هەژموونی پۆپۆلیزم و بێبەهاکردنی بەیەکەوەبوون

'' دۆزی ئەو ماوەی کورد – ئێزیدی''

          لە دوو هەفتەی ڕابردوو، شایەتی دوو دیمەنی دوو نمایشی جیاوازی سەیر و تراژیدی بووین، کە لە ڕووکەشدا وا دەردەکەون ئاسایی بوون، بەڵام لە کڕۆکدا ئاماژە بوون بۆ قەیرانێکی قووڵ، کە پەیوەستە بە سروشتی ئەو گوتارەی لە ”کوردستانی فرەڕەنگ” و ”عێراقی فرەجۆر”دا هەژموونی هەیە. دیمەنی یەکەم لە موسڵ بوو، پارێزگار وتارێکی خۆی بە دەستەواژەیەکی باوی ئیسلامی دەست پێ کرد و ”نەعوزوبیللا”ی کرد و نەفرەتی لە شەیتان کرد، پاشان پۆزشی بۆ ئێزیدیان هێنایەوە، کە لە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکەی ئەودان؛ گوایە درکی بەوە کردووە ئەمە لێدانی تایبەتمەندیی ئایینییانە. بەڵام پۆزشەکە وەک هەنگاوێکی ڕێزگرتن نەخوێندراوە، بەڵکوو وەک خیانەت لە باوەڕی زۆرینە و خۆچەماندن بۆ باوەڕێکی نەفرەتی وێناکرا و ڕەشەبایەکی دیجیتاڵی هەڵیکرد. بۆیە لە کۆتاییدا پارێزگار داوای لێبوردنی کرد لەوەی داوای لێبوردنی لە ئێزیدیان کردووە. دیمەنی دووەم وەرزشی بوو: یانەی دهۆک درێسی نوێی تیمە جیاوازەکانی بۆ ئەمساڵ نمایش کرد، لە سەریدا ڕەمزی خۆری ئێزیدیان هەبوو، ڕەمزێکی کولتووری کە ڕەنگدانەوەی هەبوونی ئێزیدییانە لە شارەکە. دیسان گوتاری پۆپۆلیستی دیجیتاڵی بەگەڕ کەوت؛ ئەمە ڕەمزێکی نامۆ و هەڕەشەیە و لەگەڵ بیروباوەڕی زۆرینە نایەتەوە و سووکایەتییە بەم باوەڕە. یانەکە هەر زوو کەوتە خۆ و درێسەکەی کێشایەوە و یەکێکی نوێی خستە بازاڕەوە؛ خۆری ئێزیدییانی گۆڕیەوە بە خۆرەکەی ناو ئاڵای کوردستان.

          ئەم دوو ڕووداوە هەر تەنیا بە ڕەوشێکی هەنووکەییانە گرێدراو نەبوون؛ مەسەلەیەکی پرۆتۆکۆڵیانە یاخود ئێستاتیکای دیزاینکردنی درێسێکی وەرزشی نەبوو، بەڵکوو ئاماژەی ڕوون بوون بۆ ئەوەی ئێمە لە سەردەمێکداین چیتر گوتار دەستەبژێرانە نابێتەوە، بەڵکوو گوتاری پۆپۆلیزمی ئەلیکترۆنی دەسەڵاتێکی هەژموونگەرای هەیە و بەرزەفتی زەینی مرۆڤەکانی کردووە، تا ئاستێک کە بە ئاسانی دەتوانێت خۆی بەسەر دەزگای دەوڵەتی و دەستەبژێرەوە بسەپێنێت و ناچار بن لەگەڵ ئەم گوتارەدا ڕێک بێنەوە. پۆزشی پارێزگار، کە لە بنەڕەتدا پۆزشهێنانەوە کردەیەکی باڵای ڕەوشتییە، ماناکانی پووچەڵ کرایەوە و بووە خیانەتکاری. ڕەمزی خۆریش، کە گوزارەی لە ناسنامەیەکی ڕەسەنی ئایینی دەکرد، لە دەلالەتەکانی بەتاڵ کرایەوە و وەک سووکایەتی و هەڕەشە نوێندرا. کەواتە ئەوەی ڕوویدا، بەو لۆژیکە نێوخۆیییەی سۆشیال میدیا کاری پێ دەکات، تیژتێپەڕ نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی هەمەکییە، کە ڕێساکانی ئەم لۆژیکە پێیەوە پابەندە و بە ڕوونی پێمان دەڵێت گوتاری پۆپۆلیستی دیجیتاڵییانە ئەوەندە هەژموونی کردووە، دەتوانێ دەسەڵات و دەستەبژێر ملکەچی خۆی بکات و بەو چەشنە ئاڕاستەیان بکات، کە خۆی سەپاندوویەتی.

