سەرمایەداریی چاودێری
(شیکردنهوهیهکه بۆ لۆژیکی نوێی دەسەڵات لەسەر بنەمای تێزەکانی شوشانا زوبۆف)
پوختە
ئەم توێژینەوەیە شیکرنهوهیهک بۆ چەمکی (سەرمایەداریی چاودێری Capitalism (Surveillance ئهنجام دهدات، کە لەلایەن بیرمەندی ئەمریکی (شوشانا زوبۆف Shoshana Zuboff)ەوە داڕێژراوە. بە پشتبەستن بە کتێبە بنەڕەتییەکەی زوبۆف (سەردەمی سەرمایەداریی چاودێری: خەباتێک بۆ داهاتوویەکی مرۆیی لە سنووری نوێی دەسەڵاتدا) و چاوپێکەوتنێکی گرنگی (مارتن لوغرو) لهگهڵ زوبۆف به ناونیشانی: (دیمانەیەک لەگەڵ شۆشانا زوبۆف: سەرمایەداریی چاودێری ژیان دەکاتە کەرەستەی خاو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا). ئەم کارە لە سروشت، میکانیزم و دەرەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم لۆژیکە ئابوورییە نوێیە دهکۆڵێتهوه. توێژینەوەکە ئهوه دەردەخات، کە سەرمایەداریی چاودێری تەنها مۆدێلێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو فۆرمێکی بێوێنەی دەسەڵاتە، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی (Instrumentarian Power، ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی (زیادەی ڕەفتاری Behavioral Surplus) و گۆڕینی بۆ (بەرهەمی پێشبینی (Prediction Products هوه کار دەکات، کە ئامانجی کۆتایی تەنها پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ نییە، بەڵکوو دەستکاریکردن و ئاڕاستەکردنیەتی لەپێناو قازانجدا. لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە هەڕەشەکانی ئەم دیاردەیە بۆ سەر سهربهخۆییی تاک، تایبەتمەندی و بنەماکانی دیموکراسی دەخاتەڕوو و جەخت لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتیی هۆشیارانه دەکاتەوە.
وشە کلیلییەکان: (سەرمایەداریی چاودێری، شوشانا زوبۆف، زیادەی ڕەفتاری، دەسەڵاتی ئامرازی، مۆدێرنیتەی دووەم).
پێشەکی
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ژیانی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی بێوێنە لەگەڵ تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا تێکەڵ بووە. پلاتفۆرمەکانی وەک گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن لە ئامرازی پەیوەندی و زانیارییەوە بوونەتە ژێرخانێکی بنەڕەتی کارلێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی. ئەم خزمەتگوزارییانە، کە زۆربەیان (بێبەرامبەر) پێشکەش دەکرێن، لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای لۆژیکێکی ئابووریی شاراوە کار دەکەن، کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە. شوشانا زوبۆف، پرۆفیسۆری کارگێڕیی بازرگانی لە زانکۆی هارڤارد، یەکەم کەس بوو، کە ئەم سیستەمە نوێیەی بە وردی شیکردەوە و ناوی لێنا (سەرمایەداریی چاودێری).
ئەمە تەنها پەرەسەندنێکی سروشتیی سەرمایەداریی دیجیتاڵی نییە، بەڵکوو جۆرێکی ناپەسەندی سەرمایەدارییە، کە لەسەر بنەمای دەستبەسەرداگرتنی ئەزموونی مرۆیی وەک ماددەیەکی خاوی بێبەرامبەر کار دەکات و بۆ داتای ڕەفتاری دەیگۆڕێت.
ئەم نووسینه هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم چەمکە بکۆڵێتەوە. ئەم کارە چوار ئامانجی سەرەکی هەیە: یەکەم، ڕوونکردنەوەی بنەما تیۆری و مێژوویییەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداریی چاودێری. دووەم، شیکردنەوەی میکانیزمەکانی کارکردنی، لە دەرهێنانی داتا و (زیادەی ڕەفتاری)یەوە تا دەگاتە دەستکاریکردنی ڕەفتار. سێیەم، خستنەڕووی دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ سەر ئازادیی تاک و تایبەتمەندی و داهاتووی کۆمەڵگە دیموکراتییەکان. چوارهمیش ههڵسهنگاندنێکی ڕهخنهی تێڕوانییهکانی زۆبۆف.
سەرهەڵدان و لۆژیکی سەرمایەداریی چاودێری
چهمکی سهرمایهداریی چاودێری
سەرمایەداریی چاودێری لهدایکبووی چرکهساتێکی دیاریکراو نهبوو، بهڵکوو لە پرسیارێکی بنەڕەتییهوه سهرچاوهی گرت، کە لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن کەسێکەوە ئاڕاستەی شوشانا بۆزڤ کرا: “ئایا هەموومان وامان لێدێت بۆ ئامێرێکی زیرەک کار بکەین، یان خەڵکی زیرەکمان دەبێت، که لە دەوروبەری ئامێرەکە بن ؟”[1] ئەم پرسیارە گڕکانێکی فیکری لای بۆزڤ هەڵگیرساند، کە دوای چهند دهیهیهک بووە هۆی لەدایکبوونی چەمکی (سەرمایەداریی چاودێری). ئەم توێژینەوەیە لەسەر هەمان ڕێچکەی ئەو پرسیارە دەڕوات و هەوڵدەدات وەڵامێک بۆ پرسیارێکی قووڵتر بدۆزێتەوە: “ئایا داهاتووی دیجیتاڵی دەتوانێت ماڵی ئێمە بێت؟” لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان سێ ملیار کەسی گرتووەتەوە، پرسیارە کۆنەکانی پەیوەست بە زانیاری، دەسەڵات بە شێوازێکی نوێ و ئاڵۆز خۆیان نمایش دەکەن[2]. ئەگەرچی ئەم پرسیارانە نوێ نین، بەڵام بڵاوبوونەوەی خێرای تەکنەلۆژیا وایکردووە، کە کاریگەرییان لەسەر (شارستانیەتی زانیاری) بێسنوور بێت. ئەم کاریگەرێتییە تەنها لەسەر ئاستی تاکەکەس نییە، بەڵکوو دەگاتە بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابووری، کە تێیدا داتاکان دەبنە سەرچاوەیەکی نوێی سەرمایە. لێرهدا ههوڵ دهدهین بەشێوەیەکی قووڵ بچێنە نێو ئەو چەمکانەوە و لهوه بکۆڵێنهوه کە چۆن ئەم پرسیارە کۆنانە لە شێوازە نوێیەکانی سەرمایەداریی چاودێریدا خۆیان دەردەخەن، نەک تەنها وەک دیاردەیەکی تەکنۆلۆژی، بەڵکوو وەک قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و تەکنۆلۆژیا.
زۆبۆف جەخت لەسەر جیاکردنەوەی نێوان سەرمایەداریی چاودێری و ئەو تەکنەلۆژیایانە دەکاتەوە کە بەکاری دەهێنێت. پێیوایه سەرمایەداریی چاودێری (لۆژیکێکە کە تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت و فەرمانی پێ دەکات)، نەک خودی تەکنەلۆژیا. ئەمە خاڵێکی سەرەکییە، چونکە کۆمپانیاکانی چاودێری دەیانەوێت وامان لێبکەن باوەڕ بکەین، کە کارەکانیان حەتمییەتی تەکنەلۆژیاکەن. بەڵام نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (حەتمییەتی تەکنەلۆژیایی بوونی نییە) و تەکنەلۆژیا هەمیشە ئامرازێکی ئابوورییە و لە لایەن ئامانجە ئابوورییەکانەوە ئاراستە دەکرێت. بۆیه ئەمه زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنی ڕاستەقینەی سەرمایەداریی چاودێری. جیاکردنەوەی نێوان لۆژیکەکە و ئامرازەکان ڕوونکردنەوەیەکی بنەڕەتی پێشکەش دەکات[3].
