتەوە.
حەقیقەتی ڕەها، حەقیقەتی ڕووپۆشكراو
نەریتی بیرکردنەوەی ئەفلاتوونی بنەڕەتێکی میتافیزیکی هەیە، بیركردنەوەی نوێ و بە تایبەتی نیتشە لە نەریتێکی جیاوازەوەیە. نیتشە بنەما و فۆڕمی بیرکردنەوەکەی تەواو غەریبە و قاچی لەسەر زەمینەکەی ئەفلاتوون نییە. بۆ نموونە کە دەڵێ ژن سەتحیە، لە نەریتی ئەفلاتوونی وشەی (سەتح) نێگەتیڤ دەکەوێتەوە و دژەژن دەوەستێ، بەڵام لای نیتشە هەرگیز چەمكی سەتح نێگەتیڤ و دژەژن نییە، بەڵکوو خاڵی گەشانەوەی ئافرەتە. لای نیتشە ناتەبایی جەوهەر و ڕووکەش هەڵدەوەشێتەوە و جۆرە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حەقیقەتی ڕەها و حەقیقەتی ڕووپۆشدا دادەمەزرێنێ، کە خۆی لە ڕووکار(سەتح)دا دەبینێتەوە، چەمكی (روو-کار) کارایی ڕووە بۆ نەخشاندنی زڕەوێنەی حەقیقەت لەسەر خۆی. لێرەوە سەتح پەردەی حەقیقەتە، حەقیقەتیش چاڵێکی بۆشە، کە بەو پەردەیە، وەک پڕییەک داپۆشراوە. پەردەی ونبووی واقیعی قووڵ و حەقیقی نیتشە، دوورە لە ڕەنگدانەوەی ئاوەژووی واقیعێكی قووڵ و حەقیقی ئەفلاتوونیزم. پەردەی واقیع هیچ پەیوەندییەكی بە حەقیقەت و حەقیقەتی ڕەهاوە نەماوە، واتە ئەوەی نیشانی دەداتەوە ئایدیای ئەفلاتوونی نییە، لە پشت ئەوەی نیشانی دەداتەوە هیچ ئایدیا و ئایكۆن و وێنەیەك بوونی نییە، تەنها زڕەوێنەیە، زڕەوێنەی پەتی خۆیەتی، لەو بیابانە هیچ شتێ بەرهەم نایەتەوە، جگە لە بیابان نەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها نیشانەكانن، نە هیچ شتێ دووبارە دەكەنەوە و نە هیچ شتێ بەرهەم دەهێننەوە، كاڵا ئاماژە نییە، بۆ پێویستی، تەنانەت بۆ بەهای ئاڵوگۆڕیش، داتا هیچ حەقیقەتێ ڕوون ناكاتەوە.
بە جۆرێ لە جۆرەكان دەشێ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە قسەی لێ كرا، لە هەستكردن بە گوناحدا خۆی ڕاڤە بكاتەوە، هەڵبەتە ئەسڵی هەستكردن بە گوناح بۆ ئایین دەگەڕێتەوە، بەڵام فرۆید وەک (كارل گۆستاڤ یۆنگ) ئایینی نییە! لای فرۆید ھەستکردن بە گوناح دەکەوێتە نەستەوە، ھیچ کەس بە شێوەیەکی فەردی لێی بەرپرسیار نییە. ئەو تاوانە لە ناخی مرۆڤدا چەسپاوە، کە ئارەزوو وەک پێوانەی زمانی گوتراو بێ. (گوناحی چەسپاو لە ناخی مرۆڤ و لە نەستی مرۆڤدا، گوناحێکی زمانییە). بۆیە ناتوانین نکۆڵی لە نەست بکەین، وەك چۆن ناتوانین نكۆڵی لە زمان بكەین. چونکە ئەگەر ئێمەش نکۆڵی بکەین، (ئارەزوو- ئەو) نکۆڵی ناکات. لە پێکھاتەی مرۆڤدا (ئەو) بەشدارە لە ئارەزوو. وەك چۆن زمان لە نەست ڕسكاوە. لای فرۆید لیبیدۆ، ئارەزووی سێکسی، لێپرسراوی نەقسی مرۆڤە و لەوێوە مرۆڤ گرژی دەماری ھەڵگرتووە و ئەو نەخۆشییە عوسابییە دەست بەسەر مرۆڤی شارستانیدا دەگرێ، ئیتر لێرەوە چارەیەک پێشنیار دەکات، ئەویش چۆنێتیی ھەڵکردنی خودە لەگەڵ نیگەرانییەكانی، هەموو ئەوانەش دەشێ پەیوەندییەکە شێواو بێ یان پارێزراو.
