کارێز دەریایی و هونەری وشەلەوشەدان

(١)

ئەم وتارە لەسەری شیعری “یوونس ڕەزای’یە. لەم وتارەدا باسی کتێبی “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” دەکەین و شیعری یەکەمی دەخوێنینەوە.

شیعری یەکەمی ئەو کتێبە ناوی “سەردێڕی یەکەمی شیعرێکی خوێناوی بە پەیڤی دارەبەن”ە. ئەو شیعرە شیعرێکی درێژە و شەش لاپەڕەی داگرتووە. سەد و سی و سێ خشتەیە. دەبێت شیعرەکە بەسەر چەند یەکەی بچووکتردا دابەش بکەین تا بکرێت تاوتوێی بکەین.  

ئەمە سێ خشتەی سەرەتای شیعرەکەیە:

ئەگەر پێکەنین یانی ئەو شیعرە سڵاو بە تۆدا دەچێنێ

من شان بە شانی کازیوە ئاسۆم

پێ بە پێی میوە تا گەیشتن…

با بپرسین خشتەی یەکەم لە چی دروست بووە؟ لە خشتەی یەکەمدا “ئەو شیعرە”مان هەیە کە بووە بە کەس و خەریکە کارێک دەکات. لێرەدا ئیماژێک هەیە. لە شیعردا تا خوا حەز بکات شتەکان بە کەس کراون. ئێستا بپرسین “ئەو شیعرە” کە بە کەس کراوە، چ کارێکی مرۆڤانە ئەنجام دەدات؟ وەڵامەکەی ئەوەیە؛ ئەو شیعرە خەریکە شتێک دەچێنێت. شیعرێک خەریکە شتێک دەچێنێت. تا ئێرە ئیماژێکی ئاساییمان هەیە. مەبەستم ئیماژێکە کە جوانیی نییە. قۆناغێ تر کە بچینە پێش دەپرسین: ئەو شیعرە چی دەچێنێت؟ وەڵامەکەی دەبێت بە “سڵاو”. لێرەدا ئیماژەکە ئاڵۆز دەبێت. ئیماژەکە لە ئیماژێکی سادەی یەکڕەهەندەوە، دەگۆڕدرێت بۆ ئیماژێکی ئاڵۆز. ئەگەر شاعیر بیگوتایە: ئەو شیعرە گەنم دەچێنێت، فەرقی هەبوو لەگەڵ ئەوەی بڵێت ئەو شیعرە سڵاو دەچێنێت. لێرەدا لادان و ئیماژ دروستکردنەکە دووقات بووەتەوە. هەم شیعر بووە بە جووتیار، هەمیش “سڵاو” بووە بە دەغڵودان.

دروستکردنی ئیماژی لەو جۆرەی سەرەوە دەتوانێت فەرقێکی شیعری یوونسی ڕەزایی بێت لەگەڵ شیعری زۆربەی شاعیرانی تر. ناڵێم هەموو، دەڵێم “زۆربە”. ئەگەری زۆرە خوێنەر هێندە ئەم جۆرە ئیماژەی نەبینیبێت نامۆ بێت بۆی.

بێینەوە سەر خشتەکە: لادان هەر بەو دوو شتەی ئاماژەم پێدا، تەواو نابێت. بپرسین: شیعر خەریکە سڵاو لە کوێدا بچێنێت؟ وەڵامەکەی دەبێت بە لە “بە تۆدا”دا. لێرەشدا هەمتر ئاڵۆزکردنی ئیماژەکە دەبینین. یانی بە جێی ئەوەی لە شوێنێکی ئاساییدا بچێنرێت، بۆ نموونە لە کێڵگەدا یان لە “تۆدا” لە “بە تۆدا” دەچێنرێت. ئاڵۆزیی ئیماژەکە بەوە تەواو نابێت و لایەنێکی تری هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کۆی ئەو شتەی باسم کرد یانی پێکەنین. “ئەو شیعرەی سڵاو بە تۆدا دەچێنێت”، “یانی پێکەنین”. هەمتر ئیماژەکە ئاڵۆز دەکرێت. ئیماژێک دروست دەبێت کە خۆی چەندین ئیماژی تێدایە.

شرۆڤەی ئەو خشتەیە زۆر بە کاری وتارەکەمان دێت؛ چوون شیعرەکە پڕە لە ئیماژی لەو جۆرە. ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین ئەم ئاڵۆزکردنی ئیماژە کارێکی هونەرمەندانە و جوانە؟ گەلۆ چێژ دروست دەکات؟ گەلۆ کارێکە وردەکاری و لێزانینی گەرەک؟ وەڵامەکەی نەخێرە.

ئەنجامدانی ئەو کارە لە سادەترین و سووکترین کارەکانە. بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە تەنیا پێویستە وشەی زیاتر لەیەک بدەیت.

کاتێک شیعرەکە تەواو بخوێنێتەوە خوێنەر تێ دەگات، ئەو شیعرە خاوەنی یەکێتی نییە. ئەگەر چێژێک هەبێت، خوێنەر دەبێت ئەو چێژە لە دانە بە دانەی خشتەکاندا ببینێت، نەک لە کۆکردنەوەی تەواوی خشتەکاندا. کۆکردنەوەی تەواوی خشتەکان خوێنەر بە هیچ مانایەک ناگەیەنێت.

شتێک کە گرنگە خوێنەر بیزانێت ئەمەیە؛ ئیماژ تەنیا لە حاڵەتی سادەبووندا دەتوانێت ڕوونکەرەوە بێت و شتێک بڵێت. کە ئیماژ بوو بە وشەلەوشەدان و پێوەلکاندن، پێی ناکرێت مانا بگوێزێتەوە.

با بە نموونەیەک ڕوونتری بکەمەوە. شاملوو دەڵێت:

نازلی مرغ سکوت 

جوجە مرگی فجیع را در آشیان بە بیضە نشستە است.

لەم ئیماژەدا دەنگ نەکردن و نەدرکاندنی نهێنیی حیزبی لە ژێر ئەشکەنجەدا، چوێندراوە بە کڕکەوتنی مریشکێک لەسەر هێلکە. ئیماژەکە بێجگە جوانی، بەشێکە لە گشتێتییەک و مانایەک دەگەیەنێت. بابەتێک ڕوون دەکاتەوە. ئەم ئیماژە ئەگەر لە سادەیی بیخەیت و بەردەوام شتی پێوە بلکێنیت؛ ناتوانێت مانایەک بگوێزێتەوە. ناتوانێت، بابەتێک بە شێوەی هونەری بخاتە ڕوو.

بۆ نموونە ئەگەر بڵێین “نازلی مرغ سکوت خندە کنان در چمنزار آفتاب، شکنجە چینە می‌کند”؛ ئەو کاتە هیچ مانایەکی پێ ناگوێزرێتەوە.

جارێکی تر حوکمەکەی سەرەوە دەهێنمەوە: ئیماژ کە ئاڵۆز بوو، ناتوانێت مانایەک بگوێزێتەوە.

کاتێک شیعرەکەی یوونس ڕەزایی دەخوێنیتەوە؛ دەبینی پڕە لەو ئیماژانەی کە گوتم پێیان ناکرێت مانایەک و پەیامێک بگوێزنەوە. ئەمە واتا شیعرەکەی “ی.ڕ” خاوەنی گشتێتی و یەکێتی و مانا و پەیام نییە.

نەبوونی گشتێتی و مانا و پەیام لە شیعرێکدا بە مانای خوێندنی فاتیحای ئەو شیعرە نییە. نەبوونی یەکێتی و مانا بە مانای شیعرنەبوون نییە. تەنیا مانای ئەوە دەدات کە ئەگەر شیعرایەتییەک هەبێت؛ دەبێت خوێنەر ئەو شیعرایەتییە لە دانە بە دانەی خشتە و دێڕەکاندا ببینێت نەک لە خستنەپاڵی ئەو خشتە و دێڕانەدا.

تا ئێرە کێشەیەکمان لە مل بووەتەوە. ئەویش ئەوەیه بە شوێن مانا و یەکێتی ئەو شیعرەدا ناچین. تەنیا باسی جوانبوون یان نەبوونی ئیماژی ناو پاژەکان دەکەین. لێرەدا کەوانێک بکەینەوە و دوو شت ڕوون بکەینەوە. دوای کەوانەکە دێنەوە سەر درێژەی قسەکانمان. یەکەم، لێکدراوگەلی “ئیماژی سادە” و “ئیماژی ئاڵۆز” دروستکراوی خۆمە بۆ تێگەیاندنی خوێنەر. مەبەستم لە ئیماژی ئاڵۆز، ئیماژێکە کە چەندین ئیماژی پێکەوەلکاوی تێدایە. وەک “ئەو شیعرەی سڵاو بە تۆدا دەچێنێ” کە بوون بە جووتیاری شیعر و بوون بە دەغڵی سڵاو و بوون بە کێڵگەی “بە تۆدا”ی تێدابوو. دەبێت ئەم ئیماژە ئاڵۆزە؛ لەگەڵ جۆرێک ئیماژی تر کە ڕەنگە ئەویش بە ئاڵۆز ناو ببرێت، تێکەڵ نەکرێت. سەیری ئەم دێڕەی نالی بکەن:

هەناسەم زوڵفەکەی لادا و نیگایەکی نەکرد چاوی 

نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابرد و نەرگس هەر لە خەودایە

لەو دێڕەشدا ئیماژێکی ئاڵۆز هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی “ی.ڕ”دا فەرقی هەیە. لێرەدا ئیماژێک هەیە کە هەناسە لە بەرانبەر نەسیم، زوڵف لە بەرانبەر شەو و نێرگس لە بەرانبەر چاودا دەوەستێت. ئەمیش چەندین پاژی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوی تر ئەم جیاوازییانەی هەیە:

 یەکەکانی پەیوەندیی چڕوپڕیان پێکەوە هەیە و پاژەکانی بە زۆر بە یەکەوە نەلکێنراون. پاژەکانی دەتوانن کۆیەکی یەکگرتوو دروست بکەن و مانا بگوێزنەوە.