زوبۆف چەمکی (سەرمایەداریی چاودێری) وەک سیستەمێکی ئابووریی نوێ پێناسە دەکات، کە پشتی بە بەدواداچوون، شیکردنەوە و پێشبینیکردنی ڕەفتاری بەکارهێنەران بۆ بەدەستهێنانی قازانج بەستووە. بەپێچەوانەی سەرمایەداریی کلاسیک کە تەرکیزی لەسەر بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە، سەرمایەداریی چاودێری لەسەر بنەمای گۆڕینی داتای کەسی بۆ کاڵا دامەزراوە. زوبۆف پێیوایە ئەم فۆرمە نوێیەی سەرمایەداری، تاکەکان تەنها وەک بەکاربەر سەیر ناکات، بەڵکوو وەک سەرچاوەی داتا دەیانبینێت، کە تێیدا وردترین زانیارییەکانی ژیانیان بۆ سەرچاوەیەکی قازانجبەخش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگۆڕدرێت[4].

گووگڵ و سەرمایەداریی چاودێری
زوبۆف تیشک دەخاتە سەر کۆمپانیای گووگڵ وەک نموونەی سەرەکیی ئەم مۆدێلە و تهنانهت پێیوایه گووگڵ سەرمایەداریی چاودێری داهێنا و کامڵی کرد، هەروەک چۆن سەدەیەک لەمەوبەر جەنەڕاڵ مۆتۆرز (سەرمایەداری بەڕێوەبردن)ی داهێنا و کامڵی کرد. گووگڵ لە هزر و کردەوەدا پێشەنگی سەرمایەداریی چاودێری بوو، خەرجی زۆری بۆ توێژینەوە و پێشکهوتن هەبوو و لە تاقیکردنەوە و جێبەجێکردندا ڕێگا خۆشکەر بوو، بەڵام چیتر تاکە ئەکتەر نییە لەم ڕێگەیەدا. سەرمایەداریی چاودێری بە خێرایی به فەیسبووک و مایکرۆسۆفتدا بڵاو بۆوە. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، کە ئەمازۆن بەرەو ئەم ئاراستەیە ڕۆیشتووە و ئەوەش هەردەم ئاڵنگارییهکه بۆ ئەپڵ، هەم وەک هەڕەشەیەکی دەرەکی و هەم وەک سەرچاوەی مشتومڕ و ململانێی ناوخۆیی[5]. وردتر گۆگڵ بە پشتبەستن بە بیرۆکەکانی ئابووریناس (هال ڤاریان)، بڕیاریدا داتا و مێتاداکانی بەکارهێنەرانی بۆ پێشکەشکردنی ڕیکلامی تایبەتمەند بەکار بهێنێت. ئەم بڕیارە دژ بەو بێزارییە بوو، کە دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکە، (سێرگی برین و لاری پەیج)، پێشتر بۆ ڕیکلام دەریانبڕی بوو. بەڵام وەبەرهێنەران بۆ هەمیشە چاوەڕێی قازانجەکانیان نەبوون، (و ئێڵ. پەیج) هیچ ئارەزوویەکی نەبوو ببێتە نیکۆلا تێسلایەکی تر، (واته ئەو ئەندازیارە نایابەی کە مرد، بێ ئەوەی هیچ کاتێک سوود لە داهێنانەکانی خۆی وەربگرێت). جگە لەوەش، گووگڵ دەستی دەگەیشت بە گهنجینه گەورەکانی زانیاری و بۆ گۆڕینی ئەم داتایانە بۆ پێشبینیکردن دەربارەی ئەو تاکانەی کە لەوانەیە کلیک لەسەر ڕیکلامە پیشاندراوەکان بکەن، خاوەنی توانای زانستی نایاب بوو. بەم شێوەیە گووگڵ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠٤دا، (سەرمایەداریی چاودێریی) داهێنا. داهاتی بە ڕێژەی ٣٥٩٠% زیادیکرد[6]!
دواتر زۆبۆف ئهوه ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن گووگڵ دەستی بە کۆکردنەوەی بڕێکی زەبەلاحی داتا لە ڕێگەی تۆمارەکانی گەڕان، شوێنی جوگرافی و ڕەفتاری بەکارهێنەرانەوە کرد. کۆمپانیاکە تەنها بە باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەرەوە نەوەستا، بەڵکوو ڕێگەی بۆ فرۆشتنی ئەم داتایانە بە ڕیکلامکەران دۆزییەوە، کە ئەمەش وای لێکرد بتوانێت پێشبینیی ڕەفتاری بەکارهێنەران بکات و بۆ زیادکردنی کارلێک و بەدەستهێنانی قازانج کاریگەرییان لەسەر دروست بکات[7].
ئەپڵ و هاککردنی سیستەمی سەرمایەداری
زۆبۆف وەک نموونەیەک ئهوه ڕوون دهکاتهوه، که سەرکەوتنی ئەپڵ نەک تەنها وەک دەستکەوتێکی تەکنەلۆجی، بەڵکوو وەک (هاککردنێک) بۆ خودی سیستەمی سەرمایەداری. نووسەر مۆدێلی ئەپڵ لەسەر بنەمای iPod/iTunes)) بە مۆدێلی کلاسیکیی (بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ)ی سەدەی بیستەم (کە هێنری فۆرد و ئەلفرێد سلۆن پێشەنگیان دەکرد) بەراورد دەکات. لە کاتێکدا مۆدێلی کۆن لەسەر بنەمای فرۆشتنی بەرهەمێکی ستاندارد بە (کڕیاری گشتی) دامەزرابوو، ئەپڵ ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە[8]. ئەو لە ڕێگەی دیجیتاڵکردنەوە، توانیی بەرهەم (بۆنموونه مۆسیقا) لە قاڵبی فیزیکی (CD) ڕزگار بکات و ڕاستەوخۆ بیگەیەنێت بە بەکارهێنەر، بەمەش دەسەڵاتی دایە تاکەکان کە ئەزموونی بەکارهێنانی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن (ئەوەی دەمەوێت، کەی دەمەوێت، لەکوێی دەمەوێت).
بۆیه ئەو ڕاڤە ڕووکەشییانە ڕەت دەکاتەوە، کە سەرکەوتنی ئەپڵ تەنها بۆ دیزاینی جوان یان ئاسانکاری دەگەڕێننەوە. لەبری ئەوە، دەڵێت هۆکاری بنەڕەتیی ئەم سەرکهوتنە گەورەیە، توانای ئەپڵ بوو بۆ تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی گۆڕانێکی مێژووییی قووڵتر: گۆڕانی کۆمەڵگه لە (کۆمەڵگەی بەکۆمەڵ (mass society ەوە بۆ (کۆمەڵگەی تاکەکان (society of individuals ). ئەپڵ بە پێدانەوەی بەها و داننان بە پێداویستییەکانی تاک، توانیی ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە کە سیستەمە کۆنەکان دروستیان کردبوو[9].
لە هاوکات زۆبۆف ئەم سەرکەوتنە بە ململانێیەکی مێژووییی گەورەترەوە دەبەستێتەوە: پێکدادانی نێوان دوو هێزی دژبەیەک. یەکەمیان، (ڕەوتی مێژووییی درێژخایەنی مۆدێرنیزە و پرۆسەی تاکگەرایی)ە. دووەمیان، (پارادایمی ئابووریی نیولیبراڵ)ە، کە بەپێی بۆچوونی ئهو، هەوڵی کپکردن و لەناوبردنی ئیرادەی سەربەخۆی تاک دەدات. له ئەنجامیشدا پێمان دهڵێت: کە هەمان ئەم پێکدادانە مێژووییەی زەمینەی بۆ (موعجیزەکەی ئەپڵ) خۆشکرد، لە هەمان کاتدا هەلومەرجی بۆ سەرهەڵدان و گەشەی (سەرمایەداریی چاودێری surveillance capitalism) ڕەخساند، کە به دیوە تاریکەکەی ئەم مۆدێلە نوێیە دادەنرێت[10].
