پێوانهكردنی تراوما لای ژنانی خهتهنهكراو
پوختەی توێژینەوە:
ئامانجی سەرەکی لەم توێژینەوەیەدا بریتییە لە زانینی ئاستی تراوما لای ژنانی خەتەنەکراو، بەپێی گۆڕاوە دیمۆگرافییەکانی وەکوو باری خێزانی، ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوون. کۆمەڵگەی ئەم توێژینەوەیە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەخۆ دەگرێت و نموونەی ئەم توێژینەوەیەش بریتی بووە لە (68 ژنی خەتەنەکراو). لەم توێژینەوەیەدا بۆ دەستکەوتنی داتاکان میتۆدی چەندێتی بەکارهاتووە، و بۆ زانیارییەکانیش پشت بە فۆڕمی ڕاپرسی بەستراوە. بۆ گۆڕاوی سەرەکیی (تراوما) پێوەریCloitre, M. 2018) )، بەکار هێنراوە. دوای کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئاماری و بە یارمەتی بەرنامەی ئاماریی (SPSS) داتاکان شرۆڤە کراون. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوەی دەرخستووە کە تراوما لای ژنانی خەتەنەکراو بوونی هەیە. بەگوێرەی گۆڕاوی باری خێزانی، دەرکەوت بەڵگەداری ئاماری نییە، ئەمەش واتا هیچ جیاوازییەک لە میانەی بارەکانی خێزاندا نییە. هەروەها بەگوێرەی گۆڕاوی باری ئابووریش هیچ جیاوازییەک نییە لای نموونەی توێژینەوە. سەبارەت بە کۆتا دەرئەنجام بەهەمان شێوە دەرکەوت کەوا بەگوێرەی گۆڕاوی شوێنی نیشتەجێبوون بەڵگەداری ئاماری نییە. بۆیە جیاوازی نییە لەنێوان دانیشتووانی گوند و شار. لەکۆتاییشدا توێژەر بە ڕەچاوکردنی ئەنجامەکانی توێژینەوە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێکی خستۆتە ڕوو.
وشە کلیلییەکان: تراوما، ژن، خەتەنەکردن، دەڤەری سۆران.
پێشەکی
دیاردەی خەتەنەکردنی ژنان وەک کردارێکی نەریتی لە زۆربەی کولتوور و کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی دیاریکراوتر، ئەم دیاردەیە لەو کولتوورانەی نەریت تیایاندا زاڵن، بەربڵاوترە. بێ شک لە بەرامبەر ئەمەدا، لایەنە ئایینی و نەریتییەکان لەپێناو پاکانەکردن بۆ ئەم دیاردەیە، پاساوی جۆربەجۆر دەهێننەوە. دواتر، کۆی ئەو لێکۆڵینەوە و چالاکییانەی سەبارەت بەم پرسە ئەنجام دراون، تەنیا لایەنە جەستەیی و شوێنەکییەکەیانی بەر دیدە گرتووە، بەبێ ئەوەی هێڵە دەروونییەکەی بە شێوەیەکی زانستی و پشتبەست بە ئامار ڕوون بکەنەوە.
تراوما وەک چەمکێکی بنەڕەت بۆ تێگەیشتن لە خەتەنەکردنی مێینەدا بەکار دەهێنرێت. چونکە ئازاری جەستەیی نەک تەنیا دەستبەجێ بەڵکوو ئەو زیانە دەروونی و سۆزدارییە بەردەوامانەی کە بەدوایشیدا دێت، دەگرێتەوە. خەتەنەکردن ڕووداوێکی یەکجارەکی نییە؛ ئەزموونێکە کە بەردەوام هەستی سەلامەتی، یەکپارچەییی جەستەیی و سەربەخۆییی کەسی دەشکێنێت. بە بەکارهێنانی تراوما وەک ئامرازشیکاری، توێژەران و پزیشکانی کلینیکی دەتوانن باشتر لەوە تێبگەن کە خەتەنەکردن چەندە قووڵ کاریگەری لەسەر جیهانی ناوەوەی کەسەکە هەیە و چۆن ترس، شەرمەزاری و سەرلێشێواوی دوای خودی کردەوەکە بەردەوامی دەبێت. ئەم ڕێبازە گرنگە چونکە ڕوانگە بۆ پراکتیزە کولتوورییەکان یان دەرئەنجامە تەندروستییەکان دەگۆڕێت بۆ واقیعی بەرجەستەبووی ئەو کەسانەی برینی نەبینراویان هەڵگرتووە، ئەمەش ڕێگە بە وەڵامدانەوەی ئەزموونی، ئێستایی و بابەتێتیی زیاتر دەدات لە هەردوو چوارچێوەی پزیشکی و کۆمەڵایەتیدا.
کێشەی توێژینەوە
تراوما (زەبری دەروونی) پەرچە وەڵامێکی هەستەکیی بەهێزە بۆ شتێکی شڵەژێنەر، ترسناک، یاخود داخورپێنەر (ڕۆبنسن، ب.ن.). تراوما وەختێک ڕوو دەدات کە شتێکی تەواو ڕاتەکێن یان ترسناک کۆمەڵە هەستێکی وەک بێدەربەستی، نائارامی، یانیش جڵەونەکراو بۆ مرۆڤ دروست بکات. دۆخەکە تەنیا پشتبەستی ئەوە نییە چ شتێک ڕوویداوە، بەڵکوو پەیوەندی بەوەوە هەیە کەسەکە چۆنچۆنی لەم ماوەیەدا هەستی کردووە. تراوما زۆرجار بەبێ ژانگەیاندنێکی جەستەیی، دەکرێت خۆکردانە لە هەستکردن بە ترس، تەنیایییەکی قووڵ، یان بێدەسەڵاتییەوە دروست ببێت. لە توانایدا هەیە بەردەوام زەبرێکی سۆزەکیی جێبهێڵێت و متمانە یاخود ئاساییبوونەوە بۆ کەسەکە بکاتە شتێکی سەخت (Robinson, n.d).
هەر لەو ڕوانگەیەوە تراوما وەک لە پێناسەکەدا دەردەکەوێت هۆکاری دروستبوونی بریتییە لە ڕووداوێک یان چەند ڕووداوێک، کە تاک لە ژیانی خۆیدا ئەزموونی کردوون. تراوما لە کاتی فۆرمولەبوونیدا تەنیا بەوەوە ناوەستێت کەسەکە تووشی ناڕەحەتی و گرژییەکی دەروونی بکات، بەڵکوو فرەڕەهەندانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر زۆر لایەنی تری سایکۆلۆژیی کەسەکە دەبێت. هەر بۆیەشە دەکرێت هەموو ڕووداو و ئەزموونە ناخۆشە کەسییەکان ببن بە هۆکاری دروستبوونی تراوما، یەکێک لەوانەش خەتەنەکردن. شایەنی باسە لە ڕوانگەی تێگەیشتنی نەریتییەوە خەتەنەکردن وەکوو بەشێک لە ستایلی ژیان بینراوە، ئەم کردەیە دژ بە کچان، کە بە خەتەنەکردن دەناسرێت بریتییە لە لابردنی بەشێک لە ئەندامی مێیینەی کچان.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەم جۆرە باس لە خەتەنەکردن دەکات: خەتەنەکردنی ژنان کۆی ئەو کردانە دەگرێتەوە کە بەشدارن لە بڕینی پارچە بەشەکی و گشتەکییەی ژنان، یان بریندارکردنی بەشەکانی تری بەهۆی چەند هۆکارێکی ناپزیشکییەوە (WHO, 2025). ئەم کردارە لە لایەن کەسێکی دیاریکراو بۆ منداڵێک ئەنجام دەدرێت. لە زەینە گشتی و کولتوورییەکەدا کردەکە هیچ نییە جگە لە بڕینی بەشێکی بچووکی ئەندامەکە، بێ ئاگا لەوەی جەستەی بایۆلۆژی هەریەک لە مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ یەکانگیرە و لەگەڵ دەرووندا لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدایە.
دیارە ئەم وتووێژە لە زانستی دەروونزانییدا پێگەیەکی دیاری هەیە، بابەتێک بووە سەرنجی سایکۆلۆژیستەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەی توێژینەوە. هەروەها بە پێچەوانەوەی ئەو تێگەیشتنە باوەی جاران هەبووە گوایە منداڵ ڕووبەڕووی هیچ گرفتێکی دەروونی نابێتەوە، زانستی دەروونزانیی سەردەم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەکرێت منداڵ دوای تەمەنی یەک ساڵان دوچاری زەبری دەروونیی ببێتەوە (مۆرگان، ٢٠٢١).
