ئارەزووی گێڕانەوە، ئاشكراكردنی ئارەزوو

بە گشتی هەموو سەردەمێك ئارەزوو (یان پاڵنەر)ی گێڕانەوەی خۆی هەیە، بۆیە نابێ لێکچوونی نێوان گێڕانەوەكان بە تێنەگەیشتنی ئارەزوو سەرسام نەبێت و وامان لێ بكات تەنها بڕوامان بە لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون هەبێت! ئەگەرچی لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون بەربەستەکان دەکاتە ئامراز و نەگونجاوەكان دەکاتە هاوپەیمان. كەواتە ئەوەی پێویستە دەستنیشانیان بكەین، ئەو جیاوازییانەیە، كە لەنێوان خودی گێڕانەوە و ئارەزووی كاراكتەرەكاندایە، لەنێوان نێوەندگیری ئارەزوو (یان بابەتی ئارەزوو) و ڕكابەردایە. لێرەوەیە، كە خودی ئارەزوو مەودای نێوان گێڕانەوە و پاڵەوان و بابەتەكە دەبڕێت. دەمەوێ بڵێم لەلایەك پێویستە جیهانی سەربەخۆی گێڕانەوە و كاراكتەرەكان لە یەكتر جیا بكەینەوە، لەلایەكی دیكە دەبێ باس لە ئەگەرەكانی نێوەندگیری دەرەکی و ناوەكی بكەین، نەبادا نێوەندگیری ناوەندی یەکێکیان و ویستی کەسی ناوەندی ئەویدیکە داگیر بکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش باس لە نێوەندگیری بەیەكداچوو دەكەین.

سێگۆشەی ئارەزوو

مرۆڤ وەک گەورەترین نهێنی دەمێنێتەوە، گێڕانەوەش وەك یەكەم گەڕانی ڕۆحی مرۆڤ، هەمیشە زانستەکانی دیكەی بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت. بەڵام لەگەڵ هەموو پێشكەوتە جیاوازەكانیش ئەگەر خەیاڵ نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا ئارەزووی شتێک بکات، بەو مانایە ئارەزووی مرۆڤ جگە لە بابەتی بەدواداگەڕان پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە ڕێنماییی ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، دەشێ لایەنی سێیەم لە دەرەوەی ڕووداوی گێڕانەوەدا، خەیاڵ بێت. و لە ناوەوەی گێڕانەوەشدا ڕكابەر.

بەو شێوەیە لە گێڕانەوەدا پەیوەندی لەنێوان پاڵەوان و نێوەندگیردا سەرهەڵدەدات، بە مانایەكی دیكە لەگەڵ ڕەخنەگری فەرەنسی ڕێنێ ژیرار و (سێگۆشەی ئارەزوو- مثلث الرغبة)دا تیشک دەخەینە سەر گێڕانەوە و خواستی لاساییكردنەوە. (ڕێنێ ژیرار) پێمان دەڵێت، کە ئارەزووەکانمان لە ئێمەدا بوونیان نییە، تەنها لاساییكردنەوە و دەنگدانەوەی ئارەزوو و خواستەکانی ئەوانیدیكەن، هەرگیز ئارەزووەکانمان پاڵنەری تاکەکەسی نین، بەڵکوو پاڵنەری بە کۆمەڵ و کۆمەڵایەتین.

كەواتە بۆ ڕوونکردنەوەی گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتەکانی پەیوەست بە هۆشیاری مرۆڤ و (ئارەزوو)ەوە قسە لە پرسی ئازادی هەڵبژاردن (خەیاڵی هەڵبژاردن) دەكەین. لەو قسەكردنەشدا مەبەست ئەوەیە، کە بڵێین پەیوەندی نێوان کەسی ئارەزووخواز و بابەتی خوازراو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو بە نێوەندگیر(یان ڕكابەر)دا تێدەپەڕێت! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئارەزوو فۆرمی نوێنەرایەتیکردنی ئارەزوو وەردەگرێت، کە هەر (سێ) لایەنەکەی ئارەزوو، واتە (کەسی ئارەزووخواز و نێوەندگیر و مەبەستی خوازراو) دەگرێتەوە. ڕێنێ ژیرار لە بنیاتنانی ئەم تیۆرییەدا پشت بە تیۆریی لاساییکردنی (ئەفلاتون) دەبەستێت، کە (ئەرستۆ) فراوانتری کردووە و ڕەهەندێکی ڕەفتاری بۆ زیاد کردووە، كە بە گێڕانەوەی خەیاڵی ناسراوە. بەو مانایەش بە بۆچوونی ژیرار، ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو ساتێک ڕۆڵی ئارەزوو-پاڵنەر لە گێڕانەوەدا دەگێڕێ و هەموو بیرۆکەکانی دیکە بۆی دەگەڕێنەوە، سێگۆشەی ئارەزووە.