سەرمایەداریی چاودێری وەک دیاردەیەکی پلان بۆ داڕێژراو لەناو (DNA)ی شۆڕشی تەکنەلۆژیدا بوونی نەبوو[11]. بەپێی گێڕانەوەی زوبۆف، ئەم دیاردەیە بە (ڕێکەوت) و لە ئەنجامی فشارێکی ئابوورییەوە لەدایک بوو. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠، کاتێک (بڵقی دۆت-کۆم) خەریک بوو بتەقێتەوە، گووگڵ، کە لە سەرەتادا ڕقی لە ڕیکلام بوو، بۆ دۆزینەوەی مۆدێلێکی قازانجبەخش کەوتە ژێر فشاری وەبەرهێنەرانەوە. لەم (دۆخە نائاساییە)دا بوو، کە ئەندازیارانی گووگڵ دۆزینەوەیەکی چارەنووسسازیان دۆزییهوه، ئەو داتایانەی کە پێشتر وەک (پاشەڕۆ)ی پرۆسەی گەڕان سەیر دەکران، بۆ نموونە (کات، شوێن، شێوازی نووسینی پرسیارەکان)، لە ڕاستیدا گەنجینەیەکی شاراوە بوون. ئەم داتایانە، کە زوبۆف ناوی دەنێت (زیادەی ڕەفتاری (Behavioral Surplus هێزێکی پێشبینی سەرسوڕهێنەریان هەبوو[12].
لێرەوە لۆژیکی بنەڕەتیی سەرمایەداریی چاودێری لەدایک بوو، کە لەسەر سێ پایەی سەرەکی دامەزراوە:
کردەی گۆڕینی ئەزموونی مرۆیی بۆ داتایە. ئەمە تەنها ئەو زانیاریانە ناگرێتەوە، کە بەکارهێنەر بە ئاگایی دەیدات، (وەک پرسیاری گەڕان یان پۆستێک)، بەڵکوو هەموو ئەو نیشانە دیجیتاڵییانەی کە بەجێی دەهێڵێت: (جووڵەی ماوس، ماوەی مانەوە لەسەر وێنەیەک، تۆنی دەنگ، شوێنی جوگرافی و تەنانەت شێوازی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل).
ئەم (زیادەی ڕەفتاری)یە خاوە لە ڕێگەی ئەلگۆریزمە ئاڵۆزەکانی زیرەکیی دەستکردەوە بۆ دروستکردنی (بەرهەمی پێشبینی (Prediction Products شی دەکرێتەوە. ئەم بەرهەمانە بە وردییەکی ترسناکەوە پێشبینی ئهوه دەکەن، کە ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا چی دەکەین، چی دەکڕین، چ هەستێکمان دەبێت، یان دەنگ بە کێ دەدەین.
ئەم بەرهەمانەی پێشبینی لە بازاڕێکی نوێدا دەفرۆشرێن، کە زوبۆف ناوی دەنێت (بازاڕی داهاتووی ڕەفتار (Behavioral Futures Market). کڕیارە سەرەکییەکانی ئەم بازاڕە لە سەرەتادا ڕیکلامکەران بوون، بەڵام ئێستا فراوان بووەتەوە و کۆمپانیاکانی بیمە، بانکەکان، دەزگا ئەمنییەکان و ئەکتەرە سیاسییەکانیش دەگرێتەوە[13].
ئەوەی کە لەم سێ قۆناغەوە دروست دەکرێت، بریتییە لە (بازاڕی مامەڵەکردن بە داهاتووی هەڵسوکەوت)هوه. لەم بازاڕەدا، سەرەتا وردترین جووڵە و کارلێکەکانی مرۆڤ کۆ دەکرێنەوە. دواتر ئەم زانیارییە خاوانە شی دەکرێنەوە و لێکدەدرێنەوە، بۆ ئەوەی ببنە جۆرێک لە (کاڵای پێشبینیکەر)، دەتوانن بە وردی پێشبینی ئەوە بکەن، کە هەر کەسێک لە داهاتوویەکی نزیکدا چی دەکات، چی دەکڕێت، چۆن هەست دەکات، یان دەنگی بە کێ دەدات. لە کۆتاییدا ئەم کاڵا پێشبینیکەرانە لە بازاڕێکدا دەفرۆشرێن، کە سەرەتا بۆ ڕیکلامکەران بوو، بەڵام ئێستا گشتگیر بووە و دەزگاکانی وەک بیمە و بانکەکان و لایەنە سیاسییەکانیشی گرتووەتەوە. ئەمەش واتای وایە، کە هەڵسوکەوتی مرۆڤ بووەتە ماددەیەکی خاوی بەهادار، کە دەفرۆشرێت و دەکرێت کاریگەری لەسەر دروست بکرێت.
بۆ نموونە، فەیسبووک لە ساڵی ٢٠١٨دا بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە ناوەندی ژیریی دەستکردی (ڕۆژانە ملیارەها داتا چارەسەر دەکات و لە هەر چرکەیەکدا شەش ملیۆن پێشبینی بۆ ڕەفتاری مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت)[14]. ئەمە نیشانەی قەبارەی ترسناکی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە، کە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەی کردووەتە کەرەستەی خاو بۆ کارگەیەکی پێشبینیی بێوچان.
لێرهوه دهتوانین بڵێین بەراوردکردنی (سەرمایەداریی چاودێری) لەگەڵ (خەونی دیجیتاڵی)ی سەرەتاییدا شیکردنەوەیەکی قووڵە، که جەخت لەسەر ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە دەکاتەوە. بەراوردکردن بە (کۆمپانیا وەک خوێنمژێک کە لەسەر ئەزموونی مرۆڤ دەژی) تهواو وهک ئهوهی زیاتر له سهدهیهک پێشتر (مارکس) به وردی ئاماژهی پیکردبوو. زۆبۆف بە لێهاتوویی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئێمە (بەکارهێنەر) نین، بەڵکوو (سەرچاوەی کەرەستەی خاو)ین[15].
دوو مۆدێرنیتە
زۆبۆف پێیوایه لە جیهاندا دوو قۆناغی سەرەکیی مۆدێرنیتە هەیە، کە شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤی گۆڕیوە. مۆدێرنیتەی یەکەم لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ و دابینکردنی پێداویستییە بنهڕهتییهکان و بە نرخێکی گونجاو بوو، کە وایکرد خەڵکێکی زۆر ببنە خاوەنی کەلوپەل و بتوانن ژیانێکی باشتر بەڕێبکەن. بەڵام مۆدێرنیتەی دووەم، کە ئێستا تێیدا دەژین، زیاتر بایەخ بە خودی تاک و ئازادییەکانی دەدات، هەرچەندە ئەمەش کێشە و ئاڵۆزییەکانی خۆی هەیە[16].
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کەسایەتییەکی وەک هێنری فۆرد تێگەیشت، کە خەڵک پێویستییان بە ئۆتۆمبێلی هەرزان هەیە. لە کاتێکدا هەمووان خەریکی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها بوون، فۆرد بیری لە جووتیار و کرێکار و کاسبکارەکان دەکردەوە، کە دەیانویست ئۆتۆمبێلیان هەبێت، بەڵام توانای کڕینی گرانبەهایان نەبوو.
بۆیه فۆرد نەک تەنها ئۆتۆمبێلی هەرزانی بەرهەمهێنا، بەڵکوو مووچەی کرێکارەکانیشی زیاد کرد. ئەو دەیزانی کە سیستەمی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ پێویستی بەوەیە خەڵک زۆربن، ههتا بتوانن ئەو بەرهەمانە بکڕن. ئەم بیرۆکەیە گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانی خەڵکدا دروست کرد[17]. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆدێرنیتەی یەکەمیش بریتی بوو له:
(بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ و نرخی کەم)، واته کەلوپەلی وەک ئۆتۆمبێل، جلوبەرگ و پێداویستی ناو ماڵ بە شێوەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنران و بە نرخی گونجاو دەگەیشتنە دەستی هەمووان. ههروهها (مووچەی بەرز و دابینکردنی کار)، که کار بۆ خەڵکێکی زۆر دابین دەکرا و مووچەی باش وەردەگیرا. هاوکات (سەقامگیری کۆمەڵایەتی)، واته خەڵک هەستێکی سەقامگیرییان هەبوو. خێزان دروست دەکرا، ماڵ و موڵک پەیدا دەکرا. له کۆتاییشدا (بوونی نیمچه سهربهخۆییهک)، واته هەرچەندە هێشتا کۆمەڵگە ڕۆڵی زۆری هەبوو، بەڵام تاکەکان لە نەریتە کۆنەکان دوور دەکەوتنەوە و دەبوونە خاوەنی ژیانێکی نوێ[18].