خاڵی دووهەم کە گەرەکم بوو لەم کەوانەدا بۆ خوێنەری ڕوون بکەمەوە؛ نیشاندانی جیاوازیی دوو جۆرە شیعرە کە یەکێکیان شیعرایەتییەکەی لەسەر یەکێتی و گشتایەتیی شیعرەکە دامەزراوە و یەکێکیان شیعرایەتییەکەی لەسەر جوانیی پاژەکانی وەستاوە، نەک پەیوەندیی نێوان پاژەکانی.  بۆ هەر یەکێکیان نموونەیەک دەهێنمەوە تا خوێنەر تێ بگات. نموونەیەک بۆ شیعرێک کە جوانییەکەی لەسەر کۆی شیعرەکە و یەکێتییەکەی دامەزراوە ئەم شیعرەی شێخ ڕەزایە:

شێخ کە هام‌سوحبەتی شامار و نەدیمی حەمە بێ

شێخ کە دۆستی مچە ڕێژاوی و ئەحمەد جەمە بێ

شێخ کە لەبەر جەلبی دڵی ئایشە کوڕانی ژنەکەی

شیر بکێشێت و لە ڕووی والیدە دەستەوقەمە بێ

شێخ کە قودسییەتی پیرانی تەریقەت لە کنی

هەموو ئەفسانە و ئەفسوون، هەموو گاڵتە و گەمە بێ

شێخ کە گەوادی وەکوو خادیمی سوججادە لە لای

سەییدی حوڕ لە سولالەی عەلی و فاتمە بێ

شێخ کە قەسری حەرەمی گەییە مەقاماتی ئەعللا

سەر بڵند کات و بڵێ، شێخ ئەمە و قەسر ئەمە بێ

شێخ ئەوا گۆی هونەری بردەوە، کەشکەک سەڵاوات

شێخ ئەوا جێی پدەری گرتەوە، دەستی بەمە بێ

لە خوێندنەوەی ئەو شیعرەدا تا دێڕی کۆتایی نەخوێنیتەوە ناگەیت بە جوانی و چێژی شیعرەکە. کە دێڕی کۆتاییشت خوێندەوە ناتوانی بڵێی جوانیی شیعرەکە تەنیا پەیوەندی بە یەک دێڕەوە هەبوو و دێڕەکانی تر بێبایەخ بوون.

نموونە بۆ شیعرێک کە شیعرایەتییەکەی ــ زۆرتر ــ لەسەر دێڕ و پاژەکانی وەستاوە، نەک کۆی شیعرەکە:

گوڵبنی قەددت له قوببەی سينه غونچەی كردووه

غونچه بەم شيرينييه قەت نەی شەكەر نەيكردووه

نەخلی باڵات نەوبەره، تازه شكۆفەی كردووه

تۆ كه بۆی شيرت له دەم دێ، ئەم مەمەت كەی كردووه!

قامەتت نەخله، به شيری، فائيقەی پەی كردووه

نەحلی بێ نێشی مەمەت شەهدی سپی قەی كردووه

نەخل و روممان پێكەوەن، يا باغەبان وەی كردووه

سەروی هێناوه له سێب و بەی موتور بەی كردووه!

بۆ مەمك نالی چ منداڵه وەی وەی كردووه 

گەرچی مووی وەك شیره، بەو شيره شكۆفەی كردووه

خۆش به هەردوو دەست و دەم گرتوويه ئۆخەی كردووه

كيزب و توهمەت، ئيفتيرا و بوهتان كه تۆبەی كردووه.

لە خوێندنەوەی ئەم شیعرەدا جوانی و چێژ و شیعرایەتی؛ لە دانە بە دانەی دێڕەکاندایە نەک لە کۆی شیعرەکەدا. هەرچەند شیعرەکە یەکێتییەکی تەنکیشی هەیە. یەکێتییەک کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە هەموو دێڕەکان یەک کێش و سەروایان هەیە و هەموویان باسی مەمک دەکەن.

دێینەوە سەر شیعرەکەی “ی.ڕ”. تا ئێرە خوێنەر دەزانێت ئیماژیی ئاڵۆز لە جۆری یوونسی چییە. با خوێنەر لەگەڵ پێوەلکاندنیش ئاشنا ببێت. سەیری خشتەی دووهەم بکەنەوە:

شان بە شانی کازیوە

ئیماژێکی سادەیە. بە زیادکردنی “ئاسۆم” دەبێت بە ئیماژێکی ئاڵۆزی یوونسی.

پێوەلکاندن بەو جۆرەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە؛ خستنی پاژێکە لەسەر ئیماژێک کە وای لێ بکات نەتوانێت مانایەک بگوێزێتەوە. ئەمە بەوە دەبێت کە ئەو دوو ئیماژەی لێک دەدرێن، نەتوانن ببن بە کۆیەکی یەکگرتوو. لە دێڕی “من شان بە شانی کازیوە ئاسۆم”دا؛ “شان بە شانی کازیوە” و “ئاسۆبوون”ی کەسێک ناتوانن کۆیەک دروست بکەن.

با نموونەیەک بهێنمەوە تا تێ بگەن. ماردین ئیبراهیم دەڵێت:

عاسیبوونی کلیلەکانی ئەشق من لە کیلۆنەکانی دوودڵی تۆدا

وەک دەبینن ئیماژی کلیلی ئەشق هەیە و ئیماژی کیلۆنی دوودڵی. ئەمانە کە لێک دەدرێن تێکەڵ دەبن و دەبن بە ئیماژێکی گەورەتر. بەڵام لە “شان بە شانی کازیوە ئاسۆم”دا دوو لایەنەکە تێکەڵ نابن.

لە سەرەوەدا لێکدراوی “ئیماژیی گەورە”م بەکار هێنا، باشترە بە ئیماژی نالیایی بڵێین: “ئیماژی گەورە” یان “بڵاو”.

دێڕی سێهەمی شیعرەکەی “ی.ڕ” ئەمەیە:

پێ بە پێی میوە تا گەیشتن.

دەکرێت لە خشتەبەندیی شیعرەکە بگەین بە “من پێ بە پێی میوە تا گەیشتن ئاسۆم”. ئەم دێڕیشە نموونەی ئیماژی ئاڵۆزی نائەدەبی و ناهونەرییە. ئەو دێڕە شیعرایەتییەکی بچووکی تێدایە شیعرایەتی کە دۆزینەوەی لە شیعری “ی‌ڕ”دا شتێکی سەیرە! لەو دێڕەدا جوانییەک بە وشەی “گەیشتن” داهێنراوە. “گەیشتن” بە جۆرێک دانراوە کە هاوکات “گەیشتنە جێ” و “پێ گەیشتن” بە زەیندا دەهێنێت. ئەو جۆرە یارییە ئەدەبییە لە شیعری “ی.ڕ”دا کەم دەست دەکەوێت.

چوار دێڕی دوای ئەو بڕگەیەی تاوتوێمان کرد، ئەمەیە:

من پێ بە پێی میوە دارێکی ڕاوەستاو

کە دڵۆپێک عیشقی ئاورین و 

قامووسێک پیت بە پیت 

ماچێک نەبێ مەگەر

دێڕی چوارەم لە جۆری خشتی دووهەمە. ئەو دێڕیشە شیعرایەتییەکی لە دەرەوەی ئیماژ، تێدایە کە زۆر تەنکە و ناگات بە “پێ بەپێی  میوە تا گەیشتن”. ئەو شیعرایەتییەش لە “پێ بە پێی ڕاوەستان”دایە.

“پێ بە پێ” بۆ ڕۆیشتن بەکار دەچێت؛ “ی.ڕ” داویەتییە پاڵی “دارێکی ڕاوەستاو”، ئەمە پارادۆکسێکی بێبایەخی تێدایە. ئەم پارادۆکسەیش لە دەرەوەی ئەو چاوەڕوانییەیە لە شیعری “ی.ڕ” هەیە.