          بێگومان ئەم وەرچەرخانە دەشێ لەو چوارچێوە تیۆرییەی بۆ پۆپۆلیزم هەیە وردتر بخوێندرێتەوە. بەتایبەت ئەگەر دەبینین پۆپۆلیزم وەک لۆژیکێکی گوتارییانە دەناسێنرێت، کە جارێکی تر دەمانباتەوە سەر دووانەی کلاسیکی ”جڤاکی ڕاستەقینە” و ”ئەوی تر”ەوە( Panizza & Stavrakakis ,2020). لە ناوکۆ کوردی – ئێزدییەکەدا، ئەو پڕۆسێسی دووانەسازییە وێنەیەک بە جڤاک پیشان دەدات، کە پشت بە ڕەگەزی ئیتنی – ئایینی بەستووە، تێیدا ئێزیدی وەک ”ئەوی ترێکی نێوخۆیی” جێگیر دەکرێت، ئەوی ترێک تەنیا ئەوکاتە خۆماڵی دەبێتەوە، ئەگەر قەبوڵی ڕەمزە هەژموونگەراکانی جڤاکی گشتی بکات. بەڵام هەر کاتێک دەست بە ڕەمزەکانی خۆی بگرێت، بە سانایی وەلا دەنرێت و دەبێتەوە ئەوی ترە نەخوازراو و نەویستراوەکەمان. لەم سۆنگەوە و لە ئاستە پۆپۆلیستییەکەدا، پۆزشهێنانەوە بۆ ئێزیدیان یاخود داننان بە ڕەمزە ئایینییەکەیان، هاوشێوەی کردەی دانپێدانان بە هەبوونیان نییە، بەڵکوو خیانەتکاری و هەڕەشەیە. هەر ئەوەش دەشێ شرۆڤەی ڕەشەبا دیجیتاڵییەکە بکات، کە ئاکامەکەی کشاندنەوەی داوای لێبوردنەکە و سڕینەوەی ڕەمزەکە بوو.

          هەموو ئەمەش پێمان دەڵێت، وەک توێژەرێکیش دروست بۆی چووە، پۆپۆلیزم کار بۆ داخستنی کۆناسنامە بەسەرخۆیدا دەکات، بەتایبەت ئەگەر دێت ئەو ڕەمزانەی لەگەڵ گێڕانەوەی زۆرینە ناگونجێت توڕهەڵدەدا و وەلا دەنێت (Kaya, 2019). لە ژینگەی دیجیتاڵیشدا ئەم لۆژیکە، بەهۆی دینامیکای سۆشیال میدیاوە، بە ئاسانی گەورە دەکرێت و توڕەیی و ئیرەییی ناسنامەیییانە دەکاتە هێزێکی ئەوتۆی فشار، کە دەستەبژێر ناچار بەوە دەکات گوێڕایەڵ بێت و پاشەکشە بکات لەوەی هەڵوێستێکی هەبێت. لێرەوە، پۆپۆلیزم، هەر تەنیا گوتارێکی دژە کەمینە نییە، بەڵکوو ئامرازی هەژموونی ڕەمزییانەشە، بە ئاسانی دەتوانێت هەر جودابوونێکی ئایینی یاخود کولتووری، وەک مەترسییەک بۆ سەر خەیاڵدانی دەستەجەمعی بنوێنێت.

