چەمکی ژن و ژان و ژیان

لە ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە)ی ئارام محه‌مه‌د

ڕۆمانی کوردی لە گەشەکردن بەردەوامە، نووسەران هەوڵی ئەزموونی نوێ دەدەن. من، کە خوێنەرێکی بەردەوامی ڕۆمان و چیرۆک و شانۆی کوردیم، هەست بەو جووڵە و گۆڕانکارییانە دەکەم. ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە) دوا ڕۆمانی کوردییە لەم ماوەیه‌دا، كه‌ خوێندمەوە. بە بۆچوونی من ئەم هەوڵە، کارێکی تەواو نوخبەوییە. واتا کەسێک ڕانەهاتبێ یان ئەزموونی لەگەڵ ئەم جۆرە لە گێڕانەوەیە نەبێت له‌ ئه‌ده‌بی دنیادا، ناتوانێت لە خوێندنەوەی بەردەوام بێت. هەر خوێنەرێك بەنیازی حیکایەتێک یان گێڕانەوەیەکی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی، ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، بێئومێد دەبێت، به‌ڵام ده‌كرێ چیرۆكێكی نێو ڕۆمانه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ و باسی ڕووداوێكی بكات. ڕۆمانەکە بە تەکنیکی وردەچیرۆک و گێڕانەوەی فرەدەنگ و فرەکارەکتەر دەچێتە پێشەوە و شیعر و چیرۆک و گێڕانەوە، لە یەکەیەکی هونەریدا پێکدا دەچن‌. لام وایە خوێنەر دەبێت لەو مامەڵەیه‌ تێبگات و بە ئاگایییەوە سەرنج لە وردەکارییەکان بدات. مه‌به‌ست له‌ تێكه‌ڵكردنی ژانره‌كان، بازدانه‌ بۆ فۆڕمی ڕۆمانی هاوچه‌رخ، به‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ د‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌  نووسەر بە مەبەست، ئەم شێوازەی بەکارهێناوە بۆ قووڵکردنەوەی دیوی تراژیدی ناخی کارەکتەرەکان.

من وەک خوێنەرێک بە جارێک خوێندنەوە، ڕەنگە هەر ئەوەیش وای کردبێت، کە نەمتوانی ورد هێڵەکانی گێڕانەوە و تەکنیک درک پێ بکەم، لە جاری دووەمدا، زیاتر چێژم وەرگرت و هەستم کرد وردەکاری زۆر هەیە لەپشت هەر ئاماژەیەکەوە. نووسەر بە شێویەکی فراوان پشتی بە زمانی ئاماژە بەستووە. هەرچۆن ڕابمێنن، پڕە لە مێتافۆڕ و خەیاڵ و پاڕادۆکس. ئایا ڕۆمانه‌كه‌ ئاڵۆزه‌؟ نه‌خێر، به‌ڵكوو ته‌كنیكه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت. هۆکارەکەیش، ئەوەیە ئەم ڕۆمانە بە تەکنیک و فۆڕمێک نووسراوە، مەرج نییە هەمووان بە ئاسانی بیخوێننەوە و چێژی لێ وەربگرن. ئاسایییە خوێنەر نەتوانێ ڕووداوەکان بە یەکەوە ببەستێتەوە، بەڵام کە ڕۆمانەکە تەواو دەکات، دەزانێت لە ناونیشانەکەوە تا کۆتایی باسێک هەیە مرۆڤ دەبێ بیری لێ بکاتەوە و بوەستێت. دەبێت هەست بکەین، ناو بیرچوونەوە واتا ژیانێک تۆ بەهات تێیدا لەدەست داوە. واتا تۆ تەنیا وەک جەستە هەیت، هیچ بایەخێکت نەماوە و هیچ شووناسێکیشت نەماوە. لێره‌ قسه‌كردن نییه‌ له‌سه‌ر ئاماژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوی مرۆڤه‌كان و له‌بیرچوونه‌وه‌ی ناویان وه‌ك نه‌خۆشیی له‌بیرچوونه‌وه‌. ناونیشانه‌كه‌ خۆی توانجه‌ بۆ دۆخی گشتیی كاره‌كته‌ره‌كان، ئەمەیش دەروازەیەکی تر بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانەکە دەکاتەوە.