دێڕی پێنجەم “کە دڵۆپێک عیشقی ئاورین و” بۆ خۆی بە تەنیا ئیماژێکی ئاڵۆز و بێمانا. “دڵۆپێک عیشق” لە خۆتەن ئیماژێکی سادەیە، کاتێک دەدرێت لە “دڵۆپی ئاورین” یان “عیشقی ئاورین” کە ئەویش ئیماژێکی سادەیە. دەرئەنجامەکەی دەبێت بە ئیماژێکی ئاڵۆز و بێمانا. خۆ ئەگەر لە کۆی بەندەکەدا سەیری بکەین، ئاڵۆزتر دەبێت. ئەگەر بیکەین بە “من پێ بە پێی دارێکی ڕاوەستاو، دڵۆپێک عیشقی ئاورینم”. بێماناتر و ئاڵۆزتر دەبێت.

هەڵەی بنەڕەتیی یوونس ئەوەیە وادەزانێت ئاڵۆزکردنی ئیماژ بەو شێوەیەی ئەو کردوویەتی، دەرەنجامی هەبوونی زەینێکی فراوانە. لە ڕاستیدا وا نییە. ئەو کارە وشەلەوشەدانێکی نائەدەبییە کە مناڵێکیش دەتوانێت بیکات.

ئەگەر بمانەوێت ئیماژ دروست بکەین و لە هیچ شتی پێوە بلکێنین، کارێکی دژوارمان بۆ کردن نییە. کارێکی سادەیە. قامووسێک وشە هەیە؛ لێکیان دەدەیت و پێکیانەوە دەلکێنیت. دێڕی شەشەم و حەفتەمیش هەر درێژەی ئیماژە ئاڵۆزەکانن و هیچ شتێکیان تێدا نییە باسی بکەین.

لە کۆی حەوت خشتەی یەکەم، شتێکی تر هەیە پێویست بکات ئاماژەی پێ بدەم؛  بڕێکجار شاعیر بەپێی هاووێنە(قرینە)یەک کە هەیە بڕێک پاژ دووبارە ناکاتەوە و دەیان‌ قرتێنێت. بۆ نموونه کە دەڵێت:

من شان بە شانی کازیوە ئاسۆم

لە دواییدا “من” ناهێنێت و دەڵێت:

 پێ بە پێی میوە تا گەیشتن.

 یان هەر لەوێدا “ئاسۆم” دووبارە ناکاتەوە. ئەم کارە هێندەی تر ئیماژەکان بێمانا دەکات.

لە سەرەوەدا ئەگەر شاعیر دەقەکەی دەخستە بەر دەستی خوێنەر و داوای دەکرد وێنای بکات، لێرەدا خوێنەر تەنانەت دەبێت دەقەکەش بنووسێتەوە. دواتر وێنای بکات. بۆ نموونە خشتەی یەکەم پێویستی بە زیادکردن نییە هەر ئەمەیە “ئەگەر پێکەنین یانی ئەو شیعرەی سڵاو بە تۆدا دەچێنێ”؛ خوێنەر خۆی زەحمەت دەدات وێنای بکات. بەڵام کە دەڵێت “پێ بە پێی میوە تا گەیشتن”. خوێنەر دەبێت سەرەتا بە زەحمەت بیکات بە “من پێ بە پێی میوە تا گەیشتن ئاسۆم”. ئەوجا وێنای بکات.

ڕەنگە یەکێک بڵێت ئەوە هونەری شاعیرە دەقەکەی بە جۆرێک نووسیوە خوێنەر تێیدا چالاکتر بێت. دەبێت بڵێم لە ڕاستیدا ئەوە هێندەی تر خوێنەر وەڕەز دەکات، چون خوێنەر دوای نووسینەوە، بڕیار نییە بڕگەیەکی چێژبەخشی دەست بکەوێت. بڕیارە شتێکی ئاسایی وێنا بکات. تەماشای ئەم دێڕە بکەن:

لە پاش تەمەنێ تێکۆشان

 کەم کەم بۆت مەعلووم دەبێ

ئێمەمانان ئازادیمان

نە دەست دەکەوێت، نە پێ

لەم دێڕەشدا قرتاندن بە یارمەتی هاووێنە بوونی هەیە. شاعیر “نە ئازادیمان دەست دەکەوێت” و “نە ئازادیمان پێ دەکەوێت”ی تێکەڵ کردووە و لەم ڕێگەوە بە کورتبڕی شیعرەکەی نووسیوە. خوێنەر دوای خوێندنەوە گتێک دەکات تا بڕگەی “نە پێ” لە زەینیدا لەود دەبێت، کە لەود بوو یەکسەر جوانی و چێژی شیعرەکەی پێ دەگات. بەڵام لەوەی “ی.ڕ”دا کە قرتاوەکان بخەیتەوە جێی خۆیان، تازە دەبێت ئیماژێکی ئاڵۆزتری یوونسی وێنا بکەیت کە بێجگە بێزاری هیچت تێدا دروست ناکات.

لە خوارەوەدا خشتەی هەشتەم تا یازدەهەم دەبینن:

ئەگینا

ئەم هەموو ئاسۆیە کوا هێندەی میوەیەک ڕوون

ئەم گشتە میوەیە کوا چەشنی درەختێکی کاڵ

ئەم تێکڕای مەمکانە و

ئیماژەکانی ئەم بڕگەیە هێندەی ئەوانەی سەرەوە ئاڵۆز نین و لە چاو ئەواندا پاژیان کەمترە، بەڵام وەک ئەوانی تر جوانییەکی ئەوتۆیان نییە و لە مێشکی خوێنەردا نامێننەوە. دەتوانن ئەو دوو بەندەی سەرەتا واتە لە خشتەی یەکەم تا یازدەهەم بەسەریەکەوە بخوێننەوە و بزانن مانایەکتان دەست دەکەوێت؟ بزانن؛ کاتێک شاعیر لە سەرەتای بەندی دووهەمدا دەڵێت “ئەگینا” ئێوە تێ دەگەن و دەزانن بۆچی دەڵێت ئەگینا؟ کە وەڵامەکەتان نەخێر بوو، بزانن بڕیار نییە ئەو شیعرە وەک کۆیەک مانایەک بە دەستەوە بدات. جوانی ئەگەر هەبێت، دەبێت لە خشتە و دێڕ و بەندەکانیدا بێت؛ واتە ئەو چوار دێڕەی بەندی دووهەم دەبێت بۆ خۆیان جوان و شیعر بن؛ تەنانەت ئەگەر وەک پاژێک دەرمانهێنا دەبێت چێژ ببەخشن. هەرچۆن شیعرێکی کورتی چوار خشتەیی چێژ دەبەخشێت.

دەگەین بە خشتەی دوانزدەهەم تا حەڤدەهەم:

کوا من 

من(کاڵترین ئاسۆی ماچێک دەچێژم)

سڵاو … کە ئەوەی پێکەنینی ئاسۆیە

شان بە شانی میوە لە گەیشتنا… کاڵ

… کە ئەوەی ماچێکە بە پێی گریان

پێ بە پێی دار لە بەهارا گەیشتوو

لە خشتەی سیازدەهەمدا “کاڵترین ئاسۆی ماچێک دەچێژم” خراوەتە ناو کەوان. ئەو لەناو کەوان خراوە، نموونەی ئیماژی ئاڵۆز و بێخاسییەتە کە زۆربەی شیعری یوونس لەو بابەتە پێک هاتووە. ئەو کارە شاعیر کردوویە “وشەلەوشەدان”ە. خوێنەریش دەتوانێت ئەو کارە بکات. پێویست بەوە ناکات کاک یوونس ئەو کارەی بۆ بکات.

سەرنج بدەن ئەگەر بیشی گوتبا “مزرترین ئاسۆی چرپەیەک بۆن دەکەم” هیچ فەرقی نەدەکرد. من وشەی “ئاسۆ”م دووبارە کردەوە کە بڵێم ڕەهبەری مەحموودزادە و ئەوانی تر کە خوێندنەوەیان بۆ شیعری “ی.ڕ”یان کردووە، دڵیان بەوە خۆشە وشەکان لە شیعری “ی.ڕ”دا دووبارە و دەبارە و هەزاربارە دەبنەوە. بۆ نموونە هەر لەو خشتانەی شیعرەکەدا کە تا ئێستا بینیمان، وشەی “میوە” و “ئاسۆ” و “شان بە شان” و “پێ بە پێ” چەندین بار دووبارە بوونەتەوە.

 وەک وتمان شیعرەکە پێی ناکرێت مانایەک بگوێزێتەوە. دەبێت دڵی بە ئیماژەکانی خۆش بێت. دەپرسم بۆ شیعرێکی وا باشتر نییە وشەکان دووبارە نەبنەوە؟ ئەگەر وشەکان نوێ بن، خوێنەر کەمتر دڵی نایەتەوە؟ گەلۆ ئەگەر وشەکان دووبارەکراو نەبن، شاعیر پێی ناکرێت ئیماژی جوانتر و جیاوازتر دروست بکات؟

من ناچمە دونیای قسەکانی ڕەهبەری مەحموودزادە کە ئەمە وێنەی قەبارەدار و جووڵەدارە و لەو شتانە. ناچمە ئەو دنیایەوە چوون لە بنەڕەتدا ئەو قسانە بێبنەمان. ڕەنگە خوێنەر قسەکانی کاک ڕەهبەری نەخوێندبێتەوە. با کەمێک باسی بکەم.