ڕێنێ ژیرار (١٩٢٣-٢٠١٥) ئەنترۆپۆلۆژیست و ڕەخنەگری ئەدەبیی فەڕەنسی

ئەنترۆپۆلۆژیست و ڕەخنەگری ئەدەبی (ڕێنێ ژیرار Réne Girqrd) لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری (ئەڤینۆن)ی فەرەنسا لە باوکێکی کۆماریخواز و عەلمانی و دایکێکی دینداری کاسۆلیکی لەدایک بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٧ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە (پاریس) پسپۆڕی مێژووی سەدەی ناوەڕاست بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ خوێندن گەشت بۆ (ئەمریکا) دەکات و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی (ئیندیانا) بەدەست هێناوە، هەر زوو لەوێ ئەدەبیاتی خوێندووە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٧ ڕووی لە زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) کرد، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری سیمپۆزیۆمێکی (ندوة) نێودەوڵەتی لەسەر (زمانی ڕەخنە و زانستە مرۆیییەکان) دەكات، کە تێیدا بەشداربووان بریتی بوون لە ڕۆلان بارت، ژاک دێریدا و ژاک لاکان.. لە ساڵی ١٩٦٨ ژیرار لە زانکۆی (بوفالۆ) ڕووی لە وانەگوتنەوە کرد، تا ساڵی ١٩٧٢، دواتر بۆ زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) گەڕایەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ جێیهێشت و ڕووی لە زانکۆی (ستانفۆرد) کرد و تا دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٩٥ لەوێدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە ئەکادیمیای فەرەنسییەوە کردووە و بووە ئەندامێکی دیاری ئەو ئەکادیمیایە. (ڕێنی ژیرار) لە كتێبی (الكذبة الرومانسية والحقيقة الروائية، ترجمة الدكتور ڕضوان ظاظا، و مراجعة الدكتور سعود المولى، بیروت 2008، ص522- )دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئارەزووی شتێک بکات، پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە (ڕكابەری) لەسەر ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، وەك چۆن قسە لە سێگۆشەی ئارەزوو دەكات، ئارەزووی لاساییكردنەوەش بیر دەخاتەوە و ئاماژە بۆ قووڵایییە کولتوورییەكەی دەكات.

سێگۆشەی ئارەزوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بەو ئەنجامە دەگات، کە پاڵەوانی ناو ڕۆمان کاتێک ئارەزووی هەر شتێک دەکات، پێویستی بە نێوەندگیرێکە كە لەسەر (بابەتی خوازراو- ئۆبێكت) ڕكابەری کەسی ئارەزووكەر (سوبێكت) بكات و ڕووناکی بکاتەوە. ئەوەی گوزارشت لەو پەیوەندییە سێ قۆڵییەش دەکات (بۆشاییی خوازە)یە، دەتوانم بڵێم بۆشاییی خوازە، بۆشاییی خەیاڵی نێوان ئارەزووخواز و ڕكابەرە، کە بە شێوەیەکی سروشتی سێگۆشەکە بەیەكترەوە دەبەستێتەوە. كتێبی ناوبراودا ئارەزوو وەک گێڕانەوە ناو دەبات.