هەر یەک لەو نەخۆشی و گرفتە دەروونییانەی بەرەوڕووی ئێمەی مرۆڤ دەبنەوە، کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەت بەخۆیان هەیە. یەکێک لە نیشانەکانی مێشکی کەسی تووشبوو-بە-تراوما بریتییە لە فلاشباک، واتە ئەو کەسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتە و ڕووداوەکانی دێنەوە یاد. ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ناهاوسەنگی لە دەروونی تاکەکە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، گەر سەرنج بدرێتە توێژینەوەکەی (بەیان عەزیزی) ئەوا لە ڕێگەی باسکردنی چەند نموونەیەکەوە بۆمان دەردەکەوێت کەسەکان تووشی هەمان دۆخی فلاشباک بوون، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ هەستکردن بە نائارامی. لە توێژینەوەکەی ناوبراودا، بەشداربوو “ب” لە ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ڕەوشی خۆی ئەوە دەخاتەڕوو، کە هەمیشە هەستی بەوە کردووە شتێک لە جەستەکەی بردراوە و بەهۆیەوە هەست بە نووقسانی دەکات. “ب” بەردەوام دەبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردەم حەزی بە دیتن و لە باوەشگرتنی پیاوێکی کردووە، ئەمەش تەنیا لەناو ئەندێشەکانیدا بووە و تیایدا جەستەی هاوکاری نەبووە. ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو ساتەی بووە، کە بە خەتەنەکردنی کەلێنێکیان لە جەستە و دواتر دەروونی دروست کرد (٢٠٢١).
ئەو هەستکردن بە کێماسییە لای ژن سەر دەکێشێت بۆ ئەوەی هەمیشە خۆی بەو ژنانە بەراورد بکات کە خەتەنە نەکراون. ئەو توێژینەوانەی لەمەڕ ئەم حاڵەتەوە کراون، دەرخەری ئەوەن ئەم هەستی بەراوردکردنە چییە و چۆن دەردەکەوێت؛ لە ساڵی ٢٠٢٤ لە بەراوردکارییەکدا لە نێوان ژنانی خەتەنەکراو لەگەڵ ئەوانەی خەتەنە نەکراون، دەرکەوتووە لە کۆی ٧٧٢ ژنی بەشداربوو، کە ٣٨٢ یان خەتەنەکراو و ٣٩٠ یان ژنی خەتەنەنەکراو بوون. ئاشکرابوو کەوا جیاوازییێکی گەورە هەیە لە نێوان ئەم دوو کۆمەڵەیە، لە ڕووی؛ خەمۆکی، خودمتمانەیی، و تێربوونی سێکسییەوە.
ژنانی خەتەنەکراو بە تێکڕا ڕێژەی خەمۆکییان زیاترە بە بەراورد بە ژنانی خەتەنەنەکراو، و ڕێژەی خودمتمانەیییان بە تێکڕا کەمترە، هەروەها بە تێکڕا ئاستی تێربوونی سێکسیشیان کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ژنانی خەتەنەنەکراو (Hamad et al 2024,).
سەرەنجام، لەژێر ڕۆشناییی ئەو کۆمەڵە سەرچاوە و توێژینەوە زانستییانەی جەختیان لەسەر کراوەتەوە، دەشێت ئاماژە بەوە بدەین خەتەنەکردن هاوشێوەی نەریتێکی کۆنی دواکەوتوو، دژ بە هەموو مافە ڕەگەزییەکانی ژنان دەوەستێتەوە. ئەم شێوە نەریتە زاڵ و پاشەوپاشە لە ڕێگەی هەژموونی کولتووری، ئایین و دابونەریتەوە جگە لە کەمئەندامکردنی ژنان هیچ خزمەتێکی تر بە کۆمەڵگەکان ناکات. دروستکردنی ئەو درز و کەلێنە سەردەکێشێت بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی و گرفتی دەروونی چڕ، کەوا کاریگەری لەسەر کۆی ژیانی کەسەکە دروست دەکات. لەوانە تووشبوون بە تراوما، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، ترسی کۆمەڵایەتی، کێشەی سێکسواڵیتە، و تەندروستیی جەستەیی خۆی… هتد. ئەوەی لێرەدا وەک پرسیار دەردەکەوێت کارکردنە لەسەر ئەو ژنانەی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهەر هۆکارێک بووە خەتەنەکراون، ئایا ئەم پرۆسەیە تا چەند کاریگەری هەبووە لەسەر تووشبوونیان بە تراوما؟
ئامانجەکانی توێژینەوە:
٢. زانینی ئاستی تراوما لای ژنان بەگوێرەی گۆڕاوی باری خێزانی.
٤. زانینی ئاستی تراوما لای ژنان بەگوێرەی گۆڕاوی شوێنی نیشتەجێبوون.
بهشی دووهم: پێداچوونهوهی وێژهیی توێژینهوه (Literature Review)
یەکێک لەو بابەتە گرنگ و سەرەکییانەی زانستی دەروونزانی بە شێوەیەکی ورد کاری لەسەر دەکات، بریتییە لە تراوما (زەبری دەروونی). ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ئەو ڕووداو و بابەتانەی لە ئێستای دنیادا ئامادەیییان هەیە، وەک بوونی جەنگ، قەیرانەکان، دەستدرێژی و زەبروزەنگ بە هەموو جۆرەکانییەوە.
تراوما پێناسە دەکرێت بەوەی، هەر ڕووداوێک زەبراوی دەبێت، ئەگەر هات و زیاد لە ڕادەی خۆی مرۆڤ ناڕەحەت بکات، یان بە لایەنی کەمەوە بۆ ساتێکی کاتیی بە شێوازێک بەسەر توانا ناوەکییەکانی مرۆڤدا زاڵ بێت و نیشانەی درێژخایەنی دەروونی بەرهەم بێنێت (ئیسماعیل، ٢٠٢٣).
هەروەها Mary Jacobus پێی وایە، کە تراوما لەوانەیە ڕزگاربووەکە لەنێو شینگێڕییەکی بێکۆتاییدا نقومبکات، یاخود گوناهێکی ئاسایی، بکاتە گوناهێکی چارەسەرنەکراو (ناندی، ٢٠٢٠).
پەیوەست بەم بابەتەوە، کاتێک ئاوڕ لە مێژووی نەتەوەی خۆمان دەدەینەوە، دەبینین کەوا بە درێژاییی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی ڕاچڵەکێنەر بووینەتەوە، کەوا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بونیادی کەسایەتییمان دروست کردووە. لەوانە؛ جەنگ، جینۆساید، ئەنفال، لاقەکردن و داگیرکاری بەردەوام. بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش منداڵان ئەگەری ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی چەند گرفتێکی تری بنچینەیی ببنەوە لەوانە، زەبری دەروونی، سێکسی و جەستەیی (ئەمین& میللەر، ٢٠٢٢).
لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە ئەگەر سەرنج بدەین، کاتێک ئازار جەستەی کەسێک داگیر دەکات، ئەوا دەروون هەڵچوو و شڵەژاو دەبێت. هەڵبەت ئەمە لایەنی دەروونی و بوارەکانی تری ژیانیش دەگرێتەوە (حوسێن، ٢٠٢٤). کۆمەڵە هۆکارێکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بە چەندین شێوە کاریگەری لەسەر منداڵان دروست ببێت، وەک چەقین و وەستانی گەشەیان، لە لایەنی دەروونیشەوە تووشی جۆرێک لە پووکانەوە دەبن، هەروەها وادەکات لە خوێندن دوابکەون، ئەمانەش لە دەرئەنجامی کەمبوونەوەی ئاستی سەرنج و پەرشبوونی یادەوەری و گرفتی پڕۆسێسکردنی زانیارییەکانەوە بەرجەستە دەبن. لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن، کە چۆن تراوما کاریگەری هەیە لەسەر ڕێژەی کۆرتیزۆن (هۆڕمۆنی فشار) لە مێشکی منداڵ و هەرزەکاراندا (میللەر، ٢٠٢٢).
جۆرەکانی تراوما
بە شێوەیەکی گشتی تراوما بەسەر دوو جۆر دابەش دەبێت، ئەوانیش:
یەکەم: ئەمەیان دەتوانرێت پێی بوترێت تراومای سووک، ڕووداوێک ڕوو دەدات بەبێ ئەوەی پێشبینی بکەیت، وەک: ڕووداوی هاتوچۆ، تاڵانکردنی ماڵ… هتد.
دووەم: تراومای قورس، گوزارشت لەو ڕووداوانە دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو (بەردەوام) ئەگەری ڕوودانیان هەیە، وەکوو: دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژی، ناسۆرییەکانی جەنگ و دیل بوون. ئەم جۆرە تراومایە هەندێکجار سەردەکێشێت بۆ تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی (سەعید، ٢٠١٦). لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە لە یادمان بێت، شێواز و میکانیزمی وەڵامدانەوەی تاکەکان بۆ ڕووداوە زەبراوییەکان، دەکرێت جیاواز بن. ئەمەش لەسەر بنەمای جیاوازی تاکایەتی، واتە دەکرێت ڕووداوێک بۆ دوو مرۆڤ، دوو کاردانەوە و پەرچدانەوەی جیاوازیان هەبێت. لە هەمان کاتدا، ئەو کاریگەرییە نیۆرۆبایۆلۆجییەی کەسی تراومادار، ڕەنگە دەرەچە بێت بۆ دەرکەوتنی چەندین گرفتی بنچینەیی و هەمەجۆری تەندروستی (مۆرگان، ٢٠٢١).
