جوانی لەنێوان گۆشەنیگای سێكسی/ وزەی ئیرۆتیکیدا

(ئاوڕدانەوەیەك لە كتێبی ڕزگاركردنی جوانی، بیۆنگ- چول هان)

چەمكی جوانی لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێو شارستانیەت و كولتووری گەلانی دیكەوە. بەڵام هەتا ئێستا هزری مرۆڤایەتی پێوانەیەكی دیاریكراوی بۆ جوانی نییە، ڕەنگە هەرواش بمێنێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرنەدا جوانی لەگەڵ نەرمی تەواو هاوئاهەنگە، نەرمی وەك هۆکاری سەرەکیی چێژ، وەک پێکهاتەیەکی جوانیی بینراو ئەژمار دەکرێت، بەو مانایەش نەرمی لەوێوە بۆ چێژوەرگرتن گونجاوتر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرگرییەک نیشان نادات. بەڵام ئەو شتانەی زبر و تووند و تیژن، ئەندامەکان دەڕووشێنن، دەبنە هۆی ئازار و برینداركردن. ئەوەش دەبێتە هۆی گرژبوونی تووند و تیژ، یان گرژبوونی ڕیشاڵی ماسولکەکان. نەرێنیبوونی ئازار هەستی جوانی تا ڕادەی تووندی لاواز دەکات، جوانی کەم دەکاتەوە.

سروودی جوانی

لەنێو چاوانتەوە هەم ئاوابوونی خۆر

هەم سەرهەڵدانی كازیوە بەدی دەكرێن

وەك ڕەشەبای ئێواران بۆنوبەرامە دەپڕژێنی

ماچت شەرابی عیشقە و زارت هەر چەشنی گۆزەیە

قارەمان ترسنۆك و منداڵانیش بوێر و ئازا دەكەی

پێم بڵێ تۆ لە كەندڕانەوە بەرز دەبیتەوە

یان لە هەسارەكانەوە دادەبەزی

(بۆدلێر)

بیۆنگ -چول هان

فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە ڕەگەز کۆریای باشوور) بیۆنگ -چول هان (لەدایکبووی ١٩٥٩/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە (بەرلین)، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا بە یەکێک لە ڕەخنەگرە هەرە وردەکانی (سەرمایەداری دیجیتاڵ) دادەنرێت. لە كۆی ڕەخنەكانیدا جەخت لەسەر چەمكی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ و زستانی شارستانیەت و ژیانی ساتەوەختی پچڕ پچڕ و لاوازكردنی پەیوەندیی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی.. دەکاتەوە. بیۆنگ -چول هان لە ڕێگای کارکردنی لەسەر بیری ڕۆمانتیکی ئەڵمانی و فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی، ئاماژە بە دەرفەتی جێگرەوە دەکات، هەرچەندە دەستنیشانکردنەکانی هەندێجار ڕەها دەردەکەون! بەڵام کارەکانی تێڕوانینی بەنرخ دەربارەی کۆمەڵگای ماندوو (پڕتوكاو) پێشکەش دەکات.

بیۆنگ چول هان (١٩٥٩ سئول) فەیلەسووفی ئەڵمانی

پرسیاركردنی ئه‌مڕۆ بۆ ژیان زیاد له‌ ئاستی خۆی مردووین، بۆ مردنیش زیاد له‌ ئاستی خۆی زیندووین. ناڕاستەوخۆ پرسیارێكە لەسەر چۆنیەتیی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ، پرسیارێكە لەبارەی زستانی شارستانیەت و خۆشەویستی و جوانی و چێژی ئەدەبی و هونەری.. ئەمڕۆی (کۆمەڵگای دەستکەوت) لەسەر خودی ئەرێنی کار دەکات، لەسەر دەنگی بەردەوامی ناوەوە، کە دەڵێت (تۆ دەتوانیت) لە جیاتی (تۆ دەبێت) ئەوەش ئازادییە دژ بە ئازادی، کە مرۆڤ زیاد لە پێویست ماندوو دەکات، نەک ڕزگار بکات. چونکە دەبێ تاکەکان لەسەر ژیان بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆیاندا بکەن.

دڵی جوانی شكاوه

ئاسمان دیار نییە، هەتا وەك (ئیمانۆیل كانت) باس لە ئه‌ستێره‌كانی بكەین، یاسای مۆڕاڵیش له‌سه‌ر كورسی له‌ناوەوەی منی عاقڵدا دیار نییە. له‌ دەرەوە لە هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بە (گرتەی نزیك) دیمەنەكان ڕۆناك دەكرێتەوە.. ئیتر ڕۆحی هیگڵی و عه‌قڵـی كانتی دژ به‌ كاره‌سات و به‌رانبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه ڕۆڵیان تەواو بووە. (جوانیی سرووشتی) له‌به‌رانبه‌ر گرتەی ژیانی لەناكاوی (تۆ دەتوانیت) به‌ دڵشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت.