سهبارهت به مۆدێرنیتەی دووەمیش، که سەردەمی خود و ئاڵۆزییەکان بوو. لە نیوەی دووهمی سەدەی بیستەمەوە، ژیان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات. لەبری ئەوەی هەمووان بە یەک شێوە بژین و هەمان شت بکەن، ئێستا تاکەکان زیاتر بیر لە خود و ئازادییەکانی خۆیان دەکەنەوە[19]. که دهتوانی گرنگترین تایبهتمهندییهکانی مۆدێرنیتەی دووهمیش له دیدی زۆبۆفدا بهم شێوهیه بخهینهڕوو:
(سەروەری خود)، واته تاکەکان هەست دەکەن، کە دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن، نەک کۆمەڵگە یان نەریت. ههروهها (گۆڕانکاری لە پێداویستییەکاندا، دیاره ئێستا مرۆڤەکان تەنها بەدوای کەلوپەلی بنهڕهتییهوه نین، بەڵکوو دەیانەوێت ئەزموونی نوێ بەدەست بهێنن، فێربن، گەشت بکەن و خۆیان بدۆزنەوە. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی تەکنەلۆژیای نوێ وەک ئینتەرنێت، مۆبایل و سۆشیال میدیا. هاوکات (ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا)، که ئینتەرنێت بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ تاکەکان، ههتا بتوانن زانیاری بەدەست بهێنن، پەیوەندی بکەن و دەنگی خۆیان بگەیەنن. دواتر (ئاڵۆزی و ناڕۆشنی)، واته هەرچەندە ئەم سەربەخۆییە خۆشە، بەڵام ئاڵۆزیشی هەیە. چونکە مرۆڤ دەبێت خۆی ڕێگەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە و بڕیار لەسەر هەموو شتێک بدات و وەڵامی پرسیارەکانی خۆی بداتەوە، وەک: به چی بڕوا بکەم؟ کێم؟ دەبم به چی؟ لهکۆتاییشدا (سەرمایەداریی چاودێری)، لایەنێکی نەرێنی ئەم قۆناغە ئەوەیە، کە کۆمپانیا گەورەکان زانیاری زۆر لەسەر ئێمە کۆ دەکەنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرمایەداریی چاودێری، کە ژیانی تایبەتیمان لەژێر چاودێریدا دەبێت[20].
مۆدێرنیتەی دووەم هەرچەندە ئازادییەکی زۆری پێداوین، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ، سترێس و ناڕۆشنی. ئێمە لە نێوان چیرۆکێکی کۆنی نوێگەری و چیرۆکێکی نوێی توندوتیژیی ئابووریدا دەژین، کە ڕێگر دەبێت لەوەی ژیانێکی کاریگەر بەڕێ بکەین.
لە کۆتاییدا، ئەم دوو قۆناغەی مۆدێرنیتەی ئهوه نیشان دەدەن، کە چۆن سەرمایەداری و کۆمەڵگە لە وەڵامی پێداویستییەکانی مرۆڤدا گۆڕاون. تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە یارمەتیمان دەدات، لەوە تێبگەین که بۆچی هەندێک شتی وەک ئایفۆن و گووگڵ و فەیسبووک ئەوەندە کاریگەرییان لەسەر ژیانمان هەیە و چۆن سەرمایەداریی چاودێری دروست بووە.
میکانیزمەکانی بهرههمهێنان و کۆنترۆڵکردن
زوبۆف ئهوه ئاشکرا دهکات، کە سەرمایەداریی چاودێری گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پێکهاتە ئابوورییەکاندا دروست کردووە، بەجۆرێک کە ئەزموونە کەسییەکان بوونەتە سەرچاوەی دەرهێنان، هاوشێوەی نەوت و زێڕ. ئەم مۆدێلە بە پێشبڕکێی (زێڕی نوێ) دەشوبهێنێت، کە تێیدا داتای بەکارهێنەران خەڵاتە گەورەکەیە، لە کاتێکدا ئازادی و سەربەخۆییی مرۆڤ دەبنە زیانی لاوەکی[21].
لێرهوه پەرەسەندنی سەرمایەداریی چاودێری بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی هاتنی (زیادەی ڕەفتاری) پێویستی بە میکانیزمی نوێ هەبوو. زوبۆف پرۆسەی گۆڕینی ئەزموونی مرۆیی بۆ داتا بە چەمکی (ڕادەستکردن (Rendition پێناسە دەکات، کە سێ واتا لەخۆ دەگرێت: گۆڕینی ئەزموون بۆ داتا، ملکەچکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم پرۆسەیە و پێدانەوەی خزمەتگوزاری لە بەرامبەردا[22]. واته ئێمە (ناچارین) ژیانمان ڕادەست بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا بکەین.
ڕوونتر بنەمای سەرمایەداریی چاودێریی لەسەر کۆنترۆڵکردن و شیکردنەوەی ئەزموونی مرۆیی دامەزراوە، بۆ ئەوەی بیکاتە (داتای پێشبینی ڕەفتار). ئەم داتایانە لە بازاڕێکی نوێدا دەفرۆشرێن، کە زوبۆف ناوی دەنێت (بازاڕی داهاتووی ڕەفتار). لهم بازاڕهدا: (کهرهستهی خاو) ئەزموونی مرۆیی (کردارەکان، هەستەکان، پەیوەندییەکان، جووڵە و هەموو چالاکییەکی ئۆنلاین)ن[23]. (پرۆسە) ئەم ئەزموونانە لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکان، ئەپەکان و سێنسەرەکانەوە کۆ دەکرێنەوە و بۆ زیادەی ڕەفتاری (Behavioral Surplus) دەگۆڕدرێن. ئەمە ئەو داتایەیە کە لە پێویستییەکانی خزمەتگوزارییەکە زیاترە. (بەرهەمی پێشبینی (کە بە وردی پێشبینی دەکەن، ئێمە چی دەکەین، چی دەکڕین، یان چ هەڵوێستێک وەردەگرین[24].
بەڵام لۆژیکی سەرمایەداریی چاودێری لە قۆناغی پێشبینیکردندا نەوەستا. کێبڕکێی توند لەنێوان کۆمپانیاکاندا وایکرد، هەنگاوێکی مەترسیدارتر بنێن، ئەویش جووڵەیە لە پێشبینیکردنەوە بەرەو (کارپێکردن (Actuation یان دەستکاریکردنی ڕاستەوخۆی ڕەفتار. زوبۆف ئەمە بە (ئابوورییەکانی کردار (Economies of Action ناو دەبات[25]. ئامانج لێرەدا ئەوە نییە تەنها بزانرێت ئێمە چی دەکەین، بەڵکوو دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئێمە ئەو کارە دەکەین، کە زۆرترین قازانجی بۆ ئەوان هەیە.
لێرهدا بۆزۆف به دوو نموونەی دیار ئەم ڕاستییه ڕوون دەکاتهوە:
یاریی پۆکیمۆن گۆ (Pokémon GO، کە لەلایەن کۆمپانیای Niantic لقێکی پێشووی گووگڵەوە پەرەی پێدرا، تەنها یارییەکی ئاسایی نەبوو. بەڵکوو تاقیگەیەکی گەورە بوو، بۆ دەستکاریکردنی ڕەفتار. یارییەکە بە شێوەیەکی ستراتیژی یاریزانەکانی ئاڕاستەی (شوێنە سپۆنسەرکراوەکان) دەکرد، وەک چێشتخانەکانی ماکدۆناڵد یان قاوەخانەکانی ستارباکس، بۆ ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا پارە خەرج بکەن. یاریزانەکان وایان دەزانی یاری دەکەن، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا (بە شێوەیەکی نەرم) بەرەو ڕەفتارێکی بازرگانیی دیاریکراو هان دەدران[26].
