دەرکەوتنی جوانی و ھونەر

(قەرەنی جەمیل) لە کولتوورێکی چەقبەستوودا

کولتوور وەک زمان، وەک دەقە مێژوویییەکان، ھەر تەنھا خودی خۆی ناگەیەنێت، بەڵکوو ئەوەش دەگەیەنێت کە ناکەوێتە خودی خۆیەوە، بەڵام قابیلی ڕاڤەکردنی زمانەوانین وەک: کەرەستەکان، تەکنیکەکان، دابونەریت، پیشەگەری و دەستکردی مرۆیی، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا لە بیرمان نەچێ کولتووری باو، یان فۆرمە چەسپاوەکانی کولتوور، سیستمێکە بۆ لە ناوبردنی جیاوازای.

(١)

کاری ھونەری (قسان دەکات)، بەڵام نەک وەک ئەوەی رابردوو بۆ مێژوونووسانی جێھێشتووە، یان وەک بەڵگەنامەی مێژوویی کە بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە، چونکە ھونەر وەک ھیگل تێیگەیشتووە، شتێک نییە لە ڕابردوودا بێت، بەڵکو ھونەر لە رێگای خودی زمانی کارەوە قسان دەکات، یان وەک(فیرناندۆ پیسوا Fernando Pessoa  ١٨٨٨-١٩٣٥)ی شاعیر دەڵێت: ئەوەی کە لە ھەر چرکەیەکدا دەیبینم، ئەوەیە کە ھەرگیز نەمدیووە. یان دەڵێت: لە ھەموو چرکەیەکدا وا ھەست دەکەم تازە لەدایک بووم.[1] ئەوە بە شتبوون ناگەیەنێت، بەڵکو دەرکەوتنی ھونەری جوانی و چرکەساتی داھێنانە. لێرەوەیە (ھایدگەر) کاری ھونەری وەک (شتێکی دروستکراو) سەیر دەکات، کە شتێکی دیکە دەڵێت، واتە رەھەندێکە کە تەجاوزی بە شتبوون دەکات، ئەو رەھەندەش لە جەوھەری کاری ھونەری نەبێت، ناناسرێتەوە! لە کتێبی (ئەسڵی کاری ھونەری)دا ھایدگەر لە تابلۆی (پێڵاوەکەی ڤان کوخ) دەدوێ و دەڵێ: دەشێ پێڵاوەکەی ڤان کوخ دوو دنیامان نیشان بدات، یەکەم: دنیایەک کە وەک ئەرک و نیاز پێڵاو پێوەی پەیوەستە، واتە وەک وەڵامدانەوەی زەوی بۆ جوتیار. دووەم: دنیایەک کە لە جەوھەری کاری ھونەرییدا دەردەکەوێت رەھەندێکی دیکەی ھەیە و ئاماژە بە لادێ دەکات، لەوێشەوە وەک ئامرازێک دەبێتە وەڵامدانەوەی جوتیار بۆ بێدەنگی زەوی. لە یەکەمیاندا پێڵاو شتێکی دروستکراوە و لە دووەمدا پێڵاو تەجاوزی بە شتبوون دەکات و لەگەڵ بێدەنگیی زەوی قسان دەکات.

کەواتە کاری ھونەری پێویستی بە تێگەیشتنە وەک ئەوەی شارەزایی زمان پێویستیەتی، لەوێوە تێدەگەین کە ھەمیشە کاری ھونەری شتیکمان پێدەڵێ، ھەمیشە شتێک بە مێژوونووسان دەبەخشێت، نەک ھەر ھێندە بەڵکو شت بە ھەمووان دەدات، بە مانایەکی دیکە ھەر یەکە و شتێکی لە کاری ھونەری دەست دەکەوێت. بەڵام کاری ھونەری وەک شتەکانی دیکە ناگوازرێتەوە، کاری ھونەری بەردەوام نابێت و دەمێنێتەوە بەو ئامانجەی ئەو شتەمان بۆ بگەڕێنێتەوە کە ئەوێ رۆژێ روویداوە، ئەوەش دەنگدانەوەی ھونەرە بەسەر نەوەکانی داھاتوودا[2]. کەواتە کاری ھونەری ئەو ناوەندە سەربەخۆیەیە کە (ھونەرمەند) لەمیانییەوە دەتوانێ (ئەزموونی بوونی خۆی) بەرەو پێدراوێکی جێگیر بەرێت، جێگیرکردنی ئەزموون وەک “گادامێر” دەڵێت وادەکات کارەکە لەلایەن خوێنەرانەوە دووبارە بەرھەم بھێنرێتەوە، واتە کاری ھونەری لە رێگای خوێندنەوەوە شیاوی بەشداریکردن و گۆڕین و گواستنەوە دەبێت.[3]