(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) دووبارە ژیان بە بەر جوانیی سرووشتیدا دەكاتەوە و دەڵێت: نه‌فیی شكاو، بەردەوام درووستكه‌ری جوانییه‌. بێ ئه‌و نه‌فیی شكانه‌، جوانی لاواز ده‌بێت. بەڵام ئه‌و فۆرمه‌‌ (ئادۆرنۆ)ییە بێ به‌ری نییه‌ له‌ نێودژی، چونكه‌ یه‌كێتیی ئه‌و فۆرمه‌ له‌ لایه‌ن ئەویدیكەی جوانییەوە تێكدەشكێ. بەو مانایە بەردەوام دڵی جوانی دەشكێت.

ئەی جوانی، تۆ لە بەرزاییی ئاسمانەكانەوە دێیتە خوارێ

یان لە قووڵاییی خەرەندانەوە؟

سیمات هەم دۆزەخین و هەم یەزدانی

لە هەمان كاتدا، خێر و تاوان تێكدەچڕژێنی

بۆیە دەشێ بە شەرابت بچوێنین..

+++

ئەی جوانی!

گاڵتەجاڕانە بەسەر لاشەی مردوواندا گوزەر دەكەی

خشڵی سامناكییەكانت بێ ئەفسوون نین

ئەی شەمی شەوان، پەپوولە بەرەو تۆ دەفڕن

باڵەكانیان هەڵدەكڕووزێن و دەڵێن:

ستاییشت لێ بێ ئەی چرا!

+++

عاشقی سووتاو شۆڕبۆتەوە بەسەر مەعشووقدا

رۆحی لە ترپەترپ دەكەوێ و نەوازش لەگەڵ گڵكۆ دەكا

+++

( چەند كۆپلەیەك لە سروودی جوانی- گوڵی خراپە، شارل بۆدلێر، ئاراس، هەولێر، 2001. وەرگێڕانی لە فڕەنسییەوە، ئەحمەدی مەلا).

لە گوڵه‌كانی خراپه‌ی بۆدلێردا له‌ سروودی (ئاوازی جوانی) جوانی كاره‌ساتێكه‌ كه‌ ڕێكخستنی ئه‌ستێره‌كان ده‌شێوێنێت. جوانی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌یه‌ كه‌ په‌پووله‌ خۆی لێ نزیك ده‌كاته‌وه‌ و باڵەكانیان گڕ ده‌گرێت. مه‌شخه‌ڵ و گۆڕ (لە زمانی فڕەنسی) له‌گه‌ڵ یه‌كدا هاوسه‌روان، جوانی به ‌هەمان شێوه‌ی مه‌شخه‌ڵ له‌سه‌ر گۆڕیش هه‌ڵكۆڵراوه‌. نه‌فیبوونی كاره‌سات، چركه‌ساتی جوانییه‌. جوانی، ئێمه‌ له‌ ترس ده‌پارێزێت. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ترس له‌ ڕێگای جوانییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌، جوانی وێنه‌ نییه‌، به‌ڵكوو په‌رده‌یه‌كی نمایشه‌. (بڕوانە جوانیناسی كارەسات، بیۆنگ- چول هان. له‌ فڕه‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود، كردوویە بە كوردی. سایتی ژنەفتن، 19ی نیسان، 2021).

بە گشتی جوانی لە ئەرێنیدایە، هۆکاری سەرەکیی چێژوەرگرتن لە ئەرێنیدایە، لە ئارەزووكردنی خواردندایە. بەو مانایەش چەمكی ئەرێنی وەك بە بەشێکی دانەبڕاوی جوانی، مەعریفە دەگەیەنێت، وەك چۆن خەیاڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بەشدارن. لەوێشەوە وەك یارییەكی ئازاد و جیاواز بەسەر جوانیدا دەكرێنەوە و ڕۆڵی خۆیان لە چاوەڕوانی جوانیدا وەك زانین و كردار دەگێڕن. بە دیوەكەی دیكە ڕەنگە جوانی لەسەر خۆی مەعریفە بەرهەم نەهێنێت! بەڵام میکانیزمی جووڵەی مەعریفی دەپارێزێت. هەر بەو مانایەش خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، کاتێک خود ڕووبەڕووی جوانی دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستێکی ئیرۆتیکییە، نەك هەستکردن بە شتەکان، هەستکردنە بە خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا.  

