ئەفلاتوون لە غاری حەرا یان تەنز بە تامی سوریالیزم:

(لەسەر ئەدەبییەتی دەقی "چ عیلاقەی هەیە"ی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا)

سەرەتا دەقەکە بخوێننەوە:

چ عیلاقەی هەیه؟

دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا


ــ ئەڵێن ئیسرائیل هەڕەشەی لە دکتۆر عەلی قەراخی کردووە؟

+ناهەقی نییە کاکە، یەعنی چی کنگری سەگباب کیلۆی بە شەش هەزار؟

***

ــ وا بزانم خوێندنی ئەمساڵمان فت؟

+ سەیرە! ئەی بۆ ئەڵێن دوو کەڵەشێر لە سەرەنوێلکێکدا جێیان نابێتەوە؟

***

ــ گەرمیان وشکەساڵی ڕاگەیاند.

*دەستی خۆش بێ، چەندم پێ وتن ڕیفراندۆم مەکەن؟

***

ــ ئەمجاره ببینم قایشت نەبەستووە غەرامەت ئەکەم.

+ ئەی بۆ مەحاسەبەی سۆران عومەر ناکەی ئەچێتە کۆبوونەوەی پەرلەمانتارە شیعەکانەوە؟

***

ــ لەپی دەستم ئەخورێ.

+ دیارە ئیمکانیاتی هەیە، ئەگینا چۆن لە ئەندام کۆمیتەوە ئەیکەن بە کارگێڕی مەڵبەند

***

ــ ئەرێ ئەم وڵاتەیان بۆ وا لێ کردووە، دار و بەرد بووە بە سەیارە؟

+ بەڵێ! تۆش بە من ئەڵێی نابێ فیلەر بکەی.

***

ــ وەڵڵاهی وایە باوکم، ئەشهەدوو ماسی لەسەرەوە بۆگەن ئەکات.

+ ئەوە جاران بوو بەساقە، ئێستا هەموو بازاڕ بگەڕێی، ڕبەیەک برنجی بازیانت دەست ناکەوێ.

***

ــ زەحمەت نەبێ نیوە دێڕەکەی تری ئەمە چییە؟ کە مەیدانی جریدبازی لە دەشتی کانی ئاسکان بوو.

+ بە ئاوی تێگەیشتین دونیا کەچی شافی ڤۆڵتارین بوو.

شێرکۆ عەبدوڵڵا

کەم دەقی کوردیم بینیووە هێندەی ئەو دەقەی دکتۆر شێرکو لە ڕووی تەکنیکەوە بەرز بێت.

تەکنیکی “دەستەنامۆ”:

ئەو تەکنیکانەی لەو دەقەدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە ــ کە دێ باسیان بکرێت ــ هێندە نامۆ و نادەستەمۆ و بەیدەستن کە خوێنەری جیددیش لە خوێندنەوەی یەکەمدا ڕەنگە نەتوانێت هونەری دەقەکە “بگرێت”.

لە باسی بوتیقای سوریالیستی و ئیماژی سوریالیستی‌دا دەڵێن: چونکە ئامانجی ئیماژسازی سورریالیستی دۆزینەوەی نەزانراوە ئەو ئیماژەی ئەو نەزانراوە تۆمار دەکات بێپێشینە و داهێنەرانەیە. بە پێچەوانەی چواندن لە بەراورد و پێک‌گرتن دروست نابێت بەڵکوو لە تێکەڵیی دوو بابەتی یەکتربڕ و دوو دونیای لێک دوور دروست دەبێت.

ئەندرێ برێتۆن لە ئینجانە پەیوەندییدارەکاندا دەڵێت: بەرزترین کارکردێک کە شیعر دەتوانێت ئاواتی بەدیهێنانی هەبێت بریتییە لە پێک‌گرتنی دوو شت کە تایبەتمەندییەکانیان تەواو لێک دوور بێت، بە جۆرێک کە تێکەڵکردنی ئەو شتە بەردەنگ تووشی ڕاچڵەکان و سەرسووڕمان بکات.

