گرتنەوەی شەربەت لە ناو لەگەندا
(نووسین بە وشەی کوردی و لە داڕێژەی فارسیدا)
مەسعوودی بابایی لە کتێبخانەی کوردیدا ناوێکی دیارە. کەسێکە کە کتێبی قەبەی فەلسەفی کاپلستۆنی کردووە بە کوردی. وەرگێڕانی کتێبێکی هێندە قەبە، ئەگەر بە دروستی ئەنجام درابێت. کارێکی گەورەیە. هیوادارم کارەکەی کاک مەسعوود کارێکی گەورە بێت نەک پانوپۆڕ.
کاک مەسعوود دوو دانە لە کتێبە قەبەکانی بابەکی ئەحمەدیشی لە فارسییەوە کردووەتە کوردی کە ئەویش خۆی دەرخەری بەشداری شێرگیرانەیەتی لە کاری وەرگێڕاندا.
دەقێکی کورت لە کاناڵی گۆڤاری مەهاباددا بڵاو کراوەتەوە کە کاک مەسعوود لەو دەقەدا بۆچوونی خۆی سەبارەت بە هاوتا کوردییەکانی وشەی “مخاطب” ــ بە تایبەت دوو وشەی “بەردەنگ” و “بەربێژ” ــ خستووەتە ڕوو.
لەو دەقەدا کاک مەسعوود فەزڵی وشەی “بەربێژ” دەدا بەسەر وشەی “بەردەنگ”دا. ئەو بۆچوونەی ناوبراو ــ لە ڕوانگەی منەوە ــ یەکێکە لە دەرکەوتەکانی نەخۆشییەکی ئاسانگوێز و باو کە من پێی دەڵێم؛ نەخۆشیی “کوردیی قاڵبی”.
لەم نووسینەدا ئەو دەقەی کاک مەسعوود دەکەم بە پێخۆری باسێک لەسەر بڵاوبوونەوەی “کوردیی قاڵبی” و نائەدەبی کە من وەک تەختەپووت(مۆرانە)ێکی منجڕ دەیبینم کە تەختەی زمانی کوردی پووت و کلۆر دەکات.
لێرەدا داوا دەکەم خوێنەر کۆپیپەیستکراوی دەقەکەی کاک مەسعوود لە خوارەوەدا بخوێنێتەوە، تا من لە دوای ئەو دەقە باسەکەم بخەمە ڕوو.
“بەردەنگ”، “بەرپەیڤ” یان “بەربێژ”
لە پێواری ئاکادیمیایەکی زمانی کوردی و کەمتەرخەمیی”سیاسەت” لە ئاست فەرهەنگ و زمانی کوردی، نووسەرانێکی دڵسۆز و خامەبەدەستانی بوارە جیاجیاکان ناچارن پەنا بۆ زاراوەسازی بەرن و دیارە و ئاشکرایە هەندێ جار هەڵەی داڕشتن و داتاشینیش ڕوو دەدات.
هەڵبەت هەندێ جار گۆشەنیگای ماناسازی یان دیدی تاکڕەهەندی لە بینینی مانادا، هەڵەی مانایی یان وردنەبوونی باری ماناییی لێدەکەوێتەوە.
***
لێرەدا دەرفەتی درێژدادڕیمان نیە و ناتوانین باس لە ڕێساکانی داڕشتن بكەین. تەنیا یەک خاڵی گرنگ لێرەدا دەخەمەڕوو:
داڕشتن لە “ناو”ەوە، داڕشتن لە ڕەگی کردار کە لە “چاوگ”دایە؛ هەروەها داڕشتن بەگوێرەی لێکدانی کەرستە زمانییەکان.
لە پێشنیاری وشەیەکی وەک”مخاطب”دا، هەندێ وشە پێشنیار کراون وەک : بەردەنگ و بەرپەیڤ.
کاریگەریی زمانی عەرەبی لەسەر “فارسی” و “تورکی” گەلێک زۆرە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر وێنای مانایی لە زمانی کوردیدا داناوە کە هەندێ جار دەبێتە مایەی هەڵەی داڕشتن.
با لە ڕیشە عەرەبییەکەوە دەست پێبکەین:
“خطب” ثلاثی مجرد. 1( بە مانای کاری چ گەورە بێت و چ بچووک 2) بە مانای خوازبێنیی ژن. بڕواننە: “تاج العروس” / “لسان العرب”. نکاح.
“خطبە”(ع. مص): دواندەری / سخنرانی. لە عەرەبیدا بە مانای ئەو وشانە دێن کە لە خوازبێنیی ژندا ڕووبەڕوو دەگوترێن. سەرنج لە “ڕووبەڕوو” بدەن. ئەمە مانای”دواندەری”یی تێدا هەڵگرتووە. دوان + دەری.
خطیب: دواندەر. ڕووی لە دەرەوەیە. ئاراستەی مانایی دەرچوون بۆ ئەوی دیکە( لۆژیکی مانایی)
“خطابە”(ع. مص) بەسەر خەڵکدا خوێندن. دەقی دواندەری( خطبە).
“خطاب”: discourse، گفتمان، وێژمان(گوتار).
تخاطب: ڕووبەڕوو قسەکردن
مخاطب: کەسێک کە ئەوی دیکە قسەی لەگەڵدا دەکات، لایەنی بەرانبەر کە بەر ” گوتن” دەکەوێت.