لە ڕوانگەی ژیرارەوە لە ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)دا ئەوە دۆن کیشۆت و ئەمانیسی ڕاستگۆیە دەستبەرداری ئیمتیازە سەرەتایییەكانی فەردانیەت بوون، واتە چیتر دۆن كیشۆت ئارەزووی خۆی هەڵنابژێرێت، بەڵکوو ئامادیس بە ناوی خۆیەوە هەڵیاندەبژێرێت. لەوێشەوە بەپەلە بەرەو ئەو بابەتانە دەڕوات کە (مۆدێلی سوارچاکی)یە، (واتە ڕێنی ژیرار مۆدێلی سوارچاكی وەك نێوەندگیری) ئاماژە پێ دەکات و بە نێوەندگیری ئارەزوو ناوی دەبات. بە بۆچوونی ژیرار، ژیانی سوارچاکی لە لاساییكردنەوەی خەونەکانەوە هاتۆتە بەرهەم.

بەڵام کێشەی مرۆڤی مۆدێرن بێهودەییە، وەك چۆن ئەو مرۆڤە خۆبەزلزانە ڕۆمانسییە ناتوانێت ئارەزوو لە قووڵاییی خۆیەوە دەربهێنێت، بەڵکوو لە کەسانی دیکەی قەرز دەکات. پاڵەوانەکانی فلۆبێر جگە لەوەی خۆیان مۆدێلێکن و دەتوانرێت وەك جووڵە، تۆنی دەنگ و جل و بەرگ لاسایی بکرێنەوە، بەپێی ئەویدیکەش كار دەكەن. لە ڕۆمانەكانی فلۆبیردا ئیما بۆڤاری لە ڕێگای پاڵەوانانی ڕۆمانە ڕۆمانسییەکانەوە، كە خەیاڵیان سیخناخ كردووە، هەست بە ئارەزووی خۆی دەکات. واتە كاراكتەرەكانی فلۆبیر دووچاری هەمان نەزانی و هەمان لاوازی و نەبوونی و هەمان کاردانەوە و ملکەچی پێشنیاری هەمان ژینگەی دەرەکیین، هەموو ئەوانەش بەهۆی نەبوونی پێشنیارێك لەلایەن خۆیان و ناوەوەی خۆیانەوە.

دەشێ بە بۆچوونی ڕێنێ ژیرار هەموو بەرهەمە خەیاڵییەکان لە دوو بنەمادا كۆ بكەینەوە، چونكە بەرهەمە خەیاڵییەكان خەسڵەتە لاوەكییەكانیان زۆر تێدا بڵاوە. بۆیە بۆ بنەمای یەكەم، دەتوانین باس لە نێوەندگیری دەرەکی بکەین، كە مەودایەكی تەواویان لەنێواندا هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی گێڕانەوە لە ڕۆمانەكاندا بەیەكدا نەچن، یان نەبادا نێوەندگیری یەکێکیان ئەویدیكەیان داگیر بکات. بنەمای دووەم، دەشێ باس لە نێوەندگیری ناوەكی بکەین، کاتێک كاراكتەری ڕۆمانەكان بەیەكدا دەچن، یان دوو بازنە لە گێڕانەوەدا بە قووڵی بەنێو یەکتردا تێدەپەڕن! لە بنەمای یەكەمدا لە ڕووی ماددییەوە تا ئەندازەیەك دەتوانین مەودای نێوان بابەت و کەسی ئارەزووخواز بپێوین، بەڵام لە بنەمای دووەمدا لە ڕووی مەعنەوییەوە مەودای نێوانیان ناپێورێت. دۆن کیشۆت و ساشۆ قوربانیی ماددیین و ناتوانرێت نێوانیان لە مەودای کۆمەڵایەتی و فیکریی تەجاوز بكرێت. بەڵام لە ڕووی مەعنەوییەوە هاوخەیاڵن. بۆیە لە ڕووی مەعنەوییەوە لاساییكەرەوەی خەیاڵن و ئەوانەی حەز لە گەمەی خەیاڵی دەكەن، دووچاری دووبەرەكی ناوەكی دەبنەوە، چونکە بونیادی خەیاڵی بە خێرایی دەبێ بە بڕوا و ھاوشێوەکردنە ماددییەکە دەڕووخێنرێت و سروشتی ئەبستراکت وەردەگرێ و لەوێشەوە پارچەپارچەبوون و نیگەرانی پیادە دەكات. بەڵام هەردووكیان لەسەر شاردنەوەی بوونی بابەتی نێوەندگیری کۆکن.  