(٢)

کاتێک (فریدریک ھیگل ١٧٧٠-١٨٣١) ھەموو وێناکردنە ھەستەکی و ئەزموونگەرییەکانی بە عەقڵەوە بەستبۆوە. (وێنە) و (خەیاڵ) و (کردە)ی بە کاری عەقڵ دانا، ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش لای وایە کە حەقیقەتی رەھا لە بەرانبەر سێ وێنە لە ئاگامەندیدا دەردەکەوێت: ھونەر، ئایین، فەلسەفە. ھونەر یەکەم قۆناغی دەرککردنی حەقیقەتی رەھایە و لە ھەمووان کەمتر بانگەشەی تەواوی دەکات. بە مانایەکی دیکە کاری ھونەری ھەمیشە ناتەواوی و بۆشایی و کەلێنەکانی پێویستی بە بەرھەمھێنانەوە و تەواوکردنی ئەویدیکەی جیاواز ھەیە، پێویستی بە خوێندنەوەی ئەویدیکەی جیاواز ھەیە تا بۆشایییەکانی پڕ بکاتەوە، کاری ھونەری ھەمیشە لە رێگای بەرھەمھێنانەوە و خوێندنەوەی ئەویدیکەی جیاوازەوە دەشێ بەرەو تەواوی ھەنگاو بنێت! لە کاتێکدا فەلسەفە بە تەنھا وێنەی تەواوی دەرککردنی رەھا دەکێشێت.

کاری ھونەری لای ھیگل دەرکەوتنی ھەستپێکراوەکانی بیرکردنەوەیە، یان ھونەر حەقیقەتی گشتییە و ھەمیشە بە ئاڕاستەی پێشبینیکردن کار دەکات، وەک چۆن رووەو عەقڵە: واتە عەقڵانی دەکەوێتەوە، بەو مانایەش بوونی ھەستی پەتی ئەگەرچی جوانیش نەبێ، بەڵام چونکە لە رێگای عەقڵەوەیە، جوان دەبێ، بە مانا ھیگلییەکە ئەوە بیرکردنەوەیە جوانی رۆناک دەکاتەوە. ھەر لەوێشەوە جوانی و حەقیقەت لە ھونەردا دەبنە یەک، بەڵام بە سروشت لێکجیان، چونکە حەقیقەت بیرکردنەوەیە، کاتێک لە خودی خۆی دەرک دەکرێت بەوەی کە فیکرەیەکی پەتییە، بەمجۆرە لای ھیگل حەقیقەت لە رێگای ھەستەوە دەرک ناکرێت، بەڵکو لە رێگای فەلسەفەوە دەرک دەکرێت[4].  فەلسەفە و ئاینیش خاوەنی یەک ناوەڕۆکن، بەڵام ئەو ناوەڕۆکە لە ئاییندا فۆرمی ئیمان و سۆز و ویژدان وەردەگرێت، لە فەلسەفەدا لە عەقڵدا دەبینرێت. بە دیوەکەی دیکە فەلسەفە و ئایین یەک بابەت کۆیان دەکاتەوە ئەویش حەقیقەتە… ھیگل لێکۆڵینەوە میتافیزیکەکەی خۆی لە رێگای ئەنتۆلۆژیا و ئەبستمۆلۆژیاوە دامەزراندووە.  

