لێکدان و لێدەرکردن-ی وشەی کوردی

لە خوارەوەدا بەشێک لە وتاری “زمانی کوردی و ناخودئاگای سووژە” کە بەختیار سەجادی نووسیوویە دێت. لەو نووسینەدا نووسەر تێگەیشتنی خۆی سەبارەت بە پەیوەندیی زمانی کوردی و ناخودئاگای سووژەی کوردی دەخاتە ڕوو. درێژەی ئەم نووسینە ڕوانگە و بۆچوونی منە لەسەر ئەو ڕوانگانەی بەختیار سەجادی.

نەمانی سەربەخۆیی وشە:

نووسینی بەختیار سەجادی

نموونه‌یه‌کی تر له‌ پێوه‌ندیی نێوان زمان و ناخودئاگای کوردی نه‌مانی سه‌ربه‌خۆیی و تاکایه‌تی وشه‌کانە له‌ زمانی کوریدا. ئەم خەسڵەتەم لە چەندین شوێنی تریش باس کردووە و چه‌ندین نموونه‌م بۆ هێناوەتە‌وه. بە کورتی، له‌ زمانی کوردیدا کۆمه‌ڵێک وشه‌ و زاراوه‌ هه‌ن که‌ به‌ په‌یڕه‌وی له‌ یه‌کێک له‌ رێساکانی دووپاته‌سازی (reduplication) دروست ده‌کرێن. راسته‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ زاراوانه‌ له‌ زمانێکی وه‌ک فارسیشدا هه‌ن (وه‌ک پنجره‌ منجره‌)، به‌ڵام ئه‌م رێسایه‌ له‌ کوردیدا زیاتر له‌ رێگه‌ی پێکه‌وه‌ نووسانی دوو وشه‌ی سه‌ربه‌خۆوه‌ ساز ده‌کرێ.

ئه‌م زاراوانه‌ له‌ کوردیدا زۆرن و من به‌شێکی زۆرم لێ کۆکردوونه‌ته‌وه‌ وه‌ک: کاروبار، شاخ‌وداخ، حاڵ‌وماڵ، جاروبار، ئاو‌‌وتاو، ده‌موچاو، هاتوهاوار، قین‌وقڕه‌، تاکوته‌را، پاروپێرار، ماڵ ومناڵ، سه‌روبه‌ر، گیروگرفت، ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌، کۆسپ و ته‌گه‌ره‌، که‌لوپه‌ل و… کاتێ زیاتر ده‌وری ئه‌م وشانه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که‌ بزانین ژماره‌یان زیاتر له‌ چەند سەد دانه‌یه‌ و هه‌ر هه‌مووشیان به‌ گوێی خه‌ڵک ئاشنان و رۆژانه به‌ لێشاو‌ له‌ لایه‌ن هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ و له‌ هه‌موو که‌ناڵه‌ بینراو و بیستراو و ئینتێرنێتییه‌کانیشدا به‌کار ده‌هێنرێن. وەک دەزانرێ، لەم جۆرە زاراوە و وشانەدا لە زۆربەی کاتەکاندا بەردەوام مانای بەشێکی وشە دەسڕدرێتەوە یان دەگۆڕدرێ و یان هەر لە بنەڕەتدا ماناشی نییە. بە واتایەکی تر، لەم جۆرە وشانەدا، مۆرکی سەربەخۆیی و تاکایەتی لە وشەکە سەندراوەتەوە و لایەنی گشتی پێ بەخشراوە.‌

 ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ بۆته‌ هۆکار و ده‌رئه‌نجامی پشتگوێ خستنی تاکایه‌تی چ له‌ ناسنامه‌ و چ له‌ سیسته‌می فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌دا. بۆ نموونه‌، له‌ هه‌ڵپه‌ڕکێدا بێجگه‌ له‌ سه‌رچۆپی هیچ جێگایه‌ک بۆ تاکایه‌تی یه‌ک تاکه‌که‌سی ناو کۆڕی هه‌ڵپه‌ڕکێ نامێنێته‌وه‌. سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی پێکه‌وه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕن دەبێ له‌ یه‌ک ریتم و یه‌ک جووڵه‌ی ریتمیک په‌یڕه‌وی بکه‌ن و گه‌ر که‌سێک ئه‌م کاره‌ نه‌کات نه‌زمی هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌ تێکده‌چێ. واته‌، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌په‌ڕن سه‌ربه‌خۆ نین له‌ جووڵه‌کانیاندا، به‌ڵکوو سه‌ر به‌و ریتم و جووڵانه‌ن که‌ هه‌مووان ئه‌بێ ره‌چاوی بکه‌ن. یەکەم دەرئەنجامی ئەم سیستەمە هونەرییە بریتییە لە پشتگوێ خستنی داهێنان. هەر بۆیەش، وەک دەزانرێ، بۆ نموونە، داهێنان لە هەڵپەڕکێدا لە چاو سەمای نەتەوەکانی ترە زۆر کەم سەردەگرێ. نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی له‌ وشه‌دا چ له‌ ده‌ربڕینیاندا و چ له‌ نووسینیاندا له‌ نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی و تاکایه‌تی له‌ کایه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانی تردا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. ئه‌م نموونانه‌ یه‌کجار زۆرن و من ده‌رکه‌وته‌کانیانم له‌ شێوه‌کاری و موزیک و ئه‌ده‌بدا دەست‌نیشان و دیاری کردووە و لە دەرفەتێکی تردا ئاراستەیان دەکەم.

لەو نووسینەی کاک بەختیاردا نموونەیەک بیرکردنەوە و هەڵوەستەی تاکێکی کورد لە و لە هەمبەری بابەتێکی پەیوەندیدار بە کورد و کوردییەوە دەبینن. بیرکردنەوە و هەڵوەستەی کاک بەختیار بووە بە هۆی خستنەڕووی ڕا و ڕوانگەیەک. یەکێک لە تێزەکانی کاک بەختیار ئەمەیە:

“وەک دەزانرێ، لەم جۆرە زاراوە و وشانەدا [ئەو وشانەی لە دوو وشەی سەربەخۆ دروست بوون] لە زۆربەی کاتەکاندا بەردەوام مانای بەشێکی وشە دەسڕدرێتەوە یان دەگۆڕدرێ و یان هەر لە بنەڕەتدا ماناشی نییە. بە واتایەکی تر، لەم جۆرە وشانەدا، مۆرکی سەربەخۆیی و تاکایەتی لە وشەکە سەندراوەتەوە و لایەنی گشتی پێ بەخشراوە.‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ بۆته‌ هۆکار و ده‌رئه‌نجامی پشتگوێ خستنی تاکایه‌تی چ له‌ ناسنامه‌ و چ له‌ سیسته‌می فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌دا”.

ئامانجی من لەم نووسینە بە پلەی یەکەم ئەوەیە ئەو تێز و تێگەیشتنانەی بیرکردنەوە و پاشخانی هزرییان لە پشتە؛ لە ناو بازاڕی زۆر و بۆری کتێب و نووسراوی کوردیدا گوم نەبن و بخوێنرێنەوە و لەسەریان بنووسرێت. مەرج نییە هەر تێز و تێگەیشتن و بیرکردنەوەیەکی نوێ؛ بە تەواوی دروست  بێت و هەموو کەس قایل بکات. گرنگ ئەوەیە بەرهەمی وردبوونەوەیەکی شێرگیرانەی کورد لە کورد بێت. ئەو تێگەیشتنە نوێیەی کاک بەختیار شیاوی پێحەسین و خوێندنەوەیە. هەرچەند دێ باسی بکرێت کە تێزەکەی قایلکەر نییە، بەڵام بۆچوونەکەی ئاستێک لە ڕەسەنایەتی و جیددیەتی تێدایە کە وا دەکات شیاوی خوێندنەوە بێت.

بۆچوونی من لە سەر قسەکانی کاک بەختیار:

لە وشە یان لێکدراوی “کروتەون”ـەوە دەست پێ دەکەم. یەکەمجار لە خوێندنەوەی نووسینێکی ڕەهبەر مەحموودزادەدا ڕێککەوتم کرد. گەر هەڵە نەبم کاک ڕەهبەر “کروتەون”ی بە مانای texture بە کار بردبوو. دواتر عادڵ قادری ــ ڕەنگە بە بەدمسان له کاک ڕەهبەر ــ لە وتاری “گەڕان بۆ ڕەهەندەکانی تری شیعری شێت”دا “کروتەون”ی بەم جۆرە بەکار بردووە: “بەڵام لە کروتەون و تان وپۆی شیعرەکەدا ئیتر بەم فۆرمە نامێنێتەوە”.