          سۆشیال میدیا ئەم لۆژیکەی گەورەتر کردووە. وەک گێرباودۆ (2018) ڕوونی دەکاتەوە، “ئاشنایەتییەکی خوازیارانە” لە نێوان پۆپۆلیزم و سۆشیال میدیادا هەیە، چونکە پلاتفۆرمەکان دەبنە فەزای ڕاکێشانی کۆهەستەکان و گوتاری پۆپۆلیستی دیجیتاڵی دۆخی ئاوا بە ئاسانی ئاڕاستە دەکات. لە هەردوو ڕووداوەکەی سەرەوە، چاوخشانێکی خێرا بە پۆست و کۆمێنتەکان، ڕوونی دەکاتەوە چەندە هەڵوێستە ڕەمزییەکان بە زمانێک بارگاوی کرابوون، کە ماناکانی “هەڕەشە”، “خیانەت” و “سەرشۆڕکردن” دووبارە دادەڕێژێتەوە. داوای لێبوردن بە “خۆچەماندنەوەی زەلیلانە” و “ملکەچبوون بۆ کەمینەیەک” وەسف کراوە، ڕەمزی خۆری لالەشیش وەک “خۆرێکی سەیر” یان “وێنەیەکی ناجۆر” لە چوارچێوە دراوە. ئەم زمانە هیچ بوارێک بۆ دانپێدانانی یەکتر ناهێڵێتەوە، هەر هاوسۆزییەک بەرامبەر بە ئێزیدییەکان و جەختکردنەوە لەسەر هاوبەندی، وەک خیانەتکردن لە زۆرینە دەنوێنرێت. ئەمە، لە ڕوانگەی پیێر بۆردیۆ (١٩٩٤)، بەرجەستەی فۆرمێک لە “توندوتیژیی ڕەمزی” دەکات، کە ئەوی تر نەک بە هێزی ڕاستەوخۆ، بەڵکو لەمیانەی داماڵینی ڕەوایەتی لە ڕەمز و هێماکان و بەتاڵکردنەوەیان لە ماناکانیان، دەردەکەوێت. لێرەدا خۆمان لەبەردەم ئەوەدا دەبینینەوە، کە هەر بۆردیۆ بە “توندوتیژیی ڕەمزی” ناوی دەبات: دەسەڵاتێک، نەک لە ڕێگەی سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆوە، بەڵکوو بە کۆنتڕۆڵکردنی مانای خودی ڕەمزەکە پەیڕەو دەکرێت. بینیمان بەو زمانەی بەکاری هێنا، مافی نوێنەرایەتیکردنی ئێزیدی لە ڕێگەی ڕەمزەکانیانەوە زەوت کرا و وەک گروپێک دووبارە بونیادنرانەوە، کە بۆ دەرکەوتن و هەبوونیان لەنێو گوتاردا پێویستیان بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی زۆرینە هەیە. خۆ شیکارییەکی گوتاری ئەم زمانە بە ڕوونی دەریدەخات، کە بریتییە لە زمانی هەڕەشە (وێناکردنی دانپێدانان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر جڤاک)، زمانی تەخوین (پۆزشهێنانەوە بۆ ئێزیدی وەک سەرشۆڕی و خۆزەلیلکردن) و زمانی وەلانان (سەندنەوەی ڕەوایەتی بە ڕەمزی ئایینی، بە بیانووی نەگونجان و بریندارکردنی هەستی گشتی). هیچ کامێک لەم کردەوانەش هەڕەمەکی و بێ پاشخان نین، بەڵکوو بەشێکن لەو میکانیزمەی پۆپۆلیزم کاری پێ دەکات؛ جیاوازبوونی ”ئەوی تری نێوخۆیی”،  بە بەتاڵکردنەوەی ڕەمز و هێماکانی لە مانا دروستەکانیان و گۆڕینی بۆ بابەتی تۆمەتبارکردن، نەفی دەکاتەوە و دەیانسڕێتەوە.

