سێڵفی، ئیگۆی دیجیتاڵی

بێگومان ئامێری مۆبایل بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەندیی مرۆڤی لەگەڵ جیهان بە گشتی و جیهانی سۆزداری بە تایبەتی گۆڕیوە. بە مانایەكی دیكە لە سەردەمی مەجازیدا مۆبایل بۆتە نزیکترین هاوەڵی مرۆڤی مۆدێرن، مرۆڤ بەردەوام لە ئیگۆیفەلسەفییەوە بۆ ئیگۆی دەروونشیکاری و ئەو ئیگۆیەی كە (سێڵفی) پێشنیاری دەکات، هەنگاو دەنێت. لە سەردەمی مرۆڤی مۆدێرندا چركاندنی سێڵفی دەلالەت لە دەرکەوتنی (ئیگۆ)یەكی جیاواز دەكات! كەواتە دەشێ پرسیارە سەرەكییەکە ئەوە بێ، كە ئایا پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكان ڕەفتارێكی نوێ و نەرم و جوان و جیاوازی لەگەڵ خۆی بۆ ئیگۆ هێناوە، کە گوزارشت لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە بكات؟!

بۆ تێگەیشتن لە تەكنۆلۆژیا و دیاردەی سێڵفی و دانانی لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی گشتگیر و هەمەلایەندا، دەبێ بزانین مرۆڤ لە فەزای مەجازیدا چۆن دەگوزەرێنێ.. فەزایەك كە سێڵفی لە ڕێگای دیاردە فرەجۆرەكانییەوە بۆتە ڕەمزی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای لەسەر بونیاد نراوە! كۆمەڵگایەك كە لاوەكان بە فەزڵی تەكنۆلۆژیاوە بەڕێوەی دەبەن. هەموو ئەم پرسیارانە و زێتریش نووسەر و دەروونشیكار و بیریاری فەرەنسی (ئێلسا گۆدار، ١٩٧٨) لە کتێبە بەناوبانگەكەی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم) كە لە ساڵی (٢٠١٦)دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، قسەی لێ كردووە. واتە لە ڕێگای ئاوێنەی دیاری سێڵفییەوە گۆڕانکارییەکانی ئیگۆ لە سەردەمی مەجازیدا لێك دەداتەوە. ئەم كتێبە لە بەشی  فەلسەفە و دەروونشیکاریی زانکۆی پاریس بڕوانامەی دكتۆرای بە دەست هێناوە. نووسەر لەو تێزەدا کاریگەریی مۆدە و هاوسەرگیری، من سێڵفیم بۆ پەیوەندیکردنی نێوان تاکەکاندا وەک ڕێگایەکی نوێ تەكنۆلۆژی شی كردۆتەوە.

ئەم کتێبە گوتەزای (من بیر دەكەمەوە، كەواتە من هەم)ی (دیكارت)ی دەستکاری كردووە، ئەو دەستكارییە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئێمە بخاتە بەردەم فەزای مەجازی و دنیای تەكنۆلۆژیا و زانیاریی خێراییی سەردەم و سایتەکانی سۆشیال میدیاوە، کە ترسە زیندووەکەی لەلایەن (کتێبی ڕووخسار- فەیسبووک)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، لەوێدا نیشانەی پلە بەرزکردنەوە بە سوبێكت دەبەخشێ، بەو مانایەش لە فەزای مەجازیدا سێڵفی بەرەنگاری مردنی دیجیتاڵی دەبێتەوە.

شیکاری دەروونیی ئیگۆی دیجیتاڵی

لە عەقڵانییەتی (دیكارت)یدا بۆ تێگەیشتن لە واقیع تەنها ئامرازێ، كە بەكار بێ، هەم لە ڕووی بیركردنەوە و هەم لە ڕووی زانستەوە، عەقڵ بووە. سروشتی عەقڵیش سروشتێكە بە فیكرەوە دەلكێ، لای دیكارت ئەوەی نەتوانێ بیر بكاتەوە عەقڵی نییە. كەواتە بیركردنەوە بنەمای عەقڵە، یەكەم شتیش بە عەقڵەوە بەند بێ خودی ئاگایی و هۆشیاری و دەرككردنە. عەقڵ واتە ئاگایی، ئاگایییش لە تیۆریزەكردنی بیركردنەوە پێكهاتووە، ئەو بنەمایە لە بواری فیكر و فەلسەفە و شیكردنەوەی دەروونیدا گەشەی كردووە و دواجار لە زمان و قسەكردن و گۆڕانكارییەكانی ئیگۆ گیرساوەتەوە. كەواتە مەعریفە وەك بنەمای فەلسەفەی دیكارت لە ڕێگای عەقڵەوە بەدەست دێ، بێ ئەوەی پەنا بۆ هەست بەرێت. چونكە هەست مایەی هەڵخەڵەتاندنە، بە دیوەكەی دیكەش دیكارت بۆ (بوون) جەخت لە منی ویژدانی دەكات. بەڵام هەر لە (فرۆید)ەوە هەموو بیركردنەوەكان بە نەستەوە پەیوەست كراون! مرۆڤ لە بیركردنەوەی نوێدا زمان ئاراستەكانی دیاری دەكات. زمان لە نەست ڕسكاوە. بەڵام ئیگۆ وەك داوەری نێوان (سوپەرئیگۆ) و (ئید) ڕابەرایەتیی ژیان دەكات.

