دێت لە تۆفانی دوو چاوم لەت لەتی خوێنی جگەر

دێت لە تۆفانی دوو چاوم لەت لەتی خوێنی جگەر[1]

خۆرەتاوی ڕەشەمێ تین و تاوێکی دیکەی دابووە شاروێن[2]. خەڵکی  لە ژوورە تەنگ و تاریکەکان هاتبوونە دەرەوە و هەر یەکەیان بەگژ کارێکدا چوو بوون، ژنان لە دەشتان و لە ئاقاران، لە دەم کانی و لە ڕووخ ڕووباری داهاتن و دەچوون، پیاوان بە بازووی ڕەپ ڕەپ خەریکی کار بوون. هەر مرۆیە و لە کونجێکەوە[3]ژیانی ئاساییی خۆی تێدەپەڕاند، مینای تەختەی شەترەنج، کەس لە خانەی خۆی نەدەپەڕییە سەر خانەیەکی دیکە.

هەتا بە مەردومان ڕا دەگەیشت، ئاژەڵانیش کەیف خۆش بوون، دەت دیت ئێستر بەناو قەرسیلی[4] دەکات غاری[5]، ماینی چوێتی[6] بە لاقی ڕەشی قەترانی و بەدەنی خۆڵەمێشی، خۆی بۆ ئەسپان دەنوێنێت و دەکات مەکەران، هوردە هوردە بەحێل دەلەنگێت و پەرچەمی بەولاو بەملا دادەدا.

دار گێلاسە سەرتاپا ڕەشەکان، شکۆفەی سپی و خۆڵەمێشیان گرتبوو. جار جار هەوری سپی بەژێر خۆردا بۆر تێ دەپەڕین، بۆ چەند ساتێکی کەم سێبەریان دەکەوتە سەر زەوی. تاوناتاوێک دەبووە گورگەزێ[7].

ڕۆژێکی خۆش بوو، تەواو ڕەش و سپی بەڕوونی دیار بوون و لە یەکتر جیا دەکرانەوە.

ڕەشی کاڵی گژوگیا و ڕەشی تۆخی سێبەرەکەی جوانییەکی دیکەی دابوو بە کەژوکێوان.

لەو حانەی دا (نەودەر[8]) بەگەیش چەرخی [9] گالیسکەکەی لە باوەش کرد بوو، هەوڵی دەدا بیبەستێتەوە.

چەرخی خستبووە سەر ڕانانی و بە دەستێکی چەرخەکەی گرت بوو و بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە دەستی دیکەی بەناو جۆڕکە [10]چکۆڵەکدا دەگێڕا، بەڵکی تەڵاشێکی [11]بکەوێتە ژێر دەستی و چەرخەی پێ قایم کات.

باب نەودەر هێشتا ئارەقی نێوچاوانی نەسڕی بوو، کە (مەنیژە) هاتوو دێمکەیەکی [12] پڕ ئاوی خستبووە سەر شانی، وەکوو ئەوەی بەردەمی خۆی نەدیتبێت یانژی دێمکەکەی لە دەستی خزابێت، دێمکە تەپەی لێ هەستا و کەوتە سەر زەوی، نیوەی ئاوەکەی لێ ڕژا.

باب سەیرێکی کرد و لە چاوانی نواڕی[13]، بێ ئەوەی نووقەی لە دەمی دەربچێت، هەستا و چووە پێشی بە قامکی دۆشاومژەی پێڵووی خوارەوە چاوی مەنیژەی ڕاکێشا.

– دیسان چاوت هەڵئاوساوە؟

مەنیژە سەری شۆڕ کرد و سەیری بەردەمی خۆی کرد، هیچی نەگوت. چاوانی دیسان ئاوسا بوون، کێمێکی [14]ماشوبرنجیان دەردا بوو.

هەشت ساڵە بەم دەردەوە دەناڵێنێت، باب نەودەر بردبووییە لای زۆر حەکیمان، لە دەردی وی نەگەیشتبوون. مابوو نەمابوو بڵێن ئەوە پەتایە، لەبەر ئەمەش زۆر دەترسن کە ئەم پەتایەش وێنای پەتای ئەوێ ساڵێ، کە وەکوو دەگێڕنەوە بەری دووسەد ساڵان بە تووشی ئەو عێلە[15]هاتووە.



حیکایەتی شاری مردووان

سەرەتا پەتا لە خۆرهەڵاتی شاروێن بڵاو بوویەوە، دواتر وردە وردە گەیشتە قەڵا و دواتر هەتا ئەو سەری شاروێنی گرتەوە.