دەبێت خوێنەر بزانێت وشەی “کر” و وشەی “تەون” هەر کامیان بە تەنیا دەرەقەتی هەڵگرتن و گەیاندنی مانای texture دێن. ئەوەی پێویستە ئەوەیە تاکی کورد باوەڕی بە وشەی کوردی پتەو بێت و وەک نەگۆمە و نەبڕ سەیری نەکات. مانای texture بە وشەی “کر” بە تەنیا دەگەیەنرا، بەڵام کاک ڕەهبەر وشەی “تەون”یش دادەسپێرێت هاوباڵی وشەی “کر” بێت لە گەیاندنی مانای texture دا.

ئەگەر بەو سادەییە بێت کە کاک بەختیار لە نێوان ناخوداگای سووژەی کوردی و شێوەی هەڵسوکەوتی کورد لەگەڵ وشەدا پەیوەندیی ڕاستەوڕاست دەبینێت؛ سەبارەت بە “کروتەون” دەتوانین بڵێین؛ کورد متمانەی بە وشەی کوردی نییە و بە پێنەگەیشتوو و نەتوان و نەگۆمەی دەزانێت. جا دەتوانین ئەو پەیوەندییە پێچەوانەیش بکەینەوە و بڵێین نەبوونی متمانەی کورد بە توانستی وشەی کوردی، ڕەنگە لە نەبوونی متمانەی کورد بە توانستی خۆیەوە بێت!

لێرەدا دەتوانین قسەکەی کاک بەختیار ڕاستتر بکەینەوە؛ بوونی وشەگەلی وەک “برتەوبۆڵە” و “کروتەون” ــ کە هەر کام لە دوو وشەی سەربەخۆ دروست بوون ــ پیشاندەری نەبوونی متمانەی کوردە بە توانستی خۆی نەک ئەوەی نیشاندەری پشتگوێ‌خستنی تاکایەتی بێت. کاتێک دەتوانین بڵێین “برتەوبۆڵە” نیشاندەری پشتگوێ‌خستنی تاکایەتییە کە هەر کام لە وشەگەلی “برتە”(ورتە) و “بۆڵە” گەیاندنی هیچ مانایەکیان ــ بە تەنیا ــ پێ نەسپێردرێت.

کێشەیەکی تری بۆچوونەکەی کاک بەختیار ئەوەیە بڕێک وشە دەخاتە ناو چوارچێوەی reduplication کە ناچنە ناو ئەو ڕێسا وشەسازییەوە. لە ناو ئەو وشانەدا کە کاک بەختیار ڕیزی کردوون؛ وشەگەلی “کاروبار” و “دەم‌وچاو”، بە تەواوی جیاوازن لە “کۆسپ و تەگەرە” و “گیروگرفت” و “کروتەون”. یەکێک لەو تێزانەی هەر لە سەرەتای وردبوونەوە لە وشەناسیی وشەی کوردییەوە پێی گەیشتم ئەوە بوو کە لە پشت وشەگەلی وەک “کاروبار” و “دەموچاو” و …دا ڕێسایەکی وشەسازیی هەیە کە ئەو ڕێسایە توانستی کوردی بۆ دروستکردنی وشەی نوێ و داهێنەرانە ئێجگار زیاد دەکات.

ئەو ڕێسایەی لە پشت دروستکردنی وشەی “دەموچاو”ەوەیە لە دیاریکردنی شوێنی خاڵێکی تایبەت لە سیستەمی پۆتان(دستگاه مختصات)ی دێکارتی دەچێت کە وێنەکەیم داناوە. لە سەر سیستەمی پۆتانی دێکارتی هەر خاڵێک لە سەر ڕووپەڕ(صفحه)ێک بە زانینی پانی و درێژی خاڵەکە دیاری دەکرێت. ئەگەر “دەم” و “چاو” وەک درێژی و پانی لە بەرچاو بگرین؛ ئەو خاڵەی کە (چاو، دەم) لەسەر سیستەمی پۆتانی کوردیدا دیاری دەکات، جیاوازە لەو خاڵەی (0،دەم) یان (چاو،0) دیاری دەکات. بە زمانی ئاسایی بڵێین؛ مانای “دەم‌وچاو” جیاوازە لە مانای وشەی “دەم” یان وشەی “چاو” بە تەنیا.

