تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە
نامەیەک بۆ شاعیرانی ئەم نەوەیە
هەوڵ دەدەم وەک خوێنەرێک و بە گشتی لەبارەی شیعرتانەوە ڕوانینی خۆم بخەمە ڕوو، کە لە (A)ـەوە بۆ (Z) ناوتان دەنووسم: (ئاکام کەوسەری)، (ئارام حاجی)، (ئازاد بەهین)، (ئەحمەد مستەفا زەکی)، (بابانی شەن)، (بەشدار سامی)، (بڵند باجەلان)، (بڕیار محەمەد)، (چۆلی فایەق)، (دابان عەتار)، (داستان بەرزان)، (دیار لەتیف)، (ئیسماعیل سابیر)، (غەمگین بۆڵی)، (گۆران ڕەسووڵ)، (هەڵاڵە سوهرابی)، (هەرەس: ئەنوەر عەباسی)، (هێرۆ کوردە)، (ژاوێن شالی)، (ژیار ئەسوەد)، (کاروان حاجی)، (کارزان ڕەحمان)، (لازۆ ئازاد)، (ماردین ئیبراهیم)، (نارین ڕۆستەم)، (نەهرۆ جەرجیس)، (مستەفا موحسین جەلال)، (نەشمیل عەلی بەرزنجی)، (نەوا ئەمین)، (نەورەس محەمەد)، (ئومێد قەرەنی)، (پەخشان عەبدولڕەحمان)، (سەردار نۆڕێ)، (پێشەوا کاکەیی)، (پشتیوان عەلی)، (ڕابەر فاریق)، (ڕاهۆز کامەران)، (ڕەها ئەبووبەکر)، (ڕەشید مەحموود)، (ڕەزا عەلیپوور)، (ڕێبین ئەحمەد خدر)، (ڕۆژ هەڵەبجەیی)، (ڕزگار سوبحی)، (سایە قووغان)، (سایۆ ڕەجەب)، (سامان حەسەن)، (سندی ڕێشاخ)، (سۆران ساڵح)، (سۆران محەمەدەسوورە)، (سروشت نەوزاد)، (سۆما مەلا)، (سومەییە جەلال)، (شاخەوان ئەحمەد باپیر)، (شاڵاو حەبیبە)، (شانۆ بەکر)، (شەرمین وەلی)، (شکار محەمەد)، (شنە نووری)، (تەیب قادر)، (یوونس ڕەزایی)، (زاموا محەمەد)، (زانیار ڕەوا) و (زوڵەیخا کەریم).
دیارە من تەنیا شیعری ئێوەم خوێندووەتەوە، دەنا دەکرێت هیی دیکەیش هەبن و نەیانناسم. بە هۆی دۆخێکی تایبەتەوە ئاگام لە بەرهەمی هەمووان نییە. ددانی پێدا دەنێم ئەمە کەموکووڕییە لە مندا، بەڵام هیوادارم لە ئاییندەدا بتوانم پڕی بکەمەوە. سپاسی وەشانی (نووسیار)، دروستتر سپاسی (ئالان پەری)ی هاوڕێم دەکەم، کە خۆیشی یەکێکە لە شاعیرانی ئەم نەوەیە و هەندێکتانی پێ ناساندووم، بەوەی لە چاپکردنی بەرهەمتاندا درێغیی نەکردووە. لە هاوڕێیانی دیکەیشەوە نموونەی شیعرتانم پێ گەیشتوون و گفتوگۆمان لە بارەیانەوە کردوون. هەندێکیانم ڕاستەوخۆ لە خۆتانەوە بۆ هاتوون و سپاستان دەکەم. ئینجا کاتێ چەمکی (نەوە) بە کار دەهێنم، ئەوە بەکارهێنانەکە نەرمە، بەو مانایەی چێوەدار نییە، بەڵکوو توانای کشانی هەیە و دەشێت ڕووبەرەکە زۆر لەوە فرەوانتر بکرێت، تا هیی دیکەیش بگرێتەوە. ئەوەیش دەزانم، کە لە ڕووی تەمەنەوە کەموزۆر لە یەکتر دوورن، بەڵام مەبەستی من زیاتر ئەوانەتانن لە دوای نەوەی ڕاپەڕینەوە هاتوون، لە دوای ئەو نەوەیەی دەرکەوتنی هاوکاتی ڕاپەڕینە. هەبوونی جیاوازییش لە دەنگێکتانەوە بۆ یەکێکی دیکەتان، شتێکی سروشتییە، بگرە گرنگە، بەڵام من لێرەدا تەنیا ویستوومە ئاماژە بە ناوتان بکەم، دەنا کاتێ بگاتە ئەوەی بە جودا لە بەرهەمتان بکۆڵمەوە، ئەوە بابەتەکە دەچێتە ئاستێکی دیکەوە. ئەم ماوەیەم بۆ خوێندنەوەی شیعرتان تەرخان کرد، کە هەتانە تەنیا یەک نموونەیم دیوە و هەیشتانە کتێبی، بگرە زیاتر لە کتێبێکی. لە دۆخی پۆستمۆدێرندا، کە کات لەتلەت و لێکترازاوە، پێوەر و قاڵبەکان هەڵگیراون، مانا جێگیر و تەواو نییە، سنووری نێوان کات و شوێن سڕاوەتەوە، هەرەمەکان ڕووخاون و پایەکان نەماون، چەق بە لاوە نراوە و بێژمار ئاڕاستەی جیاوازجیاواز دەرکەوتوون، سەختە نەوەکان دەستنیشان بکرێن، بەڵام چەمکەکە بە کار دەهێنم، تا لەو ڕێیەوە تیشک بخەمە سەر خەسڵەتەکانی شیعرتان و بە گشتی جیاوازییەکانتان پێشان بدەم. لە پەراوێزی نامەکەیشدا بۆ چەمکەکە دەگەڕێمەوە و پتر لێوەی دەدوێم. کاتێ دەبینم ژمارەی خانمان لەسەر نەخشەی ئەمڕۆی شیعرماندا ڕووبەرێکی فرەوانی گرتووە، شادییەکی بێوێنە دامدەگرێت. دیارە ئەدەب بەر لەوەی پێوەندیی بە هەر شتێکەوە هەبێت، بە خۆیەوەی هەیە، کە لە ڕێی توخمەکانی ناوەوەیەوە پێ دەگات و لەوێوە لە بوونی خۆیمان ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام ئەم ئەنجامە ئاماژەیەکە و پێم دەڵێت گۆڕانێک بەسەر تێگەیشتندا هاتووە، کە نێر وەک چەق نەماوەتەوە و بەشێکی دەستەڵاتەکەی لە دەست داوە. هەر بە ڕاستییش ئەم گۆڕانە کەموزۆر بە شیعری ئەمڕۆوە دیارە.
خۆشحاڵم بەوەی دەرفەت ڕەخساوە، تا ئەم نامەیە بۆ ئێوەی ئازیز بنووسم، لە کاتێکدا گەلێجار ویستوومە تیشک بخەمە سەر ئەزموونتان، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئەو دەرفەتە، نەمتوانیوە. پێویستە ئەوە بڵێم، کە پێشتر لەبارەی شیعری (چۆمان هەردی)، (ئیدریس عەلی)، (حەمە کاکەڕەش)، (نارین ڕۆستەم) و (ڕێبوار سەعید)ـەوە نووسیومە. (مۆزەخانەی پۆستاڵ)ی (سروشت نەوزاد) نوێترین نموونەی ئەم نەوەیەتانە، کە خوێندبێتمەوە و هەر ئەویش وای کرد پڕۆژەی نووسینی ئەم نامەیە پێ بگات. لەو بارەیەوە بۆچوونی خۆمم دەربڕی و گوێیشم لە هیی ئەو گرت. دەبێت ئەوە بڵێم، کە پێوەندیی کەسێتیم لەگەڵ هەندێکتاندا هەیە و بە گشتی لەبارەی چەمکەکانەوە جیاواز دەدوێن. خەریکە لە پاڵ ئەو زمانە میلـلییەی ڕاستەوخۆ لە تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگەوە وەرگیراوە و بۆ هەموو شتێک بە کار دەهێنرێت، بگرە وەک قاڵب لە دۆخە جیاوازەکاندا دەخرێتە گەڕ، زمانێکی دیکە دەردەکەوێت، کە هێزی تێپەڕاندنی هەیە و دەتوانێت لە هەر جووڵەیەکدا هیی دی بە دەست بهێنێت. ئەو زمانە دۆخێکی جێگیری نییە، بەڵکوو شپرزەیە و لە گۆڕانی بەردەوامدایە، کە شێوەی جیاوازجیاوازی لێ بەرهەم دێت.
ئەگەر لێرەدا دایەڵۆگێکم لەگەڵ دەقەکانتان دامەزراندووە، ئەوە تەنیا پێوەندیی بەو ئارەزووەوە نییە، کە بۆ بەگەڕخستنی ئەم کردەیەم هەیە، بەڵکوو دەقەکان خۆیشیان خاوەنی ئەو خەسڵەتەن و بانگهێشتی دنیاکەیانم دەکەن، کە دنیای ئاماژەیە. کاتێ دەق لە ڕێی دایەڵۆگەوە ئاستی شمەک جێ دەهێڵێت و لە ئاستی ئاماژەدا دەربڕینەکانی دەخاتە ڕوو، بە هەمان شێوە خوێندنەوە و ڕاڤەیش بەرەو ئەوە ئاڕاستە دەکات، کە دایەڵۆگی بن و ڕوو بکەنە نەزانراو. ئەوە هاوکاتی دەستهەڵگرتنە لەو بڕیارە پێشوەختانەی لە دنیای شمەکدا دەرکراون، بەوەی توخمەکان لە دنیای ئاماژەدا زیاتر لە ڕوویەکیان هەن و خۆیان لەو کردەیە (پرۆسێسە)دا ناسنامەیان پێک دەهێنن. کاتێ توخمەکانی دنیای شمەک بۆ وێنە دەگۆڕێن، ئەوە ناسنامە چەسپاو و مانا زانراوەکانیان فڕێ دەدەن، تا کۆمەڵێک مانای دیکە بە دەست بهێنن و بگەنە دنیای ئاماژە، بێ ئەوەی ئەوانە خۆیان بە کۆتا دابنێن، بەڵکوو لە هەر جووڵەیەکی تردا دەچنە ئاستی دیکە و شێوەی جیاواز بە خۆیانەوە دەگرن.
دەکرێت بڵێین یەکێ لەو خەسڵەتانەی بەرهەمی هەندێک لەم نەوە نوێیەیان پێ دەناسرێنەوە، ئەوەیە، کە ڕاستەوخۆ خۆیان دەرنابڕن، بەڵکوو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەکانیان دەگەیەنن. لێرەدا گەیاندن بەو مانایە نییە، کە سەرچاوەیەک هەیە و پەیامی لێوە دەردەچێت، تا بگاتە کەسانێکی دیاریکراو، لە کاتێکدا سەرچاوەکان نەماون و پەیام بە مانا فەرهەنگییەکەی بایەخی خۆی لە دەست داوە، بەڵکوو ئەوەی هەیە، دایەڵۆگە، کە بە سروشت دژی دابەشکارییە و ڕێ نادات جەمسەرێک لە جەمسەرێکی دی باڵاتر بێت. بەشێکی زۆری ئەدەبی ئێمە، کە لێرەدا زیاتر مەبەستمان شیعرە، جەختکردنەوە بووە لەسەر حەقیقەتە بابەتییەکان. لە پێش ڕاپەڕیندا چەمکی وەک نەتەوە، شۆڕش، نیشتمان، چین و هیی دیکە زەق دەکرانەوە، لە نەوەی ڕاپەڕینەوە بە گشتی ئەم چەمکانە بزر دەبن، بەڵام ئەو تێگەیشتنە گۆڕانێکی گەوهەریی بەسەردا نایەت. زیاتر مەبەستم لای ئەو شاعیرە جەماوەرییانەیە، کە بوونەتە ناوی زەق، دەنا ئاڕاستەی جیاوازی شاراوە لە دەرەوەی ئەو ئاڕاستە فەرمییەدا هەمیشە دوور لە هەڵپەی مێدیا و قیژەی جەماوەر ئامادەییی خۆی پێشان داوە.