بیسەر – بینەر.
ئاراستەی وشەکە” ڕووبەڕوویی پەیام دەگەیەنێت. بۆیە زمانی بێزمانییش گوێزەرەوەی پەیامە.
بۆیە “دەنگ” پەیام نیە، چونکە تەنیا دەنگی زمانی” ڤاچە(فۆنیم) دەتوانێ هەڵگری پەیام بێت نەک “دەنگ
(فۆن). دەگۆترێ”تەلەفۆن” واتە” “دەنگبەر” نەک “بەردەنگ”.
“ڤاچ” ڕیشەی وشە و کرداری ” وێژ” و “بێژ”ە. لێرەدا “مخاطب” بەر “بێژ”ە. واتە ڕووی گوتە و پەیام چ دەنگدار و چ بێدەنگ لەوە. واتە تابلۆیەکی نیگارکێشی “بەربێژ”ی خۆی هەیە؛ هەرچەند بێدەنگیشە، چونکە “دەنگ” دوایین وێستگەی زمانە لە ئاخاوتندا. دەنگ جێی پەیام ناگرێتەوە، بەڵام “پەیام” دەگوازێتەوە. دەنگی زمانیش لە دەنگی سروشتی وەرگیراوە، بەڵام” مانا” و “پەیام”ی لەسەر بارکراوە. جیاوازیی نێوان “فۆنیم” و “فۆن” لە زمانناسیدا هەمان جیاوازیی” ڤاچە” و “دەنگ”ە.
خاڵێکی گرنگی دیکە بریتییە لەوە کە “دەنگ” ڕەگی کرداریی تێدا نیە بەڵام مەرجی داڕشتنی زاراوەکە ئەوەیە کە کردارێک ڕووبدات. بۆیە ئەوەی کە ڕوو دەدات”گوتن”ە کە ماناکەی لە چاوگی”بێژان”دا وەشێراوە. هەروەها دەبێ ئاگامان لەوە بێت کە “زاراوە”یەک کە لە “ڕەگ”ی کردارەوە دادەڕێژرێ دەبێ توانستی گەردانکردن”صرف”ی تێدا بێت و بتوانین بە پەیڕەوی لە ڕێساکە پێشبینیی داڕشتنی وشەگەلی هاوبەستێنی ماناییی لێبکەین. “بەربێژ” ئەم تواناییەی هەیە. چونکە” مخاطب”ڕیشەی کرداریی هەیە نەک ناوی؛ هەرچەند شێوەی “ناو”ی لەخۆی گرتووە.
لەم خزمەتانە کوردی مەکەن!
جیددیترین قسەی کاک مەسعوود ئەمەیە؛ وشەی “بەردەنگ” چون لە “ناو”ی “دەنگ” دروست کراوە و کردار یان ڕەگی کرداری تێدا نییە، وشەیەکی باش نییە. هەروەها بەڕێزیان “بەربێژ”یان پێ باشترە چون ڕەگی “بێژ”ی تێدایە و گوایە ــ بە قسەی کاک مەسعوود ــ ئاسانتر گەردان دەکرێت.
کێشەی ئەو بۆچوونە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی بڕێک ــ با بڵێین دڵسۆز ــ بە بێ هەستکردن بە گرنگیی ئەدەبایەتی لە دروستبوونی زمانێکی دەوڵەمەندی ئەدەبی و فەرمی و ستانداردا، هەوڵیان دا لە ڕێی داتاشینی وشەی قاڵبییەوە کوردی دەوڵەمەند بکەن.
چێژناسییەک کە وشەی “بەردەنگ” دەتفێتەوە و وشەی قاڵبی “بەربێژ” بە جوان دەبینێت، چێژناسییەکە کە پتر چێژ لە یەکجۆری دەبینێت تا لە جۆراجۆری. چێژناسییەکە کە چێژ لە ئاشنایی و ڕێسامەندی و پێشبینیکراوی و قاڵبیبوون دەبینێت نەک لە ئەدەبییەت و نائاشنایی و داهێنان.
هەشت ساڵ پێش بە مادۆ-م گوت:
ــ ئەزانی لە کوردیدا بە موسەلەس چی ئێژن؟
ــ چی ئێژن؟
ــ ئێژن سێگۆشه
ــ سێگۆشە؟! وەڵڵا جوانە. یانی سێ گۆشەی هەس.
ــ ئەی ئەزانی بە مورەبەع چی ئێژن؟
ــ چی ئێژن؟
ــ ئێژن چوارگۆشە.
ــ چوارگۆشە. وەڵڵا ئیتر گێلەگێلە!!
مادۆ بە وشەی سێگۆشە شاگەشکە بوو. چون هەم نوێ بوو بۆی، هەم ڕوون بوو کە بۆچی پێی دەڵێن. بەڵام هەر ئەو کەسەی بە جوانیی سێگۆشە شاگەشکە بوو، قاڵبیبوونی چوارگۆشە بێزاری کرد.
چێژناسیی مەسعوود و مادۆ دوو چێژناسیی جیاوازن. چێژناسیی یەکەمیان چێژ لە قاڵبیبوون و ڕێسامەندی دەبینێت، هی دووهەمیان لە ئەدەبییەت و ناڕێسامەندی.