بەلای زوبۆفهوه یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی سەرمایەداریی چاودێری ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نیمچه نەبینراو کار دەکات. ئەمەش وا لە بەکارهێنەران دەکات هەست بە ئارامییەکی درۆزنانە بکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو ئاستە بەرفراوانەی چاودێری بن، کە لە ژێریدان. ئەم میکانیزمە وا دەکات ڕەفتاری تاکەکان زۆر بە ئاسانی پێشبینی بکرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی قازانجی گەورە بۆ کۆمپانیاکان[27].
بۆ نموونە زوبۆف ئاماژە بە دوگمەی (لایک Like) لە فەیسبووک دەکات، وەک نموونەی ئامرازێکی کۆکردنەوەی داتا، کە لە ڕواڵەتدا بێ زیان دەردەکەوێت. بەڵام ئەم دوگمەیە لە ڕاستیدا یارمەتیی فەیسبووک دەدات بۆ شیکردنەوەی ئارەزوو، هەست و کارلێکەکانی بەکارهێنەران، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنکەی داتای زەبەلاح و بەکارهێنانی بۆ پێشبینیکردنی ڕیکلامی ئاڕاستەکراو. لێرهدا دهبێت لهوه ئاگادار بین، که بەتهنها لایک ناتوانێت ئاڕاستەی ئارەزووی خەڵک دیاری بکات، چونکه ئارەزوو دیاردەیەکی ئاڵۆزترە لەوەی تەنها بە لایک دیاری بکرێت.
لە ساڵی ٢٠١٢دا، فەیسبووک بە نهێنی تاقیکردنەوەیەکی لەسەر ژمارهیهکی زۆری بەکارهێنەر ئەنجام دا. بە دەستکاریکردنی ئەو پۆستانەی کە لە نیوزفیدی بەکارهێنەراندا دەردەکەوتن (زیادکردنی پۆستی ئەرێنی یان نەرێنی)، توانیان بیسەلمێنن کە دەتوانن کاریگەری لەسەر باری دەروونیی بەکارهێنەران دابنێن و هەستەکانیان بگوازنەوە[28]. ئەمە بەڵگەیەکی ڕوون بوو، لەسەر توانای ئەم پلاتفۆرمانە بۆ دەستکاریکردنی هەست و سۆزی مرۆڤ لە دوورەوە و بەبێ ئاگاداریی خۆیان.
دەسەڵاتی ئامرازی: فۆرمێکی نوێی هەژموون
دەرەنجامی لۆژیکیی ئەم سیستەمە، سەرهەڵدانی فۆرمێکی نوێی دەسەڵاتە، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی(Instrumentarian Power، ئەم دەسەڵاتە جیاوازە لە تۆتالیتاریزمی سەدەی بیستەم. تۆتالیتاریزم لە ڕێگەی توندوتیژی و ترس و ئایدیۆلۆژیاوە بۆ گۆڕینی (ڕۆحی) مرۆڤ، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی دەدا[29]. بەڵام دەسەڵاتی ئامرازی گرنگی بە (چییەتی) مرۆڤ نادات، بەڵکو ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارە لە ڕێگەی ئامرازە تەکنەلۆژییەکانەوە[30]. به واتایهکی تر (دەسەڵاتی ئامرازی) دەسەڵاتێکە کە ڕەفتاری مرۆڤ لە دوورەوە و بەبێ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی کۆنترۆڵ دەکات. لە ڕێگەی دیزاینکردنی ژینگە و هەڵبژاردەکانەوە، ڕەفتاری ئێمە (ساز و ئاڕاسته) دهکات و بەرەو ئاقارێکی دیاریکراو دەمانبات، بەجۆرێک کە هەست بە ناچارکردن ناکەین. بۆ زیاتر پهیبردن بهو (دهسهڵاته ئامرازییه) دهتوانین تایبهتمهندییه سەرەکییەکانی بهم شیوهیه ڕوون بکهینهوه:
ناهاوسەنگیی زانیاری: ئەوان هەموو شتێک دەربارەی ئێمە دەزانن، لە کاتێکدا ئێمە شتێکی ئهوتۆ دەربارەی ئەوان نازانین[31]. ئەم کەلێنە زانیارییە گەورەیە بنەمای دەسەڵاتەکەیان پێکدەهێنێت. ئەمەش پێچەوانەی خەونی سەردەمی گۆتنبێرگ بۆ دیموکراتیزەکردنی زانیارییە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمێک، کە زانیاری و دەسەڵات لە دەستی کەمینەیەکدا کۆ ببۆوە[32].
بێبایەخکردنی ویستی ئازاد: دەسەڵاتی ئامرازیی پێویستی بەوە نییە قەناعەتمان پێ بکات یان بمانترسێنێت. لە ڕێگەی دیزاینکردنی ژینگە، سنووردارکردنی هەڵبژاردنەکان و هاندانێکی نەرم (Nudging) هوه، دەتوانێت بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، ڕەفتارمان بەرەو ئاقارێکی خوازراو ببات[33].
خۆکارکردن و فراوانبوون: ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەوە کار دەکات و بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان فراوان دەبێت، لە ماڵەوە (لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکانەوە) تا دەگاتە شارەکان (لە ڕێگەی پڕۆژەکانی شاری زیرەکەوە)[34].
ئەم دەسەڵاتە نوێیە بنەمای سەروەریی تاک (Individual Sovereignty) بنکۆڵ دەکات، چونکە توانای مرۆڤ بۆ بڕیاردانی ئازاد و ئەزموونکردنی ژیانێکی ڕەسەن دەخاتە مەترسییەوە. کاتێک ڕەفتارەکانمان بە شێوەیەکی بەردەوام پێشبینی دەکرێن و ئاڕاستە دەکرێن، چ بۆشایییەک بۆ ئیرادەی ئازاد و خۆبوون دەمێنێتەوە؟ واته ئەم سیستەمە توانای تاک بۆ بڕیاردانی ئازاد و سەربەخۆ لاواز دەکات، چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام و شاراوە کار لەسەر هەڵبژاردن و هەستەکانمان دەکات[35].
هەڕەشەکان
کاریگەرییەکانی سەرمایەداریی چاودێری لە سنووری ژیانی تایبەتی تاکدا نامێنێتەوە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی دیموکراسی. دهتوانی گرنگترین ههڕهشهکان لهم خاڵانهدا چڕ بکهینهوه:
داخورانی تایبەتمەندی: زوبۆف جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کێشەکە تەنها لەدەستدانی زانیاریی نهێنی نییە. تایبەتمەندیی ئەو (بۆشایییە پیرۆزە)یە کە مرۆڤ تێیدا دەتوانێت بەبێ فشاری دەرەکی بیر بکاتەوە، هەست بکات و خۆی بونیاد بنێت. لەناوچوونی ئەم بۆشایییە واتە لەناوچوونی توانای گەشەکردنی کەسایەتییەکی سەربەخۆ[36]. واته زوبۆف جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەرمایەداریی چاودێری کاریگەریی مەترسیداری لەسەر تایبەتمەندیی کەسی هەیە. پرۆسەی بەردەوامی دەرهێنانی داتا—لە تۆمارەکانی گەڕانەوە تا خووەکانی کڕین—دەبێتە هۆی سڕینەوەی سنوورەکانی نێوان ژیانی گشتی و تایبەت. لە ئەنجامدا، بەکارهێنەران دەکەونە ژێر چاودێرییەکی هەمیشەیی لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە کە بۆ مەبەستی بازرگانی دەست دەخەنە ناو ژیانی تایبەتیانەوە.