پیرەمێرد و پیرەژن دەکەوتنە ئاویلکە[16]، پشتی هەنگێ دەمردن. وەلێ منداڵان بەرگەیان نەدەگرت، بێ یەک و دوو ڕۆحیان دەردەچوو. ئەوەی هەندێک لەگەڵی دەجەنگا و لە ژیاندا دەمایەوە، ئەوانە بوون، کە جەستەیەکی بەهێز و پتەویان هەبوو، جگە لەمەش ئەگەر هیچ دەردێکی دیکەیان نەبوو بێت.

پەتا هێندە ترسناک بوو، ژیانی خەڵکی شاری گۆڕی، شار وەک کوێرە گوندێکی لێ هات. هەندێک لە گۆڕانکارییەکان دوای نەمانی پەتا گەڕانەوە دۆخی پێشوویان، ئەمما هەندێکی دیکە هەتا هەنووکەش وەک خۆی ماون.

خەڵکی شاروێن لە ترسی ئەوەی پەتا لە یەکتر نەگرنەوە، هاتووچۆی یەکتریان تەرک کرد، لە یەکتر نزیک نەدەبوونەوە و هیچ شتێکیان لە یەکتر وەرنەدەگرت.

هامووشۆ[17]نەما و خەڵکی لە هاوسێشیان بێ خەبەر بوون، بابایە خۆی لە ژوورێ حەپس[18] کرد بوو. ئەگەر یەکێکیشیان لێ بمردایە کەس نەی دەزانی، مردووی خۆیان بێ کفن، دف[19]دەکرد. خاوەن مردوو تەواوی بەدەنی خۆی دەپێچایەوە بە شێوەیەک هیچ شوێنێکی لەشی بە دەرەوە نەبێت. بەم شێوەیە لە مردووەکەی نزیک دەبووەوە و لە لایلۆنێکی ڕوونی دەپێچایەوە، ئەم سەر و ئەو سەری گرێ دەدا تا بە هیچ شێوەیەک هەوای بەر نەکەوێت. مردووی بە دوای خۆیدا ڕادەکێشا و دەیبرد تا لە چاڵێک بینێژێت، دەبوو قووڵی چاڵەکە بە بەژنی سێ مرۆیان بێت. دواتر کە دەگەڕایەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێکی خێزانەکەی ببینێت، خۆی لە گەرماو دەئاخنی[20]و ماوەیەکی زۆر لەوێ دەمایەوە، تا تەواو دەخووسا خۆی بەداو و دەرمان هەمەچەشن و قوڕە سووری دەشووشت.

شووشتن بووە کاری بەردەوامیان، خۆیان و ماڵیان و منداڵیان و تەواوی کەلوپەلەکانیان دەشووشت. لە ترسی پەتا هەر شتێکیان چەندین جار دەشووشتەوە، بە شێوەیەک کە ترێی ڕەشمیری[21]هێندە شووشتبا سپی دەبووەوە. هێلکە لە قونی مامر بەر بووباوە لە ئاو و کەفیان دەهاویشت، لە ترسی ئەوەی نەکات مریشکەکە دەنکە برنجێکی هەڵگری پەتای خوارد بێ، وای بە حاڵی هێلکەی سەر ڕاوکەش[22] لە کەف و ئاوی قوتاری نەدەبوو.


 هیندەش نا، وای لێهات لە ناوەوەی خێزانەکانیشدا پەیوەندییەکان وردە وردە بەرەو کاڵبوونەوە دەچوون، هەریەکێ لە ترسی ئەوی دیکەیان خۆی لە قوژبنێکی هەمان ژوور دەنا، کەدەدوان نەکا هەناسەیان بەر یەکتری بکەوێت هەر یەکەیان ڕووی لەلایەک دەکرد، بەشێوەیەک کە ئاخێوەر ڕووی لە ڕاست بێت و گوێگر لە چەپ. سا خودا نەکردە یەکییان بپژمیایە، ئیدی وەک ئەوەی بوومەلەرزە ئەو ژوورەی لەزاند بێت، بە پڕتاو هەر یەکەیان بەرەو دەرەوە ڕای دەکرد. لێ ئەگەر ژوورەکەیان باش نەشووشتبا و کەسی پژمیوویان بۆ چەند ڕۆژێک نەخستایەتە ژوورێکی دیکە، ئەوە دوو پێی هیچ کەسێکی ئەم ماڵباتە وە ژورێ نە دەکەوتەوە. تەوقەکردن و دەستلێدان نەما، بۆ سڵاو کردن دوورا و دوور دەستەکان بۆ ئاسمان بەرز دەکرانەوە.

تا دەهات پەتا تەشەنەی دەسەند، سێ یەکی دانیشتووانی شاروێن بوونە قوربانی، لە هەندێک بنەماڵە تەنیا یەک کەس ڕزگاری دەبوو، هەندێک قڕ دەبوون و لە هەندێکیش چەند دانەیەک.