ئەدەبییەتیی وشەی بەر”دەنگ“:
گرفتەکە لە وشەی “مخاطب”ـەوە سەری هەڵدا بوو. ویستراو بوو ڕێکترین هاوتای بۆ دابنرێت. کرا بوو بە مەرجیش کە لە قاڵبی ناوی بەرکار، کەڵک وەر بگیردرێت:
(بەر + … ).
کەواتە وشەکە دەبێت هاوتای ئەم دوو وشەیەی خوارەوە بێت:
بەر”خطابه”
یان
بەر”خطبه”.
وشەی “بەردەنگ” ڕێک هاوتای وشەی بەرختابە یان بەرخوتبەیە، بەڵام لە دروستکردنیدا لە تەکنیکێکی ئەدەبی کەڵک وەرگیراوە کە لە ڕەوانبێژیی ڕۆژئاواییدا پێی دەڵێن سێنێکدکی synecdoche وە لە ڕەوانبێژی ئیسلامیدا پێی دەگوترێت؛ “مجاز به علاقه جز به کل”.
زەینێکی داهێنەر “دەنگ”ی وەک پاژێکی بچووکی “خطابه” یان “خطبه” گرتووە و لە ڕێی مەجازی پاژ بۆ گشتەوە، مانای ئەو وشانەی لێ خواستووە.
ڕەنگە تا ئێرە، خوێنەر لە ئەو ئەدەبییەتەی لە پشت دروستبوونی وشەی “بەردەنگ”ـەوە ئامادەیە، ئاگادار بوو بێتەوە.
بەڵام چون دەمەوێت ئەم نووسینە هاوکات ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی زمانەوانی بێت، لێرەدا بڕێک لە سەر تەکنیکی synecdoche دەچم. جارێ نموونەیەک شیعر ببینن:
لە داخی تۆ
کەنیشکێکی فارس دەخوازم.
لەگەڵ خەزوورەمدا
دادەنیشم بۆ تەماشای فووتباڵی تیمی میللی ئێران.
لە کۆتاییی یارییەکەدا
خەزوورەم دەڵێت:
بچەهامون خوب بازی کردن
منیش دەڵێم:
ئم!
بیر لەوە بکەرەوە ئەو دەقە لە ڕووی تەکنیکییەوە چ هونەرێکی تێدایە؟
هونەری ئەو دەقە ــ لە ڕوانگەی منەوە ــ لە خستنەڕووی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە تەکنیکی نزیک لە synecdoche دایە.
دەربڕینی “بچەهامون خوب بازی کردن” وە ئاماژەدان بە یاریزانانی تیپی نیشتمانیی ئێران بە وشەی “بچەهامون” دەربڕینێکە کە بە شێوەی “مەجازی پاژ بۆ گشت” دەتوانێت نوێنەرەوەی سەمیمیەتی ئێرانیبوون بێت.
لە شیعرەکەدا پێویست بووە سەمیمییەتی ئێرانیبوون ــ کە سووژەی شیعرەکه پێی نامۆیە و ئازاردەرە بۆی ــ بە شێوەیەکی ئەدەبی نیشان بدرێت. لە ناو هەزاران ڕستە و دەربڕین کە هەر کامیان دەکرا ڕوویەک لە سەمیمیەتی ئێرانیبوون نیشان بدەن، ڕستەی “بچەهامون …” هەڵبژێردراوە کە وەک مەجازێکی پاژ بۆ گشت ئەو سەمیمیەتە نیشان دەدات.
جوانیناسیی و چێژبەخشی مەجازی پاژ بۆ گشت، لە لایەکەوە پشتی بە کورتبڕی و ئابووریی وشە بەستووە. بە نموونە دەڵێم دەکرا کورد بە جێی “بەردەنگ” بڵێت “بەر-دوان”. بەڵام وشەی “بەردەنگ” کەمبڕگەتر و کورتترە.
لە لایەکی ترەوە جوانیناسی و چێژبەخشی مەجازی پاژ بۆ گشت ــ بە نموونە وشەی بەردەنگ ــ ؛ دەگەڕێتەوە بۆ بێزاری مرۆڤ لە ڕێسامەندی و قاڵبیبوون. وشەیەکی وەک “بەردوان” یان “بەرقسە” یان “بەرپەیڤ” لە چاو وشەی “بەردەنگ”دا پێشبینیکراوترە.
لە وشەی “بەردەنگ”دا ــ کە “دەنگ” بە شێوەی مەجازی هەڵبژێردراوە ــ ئەدەبییەت هەیە، بەڵام لە وشەگەلی وەک “بەرپەیڤ” و “بەردوان” و “بەرقسە”دا لێکدانێکی مێکانیکی و ڕەقوتەق هەیە.
لە وتارانی داهاتوودا باسی ئەوە دەکەم کە مێکانیکیبوونی کوردی ــ کە هاوتای داماڵینی ئەدەبییەتە لە کوردی ــ بۆ نەتەوەی کورد خەسارێکی گەورەیە.
چەند تێبینی تر لە سەر دەقەکەی کاک مەسعوود.
۱.
نووسراوەکەی کاک مەسعوود بەم ڕستەیە دەست پێ دەکات:
“لە پێواری ئاکادیمیایەکی زمانی کوردی و…”. ئەم ڕستەیە نموونەیەکە لەو ڕستانەی کە من پێی دەڵێم “فارسی کوردستانی”.