یەکێک لەو نموونانەی زوبۆف تیشکی دەخاتە سەر، چۆنیەتیی بەکارهێنانی نەخشەکانی گووگڵ (Google Maps)ە بۆ بەدواداچوونی شوێنی جوگرافیی بەکارهێنەران. زۆر کەس ئاگادار نین کە گووگڵ داتا جوگرافییەکانیان کۆ دەکاتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵیدەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی نەخشەی وردی جووڵەی تاکەکان، کە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئازادیی تاکەکەسی، چونکە ژیانی تایبەت بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بەردەست دەکات.
بهمشێوهیه زوبۆف ئهوه نیشان دەدات کە سەرمایەداریی چاودێری مرۆڤ بۆ ئاستی چەند خاڵێکی داتا کورت دەکاتەوە، کە لە بازاڕە دیجیتاڵییەکاندا ئاڵوگۆڕیان پێوە دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بنکۆڵکردنی کەرامەتی مرۆیی و سەربەخۆییی تاکەکەسی، چونکە بەکارهێنەران تەنها وەک سەرچاوەی داتا بۆ کۆمپانیاکان دەمێننەوە.
هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی: کاتێک (دەسەڵاتی ئاڕاستەکردنی ڕەفتار) دەکەوێتە دەست چەند کۆمپانیایەکی کەمەوە، پرۆسەی دیموکراتی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئابڕووچوونەکەی کەمبریج ئەنالیتیکا (Cambridge Analytica) نموونەیەکی زەقە. لەم کەیسەدا، داتای ملیۆنان بەکارهێنەری فەیسبووک بۆ دروستکردنی پڕۆفایلی دەروونیی ورد بەکارهێنرا و پاشان ئاڕاستەکردنی پەیامی سیاسیی تایبەتمەند بۆیان، بە مەبەستی کارکردن لهسەر بڕیاری دەنگدانیان[37]. ئەمە تەنها ڕیکلامی سیاسی نییە، بەڵکو دەستکاریکردنێکی شاراوەی ڕای گشتییە، کە بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەشێوێنێت. واته کاتێک کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کۆنترۆڵی ئەوە دەکەن کە بەکارهێنەران چی دەبینن و کەی دەیبینن، ئەوا کاریگەری لەسەر تێڕوانینیان بۆ واقیع دادەنێن، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی چەواشەکردنی ڕای گشتی و کارکردنە سەر پرۆسە دیموکراتییەکان.
گۆڕینی حوکمڕانیی دیموکراتی بە حوکمڕانیی ئەلگۆریتمی: پڕۆژەی وەک Sidewalk Labsی گووگڵ لە شاری تۆرۆنتۆ، کە هەوڵی بەڕێوەبردنی بەشێکی شارەکەی دەدا، نموونەی داهاتوویەکی مەترسیدارە. لەم مۆدێلەدا، بڕیارە گرنگەکانی ژیانی هاوبەش (وەک پلاندانانی شار، ئاستی ژاوەژاو، و هاتوچۆ) لە پرۆسەیەکی دیموکراتی و گفتوگۆی گشتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەلگۆریتمەکان، کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کۆنترۆڵ کراون[38]. ئەمەش واتە جێگرتنەوەی سیاسەت بە (حسابکردن (Computation، کە تێیدا بەرژەوەندیی بازرگانی جێگەی بەرژەوەندیی گشتی دەگرێتەوە.
جێی سەرنجە، وەک زوبۆف ئاماژەی پێدەدات، لۆژیکی سەرمایەداریی چاودێری لە ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ قازانجی بازرگانی بەکار دێت، لە کاتێکدا لە چین (بۆ نموونە، سیستەمی (قەرزی کۆمەڵایەتی) هەمان میکانیزم بۆ کۆنترۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەلایەن دەوڵەتێکی تۆتالیتارەوە بەکار دەهێنرێت[39]. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە (دەسەڵاتی ئامرازی) دەتوانێت خۆی لەگەڵ سیستەمە سیاسییە جیاوازەکاندا بگونجێنێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا دژ بە ئازادیی مرۆڤ کار دەکات.
چارەسەرەکان و ڕێگەی داهاتوو
زۆرێک لەو چارەسەرانەی کە تا ئێستا پێشنیار کراون، وەک یاسای گشتیی پاراستنی داتا (GDPR) لە ئەوروپا[40]، بە بڕوای زوبۆف کێشە سەرەکییەکە چارهسهر ناکهن. ئەم یاسایانە تەرکیز لهسەر (خاوەندارێتیی داتا) و (ڕەزامەندیی بەکارهێنەر) دەکەنەوه. بەڵام کێشەکە زۆر لەوە قووڵترە. چونکه چەمکی ڕەزامەندی لەم سیستەمەدا واتایەکی نییە. ئێمە ڕووبەڕووی پەیماننامەی بەکارهێنەری درێژ و ئاڵۆز دەبینەوە، کە کەس نایخوێنێتەوە، چونکه ئەگەر ڕازی نەبین، لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بێبەش دەبین.
لهوهش گرنگتر، کێشەکە خودی ئەو داتایە نییە کە ئێمە (دەیدەین)، بەڵکوو ئەو (بەرهەمە وەرگیراوانە)ن (Derivative Products) کە لە (زیادەی ڕەفتاری) دروست دەکرێن[41]. تەنانەت ئەگەر ١٠٠% کۆنترۆڵی داتا کەسییەکانی خۆشمان هەبێت، ئەمە ناتوانێت ڕێگری لە دروستکردنی بەرهەمی پێشبینی بکات.
بۆیە، چارەسەری ڕاستەقینە لە دیدی زوبۆفدا، خاوەندارێتی داتا نییە، بەڵکو قەدەغەکردنی خودی پرۆسەی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی (زیادەی ڕەفتاری)یە بۆ مەبەستی پێشبینی و دەستکاریکردن. ئەمە پێویستی بە جووڵەیەکی سیاسی و یاساییی گەورە هەیە، کە دان بەوەدا بنێت، ئەزموونی مرۆیی ناکرێت ببێتە کەرەستەی خاو بۆ بازاڕ. پێویستە یاسای نوێ دەربکرێت، کە مافی مرۆڤ بۆ (داهاتوویەکی نەزانراو) و (پەناگەیەکی تایبەت) بپارێزێت.
ڕەخنە و پرسیارەکان
یەکەم: نووسەر زۆر بە خێرایی لە سەرکەوتنی ئەپڵەوە بۆ چەمکی (سەرمایەداریی چاودێری) باز دەدات[42]، بەبێ ئەوەی بە وردی ڕوونی بکاتەوە، کە چۆن سەرکەوتنی ئەپڵ ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی سەرمایەداریی چاودێری. هەرچەندە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەمان مەرجە مێژوویییەکان بۆ هەردووکیان یارمەتیدەر بوون، بەڵام پێویستی بە شیکردنەوەیەکی قووڵتر هەیە، سەبارەت بە میکانیزمی بەستنەوەی سەرکەوتنی ئەپڵ بە کۆکردنەوە و بەکارهێنانی داتای تاکە کەسی بۆ قازانج.
دووەم: نووسەر کاتێک باس لە (هاکی ئەپڵ) دەکات، وای پیشان دەدات، کە ئەپڵ توانیویەتی (سهرمایهداری هاک بکات) و سیستەمێکی نوێی ئابووری بهێنێتە ئاراوە[43]. بەڵام، ئەم بۆچوونە تا ڕادەیەک زیادەڕەوییە، چونکە ئەپڵ، هەرچەندە داهێنەر بوو، بەڵام لە چوارچێوەی هەمان سیستەمی سەرمایەداریدا کاری دەکرد و ئامانجی سەرەکی قازانج بوو. جیاوازییەکە لە شێوازی قازانجکردنەکەدا بوو، نەک لە گۆڕینی بنەمای سەرمایەداری خۆی. دەبوو نووسەر بە وردتر ئاماژەی بەوە بدایە کە چۆن ئەپڵ بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی قازانج توانیویەتی مۆدێلی بازرگانی و تەکنەلۆژیا پێکەوە ببەستێتەوە، نەک گۆڕینی بنەماکانی سەرمایەداری.