(٣)

(ئیمانۆیل کانت ١٧٢٤-١٨٠٤) بوو، گوتی: عەقڵی مرۆڤ ناتوانێ دەرک بە حەقیقەتی شتەکان وەک ئەوەی ھەیە، بکات! ھەموو ئەوەی دەشکرێ عەقڵی مرۆڤ بیناسێ لە (دیاردە) زێتر شتێکی دیکە نییە. وەک دەبینین کانت ڕووە و ھەست و جوانییە، بەڵام ھیگل بە ئاڕاستەی عەقڵ و مێژوودا دەڕوات! ئێمە لە دیاردەگەرایی ھۆسرل -فێربووین- کە ھەموو ئاگامەندییەک ئاگامەندییە بە شتێک، ئەو شتەش ھەمان ئەو بابەتەیە کە ئاگامەندی رووی تێدەکات. ئاگایی ئیستێتیکی یان شارەزایی ئیستێتیکی دەبێ ھەمیشە شارەزایییەک بێ روو لە بابەتەکەی، واتە روو لە ھەمان کاری ھونەری.

 کەواتە ئاگایی ئیستێتیکی شێوازی تێگەیشتنمانە لە ھونەر، یان شارەزایمانە لە ھونەر. بەڵام لە پێش کانت ئاگاییی ئیستێتیکی بە ئەخلاقەوە بەند دەکرا، دواتر کانت ھات و گوتی: حوکمی ئەخلاقی حوکمێکی عەقڵانی وێنەئامێزە و دوورە لە ھەست و ئاگایییەوە، وەک چۆن لە ھەموو بابەتێکی ناوەڕۆکئامێزی واقیعی بەدەرە. ئیتر لەوێوە حوکمی ئیستێتیکی لە ھەموو فیکرە و نیاز و یاسا و ئەخلاقێک رزگاری بوو. تیۆریی ھونەر بۆ ھونەر کە لە سەدەی (١٩) ھاتە کایەوە، درێژکراوەی جوانیناسیی کانتی بوو، کانت ئەو تیۆرییەی گەیاندە پلەیەکی بەرزتر. بەڵام گادامێر پێی وایە ھەرگیز کاری ھونەری وەک زەخرەفە بە شێوازی جوانی پەتی “کانت”ی رازی نابێت، بەڵکو کاری ھونەری بڕوای بە حەقیقەتی جوانی ھەیە. لێرەدا گادامێر بڕوا بە ھیگل دەکات کە پێی وایە (جوانیی سروشتی) رەنگدانەوەی (جوانیی ھونەری)یە. بەڵام ئەو بڕوابوونەی گادامێر پەیوەندی بە تێگەیشتنی ھیگل بۆ جوانی نییە، بەڵکو گادامێر قسان لە حەقیقەتی جوانی دەکات، چونکە بۆ ناسینی جوانی راستەوخۆ کانت دەکەوێتە پێش ھیگلەوە!

گادامێر ئاگاییی ئیستێتیکی بەو ئاگایەیە دادەنێ، کە بە فۆرمێکی ئیستێتیکی (سلبی) یان (ئیجابی) دەمانبەستێتەوە. وەک چۆن شارەزاییی ھونەری شارەزایییەکە شتێکی ھەیە بە ئێمەی بڵێ (ھەڵبەتە لە میانی حوکمکردن بە سەر فۆرمی ھونەری ئەوەی کە بریاری لە سەر دەدەین)، شتێک کە داوای تێگەیشتن و راڤەکردن دەکات. [5]

(٤)