بە شێوەیەکی ئەزموونمەند، ئەو تاکانەی بەر ڕووداوی تراوما دەکەون، ئەوا هەریەکەیان بەشێوەی جیاواز ڕووداوەکە ئەزموون دەکات، بۆیە تووشبووەکان بۆ ناو چەند چوارچێوەیەکی جیاواز دابەش دەبن:
– دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوەی هۆکار بووە بۆ زەبری دەروونی لە هزر و جەستەدا: بوونی فلاشباک (پاشچوونەوە)، گەڕانەوە و دروستبوونی وێنەی نەویستراو پەیوەست بە زەبرەکەت دێنەوە یاد. دەرکەوتنی هەمان ڕووداو لای کەسی تووشبوو، ناوە ناوە بەشێوەی خەون و خەیاڵکردن. ئەزموونکردنەوەی هەمان (شۆک) و دروستبوونی زیانە جەستەییەکانی وەک، دڵەکزە، خێرا لێدانی دڵ و گێژخواردن. جەستە وەک پانتایییەک بۆ فشارو ئازار دەمێنێتەوە، بێئاگا لەوەی ئەم کاردانەوانە پەیوەندیدارن بە زەبرە دەروونییەکە.
– خۆپەراوێزخستنی کەسی تووشبوو لە یادەوەرییەکانی پەیوەست بە ڕووداوەکە: دوورکەوتنەوە لە کۆی ئەو شتانەی هاوپەیوەندن بە زەبرەکەوە، یاخود بیرکردنەوە، باسکردن و گفتوگۆکردن لە بارەیەوە. گۆشەگیری و پارێزبەندی لە هەر شتێک کە هۆکارن بۆ سەرهەڵدان و زیندووکردنەوەی ئەو بیرەوەرییانە؛ شوێن و وتووێژ تایبەت بە زەبرەکە.
– لوتکەی نائاسودەیی و گرژی: بێداری زیاد لە پێویست، دڵەخورپە و ڕاچڵەکین. نەبوونی توانا بۆ کۆکردنەوەی سەرنج، سەرەگێژی جارجارە (ماوندێر و کامیرۆن، ٢٠٢٣). مەرج نییە بۆ تووشبوون بە تراوما، هەمیشە ڕووداوێکی گەورە و سامناک هەبێت. بە پێچەوانەوە، دەکرێت دەرنەچوونی فێرخوازێک لە پرۆسەی خوێندن، یاخود کەمی نمرە، چاوەڕوانی زیاتر، ئارێشە دەروونییەکان، یانیش ناپاکی هاوژینی و چەندان هۆکاری تری جۆربەجۆر ببنە پێشزەمینەیەک بۆ دروستبوونی تراوما (حەسەن،٢٠١٩).
تیۆرییەکانی تراوما
تراوما لای زیگمۆند فرۆید (Sigmund Freud)
فرۆید لە سەرەتادا پێی وابوو تراوما لە ڕووداوێکی سێکسیی منداڵییەوە دروست بووە، بەڵام پاش ئەوەی پێداچوونەوەی بەم بۆچوونەدا کرد، تێگەیشت کە تراوما لەو ساتەی ڕوودەدات تۆمار نابێت، بەڵکوو ئەوە تەنیا دوای جێکەوتبوونیەتی لە نەستدا کە کاریگەرییەکانی بەسەر کەسەکەدا دەردەکەوێت (مامبڕۆڵ، ٢٠١٧). تیۆریی فریودانی بەرایی فرۆید ئەو گریمانەیە دەکات، کە نیشانە هیستریاییەکان هەڵقوڵاوی ئەزموونە سێکسییە ڕاستەقینەکانی منداڵیین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاڕاستەی تیۆرییەکەی گۆڕی بۆ هاودژییەکی ناوەکیی قووڵتر. ئەمەش پێشنیاری ئەوە دەکات تراوما تەنیا ساتێک دروست دەبێت، کە ئەم یادەوەرییە چەپێندراوە لە ڕێگەی کۆمەڵە زاراوەیەکی دەروونییەوە بێدار بکرێتەوە.
فرۆید ئاماژە بەوە دەکات، کە یادەوەریی تراومایی تاکو پێش گەڕانەوەی، لە دەرەوەی ژیانی ئاسایییە. سوبێکت لەنێو ململانێیەکدایە بۆ مانا بەخشینێک بەو دۆخەی لە سەرەتادا مانایی نەدەبووەوە. کەواتە بە زاراوە فرۆیدییەکە، تراوما پەیوەندییەکی چکۆلەی بە ڕووداوە ڕەسەنەکەوە هەیە و زێدەتر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن – لە ژێر بارودۆخی نوێدا – بۆ ناو ئاگایی شۆڕ دەبێتەوە و لە ڕێگەی حزوورێکی وەڵامنەدراوەوە کێیەتیی نەخشەکێش دەکاتەوە .(Mambrol, 2017)
ئەگەر وەستانێک بکەین و بگەڕێینەوە بنەڕەتی بابەتەکە، دەزانین لە دەروونشیکاریی فرۆیددا، دەستپێکی هەستکردنی مرۆڤ بە نادڵنیایی، بریتییە لە جوودابوونەوەی کۆرپە لە منداڵدانی دایک و فڕێدانی بۆ ناو جیهانی دەرەکی. بە مانایەکی تر، فرۆید ساتی لەدایکبوون وەک سەرەتاترین تراومای مرۆڤ پێناس دەکات، کە منداڵ چیتر لەنێو پانتایییە ئارامەکەی دایکدا نامێنێتەوە. منداڵ لە سەروەختی هاتنە سەر دنیایدا تاکو مردنی بەدوای داشکاندنی ئەم تراومایەی لەدایکبوونەوە لە نەوەستاندایە، نەوەستانێک لەپێناو گەڕانەوە بۆ جیهانە ئارامەکەی دایک. دۆخێکی لەم جۆرەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە درێژاییی ژیانی خۆی تووشی جۆرێک دژیەکی ببێت، بە جۆرێک لێی هەڵدێت و یادیشی دەکات، بە واتایەکی تر، یادی ئەو شوێنە دەکات وا تێیدا لە ئارامییەکی ڕەها و سەقامگیردا بووە (سەردەم، ٢٠١٨).
تراوما لای سڵاڤۆی ژیژەک (Slavoj Žižek)
ژیژەک تراوما وەک ئەو درزە دەبینێت کە لە ڕێگەیەوە ڕیاڵ (real) [1]دەخزێتە ناو پانتاییی ڕەمزی، ئەو خاڵەی ناتوانرێت بە تەواوی قسەی لەمەڕەوە بکرێت یان ڕوون بکرێتەوە دەبێتە هۆی تێکدانی چوارچێوەیەک، کە لەناویدا شتەکان لە دۆخی ئاساییی خۆیاندان. لای ژیژەک، تراوما تەنیا ڕووداوێکی ئازاربەخش نییە، بەڵکو شۆکێکە و دواتر دەبێت بە برین، ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە بەشە ئاگامەند-نائاگامەندەکەمان دەگەڕێتەوە بۆی و مانای پێدەبەخشێت. کەیسێکی ناسراوی فرۆید کە “گورگەپیاو”ە، ئەمە بە ڕاشکاوی نیشان دەدات. کاتێک منداڵەکە تەمەنی یەک ساڵان بوو، دایک و باوکی لە کاتی جووتبووندا بینی. لەو ساتەدا هیچ شتێک ڕووی نەدا، چونکە ئەو زانیارییەکی ئەوتۆی نەبوو تاکو لەو دیمەنە تێبگات کە بینیویەتی. بەڵام ساڵانێک دواتر کە هۆشیاریی سێکسی پەیدا کرد، مانای دیمەنەکەی لێ بووە تراومایەک، ئەو دیمەنە لەبیرکراوە گەڕایەوە، لەم ساتەیدا دیمەنەکە پڕ بوو لە کۆمەڵە مانایەکی نامۆ و ئاگاییەکەی لە توانایدا نەبوو دیمەنەکە بکاتە وشە. ئەمە ئەو ساتەوەختە بوو کە دیمەنەکە بەشێوەیەکی پاشەوپاش بوو بە تراوما، نەک خودی یادەوەرییەکە، بەڵکوو ئەو دیمەنە ڕاستەقینەیەی لەو یادەوەرییەدا هەبوو وەک مەحاڵێک “ڕەتی دەکردەوە” ڕەمزی ببێتەوە، سەرەنجام برینێکی جێکەوت کرد کە کۆی هەستی کەسەکەی خستە ژێر کاریگەریی نەرێنییەوە (مایەرز، ٢٠١٤).
