‌لە جیهانە ئاڵۆزکاوەکەی ڕۆمانی کوردییەوە بۆ جیهانە سادەکەی ڕەخنەگری میلـلی

وتاری (جیهانە ئاڵۆزکاوەکەی ڕۆمانی کوردی)ی (ئارام سدیق)یان بۆ ناردووم. وەک هەمیشە کۆمەڵێک چەمکی فڕێ داون. بە پێویستی دەزانم هەڵیانبگرمەوە و بۆ دۆخی خۆیانیان بگەڕێنمەوە. وەک خوێنەرێکی سەربەخۆ، ئەو خوێنەرەی فریوی نەخواردووە، ڕستەیەک نادۆزمەوە لەم وتارەدا، مایەی پێکەنین، بگرە قاقالێدان نەبێت. ئەگەرچی پێشتر لەسەر زۆرینەیان، ئەگەر نەڵێم لەسەر تێکڕایان وەستاوم و لێکم داونەتەوە، بەڵام لێرەدا ئاستی دیکەیان دەردەخەم و هەوڵ دەدەم زیاتریان لە بارەوە بنووسم، مادام ئەو دیسان بۆیان گەڕاوەتەوە و بە هەمان زمانی ڕۆژانەی جەماوەر دەریبڕیونەتەوە.

نووسیویەتی: (لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند ڕۆمانێکی کوردیم خوێندەوە).

لە بیستوپێنج، با بڵێین لە بیستوشەش ڕۆژدا چەند ڕۆمانێکی خوێندووەتەوە. چۆن فریایان کەوتووە؟ خۆ ئەگەر پێشتر بابەتەکەی لە ڕۆژنامەدا بڵاو کردبێتەوە، ئەوە ماوەکە کەمتریشە. ئەمڕۆ تەکنەلۆجیای ڕاگەیاندن کارێکی کردووە، بەشێکی زۆری نهێنیی ژیانی مرۆڤەکان بزانین، کە ئەمە یەکێکە لەو نەهامەتییانەی لانی کەم لە سەدەی نۆزدەمەوە فیلۆسۆفان لێی بە ئاگا هاتوونەتەوە. دەتوانین سەرەتا لە بەرهەمەکانی (نیتشێ) و دواتر لە هیی (فرۆید)، (هایدیگەر)، ئەندامانی فێرگەی فرانکفۆرت و زۆری دیکەدا بیبینین، کە لە نووسینەکانی پێشوومدا کەموزۆر لێیانەوە دواوم. ئەو پاوانخوازییەی تەکنەلۆجیا مرۆڤی بۆ چەند وێنەیەکی چێوەدار گۆڕیوە و خستوویەتییە بەرچاومان، کە ئەمڕۆ لە فەیسبووک و ئەوانەی تردا ئەو مرۆڤانە دەبینین چۆن هەڵدەسووڕێن، بە چییەوە خەریکن و پلانی ئاییندەیان چییە. دیسان دەپرسم لەو ماوەیە، لە پاڵ ئەو هەموو چالاکییەی دیکەیدا، چۆن فریا کەوت ئەم چەند ڕۆمانە بخوێنێتەوە و بگاتە ئەوەی حوکمێک بۆ تێکڕایان دەربکات؟ ئەمانە پرسیارن لەو وەک نووسەری بابەتەکە، دەنا حوکمم نەداوە. پرسیارن و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ورووژێنراون (Question for the sake of inquiry)، کە ڕێ دەدات ئازادانە بێتە دەنگ و بۆچوون بخاتە ڕوو.

ئینجا بە کوردی پێویستە بنووسرێت: (لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند ڕۆمانێکی کوردیم خوێندووەتەوە)، نەوەک (خوێندەوە).

نووسیویەتی: (بەشێک لەم ڕۆمانانە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەقی ئاڵۆزن، یان دەقی پۆستمۆدێرنن، بۆیە ئەمانە لە چیرۆکی بچڕ بچڕ و نووسینەوەی وڕێنە و پارچە وێنەن، کە خوێنەر دەتوانێت وێنەی تەواو و چیرۆکی تەواویان لێ دروست بکات و هاوکات خۆیشی سەربەستە لەوەی چ واتایەکی لێ هەڵدەگۆزێت.).

ئایا دەتوانێت یەک نموونەیان لێ بهێنێتەوە؟ دەکرێت ڕۆماننووس لە گفتوگۆیەکدا، یان لە وتارێکدا بانگەشەیەکی لەم شێوەیە بکات، کە من خۆم یەکێکیان نیم، بەڵام چۆن ڕۆمان خۆی دەڵێت من دەقێکی ئاڵۆزم؟ ڕۆماننووس نا، بەڵکوو ڕۆمان ئەو بانگەشەیەی کردووە. ئەوە چییە؟ ئەمە ئەگەر فڕێدانی گوتەی ڕەونەقدار نییە، دەتوانێت چەند دێڕێکمان لەو بارەیەوە بۆ بنووسێت؟ ئەوە چ ڕۆمانێکە بانگەشەی ئەوە دەکات دەقێکی پۆستمۆدێرنە؟ ئایا من وەک خوێنەرێک بۆم نییە لێی بپرسم دەتوانێت پێم بڵێت ڕۆمانی پۆستمۆدێرن چییە؟ ئایا لەم بیست ساڵەدا چوار دێڕی لەو بارەیەوە نووسیون؟ دەتوانێت نموونەیەک لە بەرهەمەکانیم بۆ بهێنێتەوە؟ ئەگەر ئەم چەمکەی ناسیوە، چۆن لەم ئاستەی زماندا دەنووسێت؟

ڕاستییەکەی (بچڕ بچڕ) نییە، بەڵکوو (پچڕپچڕ)ـە. ئینجا یەک وشەیە و بەم شێوەیە دەنووسرێت، کە من نووسیومە. پێشتریش بۆیم ڕاست کردووەتەوە. لە کوێ؟ لەو وتارەمدا، کە ناوی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)ـە.(1) ڕەخنەگرێک، کە پێی وایە ئەو ڕۆماننووسانە زۆر لە دنیای فکر و هونەری نووسین بێئاگان، کەچی نووسیویەتی: {بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}.

هیوادارم دیسان ئەم وتارەم بخوێنێتەوە، بەو مەبەستەی بزانێت چەمکی (خوێنەر)، کە لە فەلسەفەی یۆنانییەوە تا ئەمڕۆ شەڕێکی گەورەی بە فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان فرۆشتووە، چۆن لای ئەو هێنراوەتە ئاستی قسەی ڕۆژانە و بووەتە مایەی پێکەنین.

ئەو ڕەخنەگرە وەها خۆی پێشان دەدات لە کونوکەلەبەری فەلسەفە شارەزایە، کەچی بەم شێوەیە دەڕوانێتە چەمکی وڕێنە، بە مەرجێ من لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا دوو بەشم بۆ تەرخان کردووە و پێشانیم داوە ئەم چەمکە لە فەلسەفە و سایکۆلۆجیادا چ قورسایییەکی هەیە. ئینجا لە کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی)دا جارێکی تر لای (دوولوز) و (گواتاری)دا لێکم داوەتەوە، بگرە لە کتێبی (سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤە)یشدا لە بارەیەوە نووسیومە.

نووسیویەتی: (زۆرجار نووسەرانی کورد بۆ ئەوەی کەمتوانایی خۆیان بشارنەوە و لە لێزانیی سەبارەت بە “هونەری ڕۆمان” دێن و دەست بە نووسینی بێسەرەوبەر دەکەن و دواتر دەڵێن ئەمە تەکنیکە، یان شێوازێکی نوێیە و خوێنەری کورد هێشتا نە پێی گەیشتووە و نە تێی گەیشتووە. بەڵام لە ڕاستیدا شتەکە بەو شێوەیە نییە؟).

لە حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ دەیان جار ئەم گوتە سواوەم خوێندووەتەوە، بەڵام ئەوەی یەکەمجارە بیبینم، ئەمەیە (لە لێزانیی سەبارەت بە “هونەری ڕۆمان” دێن و دەست بە نووسینی بێسەرەوبەر دەکەن.).