لای شاعیرە جەماوەرییەکان زمان بە شێوەی میکانیکی کار دەکات و پێشوەختە مانا ناسراوەکانی لێ بار کراون. ئەگەر زانیمان لەو سەردەمەدا دواڵیزم و پرینسیپی لێکچوواندن (principle of similarity) بەسەر تێگەیشتندا زاڵ دەبن و هزری میلـلی بەشێکی زۆری زمانی دەربڕینی ئەو نەوەیە دادەپۆشێت، سەیر نایەتە بەرچاومان، کاتێ گەیاندنی ڕاستەوخۆ (direct statement) لە ئەدەب بە گشتی و لە شیعر بە تایبەتدا دەبینین. ئەمڕۆ هەندێک لەو نەوە نوێیە ئەم ئاستەیان تێپەڕاندووە و پەنا بۆ ناڕاستەوخۆیی دەبەن. (ڤالێری)ی شاعیر پێی وایە شیعر زمانە لەناو زماندا، بەو مانایەی زمانێکی ڕاستەوخۆ نییە، کە دەربڕینێکی سەیرە، وەک ئەوە وایە لە کەسێکی ترەوە دەربچێت، نەوەک لەوەی دەدوێت، بۆ یەکێکی دیکەیش ئاڕاستە بکرێت، نەوەک بۆ خوێنەر.
بەگشتی شیعری ئەو شاعیرە جەماوەرییانە زیاتر کردەی لەبەرکردنی بە دوای خۆیدا هێناوە، نەوەک ڕاڤەی جیاواز، بۆیە سەیر نییە، ئەگەر دەبینین پێوەری داهێنان بۆ دەق، ئەوەیە، ژمارەیەکی زۆر لە بەریان کردووە، نەوەک چۆن لێکیان داوەتەوە، کە ئەو دەقانە خۆیان خەسڵەتی لەبەرکردنیان تێدا زاڵە و ڕاستەوخۆ شتە سادەکانیان دەربڕیون. بە مانایەکی دیکە، دەقەکە هەر لە بنەڕەتەوە لەناو زانراودا خۆی پێک هێناوە، زانراوی گەیاندووەتە خوێنەر و ئەو خوێنەرە خۆیشی بە دوای زانراودا گەڕاوە. ئەگەر لە دیدی (ئومبێرتۆ ئیکۆ)وە لێی بڕوانین، کە لە کتێبی (خوێنەر لە داستاندا)دا دەیخاتە ڕوو، ئەوە دەقی داخراو و خوێندنەوەی داخراو دەکەونە بەرانبەر یەکتر، بەو مانایەی دەقەکە خۆی ئەو زانیارییانەی گەیاندوون، کە خوێنەریش پێیان ئاشنایە. بە ئاسانی وەریاندەگرێت و لەسەر ئەوانەی خۆیدا کەڵەکەیان دەکات. ڕەخنەگرە میلـلییەکانیش، کە ئەمڕۆ هەم لە زانکۆکان و هەم لە دەرەوەی زانکۆکانیشدا ژمارەیان زۆرە، دەتوانن لە هەمان ئاستی زماندا بڵێن ئەو زانیارییانە چین و چەند گرنگن. وەک گوترا هەندێک لەم نەوە نوێیە ڕوانینی دیکەیان بۆ چەمکەکان هەیە و شێوازی دەربڕینیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەبەر ئەوەیشە ئەمڕۆ دەرکەوتنی نووسەری مەزن، تاکەنووسەر، کەڵەنووسەر، ڕابەر، پێشەنگ و هیی دیکەی لەم بابەتە سەختە، کە تا نەوەی ڕاپەڕینیش دۆخەکە دەیتوانی ئەو هەرەمێتییە دروست بکات و لووتکە بە یەکێک بدات، تا ئەوانەی دی لە بنکی هەرەمەکەدا بهێڵێتەوە، تەنانەت بیانخاتە دەرەوەی هەرەمەکەیشەوە، بگرە هەرەمێتی بە ڕاستی لەگەڵ ڕاپەڕیندا زەق دەکرێتەوە.
شاعیرانی ئەم نەوەیە ئەگەرچی کۆمەڵێک خەسڵەتی هاوبەشیان هەن، بەڵام لەژێر ناونیشانێکی دیاریکراودا کۆ نابنەوە، بەڵکوو هەر یەکەی شێوازی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو ئاڕاستە فەلسەفییانەی ڕەخنەیان لە دۆخی مۆدێرنیتی گرت، کە ڕەگیان بۆ (نیتشە) دەگەڕێتەوە، چەقەکانیان تێک شکاند، چەمکی ناسنامەیان دایە بەر ڕەخنەی توند و حەقیقەتەکانیان خستە بەردەم ڕاڤەی بێپسانەوەوە، تا فرەدەنگی و فرەڕەنگی بێنە کایەوە، بە شێوەیەک هەر تاکێک بە شێوازی خۆی زمان بخاتە گەڕ و ناسنامەی تایبەتی خۆی پێک بهێنێت. خەسڵەتی ئەو ناسنامەیەیش، ناجێگری و شپرزەیییە. هەوڵەکانی (فریدیناند دی سۆسێر)، کە لە کتێبی (خولێکی زمانناسیی گشتی: Course in General Linguistics)دا بەرجەستەن، بوونە دەروازەیەک بۆ ئەو ئاڕاستە زمانەوانی و سیمیۆلۆجیایانەی لە سەدەی بیستەم و دواتردا دەرکەوتن، بگرە زیاتر پەرەیان بە شێواز و شێوازناسی دا. لەم نێوەدا گەمەکانی زمان (language games) بایەخیان پەیدا کرد. گەمە لە دەرەوەی یاسا باوەکاندا بە ڕێوە دەچێت، بەو مانایەی بەپێی پلانی پێشوەختە ناکرێت، بەڵکوو لە دۆخی ئازاددا دەردەکەوێت و خۆی یاساکان دادەهێنێت. بۆ ئەوە نا، ببنە ڕێگری. نەخێر، بەو مەبەستەی زیاتر جۆشی پێ بدەن، کە هەر یاسایەک دەتوانێت بە دەیان شێوەی تر بگۆڕێت و یاسای هەر گەمەیەکیش لەوەی دیکەیان جیاوازە. ئەو گەمانە تەنیا کاتێ دێنە دی، کە دایەڵۆگ کردەکە دەباتە ڕێوە. وەک پێشتر گوتوومە ئەگەر دەقی ئەدەبی و فەلسەفی لە ڕێی گەمەی تایبەتی زمانەوە دەنووسرێن، ئەوە ڕاڤەیش هەر بە هۆی گەمەی تایبەتی خۆیەوە دەتوانێت نهێنییەکانیان بدۆزێتەوە و ببێتە گەواهیدەری هەبوونی جیاوازییەکانیان.
ئەمڕۆ شیعری داهێنەرانە نەک هەر پاشکۆی زانستە مرۆیی (Humanities) و زانستە سروشتییەکان (Natural Sciences) نییە، بەڵکوو لە ڕێی ئەو گەمەیەی زمانەوە دەتوانێت هاوکاتیان بێت و لە بەرانبەر پاوانخوازییەکانیاندا بەرگری بکات، کە دەکرێت بڵێین شیعر جیهانێکی سەربەخۆیە، بەڵام دابڕاو نییە و لەگەڵ دنیاکانی تر لە پێوەندیی دایەڵۆگیدایە. لێرەوە شیعر پەنا بۆ وێنە دەبات، بگرە بەبێ وێنە پێک نایەت. وێنەی شیعری تەنیا تێپەڕاندنی دراو و ئەنجامەکان (consequences)ی واقیع نییە، بەو مانایەی تەنیا ڕماندنی کەرەستەکانی ژیانی ڕۆژانە و داڕشتنەوەیان نییە لە ئاستی دیکە، لە دنیای ئاماژەدا، بەڵکوو تێپەڕاندنی هەر پێناسە و تێگەیشتنێکیشە، کە بۆ ئەو کەرەستانە خراونەتە ڕوو. لە شیعری ئەم نەوەیەدا وێنەی شیعری هاوکات و هاوشانی واقیعی ڕۆژانە نییە، بەڵکوو ئاستێکی دیکە و ئاڕاستەیەکی دیکەیە، کە بە بۆچوونی (بۆدریار)ی فیلۆسۆف ئەمڕۆ وێنە لەتلەتە، نە پێوەندیی بە واقیعێکی دیاریکراوەوە هەیە و نە بە ڕووداوێکی دیاریکراویشەوە، بەڵکوو لەچاوکردنەوەیەکی بێگەرد (pure simulacrum)ـە و خاوەنی توانای سەربەخۆی ناوەوەی خۆیەتی. بەو توانایەی واقیعێکی واقیعتر، یان هەرەواقیع (hyperreal) پێک دەهێنێت، کە ماناکانی لە واقیعێکی ڕەسەنەوە وەرناگرێت. پێچەوانەی ئەو ڕوانینە باوەی، گۆیە وێنە ڕەنگدانەوەی واقیعە، ئەوە لای ئەم فیلۆسۆفە وێنە خۆی پێکهێنەری واقیعە، بەڵام واقیعی خۆی. ئەگەر ئەو لەم ڕووەوە لە کتێبی (The Precession of Simulacra)دا چوار قۆناغی بۆ پێوەندیی نێوان وێنە و واقیع دیاری دەکات، ئەوە لە قۆناغی کۆتاییدا ئەو (هەرەواقیع)ـە پێک دەهێنێت، کە ئاماژەمان پێ کرد، بەوەی لێرەدا تەواو لە واقیع دادەبڕێت، بەڵکوو پێشیشی دەگرێتەوە، بەو مانایەی پێش ئەو شتانە دەکەوێت، کە پێشتر لە چاوی دەکردنەوە، بگرە نەخشە دەکەوێتە پێش واقیعەوە. بە دەربڕینێکی دی، نموونە پێش حەقیقەت دەکەوێت. ئەگەر ئەوسا وێنە هەوڵی دەدا لە چاو واقیع بکاتەوە، ئێستا خۆی بووەتە نموونەیەک و واقیع دەیەوێت لە چاوی بکاتەوە. لە داستانێکی (بۆرخیس)ی چیرۆکنووسدا ئیمپراتۆر دەخوازێت نەخشەیەکی وەهای بۆ بکێشن، کە تێکڕای ئیمپراتۆریەتەکەی لەسەر زەوی دابپۆشێت، بەو مانایەی نەخشە هێندەی خاکەکەی بێت و هەر گۆڕانێک بەسەر سنووریدا هات، بەسەر نەخشەکەیشیدا بهێنن، ئەنجام ئیمپراتۆریەت لە ناو دەچێت، بەڵام نەخشەکە دەمێنێتەوە. ئێستا وێنە بنەڕەتە، نەوەک واقیع. نەخشە ماوە و واقیع سڕاوەتەوە. واقیعەتی بەرزەوەکراو (Hyperreality) واقیعەتی ڕاستینەی گرتووەتە خۆی و سەختە لە یەکیان جودا بکەیتەوە. دەکرێت بگوترێت واقیع وێنەیەکی تەڵخی وێنەیە. وەک پارادۆکسێک ئەوە وێنەیە دەبێتە پێوەر بۆ ئەوەی، ئاخۆ واقیع چییە. ئایا ڕاستییە، یان ساختە؟ هەیە، یان نییە؟ سەختە لە جیهانی سیمۆلاکرادا بزانین چی واقیعە و چی خەیاڵ. ئەم دۆخە لە هونەریشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە هەر (بۆدریار) خۆی لە کتێبی (پیلانگێڕیی هونەر : The Conspiracy of Art)دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت چۆن ئەو هونەرە ملکەچی ڕووکەشی و پووچگەرایی بووە. دەستی لە ئێستاتیکای بەرهەمهێنەر هەڵگرتووە و ڕەواج بە ئێستاتیکای دروستکراو دەدات، بگرە هەر دژی ئێستاتیکایە (anti-aesthetics)، کە مانای وایە خۆی لەگەڵ تێگەیشتنە باوەکاندا گونجاندووە و ڕەخنەی بە لاوە ناوە. لە دنیای خۆیشماندا دەبینین چۆن ڕەخنەی میلـلی نووسینی سادەی ڕووکەش وەک داهێنان بە خوێنەر دەناسێنێت، بەو مانایەی وێنەیەکی ساختەی ئەو بەرهەمانە پێشانی جەماوەر دەدات. ئەم وێنەیە ئەم دەست و ئەو دەست دەکات. ئینجا تا زیاتری لە بەر بگیرێتەوە، پتر لە واقیعی خۆی دوور دەکەوێتەوە، بگرە واقیعەکەی هەر نامێنێت. فڵانە ڕۆمان، یان فیسارە شیعر داهێنانێکی بێوێنەیە. بەڵگە چییە؟ زۆری لێ فرۆشراوە. ڕەخنەگرێکی میلـلی کتێبێکی قەبەی فەلسەفە بە دەستەوە دەگرێت، گۆیە خەریکی خوێندنەوەیەتی، کە ئەگەر لێی بپرسیت لاپەڕەکانی سەرەتای باسی چی دەکەن، ڕەنگە (با نەڵێم لام ڕوونە) نەیزانێت، بەڵام وێنەکەی شتێکی دیکەی تەواو جیاواز بە جەماوەر دەڵێت. دەیەوێت لە ڕێی ئەو وێنە ساختەیەوە بیشارێتەوە، کە لە چ ئاستێکی زماندا دەنووسێت. ئەو وێنەیە نەک هەر دەبێتە واقیعێکی ساختەی سەربەخۆ و واقیعی ڕەسەنی خۆی دەسڕێتەوە، بەڵکوو دۆخێکی جێگیریش پێک دەهێنێت، بەو مانایەی ئەو نووسەرەمان وەها پێشان دەدات، کە هەمیشە خەریکی خوێندنەوەی فەلسەفەیە. ڕەخنەگری میلـلی و فەلسەفە؟ هەر هێندە ڕووداوێک دێتە پێشەوە، نووسەری جەماوەری خێرا ڤیدیۆیەک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا بە هەمان زمانی خەڵک لە بارەیەوە دەدوێت، چونکێ چاک دەزانێت جەماوەر بە گشتی وێنەی وێنەکەی دەبینن و گوتەکانی لێک نادەنەوە. وا ڕێک دەکەوێت نووسەر خاوەنی کۆمەڵێک وێنەی جیاواز بێت و ئەوانە بەپێی دۆخەکان پێشان بدرێن. دەکرێت هەر ئەوانەی پێت دەڵێن فڵانە نووسەر بەرهەمەکانی لەلایەن جەماوەرەوە زۆریان لێ فرۆشراون، ئەوەیشت پێ ڕابگەیەنن، کە داهێنەرێکە و لە ئاستێکی بەرزدا دەنووسێت، بە شێوەیەک هەموو کەس لێی تێناگات. واتە وێنەکان زۆرن و بەشی هەموو دۆخەکان دەکەن. دەتوانن هەر جارێ دانەیەکیان پێشان بدەن. لەم سێ دەیەی ڕابوردوودا کتێبگەلێک لەبارەی شیعرەوە دەرچوون، کە بەشی زۆریان دوور و نزیک پێوەندییان بەو بوارەوە نییە، بگرە مایەی پێکەنین و قاقالێدانن، بەڵام وەها وێنەیان کێشراون، کە گرنگن و بەبێ ئەوانە تۆ ناتوانیت شیعر بنووسیت، مەحاڵە لێی تێبگەیت و لە بارەیەوە بدوێیت. کتێب هەیە هەر ناونیشانەکەی پێت دەڵێت نووسەرەکەی بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک نووسیویەتی، بەڵام وێنەکەی شتێکی دیکەی جیاواز دەردەبڕێت. لێرەدا تەنیا مەبەستم لە وێنەی بەرگی کتێبەکە نییە، بەڵکوو مەبەستم ئەو وێنە ساختەیەیشە، کە نووسەر بۆ خۆی کێشاویەتی و خستوویەتیە بەرچاوی جەماوەر.
دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەمڕۆ وێنە لەوە دەرچووە بەپێی ڕوانینە باو و میلـلییەکان بخوێنرێتەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت دەخوازێت، کە لێرەدا ئەدەب کاتێ ئەم تێگەیشتنە باوە جێ دەهێڵێت و دەگاتە دنیای ئاماژە، دەبێتە خاوەنی ئەو توانایە و لە ڕێیەوە بە گژ دەستەڵاتەکەیدا دەچێتەوە، تا هەر بە هۆی وێنەی تایبەتی خۆیەوە ئەو جیهانە تێک بشکێنێت، کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن سەپاندوویانە. لە بەرانبەردا ئەوە دادەمەزرێنێت، کە هەمیشە ڕاڤە دەکرێتەوە. بە مانایەکی دی، ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی بە وێنەکانی خۆی لە دژی وێنە گشتییەکانی دەستەڵات دەجەنگێت، کە جەنگێکە، تێیدا فرەدەنگی، فرەڕەنگی و فرەڕاڤەیی ڕووبەڕووی تاکدەنگی، تاکڕەنگی و تاکحەقیقەت دەبنەوە. ئەو وێنەیەی هونەری داهێنەرانە دایدەهێنێت، خەسڵەتەکەی جیاوازە لە هیی ئەوانەی دەستەڵات لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە دەیانخاتە ڕوو. ئەمەیش وا دەکات یەک مانا بە خۆیەوە نەگرێت، بەڵکوو فرەمانا و فرەڕەهەند بێت، چونکێ ناجێگیرە و لە بەردەم ڕاڤەی جیاوازدا کراوەیە. وێنەی شیعری بەوەدا تێپەڕێنراوی واقیعە، ئەوە زیاتر لە هیی واقیع بەرگەی شاڵاوی سیمۆلاکرا دەگرێت، بگرە هێزی هەیە واقیعی ڕاستینە دەربخاتەوە. ئەگەر ڕاگەیاندن ئەو کەرەستانە وەها پێشان دەدات، کە لە سەرووی واقیعەوەن، بۆ نموونە کاتێ ڕیکلامی بازرگانیی کۆمپانیایەک وێنەی چاویلکەمان بە شێوەیەک پێشان دەدات، لە چاومان گرنگتر و جوانترە، ئەوە شیعر بە شێوەیەکی هێندە جیاواز وێنەی ئەو چاوە دەکێشێت، هیچ هێزێکی دەرەوە نەتوانێت لە چێوەی بگرێت و لە یەک پێناسەدا کورتی بکاتەوە. دەکرێت بڵێین وێنەی شیعری لە ڕێی هێزی جەستەوە بەرەنگاری شاڵاوەکان دەبێتەوە، چونکێ جەستە ئەو ڕووبەرەیە، کە ساختەی تێدا ناکرێت، بگرە دەتوانێت بە گژ هەموو ساختەیەکیشدا بچێتەوە. کاتێ (کاروان عومەر)ی هونەرمەند بە گیانێکی (زەردەشتییانەی نیتشە) سەما دەکات، ئەوە لە ڕێی جەستەوە ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەبڕێت، ئەو خودە تێک دەشکێنێت، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان پێکیان هێناوە، تا بگاتە خودی ڕاستینەی خۆی، لە تاکڕەهەندەوە بۆ فرەڕەهەند دەپەڕێتەوە، بەوەی جەستە لە سەمادا شادی و تراجیدیا پێکەوە دەگرێتە خۆی، مادام (زەویی بوون)ی کردووەتە شانۆ و ویستی هێز دەیجووڵێنێت، ئینجا هەموو ئەو تێگەیشتنە باوانەی کۆمەڵگە تێدەپەڕێنێت و شتێکی جیاواز دەردەبڕێت، بۆیە ساختەی تێدا ناکرێت. ئەگەر بتەوێت لەبارەی هونەری سەمای ئەو هونەرمەندەوە بدوێیت، پێویستە سەما بکەیت، دەنا هەر شتێک بڵێیت، پێوەندیی بەوەوە نییە و لە ئاستی تێگەیشتنی باودا دەمێنێتەوە. وەک چۆن (کاروان عومەر) لەسەر شانۆ و لە ڕێی سەماوە خۆی دەردەبڕێت، شاعیری داهێنەر ئاوها لە دنیای ئاماژەدا وێنەکانی دەخاتە ڕوو، ئەو وێنانەی هێزی بەگژداچوونەی هەموو ساختەکارییەکیان هەیە، کە ئەوە ویستی هێزە و دەتوانێت هەر پێوەرێک تێک بشکێنێت، کاتێ تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگە دەیسەپێنێت. ئەو شیعرەی بە سەما دەنووسرێت، خوێنەر بە سەما دەیخوێنێتەوە و بە سەمایش ڕاڤەی دەکات.
