بیۆنگ- چوول هان؛ گەماڕۆدانی دیجیتاڵی

تەکنۆلۆژیا گومان پەرە پێدەدات، چوونكە لە دەرەوەی دراماتیکایە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک کۆری (بیۆنگ- چوول هان) دوای نووسینە ڕەخنەیییەکانی لەبارەی سەردەمی گەماڕۆدانی دیجیتاڵی ناوبانگی خۆی بەسەر گۆڕەپانی فیکر و فەلسەفەدا سەپاند، بەردەوام هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگەی فەلسەفی لەبەرانبەر جیهانی تەكنۆلۆژی هاوچەرخ دەدات، لەو بارەشەوە  ئاوڕدانەوەیەكی تووندی لەنێو خوێنەرانی ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هێناوەتە ئاراوە و هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی جیاواز پەیوەندی بە تەكنۆلۆژیا و كولتووری ئەمڕۆ بکات، بۆ ئەوەی گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری تەكنۆلۆژی وەك زڕەوێنە بخاتە بەر ڕەخنە و لەوێوە سۆزی دراماتیكی زیندوو بكاتەوە.

(بیۆنگ- چوول هان) بەردەوام وەک درێژکراوەی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فڕانکفۆرت، هەوڵ دەدات پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی گرنگی پێگەی فەلسەفی بەرانبەر بە تەكنۆلۆژیا، نەک بە مەبەستی دابینکردنی چارە، بەڵكە وەك هەوڵێک بۆ وەسفکردنی سرووشتی جیهان بەشێوەیەکی ورد و شیکاری بخاتە ڕوو. ئێستا خاوەنی (16) کتێبە: (كۆمەڵگای شەفافیەت، جەوهەری دەسەڵات، تۆپۆلۆژیای تووندوتیژی، ڕزگاركردنی جوانی، كۆمەڵگای هەڵپڕووكاو، لەناو پۆلدا، ئیرۆس… ) لە كۆی هەموواندا هەوڵی ڕەخنە و خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی جیهانی ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشكردن لەپێناو نمایشكردن دەدات، بە بیركردنەوەیەكی ڕەخنەگرانەوە بەر ئەرێیەكانیان دەکەوێت.

بیۆنگ چوول هان (١٩٥٩-) فەیلەسووفی هاوچەڕخی کۆریایی-ئەڵمانی

لە دیدی (بیۆنگ چوول هان)ەوە ئامێرە دیجیتاڵییەکان و سەرمایەداری، هاوپەیمانییەکی میتاسرووشتییان پێک هێناوە و هەموو ئازادییەکی کردارییان لەپێناو تەكنۆلۆژیای بێ وەڵام لەناو بردووە. پێداگری لەوە دەكات و دەڵێت سەرمایەداری وەک سیستەمێکی هەمەلایەنە خەریکە بڕواهێنان بە پرسیار لەق دەكات و بۆ (سەرمایەداری چاودێری) دەگۆڕێت، چوونكە ئەو پێی وایە بەردەوام پلاتفۆرمە تەکنۆلۆژییەکان چاودێریمان دەکەن و چاودێریمان دەکەن و کارەکانمان دەخەنە ژێر گومانەكانی دەسەڵاتی خۆیانەوە بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بەدەست بهێنین، لەبەر ئەو هۆکارە هەر کلیکێک لەسەر کۆمپیوتەرەكەمان تۆمار دەکەین، ئەوان بە سوودی خۆیان شیکاری دەکەنەوە. ئێمە لەلایەن بەرنامە ئەلگۆریتمییەکانەوە وەک بووکەڵە دەجوولێینەوە و خەیاڵ دەکەین کە ئازادین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) شایەتحاڵن، بەڵام ئەو ئازادییەی ئەوان فەراهەمیان كردووە، هەرگیز ئازادی نییە، وەهمی ئازادییە و جۆرێكە لە گرتنەخۆ.