کەسی تووشبوو سەرەتا برژانگەکانی سپی دەبوو، دواتر برۆ و مووی سەر و ڕیشی. لە ڕۆژدا تیشکی خۆر ئازاری چاوی تووشبووی دەدا، ناچاری دەکرد خۆی بخاتە بەر نیسێ[23]. تووشبوو ڕۆژانە دەیان جار دەپژمی، دواتر تووشی هەڵامەت دەبوو، پاشان سینگ ئێشەیەکی توندی دەگرت وەک ئەوەی یەک ڕکێف [24]خۆیان خستبێتە سەر سینگی و پەراسوویان شکاند بێت، ڕەنگی ڕەش هەڵدەگەڕا، چاوەکانی هەڵدەئاوسا و ڕەنگی چاوی دەگۆڕا، دیار نەبوو تووشبوو چەند لە ژیاندا دەمایەوە، مانگێک، ڕۆژێک یانیش سەعاتێک، لە پڕێک دەمرد. دوای مردنیش چاوەکانی دەتەقین و لاشەی سووکەڵە دەبوو. خەڵکی کە پەتای لە یەکتری دەگرتەوە، هەبوو لە بەیانییەکەی وەک گوێزی ساغ بوون، هەر هێندە تووشی پەتا بووایە، تا ئێوارە حەیاتی ڕەشی لێ دەبڕا[25].

ژمارەی تووشبووان لە ڕۆژدا زیاتر بوو، تەنانەت ڕێژەی مردنیش لە شەودا کەمی دەکرد. لە پێناو بەرەنگار بوونەوەی پەتاکە، ئەوە عێلە وای لێ هاتبوو، بە ڕۆژ دەخەوت و بە شەو دەکەوتە کار. ماڵەکانیان تەواو تاریک دەکرد، کون و کەلەبەری خانووەکانیان دادەپۆشی. شەمشەمەکوێرەی شەوکار [26]بوون، لە ترسی جڕوجانەوەران [27]حەجمانیان لێ بڕا. دەیانزانی ئەوان جڕوجانەوەران مرۆیان توشی پەتای کردووە، هەر ڕۆح لەبەرێکیان بدیبا ولە ئەندازەی بستەکی گچکە تر بووایە دەیانتۆپاند.

خەڵکی شاروێن زۆر شتیان لەبیر چوویەوە، وەک مرۆی سەرتایییان لێهات، جگە لەمەش تەواو لە یەکتر دوور کەوتنەوە، ئەوانەی ڕزگاریان بوو و دوای پەتاکەش نەیان توانی نزیکی یەکتر ببنەوە. تاکە شتێک کە لە یەکتری نزیک دەکردنەوە جووتبوون بوو، تەنیا بەرگەی ئەوەیان نەدەگرت و پیاوان سێ خولەک نزیکی ژنەکانیان دەبوونەوە (هەندێکیان کەمتریش لە سێ خولەک). سێ خولەکی بێ باوەش، بێ ماچ و بی دەستبازی، وەک ئەوەی دوو هاوسێ لە یەکتر زیز بووبن و بەڵام منداڵە بچووکەکانیان هامووشۆی یەکتر بکەن و بەیەکەوە یاری بکەن. دوای دامرکانەوەی هەوەسیان، سەرەتا پیاوەکە بەخێرایی، بێ ئەوەی ئارەقەی پشتی سارد بێتەوە، خۆی لە گەرماو دەنا و دوای نیو کاتژمێر ئەوسا دەهاتە دەرەوە، دواتر ژنەکە دەچوو گەرماوەکەی بە داو و دەرمان دەشووشت و پاشان خۆی جلەکانی پاک دەکردەوە.

بەهۆی ئەم گۆڕانانە، ژنانی شاروێن لە پیاوان ماندووتر دەبوون، نە دەبوو قامکیان بەر یەک خواردنیش بکەوێت، بە سەرپۆشەکەیان دەم و لوتیان توند دەپێچا و لەپەوانیان لە دەستیان هەڵدەکێشا، ئەوسا چێشتیان وەسەر ئاگر دەنا.

هەر مندالێکی دیکە کە لەدایک دەبوو، ئیتر شمەکەکانی بۆ جیا دەکراوە، دەوری[28] و کەوچکی خۆی جوودا دەبوو، نە دەبوو شمەکی هیچکامیان لەگەڵ ئەوی تریان تێکەڵ بێت. ئیدی لەو شارەدا هیچ ساوایەک مەمکی دایکی لە دەوی نەنا، لە ئەول ڕۆژی لەدایکبوونییەوە شۆربایان دەدایە تا ئەو کاتەی کەڵبەی دەهاتن. بە ماوەیەکی زۆر کەم شاروێن دەیان ساڵ گەڕایە دواوە و دوای پەتا وەک گوندێکی گەورەی لێ هات، تەواوی خەڵکی شار تووشی پەتا بوو، ئەوانەی لە ژیاندا مانەوە، ئەوانە بوون، کە بەسەر پەتاکە سەرکەوتن.