تراوما لە زانستی دەمارناسییدا (Neurology)
تراوما بۆ مێشک، وەک لێدانێک لە سەر یان ڕووداوێکی کوشندە وایە، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە شانەکانی مێشک، دەمار و خوێنبەرەکان. ئەمەش وادەکات گۆڕانکارییەکان دەست پێبکەن، کە هەندێکجار دەستبەجێ یانیش بە تێپەڕبوونی کات ڕوودەدەن. ڕاستەوخۆ دوای تراوماکە، ئەگەری ئەوە هەیە ئاوسان، خوێنبەربوون، یان لەدەستدانی لەناکاوی توانستی فەرمان کردن لەو شوێنانەدا ڕووبدەن کە جووڵە، قسەکردن و هەستەکانی تیادا کۆنتڕۆڵ دەکرێن. دواتر، لەگەڵ هەوڵدانی مێشک بۆ چاکبوونەوەی، بەشە جیاوازەکان ڕاستەوخۆ لەسەر شێوازی تۆڕبەندی و “قسەکردن”ی ناوچە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتردا دەرناکەون، کە دەبنە هۆی گیروگرفتی وەک لەدەستدانی بیرەوەری، بارگۆڕینی دەروونی، یاخود کێشەی سەرنجدان، چونکە هەندێکجار چەند مانگێک و بگرە تەنانەت ساڵانێک دوای ڕووداوەکە دروست دەبن. هەروەها بابەتەکە نیشانی دەدات تراوما تەنیا لە یەک شوێن زیان بە مێشک ناگەیەنێت؛ بەڵکو دەتوانێت بە جارێک زیان بە چەندین شوێن بگەیەنێت، لە نەرمە بەشەکانی پێشەوە کە مامەڵە لەگەڵ بڕیاردان دەکەن تاکو ئەو پێکهاتە وردترانەی وا بەستراونەتەوە بە کاراکردنەوەی ترس و بیرەوەرییەوە. تەنانەت کاتێک پێداگەڕییەکانی وەک بەشی ژماردنی ژوورمەند (CT) یان دەیدەیی پەرچەدەنگی موگناتیسی (MRI) ئاسایی دەردەکەون، هێشتا دەکرێت برینی بچووک و شاراوە هەبن کە بە هێواشی پڕۆسەی بیرکردنەوە، هەست و ڕەفتارەکان بە تێپەڕینی کات ڕەنگڕێژ بکەنەوە (Katz, 1998).
هەروەها بەپێی توێژینەوەیەکی (Behrendt & Moritz)، ئەو ژنانەی دوای خەتەنەکردن دوچاری تراوما دەبنەوە، دوای ڕووداوەکە کێشەی بیرەوەرییان لا دروست دەبێت، کێشەکە لایەنی بیرچوونەوە و هەڵەکاریی یادەوەرییش دەگرێتەوە. ئەمەش دەیسەلمێنێت خەتەنەکردن دەشێت ببێتە هۆکاری ژانێکی توند و قووڵی هەستەکی (2005).
پەیوەست بە پرسەکەوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە بە شێوەیەکی ڕوونتر بخرێتە بەرچاو، توێژینەوەیەک لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە ئەنجامدراوە سەبارەت بە هەمان تەوەر، کە تیایدا بە شێوەیەکی جیاوازتر مامەڵە لەگەڵ ڕەوشە دەروونییەکەی ژنان دەکات.
ئاسێرمن لە لێکۆڵینەوە دەروونشیکارییەکەیدا بۆ پرسی خەتەنەکردن، بڕینی پارچە ئەندامێکی زاوزێ وەک جێگەیەکی مانا ڕەمزییە بەناویەکداچووەکان لە چوارچێوەیەکدا دەخاتە ڕوو نەک وەک تێکەڵکردنێکی تەواو لەشناسی یان پزیشکی. بە هێڵێک لە تیۆری فرۆید-لاکانی، خەتەنەکردن وەک دالێکی دابودەستووریی خەسان پێناس دەکات، کە ڕۆڵێکی تەوەریی لە جێکەوتکردنی سوبێکت لە ڕەمزاندندا، دەگێڕێت. لە کاتێکدا ئاسێرمن بە ڕاددەیەکی زۆر سەرنجی لەسەر خەتەنەکردنی پیاوانە، بەڵام ڕاڤەکانی بۆ “بڕین” وەک نەشتەرگەرییەکی دەروونی و ڕەمزییکارکردی فراوانتریان هەیە بۆ تێگەیشتن لە خەتەنەکردنی ژن وەک تۆمارێکی تراومایی شوناسی ڕەگەزی. لە کارەکەیدا باس لەوە دەکات چۆن خەتەنەکردن دەبێتە فۆڕمێکی کۆمەڵایەتی سزادەر بۆ هێنانە ئارای جیاوازی سێکسی، کە خاڵی چوونە ژوورەوە بۆ ناو زمان، یاسا و شوناس لە ڕێگەی نیشانەی لەدەستچوونەوە، سنووردار دەکات. بە زاراوەیەکی لاکانی، بڕینەکە تەنیا توندوتیژی نییە، بەڵکوو بونیادمەندییە؛ بە بڕینی بەشێکی جەستە لەگەڵ یاسای باوکدا، سوبێکتیڤیتە بەرهەم دەهێنێت. توێژینەوەکە لەسەر ئەوە دەوەستێت کە ئەم بڕینە نەک تەنیا جێدەستی جەستەیی بەڵکوو برینێکی دەروونیش جێدەهێڵێت، برینێک کە چۆنیەتیی ئەزموونکردنی ئارەزوو، هەستکردن بە تاوان و وابەستەیی ڕەمزی ئاڕاستە دەکات. ئەمەش خەتەنەکردن دەکاتە شوێنێک بۆ گەڕان لەوەی چۆن تراوما نەک تەنیا لە ئاستی ئازاری تاکدا بەڵکوو لە ڕێگەی بونیادە گەمارۆدراوەکانی بەکۆمەڵەوە لە مانا، خستنەژێر ڕکێف و توندوتیژیی ڕەمزیدا، کار دەکات (Osserman, 2017).
سەڕەرای فرەیی هۆکارەکان لە پشت خەتەنەکردنی مێینەوە، بەشێک لە توێژەران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم کردەیە ڕەگوڕیشەیەکی قووڵی لەنێو دنیابینی نێرسالاریدا هەیە. کردەکە وەک پەیڕەوێکی نێرانە هەوڵی سەرەتا و کۆتاییی سەپاندنی هەژموونی پیاو دەدات بەسەر جەستە و ڕەگەزی ژندا. لەم ڕوانگەیەوە، زۆربەی پێناسەکان هاوڕان بەوەی خەتەنەکردن بە هەر چوار جۆرەکەیەوە، یەک ئامانجی بنەڕەتی هەیە، ئەویش شێواندن و لەناوبردنی چێژی سێکسییە لە ژناندا. ئەمەش لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە کلیترۆس (قیتکە) ئەنجام دەدرێت. بڕینی ئەم بەشە بچووکە هۆکارە بۆ لەناوبردنی هەشت هەزار دەماری هەستەوەری تایبەت بە چێژ. (بەیان عەزیزی) لە توێژینەوەکەی خۆیدا لەمەڕ کۆمەڵێک پرس پەیوەست بە ژنان درێژەی پێدەدا، بەوەی هەرچەند پیاو لەکاتی ئەنجامدانی کردەکە غیابە و نائامادەیە، بەڵام ئەم کەمئەندامکردنەی جەستەی ژن لە بنەڕەتدا لە پێناو خواست و زاڵبوونی هەژموونی پیاودا ڕوو دەدات. ئامانجێکی سەرەکی ئەم کارە، کۆنتڕۆڵ کردنی ئارەزووی سێکسیی کچە پێش پرۆسەی هاوسەرگیری، تاوەکو چەمکە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان لە چەشنی نامووس پارێزراو بن. لە ئەنجامدا جەستەی ژن لە دۆخە سروشتییەکەی خۆی دادەماڵڕێت و دەبێتە جەستەیەکی سست و نەخشەکێشکراو بەپێی ستانداردەکانی کۆمەڵگە. لە کۆتاییدا ئەم پابەندکردنەی جەستەی ژن، پیاو لەو دڵەڕاوکێ و ترسە ناوەکییە ڕزگار دەکات کە سەبارەت بە پاکیزەیی و کۆنتڕۆڵکردنی ژن هەیەتی تا ئەو ساتەی دەبێتە خاوەنی (عەزیزی، ٢٠٢١).