ئەگەر وێنەی شیعری لە جووڵەدا پێک دێت، بەوەی لە ڕێی جووڵەوە ئەو توخمە جیاوازانە بە دەست دەهێنێت، کە دەتوانن بەردەوامییەکەی مسۆگەر بکەن، ئەوە ئەو جووڵەیە خاڵێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج، بەو مانایەی دوورە لەوەی بڕیارێکی پێشوەختە هەڵیبسووڕێنێت، بەڵکوو لە سەرکێشیدایە و هەمیشە بەرەو نەزانراو ئاڕاستەیە، بۆیە شیعر ئەگەر ئەرکێکی هەبێت، ئەوە داهێنانی زمانێکی جیاوازە. ئەو زمانە بەوەدا بەرهەمی جیاوازییە، مانای وایە توانای بەرهەمهێنانی جیاوازییشی هەیە، کە ئەمە هاوکاتی تێپەڕاندنی خود و هەموو ئەو حەقیقەتانەیشن، کە ئەو خودەیان پێکەوە ناوە و هەڵیدەسووڕێنن. ئینجا مادام وێنەی شیعری قەوارەیەکی ئاماژەدارە و خەسڵەتێکی سیمبۆڵییانەیشی هەیە، بگرە فرەڕوو، فرەچین (multi-layered) و فرەڕەهەندە، ئەوە خۆی لە بەردەم ڕاڤەی جیاوازجیاوازدا دەبینێتەوە و لە هەر ڕاڤەیەکدا دۆخێکی دیکەی جیاواز لەوەی پێشووی پێک دەهێنێت، کە ڕێ نادات ڕاڤەکان بە تاکە حەقیقەتێکەوە پێوەست ببن، بۆیە ئاڵۆزیی خۆڕسک خەسڵەتی وێنەی شیعرییە، بەوەی ئاڵۆزی لێرەدا تێپەڕاندنی سادەیییە و لە کردەی زمانەوە پەیدا دەبێت، کە ئەو زمانە ڕووی لە نەزانراوە و لەو جووڵەیەیدا بەر توخمی جیاواز دەکەوێت. ئەگەر لە هەر دەقێکی داهێنەرانەدا توخمی سادەیی دێتە پێشەوە، ئەوە پێوەندیی بە کردەی تێپەڕاندنەوە هەیە، کە ئەو کردەیە هاوکاتمانە و بە بەرچاومانەوە ڕوو دەدات. بە مانایەکی دی، ئێمەی خوێنەر دەبینە بینەری تێپەڕاندنی سادەیی، وەک ئەوەی تۆ دەتوانیت ببینیت چۆن پەیکەرتاش لە بەرد پەیکەرەکان دادەتاشێت و شێوەی جۆراوجۆریان پێ دەدات.
وێنەی شیعری تێکشکاندنی دەستەڵاتی شاعیرە، کە ناهێڵێت بیرۆکەکانی ڕاستەوخۆ بە خوێنەر بگەیەنێت و بەسەریاندا بسەپێنێت، بەڵکوو ڕاڤەی بەردەوام وا دەکات شاعیر هەمیشە بکەوێتە بەردەم ڕوانینی جیاوازی خوێنەر و خۆیشی ببێتەوە خوێنەری دەقەکانی خۆی، وەک بڵێی خۆی بەرهەمی نەهێنابن، کە ئەم دایەڵۆگە ڕۆ دەچێتە دەقەکانی دواتری شاعیرەوە، بگرە بە هێزی ئەو دایەڵۆگەوە دەقی نوێ بەرهەم دەهێنێت، بەو مانایەی بۆ ئاستی دیکە دەپەڕێتەوە و زیاتر دەست لە دەربڕینی باو هەڵدەگرێت. دەقی باو بەوەدا دایەڵۆگ دانامەزرێنێت، بەڵکوو لە بەر دەکرێت و پێیدا هەڵدەدرێت، ئەوە لەو دۆخەدا دەمێنێتەوە و هێز بە دەقەکانی دواتر نادات، بۆیە سەیر نییە، ئەگەر دەبینین ئەزموونی شاعیرێکی جەماوەری لە ماوەی چل ساڵدا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت.
فرەوانیی خەیاڵ بەندە بە هێزی تێکشکاندنی مانا زانراو و ناسراوەکانی واقیع، واتە تا شاعیر پتر ڕۆ بچێتە قووڵاییی شتەکانی ڕۆژانەوە و زیاتر لایەنە شاراوەکانیان بدۆزێتەوە، خەیاڵی پتر هەڵدەکشێت و وێنە شیعرییەکانی کاریگەرتر دەبن، چونکێ ئەو شتانە لە دۆخێکی دیکەی تەواو جیاوازدا پێشان دەداتەوە، کە دۆخی حەپەسان و سەرسامییە. دۆخێکە، تێیدا ڕووداو (Events) وەک خەسڵەتی سروشت و کردار (Actions) وەک خەسڵەتی مرۆڤ پێک دەگەن، بگرە دەتوێنەوە، کە جەستە و هەرپێنج هەستەکەی لەو کردەیەدا بەشدارن. لێرەدا مەبەست لە چەمکی قووڵایی، لایەنە نافیزیکییەکەیەتی، نەوەک لایەنە فیزیکییەکەی، بەو مانایەی ئاڕاستەیەک نییە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەڵکوو لە کۆمەڵێک ئاڕاستە پێک دێت و ڕوواڵایانە (arbitrarily) بە هەموو لایەکدا دەجووڵێن. لەو تەقینەوەیەدا وزەی نوێ بەرهەم دێت و مانای جیاوازجیاواز دەردەکەون. کەواتە خەیاڵ خۆیشی خاوەنی ناسنامەیەکی جێگیر نییە، بەڵکوو پێوەستە بەو کردەیەوە و لە گۆڕانی بەردەوامدایە، کە ئەمە دژی ئەو تێگەیشتنە تیۆلۆجییەیە، گۆیە ئیلهام بەهرەیەکە و خوداوەندەکان بەخشیویانە. شاعیر لە ڕێی خەیاڵەوە هەموو ئەو خڵتانە لەسەر ئەو غەریزە کێوێتییە سروشتییە لا دەدات، کە وەک (نیتشە) جەختی لێ دەکاتەوە شارستانیەت شاردوویەتیەوە و لەپێناوی بەهای ساختەدا سەرکوتی کردووە. بوونێکی بنەڕەتیی مرۆڤ پێک دەهێنێت و بە حەقیقەتی سەرەتایی لە سروشت (primal truth in nature) بەستراوەتەوە. ئەم غەریزەیە لە عەقڵ و هۆشیاری باڵاترە، لە خەوندا دەردەکەوێت، بەوەی خەون دۆخی ڕاستینەی غەریزە دەردەخات و ئەو غەریزەیەیش دەتوانێت لەگەڵ سروشتدا لەنگەری خۆی ڕابگرێت. بەم شێوەیە وێنەی شیعری تێپەڕاندنی سنووری عەقڵە و لە ئاستێکی باڵاتردا خۆی دەردەبڕێت.
دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەرکی ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی دەرخستنی حەقیقەتەکان نییە، بەڵکوو تێکشکاندنی ئەو حەقیقەتانە و پایەکانیانە، بێ ئەوەی حەقیقەتی دی بخاتە شوێنیان، چونکێ دانانی هەر حەقیقەتێک، کۆتاییهێنانە بە دایەڵۆگ و دوورخستنەوەی ئەوەی ترە لەو پێوەندییەدا. وێنەی شیعری خاوەنی ئەو توانایەیە و لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی دەستەڵاتی حەقیقەتەکان دەبێتەوە، بۆیە ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرن، ئەوانەی ڕەخنەیان ئاڕاستەی دۆخی مۆدێرنیتی کرد، فەلسەفەیان لە شێوەی شیعر داڕشت، کە (نیتشە) لێرەدا نموونەیەکی دیارە. لەو فیلۆسۆفەوە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی نەک هەر فەلسەفە لە داخراوی ڕزگار دەکات، بەڵکوو دەبێتە توخمێکی بزوێنەر بۆ کرانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی حەقیقەت. بەم شێوەیە ئەدەب مێژوویەکی دیکەی نافەرمی بۆ فەلسەفە دادەمەزرێنێت و هێزێکی گەورەتری پێ دەدات. (هایدیگەر) بە مەبەستی ڕاڤەی بابەتگەلی وەک دازاین (Dasein)، حەقیقەت و زمان، پەنا دەباتە بەر ڕاڤەی شیعر، کە ئەوانە توانایان هەیە بوون (Being) دەربخەن لەو کاتەی زانست و مێتافیزیکا لە ئاست دەرخستنیدا دەستەوستانن، بۆیە لەم ڕووەوە شیعری (هیۆڵدەرلین)، (تراکل)، (ڕیلكە) و ئەوانەی دی بە هانایەوە دێن.
(ڕێچارد ڕۆرتی)ی فیلۆسۆف لە کتێبی (فەلسەفە وەک شیعر)دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە فەلسەفە شێوازێکە لە شێوازەکانی ئەدەب. ڕاستییەکەی فەلسەفە هەر شیعرە، بەو مانایەی نایەوێت وەڵامی کۆتاییی پرسیارەکان بداتەوە، مادام بەردەوامی خەسڵەتێکە و شیعری پێ دەناسرێتە… کاتێ فەلسەفە ئەو دۆخە باوە تێدەپەڕێنێت، کە تێیدا بە دوای حەقیقەتدا دەگەڕێت و دەیەوێت وەڵامی ڕاستەوخۆ بە پرسیارەکان بداتەوە، ئەوە بۆ دۆخێکی دیکە دەپەڕێتەوە، کە تێیدا چەمکی نوێ دادەهێنێت و ڕێ بە خەیاڵ دەدات خۆی گەمەکانی زمان بکات. بەوەدا خودی عەقڵ دەبێتە بەشێک لەو گەمەیەی زمان، ئەوە پێگەکەی دەڕووخێت و دەست لەوە هەڵدەگرێت بە دوای حەقیقەتی بابەتیدا بگەڕێت، کە لێرەوە زمان توانای هەیە بەردەوام شێوازی نوێی دەربڕین بدۆزێتەوە. ئەمە گۆڕینی هاوکێشەی (زمان بەرهەمی حەقیقەتە) بۆ (حەقیقەت بەرهەمی زمانە)، کە بە کردەی گەمەوە پێوەست دەکرێت و خەسڵەتی گەمەیش گۆڕینی یاسا چەسپاوەکانە. ئەمە وا دەکات شیعر پێبەندی کڵێشە و قاڵبەکان نەکرێت، بەڵکوو ڕووبەڕووی هەموو حەقیقەتەکان ببێتەوە، لە پێش هەموویانەوە ئەوانەی لە پێناسەی خۆیدا بەشدارن، بەو مانایەی ناشێت شیعر لەو چوارچێوەیەدا قەتیس بکرێت، کە بریتییە لە کێش و سەروا، لە وێنە و مێتافۆر، بەڵکوو دایەڵۆگێکی بەردەوامە و لەو ڕێیەوە توانای هەیە بە گژ هەموو داخراوەکاندا بچێتەوە.
ئەم نەوەیە پێچەوانەی نەوەکانی پێشوو پشتی بە سەرچاوەکان نەبەستووە، کە دەکرێت بڵێین نەوەیەکە، بەبێ سەرچاوە، بۆیە دوودڵی، ڕاڕایی، شپرزەیی، ناجێگری و هیی دیکە لە دەربڕینیدا هەن. کاتێ سەرچاوەکان لە ئارادان و لێیان وەردەگیرێت، ئەوە دڵنیایی و ئارامی دەبەخشن، نووسەر لەگەڵ واقیعی باودا ڕێک دەخەن، بەڵام نەبوونی سەرچاوە، پاشاگەردانیی لێ دەکەوێتەوە، کە دۆخێکە و تێیدا مرۆڤ بە دەربڕینی (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف تووشی (سهرهسووڕهی، یان ماخۆلانی ئازادی: dizziness of freedom) دێت، بەو مانایەی هیچ سەرچاوەیەک ئاڕاستەی ناکات و خۆی لە بەردەم ڕێیە جیاوازەکاندا دەدۆزێتەوە، کە هەڵبژاردنیان سەختە و کردەکە بە نیگەرانیییەکی بێسنوورەوە پێوەستە. ئەو نووسەرە بێسەرچاوانە زمانیان تێکشکاو و پارچەپارچەیە، کە ناعەقڵانی و نالۆجیکی خەسڵەتی ئەو زمانەن، بەو مانایەی شتەکان لە خەوندا ڕوو دەدەن، بەڵام دژی واقیع نین، بەڵکوو سنووری ئەو دووانە هەڵگیراون و توخمەکان ئازادانە لەو ڕووبەرەدا دەجووڵێن، بگرە بەر یەک دەکەون و وزەی تریان لێ بەرهەم دێت، بۆیە ناعەقڵانی و نالۆجیکی مانای فەرهەنگی تێک دەشکێنن، تا لە ئاستێکی دیکەی جیاوازدا خۆیان دابڕێژنەوە، کە پێناسە ناکرێن، بەڵکوو هەمیشە و بە شێوەی جیاواز لێک دەدرێنەوە. ئەو خودە تێکشکاو و لەتلەتە ڕێ نادات چەمکە گەورەکان (grand narrative) و لێکدانەوە گشتییەکان تێیدا بدوێن، کە ئەوانە بارگاوین بە دەستەڵاتە جۆراوجۆرەکان. ئەگەر واقیعی ڕۆژانە خۆی ئەمڕۆ لە بێژمار ئاماژە پێک هاتووە، ئەوە ناکرێت واقیعی دەق ئەو دڵنیایییە بگرێتە خۆی، وەک لە دەقی باودا دەیبینین، کە مژدە بە خوێنەر دەدات. زووزوو جەماوەر هەناسەی شادی هەڵدەکێشن و دەڵێن ئەو نووسەرانە قسەی ناو دڵی ئێمەیان کردووە.