ئەم گۆڕانکارییانە دوای پەتاش هەر وەک خۆی مایەوە، بوون بە گەلێک کە شیرازەی تێکچوو بوو، سەدان ساڵ لە ماچ و مووچ بێ بەش بوون.

مەنیژە هەموو بەیانییەک، کە لە خەو هەڵدەستا، دوای بێر[29] کردن، دەچووە گەرماو ئاوێکی بە خۆیدا دەکرد. هەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بەم شێوەیە فێر ببوو. هەموو چوونە دەرەوە و هاتنە ژوورەوەیەکی دەبوو گەرماوێک بکات.

ئەو کاتەی تەمەنی نۆ ساڵ بوو، چاوەکانی بۆ یەکەمجار هەڵئاوسان، حەکیمێک بە نەودەر بەگی گوتبوو، کە دەترسێت ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی پەتایەکی نوێ بێت و دووبارە کارەساتێکی تر بەسەر ئەم مەملەکەتە دابهێنێت.

لەو کاتەوە خەڵکی شاروێن مەودای نێوان خۆیان و بنەماڵەی نەودەریان کردە دوو هێندە. ئەگەر جاران لە دووری دە پێ سڵاوێکیان لێی بکردایە، ئێستە لە دووری بیست پێ سڵاوی لێ دەکەن. ئەو دەمەی کە ناچارن بۆ گێرەکردن[30]بانگی نەودەر بکەن، ئەوا لە دوورەوە بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەن: نەودەر بەگ.. نەودەر بەگ، قەسەڵم بەسەریەکدا گێڕاوە سبەی وەرە.

بۆ مەنیژە جیاوازترە، هیچ کەس تەنانەت ناوێرێت سەیریشی بکات، نەکات بەهۆی ئەم دیدەنیەوە تووشی پەتا بن.

کەس چاوە ڕەشەکانی، پرچە کاڵەکەی بەژنە باریکەکەی مەنیژەی بە ڕوونی نەبینیوە. هەندێک کەس هەر نەیاندەویست ناویشی بزانن، نەکات ڕۆژێک ناوی مەنیژەی بێتە سەر زاریان و پەتا بە گیانیاندا شۆڕ بێتەوە. دەیانگوت: ئۆی خودا نەکات.. ئەی موو بێت لە زمانمان.

(ئاربەکیش)[31]ناوی نەدەزانی و هەرگیز پێشتر نەی بینیبوو.

ئەو بەیانییەی کە مەنیژە لە بێری گەڕایەوە و نەچووە ماڵەوە، چووە سەر ڕووبارەکە کە بە باشووری شاروێندا تێ دەپەڕی پێنج یاردە لە ماڵیانەوە دوور بوو. حەزی کرد ئەمجارە لە ڕووبار خۆی بشوات.

ئاربەک بێ ئاگا بوو لەوەی کیژێک دێت تا لە ڕووبار خۆی دەشوات، بۆ خۆی لە ناو گژوگیای دەم ڕووبارەکە پاڵکەوتبوو، کە هەستا بگەڕێتەوە ماڵەوە، بینی کیژێک لەو بەڕی ڕووبارە وا خەریکە دەچێتە ناو ڕووبارەکە. هەستایە سەر پێ و خۆی لە پەنا تاشەبەردێک شاردەوە.

مەنیژە دوای ئەوەی چەند جارێک بە جلەکانی بەرییەوە خۆی لەناو ئاو نوقم کرد، دوای کەمێک، لە لێواری ڕووبارەکە نزیک بووە و نیوەی لە ناو ئاودا مابووەوە و نیوەی لە دەرەوە، وەکوو پەریدەریا بێت و کەوتبێتە کەیف و سەفا، لەگەڵ ئاو ببووە هاوڕێ و کەیفی دەکرد، بێ ئەوەی بزانێت کەوتووەتە ژێر سێرەی نێچیرڤانێک.

گەڕایە لێوارەکە و کراسەکەی بەری داکەند فڕیی دایە ڕۆخ ڕووبارەکە، پاشان بە لمە ڕەشەکەی لێواری ڕووبارەکە، بەشی سەرەوەی بەدەنی سواق[32] دا. ئاربەک دەیدیت کەوا چۆن مەنیژە خەریکە مشت مشت لمی ڕووبارەکە هەڵدەگرێت و لە بەندی هەڵدەسوێت، سەرەتا سەر سینگی و دواتر شانو ملی. دەستی درێژ دەکرد تا ئەو شوێنەی کە دەستی دەیگەێشتێ قوڕی تێ هەڵدەسوو.

ئاربەک هۆشی لەسەریدا نەما بوو، بێ ئاگا لەوەی تەواو خۆی ئاشکرا کردووە و لە پشت تاشەبەردەکە هاتووەتە دەرەوە.