سێیەم: نووسەر بۆ شیکردنەوەی پێویستییەکانی مرۆڤ و پەیوەندی بە گۆڕانکارییە ئابوورییەکانەوە، زۆر بە بەهێزی پشت بە قسەکانی ئێمیل دۆرکهایم (Emile Durkheim) دەبەستێت. هەرچەندە دۆرکهایم کۆمهڵناسێکی گهوره و گرنگە، بەڵام پشت بەستنی تەواو بە تیۆرییەکانی، ڕەنگە دەقەکە تا ڕادەیەک لە شیکردنەوەی بوارەکانی دیکەی کاریگەر دووربخاتەوە، وەک کاریگەرییە سیاسییەکان و هێزی دەسەڵات لە گۆڕینی ئاراستەی تەکنۆلۆژیا و ئابووریدا. بۆ نموونە، لە ئاراستەکردنی گەشەسەندنی تەکنۆلۆژی و ئابووریدا کەمتر باس لە ڕۆڵی حکومەت و ڕێکخستنەکان (regulations) دەکرێت.
چوارەم: نووسەر باس لەوە دەکات کە (مۆدێرنیتەی دووەم) هێزی تاک (individual) زیاد دەکات و هەستی خۆدۆزینەوە و ئازادی بە مرۆڤ دەبەخشێت[44]. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی نادڵنیایی و دڵهڕاوکێ. دەبوو نووسەر وردتر ئەو لایەنە نەرێنییانەی شیکار بکردایە، کە چۆن ئەم مۆدێرنیتەیە، کە وادەزانرێت ئازادی بە تاک دەبەخشێت، لە ڕاستیدا دەتوانێت بیخاتە ژێر چاودێریی و کۆنترۆڵی سەرمایەداری چاودێرییەوە و چۆن ئەو هەستەی ئازادی لەوانەیە تەنها وەهمێک بێت.
ئەنجام
ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی قووڵ و ڕەخنەگرانە چەمکی (سەرمایەداریی چاودێری)ی شوشانا زوبۆفی وەک لۆژیکێکی نوێی دەسەڵات لە سەدەی بیست و یەکدا شیکردهوە. دهتوانین گرنگترین ئهنجامهکان لهم خاڵانهدا چڕ بکهینهوه:
- توێژینەوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سەرمایەداریی چاودێری تەنها مۆدێلێکی بازرگانیی دیجیتاڵی نییە، بەڵکو سیستەمێکی ئابووری- سیاسیی سەربەخۆیە، کە لەسەر بنەمای دەرهێنانی (زیادەی ڕەفتاری) لە ئەزموونی مرۆیی دامەزراوە. ئەم زیادەیە بۆ (بەرهەمی پێشبینی) دەگۆڕدرێت، کە لە (بازاڕی داهاتووی ڕەفتار)دا دەفرۆشرێت، بەمەش ڕەفتاری مرۆڤ دەبێتە کاڵایەکی سەرەکیی بازرگانی. گووگڵ وەک داهێنەر و پێشەنگی ئەم مۆدێلە دەستنیشان دەکرێت، کە لە دۆخێکی نائاسایی ئابووریدا و بۆ قازانج، دەستی بە بەکارهێنانی داتای پاشەڕۆ بۆ پێشبینیکردنی ڕەفتار کرد، نەک تەنها باشترکردنی خزمەتگوزاری.
- خاڵێکی وەرچەرخان لە سەرمایەداریی چاودێریدا بریتییە لە گۆڕانی ئامانج لە تەنها پێشبینیکردنی ڕەفتارەوە بۆ (کارپێکردن) یان (ئاڕاستەکردنی) ڕەفتار. ئەمە لە ڕێگەی (ئابوورییەکانی کردار)ەوە بەدی دێت، وەک نموونەی یاریی پۆکیمۆن گۆ (Pokémon GO) و تاقیکردنەوەی گواستنەوەی هەستەکانی فەیسبووک. ئەمەش واتە کۆمپانیاکان نهک به تەنها دهزانن ئێمە چی دەکەین، بەڵکو ژینگەی دیجیتاڵیی بە شێوەیەک دیزاین دەکەن، کە ناچارمان بکات ئەو ڕەفتارانە بکەین، کە بۆ ئەوان قازانج بەخشە، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین.
- سەرمایەداریی چاودێری دەسەڵاتێکی نوێی بەرهەمهێناوە، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی (Instrumentarian Power ئەمە (فۆرمێکی کۆنترۆڵ)ه، کە جیاوازە لە تۆتالیتاریزم، چونکە پشت بە توندوتیژیی یان ئایدیۆلۆژیا نابەستێت، بەڵکوو لە ڕێگەی (ناهاوسەنگیی زانیاری) و (بێبایەخکردنی ویستی ئازاد) و (خۆکارکردن)ەوە ڕەفتار کۆنترۆڵ دەکات. ئەم دەسەڵاتە بە شێوەیەکی شاراوە و هێمنانە کار دەکات، توانای مرۆڤ بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ و ئەزموونکردنی ژیانێکی ڕەسەن بنکۆڵ دەکات.
- تایبەتمەندیی کەسی تەنها لەدەستدانی زانیاریی نهێنی نییە، بەڵکوو لەدەستدانی (بۆشایییە پیرۆزەکە)یە، بۆ گەشەکردنی خودی سەربەخۆ. سەرمایەداریی چاودێری مرۆڤ دەکاتە چەند خاڵێکی داتا و کەرامەتی مرۆیی دەخاتە ژێر پێ.
سهبارهت بهمەترسیش بۆ سەر دیموکراسی، ئهوا دەستکاریکردنی ڕەفتاری دەنگدەران لە ڕێگەی داتاوە، وەک لە کەیسی کەمبریج ئەنالیتیکادا بینرا، بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد دەشێوێنێت. گۆڕینی حوکمڕانیی دیموکراتی بە حوکمڕانیی ئەلگۆریتمی (پڕۆژەکانی شاری زیرەک)، دەسەڵات لە دەست هاووڵاتییانەوە بۆ کۆمپانیاکان دەگوازێتەوە.
- لۆژیکی سەرمایەداریی چاودێری لە ڕۆژئاوا بۆ قازانجی بازرگانی و لە وڵاتانی وەک چین بۆ کۆنترۆڵی سیاسیی تۆتالیتاریانە بەکار دەهێنرێت، کە نیشاندەری توانای ئەم دەسەڵاتەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمە جیاوازەکاندا.
- چارەسەرە هەنووکەیییەکان وەک (GDPR) کە تەرکیزیان لەسەر خاوەندارێتیی داتا و ڕەزامەندییە، بە بڕوای زوبۆف ناکامن. چونکە کێشەکە لە (زیادەی ڕەفتاری) و (بەرهەمە وەرگیراوەکان)دایە، کە لەو داتایانەوە دروست دەکرێن. بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕاستەقینە پێویستی بە قەدەغەکردنی خودی پرۆسەی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی (زیادەی ڕەفتاریی) بۆ مەبەستی پێشبینی و دەستکاریکردن هەیە. ئەمە داوای جووڵەیەکی سیاسی و یاسایی گەورە دەکات بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ (داهاتوویەکی نەزانراو) و (پەناگەیەکی تایبەت).
- سەرمایەداریی چاودێری دیاردەیەکی مێژوویی و تەکنەلۆژی نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی سیاسی و ئابووریی نوێیە، کە وەک وەرچەرخانێکی مۆدێرنیتەی دووەم سەریهەڵداوە. دەرئەنجامەکانی ئەم سیستەمە قووڵ و گشتگیرن، کاریگەریی لەسەر خودی مرۆڤبوون، ئیرادەی ئازاد، تایبەتمەندی و بنەماکانی دیموکراسی دادەنێت. تێگەیشتنێکی ڕەخنەگرانە و بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕیشەیی ئەم دیاردەیە، لە ڕێگەی یاسادانانی نوێ و هۆشیاریی گشتییەوە، چارەنووسی کۆمەڵگە ئازادەکان و پێناسەی مرۆڤ لەم سەردەمە دیجیتاڵییەدا یەکلایی دەکاتەوە.