راسپاردەیەکی ئینجیلی ھەیە دەڵێ (ھاوسێیەکەت وەک خۆت خۆش بوێ) فرۆید لە کۆی ئەو ڕاسپاردەیە جەخت لە ڕاناوی لكاوی (ت) دەکاتەوە، پێیوایە ئەوە قەوارەی ڕاناوی لكاوی (ت)ە، كە خۆی بۆ خۆشەویستیی ئەویدیكە دیاری دەکات، بەو مانایەش خۆشەویستیی خود لای ئەو جێگای گەورەی ھەیە، پێیوایە ھەموو کەسێ دوای ئەوەی ھێزی وڕێنەی خۆی دەرک دەکات و بە دوایدا دەچێ، ناوی ئەو ھێزە دەنێ ھێزی نەرگسییەت. بەڵام لاکان بە میتۆدی (ڕەمزی و خەیاڵی و واقیعی) ئەو دۆزە و ڕاناوی (ت) ڕوونتر دەكاتەوە و دەڵێ بێگومان من خۆم خۆش دەوێ، واتە من پەیوەستم بە جەستەی خۆم لە ڕێگای ھێزێکی جیاکاری ناوەوە، ئەویش ھێزی دەروونییە، واتە ئیرۆس (ئیرۆس- خواوەندی خۆشەویستییە لە یۆنان و لێپرسراوە بەرانبەر ھەستی خۆشەویستی لە دەروونی مرۆڤ، لە بەرانبەر ئیرۆسیش خواوەندی مردن ھەیە کە ناتانۆسە، فرۆید پێیوایە هەموو ڕەفتاری مرۆڤ ئاوێتەبوون و ململانێی نێوان ئەو دوو خواوەندەیە) کەوا دەکات جەستە زیندووەکان لە زۆربوون، بە هۆی (ئەویدیكە) نزیک ببنەوە، ئەوەش پێی دەگوترێت وزەی سێكسی یان لیبیدۆ، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ھەوەسی عەقڵی جەستە نییە، بەڵکوو ئەو وێنەیەیە، کە لە ڕێی جەستەوە فێرمان دەكات، ئەو وێنە جوان و بەھێزەم خۆش دەوێ وەک چۆن خۆم خۆش دەوێ، کەواتە بنەمای خۆشەویستی (بە پێتی بچووک- وەك لاكان دەڵێ لەبەر ئەوەی قوتابییەکانم زاراوەی ئەویدیکەی بچووک بەکار دەھێنن)، چەمكی ئەویدیكە- ئەوی ترە. کەواتە من ئەوەم خۆشدەوێ کە لە من دەچێ.
دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
بێگومان ھوشیاری تەواکەری ژیانە، پێشکەوتن ڕێچکەی دنیای ھۆشیاری دیاری دەکات. ھەموو ئەوەش کاریگەری بەسەر گەشەی تاک و تێگەیشتنی ڕەفتارەوە هەیە، كەواتە بە گشتی تێگەیشتنی ڕەفتار دەكەوێتە سەر هۆشیاری و پێشكەوتن و هەموو ئەوانەش بە شێوەیەكی تاکانە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێ، تا ئەوەی دەگاتە پووچیش. ئەوەی فرۆید لەبارەی نەستەوە دیاری کردووە، بە نزیکی ھەموو بوارەکانی گەشەی تاك و پێشكەوتن و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە. ھەندێجار ھەموو ئەوانە دەبنە تەگەرە بۆ بەجێھێنانی ئارەزووەکانی تاک و دەبنە ھۆی ئەوەی تاک ئارەزووەکانی پشتگوێ بخات و بیشاریتەوە. ئەوەش وەک فرۆید بۆی چووە دەبێتە ھۆی نەخۆشییە عوسابییەکان. بە دیوەكەی دیكە ئەوە حەقیقەتی ئارەزووەکانە، واتە واقیعە.
کەواتە ئارەزوو ھەر تەنھا شتێکی سادە نییە، وەك چۆن یەکلاکەرەوەش نییە، بەڵكوو بەرھەمی فۆرمەلەکردنێکی ئاڵۆزە و پڕە لە مانا و دەلالەت، نە درێژکراوەیە و نە گەڕانەوەیە بۆ سرووشتی خۆی و نە وێناکردنێکی ئایۆنی مەعریفەیە و نە دووبارەکردنەوەیەکی مەجازییە. ئارەزوو وەک لای فرۆید دەرکەوتووە، بابەتێکی نوێیە بۆ بیرلێکردنەوەی ئەخلاقی. لەسەر ئەو بنەمایە لاكان دەڵێ: بەڕاستی فرۆید بۆ ئەخلاق بە وەفا بوو. ئێمە دەزانین کە فرۆید کابرایەکی ماددی تەواو بوو، بۆیە چارەی دەسەڵاتی ئەخلاق و ڕەوشتی بە ڕێگای کلاسیکییانەی كردووە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سوودگەرایی. بۆ ئەوەی سوودگەرا بیت، پێویستە بۆ زۆربە، كۆمەڵگا بگەڕێیتەوە. گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بە مانا فرۆیدییەکە لە ڕێگای چێژبردن بە یاسای ھەوەس پیادە دەبێت، واتە پەیوەندیی خود بە بوون بە ھۆی زۆربوونەوە. كەواتە كە باسی ئایینی حەقیقی دەكرێ (ئایینی حەقیقی لای لاكان ئایینی ڕۆمانییە. قسە لە یەك ئایین دەكات، ئەویش مەسیحییەتە) دەبێ وەك شیزۆفرینیای ڕاستی وەسف بكرێ. بەو مانایە ئایا دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە واقیع، ڕەتكردنەوەی شیزۆفرینیایی كۆییە؟
ئەمڕۆ چیدی كێشەی واقیع کێشەی ئایین و كێشەی نەقسی شیكردنەوەی دەروونی نییە، بەڵکوو کێشەی زۆربوون و زۆرێتیی واقیع خۆیەتی، لەوە زۆرتر کە واقیع بتوانێ هەڵیگرێ؟ ئەو بیركردنەوەیە ئەمڕۆ (گی ئەرنست دیبوور)ی شانۆنووس بەرەو ئەوە دەبات بڵێ: واقیع، واقیعی گۆڕیوە بۆ نمایش. هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە. یان (ژان بۆدریار) قسە لە زێدە واقیعی دەكات، كە هیچ کەلێنێکی بۆ ڕەخنە نەهێشتۆتەوە. زێدە واقیعی دۆخێکی زۆرینەیە، دۆخێكی کۆمەڵگایە، کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، ئیگۆی واقیع و گوتاری ڕەخنەی شۆڕشگێرانە هاوتا لەگەڵ گوتاری دەسەڵات گەشە دەكەن. فرۆید لە بارەی واقیع سەرسام دەوەستێ، چونکە دواجار فرۆید دەبینێ ڕقلێبوونەوە وەک سێبەری خۆشەویستی هەنگاو دەنێت، واتە ڕقلێبوونەوە بە خۆشەویستی نامۆ نییە و هەتا دێ لە خۆشەویستی نزیك دەبێتەوە.