چەمكی خود، وەک (ئیمانۆیل کانت) بیری لێ کردۆتەوە، بەردەوام خۆی هەڵدەگرێت بۆ خۆی. هەرگیز خۆی لەدەست نادات، هەمیشە خۆی لە دەستێوەردانی دەرەکی  دەپارێزێ و كار بۆ خۆبوونی ئۆتۆماتیکی دەكات. لێرەوە ئادۆرنۆ لە جوانیناسییەکەیدا جەخت لەسەر توخمە ئۆتۆ-ئیرۆتیکەکە دەكاتەوە، بەو مانایەی كە هیچ شتێک نەتوانێ ببێتە هۆی ڕووشاندنی، بەڵام ئایا چێژ لە جوانیدا، چێژی خودە لە خۆیدا؟ جوانی دەستبەجێ دڵخۆشمان دەكات، بەڵام هەستیاری دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بە دڵخۆشی. چونكە دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و مەعریفەوە بۆ نموونە: هەستكردن بە ئازار یان ناڕەحەتی، ترس لە مردن.  

سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا بەشێكی گەورەی جوانی هەڵگرتووە، كە ئامانجی ئەوە نییە لە ڕێگای دەنگدانەوەی (واو چەند جوانە) بەرجەستەی بكەیت، لەو حاڵەتەدا (واو چەند جوانە) جۆرێکە لە سووکایەتیکردن بەو بێدەنگییەی کە بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، كورتكردنەوەی تێگەیشتنی جوانییە بۆ تەنیا وشە-دەنگ. سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا جوانی دەنوێنێ و بە تەواوی خۆی لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەخاتەوە، هەمیشە جوانیی سرووشتی بە داخراوی دەمێنێتەوە! جوانیی سرووشتی خۆی لە هەر هەوڵێکی پێناسەکردن دەدزێتەوە. پەیوەندییەکی جەوهەری لەگەڵ مۆسیقادا هەیە.

ئەوەی لە سرووشتدا دەدرەوشێتەوە لەو ساتەدا نامێنێت کە هەوڵی گرتنی دەدەیت! بەو مانایەش جوانیی سرووشتی بە پێچەوانەی (جوانیی دیجیتاڵی) وەستاوە. جوانیی دیجیتاڵی بە تەواوی نەرێنیی ئەویدیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە. جوانیی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ ڕۆح پێک دەهێنێت، کە ڕێگا نادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەویدیكە بێتە ژوورەوە. بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی کە هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆ دەبێتەوە.

جوانیی سرووشتی خۆی لە پێناسەكردن و بەکاربردن دوور دەخاتەوە، بەڵام جوانیی دیجیتاڵی جیهان بۆ تۆڕێکی فرەچەشنی یەکگرتووی کۆنترۆڵكراو دەگۆڕێ و لەناو فەزای ڕووت و نەرم و ئەرێنیی بینراوی سەرسوڕماودا درێژ دەبێتەوە. كەواتە جوانی سرووشتی كراوەیە و جوانیی دیجیتاڵی كۆنترۆڵكراو. پرسیار ئەوەیە، ئایا جوانی شاراوەیە، یان ڕووت؟

جوانی

لەنێوان پۆڕنۆ و ئیرۆتیكدا

قسەیەكی (ڤاڵتەر بنیامین) هەیە، كە دەڵێ جوانی لە (جەوهەر)دا مەیلی لە دەركەوتنە. بەڵام لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی) ڕووتی و جوانی شانبەشانی یەکتر ناڕۆن. چونكە لەو قسەیەی بنیامیندا ئەوە جەوهەری جوانی نییە ڕووت دەبێتەوە، بەڵكووو ڕووخساری جوانییە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەخات، لێرەدا جوانی وەك ڕووخسار و ناوەڕۆك لێكجیا دەبێتەوە. جوانی وەك ڕووخسار مەیلی دەركەوتنی هەیە، بەڵام وەك ناوەڕۆك مەیلی لە شاراوەیییە و ئەوەی دەرنەکەوتووە داپۆشراوی خودی جوانییە! بە مانایەكی دیكە نهێنیی جوانی و هەڵوێستی جوانی لە خۆبەدەستەوەنەدانی هاتووە.

جوانیی ڕووخسار كە ڕووتە، بە زەرورەت جۆرێکە لە دەركەوتن، بەڵام لە ناوڕۆكدا جوانی خزە و بە زەحمەت دەگیرێ، هەر بەو مانایەش (بیۆنگ-چول هان) پشتیوانی لە داپۆشینی قەشەنگانەی دژ بە ڕووتییەکی ڕووت دەکات، چونكە پێی وایە ڕووتی ئەوەیە، کە هیچ داپۆشراوێتییەکی تێدا نییە و بەوەیش دەبێ بە پۆرنۆگرافیا. پۆڕنۆگرافیا وەك ڕووتی، هیچ نهێنییەكی تێدا نییە و پێچەوانەی جوانییە. هەمیشە پۆڕنۆگرافیا وێنەی بێهەڵوێستن، کە نیاز و تێڕوانینیان نییە، بە تەواوی بە پێشکەشکردنی تەنها یەک شت پەیوەستن ئەویش سێکسە.