گفتوگۆی ئازاد/ شەڕانگێزی خۆبەخشانە

ئەمڕۆ مرۆڤ كۆنترۆڵكردنی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژاردووە، چوونكە هەر کلیکێک کە مرۆڤ دەیکات، هەڵدەگیرێت! هەر هەنگاوێک کە مرۆڤ دەینێت، دەتوانرێت شوێنپێی بگیرێت. ئێمە لە هەموو شوێنێکدا شوێنپێی دیجیتاڵی بەجێدەهێڵین، و ژیانی دیجیتاڵیمان خاڵ بە خاڵ لەناو تۆڕی دیجیتاڵیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، خاڵ بە خاڵ كۆنتڕۆڵكراوین، بەو مانایەش گفتوگۆی ئازاد لە جیهانی دیجیتاڵیدا بووەتە دیوەکەی تری ستەمکردن، بووەتە شەڕانگێزی خۆبەخشانە، چوونكە بەبێ ئاگاداری خۆمان شەڕانگیزی پرۆسیسە دەكەن، بەبێ ئاگایی خۆمان ستەم لە ئازادییەکەمان دەكەین، بە ئارەزووی خۆمان ستەم و شەڕانگیزی بەسەر خۆماندا دەسەپێنین. ئێمە ئازاد نیین! كەواتە بڕواهێنان بە ئازادی دیجیتاڵی، دەستپێکردنی کۆیلایەتییە! کۆیلایەتییەک کە هەموومان نوقمی فەنکشنێکی دیجیتاڵی دەكات. (بیۆنگ- چوول هان) پێی وایە ئەو كۆیلایەتییە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ فیودالیزمی سەدەکانی ناوەڕاستدا نییە، بەو مانایەش ئاغاکانی فیۆدالیزمی دیجیتاڵی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە، پارچە زەوییەکی بێ بەرانبەر دەدەنە بەکارهێنەران بۆ ئەوەی کەڵکیان لێوەرگرن، ئێمەش وەک گەمژە دەیانکێڵین، بۆ ئەوەی ئەو ئاغایانە بێن و بۆ خۆیان دروێنەی بكەن. ئەوە بۆیەكردنی پەیوەندییەكانی ئێمەیە بە بۆیەی ئازادی، ئێمە لە دنیای دیجیتاڵی لەڕێگای وەهمی ئازادییەوە پەیوەندی دەکەین و فیوداڵەکانیش قازانجەکانیان لەم پەیوەندییەوە دەچنن، کە دەزگا نهێنییەکان چاودێری دەکەن، ئەوە سیستەمێکی زۆر کاریگەرە و كەچی بە ئەرێنی دەیبینین و هیچ ناڕەزایەتییەكی بەرانبەر دەرنابڕین، چونکە ئێمە لە ژێر سیستەمێکدا دەژین، کە خودی ئازادی دەقۆزێتەوە. ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە هەر تاکێک لە تاکەکەی دیکە جیا دەکەنەوە و کەمکردنەوەی تایبەتمەندی جیهانی مرۆڤایەتی و توانای درووستکردن و تێپەڕاندنی و تێکدانەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هەستی مرۆڤ بە هەموو جۆرەکانییەوە: خۆشی، شادی، حەز، خەم، دڵتەنگی… بگۆڕێت بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی.

لە سەردەمی دیجیتاڵیدا ئەوە ئایكۆنەكانن، حەز و خۆشی و چێژی ناخی مرۆڤ دەردەبڕن! واتە مرۆڤ كارلەسەركراوە، نەوەك بكەر. هەر لەوێوە ئایكۆنەكان قووڵایییەکانی ناخی مرۆڤیان بەتاڵ كردۆتەوە و وادەكەن تەواوی كار و داهێنان و توانا مرۆیییەکانی لەدەست بدات. بەم شێوەیە هاووڵاتیی ئەلیکترۆنی وەک بیۆنگ- چوول هان لە کتێبی لە ناو پۆلدا، ئاسۆی دیجیتاڵی (٢٠٢١)دا باسی کردووە، وەك كەس بووەتە کەسێک کە ناسنامەی کەسیی خۆی لەدەستداوە، مرۆڤ لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە بەشداریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەك تاكێكی سەربەخۆ نەماوەتەوە، بەڵكوو بووەتە (هۆڵی نمایشكردن) کە بابەتی زۆرانی تێیدا نمایش دەكرێت.