كەواتە نێوەندگیری خەیاڵی هەمیشە دەڵێ هەموو ئەم بابەتانەی تۆ هیچ نین جگە لە وەرگێڕانێکی جوانکارییانەی خەیاڵ نەبێت. بەو مانایەش نێوەندگیری ناوەكی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو ئەو ئارەزووانەوە دەكات، كە هەمووان بەرگری لێ دەکەن. لێرەوە دەتوانین بڵێین كێشەی پەیامی ڕۆمانی كلاسیكی لە دەستنیشانكردنی چەمكی ئارەزوو دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەكردنی خودبوون. (بۆ زێتر بەدواداچوون بڕوانە ل37، ه.س.پ).

ئارەزوو و ڕكابەریكردن

لە مۆدێرنەدا چەمكی ڕکابەری بەهۆی هاویەكبوونی دوو ئارەزووكەر بۆ یەک بابەت سەرهەڵنادات، بەڵکوو بابەت ئارەزووی خود دەکات. دۆزینەوەی مۆد ئاسانترین دیارخەری ئەو بێهودەیییەیە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆی دەمانبات. ئێمە دەبینین بۆ نموونە ژنان ژیانیان بە کڕینی جل و بەرگ و ئیکسسوارات بەسەر دەبەن، نەك بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، بەڵكوو بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی بابەت ئارەزوویان دەكات. هەروەک چۆن ئەو گەنجانەی کە لاساییی ئەستێرەکانی وەرزش، یان سینەماكاران دەکەنەوە و هەریەک لەمانە زیادەڕەوی لە سۆز و جیاوازی کەسی و چێژی خۆیان دەکەن، کە هەیانە، یان بە شێوەیەكی سروشتی پێیان بەخشراوە. مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەوڵبدات کەسایەتییەکی تر جگە لە کەسایەتیی خۆی وەربگرێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگای لاساییكردنەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کۆپییەکی ڕووکەش. هەڵبەتە ئەوە ڕێگایەكە، کە مرۆڤی مۆدێرن لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەكاتەوە و وای لێ دەكات تووشی بۆشایی و بیابانبوونی ڕۆحی و بە بابەتبوون بێت.

مرۆڤی تەكنۆلۆژی (مۆدێرنە) ئیگۆیەکی هەیە، کە لە خۆیدا توانای ئارەزووكردنی خۆی لە پێناو بەبابەتبوون لەدەست داوە. ئەگەرچی لە ڕووی تەكنۆلۆژییەوە هەمیشە بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هەتا لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان و چالاكییەكانیشدا هاوتای لاساییکردنەوەی سۆز و سۆزی تاکە جیاوازەکان نییە. ئێمە جلوبەرگێکی ئارەزوومەندانە و سۆز و شکۆمەندیی خۆمان دەپۆشین. چالاکیی خەیاڵی ئێمە لە هەموو تەمەنەکاندا پەیوەستە بە سێگۆشەی ئارەزووەوە. بەو مانایەی كە مرۆڤ لە سیحری سێگۆشەی ئارەزوو دەرناچێت، كە دەرچوو، تووشی بەبیابانبوون دەبێتەوە.

مرۆڤ سیحری ئارەزووی لێ نابێتەوە، تەنها لە لێواری مردندا نەبێت. لە وەسفەکەی ڕێنێ ژیراردا ڕوونە کە لاساییکردنەوەی کوێرانەی پیاوانی ئایینی یان بانگخوازێک لە وەسوەسەی سەرسامبوون بە یاریزانێکی تۆپی پێ، كەمتر نییە. بۆیە ئەوانەی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نییە، ئەوانەی هەستە ڕاستەقینەکانیان لە تێکەڵەیەکدا لەدەست دەدەن، بە شێوەیەکی شەخسی ئارەزووی ئەویدیكەی دراوسێ دەكەن، لە بێهوودەییدا دەژین. بە كورتی ڕێنێ ژیرار ئاماژە بە کورتە قسەیەکی بیرمەند (ماکس شێلەر) دەکات، كە دەڵێت: مرۆڤ یان خودایەکی هەیە یان بتێکی هەیە. لەوێوە باسی ئەوە دەکات، چۆن مرۆڤ بزانێت کە خۆبەزلزانە؟ بۆچی (بۆ نموونە) زۆربەی چیرۆکە خۆشەویستییەکان دوای هاوسەرگیری شکست دەهێنن؟ بێگومان چونکە ئەو خۆشەویستییە پەلەی تێدا كراوە. خۆشەویستی پاڵنەرێکی ڕاستەقینەی هەستەکان نەبووە، بەڵکوو لەبەر لایەنی سێیەمە كە ئیرەیی وڕوژاندووە، خۆبەزلزانینەکەی ناوەوەی وڕوژاندووە بۆ ئەوەی کێبڕکێ بکات. بەڵام دوای ئەوەی مەترسی ڕکابەرەکەی تێپەڕاندووە، دوای ئەوەی كە ئەویدیكەی ڕكابەردەبڕێت، ئیتر دەكەوێتە بۆشایییەوە، ئیتر ئیرادەی ئازادیی خۆی بەجێ دەهێڵێت و دەبێتە عاشقێكی شكستخواردوو.