          لە ڕووی سۆسیۆلۆگییەوە، وەک لەمێژە دۆرکهایم (٢٠١٩) جەختی لەسەر کردۆتەوە، کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی ڕەمزە هاوبەشەکانەوە هاوبەندیی خۆیان بنیات دەنێن. بەڵام ئەوەی ڕوویدا دەریدەخات، کە چۆن ڕێ لە کەمینە دەگیرێت ڕەمزەکانی لەنێو کایەی گشتیدا جێگەی ببێتەوە، بەمەش لە بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی مانا دەستەجەمعییەکان دوور دەخرێنەوە. ئەم دەرکردن و وەلانانەش پێکەوەژیان ئاڵۆزتر دەکات، کار بۆ ئەوە دەکات ئێزیدییەکان ڕابهێنێت لە چوارچێوەی ناسنامەیەکدا بژین کە ڕەمزەکانیان بە ئاسایی دانانێت و نایانناسێتەوە، بەڵکوو تێگەیشتنی خۆی بەسەردا دەسەپێنێت و ناچار بەوەیان دەکات ڕەمزە هەمەگیرەکان قەبووڵ بکەن. وەک گێرتز (٢٠٠٩) ڕوونی دەکاتەوە، ڕەمزیش لێرە “چڕکردنەوەی مانا”یە و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ڕەمزی ئێزیدییەکان، یەکسانە بە بێبەشکردنیان لە توانای چڕکردنەوەی ئەزموونی ئایینی و کولتووری خۆیان، لە کایەی هاوبەشدا.

          لەم دۆخەدا و لە کۆی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانە، ئەوەی دەستەوەستانە و دەستوپێ سپییە، دەستەبژێرە کوردییە ڕۆشنبیرەکەیە. دەستەبژێرێک، کە ئێستا تەنیا خۆدزینەوەی بەدەستەوە ماوە. ئەمانە، لە مێژووی نزیکی خۆیاندا، گوتارێکی دووفاقییانەیان لە هەمبەر بە ئێزیدی بەرهەم هێناوە و بەردەوام بەکاری دەهێننەوە. لەلایەک، لە کاتی دیاریکراو و بۆنەی جیاوازی قسەکردن لە کوردبوون، ئێزیدی وەک ”ڕەسەنێتی کورد” دەردەخەن و وەک ئاماژەی فرەیی نێو جڤاکی کوردی بۆ دەرەوەی جڤاکی دەنوێنن. لەلایەکی تریشەوە، لەنێو گێڕانەوەیەکی ناسیۆنالیستانە جێگیریان دەکەن و هێرمینۆتیکییانە بە چەشنێک دەیانخەنەڕوو، کە سەربەخۆییی ئایینی و کولتوورییان بەرزەفت دەکات، وەک ”کوردێکی بێ ئیسلامەتی” یاخود پاشماوەی ئایینێکی کۆن وێنایان دەکەن، کە بەرجەستەی ناسنامە کوردییە بێگەردەکە بکات. واتا لەم ناوکۆیەشدا داننان بە ئێزیدی داننانێکی مەرجدارە، مەبەست لێی بەخشینی ڕەواییەتی نییە بە جیاوازبوونیان، بەڵکوو بەگەڕخستنی کۆی ئێزیدییە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی زۆر گەورەتر لە ئێزیدیبوون؛ پڕۆژەی کوردایەتی. ئەمەمان لە نەوەدەکانەوە بە ڕوونی بینیە و لە نێو گوتارە ڕۆشنبیرییەکە، بە هەموو فۆڕمەکانی، جەختکردنەوە لە ڕەسەنێتی کوردانە نەک سەربەخۆییی ئایینی زاڵ بووە. تەنانەت لەنێو سیستەمە دیداکتیکییەکەشدا دەبینین وێنەی لالش وەک ڕەمزێکی کوردی دانراوە، نەک شوێنی هەرە پیرۆزی ئایینێکی سەربەخۆ. واتا لەنێو ئەم گوتارەدا ئێزیدی وەک کەلەپورێکی زیندوو و پاشماوەی ڕابردوو وایە؛ بابەتێکی ئیتنۆگرافییانە، کە جەخت لەسەر ڕەسەنێتی ناسنامە کوردییەکە دەکاتەوە، نەک ئایینێکی زیندوو، کە پێویستی بەوەیە قەوارەکەی لە چوارچێوەی زۆرینەی نەریتگەرای جڤاکەکەدا پارێزراو بێت. ئەمە قۆناغی ماڵیکردنی گوتارییانەی ئێزیدییەکان بوو، ئەوان لەنێو گێڕانەوەدا هەبوونە، بەڵام هەبوونێکی مەرجدار بەوەی نوێنەرایەتی ڕەهەندە مێژوویییەکەی ناسنامە بکەن.