- لە کۆتاییدا، تێگەیشتن لە سەرمایەداریی چاودێریی یەکەم هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی. وەک زوبۆف دەڵێت، ئەمە جهنگێکه، کە ناکرێت بە تەنها و بە شێوەی تاکەکەسی بەرپەرچ بدرێتەوە. بەڵکوو پێویستی بە هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی و ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز هەیە، بۆ داڕشتنەوەی یاسا و ڕێسای نوێ، کە تەکنەلۆژیا بخاتەوە خزمەتی مرۆڤایەتی، نەک قۆستنەوەی. داهاتووی کۆمەڵگە دیموکراتییەکان و واتای (مرۆڤبوون) لەم سەردەمە دیجیتاڵییەدا، بەندە بە توانای ئێمەوە بۆ بردنەوەی ئەم جهنگه.
سهرچاوهکان
- هانا ئارێنت: بنهماکانی توتالیتاریزم، و: حهمه ڕهشید، دهزگای چاپ و پهخشی سهردهم، چاپی یهکهم، سلێمانی، 2007.
- محمد محمد صالح: تاریخ اوربا من عخر النهضة و حتی الثورة الفرنسیة 1500- 1789، دار الجاحظ للطباعة و النشر، بغداد، 1982.
- مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف: رأسمالية المراقبة تُحوِّل الحياة إلى مادّة أوليّة طَوْعَ مصالحها، ت: يحيى بوافي،
- https://www.mominoun.com/articles/7014 حوار-مع-شوشانا-زوبوف-رأسمالية-المراقبة-تحول-الحياة-إلى-مادة-أولية-طوع-7014
- Joe Westby: ‘The Great Hack’: Cambridge Analytica is just the tip of the iceberg, (https://www.amnesty.org/en/latest/news/2019/07/the-great-hack-facebook-cambridge-analytica/), (3/9/ 2025).
- Matiur Rahman: Surveillance capitalism: exploring the erosion of privacy in the digital age, (https://thefinancialexpress.com.bd/views/views/surveillance-capitalism-exploring-the-erosion-of-privacy-in-the-digital-age), (31/8/2025).
- Sébastien Broca: (t: Renuka George), Surveil and Predict, (About: Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism. The Fight for a Human Future at the New Frontier of Power, Public Affairs, (https://laviedesidees.fr/Surveil-and-Predict), (25/8/2025).
- Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Power (New York: PublicAffairs, 2019.
- Shoshana Zuboff: Surveillance Capitalism and the Challenge of Collective Action, (https://www.oru.se/contentassets/981966a3fa6346a8a06b0175b544e494/zuboff-2019.pdf), (3/9/2025).
- General Data Protection RegulationGDPR: (https://gdpr-info.eu/).
تێبینی:
- سوپاسی هاوڕێی ئازیزم مامۆستا (دهحام محهمهد) دهکهم، که ئهرکی پێداچوونهوهی توێژینهوهکهی گرته ئهستۆ و کۆمهڵه سهرنجێکی پێویست و گرنگی پێدام، که ههندێک له کهموکوڕییهکانی توێژینهکهی پڕکردهوه.
- لێرهدا دهبێت ئاماژه بهوه بکهم، که ئهو کتێبهی من پشتم پێبهستووه، ئهوه بووه که له ئینتهرنێتدا بهردهست بوو، بهڵام بهشێوهیهک سکان کرابوو، که هیچ لاپهڕهیهکی له خوارهوه دهرنهچوو بوو و لاپهڕهکان درابوونه دهم یهک، بۆێه من لهپهرهکانم بهپێی لاپهڕهی فایله ئهلکترۆنییهکه نووسیوه و له ئینتهرنێتدا بهردهسته. بهستهری کتێبهکه:
[1] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Power (New York: PublicAffairs, 2019), p 11.
[2] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Power (New York: PublicAffairs, 2019), p 11.
[3] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Power (New York: PublicAffairs, 2019), p 18.
[4] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 11.
[5] ) ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 14.
[6] ) Sébastien Broca: Surveil and Predict
About: Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism. The Fight for a Human Future at the New Frontier of Power, Public Affairs, t: Renuka George, (https://laviedesidees.fr/Surveil-and-Predict), (2/9/2025).
[7] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 11.
[8] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 26.
[9] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 26.
[10] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 26.
[11] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف: رأسمالية المراقبة تُحوِّل الحياة إلى مادّة أوليّة طَوْعَ مصالحها، ت: يحيى بوافي،
[12] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 63.
[13] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[14] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[15] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 14.
[16] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 28.
[17] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 29.
[18] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 30.
[19] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 31.
[20] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 31.
[21] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[22] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[23] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 15.
[24] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[25] ) Shoshana Zuboff: Surveillance Capitalism and the Challenge of Collective Action, (https://www.oru.se/contentassets/981966a3fa6346a8a06b0175b544e494/zuboff-2019.pdf), (3/9/2025).
[26] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 14.
[27] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[28] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[29] ) بڕوانه: هانا ئارێنت: بنهماکانی توتالیتاریزم، و: حهمه ڕهشید، دهزگای چاپ و پهخشی سهردهم، چاپی یهکهم، سلێمانی، 2007.
[30] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[31] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 15.
[32] ) محمد محمد خالح: تاریخ اوربا من عخر النهضة و حتی الثورة الفرنسیة 1500- 1789، دار الجاحظ للطباعة و النشر، بغداد، 1982، ص 76.
[33] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[34] ) پڕۆژەکانی شاری زیرەک (Smart City Projects) بریتیین لەو هەوڵانەی کە بۆ باشترکردنی ژیان و خزمەتگوزارییەکان لە شارێکدا، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکار دەهێنن . ئەم پڕۆژانە دەتوانن کۆمهڵه بوارێکی زۆر بگرنەوە، وەک: (هاتوچۆی زیرەک) کە سیستەمی هاتوچۆی خۆکار، ڕووناککردنەوەی شەقامەکان بەپێی پێویست، ئۆتۆمبێلی خۆکار بەکار دەهێنرێت. (بەڕێوەبردنی وزە)، سیستەمی وزەی نوێبووەوە، بینای زیرەک، کە وزە بە شێوەیەکی کارا بەکار دەهێنن. (ئاسایش و چاودێری) کە کامێرای زیرەک، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی خێرا لەخۆ دەگرێت. (خزمەتگوزارییە گشتییەکان)یش کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک بە شێوەیەکی زیرەک، باشترکردنی کوالێتی هەوا و ئاو دەگرێتەوە. (ژێرخانی پەیوەندی)ش تۆڕی ئینتەرنێتی خێرا و فراوان (5G)، سێنسەری جۆراوجۆر کە داتا کۆدەکەنەوە. واتە بەکورتی شارەکان (لە ڕێگەی پڕۆژەکانی شاری زیرەکەوە) ئاماژەیە بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو خۆکارکردن و فراوانبوونە تەکنەلۆژیاییە لە ئاستی شاردا، بۆ ئەوەی ژیان ئاسانتر و کاراتر بێت بۆ دانیشتووان.
[35] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[36] ) Matiur Rahman: Surveillance capitalism: exploring the erosion of privacy in the digital age, (https://thefinancialexpress.com.bd/views/views/surveillance-capitalism-exploring-the-erosion-of-privacy-in-the-digital-age), (31/8/2025).
[37] ) Joe Westby: ‘The Great Hack’: Cambridge Analytica is just the tip of the iceberg, (https://www.amnesty.org/en/latest/news/2019/07/the-great-hack-facebook-cambridge-analytica/), (3/9/ 2025).
[38] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[39] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[40] ) General Data Protection RegulationGDPR: (https://gdpr-info.eu/).
[41] ) مارتن لوغرو: حوار مع شوشانا زوبوف.
[42] ) ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 27.
[43] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 26.
[44] ) Shoshana Zuboff, The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for a Human Future at the New Frontier of Powe), p 27..