کە مەنیژە ئەوی بینی گەلێک ترسا وخۆی هاوێشتەوە ناو ڕووبار، تا ژێر گەردنی نوقمی ژێر ئاوەکە کرد.

«مەترسە مەترسە.. ئازارت نادەم» مەنیژە تەواو پەشۆکا بوو، نەیدەزانی چۆن دەستی بگەیەنێتە کراسەکەی و لەوێ ڕابکات. ئاربەکیش هەوڵی دەدا بە تەنکاییی ڕووبارەکەدا بچێتە لای.

«ئازارت نادەم» ئەمەی چەندین جار دووبارە کردەوە، کراسەکەی مەنیژەی هەڵگرت و بۆ هەڵدا. هەر لە ژێر ئاوەکە کراسەکەی لەبەر کرد و هاتە دەرەوە. بەبێ ئەوەی سەیری ئاربەک بکات هەوڵیدا لەوێ دوور بکەوێتەوە.

«تۆم هەرگیز لێرە نەبینیوە، خەڵکی ئێرەی؟» «تکایە لێم نزیک مەکەوە، ئەمن نەعلەتییمە» ئاربەک کەمێک پێکەنی، یەکەم جار بوو شتێکی وا ببیسێت. «نەعلەت لێکراوی؟ هەوڵ دەدەیت بمترسێنیت دەتەوێت لێت نزیک نەبمەوە؟» کە ئەم قسەی کرد، گەیشتووە نزیک مەنیژە و مەچەکی گرت، مەنیژە بەخێرایی خۆی ڕاپسکاند. نیگای یەکتریان کرد و بۆ چەند چرکەیەک لە یەکتریان ڕوانیی. مەنیژەی تا وەکات بێ هاوڕێ و هاودەم بوو، کە بیری لەوە کردەوە هاودەمێکی دەبێت، هەستێکی خۆش خەریک بوو بە گیانی دا دەهات. بەڵام هێشتا دە ترسا بە هەر شێوەیەک بوو، ئەوی جێی هێشت و هیچ قسەیەکی دیکەی نەکرد.



ئەم عیشقە ڕەنگی ئاڵە

«ئەوەی بینیبووم کەس باوەڕی پێ نەکردم»

مەنیژە لەگەڵ ئاربەک قسەی دەکرد، کە هەردووکیان لە دووری دە گەز[33]لە یەکتر ڕاوەستا بوون.

 ئەگەر لە ڕۆژئاوای شار و لە گۆڕستان نەبان، هەر کەسێک بەلایاندا تێپەڕیبا گوێیی لە تەواوی قسەکانیان دەبوو. چونکە ناچار بوون بە دەنگێکی بەرز قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، تا بەباشی گوێیان لە یەکتر بێت. گۆڕستان بە بەردەوامی وا بێدەنگ بوو، کەس نزیکی نەدەبووە، لە دوای پەتاکەوە تەنیا ئەگەر مردوویەکیان هەبووایە ناچار بوون بێن، بەڵام مەنیژە وا نەبوو، لە دوای مردنی دایکی بەبەردەوامی دەهاتە سەر گۆڕی.

»بە ڕاستی نەفرەت لێ کراوی؟» زانی قسەکەی لە دڵان گرانە و هەر زوو ڕاستی کردەوە «مەبەستم ئەوەیە بۆ چی خەڵکی پێی وایە نەفرەتت لێ کراوە»

دوودڵ بوو لەوەی وردودرشتی ئەوەی بینیویەتی بیگێڕێتەوە یاخود نا؟ ئەو کاتەی ئەمە ڕوویدا کەس باوەڕی بە قسەکانی مەنیژە نەکرد، تەنیا باوکی نەبێت. لە باوکیشی دڕدۆنگ بوو، کە ئایا ڕاست باوڕی پێدەکات یان لە خۆشەویستییان ئەو متمانەیەی بۆ دروست بووە.

»خوێنێکی ئاڵم بینی» «چی؟»

»ئەو دەمەی باوکم کۆرپەلە مردووەکەی توند بە سینگی وەنووساند بوو، دایکم لەسەر پشت کەوتبوو خوێن لە داوێنی دەچۆڕا، من خوێنێکی ئاڵم بینی.»