یەکێک لەو تەکنیکانەی کە لە دەقەکەی دکتۆر شێرکۆدا کەڵکی لێ وەرگیراوە گرێدانی دوو بابەتە کە پەیوەندییەکی ئاشکرایان پێکەوە نییە. ئەو دوو بابەتەی ناو دەقەکەی دکتۆر شێرکۆ هێندە لێک دوورن، تووشی ئەو ڕاچڵەکان و سەرسووڕمانەمان دەکەن کە برێتۆن چاوەڕوانی دەکرد. یەکێکی تر لەو ئامادەکاری و تەمهیدە ئەدەبیانەی لە دەقەکەی دکتۆر شێرکۆدا کراوە؛ دروستکردنی پەیوەندیی ڕستەبەندییانەی پتەوە لە نێوان دوو لایەنی گوتوبێژەکە.

له هەر پاژێکدا سەرنجی سەرەتای بڕگەی دووهەمەکەی بدەن. ئەم وشە و دەربڕینانەی خوارەوە سەرەتای بڕگەکانن:

ناهەقی نییە کاکە!

سەیرە!

دەستی خۆش بێ!

ئەی بۆ…!

دیارە!

بەڵێ!

ئەم وشە و دەربڕینانە چ ڕۆڵێکیان لە ئەدەبییەتی دەقەکەدا هەیە؟ ئەو وشە و دەربڕینانە کە لەو شەش ڕۆڵ و کارکردەی ڕۆمەن یاکۆبسن بۆ زمانی دیاری کردووە، کارکردی هاوسۆزی(phatic function)یان هەیە؛ ڕۆڵیان دروستکردنی چاوەڕوانی پەیوەندیی هۆکار و هۆکردی و مەنتقییە لە نێوان گوتەی لایەنەکانی گوتوبێژەکەدا.

ئەو چاوەڕوانییە وا دەکات نەبوونی پەیوەندیی هۆکار و هۆکردی لە نێوان قسەی دوو لایەنەکە زەقتر دەربکەوێت و ئەمە نە تەنیا لە خزمەتی بوتیقای سوریالیستی دەقەکەدایه بەڵکوو سەرسوڕمان و ڕاچڵەکانەکە چەند قات دەکاتەوە. بیر لەوە بکەرەوە نەبوونی ئەو چەند وشە و دەربڕینە چەنێک لەتمەی لە ئەدەبییەتی دەقەکە دەدا.

لە کۆتاییدا گرنگترە باسی ئەوە بکرێت ئەو دوو تەکنیک و ئامادەکارییە چۆن خزمەت بە ناوەڕۆکی دەقەکە دەکەن: ئەو ئامادەکارییانە بواری ڕەخساندووە ئەو بابەتانەی لە بڕگەی دووهەمی پاژەکاندان و ئاسایی بوونەتەوە، دووبارە وەک خۆیان نائاسایی و نامەنتقی دەر بکەونەوە. ئەو ڕاستییانە هێندە ڕاستییانێکی زەق و دیار و لە خۆتەن نامەنتقین؛ تەنانەت دەکرێت لە پەیوەندییەکی نامەنتقی‌دا بەکار ببرێن. لە کۆی دەقەکەدا و بەو ئامادەکارییانەوە جەخت لە نامەنتقی‌بوونی ڕاستییەکان دەکرێتەوە.

چمان دەقەکە بڵێت: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هێندە بێسەروبەر و هەڕەمە و نەگونجاو بوو کە دەکرێت لە درێژەی ئەو بێمەنتقیەی خۆیدا بە هۆکاری وشکەساڵیی گەرمیانیش بزانرێت.

چمان دەقەکە بڵێت: له دونیایەکی بێ‌ڕێسادا کە کلیۆیەک کنگر بە شەش هەزار دینارە؛ حەقە ئیسرائیل لەسەر ئەو بێسەروبەرییە هەڕەشە لە عەلی قەراخی بکات.

چمان دەقەکە بڵێت: بەشداری سۆران عومەر لە کۆبوونەوەی شیعەکاندا هێندە نامەنتقییە، چاوەڕوان دەکرێت پۆلیسی هاتوچۆش لەسەری بێدەنگ نەبێت.

ئاشنایی‌سڕینەوە:

شکۆلۆڤسکی پێی وا بوو؛ ئەرکی هونەر ئەوەیە ئەو بابەتانەی دووبارەبوونەوە و ئاسایی‌بوونەوە وای کردووە هەستیان پێ نەکەین؛ دووبارە هەستیان پێ بکەین. ئەو بەو کارەی دەگووت، ئاشنایی‌سڕینەوە یان نائاشناکردنەوە (defamilarization).