(جیل دولووز)ی فیلۆسۆف پێی وایە پێوەندیی نێوان خود و بابەت شتێکی ئاسان و ڕوون نییە، بۆیە لە کتێبی (فۆڵد: لایبنتز و باروک: The Fold: Leibniz and the Baroque)دا چەمکی (Fold) بە کار دەهێنێت. چەمکێکە، کۆمەڵێک خەسڵەتی ئاڵۆز و پەنهان دەگرێتە خۆی، بەو مانایەی دەکرێت هەمیشە بنووشتێتەوە، پێچ بکاتەوە، بگۆڕێت و بجووڵێت، کە ئەو خەسڵەتانە وا دەکەن ناوەوە و دەرەوە ببنە یەک. بابەت لە چەند چینێک پێک دێت، نەوەک لە یەک چین. بە مانایەکی دی، هەر شتێک کۆمەڵێک چین و توێژی هەن. بەم شێوەیە تێکڕای توخمەکانی گەردوون (کات، شوێن، بیرۆکە و ماددە) لە یەک شت پێک هاتوون، کە ئەوانە ئەگەرچی وەها دێنە بەرچاو لێکدابڕاون، بەڵام پێکەوەن و لە ڕێی کردەی نووشتانەوە و پێچکردنەوەوە شێوەی سەربەخۆ وەردەگرن. (دولووز) لەم ڕووەوە دەڵێت فرەیی تەنیا ئەوە نییە بەشێکی زۆر دەگرێتە خۆی، بەڵکوو بە ڕێی جۆراوجۆریش دەچەمێنەوە، بۆیە بە ڕێگومکەی داینامیکی (dynamic labyrinth) ناوی دەبات، کە هێڵێکی ڕێک نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک هێڵن و بە هەموو لایەکدا دەبزوێن. هەر پارچەیەک بگریت، ئەوە تێکڕای گەردوون لە خۆ دەگرێت. بەم شێوەیە ڕێگومکە لە ماددە و بەشەکانیدا بەردەوامە و ناوەستێت. ئەگەر دەبینین لە دیدی (دولووز)دا واقیع لە کۆمەڵێک چین پێک دێت و بەپێی ئەو کردەیەی ڕێگومکەی داینامیکی دەچێتە پێشەوە، ئەوە دواڵیزمی (عەقڵ/جەستە)، (قووڵایی/ڕوو) خۆیان لە بەر ناگرن، چونکێ ئەوە هێزێکی گۆڕانکارییە و تێکڕای توخمەکان بەو ئاڕاستە جیاوازانەدا دەبات.
بەشێکی زۆری شیعری شاعیرە جەماوەرییەکان بریتییە لە دەربڕینی خودێکی سادەی یەکگرتوو، بۆیە زمان لە ئاستی زانراوی کۆمەڵایەتیدا دەمێنێتەوە و جەماوەر بە ئاسانی لێی تێدەگات، وەک چۆن ڕەخنەگری میلـلی بە خۆراکێکی چەوری دەزانێت. لەم جۆرە شیعرەدا کردەی ڕێگومکەی داینامیکی ونە، بەڵام پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) زەقە، بەوەی هەموو شتەکان بەپێی کاتی فیزیکی دەچنە پێشێ و بیرۆکەی سادەی زانراو دەگەیەنن. بەگشتی شیعری ئەم نەوە نوێیە ئەم ئاستە سادەیەی تێپەڕاندووە. بەوەدا خود لە شیعری پۆستمۆدێرندا لەتلەتە، ئەوە کۆمەڵێک کەناڵی جیاوازی تێدا دەردەکەون و دەنگی جیاوازیش دەردەبڕن، کە دەشێت دژی یەک بن و بە ڕوونییش نەبیسترێن. پێوەندی بە دەنگی تری جیاوازەوە دەکەن و دەقئاوێزان (ئێنتەرتێکستواڵیتی) دەبێتە توخمێکی کاریگەر، کە هەندێجار خەسڵەتی گاڵتەئامێز دەگرێتە خۆی، بەو مانایەی پەنا بۆ شێوازی پارۆدی و ئایرۆنی دەبات، مادام ئاڕاستەکە لەگەڵ ڕوانینی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکاندا نایەتەوە. لەو پاشاگەردانییەدا پارداۆکس و لادان (Paradox and deviation) ڕێ نادەن زمان ڕاستەوخۆ ماناکان بگەیەنێت، بەڵکوو بە سروشتی خۆی تەقینەوە بەرپا دەکات و ئەو مانایانەی بەرهەم دێن، بە زۆر شێوە لێک دەدرێنەوە. تەقینەوە لە ئەدەبدا دۆخێکی کاتی نییە، کە تەنیا یەک جار ڕوو بدات، بەڵکوو داینامیکییە و بەردەوامە، بگرە ئەدەب بەبێ تەقینەوەی هەمیشەیی لە ئاستی زانراودا دەمێنێتەوە و دەبێتە گوتەی باوی خەڵک.
ئەوەی وا دەکات دەقێک بتوانێت بەردەوام پێوەندیی نوێ هەم لەگەڵ خوێنەری جیاواز و هەم لەگەڵ دەقی دیکەی جیاواز دابمەزرێنێت، پێکهاتەکەیەتی، بەو مانایەی سیمبۆڵ، مێتافۆر، داستان، میتۆلۆجیا، ئاستی جیاوازی دەربڕین و هیی دیکە دەگرێتە خۆی، کە ئەوانە دەبنە هۆی دروستکردنی دۆخێکی نالەباری ناجێگیر، دۆخی ڕاڕایی و شپرزەیی، کە لەو پاشاگەردانییەدا خراپتێگەیشتن دەبێتە توخمێکی گەوهەری. لە دەقی باودا نەک هەر خراپتێگەیشتن ڕوو نادات، مادام نووسەر لە ڕێی زمانی ڕۆژانەوە خوێنەر دەدوێنێت، بەڵکوو لێکتێگەیشتنێکی تەواویش لە نێوانیاندا دێتە دی، بەڵام لە دەقی شپرزەدا خوێنەر بە ناچاری پەنا دەباتە بەر ڕاڤەی تاکانەی خۆی، بەوەی سەرچاوەکان لە ئارادا نەماون، بێ ئەوەی بگاتە خاڵی کۆتایی و ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنێت. لێرەدا هەر دەق نییە لە خەون دەچێت، بەڵکوو ڕاڤەی دەقیشە، بەوەی خەون خۆی ون دەبێت و شوێنەوارە کاڵەکەی جێ دەمێنێت، کە ڕێ نادات لە شتێکدا کورتی بکەیتەوە و واقیعێکی ڕوونی لێ پێک بهێنیت، بەڵکوو تەنیا واقیعی تێکشکاو و ناتەواوی لێ دروست دەکرێتەوە، بە شێوەیەک ئەو ڕاڕایییە لە دروستکردنەوەیشدا ڕەنگ دەداتەوە و ناهێڵێت هیچ فۆرمێک بە کۆتا بزانیت. شوێنەواری خەون نە دەبێتەوە خەون و نە دەگاتە واقیعیش، بەڵکوو لەو نێوەدا بە سەرسامی دەمێنێتەوە. ئەگەر خەون تەنیا لە دنیای ئاماژەدا ڕوو دەدات، کە دنیای شمەکی تێپەڕاندووە، ئەوە ڕاڤەیش بە ناچاری دەچێتە ئەو دنیایەی ئاماژەوە، تا لەوێدا مامەڵە لەگەڵ توخمە ناڕۆشن و ئاڵۆزەکاندا بکات. ڕاستییەکەی شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە، کە یەکەمیان لە دڵۆپەئاوی گەورەی قورس پێک دێت و دەکەوێتە خوارێ، بەڵام دووەمیان پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە، دڵۆپەکانی وردن و کێشیان سووکە، بۆیە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە. ناگەنە خاڵی کۆتایی و بە شێوازێک دەڕەونەوە، کە ناکرێت بە ڕوونی بیانبینیت. نە سەر بە ئاسمانن و نە سەر بە زەوییش، بەڵکوو خۆیان لە بۆشاییدا شوێنی تایبەتی خۆیان پێک هێناوە. لەگەڵ ئەوەیشدا شیعر تەمێکی جیاوازە و لە خەوندا ڕوو دەدات. ناهێڵێت ئاڕاستەکەی دیاری بکەیت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی هەن و هەمیشە دەتوانیت لێکیان بدەیتەوە. تەمی شیعر بۆ ئەوە دەڕەوێتەوە، تا دیسان و بە شێوازی دی پێک بێتەوە، کە ڕەوینەوە و پێکهێنانەوە دەبنە یەک کردەی بەردەوام و بە دۆخی جیاوازجیاوازدا تێدەپەڕێت.