مرۆڤ لە ڕێگای پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەویدیكەی جیاوازدا خۆی دەدۆزێتەوە، پەیوەندیی سوبێكت لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز پەیوەندییەكی زمانەوانییە، پەیوەندییەكی نەستییە. بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان لەبەر ئەوەی زمان گشتییە، كەواتە سوبێكت لەژێر سایەی كولتووری كۆمەڵگایەكی دیاریكراوەوە، یان نەستی گشتییەوە دەژی. بەڵام زمان وەك چۆن گشتییە، تایبەتیشە، لەنێوان زمانی تایبەتی و گشتی، لەنێوان نەستی تاك و نەستی كۆ سێڵفی هەر تەنها گوزارشت لە سوبێكتی مۆدێرن ناكات، بەڵكوو تەعبیر لە كۆمەڵگای مۆدێرنیش دەكات. هەر بەو مانایەش سواڵکردنی کۆمەڵایەتی لەلایەن سوبێكتی دیجیتاڵی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زمان و نەستی گشتییەوە هەیە، نەك تایبەتی. بە دیوەكەی دیكە بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوكێی ئیگۆی دیجیتاڵی، شارستانی بگەین، دەبێ بە شێوەیەكی زانستی بەدوایدا بڕۆین.

ئیگۆی دیجیتاڵی شوناسێکی نەرم و ڕووت و جوان پێشنیار دەکات، کە دەتوانیت ببینرێت و دەستی لێ بدرێت و هەستی پێ بکرێت و لە فۆرمێکدا بەرجەستە و چاودێری بکرێت! واتە کاتێک سێڵفییەک دەگرم، بە بەکارهێنانی پەنجەکانم دەتوانم دەستکاری بوونی بکەم و بەسەریدا زاڵ بم، بەپێی گۆڕانكارییەكانی جیهانی مەجازی مامەڵەی لە تەكدا بكەم. پرۆسەی مامەڵەكردن لەگەڵ سوبێكت، لە ڕێگای سێڵفییەوە گوزارشت لە پێشنیاری بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی ناسنامەی ئیگۆ دەکات، كە وەک فۆرمێک نێرگزیەتی فرۆیدی تێپەڕاندووە. بەڵام ئایا ئەوە بەو مانایە نییە، کە (ئیگۆی سێڵفی) ناتوانێت واقیع پشتڕاست بكاتەوە، ئایا لە نێوان ئیگۆی دیجیتاڵی و ناسنامەی ڕاستەقینەدا مرۆڤ دووچاری كەسایەتی شیزۆیی نابێتەوە؟  

بێگومان ئەو پرسە، پرسی شوناسی پارچەپارچە و تەقینەوەی ناسنامەیە، کە پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوە هەیە. كەواتە کردەی چركاندنی سێڵفی بێ ئەوەی بچووک بکرێتەوە، دەتوانرێت بە ناسنامەی سەردەم هەژمار بکرێت! واتە کاتێک هەرزەکارێک بۆ وێنە سێڵفی خۆی لە ڕێگای فلتەرەوە هێمای سەگ، پشیلە… بەکار دەهێنێ، مەبەستی نواندنی وێنەی ئەوان نییە، یان کاتێک کەسێک کێشی جەستەی دادەبەزێنێت، هەر تەنها مەبەستی كێش دابەزاندن نییە، بەڵكوو مەبەستی گۆڕان و گەڕانە بەدوای وێنە (ڕاستەقینە)كەی خۆیدا، بۆیە لە بەردەم پەنجەرەی هەموو دوکانێكدا سەیری (ئیگۆی دیجیتاڵی) تازەی خۆی دەکات، بێ ئەوەی هەست بە هیچ ڕەفتارێكی نێرگزی لە خۆیدا بكات، چونكە ئامانج چاولێکردن لە دۆخی ئێستای دنیا نییە، بەڵكوو سەرسامبوونە بە وێنە تازەكەی. كەواتە جگە لە گۆڕان، جگە لە دۆزینەوەی وێنەی یەکەمی، هەموو ئەو گەڕان و تەماشاكردنانە لەوەدایە، كە وێنە نوێیەكەی خۆی بناسێتەوە. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: السّيلفي للكشف عن الأنا: بين الواقعيّة والرّقمية، حوارمع إلزا غودار 29 مايو، 2020، أجرى الحوار: جوناثان دودي. ترجمة: منال بوخزنة، هبة مركانتية وأميرة بوسجيرة.

