پێنج
چاڵێک هەڵدەکەنم
تا بە دوای وشەیەکی نێژراودا بگەڕێم.
گەر بیدۆزمەوە،
وشەکە چاڵەکە پڕ دەکاتەوە.
گەر نەیدۆزمەوە،
چاڵەکە بۆ هەمیشە بە کراوەیی لە دەنگمدا دەمێنێتەوە.
گەڕان بە دوای ئەوەی نێژراوە
پووچیی شکستی لەخۆ گرتووە.
***
یەک
لە کوێیە سێبەری
ئەو تەنەی بە دیواردا هەڵپەسێردراوە؟
لە کوێیە وێنەی
ئەو ئاوێنەیەی بە شەودا هەڵپەسێردراوە؟
لە کوێیە ژینی
ئەو بوونەوەرەی بە خۆیدا هەڵپەسێردراوە؟
لە کوێیە ئیمپڕاتۆریەتی
ئەو مرۆڤەی بە مەرگدا هەڵپەسێردراوە؟
لە کوێیە نووری
ئەو خودایەی بە هیچدا هەڵپەسێردراوە؟
ئەوەی هەر دەگەڕێین بۆی
ڕەنگە لەو ناشوێنانەدا بێ.
سەرچاوە:
Roberto Juarroz, Antología esencial, “5” (p. 63) y “1” (p. 89). Traducidos al kurdo por Jiyar Homer.