بە دیوەكەی دیكەش لەبیرمان نەچێ بەدەرنانی ڕكابەر و غیابی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیکەدا کەسایەتی دووچاری شێوانی دەروونی دەكات. كەواتە وەك چۆن خۆبەزلزان نابێتە هۆی ڕەزامەندی. نەرگزییەتیش نابێتە هۆی ڕەزامەندی، بەڵکوو لە دوو لاوە دەبێتە هۆی بریندارکردن. بەو مانایەش سڕینەوەی هێڵی نێوان خود و ئەوی تر، لە ناوەوە و دەرەوەدا مرۆڤایەتی بریندار دەكات.

لە نێوان نەرگزییەت و خۆبەزلزان و سڕینەوەی ئەویدیكەدا ئەزموونی سەركەوتوو بریتییە لە پارێزگاریكردن لە مەودای پەیوەندییەكان ئەوەی (ئارسەر شوبنهاوەر) وەك (دووفاقی ژووژك- معضلة القنفذ) قسەی لێ كردووە. (هونەركاری ئەدەبیش لەوەدایە كە ئاست و مەودای ڕەگەزە ئەدەبییەكانی بپارێزێت) واتە بەبێ ئەوەی لە پەیوەندیدا بڕێک – کە ڕەنگە زۆر بێت – زیان بەیەكتر بگەیەنین و بێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە مرۆیییەکان، پێویستە لە پەیوەندیگرتندا مەودایەك هەبێت، یان بە مانایەكی دیكە پێویستە سنووری ئازادیی یەكتری بپارێزین.

كەواتە درووستی پەیوەندی نێوان خود و ئەوی تر، نێوان ڕەگەزێك و ڕەگەزێكی دیكە، هەر ئەوە نییە، كە خود بەدوای ئازادیی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵكوو ئەوەیە، كە بە دوای ئازادیی ئەوی تری خۆیدا دەگەڕێت، لە ئەوی تردا. لەو زنجیرە گەڕانەدا، لە ئەرزشدانان بۆ ئازادیی ئیگۆ درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەویدیکەش بە ئازادیی خۆی بگات. بەو مانایە خۆخۆشەویستن بە نەرێنی تەماشا دەكرێت، تا ئەو ئەندازەیەی کە خود ئەویدیکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێبەها نەکات! ڕێز لە سنووری ئازادییەكانی ئەویدیکە بگرێت. كەواتە بەریەککەوتنی درووستی پەیوەندییەكان بەو مانایە دێ، کە هەمیشە دووری نێوان خۆت و ئەویدیكە لە ڕێگای داننان بە سنوورەكانی ئازادی بپارێزیت. لە بەرانبەردا خۆبەزالزان و نەرگزییەت بریتییە لە کاڵکردنەوەی سنوورەکانی ئازادی. پەیوەندیی درووست و ئەرزشدانان بۆ ئازادی و ئازادیی ئەویدیكە شادیبەخش و دڵخۆشکەرە. واتە کاتێک دوو شوناس پێکەوە کۆ دەبنەوە، یەکتری تەواو دەکەن، چێژ و شادی بە یەک دەبەخشن. ئەگەرچی وەك (زیگمونت باومان) دەڵێت دەست بخەیتە سەر هەر بژاردەیەک، شتێک بەدەست دەهێنیت و شتێک لەدەست دەدەیت. هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بەداخەوە ناتوانیت هەردووکیانت هەبێت. بۆیە خەڵک خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە، ڕاڕا و دوودڵە. ئەگەرچی هەمیشە چانسی ژیانێکی تر هەیە.