میتافیزیكای چركاندنی سێڵفی

سێڵفی نوێنەرایەتیی دەموچاو ناكات، بەڵكوو ئامانجی ئەوەیە ببێتە ڕووخسار. هەمیشە سێڵفی ئەم ئامانجە دەقۆزێتەوە و یاری بە دەموچاو دەکات. لە كۆمەڵگای شلۆك و فەزای مەجازیدا، لە پشت ناسنامەی ڕووخسارەوە نەرمی و ڕووتییەكی پێویست و بەپەلە و ئەرێنی وەستاوە و مەیلی بەلای فۆرمێكی دیاریكراوەوەیە و لە ڕێگای سێڵفییەوە بەدوایدا دەگەڕێت و پێوەرەکانی لە ئیگۆیەكی دیجیتاڵیدا دەبینێتەوە. واتە وەك دەربڕینێكی بەپەلە و ئامانجی ئەو كۆمەڵگایەی تێیدا دەژی، تیشک دەخاتە سەر ئاوێنەی جوانییەوە، تاكو بتوانێت بڵێ: ئەم دەموچاوە ڕووخساری منە! بە چركاندنی ئاوێنەی سێڵفی كە بە هیچ شێوەیەک ڕێگری لە خۆخستنەڕوو ناکات، دەموچاوی خۆی وەك ڕووخسار وێنا دەكاتەوە. بەو مانایەش بوونی ئیگۆ لە گەشەکردن و بەردەوامیدایە. لێرەوە دەتوانین ئەوە لەبەرچاو بگرین، کە ئیگۆ لایەنێکی کەم تا زۆر جێگیری بۆ خۆناسین هەیە. بەڵام چۆن دەتوانین لەگەڵ ڕووخسارمان شەفاف بین، لە کاتێکدا ناتوانین لەگەڵ دەموچاومان هاوئامانج بین، ئەگەر نەتوانین لە خۆمان تێبگەین، چی بە کەسانی تر دەبەخشین؟  

كەواتە ئەو کاتەی كە باس لە ئاوێنەی بینینی سێڵفی دەكەین، كە (ڕووخسار) نوێنەرایەتیی جەوهەری (ئیگۆ) دەکات. دەموچاو دەكەوێتە پشت کاریگەرییەکانی بوونەوە. لەوێوە دەموچاوێكمان لەدەست داوە کە چیتر هی خۆمان نییە. ئەوەش دەستوەردانە لە بوارە تاریکەکانی نەست و خەیاڵی ئیبداعی! دەشێ میتافیزیكای سێڵفی لەو بەکارهێنانانەی کە دەتوانین بۆ نوێنەرایەتیکردنی دەموچاومان لە نەرمییەوە بەدەستی بهێنین، یان لە ڕووتی یان تەنانەت لە خۆداڕشتنەوەی وێنەی ئاوێنەوە. بەرجەستە بكەین. دەمەوێ بڵێم بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی خۆم، پێویستم بە نیگای ئەویدیكەیە. بەو مانایە ئەوەی ئاوێنەی سێلفی دەینوێنێ خۆ دووپاتکردنەوەیەكی دیجیتاڵییە لە ڕێگای بۆچوون و حەزەکانی خۆتەوە و منایەتی دەگەیەنێت!

بەڵام پێشتر بۆ ئەوەی وێنەی خۆمان لەبەردەم (مۆنۆمێنتێک)دا بگرین، داوامان لە چاوی ئەویدیكەی ڕێبوار دەکرد، کە وێنەمان بگرێت، ئێستا بە بەکارهێنانی کامێرای پێشەوەی مۆبایلەكەمان، خۆمان بە دەستی خۆمان ئەو کارە دەکەین. بێ ئەوەی لەو کردارەدا حەزی خۆپشکنین هانت بدات، تاكو ڕووخساری خۆت لە دەموچاوی خۆت بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی خۆت، خۆت بناسیتەوە، سێڵفی بەدوای وێنەیەکی مۆدێرنی فەزای مەجازیدا دەگەڕێت، بەو مانایەیە كە بەردەوام بزانم چۆن باشتر دەردەکەوم.. ئەوەش هۆکارێکە بۆ قسەكردن لە گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی ناسنامەی دیجیتاڵی ئیگۆ و پارچەپارچە بوون.