ئەمە کوردییە؟ ئەگەر تەنیا بە مەبەستی فڕێدانی گوتە نەنووسراوە،  با چەند ڕستەیەکی تری بخاتە پاڵ!

ئایا دەتوانێت پێمان بڵێت تەکنیک چییە؟ ئایا ئەمەیش یەکێک نییە لەو چەمکانەی بەردەوام فڕێیان دەدات؟ ئایا دەکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ فەلسەفە باس لەم چەمکە بکەین؟ ئایا ئەو توخمانەی ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی لە بواری تەکنیکدا بە کاریان دەهێنن، وەک فلاشباک، فلاشفۆوەرد، مێتافۆر، لێکچوواندن و هیی دیکە لە فەلسەفەدا نەبوونەتە جێگەی بایەخ؟ ئایا ئەگەر هەر بۆ نموونە فیلۆسۆفێکی وەک (داڤید هیۆم) وەربگرین، کە تێگەیشتنێکی نوێ و جیاوازی لەبارەی کاتەوە هێناوەتە گۆڕێ، بەوەی پێی وایە کات بریتی نییە لە یەکبەدواییەکی، بەڵکوو بریتییە لە پێوەندیی نێوان شتەکان، لە ئەدەبدا نەبووە تەکنیک؟ هیوادارم بۆ وتاری (ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێكی دیکەیشەوە)م بگەڕێیتەوە، تا ببینیت چۆن لەوێدا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم.(2) ئایا چەمکێکی وەک (گەڕانەوەی هەتاهەتایە)ی (نیتشێ) گۆڕانی گەورەی بەسەر تەکنیکدا نەهێناوە؟ ئایا هەردوو چەمکی (دیوره‌یشن: Duration) و (ئینتیوه‌یشن: Intuition)ی (بیرگسۆن) لە تەکنیکی گێڕانەوەدا کاریگەرییان دەرنەکەوت، که‌ ئه‌م چه‌مکانه‌ لای ‌ئه‌و فیلۆسۆفە مانای تایبه‌تیان هه‌یه‌، به‌وه‌ی پێوه‌ستن به‌ کاته‌وه‌ و کاتیش بریتییه‌ له‌ که‌ڵه‌که‌کردن و به‌رده‌وامی؟ به‌ مانایه‌کی تر، به‌رده‌وامبوونی ڕابوردوو و گه‌شه‌کردنی، تاکوو ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ داهاتوو، که‌ ئه‌مه‌ هاوشانی دۆخه‌ ده‌روونییه‌کانیشه‌. لێره‌یشدا یاده‌وه‌ری به‌ هۆی ئه‌و به‌رده‌وامییه‌وه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و گه‌شه‌ ده‌کات. ئایا تێگەیشتن لە چەمکی (ڕەیزووم)ی (دولووز) بۆ هەر ڕۆماننووسێکی فرەدەنگ گرنگ نییە؟ ئایا (باشلار) کاتێ جەخت لەسەر کاتی خودی دەکاتەوە، کە بە کەسێتیی مرۆڤەوە پێوەستە و لە کاتی بابەتی جودایە، بەو مانایەی کاتێکی دەروونییە، کۆمەکی ڕۆماننووس ناکات لەوەی بە تەکنیکی جیاواز چیرۆکەکانی بگێڕێتەوە؟ لە بەشی شەشەمی کتێبی (دایەلێکتیکی ماوە)دا، کە ئەمە ناونیشانەکەیەتی (سوپەرئیمپۆزەیشنی کاتێتی: temporal superimpositions)، بە کاتی خود (the time of the self) و کاتی جیهان (the time of the world) ناویان دەبات و پێی وایە هەندێجار کاتی خود لە کاتی دنیا خێراتر تێدەپەڕێت، کە ئەمە وامان لێ دەکات هەست بکەین کات خێرا دەڕوات، ژیان بە ڕوومانەوە پێدەکەنێت و هەستی خۆشی داماندەگرێت. هەندێجاریش پێچەوانە دەردەکەوێت، بەوەی کاتی خود لە کاتی دنیا خاوترە، ئێمە خەفەتبار دەبین و بێزاری داماندەپۆشێت.(3)

ئەمانە و زۆری ترم لە بەرهەمەکانی پێشوومدا باس کردوون و سەرچاوەکانیشیانم نووسیون. بۆ نموونە لە وتاری (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)، لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فردەنگ)، (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی) و زۆری تردا. ئایا ئەویش دەتوانێت چەند دێڕێک لەو بارەیەوە بنووسێت؟ چەمکی تەکنیک چییە و بۆچی جارێک پێمانی ناڵێت؟

نووسیویەتی: (ئەلفوبێی نووسینی ڕۆمان شارەزابوونە لە هونەریی گێڕانەوە و هاوکات بوونی پرسیار و کەڵکەڵەیەک، کە ڕۆماننووس بۆ خزمەتی ئەو پرسیار و کەڵکەڵانە دەکەوێتە هۆنینەوەی چیرۆک. لە وتارێکی دیکەشدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە هونەری ڕۆمان هونەری پیشاندانی ئاڵۆزیی بوونە، نەک هونەری ئاڵۆزکاندن.).

چ خوێنەرێکی سەرەتایی نازانێت ئەم وشانە بە دوای یەکدا ڕیز بکات؟ ئەگەر ئەمە ئەلفوبێیە، دەتوانێت چەند دێڕێکمان لە هەموو بەرهەمەکانی پێشان بدات، کە لەو بارەیەوە نووسیونی؟ دەتوانێت پێمان بڵێت (هونەریی گێڕانەوە)، کە ڕاستییەکەی (هونەری گێڕانەوە: The art of storytelling)یە، چییە؟ دەیڵێمەوە: ئەرێ هەر بە ڕاستی ئەم وشانە گرنگن و سەختە مرۆڤ لە ماوەیەکی کورتدا دەیانی لەم شێوەیە تەنیا بۆ خۆشی بنووسێت؟

ئەگەر (هونەری ڕۆمان هونەری دوورکەوتنەوەیە لە ئاڵۆزکاندن)، دەتوانێت پێمان بڵێت چۆن و نموونەیەکمان بۆ بهێنێتەوە؟

دەتوانێت ئەو وتارەمان پێشان بدات، کە تێیدا نووسیویەتی: (هونەری ڕۆمان هونەری پیشاندانی ئاڵۆزیی بوونە، نەک هونەری ئاڵۆزکاندن)؟

ئەرێ ئەم بۆچوونە شتێکی نوێ دەگرێتە خۆی؟ ئایا ئەم چەند وشەیە هیچ شتێکمان لەبارەی چەمکی ڕۆمانەوە پێ دەڵێن؟ ئایا سەختە، ئەگەر هەر کەسێکی تر بیاننووسێت؟ دەتوانێت پێمان بڵێت جیاوازی لەنێوان ئاڵۆزی و ئاڵۆزکاویدا چییە؟ ئایا لە خۆی ڕادەبینێت یەک نموونە لە ڕۆمانی کوردی، یان لە هیی دەرەوەی کوردی بهێنێتەوە و پێشانمان بدات، کە مەبەستی چییە؟ ئەمەیش یاریکردن نییە بە وشە؟ لە کتێبی (سادەنووسی…)دا هەوڵم داوە بە وردی لەم بارەیەوە بنووسم، بەو مانایەی یاریکردن بە زمان جیاوازە لە یاریکردن بە وشە. ئەمانە چەند نموونەیەکن: گوتوومە هەڵەیەکی لۆجیکییە و پێی دەگوترێت (The Fallacy of Equivocation)، کە بە جووتمانا (Double Meaning)یش ناسراوە. ئەو وشانە بەو مانایە بە کار دەهێنرێن، تا چاوی خوێنەر لە شتە بنەڕەتییەکە دوور بکەوێتەوە و بچێتە سەر شتێکی تر، کە پێوەندییەکی ئەوتۆی پێوە نییە، بگرە هەر پێوەندیی پێوە نییە.