(ھانز جۆرج گادامێر ١٩٠٠-٢٠٠٢) پێناسەی ھیرمینۆتیکا لە ھونەری روونکردنەوەی گوتراوی ئەویدیکەدا دەبینێتەوە، یان ھیرمینۆتیکا زمانی نامۆی ئەویدیکە روون دەکاتەوە. دەتوانین بڵێن ئەگەر ھیرمینۆتیکا بە شێوەیەکی گشتی خۆی لە راڤەکردندا ھەڵگرێتەوە، ئەوە خودی راڤەکردنیش دەکەوێتە سەر تێگەیشتن و دیالۆگ. ھەمیشە راڤەکردن ھەوڵدانە بۆ تێپەڕاندنی حاڵەتێک لە نامۆیی، کە ئێمە بەرانبەر بە بابەتێک ھەمانە، لەوێوە کە بابەتێک لامان روون نییە، بەڵام لە رێگای راڤەکردنەوە دەتوانین جۆرێک لە ھۆگری لەگەڵ دروست بکەین. دەبێ بزانین کە راڤەکردن وەک پێویست لە تێگەیشتنەوەیە و پێویستی بە تێگەیشتنە، بەڵام تێگەیشتن لەوێوە نایەتەدی کە (خود) دەست بە سەر بابەتدا بگرێ و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە (وەک ئەوەی حەقیقەتی رەھا بێت) بەڵکو لە رێگای دیالۆگەوە خود بە سەر بابەتدا دەکرێتەوە، یان بۆ ئەویدیکە دەکرێتەوە، ھەر لەوێشەوە بە ھاوبەشی دەگەن! بەمجۆرە تێگەیشتن ئەو کاتە دێتە دی کە دیالۆگ لەئارادا بێ. ئەوەش چەمکی (بوون لە جیھان بە شێوەیەکی ئاشتییانە) جێگیر دەکات. لێرەدا جیھان بە مانای شارەزایی لەو ژیانەی کە تێیدا ژیاوین، دێت، شارەزایی لە رێگای ژیانمانەوە. بڕوانە تجلی الجمیل ل١١،١٢… بەو مانایە ھیرمینۆتیکای گادامێری لە رێگای (ئەزموونی ژیانەوە) یان شارەزابوون لە ژیانی مرۆڤەوە دێتە بەرھەم، و ھەوڵدانە بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە ژیان و تەجاوزکردنی نامۆیییەکانی، ئەوەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ھاوژیانی مرۆیی ھۆسرەل و راڤەکردنی -بوون لێرە لە جیھان -ی ھایدگەرەوە دەکات.

گادامێر پێیوایە ھونەر یەکێکە لە بابەتە مێژوویییەکان، ھەر ئەو بیرکردنەوەیەشە وا لە گادامێر دەکات بە لای ھیگلدا بکەوێتەوە، ئێمە لە رێگای ھونەرەوە دەشێ لە خۆمان بگەین. ھونەر مێژوو دروست دەکات، کاتێ کاریگەری بەسەر ئەوانەوە جێدەھێلێ کە گەیاندوویانە. لە کتێبی دەرکەوتنی جوانی لە لاپەرە ١٥، ١٩دا دەڵێت ھەموو گەیشتنێ بە ھونەر گەیشتنە بە خۆمان. بەو مانایەش ناشێ ھونەر لە ئاسۆیەکی مێژوویی (بە کاتی لە دایکبوونییەوە) بەند بکەین. ئەگەرچی ھەمیشە شتێک دەڵێ کە بە مێژووی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەیلکێنێ.

(٥)

کاری ھونەری خودی خۆی لە بوونێکی تایبەتدا پێشکەش دەکات، بوونێک کە بەکاری ھونەرییەوە پەیوەست بێت و ئامادەیییەکی ھەنووکەیی ھەبێت، ئامادەیییەک کە حەقیقەت لە رێگایەوە دەبێتە رووداو، یان بە مانایەکی دیکە ئەو ئامادەیییە دەرکەوتنێکی تایبەتی حەقیقەتە کە لە کاری ھونەریدا روو دەدات. ئەو دەرکەوتنەی شتەکان لە کاری ھونەریدا مانای چوونیانە بۆ ناو فۆرمێکی رێکخراو لە پەیکەرێکی وجودیدا کە ئەوەش دەبێتە فۆڕمی کاری ھونەری. ئەگەر فۆڕم دەرکەوتن و ئاشکرابوونی جیھان بێت لە ناو کاری ھونەریدا، ئەوە کار (لەمیانی فۆڕم لە بوونیدا) لە خودێتی و بابەتێتی تێدەپەڕێنێـت[6]. ئەو بیرکردنەوەیەش تەواو پێچەوانەی ھیگل دەکەوێتەوە، کە پێی وایە حەقیقەت لە رێگای فەلسەفەوە دەرک دەکرێت، نەک ھونەر. کاری ھونەری و حەقیقەتی کاری ھونەری لای ھایدگەر لە نێودژی نێوان رۆناکی و شاردنەوەدا دەرک دەکرێت، نیشتەجێبوونی خودی حەقیقەتیش لەو بوونە (دروستکراوە)دا (کە شتێکی دیکە دەڵێت) بۆ جەوھەری حەقیقەت دەگەڕێتەوە.