29 ی کانوونی یەکەمی 2008، ڕۆژنامەی (Washington post) ی ئەمریکی ئامارێکی لەسەر خەتەنەکردنی کچان لە باشووری کوردستان بڵاو کردووەتەوە. ئاماژە بەوە دەکات لە کوردستان، لە چاو کەمی دانیشتووان، زیاتر لە %60ی ئافرەتان لە ناوچەکانی کوردستان خەتەنەکراون. ئەم ڕاپۆرتە بە دانانی وێنەی خەتەنەکردنی کچێکی بچووکی 7 ساڵان، کە لە باوەشی دایکیدایە و لەسەر دەستی پیرێژنێک کە بە گوێزانێک خەریکی کارەکەیە، بڵاو کرایەوە. ئەمەش بووە جێگەی سەرنجی بەرپرسانی حکومەت، تا وای لێهات، وەزیزی ئەوقاف لەو کاتەدا لێدوانێکی دا و پێی وابوو، ئەمە زیاتر حاڵەتە نەوەک دیاردەکی بەربڵاو (ئەحمەد &ئەلمونتەسیر، ٢٠١٠). بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ڕێسا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەپێی نوێترین ئامارەکان سەبارەت بە ڕێژەی خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، ژمارەکە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و شۆکهێنەر، %35.5، ئەم ڕێژەیە بەو مانایە دێت لە هەر سێ کچ یان ژنێک، زیاتر لە یەکێکیان ڕووبەڕووی ئەم تاوانە دەبنەوە. ئەم ئامارە دەکرێت زەنگێکی مەترسیدار بێت بۆ کۆی کۆمەڵگە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان. بەپێی زانیارییەکان دیاردەکە هەریەکە لە ناوچەکانی، ئیدارەی ڕاپەرین، گەرمیان، دهۆک بەربڵاوە. ئەوەی جێگای دڵگرانییە، ئەم پرۆسەیە لە هەرێم بە شێوەیەکی نهێنیئامێز و دوور لە یاسا ئەنجام دەدرێت (٢٠٢٥). بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 200 ملیۆن کچ و ژن لەسەر ئاستی جیهاندا خەتەنەکراون. لە هەمان کاتدا ساڵانە سێ ملیۆن کچ لە مەترسی خەتەنەکردندان. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەم کردەیە بەپێی ڕێکار و یاسا نێودەوڵەتییەکان، هیچ نییە جگە لە پێشێلکردنی ماف. کردەکە لەهەر سوودێکی تەندروستی بەدەرە و بە پێچەوانەشەوە زیانی زۆری هەیە. بەپێی ئەو خەمڵاندنەی ڕێکخراوی (WHO) تێچووی چارەسەر بۆ ئەو ژنانەی خەتەنەکراون، ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلارە. ئەگەر بێت و ڕوو لە زیادبوون بکات ئەوا تێچوویەکی زیاتری دەوێت. بەپێی ئەو ڕووپێوییەی ڕێکخراوی (WADI) ی ئەڵمانی، بۆ ساڵی 2021، لە هەرێمی کوردستان %48 ی خانمانی سەروو پازدە ساڵ خەتەنەکراون. ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای ژمارە8 ی ساڵی 2011، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی پرۆسەی خەتەنەکردنی داوە. ئەو کەسانەشی هەوڵی ئەنجامدانی دەدەن یاخود بەشدارن بەپێی یاساکە سزا دەدرێن.(CHANNEL 8, 2024)
بهشی سێیهم: میتۆدی توێژینهوه
ئەم توێژینەوەیە دەکەوێتە چوارچێوەی میتۆدی چەندایەتی، ئەم میتۆدە شێوەڕێگەیەکی ئەزموونیی (ئەزموونمەند)ە، کە بایەخ بە خەمڵاندنی گۆڕاوەکان و تاقیکردنەوەی پەیوەندیی نێوانیان دەدات بۆ خەسڵەتپێدان بە نموونە، کۆپەیوەندیی و ئەڵقە هۆبەندەکان. بە شێوەیەکی گشتی، میتۆدەکە ئەو داتا ئامارییانەی لە ڕێگەی ئامرازە بونیادمەندەکانی وەک تاقیکاری و ڕاپرسی کۆ کراونەتەوە، بەکار دەهێنێت (Leavy, 2017).
کۆمەڵگەی توێژینەوە
کۆمەڵگەی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
نموونەی توێژینەوە
بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە بریتیین لە (68) کەس، لە ڕەگەزی مێینە، کە خۆبەخشانە ڕەزامەندییان بۆ ئەم توێژینەوەیە دەربڕیوە. هەڵبژاردنی نموونەی ئەم توێژینەوەیە بریتی بوو لە نموونەی وەرگرتنی تۆپەڵەبەفرینە. نموونەی ئەم توێژینەوەیە پێکهاتوون لەو ژنانەی، تەمەنیان لەنێوان 54-15 ساڵ بوون. کراون بە چوار گروپی تەمەن. ژمارەی بەشداربووان بەپێی تەمەن بەمشێوەیە بوو: تەمەنی 24-15 ساڵی (%57.2) بەشداربوون، تەمەنی 34-25 ساڵی (%29.5) بەشداربوون، تەمەنی 44-35 ساڵی (8.8%) بەشداربوون، تەمەنی 54-45 ساڵی (4.5%) بەشداربوون. هەروەک لە خشتەی ژمارە یەک نیشاندراوە:
خشتەی ژمارە ١ : زانیارییە دیمۆگرافییەكانی نموونەی توێژینەوە | ||
| ڕێژەی سەدی | ژمارەکان | گۆڕاوەکان |
| تەمەن | ||
| %57.2 | 39 | 24-15 |
| %29.5 | 20 | 34-25 |
| %8.8 | 6 | 44-35 |
| %4.5 | 3 | 54-44 |
| باری خێزانی | ||
| %50 | 34 | سەڵت |
| %42.5 | 29 | هاوسەردار |
| %7.5 | 5 | جیابووەوە |
| باری ئابووری | ||
| %32.5 | 22 | باش |
| %51.5 | 35 | مامناوەند |
| %16 | 11 | خراپ |
| شوینی نیشتەجێبوون | ||
| %32.5 | 22 | گوند |
| %67.5 | 46 | شار |
پێوانەکان:
بۆ پێوانەکردنی تراوما لای ژنانی خەتەنەکراو، توێژەر پێوەری (Cloitre, M 2018)ی بەکار هێناوە کە پێکهاتبوو لە 17 بڕگە، لە بەرامبەر هەر بڕگەیەک 5 بژاردە هەیە کەوا لە (بەهیچ شێوەیەک) (0) دەستپێدەکات و بە (ئێجگار زۆر) (4) کۆتایی دێت.
نموونەیەک لە بڕگەکان “وێنە و یادەوەریی ڕووداوەکەم دێنەوە یاد، لەو کاتەدا وەک ئەوەیە جارێکی تر ڕووداوەکەم بەسەربێتەوە.”
ئامرازە ئامارییەکان:
ئامرازە ئامارییە بەکارهاتووەکان بۆ شیکردنەوەی داتاکانی ئەم توێژینەوەیە، بریتی بوون لە یاسای (One sample T .test)بۆ زانینی ئاستی تراوما لای بەشداربووان. یاسای
(Independent sample T, test) بەکار هاتووە، بۆ زانینی گۆڕاوی دیمۆگرافی گوند و شار. بۆ زانینی ئاستی تراوما، بەپێی گۆڕاوی باری خێزانی، ئابووری، یاسای (One Way ANOVA)ـی بەکار هاتووە..
بەشی چوارەم: ئەنجامەکانی توێژینەوە
لێرەدا هەوڵ دەدرێت ئەنجامەکان، بەپێی ئامانجەکانی توێژینەوە بخرێنەڕوو و شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت.
ئامانجی یەکەم: زانینی ئاستی تراوما لای ژنانی خەتەنەکراو
بەکارهێنانی یاسای (One Sample T.Test) بۆ زانینی ئاستی تراوما لای بەشداربووان بەکار هاتووە. نموونەی توێژینەوە بریتییە لە (68) کەس، لە ئەنجامدا هەروەک لە خشتەی ژمارە (2) پیشاندراوە. دەرکەوت (ناوەندی ژمێرەیی= 30.66) بە (لادانی پێوەری= 6.10) و (ناوەندی گریمانەیی= 28). هەروەها (نمرەی ئازاد= 67). بەهای (t= 3.59). لەبەر ئەوەی بەهای (p= 0.001) بچووکترە لە ئاستی گوزارشت (0.05), ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، بەڵگەداری ئاماری هەیە. کەواتە تراوما لای نموونەی توێژینەوە بوونی هەیە. هەروەها قەبارەی کاریگەریی (Effect Size) دەکاتە (0.04) بەپێی یاسای (cohen) تراوما لای ژنانی خەتەنەکراو بە ئاستێکی مام ناوەند هەیە.
| ناونیشان | ناوەندی ژمێرەیی | لادانی پێوەری | بەهای T | ناوەندیی گریمانەیی | نمرەی ئازاد DF | بەهای P | ئاستی گوزارشتی 0.05 |
| پێوانەکردنی تراوما لای ژنانی خەتەنەکراو | 30.66 | 6.10 | 3.59 | 28 | 67 | 0.001 | بەڵگەداری ئاماری هەیە |
خشتەی ژمارە (٢) زانینی ئاستی تراوما بەشێوەیەکی گشتی لای نموونەی توێژینەوە
ئامانجی دووەم: زانینی ئاستی تراوما لای ژنان بە گوێرەی گۆڕاوی باری خێزانی
بە مەبەستی زانینی ئاستی تراوما بەپێی گۆڕاوی باری خێزانی، یاسای (One Way ANOVA) بەکار هاتووە. لە ئەنجامدا هەروەک لە خشتەی ژمارە (3) پیشاندراوە، دەرکەوت ئەوانەی خێزاندارن (29) کەسی لەخۆ گرتووە و ناوەندی ژمێرەیی (30.34) و بە لادانی پێوەری (4.61). ئەوانەی باری خێزانییان سەڵتە (34) کەس لەخۆ دەگرێت. ناوەندی ژمێرەیی (30.55) و بە لادانی پێوەری (6.49). ئەوانەی باری خێزانییان جیابووەوەیە (5) کەسە، بە ناوەندی ژمێرەیی (33.20) و بە لادانی پێوەری (10.89). دەرکەوت بەهای F (0.46) وە نمرەی ئازاد (67). لەبەر ئەوەی بەهای P(0.62)، ئەمەش گەورەترە لە ئاستی گوزارشت (0.05) بۆیە بەڵگەداری ئاماری نییە. کەواتە تووشبوون بە تراوما جیاوازی نییە، لە نێوان هەرسێ باری خێزان (سەڵت، هاوسەردار، جیابووەوە).