زمان بەوەدا مێتافۆر و خوازە لە خۆی دەگرێت، ئەوە واقیع وەک خۆی ناگوازێتەوە، بەڵکوو تەنیا لە یەک دیدگەوە پێشانی دەدات، بۆیە لای (نیتشێ) ئەوە تەنیا وەهمە، وەهمێکی لەبیرکراو، کە خەڵک پەنای بۆ دەبەن، تا خۆیان لەگەڵ دەوروبەردا بگونجێنن و ژیانیان لە مەترسی بپارێزن. بە مانایەکی دی، ئەوان لە ڕێی یاریکردن بە زمانەوە، حەقیقەت دەشارنەوە، بەوەی بەرژەوەندییان لەوەدا هەیە. لێرەیشەوە پێوەست دەبێت بە دەستەڵاتەوە، مادام ئەوە دەستەڵاتە لە ڕێی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، فێرگە، گەڕەک، پەرستگە، یاریگە، زیندان و هیی ترەوە حەقیقەت دەسەپێنێت. بەم شێوەیە ئەوە حەقیقەت نییە، کە ئەم مرۆڤە بە دوایدا وێڵە، بەڵکوو ئەنجامەکانی ئەو حەقیقەتەن. ئەو ئەنجامانە چێژی پێ دەدەن و دڵنیاییی بۆ دەهێنن. تێکڕای ئەو زانینەی مرۆڤ دەیاندات و بە دەستیان دەهێنێت، وەهمن، چونکێ بەرهەمی ئارەزووی مانەوەن. بۆ نموونە ئەو مرۆڤە کاتێ دەڵێت جۆرێکی تایبەتی ڕێزمانی داهێناوە، ئەوە بۆ ئەوەیەتی لەو جەماوەرە دانەبڕێت، چونكێ بە دابڕانی لەوان، ئەو وەهمەی تێک دەشکێت، کە دەتوانێت بیخاتە ئەو باوەڕەی داهێنەرە. جەماوەریش وەک حەقیقەتێک گوتەکە لەو نووسەرە وەردەگرن. بەوەدا ئەو گوتەیە پێوەندیی بە ژیانەوە نییە، ئەوە ئەرک ناگرێتە ئەستۆ، تا کاریگەرییەکەی ببینن، بەڵکوو لە سنووری گوتندا دەمێنێتەوە. ئەو عەقڵەی ئەو گوتەیە هەڵدەسووڕێنێت، خەسڵەتی داهێنەرانەی لە دەست داوە، چونکێ بە مەبەستی فریودان و بەلاڕێدابردن خراوەتە گەڕ.

زمان یاریگەیە و نووسەری داهێنەر یاریی تێدا دەکات، بەو مانایەی لێرەدا هەم شوێنی نافیزیکی (non-physical space) هەیە و هەم یاساکانی یارییەکەیش. پێویستە (یاریکردن بە زمان) و (یاریکردن بە وشە) لە یەکتر جودا بکەینەوە، کە یەکەمیان بەکارهێنانەوەی زمانە لە ئاستێکی دیکەدا، بەو مانایەی نووسەری داهێنەر وێنەکانی زمانی باوی ڕۆژانە تێک دەشکێنێت و هیی نوێیان لێ پێک دەهێنێت، کە نووسین هەمیشە توانای هەیە ئەو وێنە نوێیانە بخاتە باری داینامیکییەوە، تا بەردەوام هیی نوێتریان لێ بەرهەم بێت و ڕێ نەدات هیچ نوێیەک تا سەر خۆی بە نوێ بزانێت، بەڵکوو لە هەر جووڵەیەکدا کۆن دەبێت، مادام هیی دیکە لە هەمان گۆڕەپاندا دەردەکەون، بەڵام یاریکردن بە وشە تەنیا بانگەشەیە و بە شێوەی فریودەرانە بە ڕێوە دەچێت.

نووسیویەتی: (بەشی هەرە زۆری ئەوانەی ڕۆمان دەنووسن کردەی ئاڵۆزیی و ئاڵۆزکاندن تێکەڵ دەکەن و بەناوی ئاڵۆزییەوە تێکست دەئاڵۆزکێنن. هونەری ڕۆمان هونەری دوورکەوتنەوەیە لە ئاڵۆزکاندن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە هەزاران کێشەوە ئاڵۆزکاوە، پێویست ناکات دووبارە ڕۆماننووس ئەو ئاڵۆزکاوییە بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵام گرنگە ئاڵۆزییەکەی پیشان بدات.).

ئەرێ ئەوە چ خوێنەرێکی سادەیە پێویستی بەوەیە ئەم وشانە بخوێنێتەوە؟ هەمیشە پرسیومە ئەوە (هایدیگەر) و ئەو هەموو فیلۆسۆفەی تر، کە لەم بیست ساڵەدا ناوی هێناون، لە کوێین، تا ڕێی لێ بگرن ئەمانە بنووسێت؟ کوا کاریگەریی ئەو نووسەرە گەورانەی خۆمان، کە زووزوو ناویان دەهێنێت؟ دەکرێت پێم بڵێت ئەم وشانە چین وا بە دوای یەکدا ڕیزی کردوون؟ ئەو هەموو ئاڵۆز و ئاڵۆزکاوییە چین، بە کاری هێناون؟ منیش دەتوانم بنووسم: ئاڵۆزکاون و دەئاڵۆزکێن، ئەگەر نەئاڵۆزکانەیە، نەدەئاڵۆزکان. بەوەدا ئاڵۆزکاون، ئەوە ناکرێت بڵێین نەئاڵۆزکاون. ئەوەی ئاڵۆزکا، درەنگ یان زوو دەئاڵۆزکێت، بەڵام ئەوەی نەئاڵۆزکێت، سەختە بڵێیت ئاڵۆزکاوە، ئینجا با هەموو خەڵک بڵێن ئاڵۆزکاوە. گیانەکەم، ئەو ڕۆژانەی دەئاڵۆزکایت، منیشت دەئاڵۆزکاند. من دەمویست ئاڵۆز بم و تۆ دەتبردمە دۆخی ئاڵۆزکاوییەوە. هەر خۆم دەزانم ئاڵۆزکان چەند لە ئاڵۆزی جودایە. لە بیرتە، گیانەکەم، ئەو شەوەی هەردووکمان پێکەوە ئاڵۆزکاین؟ بەیانییەکەی زانیم ئەوە ئاڵۆزی بوو، نەوەک ئاڵۆزکان. ئەگەر دەتەوێت بزانیت چییە جیاوازیی نێوان ئاڵۆزکاو و ئاڵۆزی، جارێ بڕوانە خەیار و جارێ ترۆزی، ئەمیان خۆشە بە ترشی سماق و ئەویان بە لەیمۆندۆزی…. هتد… ئەگەر ئەم ئاڵۆزی و ئاڵۆزکاوەی ئەو بەو شێوەیە نین، دەیەوێت لەو بارەیەوە شتێکم پێ بڵێت؟

نووسیویەتی: (نموونەیەکی دیاری ئەدەبیاتی دونیا نووسەری ڕووسی “فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی”یە، کە ئاڵۆزییەکی زۆر لە جیهانی کاراکتەر و کارەکانیدا هەیە و دەخوازێت ئەو ئاڵۆزییەی کە ناوەوەی کاراکتەرەکاندا هەیە (ڕاسکۆلینکۆف لە تاوان و سزادا بە نموونە) وێنەی بکات و بیگۆڕێتە سەر وشە. بەڵام هەرگیز چیرۆکی کاراکتەرەکانی نەئاڵۆزکاندووە، بەڵکو ئاڵۆزی دۆخ و ژیانیانی پیشانداوە.).

با سەرەتا بپرسین، ئاخۆ سەختە ئەم وشانە لەبارەی ئەو ڕۆماننووسەوە بنووسین، مادام بڕیار نییە هیچی لە بارەوە بڵێین؟ ئایا دەتوانێت هەر لەم ڕۆمانەدا پێشانی بدات ئاڵۆزی چییە و ئاڵۆزکان بە چ مانایەکە؟ من ئامادەم باسێکی سەربەخۆ لەم بارەیەوە بخەمە ڕوو و پێشانتی بدەم، کە ئەم گوتەیە تا چ ئەندازەیەک فریودەرە.

نووسیویەتی: (بەڵام هەرگیز چیرۆکی کاراکتەرەکانی نەئاڵۆزکاندووە).