ئەم پاشاگەردانییە لە فەلسەفەدا ئەپۆریا (Aporia)ی پێ دەگوترێت، کە لە زمانی یۆنانیدا بە مانای مەتەڵ، دۆخی حەپەسان و گرفت هاتووە، ئاماژەیە بۆ هەبوونی گومان و دوودڵی. دواتریش بە تایبەتی لای (دێریدا)ی فیلۆسۆف لە بواری (جیاوازی)دا بایەخی پێ دەدرێت، بەو مانایەی ناکرێت شتەکان یەکلا بکرێنەوە، بەڵکوو مانا دەتوانێت هەمیشە خۆی دوا بخات، تا بەردەوام ڕاڤە بکرێتەوە. ئەپۆریا ئاماژەیە بۆ ئەو کێشە و ململانێیانەی ناو هەر دەقێک، کە ناکرێت بە خاڵی کۆتایی بگەن و بانگەشەی چارەسەرکردنیان بکەین، چونکێ دژبەیەکیی گەوهەری (fundamental contradiction) لە خۆ دەگرن و لەسەر پارادۆکس دامەزراون. لە کتێبی (لەبارەی میواندارییەوە: Of Hospitality)دا چەمکی پێدان (giving) بە نموونە دەهێنێتەوە، کە تێیدا مانای شاراوەی وەک ماتەمینی (mourning)، بەخشین (forgiving) و میوانداری (hospitality) خۆیان حەشار داون، بەو مانایەی بوونی هەمان ئەو هەلومەرجەی دەبێتی (possibility)یانی پێک هێناوە، نابێتی، یان مەحاڵێتی (impossibility)یشیانی سەپاندووە، کە لێرەدا ئەو (دەبێت-نابێت: possible-impossible)ـە گرژییەکی سەرەکییە لە فەلسەفەدا. واتە ناکرێت بڕیاری کۆتایی لە بارەیەوە بدات. میوانداری دەتوانێت مەرجدار و بەبێ مەرجیش بێت، کە مەرجەکان دەگەنە ئەوەی میوان وەک بارمتە لێی بڕوانرێت، وەک ئەوەی پەناهەندە ناچار دەکرێت کۆمەڵێک دۆکیۆمێنت بخاتە ڕوو، هەندێک کۆنتراکت ببەستێت و چەند بەڵێنێک بدات، تا لە وڵاتێکدا وەربگیرێت و کۆمەڵێک سنووریشی بۆ دابنرێن، کە ئەمە وا دەکات چەمکی میوانداری بۆ گرفت بگۆڕێت و حەپەسانی لێ بکەوێتەوە. شیعری نوێی ئەم نەوەیە ڕووبەڕووی ئەو حەپەسانە دەبێتەوە. ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەکە ڕەواندنەوەی ئەو حەپەسانە نییە، بەڵکوو دەیەوێت قووڵتری بکاتەوە. (ژان لۆک نانسی)ی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی فرانسی لە کتێبی (بەرگریی شیعر: Resistance of Poetry)دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە شیعر خەسڵەتی نەگەتیڤانەی هەیە، بگرە پێی وایە هەر خۆی نەگەتیڤە، چونکێ خاوەنی هێزی ڕەتکردنەوەیە و ناهێڵێت بگاتە مانا، کە هەر شتێکی وەک ڕێگە، ڕێڕۆ و هیی دیکە بە لاوە دەنێت، بۆیە مێژووی شیعر مێژووی ڕەتکردنەوەی بەردەوامە لەوەی بە هەر ژانرێکی ترەوە پێوەست بکرێت. شیعر دەگاتە قەراغی مانا، نەوەک مانا خۆی. مانا شتێکی ئاسان و بەردەست نییە، بەڵکوو عاسێیە، لەنێوان ئامادە و نائامادەدایە. تێپەڕاندنی خودییانەی زمان و مانایە، وەک بڵێی هەر خۆی مانا بێت. لە ئاستی هەموو داخران و سنووردانانێکدا بەرگری دەکات، بۆیە حەقیقەتی ئامادەکراو ناگوێزێتەوە، بەڵکوو ڕێ لە بەردەم ڕاڤەی بەردەوامدا چۆڵ دەکات، کە بەرگرییەکەیشی هەر بەو کرانەوەیییەوە بەندە. بەوەدا ناهێڵێت هیچ ڕاڤەیەک بیکاتە کۆتایی و لە چێوەی بگرێت، ئەوە هەمیشە بە ئازادی دەمێنێتەوە.
بەگشتی شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕین بایەخێکی گەورە بە خود دەدەن، بەو مانایەی خود دەکرێتە چەق و هەموو شتەکانی بە دەوردا دەخولێنەوە. دروستترە بگوترێت پشتیان بە تێگەیشتنی باو بەستووە و ڕێی تاکانەی خۆیان نەگرتووەتە بەر، تا لە بەرانبەر حەقیقەتی بابەتیدا هیی تایبەتی خۆیان پێک بهێنن، بۆیە جەخت لەسەر ئەو حەقیقەتانە دەکەنەوە، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمیان هێناون و ڕەواجیان پێ دەدەن. کاتێ شاعیری جەماوەری لەو خودەوە دەڕوانێتە چەمکەکان و لێیانەوە دەدوێت، هەر ئەوانە دەگەیەنێتەوە وا ئەو خودە لە ڕێی میکانیزمی هێزەوە کۆی کردوونەتەوە. ئەو خودە کۆگەی بەرهەمەکانی دەستەڵاتە، بگرە دەستەڵاتەکان پێکیان هێناوە و هەر هیی خۆیانە. بە مانایەکی دی، ئەو نووسەرانە بەرماوەی دەستەڵاتەکان دەردەبڕن، بۆیە زمان وەک گوترا ڕاستەوخۆیە و لە ڕێی گەمەوە نەهاتووە. ڕەخنەی میلـلییش هەر لەم چەقبەستنەدا چاوی هەڵهێناوە و دەستی بەسەر بەشێکی زۆری بیرکردنەوەی نووسەرانی ئەم نەوەیەدا گرتووە. پێچەوانەی ئەوەی (نانسی)ی فیلۆسۆف دەیڵێت، کە شیعر خاوەنی توخمی بەرگرییە و ناهێڵێت هیچ خوێندنەوەیەک سنووری بۆ دابنێت، ئەوە بە گشتی شیعری شاعیرە جەماوەرییەکان وەها نووسراوە، کە ڕەخنەی میلـلی لە چەند گوتەیەکی نەستەقدا کورتی بکاتەوە و بە هەمان زمانی ڕۆژانە لێوەی بدوێت. (دولووز) پێی وایە ئەرکی فەلسەفە بریتییە لە داهێنانی چەمک، نەوەک لە بڕیار و حوکم، لە کاتێکدا شیعری جەماوەری و ڕەخنەی میلـلی بە گشتی خاڵێکیان دەستنیشان کردووە، تا بە ئاسانی پێی بگەن. ئەگەر شیعری ئەم نەوەیە وەک هیی نەوەی ڕاپەڕین هێندەی بایەخ پێ نادرێت، ئەوە بەشێکی پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە لە ئاماژە پێک هاتووە و ڕەخنەی میلـلی لە ئاست خوێندنەوەیدا دەستەوستانە.
کاتێ (فۆکۆ) لە کتێبی (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا دەڵێت: (لێم مەپرسن من کێم و داوایشم لێ مەکەن وەک خۆم بمێنمەوە)، ئەوە دەیەوێت بڵێت ئەم خودە شتێکی جێگیر نییە، تا خاوەنی ناسنامەیەکی چەسپاویش بێت، بەڵکوو لەتلەت و تێکشکاوە. بەرهەمی گوتار و دەستەڵاتە. لە کتێبی (سیستەمی شتەکان)دا ئەوە دەردەبڕێت، کە ئەمڕۆ تەنیا دەکرێت لە بۆشاییدا بیر بکەینەوە، ئەو بۆشایییەی لە ئەنجامی نەمانی مرۆڤەوە دێتە دی، کە ئەمە نە کەموکووڕی پێشان دەدات و نە درزێکیشە، تا پڕ بکرێتەوە، بەڵکوو بەبێ کەم و زیاد پووکانەوەی فەزایەکی دیاریکراوە، کە ئەنجام ڕێ دەدات سەرلەنوێ بیر بکەینەوە. لە کتێبی (جینیالۆجیای زانین)دا ئەویش وێنەی (نیتشە) پێ لەسەر چەمکی ڕوو (surface) دادەگرێت و قووڵایی بە لاوە دەنێت، بەو مانایەی حەقیقەت ئەوەیە، کە هەیە، هاوچەرخمانە و لەگەڵیدا دەژین، دەنا نە جێگیرە و نە نەمریشە، بگرە لە گۆڕانی بەردەوامدایە و بەندە بە هەلومەرجی ژیانمانەوە. بە مانایەکی دی، ئێمە و ئێستا پێکەوەین، کە ئەو ئێستایە مەڵبەندی کێشە و ململانێکانە. لەم کردەیەدا خود پێک دێت، دەنا شتێکی ڕەسەن نییە، بەڵکوو بە کۆمەڵێک تۆڕی زانین و دەستەڵاتدا تێدەپەڕێت، کە ئەوانە نەک هەر پێکی دەهێنن، بەڵکوو هەڵیشیدەسووڕێنن. ئەوسا گوتمان بە گشتی شیعری ئەم نەوەیە بە بەرچاومانەوە دەنووسرێن و گەشە دەکەن، چونکێ کردە (پرۆسێس)ی تێپەڕاندنی خود و تێکشکاندنی ناسنامەی چەسپاو دەگرنە خۆ، کە ئەم کردەیە هاوکاتی کردەی پێکهێنانی خودی تاکانە و ناسنامەی تایبەتە. شیعری ئەم نەوەیە بە گشتی لە بۆشاییدا خۆی دەردەبڕێت، نەوەک لە ڕێی ئەو تێگەیشتنەی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان سەپاندوویانە.