ئەفسانەی ئارەزوو و ئەفسانەی گێڕانەوە

لە ڕۆمانی (غەریب)ی (ئەلبیر کامۆد)ا پاڵەوانە زیندانیکراوەکەی دەڵێ: سەرەتای بەندیم سەخت بوو، بەڵام هەوڵمدا و بەسەرییدا تێپەڕیم. من لە زینداندا بە ئارەزووی ئازار دەچووم، ئەوەش شتێکی ئاسایی بوو. هێشتا گەنج بووم، تەنیا بیرم لە (مێری) نەدەکردەوە، بەڵکوو بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە. بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە. لە هەموو ئەوانەی کە لە ژیانمدا ناسیبووم. لە ڕێگای ئەفسانەی ئەو گێڕانەوەیەدا لە ئەفسانەی ئارەزوو و ئارەزووی ئەفسانە دەگەین. تێدەگەین، كە ئارەزوو و ئەشکەنجە لێكدوور نیین، بۆیە بیرکردنەوە لە مێینە و ئارەزووکردنیان لەناو زینداندا، واتە بەدیهێنانی ئارەزووەكانم، كە خەونی ئارەزووی ئەویدیكە ڕەنگ دەكات. بەڵام ئایا زیندانیکردن کاریگەریی نەرێنی لەسەر بینینی خەونەكانی من نییە، بۆ تێرکردنی خەونی ئەو ئارەزووانەی كە پێشتریش لە دەرەوەی ژووری ڕەشدا هەر خەون بوون، ئایا لە زینداندا خەونی ئارەزوو ئەفسانە نییە؟

(ئەلبیر كامۆ) لە ڕۆمانی (غەریب)دا هەوڵ دەدات دەست بۆ خەونی ئەو پرسیارە سەرەكی و لاوەكییانە بەرێت و بڵێ کەسایەتیی زیندانیكراو گوزارشت لە دیاردەیەکی نەرێنی دەکات، بەدیوەكەی دیكەش ئەوە دەخاتە ڕوو، كە ئارەزووە بەدینەهاتووەكان بەبێ ئازادی مەیسەر نابێت، بەڵام خۆ ئارەزوو چ لە ناوەوە بێ یان لە دەرەوە هەڵگری هیچ فۆڕمێك نییە. ئایا ئەوانەی ئازاد نیین فۆڕمییان هەیە؟ بێگومان خەونی بە فۆڕمبوونیش بۆ خۆی پرسیارە، بۆخۆی ئەفسانەیەكە و مێژووی سەرکوتکردن لەناو کەسایەتی (كاراكتەری) ڕۆمانی غەریبدا دەینووسێتەوە!

كەواتە ئەفسانەی ئارەزووكردن، ئەفسانەی هەموو ئەو خەونانەیە، ئەفسانەی هەموو ئەو فۆڕم و بێ فۆڕمانەیە، كە لە ئەفسانەی گێڕانەوەی (غەریب)دا ڕەنگی داتەوە. بۆ نموونە (ئەمڕۆ دایكم مرد) هەر بێ فۆڕمی نییە، خەیاڵی نامێژووییشە! (غەریب) بە خەیاڵی نامێژوویییەوە دەناسرێتەوە. هەر لە سەرەتاوە دەبینین لە ڕۆمانی (سوور و ڕەش)ی (ستاندال)دا مەودای نێوان پاڵەوان و نێوەندگیرەکەی کەمتر نییە، لە هاوتاکەی لە ڕۆمانی مادام بۆڤاریدا. بەڵام (ئەمڕۆ دایكم مرد) وەك دەستپێكی ڕۆمانی غەریب ئەم مەودایە تێدەپەڕێنێ و ئیرادەی ئازادی دەچەسپێنێ، ئەوەش ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا جیهانی سەربەخۆ لەو جیهانانە جیا دەکاتەوە، کە لە سەرەوە باسمان کرد. لە هەردوو باردا ئەفسانەکانی گێڕانەوە، ئەو خەونە زۆر کۆن و نوێیانەن کە بەڵگە بۆ سەلماندیان لە بەردەستدا نییە، تەنها بەڵگەیەك كە هەبێت، ئەوەیە، كە لەسەر ئەفسانەی ئارەزووە چەپێنراوەكانی مرۆڤ درێژ دەبنەوە. چونكە ئەفسانەكانی ئارەزوو، ئارەزوو ئەو خەونانەن، كە ئەگەرچی چەپێنراون، بەڵام ڕەگەز و پێكهاتەکانیان شاراوە نیین، لەبەر هەندێ هەرچۆنیان لێك بدەینەوە لە سنووری مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ دەرناچن. لە بنەڕەتدا ئارەزووی گێڕانەوە بۆ ڕاڤەكردنی جیھان، یان وەك بەرپەرچدانەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە بەرانبەر ھێزە سروشتییە ناسراو و نەناسراوەکاندا داڕێژراون، بۆیە بەردەوام زاراوەی ئەفسانەی ئارەزوو تێكەڵ زاراوەی ئەفسانەی گێڕانەوە و ئاوێتەی ئەمڕۆ و دوێنێ دەبێت.

