مرۆڤی ئارەزوو

لەنێوان (زێدەئەرێنی) و (زێدەنەرێنی)دا

(1)

(ژیان كورتە)

مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە، نەك درۆكان

مەرگەسات لە کورتی ژیاندا نییە، بەڵکە لە پرۆسیسەنەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندایە؛ هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجان لە جیاوازی، پێش یەكسانیدایە؛ لە دووبارەبوونەوە، بەبێ هاوشێوەیی؛ لە بەردەوامی گۆڕان و سەیروورە و لە بیركردنەوە لەنێو ژیاندا، لە هونەری دژایەتی نوێنەرایەتیكردندایە. گرنگ ئەوە نییە كە گوتەزای ژیان كورتە بۆ (سێنێكا) وژیان كورتە هونەر درێژە بۆ(هیپۆكرات) یان ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرۆكەیە لە فەلسەفەی كۆندا بدۆزینەوە، گرنگ ئەوەیە كە هیچ شتێک لە دەرەوەی مرۆڤدا نییە، لە دەرەوەی پرۆسیسەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندا نییە. مرۆڤ هەمان ئەو بوونەیە کە هەموو شتێک لەناویدایە، بەڵام تێگەیشتن بەپێی پێویستییەکانە نەک شکاندنیان؛ ژیان كورتە، بەڵام جوانی مانای قووڵی هەیە!

 ژیان هەموو بوونە، بەشێکە لە ئاشكراییی خۆمان، هەستی پڕ سۆزی مرۆڤانەیە لە بوون بە بوون. ناشێ بەبێ مرۆڤ ژیان هەبێت، ژیان جووڵەی جوانی و پڕۆسەی خۆبوونەوەی مرۆڤە. ژیان كورتە ساتەوەختێكی هونەرییە، ڕەگەتۆڕ(ڕیزۆم)ە هەوڵ دەدات (مرۆڤی ئارەزوو) بۆ ئەزموونکردنی بەرزترین ئاستی تاسەكردن بەرێت؛ هەموو شتێك شی بکاتەوە: چێژ، کار، بەكاربردن، پەیوەندییەکان، هونەر، تەنانەت ئازار و ناخۆشی.

ئێمە کاتێک ئارەزوو دەکەین، ئارەزووی شتانێک ناکەین هەمانن، بەڵكە ئارەزووی شتێک دەکەین کە نیمانە! لێرەدا چركەساتی تاسەی ژیان كورتە، ڕەگەتۆڕێكی پەرش و بڵاوە و بەپێچەوانەی درەخت پنتێکی دیاریکراوی نییە، بەو مانایە نییە كە مرۆڤ بە بوون قایلە یان قایل نییە؛ بەڵکە هەوڵ دەدات تاسەی ئەگەری كراوەی ژیان چڕ بکاتەوە، واتە دیارینەكردنی ئەزموونەکان و بەرزکردنەوەی چڕیی ئەگەرە جیاوازەكان، تاوەکوو ژیان بۆ هەستکردن بە جوانیی ژیان بێ! لێرەوە پرسیار ئەوەیە ئایا پەیوەندیی ڕەگەتۆڕی (دۆلۆزی و فیلێکس گواتاریی) سەرچاوەی ئازارە یان چارە؟! دۆلۆز لە گفتوگۆ لەگەڵ ئارنو ڤیللانی دەڵێت: من بێز لە هەموو گلەیی و گازاندەیەک لە ژیان دەکەمەوە، بێز لە هەموو کولتوورێکی تراژیدی، واتە بێز لە هەموو دەروونپەرێشییەک دەکەمەوە.

بەشانۆکردنی ناتەواوی

وەك چۆن مرۆڤی دیجیتاڵی چەمکی (چڕکردنەوە)ی ژیان (زێدەژیان) و (ئەرێنی) وەك پڕۆژەیەک لە کاتدا دروست دەکاتەوە؛ مرۆڤی ئارەزووش ئەگەرەكانی خۆبوون و داهێنان و كرانەوە لە جیاوازی، پێش یەكسانی دروست دەکاتەوە. ئەگەر پێ لە ڕەسەنایەتیی چەمکی ئەگەرە جیاوازەكان سەبارەت بە مرۆڤی ئارەزوو و مرۆڤی دیجیتاڵی بنێین، یاخود پێی لێ نەنێین، ناچارین ددان بەوەدا بنێین كە هەمیشە ئەگەرە جیاوازەكانی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی و ئەگەرە جیاوازەكانی خۆبوون و داهێنان، كۆمەڵێ ئەگەری پەیوەست و كراوەن؛ ئەوەش یەکەمین ڕاستیی بەڵگەنەویستە، ڕاستییەک کە کاریگەریی دڵنیاییی (کۆجیتۆی درەخت)ی دیکارتی بەرانبەر (ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاریی) پووچەڵ دەکاتەوە و جەوهەری مرۆڤی بوێری دیجیتاڵی و مرۆڤی سەركێشی داهێنەر، لە دابڕانە مەعریفییە جیاوازەکانی (ئامرازی کات و ترێند/ كردەی كات و داهێنان)ەوە دەدۆزێنەوە؛ بەو مانایەش هێشتنەوەی ئارەزووەكان، دەرکەوتنی ئارەزووەكان چیدیكە تەنها لەڕێگای بەشانۆکردنیان لەشێوەی خەون یاخود خەیاڵ یاخود ئەفسانە و … هتددا نییە، بەڵكە ساتەوەختێكی سەركێشانەی سەیروورەی داهێنان و بوێرانەی دووبارەکردنەوەی ترێندی تەكنۆلۆژیایە، دەتوانرێت سەیروورەی داهێنان و دووبارەکردنەوەی ترێندی دیجیتاڵی لە هونەری جوانیدا گوزارشتیان لێ بکرێت!