تەماشای ئەم خشتانە بکەن:

من شان بە شانی کازیوە ئاسۆم – ٢

ئەم هەموو ئاسۆیە کوا هێندەی میوەیەک ڕوون – ٩

من(من کاڵترین ئاسۆی ماچێک دەچێژم) – ١٣

سڵاو… کە ئەوەی پێکەنینی ئاسۆیە – ١٤

میوەیەک ئاسۆی ماچی ئاورین و – ١٨

تۆ باخی کام ئاسۆ بەر دەگری لە گلێنەی سەوزدا – شین – ٢١

لە هەر شەشیاندا وشەی “ئاسۆ” هاتووە. کاک ڕەهبەر وای دادەنێت ئەمانە لە بنەڕەتدا یەک وێنەن و هەر کام لەو دێڕانە ڕەهەندێکی ئەو ئیماژەن. دیارە ئەم قسەیە هەڵەیە. وشەی ئاسۆ لە هەر کام لەو خشتانەدا بەشداریی کردووە و ئیماژێکی جیاوازی دروست کردووە. ناکرێت ئەو خشتانە بە یەک وێنە بزانرێن. ئەگەر ویستتان سەبارەت بە بۆچوونەکانی ڕەهبەری مەحموودزادە وردتر بزانن، سەیری وتاری “وشە هەڵگری ڕەساڵەتی تریفە”، بکەن. بزانن لەو قسانەی کاک ڕەهبەر دەیانکات، هیچتان دەست دەکەوێت؟

بەشێکی تر لە شیعرەکەی “ی.ڕ” دەهێنین:

میوەیەک ئاسۆی ماچی ئاورین و 

تۆ گەیشتن دەپەیڤی

میوەیەک درەختی ڕوونی ئەگینا سبەینێ و

تۆ باخی کام ئاسۆ بەر دەگری لە گلێنەی سەوزدا – شین –

تۆ مۆسیقای کام با حینجە دەکەی 

لە لەپی خوێناوی بەفردا – گەرم – 

تۆ

کەی بەم وڵاتەدا کاڵ دەبێ

کە من درەخت

کە من پیرتر.

تا بۆتان دەکرێت بە زۆر و سەختی ئەو ئیماژە ئاڵۆزانە وێنا بکەن. ئیماژەکان هێندەیان پێوە لکێندراوە؛ هیچ زەینێک تواناییی وێناکردنیانی نییە. سەرنجی “تۆ مۆسیقای کام با حینجە دەکەی” یان ” لە لەپی خوێناوی بەفردا –گەرم- ” بدەن؛ چۆن وێنا دەکرێن؟ ئەو بڕگانە بۆ وێناکردن دەست دەدن؟ ئەوە خۆ بیرفراوان نیشاندانێکی خەشیمانەیە.

ئەگەر شاعیر وادەزانێت تەنیا ئەو پێی دەکرێت لەو ئیماژانە دروست بکات، با بێت تا فەردەیەک ئیماژی وای بۆ دروست بکەم. سەیر بکەن:

ئێوارەی سێوێک چێشتەنگاوی چوارشەمان بوو

کە هەڵمێک هەڵئەنووت لە تەنانەت 

کە زەڵمێک هەڵئەنووست بە سپێدەدا 

لنگەفرتەی لالەنگییەک مزر بوو

لە باخەڵی شەودا 

لە سەرەوژووری ئێوارەدا 

دەمەڕوو کەوتبوو ئاسمانێک 

لە داخی تفی تریفەیەکی تەڕ

ئەو چەند دانەیەم لێرە هێنا. لە کۆتاییی وتارەکەشدا بڕێک لەو ئیماژانە دەهێنم. سەرنج بدەن ئەو ئیماژانەی کە کاریان تێدایە وێناکردنیان و بەشوێنداچوونیان ئاسانتر و سوودگەیەنترە. بۆ نموونە وێناکردنی “میوەیەک ئاسۆی ماچی ئاورین” کە لێکدانی ڕووت و بێ ئامانجی چوار وشەیە سەخترە لە “تۆ باخی کام ئاسۆ بەر دەگری لە گلێنەی سەوزدا –شین-“. لەمەوە دەمەوێت بڵێم، ئەو بەشە لە شیعرەکان کە لەو ئیماژانەی تێدایە، لەبەر ئەوەی بۆ خوێنەر وێنا ناکرێت، چاوەڕوانیی هیچ چێژ و جوانییەکی لێ ناکرێت. باشتر وایە ئەوانە وەک بار بەسەر شیعرەکەوە سەیر بکرێن. من پێم وایە وێنا ناکرێن بۆ ئەوانە کەمە؛ دەبێت بڵێم خوێنەر تەنانەت ناتوانێت بە دوای ئەو ئیماژانەدا بچێت.

سەبارەت بە جۆرێکی تریان؛ ئەوانەی کاریان تێدایە وەک “تۆ مۆسیقای کام با حینجە دەکەی”، لەگەڵ ئەوەی ئەمانەش هەر دەرەنجامی وشەلەوشەدانن، بەڵام دەکرێت وێنا بکرێن. بۆیە خوێنەر ئەگەر چێژیش نەبینێت، لانیکەم زەجر ناکێشێت.

ئەو ئیماژانه من دەخەنەوە بیری ئیماژەکانی خەشخاشیی کاشانی (سوهراب سپێهری). هەڵبەت هێشتا ماویانە بگەنە ئاستی ئەو ئیماژانە. هێشتا لە چاو ئەو ئیماژانەدا وێناکردنیان دژوارە. لە خوارەوەدا نموونەگەلێک لەو ئیماژانە لە شیعری “مسافر”ی سوهراب سپێهری دەهێنم:

و امتداد مرا تا مساحت تر لیوان 

پر از سطوح عطش کن.

کجا حیاط بە اندازەی شکستن یک ظرف

 دقیق خواهد شد.

و راز رشد پنیرک را 

حرارت دهن اسب ذوب خواهد کرد.

و در تراکم زیبای دستها، یک روز

صدای چیدن یک خوشە را بە گوش شنیدیم.

کجا هراس تماشا لطیف خواهد شد 

ناپدید تر از راه یک پرندە بە مرگ.

و در مکالمەی جسم ها مسیر سپیدار 

چقدر روشن بود!

مرا بە وسعت تشکیل برگ ها ببرید.

مرا بە کودکی شور آبها برسانید.

و کفش های مرا تا تکامل انگور 

پر از تحرک زیبایی خضوع کنید.

دقیقە های مرا تا کبوتر های مکرر

در آسمان سپید غریزە اوج دهید.

و اتفاق وجود مرا کنار درخت بدل کنید 

بە یک ارتباط گم شدەی پاک.

و در تنفس تنهایی 

دریچە های شعور مرا بە هم بزنید.

مرا بە خلوت ابعاد زندگی ببرید.

حضور هیچ ملایم را بە من نشان بدهید.

لە بڕێک لەو ئیماژانەی سوهراب سپێهریدا گونجانێک لە نێوان دوو وشەدا هەیە کە وێناکردنی بۆ خوێنەر ئاسانتر دەکات. بۆ نموونە لە ئیماژی “در تنفس تنهایی دریچەهای شعور مرا بهم بزنید”دا، ئەو پەیوەندییەی لە نێوان “تنفس” و “دریچە”دا هەیە تا ڕادەیەک وێناکردن یان باشترە بڵێم شوێنکەوتنی ئاسانتر دەکات.

هەروەها ئەو پەیوەندییە لە نێوان “کبوتران” و “آسمان” و “اوج دهید”دا لە ئیماژی “دەقیقە های مرا تا کبوتران مکرر در آسمان سپید غریزە اوج دهید”، دەبینن. ئەو نموونانەی لە سوهراب سپێهری هێنامەوە؛ ئەو دەرفەتە بە خوێنەر دەدەن، بڕێک ئیماژی تر ببینێت و لەگەڵ ئیماژەکانی “ی.ڕ”دا بەراوردیان بکات. هەروەها خوێنەر دەتوانێت لەگەڵ ئیماژەکانی شاملوو کە دواتر دەیان‌هێنم و لەگەڵ ئەو ئیماژانەی کە لە فایلی تایبەت بە ئیماژدا دێن بەراوردیان بکات.

لێرەدا ڕەنگە لە ڕووی لێنەزانینەوە بڕێک ئاڵۆزی ئیماژێک ببەستنەوە بە هونەرمەندی و شاعیری بنووسەکەیەوە. ئەمە دروست نییە. وەک وتم ئەم ئیماژانە تەنیا وشەلەوشدانن. دەرەنجامی هیچ وردبینی و وردبوونەوەیەک نین. هەرکەسێک ئەو کارەی پێ دەکرێت.