بەڵام جوانیی ئیرۆتیكی ئەوەیە، كە دەرنەكەوتن دەپارێزێت، ئەوەیە كە لە نێگەتیڤییەت داناماڵرێت. (پانتاییی ئیرۆتیكی جەستە، ئەو شوێنەیە كە پۆشاك تێیدا قڵێشی بردووە و فەتحەدارە- كەلێنێ كە بەشێكی ڕووتی و نهێنیی جەستە لێیەوە دەردەكەوێت)، كەچی پۆڕنۆگرافیا ئامانجی نیشاندانی ڕووتی جەستەیە، لە دۆخە قێزەونەکانیدا. بەڵام دۆخەکانی جەستە وەک بیۆنگ- چول هان، تێیگەیشتووە تایبەت بە پۆڕنۆگرافیا نیین، تایبەتن بە ئیرۆتیكا. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵە، جوانی پڕشنگی نهێنییەکەی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت، بەم جۆرە نهێنیی جوانی دەبێتە ئیرۆتیک، بەڵام پۆرنۆگرافی بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەری ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت.

شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە، بۆیە ناتوانرێت بەرگەکەی لێ بکرێتەوە، یان پەردەی لەسەر لابدرێت. بە زەحمەت دەرخستنی جوانی، بەشێکە لە سرووشتی جوانی خۆی، ناشێ ڕووتی بكەینەوە و سەرپۆشەكەی لەبەر داماڵین، جوانی لە شاردنەوەی خۆیدا جوانە و لە بنەڕەتدا جوانی تەمومژاوییە. جوانبوون بە تەواوەتی واتە شاردنەوە. لێرەوەیە (ڤاڵتەر بنیامین) ڕەخنەی هونەری بە تیۆریی شاردنەوە ناو دەبات. واتە ئەرکی ڕەخنەی هونەری، پەردەلادان لە بەرهەمی هونەری نییە، بەڵكە ئەوەیە، کە وردتر هونەر لە پشت پەردەكەی خۆیدا بناسێتەوە، ئەوەیە کە دوور لە هاوسۆزی درۆ و دیدگای بێهەڵوێست، جوانی ببینێ! وەک نهێنی وردتر چاودێری دەرکەوتنی دیدگای ڕاستەقینەی جوانی بكات، چونكە بەرهەمی هونەری ڕاستەقینە جگە لەو شوێنە نەبێ، کە بە نهێنیی خۆی تێدا دەنوێنێ، ئەگینا لە هیچ شوێنێكی دیكە خۆبەدەستەوە نادات. كەواتە ڕەخنەی هونەری لە كۆی پەیوەندییەكانی لە كار بە شوێنەوە، یان بە كولتوورەوە دەكۆڵێتەوە.

جوانی بابەتێکە هەمیشە درەنگ دێتە پێشەوە. كەواتە شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە. چونكە جوانییەکان بە هیچ شێوەیەکی تر جیا ناکرێنەوە. وەك ئەوەی بینینی جوانی نهێنی بیت، هەمیشە ناسینی جوانی لە دۆخی شاراوەی خۆیدایە. بەو مانایەش پەردە گرنگترە لەو بابەتەی كە شاراوەتەوە. پەردە خەیاڵی دەقیش دەوڕووژێنێت. دەستەواژەی وزەی ئیرۆتیکا و چێژی ئیرۆتیکیی دەق جیاوازە، لە چێژی ڕووتی جەستەیی کە لە پەردەلادانی وردە وردە دەردەكەوێت، یان ڕاستەوخۆ دەردەكەوێت. وزەی ئیرۆتیکی جۆرێکە لە دیاردەی پەیوەست بە شاردنەوە، كە پۆڕنۆگرافی ڕاستەوخۆ لەناوی دەبات. وزەی ئیرۆتیکی لە وەسوەسەوە بۆ خۆشەویستی، پاشان بۆ ئارەزوو، دەستبازی، پاشان سێکسییەت هەنگاو دەنێت. پۆڕنۆگرافیا نوێنەرایەتیی کۆتاییی ڕەهای ڕووتی دەکات.