ئەو (هەرگیز)ـەی لە کوێ هێناوە؟ هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە (slippery slope) ناسراوە، کە حوکمدانێکی گشتگیر و خێرایە (hasty generalization argument)، بەو مانایەی ناتوانین هیچی لەسەر هەڵبچنین. ئاڵۆزی چەمکێکی ڕێژەیییە. ئەوەی لای من ئاڵۆزییە، لای یەکێکی تر سادەیییە. لە وتاری (چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بنووسم، کە هەر پێوەندیی بە وتارێکی ئەوەوە هەیە، کاتێ بە سادەییدا هەڵدەڵێت، کەچی هەر لەم وتارەی ئێستایدا دەڵێت دژیەتی.(4) ئەرێ لە بیری نەماوە پێشتر چیی گوتووە، یان لە بیریەتی، بەڵام ڕووی لە جەماوەرە و دەزانێت ئەوان بە گشتی گوێی نادەنێ؟

نووسیویەتی: (جیهانی ڕۆمانی کوردی بەدەست بەشێک لە ڕۆماننووسانی نوێوە، بەتایبەت ئەوانەی سەرەتا شاعیربوون و دواتر بوونەتە ڕۆماننووس جیهانێکی ئاڵۆزکاوە. جیهانێکە لەبری ئەوەی خوێنەر خۆی تێدا بدۆزێتەوە، خۆی تێدا ون دەکات.).

ئەرێ ئەمە بە کوردی نووسراوە؟ ئایا خۆی دەزانیت چیی گوتووە؟ بۆچی بە تایبەتی ئەوانەی شاعیر بوون و دواتر بوونەتە ڕۆماننووس، بەو شێوەیەن؟ ئایا دەتوانێت پێشانی بدات؟ ئەرێ ئەمە هەڵەیەکی تری لۆجیکی نییە؟ ئایا ئەمە لە فڕێدانی وشە زیاتر، دەکرێت شتێکی دیکە بێت؟ ئێمە لێرەدا بابەتێکمان هەیە بە ناوی (دیدگە) و دانەیەکی تر بە ناوی (دەق)، کە ئەو دیدگەیە بنەمایە و لەوێوە دەق پێک دێت، بەو مانایەی ئەو بیرۆکانە چیەتیی ئەو بوونەن و هەر جارێ لە شێوازێکدا خۆیان دەردەخەن. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی)، (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی)، (ئاماژە فەلسەفییەکان…) و زۆری تردا لەبارەی ئەو دیدگەیەوە دواوم و باسیشم لەوە کردووە، کە لە دنیای پۆستمۆدێرندا سنووری نێوان ژانرەکان سڕاوەتەوە، بۆیە خوێنەر مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەی دەقدا دەکات، نەوەک لەگەڵ ناونیشانی، بەو مانایەی گرنگ نییە لەژێر چ جۆرێکدا پۆلێن کراوە. دەق تەنیا لە ئاگایی پێک نایەت، بەڵکوو نائاگایی خەسڵەتی هەر دەقێکە، بۆیە گەڕان بە دوای هۆکارەکانی و کورتکردنەوەی لە شتێکی دیاریکراودا، هیی ڕەخنەی میلـلییە، کە ئەم شێوازە بەوەدا لە ڕێی دایەڵۆگەوە دانامەزرێت، دایەڵۆگ لەگەڵ کەناڵە جیاوازەکانی مەعریفە، ئەوە لە ئاستی شمەکدا دەمێنێتەوە و بە زمانی زانراوی ڕۆژانە حوکم دەردەکات.

(ئەو ئاڵۆزییەی ناوەوەی کارەکتەرەکاندا هەیە )، مانای چییە؟ ئایا ئەمەیش یاریکردن بە وشە نییە؟

نووسیویەتی: (جیهانێکە لەبری ئەوەی خوێنەر خۆی تێدا بدۆزێتەوە، خۆی تێدا ون دەکات.).

بە چ مانایەک؟ ئەگەر وەک خوێنەرێک داوای لێ بکەم چەند وشەیەکی ترم هەر لەم ڕووەوە بۆ بنووسێت، دەینووسێت؟

ئینجا نووسیویەتی: (ڕۆمان هونەری تەنها ونبوون نییە، بەڵکو ئەگەر هونەری ونبوونیش بێت، بەڵام بۆ دۆزینەوەی شتێکی نوێیە. واتە هونەری ونبوون و دۆزینەوەیە. ڕۆمانی کوردی ئەم نەوە نوێیەی شاعیرانی ڕۆمانووس بووەتە هونەری ونبوون، نەک دۆزینەوە.).

ئایا ئەم ونکردن و دۆزینەوەیە نوێیە و بە دروستی کاری بەو دوو چەمکە کردووە؟ لە کتێبی (سادەنووسی…)دا نووسیومە: [خەیاڵ بواری تاکە. ئەو مرۆڤەی لە قەرەباڵغیدا نەتواوەتەوە و نەبووەتە شت (reification)، بەڵکوو خاوەنی هێزی ئازادە، بەو مانایەی لە ڕێی هیچ سەرچاوەیەکەوە بیر ناکاتەوە، ئەوە خەیاڵی بە ئاڕاستەی نەزانراویدا دەبات. لەو گەشتە بێئامانجەیدا، کە پرسیار، گومان، ڕەخنە و جووڵە بزوێنەرین، بەردەوام شتی نوێ و چاوەڕواننەکراو دەدۆزێتەوە، لە کاتێکدا دۆزینەوە و ونکردن یەک پرۆسێسن. هێزی هەردووکیان لەو جووڵەیەدا پێک دەگەنەوە، بەوەی ئەو تاکە دەست بە شتەوە ناگرێت، بەڵکوو هەمیشە بە دوای مانای نوێدا دەگەڕێت. ونکردن یەکێکە لە توخمەکانی گەڕان. هێزی ونکردن هێزی دۆزینەوە دادەهێنێت، کە هێزێکی بێباکە و بەربەرەکانێی هێزی ونکردن ناکات، بەڵکوو هەمیشە لەگەڵی ڕێکە، تا پرۆسێسەکە نەوەستێت. ئەوانە شتیان لێ ون دەبێت، کە گەڕۆکن و لە شوێنێکدا نیشتەجێ نابن، بەڵام ونکردن بوار بۆ دۆزینەوەی توخمی نوێ دەڕەخسێنێت، کە ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو پرۆسێسە بە ڕێوەی دەبات. ونکردن و مراندنی توخمەکان، نەوەک دەستپێوەگرتنیان. لێرەوەیە چەمکی (نەمری) سەر بە ئەدەبی باوە، ئەو ئەدەبەی بە تێگەیشتنی جەماوەر بۆ جەماوەر دەنووسرێت، لە کاتێکدا لە پرۆسێسی گەڕاندا شتە دۆزراوەکان هەم ون دەبن و هەم دەمرن، بێ ئەوەی نیشانەیەک جێ بهێڵن. کوانێ گۆڕستانی کۆچەرەکان؟ مرۆڤی گەڕۆک بایەخ بە ڕازاندنەوەی گۆڕ نادات، تا بۆی بگەڕێتەوە و سەردانی بکات، بەڵکوو تەرمەکانی بەبێ هیچ ناونیشانێک جێ دەهێڵێت. ئەدەبی داهێنەرانە بەرهەمی مردنی بەردەوامی توخمەکانە، مادام خەیاڵ هێزی ئەوەی هەیە لە هەر جووڵەیەکدا توخمی نوێ دابهێنێت. مرۆڤی گەڕۆک بوونەوەرێکی ناتەواوە و لە ڕێی (گەڕان)ـەوە خۆی پێک دەهێنێت، کە بەوەدا گەڕان کۆتاییی نایەت، بگرە هەمیشە بەردەوامە، ئەوە ئەو مرۆڤە ناگاتە ئاستی تەواوبوون. مرۆڤی کامڵ ملکەچی دابونەریتە، پێبەندی دەستەڵاتی دامودەستگەی کۆمەڵایەتییە، ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە و پێشتر لە ڕێی سەرچاوەکانەوە ئەو ئامانجەی ناسیوە، تەنانەت هەر ئەو سەرچاوانەیش بۆیان دیاری کردووە، بگرە ڕێگەکانی گەیشتن بەو ئامانجەیشیان خستووەتە بەردەم. زمانێکی سادەی هەیە و لە چوارچێوەی بواری هەستی (sensory field)دا شتە سادەکانی دەردەبڕێت. بەشێکی زۆری نووسینمان سەر بەو بوارەیە. گەلێجار چەمکی (نەمری) و (کامڵبوون)ت لە نووسیندا بەرچاو دەکەون. ئەگەرچی بە نیازی چاکە بە کار دەهێنرێن، بەڵام ئاماژەن بۆ هزر و زمانی باو، بەوەی هاوواتای وەستان و داخراوین، لە کاتێکدا فەلسەفە لانی کەم لە (نیتشە)وە، بگرە لە (شۆپنهاوەر)ـەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ڕەخنەی ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرن ئاڕاستەیە بۆ ئەوانە. داهێنەر توانای ئەوەی هەیە بەرهەمەکانی بمرێنێت، مردنی مێتافیزیکی، کە ئەم تێگەیشتنە بە (هایدیگەر)، (فۆکۆ)، (بارت)، (دێریدا) و ئەوانەی دیدا تێدەپەڕێت. مراندنی بیرۆکەیەک لەپێناوی لەدایکبوونی بیرۆکەیەکی دی. وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا (هایدیگەر) پرۆسێسی کردنەوە و داپۆشین دەخاتە گەڕ، تا ڕێ لە نەمری و کامڵبوون بگرێت. گەلێجار ئەو چەمکانەی لە فەلسەفەدا ڕەخنەیان لێ گیراون و هەوڵی تێپەڕاندیان دراوە، لە نووسینی باودا وەک شتی گرنگ لێیان دەڕوانرێت، بگرە دەکرێنە پێوەر و لەوێوە هەر دەقێک بە لاوە دەنێن، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، کە ئەوان لێی تێگەیشتوون. تێکەڵکردنی دنیای شمەک و دنیای ئاماژەیە. ئەگەر لە ئاستی میلـلیدا (نەمری) و (کامڵبوون)، یان (کەماڵ) داواکراون، ئەوە لە ئاستی ئاماژەدا، کە بواری فەلسەفەیە، ئەوانە تێک دەشکێنرێن، تا بەردەم خەیاڵی ئازاد ئاواڵا بێت.].(5)