خشتەی ژمارە (٣) زانینی ئاستی تراوما بەپێی گۆڕاوی باری خێزانی
| گۆڕاو | ناوەندی ژمێرەیی M | لادانی پێوەری SD | بەهای F | بەهای P | نمرەی ئازاد DF | ئاستی گوزارشتی 0.05 |
| سەڵت | 30.55 | 6.49 | 0.46 | 0.62 | 67 | بەڵگەداری ئاماری نییە |
| هاوسەردار | 30.34 | 4.61 | ||||
| جیابووەوە | 33.20 | 10.89 |
ئامانجی سێیەم: زانینی ئاستی تراوما لای ژنان بەگوێرەی گۆڕاوی باری ئابووری
ئەنجامەکان بۆ ئامانجی سێیەم، دوای تۆمارکردنی داتاکان، یاسای (One Way ANOVA) بەکار هاتووە، لە ئەنجامدا هەروەک لە خشتەی ژمارە (4) پیشاندراوە. لە کۆی (68) کەس، باری ئابووری باش (22) کەس لەخۆ دەگرێت، ناوەندی ژمێرەیی (29.36) و لادانی پێوەری (4.29). ئەوانەشی باری ئابوورییان مام ناوەندە بریتییە لە (35) کەس. ناوەندی ژمێرەیی بریتییە لە (31.20) و لادانی پێوەری (6.23). لە کۆتاییشدا باری ئابووری خراپ (11) کەس. ناوەندە ژمێرەیی (31.54) و لادانی پێوەری (8.55). هەروەها دەرکەوت بەهای F (0.74) و نمرەی ئازاد (67). لەبەر ئەوەی بەهای (P= 0.48) ئەمەش گەورەترە لە ئاستی گوزارشتی (0.05)، بۆیە بەڵگەداری ئاماری نییە. کەواتە تراوما جیاوازی نییە بەپێی گۆڕاوی باری ئابووری.
خشتەی ژمارە (٤) زانینی ئاستی تراوما بەپێی گۆڕاوی باری ئابووری
| گۆڕاو | ناوەندی ژمێرەیی M | لادانی پێوەری SD | بەهای F | بەهای P | نمرەی ئازاد DF | ئاستی گوزارشتی 0.05 |
| باش | 29.36 | 4.29 | 0.74 | 0.48 | 67 | بەڵگەداری ئاماری نییە |
| مامناوەند | 31.20 | 6.23 | ||||
| خراپ | 31.54 | 8.55 |
ئامانجی چوارەم: زانینی ئاستی تراوما لای ژنان بە گوێرەی گۆڕاوی شوێنی نیشتەجێبوون
بۆ زانینی ئاستی تراوما بەپێی گۆڕاوی شوێن (گوند و شار) یاسای Independent Samples) Test) بۆ بەکارهاتووە. لە ئەنجامدا دەرکەوت هەروەک لە خشتەی ژمارە (5) پیشاندراوە، ژمارەی بەشداربووان لە گوند (22) کەسە. ناوەندە ژمێرەیی بریتییە لە (30.66) و لادانی پێوەری (6.35). و دانیشتووانی شار (46) کەسە، ناوەندی ژمێرەیی بریتییە لە (30.67) و لادانی پێوەری (6.5). هەروەها دەرکەوت بەهای T (0.12) و نمرەی ئازاد (67). لەبەر ئەوەی بەهای (P= 0.98) ئەمەش گەورەترە لە ئاستی گوزارشتی (0.05) بۆیە بەڵگەداری ئاماری نییە. لە ئەنجامدا، جیاوازی نییە لە نێوان دانیشتووانی گوند و شار.
خشتەی ژمارە (٥) زانینی ئاستی تراوما بەپێی گۆڕاوی شوێنی نیشتەجێبون
| گۆڕاو | ناوەندی ژمێرەیی M | لادانی پێوەری SD | بەهای F | بەهای P | نمرەی ئازاد DF | ئاستی گوزارشتی 0.05 |
| گوند | 30.63 | 6.35 | 0.12 | 0.98 | 67 | بەڵگەداری ئاماری نییە |
| شار | 30.67 | 6.05 |
گفتوگۆ:
ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە هاودژە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکانی پێشووتر، کە جەخت لەسەر کردەی خەتەنەکردن وەک هۆکارێک بۆ دروستبوونی تراوما دەکەنەوە. بە شێوەیەکی پەیوەستدار بە تراوماوە، هەروەک لە هەڵسەنگاندنەکەی Abdollahzadeh, Nourizadeh, &) (Sattarzadeh Jahdi, 2023.دا دەرکەوتووە، لە ڕێگەی پشکنینێکی ستانداردەوە کە بۆ 155 ژنی ئێرانی ئەنجام دراوە، تیایدا ئەوە بەر دیدە دەخرێت، کە لە کۆی ئەم ژمارەیە ڕێژەیەکی کەمیان ڕووبەڕووی دەردەنیشانە (Symptoms) ەکانی تراوما بوونەتەوە. هاوپەیوەست بە هەمان بابەتی توێژینەوەکە، لێکۆڵینەوەیەکی تر لەلایەن (Behrendt & Moritz, 2005)ەوە ئەنجام دراوە. لەم توێژینەوەیەدا 23 ژنی خەتەنەکراو لە سەنیگالدا وەک ئاماری سەرەکی وەرگیراون. دەرکەوتووە ئەو ژنانەی خەتەنەکراون، ڕێژەی تووشبوونیان بە تراوما گەیشتووەتە %30 و زۆربەیان دوچاری کۆنیشانەکانی پۆست-تراوما هاتوون.
بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەم توێژینەوەیە، ئەنجامێک نەخشەکێش بووە تیایدا تراوما وەک ڕووداوێک کە بەهۆی کردەی خەتەنەکردنەوە ژنان ئەزموونی دەکەن، لایەنی ئابووری وەک دیوێکی بنچینەییی کۆمەڵگە کارکردی لەسەر بەرزی و نزمی ڕێژەی تراوماکە نەبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە (کامیل ئەحمەدی) لە توێژینەوەیەکیدا، کۆگیرانە ئەوە پیشان دەدات کە نزمی باری ئابووری پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ خەتەنەکردندا هەیە. پەیوەست بە توێژینەوەکەی ناوبراو، کە پشتی بە پرسیارنامەی جۆری DHS و MICS بەستووە، گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کچانی سەر بە بنەماڵەی دەوڵەمەند، ڕێژەی خەتەنەکردنیان کەمترە بە بەراورد لەو کچانەی سەر بە خێزان و بنەماڵەیەکی هەژارن (٢٠٢٣).
یەکێک لە دەرەنجامەکانی تری توێژینەوەکە، دەریخست کەوا ڕێژەی تووشبوون بە تراوما بەپێی گۆڕاوی شوێنی نیشتەجێبوونی (گوند و شار) جیاوازییان نییە. ئەمەش هاوشانە بە ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی (تۆمسن ڕۆیتەرز فاوندەیشن)، کە لە ساڵی 2013 سەبارەت بە کۆمەڵگەی میسر ئەنجام دراوە. تیایدا دەرکەوتووە 27.2 ملیۆن ژن، کە هاوتایە لەگەڵ %91ی کۆی ژنانی ئەو وڵاتە، ڕووبەڕووی ئەم ئەزموونە بوونەتەوە. ئەم ئامارە دەرخەری ئەوەیە کە کردەی خەتەنەکردن وەک دیاردەیەکی کولتووری کۆی شار و گوندەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. لەپاڵ ئەمەش شایەنی باسە، ئەم کردەیە تەنیا تایبەت نییە بە قۆناغی منداڵی، بەڵکو لە تەمەنی پێگەیشتووییشدا ئەنجام دەدرێت. سەرچاوەکان ئاماژە بە قورسیی دەرەنجامەکانی دەکەن، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە ئاستی شێواندنی توندی ئەندامی زاوزێ و تەنانەت گیان لەدەستدان بەهۆی خوێنبەربوون و شۆکی دەروونییەوە (کوردە، ٢٠٢٢).
گەر ئەم دیاردەیە بخەینە ناو تیۆرییەکی تر، وەک دەروونشیکاریی لاکانی، ئەوا زەبرەکە کۆمەڵە مانایەکی بونیادیی و چڕ وەردەگرێت جیاواز لە شرۆڤەکردنەکانی پێشوو.