لە درێژەدا بڕێک ئیماژی بە زۆر ئاڵۆزکراوی “ی.ڕ” لەو شیعرەی بەردەستمان هەڵدەبژێرم و لەگەڵ بڕێک ئیماژی ئاکام کەوسەری لە کتێبی “هەینییەکانم لە چاوی قاڵاوێکدا قاویا” بەراوردیان دەکەم. بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت وشەلەوشەدان هیچ هونەرێکی تێدا نییە. هێندە کە یوونس دەتوانێت وشەلەوشە بدات، ئاکامی کەوسەریش دەتوانێت.

ئاکام کەوسەری دەڵێت:

بژەنە بە دەمارەکانما شیوەنێ

کە ئاڵۆزترم لە ئاوازی فەرامۆشی و 

سێ هێندەی نۆتەکانت خێراتر 

مردن ئەژیم.

یوونس ڕەزایی دەڵێت:

ئەگەر کازێوە عەشقی ئاسۆیەک لە چاوە کاڵەکانت ببارێ 

کوا من تا سەروەری میوەیەک لە باڵاتا ماندووم.

دەپرسم؛ ئەگەر ناوەکان بگۆڕین ئێوەی خوێنەر هەست بە گۆڕان دەکەن؟ ئێوەی خوێنەر هەرگیز ناتوانن شیعری یوونس و ئاکام لێک بکەنەوە. چون هەرتکیان دەرەنجامی وشەلەوشەدانن. وشەلەوشەدان‌یش بەنزیکەیی یەک دەرەنجامی لێ دەکەوێتەوە.

لە درێژەدا ناوی شاعیرەکە نانووسم با خۆتان بیر بکەنەوە کە ئەمە ئیماژی دروستکراوی کامیانە(ئاکام یان یوونس).

* تۆ میوەی درەختی قەراغی باران و شەو دەژی.

* ڕاڕەوەکانی دڵتەنگی 

شیمانەی ئەگەرێکی نەزۆک بن.

 کە دوور دوور غوربەتیان لێ دەبارێ.

*چامەیەک لە منەوە عەوداڵتر لە پیتەکانی 

تا بێدەنگیت خاڵییە لە هیچ.

*تێکڕای خاچ تاریکە دەستم 

لە تابلۆی ڕژاوی شارەکان.

*ئەی سەروەری ماندووی کازیوەم شەو بە شەو.

 کوا لەسەر ڕەوەزێک بە زمانی تینووی ئاسۆ هەتاوین.

*غەریبی شاعیریش خەنجەرە و تەنیایی لە چاوی مندا چاوی تۆ دەترەکێ.

(٢)

لە کۆتاییی وتاری “وشە هەڵگری ڕەساڵەتی تریفە”دا دکتۆر ڕەهبەری مەحموودزادە دەڵێت: “ئەگەر بمانەوێت چەن وێنە لە ناو شیعرەکانی یوونس-دا بخەینە پاڵ ئەو وێنانەی ڕوئیایی، بۆ دۆزینەوەیان تووشی زەحمەت نابین:

دڕکەزاری ئەندێشەیەک لەچاومدا 

بەخشیومە شیناوەردی شیعرێک بە وشە 

بە ڕازی دەنگتدا زمانم دەدرەوشێ 

وشە هەڵگری ڕەساڵەتی تریفە.

ئەگەر لەوە نەترساباین وتارەکەمان وەکوو لیستکردنێکی ناداهێنەرانەی نموونەی شیعرەکانی لێ بێت، بۆمان هەبوو بو چەند لاپەڕه لەم وێنە بەدیعانە بە دوای یەکدا ڕیز بکەین. وێنەی وەک:

قژت ڕەشترین بیرەوەریی پەنجەمە”.

ئەوەی خوێندتانەوە بۆچوونی ڕەهبەری مەحموودزادە بوو. بەمەوە دەست پێ دەکەم کە ئیماژی “قژت ڕەشترین بیرەوەریی پنجەمە”، ئیماژێکی جوانە. دەپرسم ئاخۆ؛ کتێبی “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” بەو جۆرە ڕەهبەر دەڵێت؛ پڕە لە ئیماژی جوانی وەها؟ وەڵام نەخێرە. ئەو ئیماژە وەک نموونەیەکی بێجگە و بەدەر لە نۆرمی کتێبەکە، جوانە. بەڵام ئیماژەکانی تر زۆرینەیان وشەلەوشەدان‌ێکی سادە و بێتامن و هیچ جوانییەکیان نییە. دەبێت سەرنجی ئەوەش بدەین ئیماژگەلی “قژت ڕەشترین بیرەوەریی پەنجەمە” و “وشە هەڵگری ڕەساڵەتی تریفە” لەبەر ئەوەی بە هەمگەیەک ئیماژی قۆڕ دەور دراون، خوێنەر لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا ئەگەری زۆرە هەر نەیخوێنێتەوە یان ئەگەر خوێندییەوە بە بێزارییەوە زوو تێی پەڕێنێت و لەسەری نەوەستێ و وێنای نەکات.

ئیماژی جوان کاتێک دەردەکەوێت و بایەخ پەیدا دەکات کە بە ئیماژی سووک و بێمانا دەوری نەگیرابێت. وەک ئیماژەکانی ئەحمەدی شاملوو کە هەر دانەیەکیان تا ماوەیەک لە بیری خوێنەردا دەمێنێتەوە. لەوە بترازێت شتێکی تر کە دەبێتە هۆی نرخ پەیداکردنی ئیماژ، ئەو هەماهەنگی و سازانەیە لەگەڵ پاژەکانی تری شیعرەکەدا هەیەتی. بۆ ئەم بابەتیشە ئیماژەکانی ئەحمەدی شاملوو نموونەگەلێکن کە دەتوانن خوێنەر قاییل بکەن.

شیعرێک کە لە کەڵەکەکردنی ئیماژگەلێک دروست بووبێت کە دروستبوونی خودی ئیماژەکان دەرەنجامی لێکدانی وشە بێت، ئەگەر ئیماژێکی جوانیشی تێ بکەوێت ــ کە ئەگەری هەیە تێی بکەوێت ــ بایەخی نابێت. تەنیا ئیماژێک کە بە بەئاگایانە و بە مەبەستی گواستنەوەی بابەتێک لە تەک پاژەکانی تری شیعردا هەماهەنگ کراوە، دەتوانێت چێژ بە خوێنەر ببەخشێت. بەدەر لەم حاڵەتە مەگەر وەک ئەو کارەی کاک ڕەهبەر بۆ ئەو دوو ئیماژەی ئاماژەم پێدا کردوویە؛ ئەو ئیماژانە لە شیعرەکە دەربهێنرێن و بە تەنیا نیشان بدرێن تا بکرێت جوانییەکەیان ببینرێت.

وتارەکەمان هەر سەلماندنی ئەو حوکمەی سەرەوەمانە. بڕگەگەلێکی تر لە شیعرەکە دەخەینە بەر دەستی خوێنەر تا خوێنەر بزانێت؛ کاتێک ڕەهبەر دەڵێت دەکرا چەند لاپەڕە ئیماژی وەک “پرچت ڕەشترین بیرەوەریی پەنجەمە” ڕیز بکەین، ڕاست دەکات یان نا.

تا خشتەی ٢٧مان تاوتوێمان کردبوو. ئەمەش خشتەی ٢٨ تا ٣٢:

ئەگەر کازیوە عەشقی ئاسۆیەک لە چاوە کاڵەکانت ببارێ

کوا من تا سەروەری میوەیەک لە باڵاتا ماندووم

تا بارانێکی ماندوو بە وڵاتی سبەینێدا

شان بە شانم ڕوون.

دەپرسم کام لەو ئیماژانە جوانن؟ بێجگە وشەلەوشەدان شتێکی ترن؟ دەبینن لە خشتەی شەشەمدا وشەی “کازیوە” و “عەشق” و “دڵ” و “چاو” و “کاڵ” و “بارین” لێکدراون. ئەو کارە حودی خوێنەریش دەتوانێت بە شەش وشەی تر بیکات. ئەگەر کاری شاعیر تەنیا وشەلەوشەدانە؛ فەرقی شاعیر و خەڵکی ئاسایی چییە؟ ڕێی ئەوەش نییە بڵێین دەی ئەو ئیماژانە پەیوەندییان پێکەوە هەیە. چون ئەگەر پەیوەندی تەنیا دووبارەکردنەوەیە خوێنەریش دەتوانێت تەنیا بە چەند وشە چەندین ئیماژی ئاڵۆزی بێ‌قافیە دروست بکات. دووهەم؛ گوتمان ئەو دەقەی کە زۆرتر لە ئیماژی ئاڵۆز پێک هاتووە، پێی ناکرێت مانایەک بگوێزێتەوە. کاتێک مانایەک نەگوێزێتەوە؛ بوونی پەیوەندیی نێوان پاژەکان هیچ سوودێکی نییە و تەنیا دووبارەکردنەوەی وشەیە.