له فارسی کوردستانیدا ڕستەیەک دەبینین کە وشەکانی کوردین و داڕشتنەکەی فارسییە. لە زەینی کاک مەسعووددا ڕستەی “در غیاب آکادمی …” هەیە.
لەو ڕستەیەدا “پێواری”، هاوتای نوێبابەتی “غیاب”ـە. وشەیەکە کە پێ دەچێت لەسەر دەستی هەژار موکریانی ئەو مانایە یان مانایەکی نزیک لەوی پێ درابێت.
کاک مەسعوود ئەگەر بە کوردی بیری بکردایەتەوە دەینووسی:
نەبوونی ئاکادیمیای زمانی کوردی وای کردووە…
بەڵام کاک مەسعوود بە فارسی بیر دەکاتەوە؛ ئەویش فارسییەکی نائەدەبی و قەرائەتی.
یەکێک لە خەسارەکانی فارسی کوردستانی سڕینەوەی شوناس و مێژووی وشەی کوردییە کە دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی وشەگەلێکی بێشوناس کە هیچکامیان ناچنەوە سەر ڕابردووی خۆیان.
بۆ ئەوەی وشەکان، شوناسی خۆیان ون نەکەن، دەبێت لە داڕشتەیەکدا بەکار بچن، کە وشەکە پێی ئاشنا بێت. بە کورتی دەبێت لە بەرکارهێنانی هەر وشەیەکدا ئەوە لە بەر چاو بگیردرێت کە ئەو وشەیە چۆن دەخرێتە ڕستەوە.
بۆ ئەوەی بزانین وشەی پێوار و پێواری لە کوردیدا چۆن بەکار بردراوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقە کۆنەکان. بۆ ئەم کارە ڤەژینبووکس ئەرک و زەحمەتمان ئێجگار کەم دەکاتەوە.
لە خوارەوەدا بڕێک دەقی کوردی ڕیز دەکرێن کە پێمان دەڵێن وشەگەلی پێوار و پێواری لە کوردیدا چۆن و بە چ مانایەک بەکار هاتوون:
ئەمما ئەوانە پارێزگارن
ئەمین و بە دین جێی ئیعتبارن
بێ قەدر و بەها، بێ خەریدارن
تەڵان و لە تۆی خاکا پێوارن.
زاری.
لەم نموونەیەدا وشەی پێوار، ئاوەڵناوە و مانای شاراوە و “مخفی” دەدات.
ڕوو نە شادی کەر بە زار زارەوە
جەهد قەیست بۆ نە پێوارەوە.
فەقێ قادری هەمەوەند.
لێرەدا پێوار وەک شوێن باسی کراوە.
…
مەویەران بە جەخت یاران بە «پُل»دا
گشت مەبان پێوار جە خاک و خۆڵدا
سەیدی.
لێرەدا کرداری “پێواربوون” دروست بووە بە مانای “پنهان شدن”.
…
بەو تەور لوول بەستەن، ئەسرم چوون سێڵاو
پێوار مەکەرۆ هەفت دۆزەخ جە تاو
خانا
لەم نموونەیەدا کرداری “پێوارکردن” هەیە کە مانای نوقم کردن، یان شاردنەوە دەدات.
…
کاف و ناف و گەنج، نە چەم پێوارە
جایی سم غەزاڵ وەڵگ گوڵنارە
خانا
لەم نموونەشدا پێوار، ئاوەڵناوە و مانای “مخفی” و شاراوە دەدات.
…
داشان وە هەمدا پیادە و سوار
جە تڵووع شەمس تا خۆر بی پێوار
خانا
لەم نموونەدا کرداری پێوار بوون هەیە کە مانای “مخفی شدن” یان بە شێوەی مەجازی بۆ خۆر مانای ئاوابوون دەدا.
…
وەهایە نانی مەردانە کە فەرمووم
دەخیل ئەم وەسیەتە نەیخەیتە پێوار
قانع
لەم نموونەیەدا وشەی پێوار لە ناو درکەی “خستنە پێوار” بە کار چووە به مانای “پشت گوش انداختن”.
…
خولاسەی تەقوا کە کەوتە پێوار
با نەوبەی بۆتەی تەوبە بێ ئەمجار
مەولەوی
کەوتنە پێوار: لە بەین چوون، نەمان.
…
…
ئەتۆ لە هەر بارێکدا بی و هەرچی لە قورئان بخوێنی و هەر کارێکی ئێوە بیکەن، ئێمە لێتان ئاگادارین، کاتێ خەریکی ئەو کارەن. هەرچی هەیە لە زەمین و لە عاسمانا – با لە سەنگی مێروولەی هەرە وردیلەش یان ورتر یان درشتتر بێ – هیچیان لە پەروەرێنی تۆ پێوار نابێ و وا لە کتێبی دیاری دەردا.
قورئان، یونس ٦۱، وەرگێڕانی هەژار
لێرەدا پێوار مانای “پوشیده” یان “مخفی” دەدات.
داخم ئەو داخەن، عەدووی پێواری
من جە تۆ دیار، تۆ لێم نادیاری
میرزا شەفیع
لێرەدا وشەی پێواری، ئاوەڵناوە و بە مانای نادیار، بە کار چووە.
…
شەوقی ڕوخساری بە دەر کەوت و ڕووناک بوو موڵکی دڵ
پارچەیی هەوری غەزەب هات و بە سەر پێواری کرد.