بە بڕوای (رۆڵان بارت) لە ئیرۆتیكادا پەردە بەشێکی سەرەکی لە وڕووژاندنی سێكسی پێكدەهێنێ. واتە سێکسیترین بەش لە جەستەدا ئەو شوێنەیە کە لە كەلێن- شەق- كرانەوەی جل و بەرگدا دەردەكەوێت. كۆی وڕووژاندنی سێكسی لە ئیرۆتیكدا لە خەونێکی هەرزەکارانە دەچێت، ئەو پەیوەندی و سۆزدارییەیە کە خۆشەویستی پێشکەشی دەکات، وەسوەسەی زانین، ئارەزووییەكە بەبێ بوونی واقیعێکی ڕاستەقینە لە خەیاڵدا گەمە دەكات، وزەی ئیرۆتیكی سیحرێكە لە پشت پەردەکانەوە بۆ ئەو خەیاڵە ڕاتدەكێشێ.

ئیمانۆیل کانت لە لێدوانێکدا لەسەر شیعری (هۆڵدەرلین) دەنووسێت: سرووشت لە ڕێگای فۆرمە جوانەکانییەوە قسە دەکات و ئەو دیارییەی پێبەخشیوین، کە نووسینی نهێنی لەناو هەستی ئەخلاقیماندا شی بکەینەوە. لێرەدا كانت فۆرمی جوانی بە نهێنی و نهێنی بە هەستی ئەخلاقییەوە دەبەستێتەوە. ئەو مەبەستە پێویستی بە هێزێکی خەیاڵی هەیە، کە توانای خەیاڵکردنی ئەو بیرۆکە ئەخلاقییانەی هەبێت، کە لە ڕەوتی پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە. بەپێی ئەو کارەکتەرە ئایدیاڵەی کە جوانی لەخۆی دەگرێت، کانت باس لە جوانی وەک ئەخلاق و باس لە ئەخلاق وەک جوانیناسی دەکات. بەو مانایە جوانی پەیوەندی بە یاساکانی پەیوەست بە جۆرە هونەرییەکانەوە هەیە.

جوانی ئیرۆتیكی پەیوەستە بە هێزی خەیاڵ و سۆز و ئارەزووی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستی و شۆکەوە. بەڵام جوانیی پۆڕنۆگرافی سەر بە فۆڕمی ڕاکێشان و لایكە- حەزم لێیە، هیچ شۆكێكی تێدا نییە. یەكەمیان دوور بە دوور بێ ئەندازە حەزی بینین دەوڕووژێنێ، حەزی بینین قووڵ دەكاتەوە، ڕامان و چڕبوونەوەی تێیدایە، وێنەكە دوورە تا جارێکی دی بیری لێ بکەمەوە، سەرەڕای ڕوونییەکەی تا ماوەیەک خۆی ئاشکرا ناکات. یان بە مانایەكی دیكە تا نەتخاتە حاڵەتی ئارەزووكردن، تا شۆكت نەكات، خۆی ئاشكرا ناكات.

بەڵام پۆڕنۆگرافیا وێنەیەكی فۆتۆگرافی نزیك و پۆلێشراو و شەفافە، هیچ درزێک و ناڕوونییەکی تێدا نییە، هەموو شتەكان بەرەو دەرەوە دەگۆڕێت و نمایشی دەکات، هیچ بڕە تایبەتمەندی و شاردنەوە و نهێنییەك لەخۆ ناگرێت، بە تەواوی تایبەتە بە نمایشکردنی تەنها یەک شت: سێکس! هیچ بابەتێکی چاوەڕواننەکراوی دیكەی نییە، کە بێتە سەر ئەوەی شتێک دوابخات، یان سەرقاڵ بکات. بەو مانایە پۆڕنۆگرافیا- ڕووتی ڕاستەوخۆ و قێزەونە، هیچ شتێکی مانادار و شاراوە ناپارێزێت. بەڵكوو لەبری ئەوە ماناكان ڕادەست دەکات، بۆ ئەوەی كات بە فیڕۆ نەدات و لە  نزیكەوە و لە هەموو ڕووییەكەوە نمایشی خۆی بکات.

 كەواتە ئیرۆتیک جیاوازە لە پۆرنۆگرافی، چونکە یەکەمیان پەنا بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و بازنەیی هەست و ڕامان و ئارەزوو دەبات. پۆرنۆگرافی دەستبەجێییە، هیچ چڕییەکی سیمیۆلۆژیی تێدا نییە، خاوەنی هیچ شتێک نییە، کە بتوانرێت بکرێتە ئامانج، بەڵكە بابەتێکە بۆ (لایك- من حەزم لێیە). دواخستن و خاوبوونەوە و سەرلێشێواوی ئامرازی کاتیی ئیرۆتیکن. بەکارهێنانی ڕوون و فریودەرانە، سێكس و ئاماژەکردنی ڕاستەوخۆ بە بابەتەکە، پێکهاتەی پۆرنۆگرافیایە.