بیۆنگ- چوول هان بە تووندی ڕەخنەی لە باسکردنی دانیشتووانی دیجیتاڵی لە تۆڕەکاندا دەگرێت، دانیشتووانی دیجیتاڵی ئەوەی پێکهاتنی (ئێمە)ی دامەزراندووە، ئەگەرچی پەیوەندییەكانی خێرا و كۆك كردووە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە زیندوو نین و لە هاوژیانی بەدەرن، ڕۆحییان نییە… هیچ ڕۆحێک و ویژدان و ڕێکخراوێکیان نییە، گۆشەگیرن، پەرش و بڵاون، لەنێو خۆیاندا دەکشێن و دەچنەوەیەك.

مرۆڤی شاشە

ژیانی دیجیتاڵیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی ڕاستەقینەدا، نەمانی ڕێوڕەسمەکان لە ئێستادا نیشانەی نەمانی پەیوەندیی گرووپە كۆمەڵایەتییەکانە، هەمیشە تەكنۆلۆژیا بێ وەڵامی دەسەپێنێ و دەکەوێتە دەرەوەی دراماتیکاوە، ​​نەبوونی پەیوەندی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەی دیجیتاڵی درووست بووە، هەرچەندە وایکردووە پەیوەندییمان بە یەکترەوە زیاتر و ڕاستەوخۆتر بێت، بەڵام لە یەکترەوە نزیک نین. سۆشیال میدیای مۆدێرن ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە پرۆسەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکاندا نەهێشتووە. ڕاستە کۆمەڵگا كۆمەڵگایەکی پەیوەندیدارە بەشێوەیەکی خێرا و نایاب، بەڵام یەکگرتوویییەکی دەستەجەمعی تێکەڵاو لەنێوان ئەندامەکانیدا پێک ناهێنێت. ئەمڕۆ گرووپی كۆمەڵایەتی هیچ چالاكییەكی زیندوویان نییە، وەک چۆن هەمووان لە ساتەوەختە تاکە کەسییداین، لە هەمان كاتدا پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، هەمووان پەرت و بڵاوین، ئەگەرچی كلیك و پەیوەندیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەمووانی هەڵمژیووە.

لە سەردەمی دیجیتاڵیدا داتاكان بەیەكەوە كۆ دەكەینەوە و وەك مەعریفە دەیانبینین و درێژییان دەكەینەوە، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا هیچ پرۆسەیەکی بیرکردنەوە و تێڕامان بە مانای درووستی وشەکە، کە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دامەزرابێ، بوونی نییە. هیچ بیرکردنەوەیەکی ئاگایانە لەسەر بنەمای داتاكان بوونی نییە، چوونكە هەمیشە داتاکان لەناکاو دەبن بە ئامرازێکی دیاریكراو بۆ مرۆڤی دیجیتاڵی، بەڵام نابن بە تێڕامان و بیركردنەوەی بەرهەمهێنانەوە، نابن بە ئاگایی بۆ ژیانكردن، بەڵكوو دەبن بە ئامرازێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان و ژماردنی ژمارەکان و حیساباتی چەندایەتی و پرۆسەیەکی بەردەوام و بێ وەستان. لە سەردەمی دیجیتاڵیدا هاوڕێیەتی لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیادا دەبێتە ژمارە، بەڵام هەرگیز هاوڕێیەتی ڕاستەقینە، هەرگیز پەیوەندیی هاوڕێیەتی بە كلیك و ژمارە ناپێورێت!