ڕووبەرگی ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە)ی ئارام محەمەد، وەشانخانەی نووسیار، ٢٠٢٥

له‌م ڕۆمانه‌دا نووسەر چێژی خوێندنەوەی خستووەتە نێو ڕسته‌ و پەرەگرافەکان، نەک کۆی گێڕانەوەکە. دەکرێ بڵێین: ڕۆمانه‌كه‌ به‌سه‌ر چه‌ند بەش و چەند فۆرمێکی گێڕانەوە دابەش كراوه، فەنتازیا، مەنەلۆگ و دیالۆگ کۆی کارەکەیان پێک هێناوە. نووسەر لە ڕێگەی چەند خێزانێکەوە هاتووه‌ته‌ سەر وردەکارییەکانی بەریەککەوتنی ژنان و كچان له‌نێو دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی. کارەکە بەگشتی گێڕانەوەی ئازارە، گێڕانەوەی ژانی ژن و ژیانە، وردەکاری مەکر و قەلەقی و خەمە بچووک و گەورەکانی دنیای ژنان و کچانی پاش تراژیدییە گەورەکانی کورد. مه‌به‌ست له‌م كاره‌ پیشاندانی دۆخی ژیان و گوزه‌ران و ئازاری ژنی كورده‌ لە دوای تراژیدیای ئه‌نفال و كیمیاباران. مامەڵەی وردی نووسەر لە پرسی ژنانی پاشماوەی ئەنفال، ئەمەش لە ڕۆمانەکەدا بەهیچ جۆرێ بە ڕاستەوخۆ باس نەکراوە. کارەکە زیاتر هەوڵە بۆ دروستکردنەوەی چەند خێزانێک، تا لە ڕێگەی گێڕانەوەی برینی سایکۆلۆژی و نەخۆشییە جەستەیییەکانەوە، ترسناکی و خەمی گەورەی دۆخی دوای ئه‌م کارەساتە پیشان بدات. واتا ڕۆمانەکە گێڕانەوە و  وەسفی ڕووداوی ئەنفال نییە، بەڵکوو باسی ئەو برینانە دەکات، کە پاش لە چارەکەسەدەیەک هێشتا برینی تەڕ و بە ئازارن.

مانا دووەمییەکان لە ڕۆمانەکەدا تەواوی گێڕانەوەکەیان داپۆشیوە؛ واتا ئەوەی دەیخوێنینەوە، مانای دیکەی لەپشتەوەیە. بازرگانیکردن بە ئیسکوپرووسک، به‌ ئازاری ژنان، چاوه‌ڕوانی و ئه‌و گرێیانه‌ی له‌ ده‌روون و جه‌سته‌ی ژنان دروست ده‌بن، چیرۆکی ژنکوشتن، یادەوەرییەکانی نەخۆشخانە، کێشەکانی کچبوون و ژنبوون، دۆخی سایکۆلۆژی و دەروونی کچان و ژنان و پرسی خۆکوشتن، کارکردن و دۆخی کۆمەڵایەتی خێزانەکان و دەیان پرسوباسی دیکە، بە شێوەیەکی زۆر چڕ و وردەکارانە لەناو گێڕانەوەکەدا مانای قووڵ دەدەن.