          بەڵام خۆ جێکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە کۆنکرێتییە بۆ هەبوونی پەیڕەوکارانی ئەم ئایینە، لە سەردەمی هەژموونی سۆشیال میدیا، بەسەر زەینی دەستەجەمعی، نەک هەر کورتی هێنا، بەڵکوو لەبەر لۆژیکە نێوخۆیییەکەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، وای لێهاتووە لەخۆگرتن بووە. هەربۆیە، لەگەڵ هەڵکشانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان، قۆناغێکی نوێی پەیوەندی بە ئێزیدی دروست بووە، کە ئەویش قۆناغی وەلانانی دیجیتاڵییانەیە. ئەو دوو ڕووداوە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بە باشتریین شێوە وەسفی ئەم لەچوارچێوەگرتنەی ئێزیدی دەکەن. ئەگەر پێشان بە ئاسانی داوای لێبوردن لەو مەیناتییانەی بەسەر ئێزیدیاندا هاتووە دەکرا و جەخت لەسەر مێژوویەک لە هاوخەمی دەکرایەوە، لە ئێستادا کاری ئاوا خیانەتە لە باوەڕی زۆرینە. ئەگەر پێشان خۆری ئەوان شایەتحاڵی ڕەسەنێتی بووبێت، هەنووکە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا، وەک هێمایەکی نامۆ یان ناجۆر وەسف کراوە. ئەم وەرچەرخانە لە نواندن (لە لەخۆگرتن بۆ وەلانان) ڕەنگدانەوەیەکی ئاسایی گۆڕانی سروشتی فەزای گشتی خۆیەتی؛ لە فەزایەک کە حزبە سیاسییەکان بەسەریدا زاڵبوون و بە هاوکاری گوتارێکی ڕۆشنبیری بە ڕووکەش مۆدێرن و لەناوەخن نەریتگەرا وێنە دەرەکییەکەیان دەنەخشاند، بۆ فەزایەکی کراوە، کە جەماوەرێکی دیجیتاڵی بەسیاسیکراو و هەردەم هەڵچوو، ئاڕاستەی دەکات.

          ئەم شیکارییە کرۆنۆلۆژییەی پەرەسەندنی وێنەی ئێزیدی لەنێو گوتاری کوردی، دەمانباتە سەر ڕێڕەوێکی سەخت و دژوار: لە گشتگیربوونی ڕەمزییەوە بۆ وەدەرنانی دیجیتاڵی. بەڵام ئەوەی کە ساتەوەختی ئێستا مەترسیدارتر دەکات ئەوەیە، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە ژیانی ڕۆژانە و پراکتیزەی پێکەوەژیاندا نییە، بەڵکوو ئالەنگاری مانای زۆر فەلسەفییەکەی دەکات. لەخۆگرتنی ڕەمزییانە، سەرەڕای سروشتە کردەکی و مەرجدارەکەی، لەگەڵ خۆیدا ئاستێک لە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی هەبوونی ئێزیدی لەناو کایەی گشتیدا هێنابوو. بەڵام وەدەرنانی دیجیتاڵییانە، هیچ بوارێک بۆ تەنانەت ئەم نوێنەرایەتییە کەمەش ناهێڵێتەوە؛ بەڵکوو هەوڵ دەدات هێماکانی ئێزیدیبوون وەک کوردبوون بسڕێتەوە و لە ڕووی زمانەوانییەوە هەڵگرانی ئەم گوتارە وەک هەڕەشە بیانبینێ و بە خیانەتکاری تاوانباریان بکات.