بەستنەوەی چەمکی ونبوون و دۆزینەوە بە ئەدەبی فرەدەنگییەوە، لێکدانەوەی تایبەتی خۆمە و لە هیچ سەرچاوەیەکم وەرنەگرتووە. ئایا لە چیرۆک و ڕۆمانەکانیشمدا کارم پێ کردوون؟ بەڵێ، لە بەرهەمەکانی سەرەتامەوە تا ئەمڕۆ دەتوانێت بیبینێت. ئەو لەوەی منی وەرگرتووە، بەڵام بەو مەبەستەی نەناسرێتەوە، گۆڕیویەتی و گۆڕینەکە بووەتە مایەی پێکەنین. ئەگەر ونبوون و دۆزینەوە بکەونە بەرانبەر یەکتر، ئەوە پرۆسێسی گەڕان دەوەستێت و هیچ نوێبوونەوەیەک ڕوو نادات، بەڵام بەوەدا هەر لە بنەڕەتەوە نەیزانیوە ئەم پرۆسێسە لە فەلسەفەی بوونگەراییدا، بە تایبەتی لای (هایدیگەر) بایەخی گەورەی هەیە، ئەوە بۆچوونەکەمی شێواندووە. ئایا یەکەم جارە لە بەرهەمی من وەردەگرێت، بێ ئەوەی ئاماژەی پێ بکات؟ نەخێر. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی…)دا بەشێکم بۆ تەرخان کردووە. ئەرێ ئەگەر بە خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە بڵێیت ڕەخنەگرێکمان هەیە، لەم بیست ساڵەدا دەیان جار ناوی (هایدیگەر)ی هێناوە، کەچی بە چەمکی (کامڵبوون) و (نەمری)دا هەڵدەدات، چیت پێ دەڵێت؟

نووسیویەتی: (خوێنەری کورد لەبەردەم دەقی ئاڵۆزکاوی ڕۆماننووسانی کورددا ناتوانێت سەرسام نەبێت. سەرسام بەو هەموو ئاڵۆزکاندنە نەک بەو داهێنان و نوێگەریی.).

ئایا لە وشەی (سەرسامی) گەیشتووە؟ ئەوە ویستوویەتی شتێکی پێچەوانەی ئەمە بڵێت، بەڵام دیارە لێرەدا ئەوەی لێ دەرچووە. نازانم ئەمە ئاڵۆزکانە، یان ئاڵۆزی! بۆچی بە ناوی هەموو خوێنەری کوردەوە قسە دەکات؟ لانی کەم بیست ساڵە لە بواری ڕەخنەدا چالاکە، کەچی هێشتا دەستی بەم تێگەیشتنە سادەیەوە گرتووە؟ ئەو نەبوو باسی (کانت) و (فۆکۆ)ی دەکرد، بە مەرجێ وتارەکەی (کانت) دژی نوێنەرایەتییە و (فۆکۆ)یش جەختی لێ دەکاتەوە؟ ئەرێ ئەوە کانت و فۆکۆ لە کوێن؟

نووسیویەتی: (خوێنەری کورد لە رۆمانەکانی “ئەلبێر کامۆ، سارتەر دۆستۆیڤسکی، کافکا” و زۆر نووسەری دیکەی ئاڵۆز و سەخت تێدەگات، بەڵام ناتوانێ لە چیرۆک و ڕۆمانەکانی نووسەرە هاوزمانەکەی خۆی تێبگات کە باسی ژیانی ئەو دەکات؟ ئایا ئەمە کێشەکە خوێنەری کوردە؟ یان ڕۆمانووسان؟)

دیسان بە ناوی هەموو خوێنەری کوردەوە قسەی کردووە. ئینجا چۆنی زانیوە ئەو خوێنەرانە لەوانە تێدەگەن؟ ئایا لەبارەی یەکێ لەو ڕۆمانانەوە چەند دێڕێکی نووسیون؟ ئایا ئەگەر تا ئێستا نەینووسیوە، دەتوانێت ئەمڕۆ پەرەگرافێکمان بۆ بنووسێت؟ ئایا سەختە ناوی دەیان ڕۆماننووس و فیلۆسۆفی تر بخاتە پاڵ ئەمانە، مادام بڕیار نییە هیچ لەو بارەیەوە بنووسێت؟

نووسیویەتی: (بێگومان من پەسنی سادەیی و سادەکردنەوە نادەم.[

ئایا ڕاستە؟ نەخێر، وەک پێشتر گوترا وتارێکی لە ڕۆژنامەی (هەولێر)دا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نەک هەر بە سادەیی و نووسەری سادەنووسدا هەڵدەڵێت، بەڵکوو پەلاماری ئەوانەیش دەدات، کە سادەنووس نین. وەک گوتم من ئەودەم وتاری (چەمکی سادەنووسی وەک بانگەشەی داهێنان)م لەو بارەیەوە نووسی و دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.

نووسیویەتی: (لەگەڵ ئاڵۆزی و ڕوونیم).

ئەرێ دەکرێت شتێک لە یەک کاتتدا هەم ڕوون بێت و هەم ئاڵۆز؟ خوێنەری سەرەتاییی فەلسەفە، کاتێ دەگاتە (ئەریستۆ)، فێری یاسای نادژایەتی (law of non-contradiction) دەبێت، بەو مانایەی ناکرێت شتێک لە یەک کاتدا خۆی و دژەکەی بێت. بۆ نموونە کراوە و داخراو، سارد و گەرم بێت. کاتێ دەڵێت: (لەگەڵ ئاڵۆزی و ڕوونیم)، ئەوە تەنیا یاری بە وشە دەکات و دەیەوێت لەو ڕێیەوە کەسانێک بشکێنێت. بەپێی گوتەکەی ئەم جۆرە ڕۆمانە دەناسێت و ئەزموونی لەگەڵیدا هەیە، بە مەرجێ وا نییە و ناکرێت ڕۆمانێک هەم ڕوون و هەم ئاڵۆز بێت. نموونەیەکم بۆ دەهێنێتەوە؟ ئەگەر شتێک نەبێت، چۆن پێی وایە ئەزموونی لەگەڵیدا هەیە و دەیناسێت؟ ئایا دەزانێت (ئەریستۆ) یەکێکە لەو فیلۆسۆفانەی، کە لە بەرهەمەکانی (هایدیگەر)دا زۆر ناویان هاتووە؟ بەرچاوی نەکەوتووە؟ هێشتا ئاگای لەم ئەلفوبێیە نییە؟

نووسیویەتی: (هاوکات دژی ئاڵۆزکاندن و تەمومژی بێ بنەمام.).