نەی دەزانی چۆن تێ بگەیەنێت خوێنی ئاڵ مەبەستی چییە؟ گوتی: «پێم وابێت ڕەنگ خۆشەویستیم بینی بوو»

ئەوەی کە لە یەکەمجاری ژیاندا ڕوویدا بوو، کە جگە لە ڕەنگی ڕەش و سپی و ئەو ڕەنگانەی لەم دووانە دروست دەبن پێشتر هیچ ڕەنگێکی تری نەبینیبوو. چەند ساڵێک دوای پەتاکە خەڵکی شاروێن تووشی دۆخێک بوون کە تەنیا ئەو دوو ڕەنگە و ئەو ڕەنگانەی لەو دوو ڕەنگە دروست دەبێت دەیانبینی. دوای ماوەیەک هەموو ڕەنگێکیان بیر چوو بووە، تەنانەت ناوی ڕەنگەکانیش. مەنیژە نەیدەزانی چۆن تێ بگەیەنێت کە مەبەستی لە ڕەنگی دیکە چییە؟ خەڵکی شاروێن تەنانەت لە کتێبە کەونارەکانیش کاتێک ناوی ڕەنگێکیان دەخوێندەوە، هیچ بیرۆکەیەکیان نەبوو بۆ ئەو ڕەنگەی کە ناوی هاتووە چۆنە؟

چەند هەنگاوێک لێی نزیک بووە وەلێ دڵنیا نەبوو کە ئایا ئاربەک لە شوێنی خۆی دەمێنێت و یان دەکشێتە دواوە. دڵنیا نەبوو لێی دەترسێت یان متمانەی پێ دەکات. وەلێ ئەو متمانەی پێ کرد بوو، ئەوێ ڕۆژێ کە بۆ یەکەمجار ڕووبەرڕووی یەکتر وەستا بوون، لە چاوانی یەکتریان ڕوانیبوو، ڕەنگی لە بەژن و باڵای ئاربەک بینیبوو.

»دەزانی لەبەر چی متمانەم پێ کردیت؟» ئاربەک هیچی نەگوت تەنیا گوێی گرتبوو، چەشنی کەسێک کە ماوەیەکی زۆر بێت کەس قسەی بۆ نەکرد بێت.

مەنیژە لێی نزیک بووە، تەنیا دوو پەنجەیان نێوان هەبوو. دەستی بەرزکردەوە و پەنجەی بەسەر خاڵی ژێر گەردنی خۆی داهێنا و دواتر هەمان ئەم پەنجانەی بە ڕیشی ئاربەک داهێنا. «سەیرکە،  تۆ خاڵی ژێر گەردنم، ڕیشی ڕەشت و پەنجەی بە خەنەم بە یەک ڕەنگ دەبینی. بەڵام من نا.» ئاربەک هێشتا گوێی گرتبوو، ئەمجارە پەنجەی گەورەی هەڵئاوساوی لە لێوی ئاربەک خشاند، بە پشتی دەستەکەی دیکەی، پرچی کاڵی خۆی هێنایە پێشەوە « لێوی ئاڵت، پرچی کاڵم یەک ڕەنگ نین و تەنانەت ئەو نێرگزانەی لە پرچمم داوە تۆ بە سپی و خۆڵەمێشیی کاڵ و خۆڵەمێشیی تۆخ دەیبینی، لەلای من ڕەنگی تر دەنوێن. سپی وێنای بەفرە و خۆڵەمێشیی کاڵەکەی تیشکی خۆرە و تۆخەکەی لە پشتی کیسەڵ دەچێت. تۆ پێت وایە پەپوولەیەکی سپی لە بەهاردا هەمان ڕەنگی پەپوولەی سپیی پاییزی هەیە؟ پێت وایە مێشەهەنگ و قالۆچە یەک ڕەنگن؟ مشک و سمۆرە لە یەکتر دەچن؟»

ئاربەک سەیری ئەو نێرگزانەی دەکرد کە مەنیژە لە پرچی خۆی دابوو، پێشتر هەرگیز ئەمەی لە هیچ کچیکی دیکە نەبینیبوو. مەنیژە نەک تەنیا تاکە کچی ئەو شارە بەڵکوو تاکە مرۆڤی ئەم شارە بوو کە گوڵەکانی لەلا سەرنجڕاکێش بێت. لەلای ئەو هەموو گولەکان یەک ڕەنگ نەبوو، کاتێک بە خۆشەویستییەوە لێی دەڕوانین هەر گوڵە و ڕەنگێکی دەنواند، دەیویست ئەمەش بە ئاربەک بڵێت.

ئاربەک متمانەی تەواوی بە قسەکانی دەکرد، ئەگەرچی  بە چاوی خۆی هیچ ڕەنگێکی نەبینی بوو، جگە لە ڕەش و سپی، هیچ بیرۆکەیەکیشی نەبوو دەربارەی ڕەنگەکان. «دەزانی خەڵک بۆ وا دەزانن نەفرەت لێ کراوم؟ سەیری چاوەکانم بکە، وەک چاوی هەر کەسێکی دیکەیە، بەڵام ئیستە کە بەڕەنی ئاڵوواڵا تۆ دەبینم، سبەی لە خەو خەبەرم بێتەوە چاوەکانم هەڵدەئاوسێن، کێمێک دەردەدەن کە ئێوە بە ڕەنگی ماشوبرنجی دەیبینن و من بە ڕەنگێکی نامۆی تێکەڵ بە کەمێک ڕەنگی دیکە، کە لە  ڕەنگی خەنەی سەر پەنجەکانم دەچیت، ئەو خەنەیەی جگە لە من هیچ کچێک پەنجەی تێ نانێت، ناتوانن جوانی خەنە ببینن، کە من دەی بینم. خەڵکی خەنە بۆ قەڵشینی دەست و پێیەکانی بەکار دەهێنیت، وەگەر نا بەلایدا ناچن، من لە بسکمی هەڵدەسووم.