ئەمەش بخەمەسەری؛ ئێمە چەندین وتارمان لە لایەنگرانی شیعری کاک یوونس خوێندووەتەوە. ئێستا دەزانین ئەوان پێیان نەکرا پەیوەندییەک لە نێوان پاژەکاندا بدۆزنەوە کە جوانی و چێژی هەبێت. وتارەکانی عادڵ قادری و ڕەهبەر مەحموودزادە وەبیر بهێننەوە. بێجگە لە باسی دووبارەبوونەوەی وشە شتێکان تێدا نەبوو.

لە خوارەوەدا خشتەی ٣٣ تا ٥١ی شیعرەکەی یوونس ببینن:

ئەگەر من لە تۆدا گریانی کازیوە

(شەو دەبم)

بێ ماچی ئەو شیعرەی دەمچێنێ

لە ئێستا و زەماندا 

(ڕۆژ دەبی)

بە تێکڕای ئەوینی سبەینێی گەیشتن

لە دوێنێ و بۆسۆدا. 

تۆ میوەی درەختی قەراغی باران و شەو دەژی

بۆو کەسەی حەوت برای بە جامیلکە و جامیلکەی ئاسۆوە

(دارە بەن)

بۆو عیشقەی حەوت کەڵی بە گۆمیلکە … گۆمیلکەی شەوەوە

هەڵدێراوە

ئەو دەبم…

هەتاکوو سیپانی ماندوویەک بێقەرار

دەمکێڵی بە تەنیا 

تەنیایی حەوت کەسی خوێناوی ئاسۆیەک 

بە بێ ڕووناکایی و 

بە بێ ژن 

لە من دا دەبارێ.

لەو بڕگەیەدا بێجگە کۆمەڵێک ئیماژی بێجوانی؛ من و تۆیەک هەیە و “شەو دەبم” و “ڕۆژ دەبی”یەک و چەندین دووبارەکردنەوەی “دا”، وەک لە “تۆدا”، “زماندا”، “بۆسۆدا”. هەروەها دووبارەکردنەوەی “بۆوە”یەکیش.

لەمە زیاتر پێویست ناکا نموونەی شیعری یوونس بهێنینەوە. شیعری یوونس زۆرینەی وەک ئەوەیە تاوتوێمان کرد. لێرەدا بەشێک دەکەینەوە و چەندین نموونەی جوانی ئیماژ لە ئەحمەدی شاملوو دەهێنین. خوێنەر ئەم ئیماژانە لەگەڵ ئیماژەکانی یوونس بەراورد بکات.

بالابلند!

بر جلوخانِ منظرم

چون گردشِ اطلسیِ ابر

قدم بردار.

از هجومِ پرنده‌ی بی‌پناهی

چون به خانه بازآیم

پیش از آن که در بگشایم

بر تختگاهِ ایوان

جلوه‌یی کن

با رُخساری که باران و زمزمه است.

چنان کن که مجالی اَندَکَک را درخور است،

که تبردارِ واقعه را

دیگر

دستِ خسته

به فرمان

نیست.

ئەم بڕگەیەی سەرەوە چەند ئیماژی جوانی تێدایە. ناوازەکانیان بۆ من دوو دانەیانن. یەکەمیان “هجوم پرندەی بی پناهی”یە. ئەوەی لەم ئیماژە جوانە بە زەینی من دەگات، تێکەڵبوونی دوو نیگارن کە پێکەوە ئیماژێک دروست دەکەن. یەکەمیان پۆلێک چۆلەکەن لە ناکاو بەیەکەوە دەفڕن. هەموو ئەو وێنە و نیگارەمان بینیوە. دووهەمیان پیاوێکە کە بێزارە لە خەڵک و  پەلەیەتی زوو بگاتەوە ماڵ. ئەم دوو وێنە دەنیشنە سەر یەک و ئیماژی جوانی “هجوم پرندەی بی پناهی” دروست دەکەن.

ئیماژێکی‌تر کە لەو شیعرەدا هەیە و بڕێک گووندییانەیشە ئیماژی “تبردار واقعە”یە. لێرەدا قەزا و چارەنووس بە کەسێک چوێندراوە کە تەور دەوەشێنێت. ئەگەر تەورت وەشاندبێت دەزانی؛ دوای ماوەیەک تەوروەشاندن باسک و باهۆت شەکەت دەبن. کە وات لێ هات؛ هەرچی تەور دەوەشێنی، تەورەکە دەناکاتە ئەو شوێنەی مەبەستتە. دەدەکاتە شوێنێکی بانتر یان خوارتر. یان ڕەنگە دەکاتە قوول و قاچی خودی کەسەکە. ئەمەیە شاملوو “واقعە” یان قەزا و قەدەر و مەرگ بە کەسێک دەچووێنێت تەوری وەشاندن بێت و شەکەت بێت. دەڵێت هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە تەوری مەرگ لێمان بدات.

ئیماژێکی تر کە لەو بڕگەیەدا هەیە، بەڵام وا نییە بڵێی فرە جوانە، ئیماژی “چون گردش اطلسی ابر قدم بردار”ە. لەم ئیماژەدا لەنجە و ڕێوەڕینی کەسێک بە خولخواردنی هەور چوێندراوە.

فریاد کردم:

” ای مسافر!

با من از آن زنجیریانِ بخت که چنان سهمناک دوست می‌داشتم

این‌مایه ستیزه چرا رفت؟

با ایشان چه می‌بایدم کرد؟”

-“بر ایشان مگیر!”

چنین گفت و چنین کردم.

لایه‌ی تیره فرونشست

آبگیرِ کدر

صافی شد

و سنگریزه‌های زمزمه

در ژرفای زلال

درخشید

(شعر وصل).

لێرەدا بەشێکی درێژی ئەو شیعرەم هێنا تا ئیماژی جوانی ” لایه‌ی تیره فرونشست/ آبگیرِ کدر / صافی شد/ و سنگریزه‌های زمزمه / در ژرفای زلال / درخشید” باشتر دەر بکەوێت. لێرەدا دوو نیگار تێکەڵ دەبن و ئیماژێکی جوان دروست دەکەن؛ یەکەمیان گۆل یان هەسێرێکە کە لێڵ بووە، دواتر لێڵییەکەی دەنیشێت و لە بنی هەسێرەکەدا وردەزیخ دەبریسکێنەوە. دووهەمیان وێنەی مرۆیەکی تووڕە و زویر بووە کە وردە وردە تووڕەیی و زوویرییەکەی لا دەچێت و ئارام دەبێتەوە، ئینجا لەبەرخۆیەوە دەست دەکات بە گرنگە و نارەنار. چواندنی کەسی تووڕە یان زویر بە ئاوی لێڵ بوو، شتێکی سەیر نییە، تەنانەت لە فارسیدا دەڵێن کابرا “مکدر شد” و بۆ ناڕاحەت بوون بە کاری دەهێنن. ئەمە واتا ئەو ئیماژە تا ئەوێ خۆی خوازەیەکی مردووە. ئەوەی شاملوو ئەنجامی داوە، چواندنی “ورینگە”یە بە درەوشانەوەی وردەزیخەکان لە بنی هەسێرەکەدا.

ئەو زیادکردنەی شاملوو بەو خوازە مردووە؛ ئیماژێکی ناوازەی دروست کردووە. ئەمەش نموونەیەکی تر لە شیعری شاملوو:

مرا پرنده‌یی بدین دیار هدایت نکرده بود:

من خود از این تیره خاک

رُسته بودم

چون پونه‌ی خودرویی

که بی‌دخالتِ جالیزبان

از رطوبتِ جوباره‌یی.

لەم بڕگەیەدا من بەشێکی کەمی شیعرێکم هێناوە. شاعیر باسی پەیوەندیی خۆی و شیعر دەکات. دەڵێت من وەک ئەو پوونگەیەم لە قەراخی جۆگەلەیەکدا دەڕوێت. پوونگە کە بێستانەوان بۆ شینبوونی زەحمەتی نەکێشاوە. دەڵێت کەس یارمەتی منی نەداوە ببم بە شاعیر. ئەو چواندنە جوانە، ئیماژێکی جوانی لێ دەرچووە.

ئەمەش نموونەیەکی تر:

من ایستاده بودم

تا زمان

لنگ‌لنگان

از برابرم بگذرد،

و اکنون

در آستانه‌ی ظلمت

زمان به ریشخند ایستاده است

تا منش از برابر بگذرم

و در سیاهی فروشوم

به دریغ و حسرت چشم بر قفا دوخته

آنجا که تو ایستاده‌ای.

لەم کۆپلەیەدا تێپەڕینی خاوی کات بە ڕابردنی کەسێکی شەل چوێندراوە.

نه

تردیدی بر جای بِنمانده است

مگر قاطعیتِ وجودِ تو

کز سرانجامِ خویش

به تردیدم می‌افکند،

که تو آن جُرعه‌ی آبی

که غلامان

به کبوتران می‌نوشانند

از آن پیش‌تر

که خنجر

به گلوگاهِشان نهند.

سەرنجی ئیماژی جوانی “تو آن جرعەی آبی کە بە کبوتران می نوشانند” بدەن.