قەرەنی جەمیل (١٩٥٤-٢٠٢٥) هونەمەندی شێوەکاری کورد

(٦)

کار و قسەکان پاشخانێکی رۆشنبیری و ھەستی لە ھونەرمەندان داوا دەکەن، ھەر لە سەر ئەو بنەمایەش بە کورتی (ھونەرمەند قەرەنی جەمیل)[7] بیر دەخەینەوە. قەرەنی جەمیل بۆ دەربڕینی (ئاستی فیکری) و (ھەستی ھونەری) لە کولتوورێکی چەقبەستوودا (ڕووداو) دروست دەکات. من لێرەدا ھەوڵ دەدەم فیکرەی بابەتی کاری ھونەری و ھەستی ھونەری وەک رووداو لە (پەیوەندی و گفتوگۆ)ی نێوان رابردوو و داھاتوو، ھەست و نەست، تاریکی و رۆناکی، دیار و نادیار بخوێنمەوە، بەو نیازەی (وەرگر) لە رێگای بەرجەستەکردنی گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوان فیگەرەکان [8](figure)  شتەکان جوانتر ببینێت. لە سەرەتاوە تێگەیشتن لە گفتوگۆ و پەیوەندیی فیگەرەکان، زۆر شتمان لە تێگەیشتنی بنەڕەتی فیکرەی بابەتە دراماتیکیەکانی ھونەرمەند بۆ دەخاتە روو! رابردوو ئەگەرچی بەسەرچووە، بەڵام ھونەرمەند لە کارەکانیدا مانایەکی دیکە بەو رابردووە دەبەخشێت، دەمەوێ بڵێم جیاکارییەک ھەیە، لەنێوان بەخشینی مانا بە رابردوو و تەماشاکردنی داھاتوو.

مرۆڤ لە سەرەتای بوونییەوە لە نەوەکانی پێش خۆی روانیوە، بەڵام گۆڕینی رابردوو بۆ ھێزێکی گەورەتر لە داھاتوو، بەکارھێنانی ماناکانی رابردوو دژ بە داھاتوو، بەکارھێنانی رابردوو دژ بە داھێنان و بیرکردنەوە و بەرھەمھێنانەوە دەچێتە خانەی چەقبەستنەوە؟! ئەوەش خاڵی بنەڕەتی نێوان دوو جیھانبینییە. دەمەوێ بڵێم قەرەنی جەمیل ئەو چەقبەستنە رەت دەکاتەوە. بە دیوەکەی دیکەش جیاوازییەکی گەورە ھەیە، لە نێوان رێزگرتنی رابردوو و گۆڕینی رابردوو بۆ ئامێرێک دژ بە داھاتوو! رێزگرتنی رابردوو بەشێکە لە رێزگرتنی جیاوازی، بەڵام گۆڕینی رابردوو بۆ موقەدەس، میکانیزمێکی گرنکی بەرگری لەخۆکردنی دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئایینییە، نەک دەسەڵاتی ھونەری. لە ئەدەب و ھونەردا ھەمیشە رابردوو پێویستی بە بەرھەمھێنانەوە و دووبارە خوێندنەوە و بەدواداچوونەوە ھەیە، ھەرگیز رابردوو ھەڵبژاردنی داھاتوو نییە، رابردوو ناتوانێ ھەڵوێست لە داھاتوو وەربگرێت، ئاماژەکردن نییە بە جەبرێک، کە دەبێ داھاتوو مەحکوم بێت بە ھەمان ھەڵبژاردن، بەڵکو ئاماژەیە بۆ توانای ھەڵبژاردن، توانای ھەڵبژاردنی دیار بە توانای ھەڵبژاردنی نادیار بەراورد ناکرێت؟!