لێرەدا دەتوانین بڵێین دوو وشەی “دەم” و “چاو” لە وشەی لێکدراوی “دەموچاو”دا سەربەخۆییی خۆیان لە دەست نەداوە، بەڵکوو بۆ دیاریکردنی مانایەکی وردتر و ناسکتر هاوکارییان کردووە. ئەگەر تاکە کوردەکان بتوانن لە ئەنجامدانی کاری هاوبەشی کوردانەی سەرکەوتوودا لاسایی “دەم‌” و “چاو” لە وشەی “دەموچاو”دا بکەنەوە؛ کوردی ئێوارە لە کوردی ئەم عەسرە چارەنووسیان باشتر دەبێت. ئەمەی کە زمانی کوردی دەتوانێت بە دوو وشەی سەربەخۆ، مانایەکی ناسکتر کە بە وشەیەکی سەربەخۆ دەر نابڕدرێت دەرببڕێت؛ توانست و بدێری و بگرییەکی capacity زمانی کوردیە.

لێرەدا گرنگە کوردینووسان وشەگەلی “کاروبار” و “کۆسپ و تەگەرە” بە یەک چاو نەبینن. وشەی “کاروبار” وشەیەکی ناسک و باشی کوردییە کە ماناکەی لە ئەنجامی لێکدانی دوو وشەی “کار” و “بار” دروست بووە کە ئەو مانایە جیاوازە لە مانای هەر یەکێک لە وشەگەلی “کار” یان “بار”. بەڵام ئەو مانایەی کە “کۆسپ و تەگەرە” دەیگەیەنێت مانایەکە کە هەر کام لەو وشانە بە تەنیا دەتوانن بیگەیەنن. وشەی “کۆسپ” بە تەنیا مانای “کۆسپ و تەگەرە” دەگەنێت. ئەو کەسەی بە “کۆسپ” بڵێت “کۆسپ و تەگەرە” ــ ئەگەر ئامانجێکی ئەدەبی لە پشتییەوە نەبێت ــ دیاری دەدا کوردینووسینەکەی ناهۆشیارانە و لاساییکەرەوانەیە.

یەکێک لەو شتانەی لە کوردینووسیندا دەکرێت بە گەشەکردن و پێشکەوتن بزانرێت ئەوەیە بڕێک لە کوردینووسان بە جێی ئەوەی وەک جاران بڵێن:

بە تێروتەسەلی باسی دەکەم

دەڵێن:

بە تەسەلی باسی دەکەم.

ئەمە نموونەیەکە نیشان دەدات باوەڕی بڕێک لە کوردینووسان بە کوردینووسی پتەو بووە.

کۆتاییی باسەکە:

لەم نووسینەدا سەرەتا نموونەیەک نووسینم خستنەڕوو کە نیشاندەری هەڵوەستە و بیرکردنەوەی تاکێکی کورد لە سەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە کورد و کوردییەوە بوو. لەو نووسینەدا لەسەر پەیوەندیی وشەناسیی کوردی و ناخودئاگای تاکی کورد، تێگەیشتنێکی نوێ خرا بووە ڕوو.

لە درێژەی نووسینەکەدا بە وردی باسی بەشێک لە تێگەیشتنەکەی کاک بەختیارم کرد و بڕێک بەڵگەم هێنایەوە کە بۆچی ئەو تێگەیشتنەم پێ دروست نییە. لێرەدا گەرەکم بوو بڵێم کاتێ کەسێک بۆچوون و ڕوانگەیەکی لەسەر کورد و کوردستان و کوردی دەخاتە ڕوو؛ مەرج نییە ڕوانگەکەی بۆ هەموو کەس قایلکەر بێت. ئەوەی کە دەبێت بۆ تاکی کورد گرنگ بێت، ئەوەیە کە ئەو تێگەیشتن و تێزە بڕێک جیددی‌بوون و ڕەسەنایەتی هەبێت کە هەڵبگرێت قسەی لەسەر بکرێت.