ئەوان نازانن بەڵام من دەزانم، ڕەنگی خەنە چەند دڵبەرە، چاوەکانم بەرگەی ئەو ڕەنگانە ناگرن و پیان ڕانەهاتوون، چونکە منیش هەمیشە ناتوانم ڕەنگەکان ببینم. ئێمە تاریکیمان دیووە، لە ڕەش و سپی زیاتر هیچی تر نابینین، لەبەر ئەوەیە کاتێک چاوەکانم ڕەنگێکی دیکە دەبینێت ئازاری دەبێت. ئاربەک! خەڵکی ئێرە لە یەکتر دوورن، مەودای نێوانیان کوێری کردوون. هەموو تەمەنیان لە تەنیایی بەسەر دەبەن، هەرگیز یەکتریان خۆشنەویستووە، من بابەم دیت کە چەند بە خۆشەویستییەوە بێ گوێدان بە پەتا و دەرد وعیلەت، دایکمی لە باوەش گرت و بۆی دەگریا، بینیم چۆن کۆرپەلە مردووەکەی لە باوەش کردبوو لە خۆی جیا نە دەکردەوە. هەموو خۆشەویستی خۆی نیشاندەدا بۆ ئەم دوو مردووە، من بابەم بینی، خۆشەویستیم بینی، ڕەنگم بینی.» هەردووک دەستی ئاربەکی گرت و گوشینی. چاوەکانی داخست بوو و فرمێسکی ڕوون بەسەر ڕوومەتی سپیدا دەهاتنە خوارەوە.

ئاربەک کەمێکی دیکە لێی نزیک بووە و لەشیان بەر یەکتر کەوت، چاوەکانی داخست و بە ئەسپایی ماچێکی لە ڕوومەتی سپیی مەنێژە کرد. مەنێژە یەکەمجار بوو لە ژیانی ماچ بکرێت و ئاربەک یەکەمجاری بوو کەسێک ماچ بکات، دەنگی ماچەکە لە شکانی لقە دارێکی وشک دەچوو.

کاتی ماچەکە هەردووکیان چاویان داخستبوو، لەگەڵ دەنگی ماچەکە چاوەکانیان کردەوە و سەیری یەکتریان کرد، ئاربەک مەنیژەی بینی بۆر هەڵگەراوە، هەستی کرد خۆشی ڕەنگی گۆراوە. دڵی هەردووکیان بەخێرایی لێدەدا، هەستێکی سەیریان هەبوو، چێژێکی سەیریان لێی بینی. هەرگیز بەم شیوەیە نەخرۆشابوون.

ڕۆژی دواتر کاتێک وەستا نەودەر خەریکی بەستنەوەی چەرخی گالیسکەکەی بوو، ئارەقی نێوچاوانی دەسڕی، مەنیژە هاتوو دێمکەیەک ئاوی لەبەردەم دانا و نیوەی ئاوەکەی لێ ڕژا.

باب سەیرێکی کرد و لە چاوانی ڕوانی، بێ ئەوەی نووقەی لە دەمی دەربچێت، چووە پێشی بە قامکی دۆشاومژەی پێڵووی چاوی مەنیژەی ڕاکێشا.

دیسان چاوت هەڵئاوساوە؟

مەنیژە سەری نەوی کرد و سەیری بەردەمی خۆی کرد، پێکەنینێکی نامۆی ژنەوت، لە حیلە[34] دەچوو. سەری بەرز کردەوە. باب دیتی ئاربەک لە دووری سێ مەتر دوورە لێیان و بە دوو چاوی هەڵئاوساو کە کێمێکی ماشوبرنجیان دەرداوە، سەیری وی و مەنیژە دەکات.

ئاربەک ئاوێکی لێڵ لە لووتی دەهات و بە دەستی زوو زوو لووتی دەخوراند جار جارەش دەپژمی، لە مەنیژە نزیک بوویەوە، دەستی بۆ لای دار گێلاسەکان ڕاکێشا و ڕووی دەمی لە مەنیژە کرد، گوتی: ئەو شکۆفانە ڕەنگینن.