لوتفی
لێرەدا کرداری “پێوار کردن” هەیە کە مانای شاردنەوە دەدات.
…
بە ڕیا و درۆ و دەسبڕی و لاری
شاراوە، گووم بوو، کەوتە پێواری
زاری
لەم نموونەیەدا کرداری “کەوتنە پێواری” هەیه کە دەتوانێت مانای لەناوچوون بدات.
ئەم نموونەیەی لە خوارەوەدا دێت جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو نموونانەی سەرەوە کە باسی دەکەم:
فَلَمَّا قَضَيْنَا عَلَيْهِ الْمَوْتَ مَا دَلَّهُمْ عَلَىٰ مَوْتِهِ إِلَّا دَابَّةُ الْأَرْضِ تَأْكُلُ مِنْسَأَتَهُ ۖ فَلَمَّا خَرَّ تَبَيَّنَتِ الْجِنُّ أَنْ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ الْغَيْبَ مَا لَبِثُوا فِي الْعَذَابِ الْمُهِينِ
لەوکاتەشدا کە مردنمان بۆ بڕیاردا، ئەگەر مۆرانە نەبوایە و دارعەساکەی نەخواردایە، کەس بە مەرگی نەدەزانی. کاتێ ڕەتی برد و کەوت، بۆ جنۆکەکان دەرکەوت، گەر پێواریان بزانیبا، لەم ئازارە پڕسووکایەتییە دەرچووبوون.
قورعان، سورەی سەبۀ ئایەتی ۱۴ وەرگێڕانی هەژار.
لەم نموونەیەدا هەژار لە پەرواێزدا مانای وشەی پێوار-ی بەم جۆرە نووسیووە:
پێوار: نادیار، نەلەبەرچاو.
سەرەتای ئەم پاژەم بەم قسەیە دەست پێ کرد؛ بۆ ئەوەی وشەکانمان بێشوناس نەبن دەبێت بە جۆرێک بە کار بچن کە بتوانین بیانبەینەوە سەر بەکاربردنە کۆنەکانیان. ئەم قسەیە بەمانای ئەوە نییە کە هەوڵی نوێکردنەوەی زمان نەدرێت، بە مانای ئەوەیە پێویستە وشەکان ــ ماناکانیان و شێوەی بەکاربردنیان ــ بچێتەوە سەر ئەسڵەکەیان.
لەم نموونەیەدا هەژار وشەی “پێوار”ی بە مانای “غیب” بەکار بردووە کە هاوبنج و نزیکە لە “غیاب”ەوە بەڵام یەک شت نین. سەیر ئەوەیە هەژار وشەی پێوار-ی بە جۆرێک بە کار بردووە کە “ناو”ە ــ بە مانای غەیب ــ ئەمە لە حاڵێکدایە کە خۆی وەک ئاوەڵناوە مانای لێک داوەتەوە(نادیار و نە لەبەر چاو)!
هەرچەند دەزانم ئەم قسەیەم کەعبەی ئۆرتۆدۆکسەکان دەکات بە لووتی هابرماس؛ بەڵام جێگەی خۆیە لێرەدا بڵێم:
ئەو “غەیب”ەی هەژار کردوویە بە “پێوار” جێگەی بەقا پێ کردن نییە!
دەقەکانی هەژار ــ زۆرتر پەخشانەکانی ــ لە ڕووی ڕێژەی ئابڕوومەندی(اعتبار)یان بۆ پشت پێ بەستن و بەقا پێ کردن، دوو جۆرن:
جۆری یەکەم ئەو دەقانەی وەک چێشتی مجێور، کە دەقی دانراون. ئەم دەقانە چون زمانەکەیان بە زۆری لە ئاخافتنی کوردەوە وەرگیراوە و هەڵبەستراو نییە، هەڵدەگرێت پشتیان پێ ببەسترێت و کورد دەتوانێت هەمیشە وەک بنۆنگە(رفرنس) بۆ زانینی شێوەی ڕەسەنی بەکاربردنی وشە کوردییەکان بۆیان بگەڕێتەوە.
جۆری دووهەم ئەو دەقانەن کە هەڵبەستراون. ئەم دەقانە پەخشانی وەرگێڕدراو و شیعری وەرگێڕدراو و شیعری دانراو دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو دەقانە کۆڵەکەی زمانی ئەدەبیی کوردین، وە لە مێژووی کوردیدا هەوڵێکی نوێیەن بۆ گەشەی کوردی، بەڵام نابێت زمانی ئەو دەقانە وەک دەقانێکی تەواودروست و بێخەوش سەیر بکرێت. ئەو دەقانە ــ بە تایبەت وەرگێڕانی قورعان ــ هەوڵانێکی بەپیت و بەوەجن بۆ گوازستنەوەی زمانی کوردی لە زمانێکی نەریتی و عەینییەوە بۆ زمانێکی هزری و زەینی.
دەبێت بزانین بڕێک لە هەوڵەکان سەرکەوتوون و بڕێکی زۆرتریان سەرنەکەوتوون.
ئەرکی ڕووناکبیریی لە نووسەر و ئەدیب و وەرگێڕی کورد دەخوازێت بە ئەقڵێکی ڕەخنەگرانەوە سەرنجی سامانی هەژار بدەن. بزانن کام لە هەوڵەکانی هەژار سەرکەوتوو بووە، بە دووبارەکردنەوەی هەوڵە سەرکەوتووەکە یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی فرەتر بچەسپێت. وە ئەو هەوڵانەی سەرنەکەوتوون دیاری بکرێن و لەسەریان بنووسرێت.