ڕزگاركردنی جوانی

(بیۆنگ-چول هان) لە هەڤپەیڤینێك بە ناوی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆرۆنا) كە (هاوڕێ خالید) بۆ كوردی وەریگێڕاوە، دەڵێ: نەمانی نەریت و ڕیتواڵەکان، دەلالەت لە نەمانی کۆمەڵگا دەكەن، (شۆڕشی پەیوەندییەكان) کە تەقینەوەی دیجیتاڵی لێكەوتۆتەوە، گوایە پەیوەندییەكان بەیەکەوە تۆخ دەكاتەوە، بەڵام لە یەکتری نزیک نەکردوونەتەوە، بەڵكە نەك هەر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی فەرامۆش كردووە، بەڵكە پەیوەندیی نێوان ئەستێرەکانیشی لا بردووە و ئیگۆی کردووە بە ناوەند و سێنتەری بەرژەوەندییەکانی خۆی.

بۆیە سەرەڕای شۆڕشی پەیوەندییەكانی دنیای دیجیتاڵی، كەچی هەستکردنمان بە تەنیایی و گۆشەگیری زێتر گەشەی كردووە. ڕاستە هەموو جارێک بانگهێشت دەکرێین بۆ دەربڕینی بۆچوون و پێداویستی و ویست و هەڵبژاردن و تەنانەت باسکردنی ژیانی تاکەکەسیمان، (بەڵام تەنها بە لایك)، (تەنها بە لایك) دووبارە ناساندنەوە و نوێنەرایەتی و نمایشی خۆمان دەکەین (من، خۆمم) ڕاهێنان بە خۆشەویستی و پەرستن دەکەین.

(بیۆنگ-چول هان) لە ڕەخنەگرتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ زیاتر دەڕوات و تاوتوێی ئەوە دەکات، کە چۆن بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەزموونی ئێمە لە کات، خۆشەویستی و هونەر… بۆ لایك دەگۆڕێت! لەوەش سەرنجڕاکێشتر دۆخی ئێستامان بە زستانی شارستانیەت ناو دەبات. لە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی شته‌كان به‌ره‌به‌ره‌ گرنگییان نامێنێ. شته‌كان خۆیان خستووه‌ته‌ ژێر ڕكێفی زانیارییه‌كان. هەر تەنها پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو كۆتایی نابنەوە، هەر تەنها ژیانی پچڕ پچڕ نەكردووە، هەر تەنها لاوازكردنی پەیوەندیی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی لێ نەكەتۆتەوە. بەڵكوو به‌ واتای كۆتاییهاتنی مرۆڤی سیاسیش دێت، كاتیگۆری كاتیش له‌ سیاسه‌تدا له‌ ناو ده‌بات، هەر تەنها بانگەشەی شەفافییەتی پۆڕنۆیی ناكات، بەڵكوو بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ نووسینشدا بە ئەركی خۆی دەزانێت. بەو مانایەش  ده‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیدییەتی نووسین و چۆنێتی. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه‌ی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی، شه‌فاف بێ، بەڵام ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته ‌و هیچی تر، ئیتر تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی عه‌وامگه‌رییەكی بەرفرەوانی لە زۆربەی بوارەكان لەگەڵ خۆی هێناوەتە ناوەوە.

تۆڕی دیجیتاڵی لە جیهاندا کار بۆ گۆڕینی جوانی بۆ بابەتی ئەرێنیی چێژ دەکات، وەك چۆن جەستەی بە هەستەوەری دیجیتاڵی تەیار كردووە و هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە جەستە تۆمار دەکات، بە هەمان شێوە پێوانەکردنی چەندایەتیی جەستەش دەکاتە شاشەی چاودێری و کۆنترۆڵكردن، هەروەها كۆی ئەو زانیارییانەش لە ئینتەرنێتدا کۆ دەکرێنەوە و بۆ ئاڵوگۆڕکردن بەردەست دەخرێن! بە دیوەكەی دیكە ڕەوتی زانیاری جەستە بۆ کۆمەڵێک داتا دەشێوێنن، بە جۆرێک کە دەبێتە کۆمەڵێک داتای چاودێریكردن، لە هەمان کاتدا جەستە بۆ شتگەلێکی بەشەکی هەڵدەوەشێتەوە، کە لە ئەندامە سێکسییەکان دەچن. بەمجۆرە بابەتی ڕووتی چیتر وەک دیمەنی گێڕانەوەی خەیاڵ، چیتر وەك تێڕامان و هونەری ئیرۆتیكی کار ناکات، بەڵكە دەبێتە پۆڕنۆگرافیا، دەبێتە داتای زیادکراو یان كۆمەڵێ بابەتی بەشەکی.