نه

این برف را

دیگر

سرِ بازایستادن نیست،

برفی که بر ابروی و به موی ما می‌نشیند

تا در آستانه‌ی آیینه چنان در خویشتن نظر کنیم

که به وحشت

از بلندِ فریادوارِ گُداری

به اعماقِ مغاک

نظر بردوزی.

ئیماژە جوانەکەی ئەوەیە دەڵێت؛ کە لە ئاوێنەدا تەماشای خۆت دەکەی و هەست بە پیربوونت دەکەیت، ترسێک داتدەگرێت کە دەڵێی لە بەرزایییەوە تەماشای ناوی نوڕێک دەکەی. تازە هەر ئەو بڕگە ئیماژێکی جوانتری تێدایە ئەویش ئەوەیە کە نوڕی بە هاوار چواندووە.

شکوهی در جانم تنوره می‌کشد

گویی از پاک‌ترین هوای کوهستانی

لبالب

قدحی درکشیده‌ام.

در فرصتِ میانِ ستاره‌ها

شلنگ‌انداز

رقصی می‌کنم –

دیوانه

به تماشای من بیا!

“شکوهی در جانم تنورە می کشد” ئیماژێکی جوانە. دەڵێت شکۆیەک لە مندا خول دەخوات. ئەم بڕگەیە دەمخاتەوە بیری ئەم دێڕەی نالی:

گاهێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ

گاهێ دەبی بە دەم و دەدەمێنی دەمی غوروور.


وەک بەڵێنم بە خوێنەران دابوو لێرەدا بڕێکی ئێجگار زۆر ئیماژ دەهێنم کە لە ئەنجامی وشەلەوشەدان‌دا دروست بوون. وشەلەوشەدانی ڕووت هێندە قۆڕ بوو بڕیارم دا زۆربەی کارەکە بە کێش و سەرواوە بنووسم. لە بڕگەیەکیشدا هەوڵم داوە بە چەند وشەی تایبەت چەند ئیماژ دروست بکەم. سەرنجی ئەو بەشە بدەن، لەبەر ئەوەی وەک لە وتارەکەدا ئاماژەم پێ داوە، بڕێک باسی دووبارەبوونەوەی وشە لە شیعری یوونسدا دەکەن و وەک خاڵی ئەرێنی تەماشای دەکەن. منیش ئەو بەشەم بە دووبارەکردنەوەی وشەگەلێکی دیاریکراو نووسی.

ئەمەش نموونەکان:

رەوە تەنیاییەکی زۆڵ لە هەتاوێکی شیندا مڕ کەوتبوو

کە شوانێک بە فیکەیەکەوە کاڵ دەبووەوە 

کە شەمامەیەک لەم بەری کازیوەوە قاچی هەڵکردبوو.


لە سێبەری هەرزەکاریما، لە توێی شیری درەختێکدا خەوتبووم

لەو لامەوە باران بە کازیوەدا چنگەکڕەی بوو.


لەو شەوەدا بێقەرایی بە گیانی گەولاوێژەوە بە خلسکێنەوە هەڵدەزنا


ئەگەر بەهار بەرەوخوار سێبەرێک سوێر 

ئەگەر هاوین بەرەوژوو دێبەرێک کوێر 

هەر هەڕۆ بارانی چەقیو ئە چەقی چوارشەمە 

هەر خەڕۆ یارانی بەزیو لە جەنگی جاڕەجۆ.


ها شاعیر بنووسە ئێوارەیەک بە تێکڕا تەنیا بوو 

تا ئەو مانگە گێلیەکانی لە پایینی پووشپەڕا مۆڵ دەدا.


دوو دز بە تاوێرێک شەویان لە ڕووناکی هەڵدەدێرا 

کە من شەتاوێک لە پێڵوی خۆرنشینەوە دەنووستم

پێڵوی شەو بە تاوێری شەتاوێکا خۆرنشین بوو 

دوو دز بە ساوێری هەتاوێکا خۆرنشین چوو.


بەیانی بە چرپەوە قیڕیاندی سپێدە کوا؟ 

کە شەوێک سەری خۆی داگرت، بۆ کوێی بوا؟ 


بنووسە 

باران هەتاوێک باشتر

جاڕەجۆ گەنمێک ئاشتر

خاوە خاو هەڵمێک هەڵدەنیشت بەرەو ئاسمان


لە ڕادیۆی خۆرا تیشک نەیکردووە باسمان.  

کوا نامۆیەک ئامۆزای ئامێزی ئاوێزان 


ڕاکشێت لە سەر کۆتایی و کەمتر 

ڕاخشێت لە سەر مارایی و سەمتر 


ماری تەنیایم پاچەقوولەی دەگرت لە خۆی

کە باوەشی با مردار سەری بڕی بوو بە چەقۆی. 


ئەو ئەوسا ئەگەرێکی لیلک و ڵێڵی ڕوون دەکردەوە

ئەم ئەمسا مەگەری شەوەیەکی شەلی دەبردەوە.


 لە پاڵی نیوەڕۆدا هەتاوێکی شەلیان بەستەوە

لە چاڵی “بەخوا”یەکدا شەراوێکی کەلیان خەستەوە.


ئەگەر هەناسەت بەرامەیەکی سستر


با بڕوا ئۆخەیەکی سوێر بە سی سێشەمەدا

چاوڕێم چن 

دێمەوە لە وردەوردەی مانگێکی بێشەمەدا.


چوارشەمەیەکی سوور سۆرەی خوشکی هەتاوە

لێواری تەنیاییم، نغرۆی هەناسەی وشکی شەتاوە.


کوا ئەو قەیسیەی خەونی بە کچی مانگەوە دیبوو؟

لە باغی ئاوا مرۆری سۆزی سوێر چنی‌بوو. 


لە نێزیکی پاییزێکا ڕووی ترش کردبوو لە هەنار

ئەو بڕوایەی هاوین هەڵدەهات لە دەستی بەهار. 


لە تورتی سۆزێکی خاوا بوەستن 

لە ڵێڵی دۆزێکی یاوا بمەستن 

کە من دەمێکە شەکەتی بۆچییەک دەژیم

کە من دەمێکە قورسی بۆشییەک دەمرم.


شیعری جەنابت

 دەستی بە گونی شەوەزەنگ دەشوات 

ڕەخنەی ڕەپی من  

لێی گەڕێیەکی باوێشکاوی دەیخوات. 


لە تەنیادا ڕووخانتری لە مانگ و جێگرەکەی

له بانگدا بەهارتری لە نوێخواز و ڕێگرەکەی.


گەر هیلاکە شەوەزەنگی شەمەیەکی شەمامە 

با بنووێت درزی دووری و تەنیایی ئەم حەمامە.


دە هەستە دوێنی دوور، بمێنێ لەو ترشەدا

بە سەوزەوە دامەنیشە لەو گێلییە برشەدا.


لە پۆشایی سەری مانگدا، ئێوارەیەک خەوتووە 

لە بۆشایی بەری بانگدا، قاڵدرمەیەک کەوتووە. 


کە چاوی پاییز، ترش و کاوڕ بوو

دڵی نینۆکم لە دوێنێ دەچوو. 


هەستن لە سێبەری شیعرا نزیکی بدوورنەوە

بۆ خاتری سەوز دڵی ڕەش بسوورنەوە. 


دوێنێ نازانێ لێواری ئێستام تەواو بەهارە

کە کوێری سێبەر لە خواری باشدا بۆچی هەنارە؟


هەی لەو نێرگسەی لە سوێندی سوورا خۆی ڕاچەنی‌بوو

حەی لەو دەروێشەی لەگەڵ کەفێکا چەنەچەنی بوو.


باوانی بەیبوون، بە دەم بەردەوە سووری بشێلن

پاوانی پاییز بە دەم نەردە چاوی بخێلن.


کە هەڕگی هەتاو لە تاوی دوێنێ کاڵ دەبێتەوە

سۆزی سێشەمە لە کەشخەیی سێو بۆ ناچێتەوە؟


لەبەر “بە گشتی” تاکێتی تاقەت مەپڕووکێنن

لەبەر سبەینێ لە ناو بیرکاری باش بدوێنن.  


 بە لەکوێ مەڵێ وەرزێکی خاکی چەند جوان دەناسێ 

چوون  “هەتائێستاش” بە سێبەری مانگ قسەی دەتاسێ.


سمێڵی سۆسەن، وەک تورتی سێبەر خەیاڵی خاوە

وڵمەی دوێنێمان لە بەر باشی با تا ئێستای ناوە. 


خۆزگە ئەو ژوورە، سێو بینووسایە کە خوێی خۆش دەوێ 

کێ وەک تەماتە وەها بە دشتی لە دەشت دەنەوێ؟


دەک باوانی با بە خوڕ بگیرێ و وەک سوێری سەوز بێ 

قەینا دەستی دوور وەک بەردی هەتاو پڕ لە وەنەوز بێ. 


باشی بەیانان بە خاوی خۆزگە چارە ناکرێ 

توونی کازیوە بە دوو شەمامە کرێی نادرێ.