blank
تابلۆیەکی هونەرمەند قەرەنی جەمیل

رەنگە بەشێک لە تەماشاکردنی ئەو (گفتوگۆیە) لە ئاستی بابەت و فیکرەوە، تەماشاکردنێکی جیاوازی کولتوور و جیھانبینی لێبکەوێتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەی ئەو تەماشاکردنە لە روانینی ھەستی ھونەرییەوە جیاوازیی (پەیوەندییەکان)ی لێدێتە بەرھەم. مەبەستمە بڵێم ھونەر بە دوو خاڵی زۆر بەھێزەوە بەندە، یەکەم: بەجێھێنانی رووداو بە شێوەیەکی ھونەرییانە! دووەم: بەجێھێنانی رووداو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. مەبەستم لە زاراوەی دادپەروەرانە ئەوەیە، کە ھونەر لە سەر ئاراستەکردن و ویست و پێویستییەکانی کۆ ناوەستێ، بەڵکو لە بوونێکی تایبەتی ئاستی رۆشنبیری و ھەستی ھونەری خۆی پێشکەش دەکات. مەبەستم لە زاراوەی ھونەرییانەش ئەوەیە، کە کاری ھونەری وەک ئامانج بۆ خۆی ھەیە. [9]

لە سیاسەتدا مێژوو بە رێکخستنی رووداو ھەڵدەسێت، ھەڵبەتە دوای روودانی، بەڵام لە ھونەردا رووداو خەڵق دەکرێ، یان لە لێوردبوونەوە و دنیای خەیاڵەوە دووبارە بونیاد دەنرێتەوە. جوانیی کاری ھونەری وەک رووداو ئەوەیە، کە لە ھەر چرکەیەکدا وا ھەست بکەیت یەکەمجارە دەیبینیت! بەو مانایەش دەتوانم بڵێم ھەمیشە ھونەر، جووڵە و چاوکرانەوەیەکی دیکەیە، دیار و نادیارە! ھونەر لەوەی دەیبینین شتێکی دیکە دەڵێت.

بەڵام خوێندنەوەی من بۆ (بەھای رەنگ) لای ھونەرمەند قەرەنی جەمیل لە پەیوەندیی نێوان رۆناکی و تاریکیدایە، رەنگی سێیەمی دووەمە بە بارستە و تۆنی تایبەت، لەوێشەوە فەزا و بەرجەستەبوونی جوڵەی بابەت نیشان دەدات! لە رەنگی سپی کە دەلالەتی بۆشایییەکانی داھاتوو و بۆشایییەکانی ناوەوەی ھەیە و بەھای جیاوازی ھەڵگرتووە، بەرەو خاکیبوون دەڕوا، کە ھەڵگری سیفەتی ئابوورییانەیە و بە فیکرەوە بەندە، بەڵام مەرج نییە ھەڵچوونەکانی ناوەوە بێت، وەک تەعبیرییەکان بیری لێدەکەنەوە. لە تەماشاکردنی مندا (بابەتەکان)ی قەرەنی جەمیل زێتر ئەبستراکت و دراماتیکین ھەڵگری پەیوەندییەکی ئاراستەنەکراون و کەوتوونەتە نێو فەزای ئاوابوونی مرۆڤ! جووڵە و بابەتی ئەو خۆ لە مرۆڤ لادانە (دەرنەکەوتن/ دەرکەوتنە)، دەشێ بە یەکێک لە دنیابینییەکانی ھونەرمەند بۆ زێدەڕۆیی گەشەی دانیشتووان و زێدەڕۆییی پاشماوەکانی مرۆڤ و رابردووی مرۆڤ بژمێردرێت؟! دەمەوێ بڵێم ئەوە تەماشاکردنی ھونەرمەندە وا دەکات دنیای (پوکاوەی مرۆڤ) ژیانی سەر زەوی وەک رووداوێکی مەعنەوی وێنا بکات، کە تێیدا کەلاکی رۆژانی رابردوو لەسەر یەک کەڵەکە کەوتوون و بە رەنگی سێیەمی دووەم لە دنیای تەواونەکراوی جووڵەی رووداودا بەرھەم بھێنێتەوە. بەڵام خەڵقکردنی کاری ھونەری وەک رووداو لەلای ھونەرمەند لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ، کە ھیچ لایەک کار بۆ لایەکەی دیکە ناکات (واتە ھەم تەماشای پووچی زەوییە و ھەم دیارنەبوونی ئاسمانە! نە مەرگ کار بۆ ژیان دەکات و نە ژیان کار بۆ مەرگ دەکات…)، بەڵکو بوونی خۆی لە پەیوەندیی دینامیکیی (دەرکەوتن و دەرنەکەوتن)دا لێکدەداتەوە.