١٧-٢٤/٢/٢٠٢٥


[1]  نیوە دێری شیعرێکی نالییە: شیری ئەبرۆت، تیری غەمزەت وا لە جەرگم کارییە … دێت  لە تۆفانی دوو چاوم لەت لەتی خوێنی جگەر

[2] شاروێن: شاری وێران بوو یان شاری کاولبوو.

[3] کونج: سوچ، قوژبن و پەنا، شتی خاڵدار ( فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە، فەرهەنگی خاڵ)

[4] قەرسیل: گەنم و جۆ کاتێک سەوزن و بەژنیان بستێکە یان کەمێک زیاترە.

[5] غار: ڕاکردنی وڵاخەبەرزە وەک ئەسپ و ماین.

[6] ماینی چوێتی یان ئەسپی چوێتی: خۆی ئەم ناوە بەشێوەیەکی تر گۆ دەگرێت کە پیتی یەکەمی من بە چ نووسیومە بەڵام لە کاتی گۆکردن ئەم پیتە لە چ قەڵەوترە و لەسەر زاران قورسترە. ئەم پیتە لەڕەنووسی کوردیدا نییە و لە کاتی ئاخاوتندا ھەیە، لەبەینی پیتی ک و چ دایە، بەڵام لێرە بۆیە نەمنووسیووە کوێتی و نووسیوومە چوێتی چونکە ڕەنگە خوێنەر واتێبگەت مەبەستم ئەسپی عەرەبییە و ئەسپی وڵاتی کوێتە. ئەسپی چوێتی یان ماینی چوێتی بە ھۆی ڕەنگەکەیەوە وای پێ دەگوترێت، ئەم جۆرەیان قاچەکانی ڕەشن و بەدەنی خورماییە. 

[7] گورگەزێ: ئێمە لە خۆشناوەتی دەڵێین گورگ دەزێت. ئەوەش ئەو کاتەیە کە خۆر دیارە و باران دەبارێت. بەزۆری ئەم کەشە لەپایزان و بوارانە.

[8] نەودەر: دەرگە و دەروازەی نوێ.(ناوی پیاون)

[9] چەرخ: لەبری وشەی تایە بە کارم ھێناوە، چەرخ لە کوردیدا مانەی خول دەدات، زۆر مانای دیکەی ھەیە کە گشتیان نزیکن لە خولانەوە و خول خواردن.

[10] جۆرکە: تورەگە

[11] تەڵاش: پارچەدارێکی  بچووک.

[12]  دێمکە: جۆرە جەوەندەیەکە ئاوی تێ دەکرێت(فەرھەنگی خاڵ)

[13] نواڕی: ڕوانی، سەیری کرد.

[14] کێم ، چێم: پیتی یەکەمی ئەم وشەیەش ھەمان دەربڕینی پیتی یەکەمی وشەی (چوێت) ھەیە کە گۆ دەکرێت و نانووسرێت. لەبری ئەوە بە ک یان بە چ دەنووسرێت. 

[15] عێل: چەند هۆزێک کە بچنەوە سەر یەک باب و باپیر(فەرهەنگی خاڵ)

[16] ئاویلکەدا: گیانەڵا سەرە مەرگ (فەرھەنگی ھەنبانە بۆرینە)

[17]  ھامووشۆ/ ھاتووچۆ

[18]  حەپس: زیندانی

[19] دف: شاردنەوە

[20] دەئاخنی: دەپەستا

[21] ڕەشمیری: جۆرەتێکی دەنک گەورەی هێشوو ڕەشە

[22] ڕاوکە: شوێنی هێلکەکردنی مریشک.

[23] نیسێ: سێبەر.

[24] ڕکێف: پارچەیک ئاسنی نیو کەوانەیە، سوار قاچی دەخاتە ناوی وبە هۆی ئەمەوە دەسەڵاتی بەسەر ئاژەلەکەی دەسەپێنی و ئاوزەنگی دەکات.

[25] حەیاتی ڕەشیان لێ دەبڕا: ئیدیۆمێکی کوردییە، واتە ئەو کەسە گیان لەلەشی نامێنێت.

[26]شەوکار/ کاری شەوانە

[27] جڕوجانەوەر: ئاژەڵی ورد و درشت.

[28] دەوری: قاپ.

[29] بێر : مەڕ و بزن دۆشین.

[30] گێرەکردن: کوتانی قەسەڵ و كردنی بە کا، لەکۆندا بە ئاژەڵەکان وەک کەر و گا.

[31] ئاربەک: سەرکردەیەکی میدی بووە.

[32] سواقدان: شاردنەوەی درز و کەلێنی دیوار و سەربانەکان بەقوڕ.

[33] گەز: یەکەیکی پیوانەیە لە مەتر کەمتر، لەسەر شان تا سەری پەنجە گەزێکە و پێی دەوترێت گەز.

[34] حیلە: دەنگی ئەسپ.