پرسی منایەتی پرسی بینین

پرسی منایەتی لەخۆ دووبارەكردنەوەی دیجیتاڵیدا دەبینرێ، بەڵام کێشەی بینین لە چاو و ڕۆحدا کورت ناکرێتەوە، بەڵكوو كێشەی نیگایە! لە پشت نیگاوە هەمیشە پرسی ناسینەوە شاراوەیە. كەواتە کێشەی بینین لە جیهانی مەجازییدا ئاماژەیە بۆ کێشەی ناسینەوە. بێگومان کۆمەڵگای هایپەرمۆدێرن کۆمەڵگایەکی پارادۆکسییە. لە زۆربوونی زانیاری، لە خێرایی و تێكچڕژانی پەیوەندیدا ئەگەری ئەوە هەیە، سوبێكت نەتوانێت هیچ بڵێت، یان ببیستێت، یان ڕەنگە لە چوارچێوەیەکی زۆر ستاندارددا ببینێت، یان توانای گوتن لەوەدا كورت دەبێتەوە، كە توانیومە بڵێم، لە کۆمەڵگای دەستكەوت و شلۆكدا فەزای دیجیتاڵی فەزایەكی پاککراوەیە! كاتێ سوبێكت لە دەروونناسی ئەرێنیدا نوقم دەبێت، كاتێ ناسنامەی دیجیتاڵی پێ دەبەخشرێت، ئیتر کێشکردن لەدەست دەدات، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكوو متمانەش لەدەست دەدات، بەڵام ڕووتی و نەرمی و لێبوردەیی بە دەست دەهێنێ، بەو مەرجەی ئەوەی لە ئاوێنەدا وەك نەرمی و ڕووتی و جوانی دەردەكەوێت، لێبوردەیی بێت؟!

 مرۆڤ بوونەوەرێکی نائاسایی و ئاڵۆزە، هەرگیز پاک نابێتەوە. كەواتە ئایا ئیگۆی دیجیتاڵی بە خۆ وێنەکێشانەوە پاك دەبێتەوە؟! ئەو خوێندنەوە دەروونناسییە وەک چۆن چەمكی بینین بە ڕەهەندی تاكەوە بەند دەكات، ڕێگا بۆ کۆمەڵگاش خۆش دەکات بەردەوام سوبێكتی نوێ بەرهەم بهێنێتەوە، کە ئەمڕۆ لەلایەن فەیسبووکەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بۆیە لە دەرکەوتنی مۆبایلی زیرەکەوە، کە کارەکانی مۆبایل و شاشە و ئامێرێکی فۆتۆگرافی و کۆمپیوتەر تێکەڵ دەکات، كە ئێمە لە ڕێگای شاشەوە سەیری خۆمان و جیهان دەکەین. كە ئێمە لە هەر کاتێکدا دەتوانین پەنجەرەیەک بکەینەوە یان دایخەین، بەپێی باری دەروونی خۆمان، دەیکوژێنینەوە و دەیکوژێنینەوە.

لە پەنجەرەی شاشەکانمانەوە، لەوەی ئیگۆ لە گۆڕان پێشکەشی دەکات، یەکەمین دەرئەنجامەکانی شۆڕشی سەردەمی دیجیتاڵی و مەجازی لەوەدا دەبینینەوە، كە پەیوەندیمان لەگەڵ کات و شوێن و دادپەروەری لە ئێستاوە لەسەر شاشە دەبینین. هەموو ئەوانە فڕێمان دەدەنە نێو تێگەیشتنێكی دیكەی بوون، کە دەتوانین ناوی بنێین (لێرە و ئێستا). ئەوەش مەیدانی ئەزموونەکانمانە کە تەواوی بوونمان پێکدەهێنێت. بەڵام كەس خۆی ناناسینەوە، بێگومان ئێستا و لێرەدا، هەموو شتێک ژیانە و هەموو شتێک لەبەردەستدایە، بە دانیشتن لەبەردەم کیبۆردەکەتدا، دەتوانیت بە کلیکێک جیهانی بەردەمت جادوو بکەیت. لێرە و ئێستادا بوون جۆش و خرۆش و هیوای بەدوای خۆیدا هێناوە. وێنەی ڕووت زاڵە، بەڵام مەرج نییە سبەینێ بۆ ئەو بێت! ژیان لێرە و لە ئێستادایە، ژیانێكی کاتیی کۆمەڵایەتی نوێ، کە تایبەتە بە باڵادەستی ئێستاوە.

هەولێر 1/3/2025