خەتەنەکردنی ژنان لە بنچینەدا بۆ پڕکردن و کامڵکردنی ناسنامەی نێرە، کە دەڵێت من فالووسم هەیە، بەڵام هەبوونی فالووس هەبوونێکی ڕەمزییە نەک بایۆلۆجیی. لێرەدا هەڵەتێگەیشتنی پیاو سەبارەت بە فالووس [کە ڕەمزییە] وادەکات لە شتێکی بونیادییەوە بیگۆڕێت بۆ بایۆلۆجی، بۆیەشە دڵەڕاوکێی هەبوونەکەی بۆمسەر جەستەی ژن دەرهاوێژ دەکات، بەو مانایەی بڕینی جەستە سەقامگیرکردنی پانتایی ڕەمزیی بەدوادادێت [ئەو پانتاییەی لەسەر فالووس دروستبووە و لە کڕۆکیشدا خۆی نووقسانە]. واتە وەهمی سوبێکتی پیاو دەکەوێتە دۆخێکی جێگۆڕکێکردنەوە. بەڵام گەر کێشەکە لە دڵەڕاوکێی پیاوانیشەوە بێت، ئەوا پێویستە بزانرێت کە بەتەواوی دلەڕاوکێکە لەبارەی چییە. هەموو سوبێکتێکی پیاو کە خەسیو و ڕەمزیوە، ئامانج لە هەبوونی فالووسەکەی گەیشتنە بە ژویسانس، ژویسانسیش وەک لاکان دابەشی دەکات، دوو جۆرە: ژویسانسی ژنانە [ئەوەی کە بۆ ئەودیو پانتاییی ڕەمزی دەڕوات و ملکەچی هیچ یاسا و ڕێسا و زمانێک نابێت]، لەگەڵ ژویسانسی پیاوانە [یان ئەوەی کە دەڵێن ژویسانسی فالووسی، کە تەنیا چێژ/ژانەکە لەنێو پانتاییی ڕەمزییە]. ئەم بۆ-ئەودیو-ڕۆیشتنەی ژویسانسی ژنان هۆکاری هەرە سەرەکیی دروستکردنی دڵەڕاوکێیە لە پیاوان، پیاو وەک سوبێکتێکی ملکەچ بە پانتاییی فالووسی ڕەمزی ڕێگە نادات شتێک لەپاڵ ئەو هەبێت دوور، ئەوداتر بڕوات، بۆیەشە کە ژن نا-هەمووە، دەیانەوێت بەم کردەی خەتەنەکردنە بیکەن بە “هەموو”، واتە بە تەواوی بیڕەمزێنن، لێرەدایە فالووسی خەیاڵی بە فەنتازیاسازییەکی کۆنتڕۆڵکەر وا لە پیاو دەکات وەهمی ئەوەی بۆ دروست ببێت کە تەنیا خەتەنەکردن ژن دەڕەمزێنێت. واتە ئەکرێت شتێکی تریش بگوترێ، “خەتەنەکردنی ئەندامی ژنان هەوڵێکە بۆ ڕەمزاندنی “ڕیاڵ” کە لە بەدحاڵیبوونێکی خەیاڵییەوە هەڵگۆزراوە و دواجار پانتاییی ڕەمزی دەیقۆزێتەوە [وەکچۆن بەدحاڵیبوونی سوبێکت بە وێنەی ناو ئاوێنەکەوە سەرمەست دەبێت].
بەڵام گرێکە هەر بەوەندەوە بەتەواوی باس ناکرێت، لەبەرئەوەی گەر لاکان بڵێت پیاو فالووسی هەیە و ژن فالووسە، کەواتە بۆ پیاو کە خاوەن ژنە [فالووسە] دەستکاریی فالووسەکە یان با بڵێین فالووسەکە دەبڕێت، لێرەدا ئەکرێت وەڵامی ژویسانس بۆ ئەوە پڕاوپڕ هەر ڕاست دەرچێت، بەڵام گەر ژن فالووس بێت [شاڕەمزی ئارەزوو]، ئەوا ژن هەڵگری شتێکە یان هەر خودی خۆی کە فالووسە ئەبێت بە شتێک کە پیاو سەرتاپا دەترسێنێت لەوەی لەدەستی بدات، واتە ژن بیرهێنەرەوەی نووقسانیی ~پیاوە~. واتە بەدحاڵیبوون لە فالووس، کۆنتڕۆڵکردنی فالووس، دژبوون بە ژویسانسی مێیینە، خەسانی پێشوەخت، دواجار ئەوانە هەمووی بەرەو یەک ئامانج هەڵدەکشێن و بە بڕین و دەستدرێژیلردن بۆمسەر جەستەی ژنان، دەسکەوتێکی وەهماوی پێشکەش بە پیاو دەکەن. بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ ژنێتییەکەی فرۆید کە دەڵێت ژن کیشوەرێکی تاریکە و ناچالاکیی ئەو چالاکیی پیاو دووچاری لادان دەکات.
واتە لە دەروونشیکاریی لاکان، پێویستە لەو دیاردەی خەتەنەکردنە وەک ڕەمزاندنی ڕیاڵی نەڕەمزێنراو تێبگەین، کە پانتاییی ڕەمزی [لێرەدا فالووس واتە باوکسالاریی و ئەمەش بەتەواوی پێگەیە بەڵام پێگەکە بەدحاڵیبوونێکی بایۆلۆجی تووش بووە] بەسەر ژندا دەیسەپێنێت. گەر بیبەستینەوە بە بایۆلۆجییەوە، خەتەنەکردنی ژن کە ئەو بەشەی قیتکەیە وا دەکات ئۆرگازم و ڕەحەتبوونی ژن بکاتە شتێکی ئەستەم، چونکە بەشە بڕدراوەکە لووتکەی چێژ و ڕەحەتبوونە و ئێستاکە لێکراوەتەوە، بەڵام لەوانەیە پرسیارێکی تر دروست ببێت، ئەویش ئەوەیە گەر ژن بە خەتەنەکردنی ئەندامەکەی بگۆڕێت بۆ شتێک کە تێربوونەکەی مەحاڵ بێت، ئەوا نابێتە هۆکاری دڵەڕاوکێی زیاتر بۆ پیاوان لەوەی چۆن ئێستاکە ئەو ئارەزووە بۆ ژن پڕ بکەنەوە؟ واتە نەبڕینەکەی باشتر نەبوو؟ لێرەدا وەڵامە ڕاست و قایلکەرەکە ئەوەیە کە نەدەبوو وابکەن و هەم بۆ خۆیان و هەمیش بۆ ژن، بەڵام پانتاییی ڕەمزی شتێک ناکات کە ڕاست بێت، ئەو وەک پێشتر وتمان بەهۆی بەدحاڵیبوونێکی فالووسییەوە ژن خەتەنە دەکات نەک بۆ مەحاڵکردنی ئۆرگازمی ژن، یان سێکسکردن بەشێوەیەکی قورس لەگەڵی، بەڵکوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستەکەیەتی، واتە پیاو بە بڕینێکی بایۆلۆجی وەک بەڵگەیەکی دیدەکیی ئەوە بۆ [ژن] دەسەلمێنێت کە خاوەنی ئەوە ڕێک بەم لۆژیکە “مادام من ناتوانم چێژی ئەو پڕبکەمەوە، ئەوا دەتوانم چێژ وەرگرتنی بکەم بە ئەستەم.” واتە سەرەڕای ئەوەی کە پیاو بە بەراورد بە ژن لاوازە لە سێکس، چونکە پیاو بکەرە و ژن بە پێچەوانەوە لە سێکس بدەرە، ئەوا وادەکات ئەو “دان”ە ژن بۆ خودی خۆی نەبێت بە چێژ، بەڵکوو ببێت بە مەحاڵ.
لێرەدا کە ئارەزووی ژن سەرووی ئارەزووی فالووس و پیاوە، ژویسانسەکەی سەرووتری یاسای پیاوە، جەستەکەی موڵکی خۆیەتی، هەموو ئەمانە وادەکەن پیاو بەم بڕینە هەڵبسێت، بەڵام ئەوەی پیاو و یاسای فالووس ناتوانن بیڕەمزێنن ئەوە نییە، بەڵکو لەژێر ئەم جەستەیەی ژن “بونیاد” هەیە، ئەمەیە کە بۆ هەمیشە وەک ڕیاڵ دەمێنێتەوە و خەتەنەکردن دووبارە دەبێتەوە بە شکستێکی پانتایی ڕەمزیی دەرهەق بە ژن. واتە بونیادەکە ئەوەیە کە زنجیرەی دالەکان بەڕێوەی دەبەن، خەتەنەکردن کە جەستە بریندار دەکات بە زەقکردنەوەی ئەندامێک نابێتە هۆکاری ئەوەی بونیادەکە کە بونیادی ژنیش ژویسانسە، لە یاسای فالووس جێگیر بێت، بۆیەشە هیچ شتێک نا-هەمووێتیی ژن بگۆڕێت و بیڕەمزێنێت.
کەموکورتی و لایەنە بەهێزەکانی توێژینەوەکە:
یەکەم/ لایەنە کەموکورتییەکانی توێژینەوە:
١. کەمیی ژمارەی بەشداربووان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی وردتر.
٢. سنوورداری ئاستی جوگرافی کە پتر ڕەنگدەرەوەی ئەزموونێکی شوێنمەند دەخاتەڕوو.
٣. خودتەوەربوون (Being Bias) بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە بۆ ڕێژەیەکی زۆری بەشداربووان.
دووەم/ لایەنە بەهێزەکانی توێژینەوە:
١. بەشداریکردن بە قوربانییانی دیاردەکە وەک لەپێشینەترینی بەشداربووان.
٢. پەیوەستبوونی توێژینەوەکە بە ڕەهەندی کاتەکیی و شوێنەکیی ناوچەکە.