ئاشنا کەی سەرنج ڕادەکێشێت؟ ئەگەر دوکانداری سەر کۆڵانەکەتان لە ناو کۆڵان یان لە مزگەوتی گەڕەکدا ببینیت، سەرنجت ڕاناکێشێت، بەڵام ئەگەر لە پایتەختی وڵاتێکی تر لەپڕ پێیدا هەڵبتۆقی، سەرنجت ڕادەکێشێت. کەواتە ئاشنا لە شوێنی نائاشنادا سەرنجڕاکێش و هەست‌پێکراوترە.

نرخی کنگر کاتێک لە پاڵی ئیسرائیل و عەلی قەراخی‌دا بێت، سەرنج‌ڕاکێش‌ترە لە کاتێک لە پاڵی نزخی تەماتە و خەیاردا بێت. ئێستا ڕەنگە تێ بگەیت کە ئەو تەکنیک و ئامادەکارییانە چ ڕۆڵێکیان هەم لە دروست‌بوونی ئەدەبییەت و هەم گەیاندنی ناوەڕۆکی ئەو دەقەدا هەیە.

ڕەخنەیەک کە هەر لە سەرەتاوە لە سوریالیزم و لە ئیماژی سوریالیستی گیرا ئەمە بوو؛ لە بوتیقای سوریالیستی‌دا لێکدانی شتە لێکدوور و  ناپەیوەندی‌دارەکان بە هونەر دەژمێردرا کە ئەنجامدانی ئەو کارە ئاسانە و پێویستی بە وردبوونەوە و هێزی داهێنەرایەتی نییە.

بۆ دەرخستنی مکانیکی و ڕەق و تەقبوونی ئەو کارە بیر لەوە بکەرەوە پێش سوریالیستەکان، داداکان بە تیروپشک وشەکانیان دەخستە پاڵی یەک و وەک شیعر بڵاویان دەکردەوە. ئەمەم گووت بۆ ئەوەی بڵێم دەقەکەی دکتۆر شێرکۆ ئەو ڕەخنەیەی نایەتە سەر؛ چون خستنەپاڵی شتە لێکدوورەکان لە دەقەکەی ئەودا بە ڕێککەوتی ڕووت ئەنجام نەدراوە.

سەرنجی بڕگەی وشکەساڵیی گەرمیان و ڕیفراندۆم بدەن. دروستە ڕیفراندۆم هۆکاری وشکەساڵی نییە و ئەو دوو بابەتە لێک دوورن و گرێدانیان سورڕەئالە. بەڵام لە عەینی حاڵدا وشکەساڵی و ڕیفراندۆم پەیوەندییەکی ناسکیان هەیە؛ هەر دوو هۆکارن بۆ تێکدانی گوزەرانی ئاساییی خەڵک.

دروستە شۆفێری و پۆلیسی هاتوچۆ و سۆران عومەر زۆر لێک دوورن، بەڵام لە عەینی حاڵدا لێکچوونێکی ناسک لە نێوان سەرپێچی‌کردنی شۆفێر و چوونی سۆران عومەر بۆ ناو کۆبوونەوەی شیعەکان هەیە، ئەویش ئەوەیە هەرتکیان کردەوەیەکی ناڕەوان.

ئەو پەیوەندییە ناسکانە وای کردووە دەقەکەی دکتۆر شێرکۆ لە لایەکەوە هەم سورەئال بێت، هەم ڕەخنەی مکانیکی بوونی نەیەتە سەر.

له ئەدەبی کوردی‌دا دەقی “بۆ ژادانۆف”ی فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی “بۆ ڕۆدانی کوڕم” هەیە. بەشێکی ببینن:

ئۆتۆمبێلێکی هەیئەت ئیداری و کۆبوونەوەیەکی علوج

قوتابییەکی دەستی دووەم و تەلەڤزیۆنێکی تەمبەڵ

کچێکی پڕ و زبڵدانێکی بێ وەفا

گۆرانیبێژێکی ۲٨ و پاسکیلێکی دەنگخۆش. 

ئەو دەقە لە بەر ئەوەی لە لێکدانی شتە لێکدوورەکان دروست بووە، توخمی سوریالیستی تێدایە. بەڵام ڕەخنەی مکانیکی‌بوونی دێتە سەر. ئەو ڕەخنەیەی کە شەفیعی کەدکەنی لە فارسیدا و لە باسی “جیغ بنفش”دا ناوی خشتەی لێکدانی وشەکان(جدول ضرب کلمات)ی لێ دەنێت و لە کوردیدا من پێی دەڵێم وشەلەوشەدان.