لێرەدا بە باسکردن لە “غیب” بە “پێوار” کردن، باسەکە ڕوونتر و بابەتیتر دەکەمەوە. دەبێت خوێنەر بزانێت کاتێک هەژار “غیب” دەکات بە “پێوار” خەریکە نوێگەرییەک دەکات و هۆشیارانە کوردی دەگۆڕێت. هەژار ویستوویە هاوتایەکی کوردی بۆ “غیب” دابنێت. ئێمە ئێستا دەبێ لە خۆمان بپرسین ئاخۆ ئەو دانانەی هەژار دروستە؟
تەنانەت دەتوانین بپرسین لە کاتێکدا وشەی “غیب” بەشێکە لە زاراوەناسیی ئیسلامی و خەڵکی کوردیش زۆربەیان موسڵمانن و هەر ئەو وشەیە بە کار دەبەن، پێویستە هاوتای کوردی بۆ غەیب دابنرێت؟
بۆ پرسیاری یەکەم ئاماژە بە دێڕێکی مەولەوی دەکەم:
پات وە تۆی پەردەی پێواری کێشان
جە کام هامدەمێ خاترت ئێشان؟
ئەم دەقەی مەولەوی نیشان دەدات کە ئەوە پێواری-یە کە مانای غەیب دەدات نەک پێوار.
سەبارەت بە بەکاربردنیش دیارە ڕستەی؛ “گەر پێوار-یان زانیبا” ڕستەیەکی ناباوە. بێجگە لەوەی ئەو ڕستەیە پێویستی بە ناوە نەک ئاوەڵناو، تەنانەت ئەگەر بە جێی پێوار وشەی پێواری-یش بهاتبایە ڕستەی؛ “گەر پێواری-یان زانیبا” ڕستەیەکی ساختە و ناکوردی دەبوو وە دەبوو بە شێوەی “گەر سەبارەت بە پێواری بیانزانیبا”، بوایەت.
بگەڕێینەوە سەر ڕستەکەی کاک مەسعوود:
لە پێواری ئاکادیمیایەکی زمانی کوردی…
دیار مەبەستی کاک مەسعوود:
لە پێواریی ئاکادیمیایەکی … یە.
چون وشەی دوای “لە” دەبێت ناو بێت و ناوەکەش پێواری-یە نەک پێوار.
دێینە سەر ئەوەی مەزندە بکەین؛ ئەگەر کاک مەسعوود وشەی پێواری لە داڕشتنێکی کوردیدا بەکار ببردایە ڕەنگە چۆن دەربهاتایە. دوو نموونە دەنووسمەوە:
ــ لە کاتێکدا ئاکادیمیایەکی زمانی کوردی پێوارە…
ــ لە کاتێکدا ئاکادیمیایەکی زمانی کوردی لە پەردەی پێواری-دایە …
۲. دواندەری:
وشەی دواندەری بە مانای “سخنرانی” کە پێ دەچێت کاک مەسعوود خۆی تاشیبێتی، چەند کێشەی هەیە:
یەکەم کێشەی لەبەرچاو نەگرتن و کەڵکوەرنەگرتنە لە میراتی زمانی کوردی. لە حاڵێکدا کە وشەی “وتاردان” هەیە چ پێویست بووە وشەی نەتاشراوی “دواندەری” بتاشرێت؟ کە هاتوو تاشرا؛ بۆ وا نەتاشراو؟ سەیر نییە ڕەگی ڕانەبردوو(دەر) بدرێت لە چاوگێک؛ دواتر “ی”ی پێوە بلکێت بۆ ئەوەی هەمتر چاوگ دروست ببێتەوە؟
دواندەری فۆرمێکی تری “دوان-دان”ـە کە کۆکردنەوەی دوو دانە کردار و دوو دانە “ئان” بە دوای یەکدا خۆی کارەساتە.
۳. وێژمان:
جارێکی تر ئاماژەم داوە کە دروستکردنی وشەی ناپێویست و ناڕەسەنی وەک “وێژمان” کە وەک هاوتای “گفتمان” دایانناوە، یەکێکی ترە لەو پەنانەی ڕۆژهەڵاتییەکان داویانەتەوە.
دەپرسم ئێوە کە “گفت” دەکەن بە “بێژ” پێمان ناڵێن ئەو “مان”ـە چییە دەقاودەق هێناوتانە ناو کوردی؟ ئەوە وەرگێڕانی نیواونیو و لەتاولەت و پێوپێیی وشەی فارسییە کە وەک زاراوەسازی بە خوێنەر دەفرۆشرێتەوە.
باشە ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ بە وشەی گوتار کە لە باشووردا باوە قایل نابن؟ ئەوە جۆرێک خۆجیاکردنەوەی ڕۆژهەڵات نییە لە باشوور؟
وشەی وێژمان کە نیوەی کوردییە و نیوەی ناکوردی، وەک لەبەرکردنی کۆتە لەگەڵ پانتۆڵی کوردی. ئەتوانین پێی بێژین مودێلی مایەشتی!
۴. ژێستی زانستی بە پەلوپلێکی عەوامانەوە. وردبوونەوەی ناپێویست.