کێ ئەو بنەمایە دیاری دەکات؟ مەبەست لە بنەما چییە؟ دەتوانێت پێمان بڵێت، یان وەک ئەوانەی تر فڕێی داوە؟

نووسیویەتی: (ئاساییە تێکست ئاڵۆز بێت، بەڵام خاوەن گوتار بێت. ئاساییە تێکست ڕوون بێت، بەڵام هەڵگری گوتار و شێواز و تەکنیکی بەرز بێت.).

ئەوە مانای چییە؟ مەبەست لە گوتار چییە؟ ئایا دەتوانێت پێناسەی چەمکەکە بکات، تا بزانین چ مەبەستێکی هەیە؟ ئایا ئەمەیش هەر فڕێدانی چەمک و یاریکردن نییە بە وشە؟ کێ خاوەنی گوتارە؟ دەتوانێت نموونەیەکم بۆ بهێنێتەوە؟ گوتار چەمکێکی گشتییە و تەنیا کاتێ مانا پەیدا دەکات، کە تایبەتمەندێتی وەردەگرێت و ئەوەی ئەو تایبەتمەندێتییەیشی پێ دەدات، تاک، گرووپ دامودەستگای کۆمەڵایەتین، کە (فۆکۆ) لەم بارەیەوە تیۆریی دەستەڵاتی دامەزراندووە و لێوەی دواوم. ئەم وشەیە لەم ڕایەڵەدا هیچ ئەرکێکی نییە، بەڵکوو تەنیا فڕێی داوە و جێی هێشتووە. ئەگەر لە جیاتیی ئەو، هەر دانەیەکی تری وەک بزمار، ڕەوڕەوە، کڵاو، نیسکێنە و کووکووختی دابنێین، شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئینجا (خاوەن گوتار) لێکدراوە و بەم شێوەیە دەنووسرێت (خاوەنگوتار)، بەڵام (خاوەنی گوتار) جودایە. تەکنیکی بەرز چییە و چۆن لە تەکنیکی نزم جودا دەکرێتەوە؟ ئەوە کێیە بڕیار دەدات کامیان بەرزە و کامیان نزم؟ شێواز چییە؟ ئایا دەتوانێت چەند دێڕێکی خۆیمان لەم بارەیەوە پێشان بدات؟

نووسیویەتی: [بەڵام ئایا ڕۆمانووسانی کورد ئاگاداریی ئەوەن کە ڕۆمان بەپێی پەیڕەوکردنی قوتابخانەیەکی دیاریکراو نانووسرێت؟ بۆ نموونە ناکرێت ڕۆماننووسێک بڵێت من ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرن دەنووسم، چونکە ئەوە چیرۆکەکەیە بڕیار دەدات چۆن بگێڕدرێتەوە و ئەو جیهانەیە کە حیکایەتەکان دەیخوازن چۆن بگەن بە خوێنەر نەک جیهانێک نووسەر بەسەر تێکستدا سەپاندبێتی. نووسین تەنها هونەری ئازادی نووسەر نییە، بەڵکو هونەری ئازادی کاراکتەر و حیکایەت و ڕووداوەکانیشە. نووسەر دەسەڵاتی کۆکردنەوە و نووسینەوەیان هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە ڕەها نییە (وەک ئەوەی هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن)، بەڵام ئەم دەسەڵاتەش سنووردارە.[

ئەرێ ئەوە گرنگە ڕۆماننووسی کورد ئاگاداری بێت؟ چ نووسەرێکی سەرەتایی هەیە ئەمەی تێنەپەڕاندبێت؟

نووسیویەتی: [نووسین تەنها هونەری ئازادی نووسەر نییە، بەڵکو هونەری ئازادی کاراکتەر و حیکایەت و ڕووداوەکانیشە. نووسەر دەسەڵاتی کۆکردنەوە و نووسینەوەیان هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە ڕەها نییە (وەک ئەوەی هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن)، بەڵام ئەم دەسەڵاتەش سنووردارە.].

جارێ (ئازادی)یە، نەوەک (ئازاد). دەنووسرێت (ئازادیی نووسەر)، نەوەک (ئازادی نووسەر)، کە مانای وایە نووسەرێکمان هەیە و ناوی (ئازاد)ـە. ئینجا ئەوە ئەگەر یاریکردن نییە بە وشە، دەتوانێت شتێکمان لەو بارەیەوە بۆ بنووسێت؟ من دەپرسم چۆن بە دوای هونەرێکدا بگەڕێین، کە نەهێڵێت ئەم وشانە بنووسین؟ کام دەستەڵاتە ڕەها نییە و مانای چییە؟ ئەوە کێیە بانگەشەی ئەوەی کردووە؟ ئەرێ ئەم ڕستەیە (نووسەر دەسەڵاتی کۆکردنەوە و نووسینەوەیان هەیە) کوردییە؟ با بڵێین کوردییە، بەڵام دەیەوێت لەو ڕێیەوە چیمان پێ بگەیەنێت؟ ئەمەیان ئاڵۆزە، یان ئاڵۆزکاوە؟

نووسیویەتی: (کێشەیەکی گەورەی ڕۆمانووسانی کورد ئەوەیە کە هەموو دەیانەوێت وەکو جۆیس، یان فۆکنەر بنووسن، کە ئەوانە دوو لە تایبەتترین ڕۆمانووسانی جیهانن و ئەوان دۆخی ئاوارتەن، نموونەگەلێک نین کە چاویان لێ بکرێت، نەک لەبەرئەوەی ئەوەی نووسیویانە لاوازە، یان هەر هۆیەکی دیکە، بەڵکو لەبەرئەوەی جیهانی ڕۆماننووسی ئەوان ئاوارتەیە و ئیمکانی دووربارەکردنەوەی بەو ئاستە بەرز و ناوازەیە مەحاڵە. بۆیە هەموو کۆپیکردنێکی ئەو جیهانە دەبێتە جیهانێکی ئاڵۆزکاو، کە هیچی ئەوتۆ بە خوێنەر نادات..)