گومانی دیجیتاڵی/ ئەنتی گێڕانەوە

سەردەمی دیجیتاڵی سەردەمی کۆکردنەوەی ژمارە و ژماردن و ژماردنی بەردەوام. ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەهاکانی سەربەخۆیی و دڵسۆزی کەوتوونەتە ژێر حیساباتی چەندایەتییەوە، بە ژماردنی نیشانەکانی سەرسامی (لایك) دەژمێردرێت. ژیانی دیجیتاڵی وێنەی ڕۆحی و نەبینراو و هاوژیانی و لایەنەکانی نەرێنی و ڕەخنەی قبووڵ نییە، ئەو ئەرێنییەی کە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی درووستی دەكات، لە ئەگەری هەر ئەزموونێک کەم دەکاتەوە، یان لەناوی دەبات و توانای درووستکردن و کارکردنمان لەگەڵ نەرێنی دەشێوێنێ.

(بیۆنگ- چوول هان) پێی وایە مرۆڤایەتی دەچێتە سەردەمی (گەماڕۆدانی دیجیتاڵی) بۆیە بەشێوەیەكی ڕەخنەگرانە (پاراستنی خۆمان لەخۆمان) بەرز دەكاتەوە! بەو مانایەش دەیەوێ بڵێ مرۆڤ بكەرە و كارلەسەركراو نییە… بۆیە دەبێ خۆمان لە ڕێگای تێڕامان بیركردنەوە و بەرهەمهێنانەوە خۆمان ڕزگار بكەین.

لە ڕابردوودا سەرمایەداری لە (دەرەوە)  ئیستغلالی مرۆڤی دەكرد… ئەمڕۆ هاوکێشەی دابڕانی کرێکاران و خاوەنکاران پێچەوانە بووەتەوە، ئەمڕۆ سەرمایەداری لەسەر بەكاربردنی (ناوەوەی مرۆڤ) كار دەكات! ئەمڕۆ لە سەردەمی دیجیتاڵیدا خۆدەربڕین بۆتە ئارەزووكردنی خۆبەکارهێنان. لە ژێر وەهمی خۆدەربڕین داواکارییەکان بۆ پاراستن لە زیادبووندایە، لەگەڵ بەرفراوانی کۆمەڵگاوە تاكەكان بەهۆی نەخۆشییە سەردەمییەكانی وەك پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم، دووچاری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە، زێدە زێدە… بوونە.

هەڵبەتە بەشێكی زۆری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە لە ئەنجامی باری زۆری زانیارییەکانەوە درووست دەبن، كۆی ئەو نەخۆشییانە وردە وردە دەبنە هۆی تێکچوونی توانا ڕەخنەیی و شیکارییەکانی مرۆڤ، کەمی سەرنجدان، ناڕەحەتی گشتی و كەمبوونەوە و بێتوانایی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ئەمڕۆ (كۆمەڵگای شلۆك) کە بەنێو تۆڕەکاندا دەڕژێت، تێڕامانی نەرێنی و بیرکردنەوەی ڕەخنەییی تاكەكان لاواز دەکات، ڕەخنە و تێڕامان و شیکاری فەرامۆش دەكات.

(بیۆنگ- چوول هان) قووڵاییی بوومەلەرزەی جیهانی دیجیتاڵی ڕوون دەكاتەوە و بەشێوەیەك لەشێوەكان ڕایدەگەیەنێت کە مرۆڤایەتی بەڕاستی پێویستی بە شۆڕشی تێڕامانی نەرێنی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و هەڵوەستە و هاوارێك هەیە، دژ بە پەیوەندییە بێ وەڵام و بێدەنگەکانی دیجیتاڵی. هەڵوەستەیەك دژ بە شایەتحاڵی تەقینەوەی زانیارییەكان، نەک زانست، چوونكە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە. سەردەمی زانیاری تەنها پەیوەستە بە ئێستاوە، بەبێ ئەوەی ڕێگا بدات بە کەڵەکەبوونی زانست، زانیاری لە كلیكی كاتییەوەیە و زانست لە ئەزموونی هاوژیانییەوە، کە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا درێژ دەبێتەوە.