ئەگەر بە گشتی سەرچاوەی نەوەی حەفتاکان و هەشتاکان ئایدیۆلۆجیای دیاریکراو بوو، ئەوە هیی ناوە دیارەکانی ڕاپەڕین، ئایدیۆلۆجیای نادیاریکراوە، بەو مانایەی ڕاستەوخۆ لە ئایدیۆلۆجیایان وەرنەگرتووە، بەڵکوو شوێنەواری ئەو ئایدیۆلۆجیایە لە تێگەیشتن و زمانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، کە ئایدیۆلۆجیا لە ڕێی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەیشتووەتە جەماوەر، بگرە بە دەربڕینی (فۆکۆ) خودی ئەو جەماوەرەی پێک هێناون و ئەو نووسەرانەیش لەوانەوە وەریانگرتووە، تا جارێکی دیکە بیڕازێننەوە و پێیان بگەیەننەوە. واتە هەمان تێگەیشتن و زمانی باو لە دەقدا دەردەکەونەوە. لێرەدا شیعر لە جیاتیی ئەوەی یۆتۆپیای تایبەتی خۆی پێک بهێنێت، کە هاوواتای خەیاڵی بێسنوورە، تا لە ڕێیەوە بە گژ ئایدیۆلۆجیادا بچێتەوە، وەک (پۆول ڕیکۆر)ی فیلۆسۆف دەریدەبڕێت، ئەوە دەبێتە بەشێکی جودانەکراوەی ئایدیۆلۆجیا. ئایدیۆلۆجیا تەنیا لە شێوەی سیاسەتدا خۆی دەرناخات، بەڵکوو لە کۆمەڵێک شێوەی تردا دەردەکەوێت، کە لای (باختین) هێندەی کۆمەڵایەتییە هێندە سیاسی نییە. هەبوونی ئایدیۆلۆجیا گرنگە، کاتێ لە بەرانبەریدا یۆتۆپیا هەیە و ئاستەکانی تێدەپەڕێنێت، دەنا کاتێ شاعیر پەنا بۆ ڕازاندنەوەی واقیع دەبات، ئەوە جەخت لەو ئایدیۆلۆجیایە دەکاتەوە وا ئەمڕۆ زاڵە و تێگەیشتنی خەڵکی داپۆشیوە. توخمی ڕازاندنەوە (flowery)، کە هیی سەدەی حەڤدەمە و دراوەتە بەر ڕەخنەی توند، خاڵێکی زەقە بەسەر ڕووی شیعری شاعیرە جەماوەرییەکانەوە، تەنانەت بواری ڕەخنەیشی گرتووەتەوە، کە ڕەخنەی میلـلی لەم سێ دەیەی ڕابوردوودا دەستی پێوە گرتووە، بەوەی ئاسانە و دەتوانێت لە هەموو دۆخێکدا بیخاتە گەڕ. ڕازاندنەوە بریتییە لە هەڵچنینی چینی دیکە لەسەر ئەوەی هەیە، بگرە بەرگرییە لە مانەوەی دەستەڵاتەکەی. ئەمە تەنیا پێوەندیی بە شیعرەوە نییە، بەڵکوو هەموو بوارەکانی دیکەیشی گرتووەتەوە. وەک گوترا ڕەخنەی میلـلی هەر خۆی بەرهەمی ئەم کردەیەیە. بەشێکی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە هۆی کردەی ڕازاندنەوەوە بە ڕێوە دەچن. بۆ نموونە ئەگەر چەمکی (دەق)، (خوێنەر)، (خوێندنەوە)، (زمان)، (نووسەر) و هیی دیکە لە فەلسەفەدا ڕووبەڕووی پرۆبلەماتیكی گەورە بوونەتەوە و بە کۆمەڵێک شێوەی جیاواز لێک دراونەتەوە، بگرە چەندان ڕێبازی ئەدەبی و هونەرییان بە دوای خۆیاندا هێناوە، ئەوە ڕەخنەگری میلـلی بە زمانی ڕۆژانە وەسفیان دەکات و دەیانڕازێنێتەوە. شیعری شاعیری جەماوەرییش هەر لەو ڕوانگەیەوە دەنووسرێت. لێرەدا مەبەستی شاعیر و ویستی خوێنەر پێک دەگەنەوە، بەوەی ئەو شتەی یەکەمیان دەیگەیەنێت، لای دووەمیان ناسراوە، کە لێرەدا توخمی خەیاڵ بۆ شمەک دەگۆڕێت، بەو مانایەی دەبێتە شتێکی بەرجەستە و لەلایەن جەماوەرەوە داوا دەکرێت. شاعیری جەماوەری بە قاڵب دایدەڕێژێت و داواکەیان بە جێ دەهێنێت. لای ئەم نەوەیە شتەکە بە گشتی جیاوازە. مەبەستی شاعیر لەناو ئەو حەپەسانەدا ناڕۆشنە، بەوەی لە سەرچاوەیەکی دیاریکراوەوە پێی هەڵنەگرتووە، تا لای خوێنەر بە ئاسانی بناسرێتەوە و خێرا وەریبگرێت. بەگشتی توخمی ڕازاندنەوە لە شیعری ئەم نەوەیەدا گوم دەبێت و مێتافۆر شوێنی دەگرێتەوە، کە ئەو توخمە لە بەردەم ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. لای نەوەی ڕاپەڕین دەق ڕووبەرێکی سنووردارە و هیی نووسەرە، کە لە ڕێی زمانێکی ڕوونەوە خوێنەر بانگهێشتی ئەو شوێنە دەکرێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ماناکان وەردەگرێت، بەڵام لەم نەوە نوێیەدا دەق نەک ڕووبەرێکی بێلایەنە، بەڵکوو لە ڕێی دایەڵۆگەوە پێک دەهێنرێت، کە ئەو دایەڵۆگە هەم لەگەڵ شاعیر، هەم لەگەڵ دەق و هەم لەگەڵ خوێنەریشە، بگرە دایەڵۆگ هەرسێکیان لە ڕووبەرێکی نافیزیکی (Non-physical entity)دا پێک دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەیشە لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکی جیاوازدا سنووری دەکشێت، بگرە خوێنەری ڕاڤەکەر مانا بەو ڕووبەرە دەدات. بەگشتی نەوەی ڕاپەڕین نەک هەر دەست بە تاکحەقیقەتەوە دەگرێت، بەڵکوو هەوڵی زۆر دەدات پێشانی بدات لە گەیاندنی ئەو حەقیقەتەدا دەستپاکە و لێی لا نەداوە، بۆیە وەک گوترا پەنا بۆ زمانێکی ڕوون دەبات و بە شێوازی ئاسانیش مانا زانراوەکان دەگەیەنێت. لێرەدا دەق نە لە ئەزموونێکی تایبەتەوە دێت و نە ئەزموونێکی تایبەتیش دادەمەزرێنێت، تا جیاوازییەکانی دەرببڕێت، بۆیە سەیر نییە، ئەگەر هەندێک شاعیری نەوەی ڕاپەڕین لە گفتوگۆکاندا بە هەمان زمانی باوی کۆمەڵگە لەبارەی شیعرەوە دەدوێن، کە گوتەگەلی گشتین و جەخت لە ئەزموونی کۆ دەکەنەوە، نەوەک ئەزموونی تایبەت و جیاوازی خۆیان. بە خوێندنەوەی خۆم هیچ سەردەمێکی ترمان نییە هێندەی سەردەمی نەوەی ڕاپەڕین تێیدا نووسەران بە گشتی هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەریان دابێت، بۆیە سنووری زمانی ڕۆژانە و هیی نووسین سڕاوەتەوە، بەو مانایەی نووسین نەک هەر هەوڵی بەرهەمهێنانی جیاوازیی نەداوە، وەک ئەوەی (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکوو ویستوویەتی ئەو جیاوازییانەیش نەهێڵێت، کە بە سروشتی خۆیان هەن و پێوەندییان بە خەسڵەتی کردەی نووسینەوە هەیە. تێگەیشتنی باو و زمانی میلـلی لەم نەوەیەدا بە شێوەیەک زەق دەبنەوە، کە نووسین دەگەیەننە ئاستێک، هیچ شتێکی نوێ لە نووسەر ناخوازێت، بەڵکوو کڵێشەیەکە و دەتوانێت بە کاری بهێنێت. بۆ ئەوەی لەبارەی هەر چەمکێکەوە بدوێیت، پێویستت بەوە نییە دایەڵۆگ دابمەزرێنێت و بە دوای نهێنییەکانیدا بگەڕێیت، بەڵکوو گرنگە مەکینەی وەسفت هەبێت و لە هەر دۆخێکدا بیخەیتە گەڕ، تا بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک شتەکانت بگەیەنیتە جەماوەر، کە هەر هیی خۆیانن.
بونیادگەران ئەوەیان خستە ڕوو، کە دەق ڕەنگدانەوەی ڕایەڵە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتوورییەکانی دەرەوەی نییە، تەنانەت لایەنی دەروونییشیان بە لاوە نا، بەڵکوو پێیان لەسەر ئەوە داگرت، کە دەق قەبارەیەکی زمانەوانیی سەربەخۆیە و لە ڕێی بەریەککەوتنی توخمەکانی ناوەوەیەوە ماناکانی دەخاتە ڕوو. بەم شێوەیە زمان بریتی نییە لە ئامرازێک بۆ گەیاندن، بەڵکوو سیستەمێکی سیمبۆڵییە و مانا لە توخمی جۆراوجۆر پێک دەهێنێت، بە شێوەیەک زیاتر لە ڕاڤەیەک بۆ هەر یەکێ لەو دراو و ئەنجامانە بکرێت. مانا شتێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو توانای کارلێکی بەردەوامی هەیە و ئامادەیە لە هەر بەریەککەوتنێکی تردا، بگۆڕێت و هیی نوێ بەرهەم بهێنێت. کاتێ سەرچاوەکان لە ئارادان و نووسەر لە بەرچاویان دەگرێت، ئەوە هەر ئەوە بەرهەم دێنێتەوە، کە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا هەن و ناسراون.
****
ئەگەرچی مانای چەمکی (نەوە)م خستە ڕوو، بەڵام لەم پەراوێزەدا هەوڵ دەدەم هەندێکی تر لەو بارەیەوە بنووسم. پێم وایە ئەو واقیعەی شاعیرانی دوای نەوەی ڕاپەڕینی تێدا دەرکەوتوون، کە من بە (نەوەی بێسەرچاوە) ناویان دەبەم، زیاتر لە هیی پێشوو تێکشکاو، لەتلەت و شپرزەیە، کە ئەوانە خەسڵەتی دنیای پۆستمۆدێرنن. بە مانایەکی دی، نەک هەر واقیعێکی یەکگرتوو و هاوڕێک نییە، بەڵکوو لە بێژمار واقیعی جیاوازیش پێک هاتووە، کە ئەمە وای کردووە شاعیران کەمتر لە یەک بچن، بۆیە ئەگەر بمەوێت بەرهەمیان بخوێنمەوە و ڕاڤە بکەم، پێویستە بەلاوەنانی سەرچاوە و دامەزراندنی دایەڵۆگ وەک دوو خاڵی گەوهەری لە بەرچاو بگرم، بەو مانایەی هەر کاتێ لە ڕێی سەرچاوەکانەوە هەوڵی خوێندنەوەی بەرهەمیان بدەم، ئەوە ناتوانم وردەکارییەکانیان ببینم، کە لە ئاماژەی جیاوازجیاواز پێک هاتوون، بۆیە تەنیا دایەڵۆگ دەمگەیەنێتە ئەو ڕووبەرە پەنهانانە، بەوەی دایەڵۆگ بە سروشتی خۆی ڕووی لە نەزانراوە و توانای هەیە هەموو توخمەکان بە جووڵەی خۆیەوە پێوەست بکات. دایەڵۆگ توخمە گرنگ و بزۆکەکەی دنیای پۆستمۆدێرنە، کە ئەگەرچی ڕەگی لانی کەم بۆ فەلسەفەی یۆنانی دەگەڕێتەوە، بەڵام لای (هایدیگەر) دەچێتە ئاستێکی دیکەی جیاوازەوە، بەوەی پێی وایە ئێمەی مرۆڤ هەر خۆمان دایەڵۆگین و بوونمان لەسەر زمان دامەزراوە، لە کاتێکدا زمان خۆی لە ڕووی مێژوویییەوە لەسەر دایەڵۆگدا جێگیر دەبێت. کەواتە هەر ئەوە نییە ڕوویەک لە ڕووەکانی بەکارهێنانی ڕۆژانەمانە، بەڵکوو زمان تەنیا کاتێ دەتوانێت ڕەسەن بێت، کە دایەڵۆگییە. بەم شێوەیە لای ئەو فیلۆسۆفە دایەڵۆگ هەم بێدەنگییە و هەم گوتن، کە بۆ دەرخستنی شاراوەکانی خودمان، پەنای بۆ دەبەین. بە مانایەکی دی، زمان ئەوە دەردەبڕێت، کە مێتافیزیکا دەستەوستانە لە دەربڕینیدا. هەر ئەمە کردەی کرانەوەیشە بەسەر ئەوانەی تر و بووندا. (گادامەر) لەوەیش تێدەپەڕێت و دەگاتە ئەوەی بڵێت دایەڵۆگ چالاکییەک نییە، ئێمە بیکەین، بەڵکوو هەر خۆی مەرجی سەرەکیی بوونمانە. تێگەیشتنمان بە دایەڵۆگەوە پێوەستە، کە تەنیا لە ڕێیەوە لە خۆمان، لە دنیا و لەوانەی تر دەگەین. لای (باختین) دایەڵۆگیزم بەرهەمهێنەری مانایە، کە لە ڕێی بەریەککەوتنی دیدگە و دەنگە جیاوازەکانەوە پێک دێت. زمان و هۆشیاری خۆیان بەرهەمی ئەو کردەیەن.