لە بڕگەیەکدا کاک مەسعوود بە جۆرێک بە وردی باسی ڕەگناسیی وشەی “مخاطب” دەکات چمان وشەی “مخاطب” چـەمکێکی فەلسەفی بێت و بگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانیی کەونارا. چمان باسی تەکنیک بکات و بیباتەوە بۆ تەخنە؛ یان باسی بووتیقا بکات و بیباتەوە بۆ پۆئێسیس!
سەرنجی ئەو هەموو وردەکارییە سەرلێشێوێن و ناپێویستەی لە باسی سەلاسی موجەڕەد و خوتبەی عەقد و … دا خستوویەتە ڕوو. بە ڕاست موخاتەب مەگەر لۆگۆس یان ئایدۆس-ە پێویست بکات بە وردی بزانین لە عەرەبیدا چ وردەکارییەکی بەدەرەوەیە.
وەختێ کاک مەسعوود داوامان لێ دەکات بۆ زانینی وردەکاری وشەی موخاتەب بڕۆین سەیری “تاج العروس” و “لسان العرب” بکەین دەکەوێتە بیرم کە ئێمە هەر ئەو نەتەوەیین کە زمانەکەمان خاوەنی حەفتا و چەند هەزار وشەی ڕەنگە!!
ئەمە کێشەیەکە لە زۆر دەقی کوردیدا هەیە. کێشەکە چییە؟ کێشەکە خستنەگەڕی وردبینییەکی زانستیی وشک(ڕوانگەی ئاکادەیمیک)ـە لە جێگەیەکدا کە کێشەکە پێویستی نەک بە گیانیی ئاکا-دەیم-یک بەڵکوو پێویستی بە گیانیی ڕووناکبیری و ئەدەبییەتە.
وشەی موخاتەب چەمکێکی فەلسەفی یان زانستی نییە تا لە هاوتاسازیدا، پێویست بە زانینی ڕەگناسیی وشەکە لە زمانی یەکەمدا بێت. موخاتەب وشەیەکی گشتییە کە هەر زمانێک دەتوانێت بەپێی بەرەوچوون (apraoch) و بەرجەوەند و توانستی خۆی بیگوازێتەوە.
بۆ نموونە لە فارسیدا وشەی “سخنگیر”یان بۆ داناوە. لەوێدا خۆیان پابەند نەکردووە کە حەتمەن ڕەچاوی وشەناسیی وشەی موخاتەب بکەن.
کاک مەسعوود دەڵێت وشەی “بەربێژ” چون لە دروستکردنیدا لە ڕەگی کار، کەڵک وەرگیراوە، ئاسانتر لە “بەردەنگ” گەردان دەکرێت.
هەر بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە کۆڵێک وشەی هاوڕەگی “مخاطب” ڕیز دەکات و گوایە هەموویان بە بێژ و گوتن و گوتار دەکرێن بە کوردی. لێرەدا بێجگە وردبینییەکی ناپێویست، ئەو هەڵەتێگەیشتنە دروست دەبێ کە چمان زمانی کوردی پێویستی بەوەیە بەزۆر و داتاشین هەموو وشە عەرەبیەکان بکات بە کوردی.
۵. “ڤاچ” و ئاوێنەی ئاودەست.
کاک مەسعوود وشەی “ڤاچ” وەک هاوتای چەسپاوی وشەی فۆنیم-ی ئینگلیزی دەخاتە ڕوو. لە حاڵێکدا ئێمە دەزانین لە باشوور بە فۆنیم دەڵێن دەنگ. ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتییەکان حەز دەکەن حەتمەن فۆنیم بکەن بە ڤاچ؛ پێ دەچێ بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەز بکەن لە وشەی “واج”ی فارسییەوە نێزیک بێت.
ڕۆژهەڵاتییەکان چێژێکی زۆر دەبینن لەوەی بە لەبەرگرتنەوەی وشە فارسییەکان، وشەی کوردی بتاشن. بێتەوە بیرمان وشەی وێژمان-یش هەروا بوو. هەست دەکەی فارسی بۆیان ئانتێنێکە کە بێ وی گوم دەبن.
٦. گوتەی بێدەنگ!
کاک مەسعوود لە شوێنێکی دەقەکەیدا باسی گوتەی بێدەنگ دەکات! دەپرسم دەکرێت گوتە، بێدەنگ بێت؟!
جارێک لە وتووێژ لەگەڵ هاوڕێیەکدا دەمویست ناوەڕۆکی ئەم ڕستە فارسییەی بە کوردی پێ بڵێم:
صراحتا نگفت؛ معنی ضمنی حرف هایش این بود.
گوتم: ئەوەی نەدەگووت، ئەوەی دەگەیاند.
ئەمەوێت بڵێم هەموو دەزانن گوتە و گوتن لە کوردیدا چ مانایەکی هەیە و دەزانن گوتەی بێدەنگ، پتر دەربڕینێکی پارادۆکسیکاڵ و ئەدەبییە تا دەربڕینێکی زانستی و ماناگەیەن.