ئایا نووسەران خۆیان ئەوەیان گوتووە، یان بۆی هەڵبەستوون؟ سەرەتا ئەوە هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە هەڵەی داوەڵ (straw man fallacy) ناسراوە، بەو مانایەی هەندێک داوەڵی دروست کردوون، گۆیە ئەوانە نووسەرن و ئەم بۆچوونەیان دەربڕیوە، لە کاتێکدا پێویستە بیسەلمێنێت، دەنا دەبێتە بانگەشەی ڕووت. هەروەها کاتێ دەڵێت: (هەموو دەیانەوێت وەکو جۆیس، یان فۆکنەر بنووسن)، ئەوە هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکییە و بە هەڵەی گشتاندن (Faulty generalization) ناسراوە، بەو مانایەی نموونەیەک دەکاتە پێوەر و لەوێوە دەڕوانێتە گشت، تا باز بۆ ئەنجام هەڵبدات، لە کاتێکدا نموونەکەیشی نەهێناوەتەوە. ئەرێ هەر بە ڕاستی وایە و هەرچی ڕۆماننووسی کورد هەیە دەیەوێت وەک ئەو دووانە بنووسێت؟ ئینجا من دەپرسم ئایا دەتوانێت لەبارەی ئەم دوو ڕۆماننووسەوە چەند دێڕێک بنووسێت، یان هەر ناوی بیستوون و لێرەدا بە کاری هێناون؟ خوێندنەوەی (جۆیس) نەک تەنیا بۆ خوێنەری ئاسایی، بەڵکوو بۆ ڕۆماننووس و فیلۆسۆفانیش سەختە، کە وەک (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ) لە کتێبی (بەرهەمی کراوە)دا دەریدەبڕێت و من لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی)دا لێیم وەرگرتووە. ڕاستییەکەی (جۆیس) چاکترە بە زمانی ئینگلیزی بخوێنرێتەوە، چونکێ زۆر کار لەسەر دەنگ و تۆن دەکات، کە ئەمانەیش تایبەتن بەو زمانە. کاتێ بۆ زمانی تر وەربگێڕدرێن، بەشێکی ماناکانیان لە دەست دەدەن. نزیکەی پانزدە ساڵ لەمەوبەر لە نامەدا ئەوەم بۆ نووسیوە، کاتێ گوتوویەتی (ئیقاع) و (ڕیتم) دوو شتی جیاوازن. من لەو نامەیەدا باسێکم لەو بارەیەوە خستووەتە ڕوو و گوتوومە هەردووکیان یەکێکن، بەڵام ئەمیان عەرەبییە و ئەویان ڕەگی بۆ یۆنانی دەگەڕێتەوە، کەچی هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی جیاوازن، بێ ئەوەی بڵێت چۆن. پێی خۆشە بە تایبەت لە بارەی ئەو ڕۆماننووسەوە گفتوگۆ بکەین؟ من خۆم لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە هەوڵی ئەوەم داوە بە شێوازی خۆم لە بەرهەمەکانی بگەم. هێنانەوەی نموونەی (جۆیس) هەر خۆی بۆچوونەکەی لەبارەی سادەیی و ئاڵۆزییەوە پووچ دەکاتەوە. سەرەتا دەستگەکانی چاپ ئامادە نەبوون ڕۆمانەکانی چاپ بکەن، گۆیە بێکەڵک و ئاڵۆزن، کەچی دواتر وەک داهێنانی گەورە سەیر کران. ئەگەر بۆ کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی) بگەڕێتەوە، ئەوە ئەم دێڕانەی خوارەوەی دەکەونەوە بەرچاو:

[(ئێمبێرتۆ ئیکۆ) لە کتێبی (بەرهەمی کراوە)دا، کە لە ساڵی 1958 نووسیویەتی، بایەخێکی گەورە بە بەرهەمی (جۆیس) دەدات. (یۆلسیس) بە (جیهانی ئاڵۆز و بێسنوور) ناو دەبات، بگرە دەڵێ شارێکە هەمیشە بۆی دەگەڕێینەوە، تاکوو سیمایەک ببینین، لە خەڵکێک بگەین، پێوەندی و ئاڕاستەی بەرژەوەندی دابمەزرێنین.(6)

هەر بە گشتی (ئیکۆ) لەم کتێبە و ئەوانەی تریدا بایەخی گەورە بەوە دەدات چەمکی ئەدەب و هونەر زیاتر بکاتەوە و بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە کرانەوە واتە دەرکەوتنی ڕێگەی جیاواز بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوە. دەیەوێت لە ڕێگەی بەرهەمە پەراوێزخراوەکانی (جۆیس)ـەوە سیماکانی (بەرهەمی کراوە) وەک چەمکێکی ئەدەبی و ئێستاتیکی بناسێنێت. هەوڵەکەی لەپێناوی پێناسەیەکدایە بۆ شیعریەتی (بەرهەمی کراوە) و بۆ دەرخستنی ڕەگی مێژوویی، بوارەکان و ئامانجەکانی، کە (جۆیس) پێی دەدات.].(7)

پۆلێنکردنی دەق بۆ ئاڵۆز و سادە، بینینیەتی وەک ئەوەی دیارە و هاوکات نەگەڕانە بە دوای ڕووبەرە نادیارەکانی ئەو دەقەدا. من لە وتاری (ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان)دا نووسیومە: (ڕۆمان، کە مەبەست ئەو ڕۆمانەیە ئاستی واقیعی زانراو و زمانی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە گەردوون دەچێت، بگرە هەر خودی گەردوونە، بەوەی گەردوون لە ڕووی کات و شوێنەوە بێسنوورە. ڕۆمان کاتێ فرەئاڕاستە و فرەدەنگە، دەستنیشان ناکرێت، تا بڕیاری کۆتاییی لەسەر بدرێت. وەک چۆن گەردوون لە تێکڕای تیۆرییەکان گەورەتر و فرەوانترە، ئەوە ڕۆمانیش بە هەمان شێوە توانای هەیە دەیان تیۆری و ئاڕاستەی فەلسەفی بهێنێتە دی، بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو ڕاڤانە، بگرە تێکڕای ڕاڤەکانیش بتوانن وا خۆیان دەربخەن بەشی زۆری نهێنییەکانی ئەویان دۆزیوەتەوە، بەڵام بایەخی ئەم هەوڵانە لە بەردەوامییاندایە…. چەند پێمان وا بێت تەواو لە گەردوون گەیشتووین و بەشێکی زۆری نهێنییەکانیمان دۆزیوەتەوە، هێشتا کەمی لێ دەزانین. کاتێ دەڵێین گەردوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەیە، بە هەڵەدا دەچین، بەڵکوو وەک دەقی ڕۆمانی فرەدەنگ ناڕاستەوخۆیە، کە پێشتر گوترا (گەردوونی نەبینراو) بێسنوورە. ڕۆمان چەشنی گەردوون هێزی کێشکردن و وزەی تاریک هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ، تا ماددە ڕابکێشێت و کشانی دەق خاو بکاتەوە، لە بەرانبەردا وزەی تاریک بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت کشان درێژەی هەبێت، کە ئەوانە ناهێڵن سەرەتایەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەین و بە خاڵی کۆتاییی بگەین. ڕۆمان وێنەی گەردوون خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی، کە دەکرێت بڵێین، نایاسا، یان ناپێوەر (non-standard)ن، نەوەک یاسا و پێوەر. لۆجیکەکان هیی ناوەوەی خۆین، نەوەک لە دەرەوە بۆی هاتبن.).(8)

خوێندنەوەی خۆی دەکاتە سەنتراڵ، بەو مانایەی کاتێ لە ڕۆمانێک ناگات و لای ئاڵۆزە، وا دەزانێت ئەم ئاڵۆزییە گشتییە و پێوەندیی بە هەمووانەوە هەیە، لە کاتێکدا وەک گوترا ئاڵۆزی و سادەیی دوو چەمکی ڕێژەیین. (نەجیب مەحفووز) لە کۆتاییی هەشتاکاندا گوتی من لە ڕۆمانەکانی (جۆیس) ناگەم، بەڵام وەک بینیمان (ئیکۆ) لەو بارەیەوە کتێبێکی گرنگی نووسیوە. ئەم حوکمدانە لە دنیای ڕەخنەدا بایەخی نییە. ئایا سەیرە کەسێک ئەم وتارەی نووسیبێت و لە ڕۆمانی ئاڵۆزیش بگات؟ پێشتریش گوتوومە شتێک نییە بە ناوی سادەیی و ئاڵۆزی، بەڵکوو ئەوانە شوێنەواریان بەسەر یەکەوە هەیە و فیلۆسۆفێکی وەک (دێریدا) لێوەی دواوە، کە ئەگەر بۆ کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکان) و وتاری (چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان)م بگەڕێتەوە، دەیبینێت.

ئەمە هەموو وتارەکەی بوو، کە یەک وشەیم لێ نەپەڕاندووە. ئەگەر پێی وایە لێرەدا ڕستەیەکی نووسیوە، نوێیە و بەرهەمی وردبوونەوەیە، بگرە مایەی پێکەنین نییە، دەتوانێت چ بە نامەی داخراو بێت و چ بە نامەی کراوە گفتوگۆی لە بارەوە بکەین؟

پرسیارێکم هەیە و هیوادارم بەو بوێرییەی هەیەتی، وەڵامم بداتەوە: ئایا ڕۆمانی (دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان)ی منیش هەر لەو نموونانەیە؟ ئەگەر وەڵامەکەی (بەڵێ)یە، پێی خۆشە لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەین؟

سێ پرسیارم ماون:

یەکەم: ئایا دەبێت ڕەخنەگرێک، کە لەم بیست ساڵەدا ناوی دەیان فیلۆسۆف و چەمکی بردوون، بەڵام لە دژی ئاڵۆزیدا بوەستێتەوە و لەم ئاستەی زمانیشدا بنووسێت؟

دووەم: من ئەگەر پێشتر ناویم نەبیستبێت و یەک دێڕیم نەخوێندبێتەوە، بەڵکوو تەنیا ئەم وتارەیم بکەوێتە بەرچاو، ئایا نازانم بە چ جۆرە ڕۆمانێک سەرسامە؟ ناکرێت بڵێم حەزی لەو ڕۆمانانەیە، کە سادەن و بە پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) نووسراون، کە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە تێپەڕێنراون؟

سێیەم: ئەوە چ ڕۆماننووسێکی داهێنەرە، پێی خۆش نییە ئەم ڕەخنەگرە میلـلییە بەرهەمەکانی بە ئاڵۆز بزانێت و وەک هیی ڕۆماننووسە سادەنووسەکان نەڵێت داهێنانی گەورەن و پێویستە جەماوەر هەزاران دانەیان لێ بکڕن؟ زیاتر لە جارێک دەریبڕیوە، کە پێوەری ڕۆمانی چاک ئەوەیە زۆری لێ فرۆشرابێت.