له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌ستم به‌ تێکەڵبوونی دەنگەکان نه‌كرد، بوارێکی تایبەتیش بۆ دەنگ و بەشداری خوێنەر هەیە، کە ده‌شێ نووسه‌ر مه‌به‌ستی به‌شداری پێكردنی خوێنه‌ر بێت له‌ ڕووداوه‌كان، چونكه‌ زۆر جار دیارە، کە ده‌نگێك هەیە له‌ باسه‌كاندا پرسیار دەکات و ڕاوێژمان پێ ده‌كات. گێڕانەوەکە لە سەرەتای هەر بەشێك درێژەی چیرۆکێک هەیە، مەبەستم چیرۆکی (کامیار و کاژین)ە، ئه‌م چیرۆکە کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانەکە نووسیویەتی، دوای ئه‌م چیرۆکە چوار بەش هەیە، تا بەشی سێیەم، ڕۆمانەکە بێ پاڵەوانە. لە بەشی سێیەم و چوارەمدا، “بوشرا” ئیدی وەک کارەکتەرێکی تۆخ هێڵی سەرەکیی گێڕانەوە دەباتە پێشەوە. “بوشڕا” ده‌بێته‌ نموونه‌ بۆ باسكردن له‌ ئازار، له‌ ژوورێكدا خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه‌، له‌به‌رابه‌ر ئاوێنه‌ ده‌وه‌ستێت، ده‌ست له‌ خۆی ده‌دات، ورد ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانی جەستەی، له‌ خاڵه‌ ڕه‌ش و ورده‌كانی سه‌ر پێستی، ته‌ماشای مه‌مكه‌كانی ده‌كات، ده‌چێت دوو موورووی شینی چاوه‌زار له‌ سوخمه‌كه‌ی ده‌دات. تووڕه‌ ده‌بێت، پێده‌كه‌نێت. یارییه‌كی دەروونی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كات. له‌نێوان خه‌ون و زینده‌خه‌وندا دێت و ده‌ڕوات، بابه‌ت و بایه‌خی جه‌سته‌ی ژن، جه‌سته‌ی ڕووتی ژن و پرسی هه‌ناسه‌دان به‌ ئازادی بۆ ژنێك، کە له‌ ژوورێكدا چێژ له‌وه‌ وه‌رده‌گرێ به‌ ڕووتی ته‌ماشای خۆی بكات و گومان له‌ هه‌مووشتێ بكات، له‌ ئێستا و ڕابردوو، هەروەها له‌ داهاتوویش بترسێ، له‌نێوان خه‌یاڵ و خه‌وندا بێ و بچێت. كاره‌كته‌ری “بوشڕا” له‌و ڕۆمانه‌دا هێنده‌ قسه‌ هه‌ڵده‌گرێ، كه‌ نازانم له‌ كام ڕوانگه‌وه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێم، به‌ڵام هێڵێك هه‌یه‌ گشتییه‌، ئه‌ویش بازنه‌ و خولانه‌وه‌ی ژیانی ژنێكه‌ له‌ ژیانه‌وه‌ بۆ ژان، له‌ ژانه‌وه‌ بۆ ژیان.

جگه‌ له‌و به‌شانه‌ی باسی ڕۆژی ڕه‌شی نه‌خۆشخانه‌ ده‌كه‌ن، ته‌واوی به‌شه‌كانی دیكه‌ی ڕۆمانەکە بە زمانێکی نەرم  و قووڵ، ته‌واو ئیستاتیكی نووسراوە، ئەگەرچی گێڕانەوەکان بە ئازارن، بەڵام هاڕمۆنیاییەکی گشتی بەهۆی زمانەوە بۆ خوێنەر دروست دەبێت. ئه‌م ڕۆمانه‌ منی خسته‌ دۆخێكه‌وه‌، كه‌ بیر له‌ به‌های كه‌سه‌ ئازیزه‌كانی ده‌وربه‌رم بكه‌مه‌وه‌. بیر له‌ ئازاری هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌وه‌، كه‌ ناتوانن باسی خه‌م و ئازاره‌كانیان بكه‌ن. بیر له‌ كوردبوون و دۆخی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ بكه‌مه‌وه‌، كه‌ له‌نێو دۆزه‌خی كۆمه‌ڵگه‌ و دۆخی سه‌ختی ژیان چاویان لێك نا. ڕۆمانه‌كه‌ له‌ ده‌یان لاوه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ، ئه‌وه‌ی من لێره‌دا نووسیومه‌، تێكه‌ڵبوون و نووسینه‌وه‌ی هه‌ست و ڕامانی منه‌ له‌ چه‌ند گۆشه‌یه‌كی بچووكه‌وه‌، ده‌زانم قسه‌ و باسی زۆر زیاتر هه‌ڵده‌گرێت.

سه‌رچاوه‌: ڕۆمانی ناوی خۆیان بیرنه‌ماوه‌، ئارام محه‌مه‌د، له‌ بڵاوكراوه‌كانی وه‌شانی نووسیار، ٢٠٢٥