“گوتەی بێدەنگ” دەمخاتە بیری “ناڵەی بێدەنگ”ی ناو شیعری شیرین بەهارەی ئیبراهیم ئەحمەد:
لەبەر چاوی بەد لە ترسی بەدکار
دڵ خۆم ئەکەمە گۆڕی یادگار
بە فرمێسکی وشک بە ناڵەی بێدەنگ
دێنمە لەرزین تەختی کردگار
۷. ڕەگی ڕانەبردوو و ناوی بەرکار؟
گەرچی وشەی “مخاطب” ناوی بەرکارە، کاک مەسعوود بۆ دروستکردنی هاوتاکەی ڕەگی ڕانەبردووی بەکار هێناوە. ڕەگی ڕانەبردوو؛ خەسڵەتی وایە زۆرتر بکەری دەگەیەنێت تا بەرکاری. سەرنجی وشەگەلی “گوتەبێژ” و “گۆرانیبێژ” و “هەڵەوێژ” و “خۆوێژ”، بدەن. ئەم وشانە هەموو ناوی بکەر-ن.
ئەمەش بڵێم کە کاک مەسعوود زۆری پێ داگرتووە کە دەبێت ناوی بەرکاری موخاتەب لە بەر و ڕەگی کردارێک دروست ببێت. ئەمە لە حاڵێکدایە زۆربەی ئەو وشە کوردییانەی ناوی بەرکارن و لە قاڵبی بەر + … دا داڕێژراون، ڕەگی کرداریان تێدا نییە. سەرنج بدەن:
بەربار
بەرپرسیار
بەرئەندام
بەربەخت
بەرمنەت
تا یەک وشەی وەک “بەربژێر” دەدۆزیتەوە کە لە ڕەگ و بەر دروست بووە، دە وشە دەدۆزیتەوە کە لە بەر و ناو دروست بوون.
٨. کوردی بە ئەدیب و خوێنەر گەشە دەکات، نەک زڕەکۆڕ و ئاکادیمیا:
ئەوەی کە کاک مەسعوود نەبوونی ئاکادیمیا بۆ گەشەی زمان بە کەمایسییەکی گەورە دەزانێت؛ لە زەینیەتێکەوە دێت کە وادەزانێت زمان بە ئاکادیمیا و زمانەوان و وشەی تەجویزی و زۆرەملێ، گەشە دەکات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زمانی تۆکمە و پتەو بە ئاخێوەری داهێنەر و ئەدیبی گەورە دروست دەکرێت نەک بە زمانەوانی خودخاندە و ئاکادیمیای زمان.
لە ساڵی ۹۷ دا لە سنە لە ژێر ناوی سەمپۆزیۆمی زمانی کوردیدا، بڕێک کوردیزانی خودخاندە، دوو ڕۆژ پرسی پەخشانی کوردییان تاوتوێ کرد. ئەوانەی بەشدارییان لە ئەو سەمپۆزیۆمەدا کرد؛ بەسەر یەکەوە بە قەد ڕۆمانی “ڕۆژئاوا”ی شارام قەوامی خزمەتیان بە گەشەی کوردی نەکردووە. کۆڕ و ئاکادیمیا ــ لە گەشەی زماندا ــ هەرگیز ناتوانێت جێی ئەدیبی ڕاستەقینە بگرێتەوە.
ئەمەی لە خوارەوەدا دەیبینن ڕیزێک لەو وشە و دەربڕینە نوێیانەن کە لە ۵۰ لاپەڕەی سەرەتای ڕۆمانی ڕۆژئاوای ‘شارام قەوامی’دا هاتوون:
پارەخەوێن: سرمایهگذار
بەرڕێژە: پرۆژە
بەربینی : پیشبینی
بەربێژی: پیشگویی
ڕونایی: ڕزڵوشن resolution
سپاسبژێری کردن
چاوەدەڵق: لنز
بارهەڵسووڕ tower crane
بافڕ: پنکه
بیرچەق: دۆگما
نوێداڕێژە: اختراع
دزەبیستن: شنود
بیرژمێر: کامپیوتر.
داڕێژەنووسی: برنامهنویسی
کوێرەبەفربوون: Photokeratitis
پارزەمین: قارّه
لەگەڵ ئەوەی بوونی ئەدیب و ئاخێوەری داهێنەر بۆ گەشەی زمان پێویستە، بەڵام بەس نییە. گەشەی زمان بێجگە داهێنەر، پێویستی بە بەردەنگ و خوێنەری هۆشیارە. سەدان داهێنانیش کرا بێت؛ مادام خوێنەری هۆشیار نەبێت ئەو داهێنانانە وەک خوێنبەر بە لەشی نەتەوەدا بگەڕێنێت؛ ئەو داهێنانە ناچێتە ناو زمان و ناچەسپێت.
له داهاتوودا وتارێک تەرخان دەکەم بۆ باسی گرنگیی خوێنەری هۆشیار لە دروستبوونی نەتەوە و زمانێکی بەهێزدا. لەوێدا دەڵێم هەر خوێنەرێکی جیددیی ئەدەبی کوردی، سەد پێشمەرگە دەهێنێت.
له ڕۆمانی “ڕۆژئاوا”دا بە کیبورد بە جێی تەختەکلیل ــ کە ئێستا باوە ــ دەگوترێت؛ تەختەپیت. ئەمە نموونەیەکە لە گەشەی زمانی کوردی. وشەکە کورتتر و کوردیتر کراوە. ئەگەر خوێنەرانێک نەبن داهێنانی وەها ببین و پەسندی بکەن؛ هەرگیز وشەی تەختەپیت جێی تەختەکلیل ناگرێتەوە و ئەو داهێنانە فەرامۆش دەبێت.