ئەو لای من لە تەمدا
پاییزە و دوانیمەڕۆیەکی بارانی کە زۆرتر لە ئیوارە دەچێ…
باران بە نەرمی دەبارێ وەک ئەو کەسانەی کە فێر بوون بە بێدەنگی بگرین. شووشەکان هەڵم گرتوویانە و هێڵی تنووکی باران دایپۆشیون، هێڵەکان لە یەکدی جیا دەبنەوە و دیسان یەک دەگرنەوە وەک بیرەوەرییەکان…
لە پشت پەنجەرەکە لە سەر کورسییەک دانیشتووم، کتێبم بە دەستەوەیە و قاوەیەکی تازەشم لە تەنیشتە، هەڵمی قاوەکە تێکەڵ بە هەڵمی شووشەکان دەبێ و خەیاڵیشم هەوەتر…
لە دوێنەوە خوێندنەوەی ڕۆمانی “باڵندەکانی دەم با”م دەست پێ کردووە، ڕەوتی گێڕانەوەی چیرۆکەکە و ترپەی باران دۆخێکی هێوەر و دوور لە قرموقاڵی ڕۆژانەی بۆ ساز کردووم. بە ئەسپایی ماملێ لە تەلەفۆنەکەمدا دەچریکێنێ؛ (وەی وەی وەی بارانە… ئەی پاییزە و گەڵاڕێزانە…) لە پڕا دەنگی زەنگی تەلەفۆنی ماڵی دراوسێکەمان دێت و هەموو هێوربوونمی وەک لمی بن لێوانێکی بنەنیشتە تێکەڵ دەکات. سەر هەڵدێنم چاو لە کاتژمێرەکە دەکەم ٣:١٥یە، دیسان هەمان کات، هەمان خولەک؛ ئەو کاتەی کە هەموو ڕۆژێک دەگاتە ئەوەی بۆ ماوەیەک هەستێکی سەیر هەموو جەستەم لەخۆ دەگرێ… وەک ئەوی کات ڕاوەستابێت و تەنیا من بمێنمەوە لەگەڵ خۆم. لەو ساتەدا دەنگەکان دوور دەکەون، چاوەکان وەک وێنەی کامێرایەک لە سەرەتا لێڵ دەبێ و دواتر دیمەنێکی ڕوونت پیشان دەدا…
سەر هەڵدێنم دەنگی زەنگی تەلەفۆنە سەوزە تۆخەکەی ماڵ پوورم دێت، من لە ژوورە بچووکەکەی پشتەوە خەوتووم، هەموو بە هۆی ئازادبوونی باوکمەوە لەوێن، بەڵام سەیرە بۆ کەس هەڵی ناگرێت؟ بۆ کەس وڵامی تەلەفۆنەکە ناداتەوە؟ خەوم دێت چاوم دەبەستم و پەتووە بچکۆلانەکەم کە بەس تا ئەژنۆکانم دادەپۆشێ دەدەم بەسەر دەموچاومدا، بەڵام دیسان دەنگی تەلەفۆنەکە ناهێڵێت…
چاو لە ژوورەکە دەکەم دایکم لام نەماوە ڕەنگە کاتێ کە من خەوتووم چووبێتە بۆ لای میوانەکان. دەنووزێنم دەڵێم بەشکم دایکم بێت بۆ لام، بەڵام کچە پوورم کە دوو ساڵ لە من گەورەترە دەرگاکە دەکاتەوە دەڵێ تەلەفۆنەکە هەڵگرە، سەیری دەکەم و هیچ ناڵێم، تەلەفۆنەکە دادەخەن. دوای چەن چرکە دیسان زەنگ دەخواتەوە. کچی پوورم دەستم دەگری و دەمباتە لای تەلەفۆنە سەوزە تۆخەکە.. چەن ڕقم لەو ڕەنگە بوو لە ڕەنگی جلی پاسدارەکانی زیندان دەچوو.
تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم: ئەلۆ
:سلام خوبی؟[1]
فارس بوو!!!
:خوبی دختر جان.[2]
تەمەنم هێند بچووک بوو کە هەمووان سەریان سووڕدەما لەوەی دەزانم بە فارسی قسە بکەم!
گێژ بووم بەڵام کوتم ممنون
:خوشحالی کە بابات اومدە خونە دیگە مارو نمی بینی؟[3]
وتم؛ بلە خیلی خوشحالم. ئەو ڕوژانەی وا دەچووین بو تاران و بەر دەرکەی زیندانم هاتەوە یاد کە دایکم و ئەوان بە زۆر فێریان دەکردم کە بە فارسی بڵێم باباجان خوبی، دوست دارم، کی میای خونە؟
:انشااللە کە منو یادتە؟[4]
هیچم نەکوت، ترسابووم…
: منم برادر…
زۆر ترسام نەمتوانی هیچ بڵێم
:زنگ زدم بگم مرخصی بابات تموم شدە بهش بگو تا یک ساعتە دیگە میام دنبالش…[5]
زریکاندم…
دەنگی زریکانی من و گاڵتە و قاقا و پێکەنینی مام و ئامۆزا و پوورزاکانم تێکەڵ بە یەک بوون…
بیستۆکی تەلەفوونەکە لە دەستم داکەوت و دای بە سەر قامکە گەورەکەی قاچمدا…
هەموو گیانم دەلەرزێ، کتێبەکە لە دەستم بەردەبێتەوە.. ڕیک وەک بیستۆکی تەلەفۆنەکە… قامکی پێم هەمان زامی جارانی دەکولێتەوە، کتێبەکە هەڵدەگرمەوە، لاپەڕەکان ئاڵۆزاون وەک هێڵی تنووکی بارانی سەر شووشەکە… شوێنەواری ئەوەی کە تا کام لاپەڕەم خوێندەتەوە وەک دڵۆپی باران لە هیچ شوێنێک دیار نەبوو، کتێبەکە چیرۆکی خۆی درێژەدابوو و مێشکی منیش چیرۆکی خۆی.
ئەو ساڵانە هەموو کەس دەیگوت مەترسە، بەڵام ترس هەموو کات زووتر لە خۆم لە خەو هەڵدەستا. ئەو کات لام وابوو خەو، تاریکی، دەنگ و زمانی نامۆ بەشێکن لە ترس و لە پشت دەرگاکانەوە وەستاون.
ئێستا ساڵانێک و تەمەنێکی زۆر تێپەڕیوە، خانووەکە، ژوورەکە، ڕوخسارەکان و… گۆڕاون، بەڵام هەندێک دەنگ هێشتا وەک خۆیان ماون…
(لە داخی ڕۆژگارە گیانە تۆبە لە تۆبەی دەکەم…) بە دەنگی ماملێ دێمەوە بەخۆمدا، بۆنی قاوەیەکی ساردەوەبوو و کتێبێکی زەردهەڵگڕاو کە تیشکی برووسکەیەکی ئاسمان لێی داوە تێکەڵ بەیەکدی دەبن. هێشتا باران دەبارێ بەڵام نەک بە هێوری…
زەردەخەنەیەک دەکەم و دەڵێم ڕەنگە ئاسمانیش پێداچوونەوەیەکی لە ڕابردووی خۆی کردووە.
[1] سڵاو باشی؟
[2] باشی کچە گیان؟
[3] خۆشحاڵی باوکت هاتووەتەوە ماڵ و ئیتر ئێمە نابینی؟
[4] ئینشائەڵا منت لەبیرە؟
[5] زەنگم دا بڵێم مۆڵەتەکەی باوکت تەواو بووە، پێی بڵێ تا یەک سەعاتی تر دێم بە دوایدا