٣. هێنانەوەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر لەسەر ڕاستییەکی بابەتی (objectivity).
٤. هەستیاری بابەتەکە و ئاوڕدانەوەیەکی زانستییانە لێی.
ئەنجامگیری:
توێژەر بەو ئەنجامە گەیشت، کە پەیوەندی لەنێوان دروستبوونی تراوما و کردەی خەتەنەکردنی ژناندا هەیە. بەو پێیەی ئەنجامدانی کردارەکە بەستراوی توندوتیژییەکی جەستەیییە، ئەوا ڕاستەوخۆ زەبرێک بەر دەروونی قوربانییەکە دەکەوێت و ڕووداوێکی درێژخایەنی وەک تراومای لێدەکەوێتەوە، کە هەر بیرهێنانەوەیەک سەبارەت بە خەتەنەکردنەکەی شۆکێکی دووبارەبووەوە زیندوو دەکاتەوە. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە بۆ بواری دەروونزانی گرنگە، چونکە خستنەڕووی ئەم زەبرە دەروونییە لە ڕێگەی ئامارەوە، زەمینە بۆ توێژینەوە و توێژەرانی داهاتوو دەڕەخسێنێت تا ڕاوەستەی زیاتر لەسەر ئەم پرسە کێشەئامێزە بکەن. هەروەها توێژینەوەکە هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات لە بەرامبەر دیاردەیەکی وەهادا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و هەڵوێست بنوێنن.
ڕاسپاردە و پێشنیارەکان:
ڕاسپاردەکان:
١. دامەزراندنی ناوەندی چارەسەری دەروونی تایبەت بە ژنانی خەتەنەکراو.
٢. کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ پزیشکان و دەروونناسان لەسەر چارەسەری تراوما.
٣. دانانی سزای توندتر لەسەر هاندەر و بکەرانی ئەم کردەیە.
٤. دانانی پڕۆگرامی تایبەت بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لە مەترسییەکانی خەتەنەکردن.
پێشنیارەکان:
١. ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەسەر کاریگەرییە دەروونییەکانی خەتەنەکردن.
٢. دانانی پڕۆگرامی تایبەت لە خوێندنگە و دەرەوەی خوێندنگە بۆ هۆشیاریی سەرجەم چین و توێژەکان.
٣. بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر زیانەکانی ئەم دیاردەیە لە ڕێگەی پلاتفۆڕمە جیاوازەکان.
٤. دروستکردنی گروپی پشتگیری بۆ بەگژداچوونەوەی هەر بیرێکی چەقبەستوو.
لیستی سەرچاوەکان
ئەحمەدی، کامیل (٢٠٢٣). بەناوی نەریت توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان، چاپی دووەم، چاپخانەی دانشفەر، لا ١٠٠.
ئەلمونتەسیر، خالید (٢٠١٠). خەتەنەکردنی کچان. وەرگێڕانی هیوا ساڵح، چاپی یەکەم، کوردستان_سلێمانی، لا ٦٧-٦٨.
ئیسماعیل، ئازاد عەلی (٢٠٢٣). دەروونساغی، چاپی یەکەم، سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکری- سلێمانی، لا ٩٦.
حەسەن، ئەفرام محەمەد (٢٠١٩). دەروازەیەک بۆ نەخۆشییە دەروونیەکان و هەندێک نەخۆشی دەروونی، بەرگی یەکەم، چاپی چوارەم، چاپخانەی ڕێنوێن- سلێمانی، لا ١٤٧.
حوسێن، محەمەد تەها (٢٠٢٤). هەڵچوونەکان بنیاتە دەروونی و کولتوورییەکان، چاپی یەکەم، دەزگای فێربوون_هەولێر، لا ٤٩.
سەعید، فایەق (٢٠١٦). پۆستتراومای منداڵان و جەنگ و تیرۆر، چاپی یەکەم، دەزگای ڕۆشنبیریی مارگرێت_چاپخانەی تاران، لا ١٥.
عەزیزی، بەیان (٢٠٢١). دەروونشیکاری جەستەی قوربانی کە منم کە ژنم، چاپی یەکەم، دەزگای ڕۆسا_هەولێر، لا ١٧-٢٦.
کۆمەڵێک نووسەر، (٢٠١٨). ئامادەیی فرۆید لە دەقە فەلسەفەییەکاندا. وەرگێڕانی سەردەم،چاپی یەکەم، فرۆید دامەزرێنەری دەروونشیکاری، دەزگای سەردەم_سلێمانی، لا ٣٦.
کوردە، هێرۆ (٢٠٢٢). تێڕوانینە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ژن و پێگەی ژن، چاپی یەکەم، کتێبی ئەلیکترۆنی_هەولێر، لا ١٦-٢٠.
ماوندێر و کامیرۆن (٢٠٢٣). تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی، و. دیاری سابیر، چاپی یەکەم، دەزگای ڕەهەند_سلێمانی، لا.٢٢-٢٤.
مایەرز، تۆنی (٢٠١٤). فەلسەفەی سلاڤۆی ژیژەک. وەرگێڕانی وەلید عومەر، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم_سلێمانی، لا ٥٩-٦٣.
میللەر، بۆنی (٢٠٢٢). دەرووندروستیی قوتابی، و. ڕێدار محەمەد، چاپی یەکەم، دەزگای فام_هەولێر، ١٤٣-١٤٤.
مۆرگان، سیدۆ. د (٢٠٢١). بنەماکانی زانستی دەروونی، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک_تاران، لا ٨٧٢-٨٨٣.
سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان:
مۆتەکەی خەتەنەکردن لە کوردستان: %35ی مێینە ڕووبەڕووی ئەم پێشێلکارییە ترسناکەی مافی مرۆڤ دەبنەوە. (2024, Nov 8). https://shorturl.at/M1B4l
سالار، س. (2024, Feb 6) تەندروستی جیهانی: 200 ملیۆن کچ و ژن خەتەنەکراون. https://channel8.com/kurdish/news/38365
سەرچاوە ئینگلیزییەکان:
Abdollahzadeh, M., Nourizadeh, R., & Sattarzadeh Jahdi, N. (2023). Post-traumatic stress disorder among Iranian women with genital mutilation: A cross-sectional study. Reproductive Health, 20(1), 59. https://doi.org/10.1186/s12978-022-01561-0
Behrendt, A., & Moritz, S. (2005). Posttraumatic stress disorder and memory problems after female genital mutilation. American Journal of Psychiatry, 162(5), 1000–1002. https://doi.org/10.1176/appi.ajp.162.5.1000
Hussein Hamad, A., Mirkhan Ahmed, H., Fattah Hajimam, A., Ali, A. N., & Saber, A. F. (2024, July 19). Psychosocial and sexual aspects of female genital circumcision in a sample of Kurdish women in the Kurdistan Region of Iraq. Cureus, 16(7), Article e64881. https://assets.cureus.com/uploads/original_article/pdf/272732/20240818-1134631-6om5t2.pdf
Katz, D. I. (1998). Neurology and trauma. Journal of Neuropsychiatry and Clinical Neurosciences, 10(3), 363–364.
Leavy, P. (2017). Research design: Quantitative, qualitative, mixed methods, arts-based, and community-based participatory research approaches (pp. 19–20). The Guilford Press.
Mambrol, N. (2017, June 21). Sigmund Freud and the trauma theory. Literary Theory and Criticism. https://literariness.org/2017/06/21/sigmund-freud-and-the-trauma-theory
NovoPsych. (2023, March). International Trauma Questionnaire (ITQ) [PDF]. https://novopsych.com/wp-content/uploads/2023/03/International-Trauma-Questionnaire-PDF-ITQ.pdf
Osserman, J. H. (2017). On the foreskin question: Circumcision and psychoanalysis (Doctoral dissertation, University of London, Birkbeck College).
Robinson, L., Smith, M., & Segal, J. (n.d.). Emotional and psychological trauma. HelpGuide.org. https://www.helpguide.org/mental-health/ptsd-trauma/coping-with-emotional-and-psychological-trauma
World Health Organization. (2023, March 15). Female genital mutilation. https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/female-genital-mutilation
[1] چەمکی ڕیاڵ یەکێکە لە چەمکە گرنگ و بنچینەییەکانی ناو دەروونشیکاریی لاکان و ژیژەک بۆ ڕوونکردنەوەی پرسە فیکرییەکان بەکاری دەهێنێت. چەمکەکە هەروا بە سادەیی مانای “واقع”ێکی پاڵفتەکراو ناگەیەنێت، بەڵکو لاکان لەپاڵ پانتاییی ڕەمزی و خەیاڵییدا، ئەم چەمکە وەک بنکی هەردوو پانتایییەکە دیاری دەکات. ڕیاڵ وەک پانتایییەک ئەو ژێربنکە زبر و نەگیراوەیە کە واقعی لەسەر دروست بووە. ئێمە کاتێک ڕیاڵ ئەزموون دەکەین کە بەر تراوما چاوەڕواننەکراوەکەی دەکەوین، تراومایەک کە لە دەرەوەی پانتاییی ڕەمزیدایە و بە هاتنە ناوەوەی هەموو شتێک دەشڵەژێنێت.