blank
تابلۆیەکی هونەرمەند قەرەنی جەمیل

ھونەرمەند قەرەنی جەمیل ھەستکردنمان بە (شوێن)ی رووداو لێدەسێنێتەوە، بەڵام وەک ئاگایی پڕمان دەکات لە (زەمەن)ی رووداو، کە لە بڕینی زەمەنە ئاسۆییەکانەوە ھاتووە و لە بوونێکی شاقولی تایبەتدا وەک پەڵەی (سپی/رۆناکی) دەردەکەوێتەوە. واتە ئەو بەشەی پەڵەی (سپی/رۆناکی) دەکەوێتە سەر، خۆی بۆ ھونەرمەند دەردەخات و دەبێتە ھۆکاری شاردنەوەی لایەنەکانی دیکەی نێو کارە ھونەرییەکە، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت ئەگەرچی دەرکەوتنەکە لایەنی ئۆنتۆلۆجی ھەیە، بەڵام دوایین راستی نییە، ئەوەش وەرگر ھاندەدات ھەوڵی دۆزینەوەی دیکە بدات؟! ئەو ئاسۆ و دەریچەیەی لە تابلۆکانی قەرەنی جەمیل رۆناکی لێدەڕژێ نادیارە و لە گفتوگۆی دیاردایە، رابردووە و لە داھاتوودایە، تاریکییە و لە رۆناکییدایە، ئەو پەیوەندی و گفتوگۆیە، پەیوەندی و گفتوگۆی کەللەسەر و میوەکانی (پۆل سیزان)مان بیر دەخاتەوە، (کەللەسەر و سوراحی ١٨٦٥)ی (سیزان)[10]  و میوەکانی… وەک دەزانین مۆتیفی [11](motif)  میوە لای سیزان زیندەگی و جوانی دەگەیەنێت! پەیوەندی و گفتوگۆی نێوان مۆتیفەکانی کەللەسەر و میوە لەلایەن سیزان و تاریکی و رۆناکی لە لایەن قەرەنی جەمیل لە سەر ویست و داوا و پێویستییەکانی کۆ وێنا نەکراوە، بەڵکو لە روویەک لە روویەکانی شاردنەوەی پاشماوەکانی مرۆڤ و دوارۆژ بەرجەستە دەکەن، ئەو لەیەکچوونە لە تەماشاکردنی مندا دەشێ ترسی ھونەرمەندان بێت لە ژیان!