خەیاڵ وەك بنەمای داهێنان چەندان زانیاریی هەستیاری لە ڕێگای – حدس- ەوە بەدەست دەهێنێ، بە دیوەكەی دیكە لەسەر ئاستی هونەردا توانا مەعریفییەکانی خەیاڵ پراكتیزەی تێگەیشتن و ڕاڤەكردن و بەجێهێنان دەكەن، لە یارییەكی ئازاددا وەک کرانەوە دێنە گۆڕەپانەوە و جوانیش وەك بەرهەمی ئەو پراكتیزەكردنە چێژ دەخاتەوە، کەواتە چێژ لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی توانا مەعریفییەکان و بەجێهێنانەوە دێتە ئاراوە، یان لە هاوئاهەنگی ڕێکخستنی هێزەکانی مەعریفەدایە. بەو مانایەش جوانی هەستکردن بە شتەکان نییە، بەڵكوو هەستکردنە بە خۆی. كاتێ خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، پەنا دەباتە ناوەوەی خەیاڵە زیندووەكانی خۆی، بەڕاستی مرۆڤ دەبێ مێشکی خۆی لە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەك ئازاد بکات. بیرۆکەی بێکۆتایی لە عەقڵی مرۆڤدایە، بەڵام خود لە ناوەوەی خۆی دوور ناکەوێتەوە، نە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی، نە کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی بابەتێكی زاڵ دەبێتەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خود جەخت لە ناوەوەی خۆی دەكاتەوە. دواجار ئیرۆتیكا، جوانیی سرووشتی، خەیاڵی داهێنان، تێڕامان و چڕبوونەوەی ناوەوەیە، هەمیشە لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەكەوێتەوە!. گومان، و دواخستن، شاردنەوە و هەڵەكردن هەموویان ستراتیژی فەزای جوانی و کاتی جوانیین. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵی پێوەدیارە، بۆیە بەردەوام پڕشنگی نهێنییەکانی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. بەڵام پۆرنۆگرافیا هیچ بڕە گومانێکی لە دەركەوتندا نییە. لەگەڵ دەركەوتندا مافی بەدەستهێنان لەدەست دەدات و بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەر دەگۆڕێت.

بە بڕوای (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) جەوهەری جوانی لە دەوری نەریتی سەرلێشێواوییەوە نییە، بەڵكوو بریتییە لە فۆرمێک کە خۆی لە بێ فۆرمییەوە هەڵدەگرێتەوە… وێنەی جوانی وەک شتێکی ناوازە و جیاواز لە ئازادی، لە ترس، لە کۆی باڵادەستی و هێزی سرووشتییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام دەرکەوتنی جوانی بە تەواوی سەرلێشێواوی ڕەت ناکاتەوە، وەك چۆن شێوە ڕواڵەتی دەرەوەی جوانیش، ناسک و مەترسیدارە، پەیوەندیی نێوان جوانی و ترسناکی مەرج نییە دژ بەیەک بن. واتە مەرج نییە جوانی بە تەواوی لە پاڕاستنی خۆی سەرکەوتوو بێت، بەڵام هەرگیز ترسناکی بە سادەیی ڕەت ناکاتەوە. مەبەست لە (ترسناک)ی ئەوەیە، كە دەشێ جوانی بكەوێتە نێوان کارەسات و تاریکی و ناشیرینی و نادیاری و دەستێوەردانی ئەوانیدیكە و گۆشەگیری سوبێكتەوە.

دەتوانم بڵێم، جوانی بریتییە لە گۆڕینی ڕووی بینراو (ڕووخسار) بۆ ئاسۆی بێکۆتاییی نەبینراو (جەوهەر)! كەواتە هەمیشە ڕووخساری جوانی لە شۆكی گومان و دڵنیایی، ناسک و مەترسیدار، دیار و نادیار، ئەرێنی و نەرێنی.. دەردەكەوێت. بەڵام ئەوە جەوهەری ڕووخسارە کە جوانی دادەمەزرێنێت. جەوهەری جوانی لە هەموو شتێکدا دەتوێتەوە، کە نەرم و نیان بێت، كەواتە جوانیناسی بە فۆرمولەی دژبەیەکەوە فۆرمی جوانی باس دەکات. ئەو جۆرە لە بیركردنەوە وەك لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی، بەدرەدین مستەفا، چاپی یەکەم: ٢٠٢٠) هاتووە، بەرەو نهێنییەكانی ئیرۆتیكا دەچێ و دژ بە پۆڕنۆگرافیایە!