كەواتە كێشەی پەیوەندیی مرۆڤایەتی دوایی نایەت، چونكە واقیع هەم دەرچەیە و هەم دوژمنكارانە و پڕە لە نیگەرانی، واقیع سیمایەكی جیاكار و جیاوازی هەیە، كە قابیلی بیرلێكردنەوە، یان لەسەرووی خەیاڵی مرۆیییەوەیە. لێرەوە لاكان پێیوایە ئەوەی پێی دەڵێن واقیعی حەقیقی، ئێمە ناتوانین پێی بگەین، ئەوەی بە تەواوی واقیعی حەقیقییە نادیارە، یان بەتەواوی لێی جیابووینەتەوە، بۆ؟ چونكە بە جەوهەری نەگەیشتووین، وەك چۆن نەمانتوانیوە بیسەلمێنین، هەرگیز نەگەیشتووینەتە جەوهەری پەیوەندیی نێوان بوونەوەرە قسەكەرەكانی وەك نێر و مێ! ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لە سەرسامییەكی گەورەدا دەبینینەوە. ئەوەی پێی دەڵێن بوونی بەشەری هەرگیز دەرفەتی سەركەوتنی لەبەر دەمدا نییە. لاكان دەڵێ لێرەوە فرۆید لەسەر حەق بوو كە سێكسوالێتی هێنایە ئاراوە، بەڵام هەمیشە سێكسوالێتی بە نسبەت بوونەوەری مرۆیی نائومێدی دەنوێنێ.
بە كورتی ئەوەی لە كتێبی (سەركەوتنی ئایین) و تیۆرییەكانی لاكان دەرك دەكرێ ئەوەیە، كە مرۆڤ بنەمایەكی بیۆلۆژی یا فسیۆلۆژی نییە، بەڵكوو بنەمایەكی زمانەوانی هەیە. پێشتریش یۆحەننای مەحمەدانی گوتویەتی (سەرەتا وشە هەبوو) بەڵام لاكان دەڵێ، بۆ ئەو دەستەواژەیەی یۆحەننا من یەك شتم زیاد كردووە، ئەویش ئەوەیە لەپێش سەرەتا چ هەبووە؟ ئەو پرسیارە تەگەرە دەخاتە پێش تێگەیشتنی (سەرەتا وشە هەبوو)ی ئینجیلی یۆحەنناوە، چونكە لەپێش ئەویش شتێكی دیكەش هەبوو، كە پێیان دەگوت (سفر تەكوین) ئەویش بێگومان لە وشە پێكهاتبوو. خەڵك ئەو دوو شتەی كۆ كردەوە و گوتی وشە كاری خوایە. خوا دنیای لە وشە دروست كردووە. ئەوەش بەڕاستی كارێكی سەیرە.
دواجار لەو كتێبەدا لاكان دەڵێ من نانووسم هەتا خەڵك تێبگەن، من دەنووسم بۆ ئەوەی خەڵك بخوێنێتەوە، ئەو دوو شتەش وەك یەك نین. ڕاستە خەڵكانێكی زۆر هیچ لە نووسینەكانم ناگەن، بەڵام دەكەونە ژێر كاریگەریی نووسینەكانم. دواجار لەبارەی شیكردنەوەی دەروونییەوە دەڵێ: شیكردنەوەی دەروونی هیچ كلیلێكی بۆ ئایندە بە دەستەوە نییە. ئەوەی هەیە چركەساتێكی جیاكارە لە بەدەستهێنانی گوتاری خودی قسەكەر! چەمكی (خودی قسەكەر) بە مانا لاكانییەكە واتای ئەو خودە دەگەیەنێت، كە دال دەخاتە بەرانبەر دال، واتە زمان بەرهەم دەهێنێ. بەو مانایەش خودی قسەكەر گوزارشت لە نەست دەكات.
هەولێر 30/10/2024