ئەگەر بە گشتی شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕین دایەڵۆگیان بە لاوە ناوە، یان لە چاکترین حاڵدا بایەخیان پێ نەداوە، بەوەی شیعریان کردووەتە پەیام و بۆ جەماوەریان ناردووە، تا لە بەری بکەن و بیڵێنەوە، ئەوە ناکرێت بەبێ دایەڵۆگ شیعری ئەم نەوەیە گەشە بکات و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. ڕەخنەی میلـلی، کە هاوشانی شاعیری جەماوەرییە، پێناسەیەکی تەسکی بۆ چەمکی دایەڵۆگ خستووەتە ڕوو و لە شەڕەقسەدا کورتی کردووەتەوە، لە کاتێکدا فەلسەفە وەک بینیمان مانایەکی جیاوازی پێ داوە. دیارە پێشتر لێوەی دواوم، بۆیە لێرەدا هەر هێندە بە پێویست دەزانم، کە لەم چەند دێڕەدا دەرمبڕیوە، بەڵام دەبێت ئەوەیش بڵێم، کە گەشەکردنی هەر دەنگێکی ئەم نەوەیە پێوەستە بە هێزی دایەڵۆگەوە. دایەڵۆگ خوێندنەوەیە، وەک چۆن ڕوانین و ڕاڤەیشە. کردەی سووتاندنی هۆشیاری و داڕشتنەوەیەتی لە ئاستێکی تردا، پشکنینی خود و هەموو ئەوانەیشە، کە پێکیان هێناوە، بۆیە هاوکات تێپەڕاندنی ئاستی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگەیە. لێرەوە هەر دەربڕینێک بە سروشت جیاوازە، مادام لە کەناڵێکی جیاوازەوە دەردەچێت.
شاعیر تا کەی دەتوانیت داهێنەر بێت؟ تا ئەو کاتەی جیاوازە، بەڵام جیاوازی چییە؟ سەختە پێناسەیەکی کۆنکریت بۆ چەمکی جیاوازی بکرێت، چونکێ پێوەستە بە دایەڵۆگەوە، لە کاتێکدا دایەڵۆگ کردەیەکی نەپساوەیە و ناگاتە خاڵی کۆتایی، مادام لە خاڵێکی دیاریکراوەوە پێی هەڵنەگرتووە و ڕووی لە خاڵێکی دیاریکراویش نییە. واقیعی ڕۆژانە خۆی لە گۆڕانی بەردەوامدایە، کە ئەگەر شاعیر هەمیشە لە ڕێی دایەڵۆگەوە تێینەپەڕێنێت، ئەوە نەک هەر لە ئاستیدا دەمێنێتەوە، بەڵکوو لێیشی جێ دەمێنێت. ئەمڕۆ شاعیرانی ئەم نەوەیە دەتوانن بپرسن کوا ئەو جیاوازییەی شاعیرانی پێشوو، بە تایبەتی شاعیرانی ڕاپەڕین پێشانیان داوە؟ کوا ئەو دایەڵۆگەی دایانمەزراندووە؟ ئەو ڕوانینە جیاوازە چییە، لەبارەی شیعرەوە خستوویانەتە ڕوو؟ ئەرێ ئەوە گوتمان ئەمانە شیعریانن، بەڵام کوا بۆچوونیان لەبارەی شیعرەوە؟ ئایا بەشی زۆری ئەو گوتانەی لەو بارەیەوە دەریانبڕیون، هەمان ئەوانە نین، کە دەتوانین لە هەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتیدا پێیان بگەینەوە؟ ئایا ئەوان شاعیرانە ژیاون، شاعیرانە دواون و شاعیرانە جووڵاون؟ بە مانایەکی دی، ئایا ئەوان شاعیری ژیان بوون، یان هیی دنیای شمەک؟ ئایا بەشێکی ئەو شاعیرانەی ڕاپەڕین دەستیان بە شمەکەوە نەگرتووە و لە دژی ژیاندا نەجەنگاون؟
کاتێ (ڕۆدۆلف کاسنەر)ی فیلۆسۆف دەڵێت: (ڕیڵکە شاعیر و کەسێتی بوو، تەنانەت کاتێ دەستیشی دەشۆری)، ئەوە دەکرێت وەهای بخوێنینەوە، کە جیاواز بوو. لە بازنەی یەکەمدا، کە هیی ژیانی ڕۆژانەیە، هونەرمەند بوو، بۆیە دەیتوانی لە بواری نووسینیشدا هونەرمەند بێت؟ ئایا ئێمە ئەمڕۆ ئەزموونێکی جیاوازی ئەو شاعیرەمان لە بەردەستدا نییە؟ ئەرێ لە پاڵ شیعردا، ڕوانینی تاکانەی خۆیشی پێشان نەداوە؟ هەمان شت لەبارەی (ولیام بلەیک)، (مالارمێ)، (ڤالێری)، (ئیلیۆت)، (ئۆکتاڤیۆ پاز) و ئەوانەی تریشەوە، کە لە ڕێی دایەڵۆگەوە تیۆریی شیعرییان داڕشتووە، کە ئەو تیۆرییە هاوکات پراکتیکیشە، بەوەی دەربڕینی ئەزموونی تاکانەی ئەوانە. ئایا دەکرێت شاعیرانی ئەم نەوەیە وەک بەشی زۆری ئەوانەی پێشوو تەنیا پشتیان بەو زانینە قایم بێت، کە لە ڕێیەوە هاتوونەتە سەر شانۆی شیعر و لەم ڕووەوە ڕوانینی تاکانەی خۆیان نەخەنە ڕوو؟ ئایا شیعر بەبێ هێزی تیۆری دەتوانێت جیاوازی لە خۆی بگرێت؟ ئایا وەک گوترا تیۆری هەر خۆی بەرهەمی دایەڵۆگ نییە؟ ئایا دەکرێت شاعیر بە هەمان ئەو ڕوانینەی لە کۆمەڵگەی وەرگرتووە، شیعری داهێنەرانە بنووسێت؟ ئایا بەبێ گۆڕینی ئەو ڕوانینەی لەبارەی ژنەوە پێی لە دایک بووە، دەتوانێت داهێنەر بێت؟ ئەرێ کاتێ شاعیرێک لە واقیعی ڕۆژانەدا ژنانی ڕۆژاڤا دەبینێت، دەتوانێت لە دنیای خۆیدا نموونەیەکی تێپەڕێنراوی ئەوانە بدۆزێتەوە، بەو مانایەی ئایا ناکرێت بڵێین شیعر کاتێ هێزی هەیە، کە واقیعی ڕۆژانە بە شێوەیەکی باڵاتر لە دنیای ئاماژە دادەڕێژێتەوە؟ ئەگەر دەبینین وا ژنی دنیای واقیعی ڕۆژانەمان ڕووبەڕووی لەشکری قڕکەری مرۆڤ بووەتەوە، پێویستە ژنی دنیای شیعرمان بە چ ئاستێک گەیشتبێت؟ ئایا هەر کاتێ واقیعی ڕۆژانە لە ئاستی هونەری شیعردایە، مانای وا نییە شاعیر دەستی بە هەمان ڕوانینی باوی کۆمەڵگەوە گرتووە؟ ئەدی کاتێ ئاستی ئەو واقیعە لە سەرووی ئاستی شیعرەوەیە؟ ئەرێ ئەو شاعیرە چیی نوێی بۆ منی خوێنەر پێیە؟ ئەو شاعیرەی هێشتا پێی وایە شوێنی گونجاوی ژن ماڵە و لە ماڵیشدا ئەرکەکەی بەڕێوەبردنی ناندینە، دەیەوێت چ پرسیارێکی نوێ لای منی خوێنەر بورووژێنێت؟ ئایا چەند شاعیری ئەم نەوەیە دەمێنێتەوە و هێزی نوێ دەخاتە بەر ئەو دایەڵۆگەوە، تا وەک بەشێکی زۆری شاعیرانی پێشوو تێکەڵی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگە نەبێتەوە؟ ئایا تا کەی شاعیرانی ئەم نەوەیە دەتوانن توخمەکانی شیعر لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە بگوزانەوە، تا لەوێدا ئەو توخمانە ئازاد ببن و ئازادانەیش بەر یەک بکەون؟
ماوەتەوە بگوترێت: ئەگەر ئەو شاعیرانە لەگەڵ ئەوەیشدا هاوتەمەن نین، بەڵام بە یەک نەوە دادەنرێن، ئەوە بەشێکی پێوەندیی بەو پاوانخوازییەی هەندێک لە شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕینەوە هەیە، دروستتر ئەو هەرەمەی هەڵچنراوە و لووتکەکەی بە شاعیرێک دراوە، تا ئەوانەی دی بخرێنە بنکەکەیەوە، وای کردووە دەنگی نوێ ڕێی دەرکەوتنی لێ بگیرێت، یان لە چاکترین حاڵدا بخرێتە پەراوێزەوە. ئەو هەرەمە دەوری بە ڕەخنەگری میلـلی تەنراوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بۆ خراونەتە گەڕ، بۆ ئەوەی بەرگری لە مانەوەی شێوازەکەی بکرێت. دەستیان بەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرتوون، کە بە ئاسانی بەرهەمیان دەخەنە بازاڕەوە، لە کاتێکدا شاعیرانی ئەم نەوەیە بەوەدا خاوەنی ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵییە نین، ئەوە بە زەحمەت دەنگیان دەگاتە خوێنەر. ئەگەر ئێمە بۆ حەفتاکان و هەشتاکان بگەڕێینەوە، دەبینین لە یەک دەیە زیاتریان نەخایاندووە و نەوەی نوێ دەرکەوتووە، بەڵام نەوەدەکان تا ئەمڕۆیش بەردەوامە. ئایا لە ڕێی بەرهەمهێنانی جیاوازییەوە درێژەی هەیە، یان بە هۆی پاوانخوازییەوە؟ من لێرەدا شتەکان بە پێوەری ڕەوشت و ویژدان ناخوێنمەوە، بەو مانایەی نامەوێت بڵێم کەسانێک قوربانین، یان زوڵمیان لێ کراوە، وەک چۆن باس لەوە ناکەم شاعیرێک شوێن بۆ یەکێکی دی چۆڵ بکات، لە کاتێکدا هەر دەنگێک لەم ڕووبەرە نافیزیکییەدا بە گرنگ دەزانم، بەو مانایەی ڕووبەرێکی بێلایەنە و تێیدا توخمە جیاوازەکان بەر یەک دەکەون، بەڵام دەمەوێت پێ لەسەر ئەوە دابگرم، کە داهێنان لە دەرەوەی هەموو ئەو پێناسە و قاڵبانەدا دەتوانێت دەربکەوێت، تا بوونی خۆی ڕابگەیەنێت. (کارڵ پۆپەر) لە کتێبی (زانینی بابەتی: ڕێگەیەکی پەرەسەندن)دا دەڵێت هێلانە هەر هێلانەیە، تەنانەت ئەگەر مەل جێیشی بهێڵێت. کتێب هەر کتێبە، تەنانەت ئەگەر نووسەر و خوێنەریشی نەمێنن… مەبەستیەتی بڵێت بەرهەمی مرۆڤ بە شێوەی سەربەخۆ لە بووندا دەمێنێتەوە. ئینجا دەڵێم داهێنەر بە تەنیا و دوور لە هەموو شتێک، تەنانەت دوور لە هاوتەمەن و هاوپیشەکانیشی ڕێی تایبەتی خۆی دەگرێت. تۆ داهێنەریت، ئەگەر یەک کەسیش نەتناسێت. نووسەری داهێنەر لانی کەم خوێنەرێکی داهێنەری هەیە، کە خۆیەتی.
بە هیوای داهێنانی زیاتر بۆ ئێوەی ئازیز.
کاروان کاکەسوور
19.01.2026