بەمجۆرە مەودایەکی جوانکاری هەیە، کە وامان لێ دەکات بتوانین قەدری جەوهەر جوانی بزانین. قەدرگرتنی جوانی لە بەکارهێنانی جەوهەرەکەیدا نییە، بەڵكوو لە تێڕامانی ڕووخساری جوانیدایە، بەڵام ئەو ستایشكردنە  لەو شوێنانە نائادەیە کە مەودای تێڕامان لەنێوان سوبێكت و ئۆبێكتدا بە پێوانەی ئەندازەیی شۆڕشی پەیوەندییەكان دەپورێت، لەو شوێنانەی كە نەتوانین لە جوانی ڕابمێنین.

جەوهەری جوانی ئازادییە

زیادەڕەوی لە بەدیهێنانی جەوهەری جوانی، لە سنووردارکردنی خودی ژیاندایە، مردن، ژیان بۆ شتێکی مردوو دەگۆڕێت، ژیان پەرت دەبێت و دەڕژێت. نێگەتیڤی هێزی بزوێنەری ژیان خۆی دەشارێتەوە، جەوهەری جوانی پێک دەهێنێت. بەهۆی ئەو جەوهەرە عەقڵانییەی کە هێزی بزوێنەری ژیان لەخۆ دەگرێت، ئایدیالی جوانی خۆی لە هەر جۆرە بەکاربردنێکی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت! بەڵام لاوازی و ناسکی و شکاوی هەر هەموویان سیفەتی سرووشتی جوانیین. بە پشتبەستن بەو مانایە، جوانی بە هەموو توانا و هێزی خۆی قەرزاری وەسوەسەیە. وەسوەسەی جوانی دژە ژەهرێکی چارەسەری وەهایە، ژیان دەگرێت، هەر بۆیەش هەمیشە ژیان دەیخواتەوە. بەمجۆرە ئەگەر زەوی لە پێناو ژیاندا فەتح بکرێت، ژیان ناتەواو دەبێت.

كەواتە بابەتی جوان بابەتێکە کە لەبەردەم شتێکدا وەستاوە، کە تیایدا هەر جۆرە وابەستەیییەک، یان زۆرەملییەك… قبووڵ ناكات، جوانی بە تەواوی ئازادە لە هەر زاڵبوونێک لە دەرەوەی خۆیدا كە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی کار دەکات، جوانی هەرگیز دیلی ئەرک و ناچاری و مەبەستێك نییە، هەرگیز سوبێكت هەوڵی بەدەستهێنانی جوانی بۆ گەیشتن بە نیازەكانی نادات، بەڵكوو سەربەخۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. سوبێكت وەک ئامانجی جوانی لە خۆیدا مامەڵە  لەگەڵ جوانیدا دەکات. بەرژەوەندیی تەواو لە ئامانج جیا دەبێتەوە و دەبێتە هەڵوێستی جیاکەرەوەی جوانی بەرانبەر بە جوانەکان.

كەواتە لە دەرەوەی بەرژەوەندییەكانەوە تەنها جوانی فێری ئازادیمان دەکات. جوانی بۆ خۆی ئامانجە. ئامانجەکانی جوانی لە جەوهەری جوانیدا پەنهانە. جوانی لە جەوهەری خۆیدا بەهای خۆی بەدەست دەهێنێت. بۆیە ناکڕدرێت و بە تەواوی لە بەرژەوەندییەكان دوورخراوەتەوە. لێرەوەیە دەڵێن هونەر لەگەڵ سەرمایەداریدا ناگونجێت! سەرمایەداری هەموو شتێک دەخاتە بەردەم بەکاربردن و دابینکردن و داواکارییەوە.

ئیتر دوای ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی و ئازادی و سازش، ئارەزوو و پابەندبوون نامێنێت و ئەگەری پەیوەندییەکی ئازاد لەگەڵ جیهان و لەگەڵ جوانیدا دێتە ئاراوە. لەبەرانبەر جوانیدا، سوبێكت لەبری ئەوەی لە پێشەوەی پەیوەندییەكان بوەستێت، هەنگاوێکی لاوەکی دەگرێتەبەر و دەبێتە کارەکتەرێک کە لە پەراوێزدا.. سوبێكت هەنگاو دەنێیتە دواوە بۆ بەرژەوەندی ئەویدیكەی جیاواز. بێ كۆتاییبوونی جوانی لە بوونی ئەبەدیی ئەویدیكەوەیە، بەمجۆرە ئەبەدیەتی جوانی دەست پێ دەکات، ئەبەدیەتی جوانی ئەوەی وەک ڕۆناکییەک لە جەوهەردا دەدرەوشێتەوە، کە بەناو ئەوی دیكەدا بڵاو دەبێتەوە. دواجار وەك دەردەکەوێت ئەرکی هونەر لە ئازادکردنی ئەویدیكەدایە. ڕزگارکردنی جوانی ڕزگارکردنی ئەویدیكەی جیاوازە.

هەولێر 14/3/2025