ژیان لای ھونەرمەند قەرەنی جەمیل رووداوێکی ترسناکە، ژیان لە کارەکانیدا لە دەرەوەی شوێن دێ و بە زەمەن رۆناکمان دەکاتەوە. دەتوانم بڵێم لە کۆی کارەکانی ھونەرمەندا پەیوەندی و گفتوگۆی نێوان زەمەن و شوێن، تاریکی و رۆناکی، نائارامی بەڕێوەی دەبات، یەکێک لە ماناکانی ئەو گفتوگۆ و پەیوەندییەش بە شێوەیەکی گشتی بەرجەستەکردنی ئارامییە. بەڵام پەیوەندی و گفتوگۆی نێوان (ئارامی و نائارامی) ناکەوێتە سەر بەرھەمھێنانەوەی ئەفسانە و کوشتنی فیکر، ناکەوێتە سەر تەماشاکردنی باوی کولتوور و وەلاخستنی ھەستی ھونەری، چونکە وەک گوتمان داھێنان وەک ئامانج بۆ خۆی ھەیە، داھێنان لە سەر ئاراستەکردن نەوەستاوە. دەشێ کاری ھونەری لای قەرەنی جەمیل نیشاندانی سەرەتای قارەمانێتی و پاشماوەکان بێت، لە رێگای پڕشنگەکانی داھاتووەوە… دەشێ ھونەرمەند قەرەنی جەمیل لە رێگای خودی (زمانی کار)ەوە بە شێوەیەکی ئینفۆرمەڵ[12] وێنە بکێشێ و خۆی بنوێنێ، بەڵام بەردەوام کولتووری چەسپاوی خودێتی و بابەتێتی و شێوازگەریی تێدەپەڕێنێـت.

١٤ی تەمموزی ٢٠١٥ ھەولێر


[1] (فیرناندۆ پیسوا، Fernando Pessoa) شاعیری پرتگالی لە (لەشبونە) لە ساڵی (١٨٨٨) لە دایکبووە و ھەر لەوێش دوای (٤٧) ساڵان لە ساڵی (١٩٣٥) کۆچی دوایی کردووە، ئەو پارچە شیعرە لە ئینگلیزییەوە (زاموا محەمەد) وەریگێڕاوە. بڕوانە: سایتی دەنگەکان ١٤/٤/٢٠١٥.

[2] تجلي الجميل- هانز جيورج جادامر، تحرير : روبرت برناسكوني، ترجمة ودراسة وشرح: د. سعيد توفيق. المجلس الاعلى للثقافة،ط 1997. ص21،22.

[3] كادامير، مفهوم الوعي الجمالي في الهيرمنيوتيكا الفلسفة، د. ماهر عبدالحسين حسن، دار التنوير 2009، ط1،ص34.

[4] نفس المصدر… ص71

[5] نفس المصدر… ص17.

[6] هايدغر، اصل العمل الفني، ترجمة: د. ابو العيد دودو، منشورات الجمل، ط1.

[7] قەرەنی جەمیل حەسەن ساڵی ١٩٥٤ لە ھەولێر لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٦-١٩٧٧ پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی لە شاری بەغداد تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٧٩- ٢٠٠٣ لە دەرەوەی وڵات (ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ھۆڵەندا) ژیاوە، ئێستا مامۆستای پەیمانگای ھونەرە جوانەکان- بەشی شێوەکارییە.

[8] figure- نیگار، شێوە، نوێنەرایەتیکردن بە شێوەیەکی دیجیتالی، مەجاز…

[9] ئەو قسەیە لە گوتەیەکی ((ئیمانۆیل کانت ١٧٢٤-١٨٠٤)) ھاتووە کە دەڵێت: مرۆڤ و ھەموو بوونەوەرێکی عاقڵی دیکە وەک ئامانج بۆخۆی ھەیە، نەک وەک کەرەستە بۆ نیازی بەکارھێنان لە لایەن ویستی ئەو و ئەویدیکەوە. 

[10] ھونەرمەند پۆل سیزان )١٨٣٩_١٩٠٦ (لە ھەرێمی (ئێکس ئان پرۆفانس) فەرەنسا ھاتۆتە دنیاوە، لە لاوێتیدا ھەمیشە ھەستی بە دۆڕان کردووە، ژیان بە نیسبەت سیزان حەفیفەتێکی بزرە.. دواتر تا دوا تەمەنی ھەموو ژیانی خۆی بۆ نیگارکێشان تەرخان کردووە.

[11] – motif- بنەماى فيكرەى كارى هونەرى. تاكة نيطاريَط. الفكرة الرئيسية بعمل فني‏…  رَسْم مفرد‏

[12]   – informal- سادە، نا فەرمى، غَيْر رسمي. عامّي‏.