وەک هەمیشە  دەیڵێمەوە: لە دڵەوە، نەوەک بە تەوسەوە سپاسی دەکەم بۆ ئەو جووڵەیەی هەمیشە دەیخاتە دنیای نووسین و بیرکردنەوەمانەوە. من خۆم هەوڵەکانی بە گرنگ دەزانم، بەڵام ئەمە ڕێم لێ ناگرێت بۆچوونەکانم ئازادانە دەرببڕم. ئەم و هەموو ئەوانەی تریش ڕێیان دراوە بەرهەمی من بە شێوازی خۆیان بخوێننەوە و پێی پێبکەنن، بگرە قاقای بۆ لێ بدەن. هەر بە ڕاستی بە خوێندنەوەی خۆم ئێمە لە قۆناغی کەڵەکەکردنی چەمکەوە چووینەتە قۆناغی قاقاوە، کە ئەمڕۆ ئەم قاقایە گەیشتووەتە بۆچوونی ئەو نووسەرانەی تا دوێنێ وەک بت سەیر دەکران. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئەو بەشدارە لەوەی ئەمڕۆ بەرهەمی نووسەرە جەماوەرییەکان ببنە نوکتە و مایەی پێکەنین. ئایا کاتێ بەم شێوەیە چەمکەکانی هەڵدەگرینەوە و قسەیان لێوە دەکەین، ئەو نووسەرە گەورانە ناپرسن چۆن هێندە دڵخۆشن، کە ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە بە داهێنەریان دەزانێت و مژدە دەدات، گۆیە جەماوەر هەزاران دانەیان لە بەرهەمیان کڕیون؟

بەپێی تیۆریی پەرەسەندن قاقا خاوەنی کۆمەڵێک مانا و ئاماژەی گەورەیە، کە ئەو مانا و ئاماژانە ئەمڕۆ لە دنیای نووسینماندا نەک هەر دەرکەوتوون، بەڵکوو بوونەتە بەها و لە جووڵەدان. ئەگەر لە دیدی (کلوود لیڤی شتراوس)ی ئەنترۆپۆلۆجیستەوە بڕوانینە چەمکی قاقا، کە ئەو پێی وایە مرۆڤی سەرەتایی وەک هیی ئەمڕۆ عەقڵانیەتی باڵای پێک هێناوە، بەوەی پشتی بە سیمبۆڵ و شیفرە بەستووە، تا لە ڕێی پێکبەستنەوەی دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە جیهان لێک بداتەوە، ئەوە دەکرێت ئێمە ئەمڕۆ قاقا بە توخمێکی گرنگی دەربڕین دابنێین. ئەم  فیلۆسۆفە دەڵێت هەر کۆمەڵگەیەک شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ دەربڕین و ڕێکخستنەوەی زانیارییەکانی. ئێمە ئەمڕۆ لە ڕێی پێکەنین و قاقاوە ڕووبەڕووی ئەو ناوە دیارانە دەبینەوە، کە لەم سی ساڵەدا پەنایان بۆ گوتەی ڕەونەقدار بردووە و بەردەوام چەمکیان فڕێ داوە.

سەرنچ بۆ خوێنەران:

گەلێجار دەگوترێت ئایا دەکرێت وەڵامی ئەم جۆرە نووسینە بدرێتەوە، بەڵام من دەڵێم وەڵامدانەوە نییە، بەڵکوو کارکردنە بەو چەمکانەی ناویان هاتووە. وەک هەمیشە دەیڵێمەوە گرنگ نییە کێ ناوی ئەو چەمکانەی هێناون، بەڵکوو ئەوە گرنگە تۆ چیی دیکە لەم ڕووەوە دەڵێیت. وەک چۆن ئەوان مافی خۆیانە بۆچوونیان دەرببڕن، منیش هەمان ماف بە خۆم ڕەوا دەبینم و لەم بارەیەوە دێمە دەنگ، بێ ئەوەی بە لای کەسێتییاندا بچم. هەمیشە هەوڵم داوە و دەیدەم، کە ئاستی ئەو بابەتە تێبپەڕێنم وا ڕووبەڕووی بوومەتەوە. هەندێک دەڵێن ئەوانە گفتوگۆ ناکەن، بەڵکوو پەنا بۆ توانج و شێوازی لەم شێوەیە دەبەن، کە هەندێکیان مووچەخۆری حزبەکانن و مێدیای ئەوان بۆ ئەم مەبەستە دەخەنە گەڕ. من ئەوەیش بە گرفت نازانم، مادام مامەڵە لەگەڵ چەمکدا دەکەم، کە وەک گوترا گرنگ نییە کێ فڕێی داوە و لە کوێ فڕێ دراوە. هەر (ئارام سدیق) لە ڕۆژنامەی (هەولێر)دا چووە گوتەی منی گۆڕیوە، کە لە کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێواز ناسی)دا ئاماژەم پێ کردووە. ئەوەیشم لا ئاسایییە. چەند جارێک گوتوویەتی نووسینی من ناخوێنێتەوە، کەچی دەرکەوتووە چاک دەیانخوێنێتەوە. ئایا سەیر نییە، بە نووسەرێک بڵێیت نووسینەکانت ناخوێنمەوە، بەڵام حوکمیشیان بۆ دەربکەیت؟ تا ئەم ساتەیش ئاماژەی بە یەک دێڕم نەکردووە. بەریەککەوتنی نووسەران لە سەردەمی یۆنانەوە تا ئەمڕۆ هەر هەبووە و کارێکی سروشتییە. پێشتر زۆر نموونەم لێ هێناونەتەوە. هەر لە دەوروبەری خۆمدا دیومە ئەم شێوازە کاریگەریی هەبووە. نەک هەر دژی ئەوە نیم بەو شێوازە دەنووسن و بڵاویان دەکەنەوە، بەڵکوو دەڵێم ئازادن و ئەم فرەڕەنگییە لە دنیای ئەمڕۆماندا بایەخی گەورەی هەیە. هەمیشە جەختم لەوە کردووەتەوە.

سەرچاوەکان:

1. کاکەسوور، کاروان، ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر. ئەمەی خوارەوە لینکەکەیەتی:

ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر – ژنەفتن

2. کاکەسوور، کاروان، ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێكی دیکەیشەوە. ئەمەی خوارەوە لینکەکەیەتی:

ڕۆمانی تەرمەوان لە دیدێکی دیکەیشەوە – ژنەفتن

3. Bachelard, Gaston, The Dialectic of Duration, Translated and annotated by Mary McAllester Jones. Introduction by Cristina Chimisso. Clinamen Press, 2000. PP.105

4. کاکەسوور، کاروان، چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان. ئەمەی خوارەوە لینکەکەیەتی:

چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان – ژنەفتن

5. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار (59)، چاپی یەکەم، دانیمارک، 2025، ل60_62

6. ایکو، امبرطو، الأثر المفتوح، ترجمة: عبد الرحمن بو علي، دار الحوار لـلنشر والتوزیع، الطبعة الثانیة، سوریة، 2001، ص24

7. هەمان سەرچاوە، ل53

8. کاکەسوور، کاروان، ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان. ئەمەی خوارەوە لینکەکەیەتی:

Microsoft Word – ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان.docx