          لێرەوە دەشێ ڕەهەندە فەلسەفییەکەی ئەم قەیرانەمان بۆ دەربکەوێت؛ بەیەکەوەبوون تەنیا وەک کردەیەکی سیاسی لە مەترسیدا نییە، بەڵکوو وەک مانایەکی ڕەمزی و ئاکاریش مەترسی لەسەرە. ئەوکاتەی پۆزشهێنانەوە لە دەلالەتەکانی بەتاڵ دەکرێتەوە و مانای خیانەت و دەرچوون لە گوتاری باوی پێدەدرێت، ئەوکاتەی خۆری ئێزدیان لە هەڕەشە و مەترسی بەسەر باوەڕی فەرمی چڕ دەکرێتەوە، مانای ئەوەیە لەم کاتەدا جڤاک توانای بونیادنانی ناسنامەی هەمەگیر، کە کۆڵەگەکانی ڕەمز و مانابەخشینن، لەدەست داوە. لە دۆخی ئاوای دەستەوەستاندا بەیەکەوەبوون تەنیا ڕووپۆشێکی تەنکە، لە ژێریدا هەبوون ناجێگیر و هاوبەندی لەرزۆکە و لەگەڵ هەر قەیرانێکی تری ڕەمزی، دەشێ ئەوەی لەناو خۆی هەڵگرتووە فڕێیداتە دەرەوە و خەڵت و پیسییەکانی ببینرێت. بەو مانایەی ئێستا لەبەردەم مەترسییەکداین لە جۆرێکی تر، چیدی بۆ کەس بەیەکەوەژیان و بەیەکەوەبوون خەمێکی هزری نەماوە و پڕۆژەیەکی ئاکارییانە نییە، بەڵکوو ئامرازێکی گوتارییانەیە، بە ئاسانی دەشێ بە دوو پۆستی سۆشیال میدیایی و لەگەڵ هەر ڕەوشێکی سیاسیی ”هەستیار” کە دێتە پێش، دەستی لێ هەڵگرین. ئەو داخزانە لە بەهاوە بۆ تاکتیک، چەمکی بەیەکەوەبوون لە هەموو مانایەک بەتاڵ دەکاتەوە و دەیکاتە ڕووپۆشە تەنکە ڕەمزییەکە.

          دواجار، پرسی ئەوەی لەگەڵ ئێزیدییان کرا، بێ ئەوەی ئەوان خۆیان هیچ ڕۆڵێکیان لە نمایشەکان گێڕابێت و کارا بووبن لە دروستکردنی ڕووداوەکان؛ نە ویستبێتیان داوای لێبوردنیان لێ بکرێت و نە خواستبێتیان ڕەمزەکەیان بخرێتە سەر درێسێکی وەرزشی، پرسێک نییە تایبەت بەو کەمینەیە لە خۆیدا، بەڵکوو زەنگێکە بۆ ئەو قەیرانە پەردەپۆشکراوەی بونیادی ئاکارییانەی کۆی جڤاک تێی کەوتووە. 

ژێدەرە بەکارهاتووەکان

  • بوردیو، بییر (١٩٩٤). العنف الرمزي، ترجمة: نظير جاهل، بیروت: المرکز الثقافي العربي.
  • دوركهايم، إميل(٢٠١٩) الأشكال الأولية للحياة الدينية، ترجمة: رندة بعث، بیروت: المرکز العربي للابحاث.
  • غیرتز، کلیفورد (٢٠٠٩). تأويل الثقافات، ترجمة: محمد بدوي، بیروت: المنظمة العربية للترجمة.
  • Gerbaudo, P. (2018). Social media and populism: An elective affinity? Media, Culture & Society, 40(5), 745–753. https://doi.org/10.1177/0163443718772192
  • Kaya, A. (2019). Populism and heritage in Europe: Lost in diversity and unity. London: Routledge. https://doi.org/10.4324/9780429286322
  • Panizza, F., & Stavrakakis, Y. (2020). Populism, hegemony, and the political construction of “the people.” In C. Rovira Kaltwasser, P. Taggart, P. Ochoa Espejo, & P. Ostiguy (Eds.), The Oxford handbook of populism (pp. 68–92). London: Routledge.