بە شێوەیەكی گشتی لەو نووسینەدا دەمەوێ لە ڕێگای (رۆلان بارت-أسطوريات، ترجمة د. قاسم مقداد، وصدرت عام 2012 عن دار التكوين،)ەوە خەسڵەتی مێژووییبوون لە ئەفسانەی گێڕانەوە و ئارەزووی گێڕانەوە بكەمەوە! ئەگەرچی مێژووی گێڕانەوە لە ئوستوورە نزیكە..

بە مانایەكی دیكە دەمەوێ بۆ ئەفسانەی ئارەزووی گێڕانەوە هانا بۆ لێكدانەوە جیاوازەكانی بارت‌ بەرم. چونكە ڕۆلان بارت وەك ئەنترۆپۆلییستەكان لە ئەفسانە ناكۆڵێتەوە، بەڵكوو وەك ڕەخنەگرێكی مۆدێرنی ئەدەبی قسە لە جۆرێكی دیكەی ئوستوورە دەكات، ئەویش ئوستوورەی سەردەمە! ئوستوورەی سەردەم لە ڕێگای ئارەزووی گوتارەوە، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لە (ئوستوورەی ئەمڕۆ)دا بارت پێناسەیەک، یان وردتر کۆمەڵێک پێناسە، بۆ ئەفسانە دەخاتە ڕوو و دەڵێ ئوستوورە سیستەمێکی پەیوەندییە، نامە و فۆڕمێکە لە مانادا، هەموو فۆرمێکیش ملکەچی بەکارهێنانی بە کۆمەڵ و ملکەچی خواستەکانی گوتارێکە کە دەگۆڕێت بۆ ئەفسانە، وەك شێوەی قسەکردن، نووسین، وێنە، پڕوپاگەندە، وەرزش، چالاکییە کولتووری یان کۆمەڵایەتییەکان. كەواتە ئەفسانە لای بارت نە چەمکە، نە بیرۆکەیە و نە شتێکە. بەو مانایەش ڕۆلان بارت ئەو کەسەیە کە ئەفسانە زیندوو دەکاتەوە و ئەو کەسەیە کە ئەفسانە دەکوژێت.

ئەفسانە قسەکردنە. بەڵام هیچ قسەكردنێك نییە، لە مێشکماندا یەکسەر پێکدادان لەگەڵ سێگۆشەی ئارەزوو درووست نەكات، هیچ ئوستوورەیەك نییە، دژایەتییەك لە پرۆسە و ڕێکخستنەوەی گرامەر دروست نەکات. ئەفسانە لە پێناسەی (بارت)دا ئەو ڕێگایەیە (بۆ نموونە کە نامە خۆی پێدەگەیەنێت) کەواتە بەرهەمی (قسەکردن – الكلام)ە، نەوەک زمان (اللغة). هەمیشە ئەوەی دەگوترێت شتێک دەشارێتەوە، بەڵام چۆنیەتیی گوتنی ئەوەی دەگوترێت گرنگە، نەك شێوانەكەی. لە ڕاستیدا ئەفسانە نە درۆیە، نە دانپێدانان، بەڵکوو ئارەزووی گێڕانەوەیە.

هەولێر 9/2/2025