هەتاوێکی کۆم هەرگیز ناتوانێ وەک دوانزە نێر بێ

ئەوەڵی سۆزگە بۆ بینینی سارد پێ دەچێ دێر بێ

تا سۆز نەقووپێ، گیا ناڕژێ 

تا داخ نەخووسێ چیا نامژی.


گوێزکی نەوسن بە ئارەقی سوور دووی بیسمیل دەکرد 

لە با بپرسە خاوی خوێڕێتی بۆچی سوور دەمرد.


ئاوڕێکی پەر بۆ ئەوە باشە مانگ بمەیەنێ

ماستی شەڕ بخۆن، هەڵمی سێشەمە هەڵدەوەرێنێ.


هەرگیز بە لالێو بارانی بەهار داسکەنە مەکەن

با شەمامەی سۆز لە قووڵی وەشتا خۆیان هەڵبخەن. 


تاوان بەردانە، تورتی دەتاشێ

گاوان دەردانە ، کونکون دەپاشێ.


ئیتر شەکەتم لە لابەلایی گیای خۆزگەتان 

لەگەڵ خەست دەچم تا بەرپاساری چیای سۆزگەتان.  


ڕێگەی ئەو ژوورە ناکەوێتە خوار

وشکی ئەم عەسرە، وا نابێت بە سوار. 


کەشی ئەو کەوشە وەک کا کۆنەیه

داهاتووی بەراز مۆنیی سۆنەیه.


پڕی لالوێچێ خۆری بۆ کردوو، هەستایە سەرپێ 

 دەستڕێژی لێکرد بە ئانیشکی با سەرما دەسبەجێ.


رینگاڵی سێبەر لۆژەلۆژ کز بوو 

بەردێکی خراپ بە پێدزکە چوو.


لە بەینی بادا قەسرێکی قسری ختووکە دابوو

لەبەر لەبەرچی سووری بۆشایی ئە ناو قوڕ نابوو.


کاڵترین مەستی بە هەشتێک بگرن 

تاڵترین پەستی بە وەشتێک بمرن.


خۆزگە بە خۆتان، کونجانی شێتی هاوماڵی لافاو

داخی مەستی سۆز لە شاخی دوێنێ دەرنەچووە تەواو.


بارانێ بێنن دۆستی کازیوە، بۆنی بەی لێ بێ

لەبەر چاوی قوڕ لەنجە بکات و هەرگیز هەڵنەچێ.


منیش وەک شەماڵ، بە ڕێنووسی بەرد قەد لار  ناخەوم

گەر چناری مۆن، پێ دانەکێشێ و لێڵ نەکا شەوم.


پاژێکی شلی ئاوێکی پژمن

لێل گێلی پووشپەڕ بووبوون بە دژمن

وتی بە هاوار شارێکی دڵپیس 

خوو خەڵەتاوە گوڵی داوێن سیس 

حاشا لەو یاڵەی ژەنگی هێناوە

حاشا لەو ماڵەی گوێبیسی تاوە

حاشا لە ئادەی شەڕانی و سەرکوێر

حاشا لە بادەی وڕکن و ڕەنگ سوێر 

توونی دووشەمە بە دۆڵ ژیر نابێ

بۆ زبری و خاوی مانگ بە شیر نابێ 

هەنجیر ناتوانێ دەرسی غار بدا 

ڕەشیش ناتوانێ وەک بی غار بدا

ئیتر مەجاون کێڵگەی کەڵکەڵە

هەتا کوێرانە بەرد دەدات پەڵە

ئیتر مەنێژن دووری لابەلا

ئیتر مەپێژن سوێی هەلاهەلا

ئەوەی سێشەمەی بە گوڵ داغ دەکرد 

لەبەر هاژەی دەرد سەرەوخوار دەمرد 

ئەوەی شاخانە کۆڵەکۆڵی بوو

بە بوختانی بەرد حاڵی چۆڵی بوو.


وتمان مەوەستن شەمامەی تینوو

بە دیار باوێشکی کۆڵەکەی زینوو 

وتمان مەخەون گورگەلی دوودڵ

تا بەردی بنار لە با دەکا سڵ

وتمان مەکۆکە ئەشکەوتی مللار 

تا جوانی کیسەڵ دەگاتەوە شار 

وتمان بنواڕە سەربانی مزگەوت 

بە دەم دەستەوە خۆزگە بوو دەکەوت.


بە دارەدارە بەردێک دەکەنی 

مامۆسا ئاسا خوێیەک دەگەنی 

بریایەکی سوور بریا بە خۆشی 

شادی بوو گوڵێک دەکەوتە کۆشی 

گریایەکی دوور گریا مۆرئاسا

تا لەولای خۆزگە هەتاوێ ڕاسا 

قسەی قەلانجە سوێرە بۆ کانی 

لە کۆشاییدا حەزێک دەیڕوانی

داستانی بەردێ ڕۆژووی دەق دەکرد

چیوچیوکەران بوو، یایەک بوو بە پرد 

شل شل خۆی دەنواند باشێکی هەراو

زل زل خۆی دەکەند بۆشێکی بەراو.


هەرزانی هەتاو بۆ با باش نییە

چوون کۆشێکی کاڵ بۆ دارەبییە

با وانەزانێ هەر ئەو دێردەسە

کاوێژی ئاسۆ بووە بەلەسە

نەیجەی پرسیارێک لە ماڵا بشکێ 

پەیجەی هاوارێ کەلاوە بتکێ.


کۆشکێ پەنجەرەی هەتاوێ بڕوێ

 سواڵی سوێڵ ناکات لە ئاوی گڕوێ 

ئەوەی سوێرایی مانگێکی دیوە

ناچێتە داوای کچی کازیوە

لەگەڵ دێڕێکا شەڵاڵ ببارە 

با نەڵێن باشە بۆشی بێچارە.


ئاوڕێک بڕوا بەرەو وەستانێ 

سۆزێک هەڵدەفرێت لە ناو بێستانێ 

کەڵ خۆی ناگرێ لەبەر ئاسۆی توند

با خۆی فش نەکات، لە بەرچاوی کوند

بەڵام ناخویسێ بە درۆی باران

بێخود دەیگرێ نینۆکی شاران.

بەردێکی بازوو بووە بە ماوا

گوڵاڵە سوورە دەدا بە ئاوا 

پینەی پاڵتۆیە جوێن دەجاوێ 

بە دەم سوورەوە لە خوار هەتاوا

پۆڕێکی دووری بێپەنا دەیگووت 

بەهارێ مەست بوو خەزووری زاوا. 


ئامێزی کۆمی داڵێکی پرچن

بڵێسەی کێوی هێنابوو لە بن 

خەیاڵی مانگی هەردەم بەگرمە

وەک پاڵی پاییز دایم نسرمە

ئێستایەک ئەوسا دەیگووت بە کاڵی

بۆ کەرێکی پووک گا نابێ حاڵی

تا گوڵ بەرەودوا دەردێک دەدوێنێ

شیعرێ ڕەقەڵە دێت خۆی دەنوێنێ

شیعری ڕەقەڵەی چوارپەل ئێوارە

گۆزینگی گتی لە دوور دیارە

هەورێکی چاری کوڵنجە ڕێ ڕێ

بە دارشەقەوە دەگەڕا دێ دێ 

ئەگەر خەیاڵی شەمامە کوڵ بێ 

نابێ دەریایێ نۆکەری گوڵ بێ 

گەر سۆز بەردەباز بۆ گەنم دانێ

خۆزگە چۆن بشوات، بە تەنیا نانێ  

بە دەریا بێژن خەیاڵی نەرم بێ

هەتا سۆز نەنووێ دەبێ گوڵ گەرم بێ 

گوڵیش دانیشێ لە ڕێی تەنانەت 

دەریا ناناسێ دووری کەڵەگەت.


بە حاڵ یەکشەمە دوێنێ ڕادەبرد

گوڵ بە پانەوە پشتی تێ دەکرد 

کە دەریای سیخن لە لای گوڵ سووکە

لووتەلان لە سۆز هەرچی گڵووکە 

ئەوەی زانیبا سۆزی قوول قەوی

هەرگیز نەیدەگووت: گوڵ! مانگ نەوی

جینگنی دەریا هێشتا هەر باشە

باسی گوڵ و سۆز دەوەن بە ئاشە.


لاجانگی لووسی ئەستێرەی کەوە 

کاوێژی کاڵی خەرمانەی خەوە

بەردێک نەنووسێ شۆخییەکی لۆچ

لە ترسی برسی بۆچی ناکا کۆچ 

تا لە وەسەتی یانا نەوەستێ

کەری حەفتەیەک بە باش نابەستێ

پەردەیەکی پۆش زۆر زووزوو دەژی 

پێش ئەویش گوڵێ چاوی دەڕەژی 

بەهارێ بۆرم نەدیوە بە گوێ

کە هاژەی هەرمێ ناخورێ بێ خوێ.

دەرماڵێ گوێزی بە چرچ دەنۆشێ 

باخێکی نێری هەرگیز دەدۆشێ

چاڵی چەناگەی چوارشەمە چەوتە

سەرینی سێبەر ئانیشکی حەوتە.