چیدی ئارەزووە چەپێنراوەكان، لە خەونی فرۆیدی بەدی ناهێنرێت؛ بەو مانایەش هەر لە فرۆیدەوە تا لاکان (کە تیۆرییەکی تایبەتمەندی داڕشت) تا میلانی کلاین، كە تێکڕایی بەشدارییەکانیان پەیوەستە بە چەمکی ئارەزووەوە، لە تامەزرۆییەک بۆ دەستلەملانێی تاریکیی لەگەڵ جەستەی دایکدا زیاتر نین، زیاتریش نابینن. بڕوانە كتێبی: ئارەزوو و فەلسەفە- سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی دۆلۆز و گواتاری- نووسینی: محەمەد ئایت حەننا، وەرگێڕانی: سامان عەلی، پێداچوونەوەی: شوان ئەحمەد. لێرەوە دۆلۆز دەڵێ جێی خۆیەتی ئەوە وەبیربهێنینەوە کە دۆزینەوەی نەست لای فرۆید، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە پرسی شانۆ و پرسی بوونی سەکۆکەی ترەوە هەبووە، ئەو سەکۆیەی کە دەروونشیکاری ئەرکی پەیبردن بە ڕاز و نهێنییەکانی و دەرخستنی ئەوەی کە لە سەری دەستنیشان دەبێت، لە ئەستۆی خۆی گرت. وەك چۆن لە تەكنۆلۆژیا و دووبارەکردنەوە ترێندی دیجیتاڵدا دەشێ بڵێین ئەرکی پەیبردن بە خێراترین و زۆرترین زانیاریی ئەرێنی و جوانی و نەرمی هەستبزوێن، جگە لە زۆرترین بڵاوبوونەوە هیچیتر نین.

 داهێنان و سەیروورە، ئەو نەستەی دۆلۆز و گواتاری دایانڕشتووە، (بوون بە) و نەستێکی بەرهەمهێنە… دووبارە سەبارەت بە ئەگەرە جیاواز و كراوەكانی ژیان كورتە و هونەر درێژە، كـتێبە بەناوبانگەكەی (تريستان غارسيا -الحياة المكثفة- ترجمة: صلاح بن عياد) ڕۆناكی دەخاتە سەر بەشێك لەو چەمكانەی كە تێیدا ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرا بەرەو ئەزموون و هەست و سۆزی زێتر و زێتر و ئەگەری دیكەی كراوە و جیاواز، بەڵام پێش یەكسانی و دووبارەبوونەوەی هاوشێوە (كۆپیكردنەوە) و زانیاریی كۆكراوە و كۆگاكراو.

لەو كتێبەدا تریستان گارسیا (چڕکردنەوە) بە ئارەزووی بەهێزتر و پڕترکردنی ئەزموون پێناسە دەکات، چونكە ئامانج تەنها ژیانکردن نییە، بەڵكە زێدەژیانە، ژیانێکی جوانتر، دووبارەبوونەوە بەبێ هاوشێوەیی. هەموو ئەو چەمكانە بیركردنەوەی مرۆڤ لە گەڕان بەدوای واتادا بۆ گەڕان بەدوای چڕیدا دەگۆڕێت! بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی مۆدێرن سەركێش و بوێرانەتر ئایدیاكانی خۆی لەبارەی زێدەیییەكان و بەكاربردن و ئەرێنی و… لەبارەی خەمی کات و جوانی و ئەزموون و نەرێنی دەردەبڕێت.

 كەواتە ژیان كورتە، پەیوەندی بە خێراتربوونی کاتی گۆڕانكارییەكانی سەردەمەوە هەیە: تەكنۆلۆژیا، ڕاگەیاندن، و شێوازەکانی بەکاربردن و زێدەیییەكان. هەموو ئەوانە ژیانێکی خێرا بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنن و پاڵی پێوە دەنێن بۆ ئەزموونکردنی زۆرترین ژمارەی ساتەکان. بەم شێوەیە ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی ئەزموونە سەركێشەکانی هونەری جوانیی داهێنان و کۆکردنەوەی خێرای بوێرییەكانی هونەری جوانیی هاشتاگ و ترێند… لەوەی بونیادێکی یەکگرتوو بێت بۆ ناسنامە. بە كورتی ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی زێدەیییەكان. هەمیشە مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە نەك درۆكان! ژیان كورتە، ناچارنین لە درۆكاندا بمرن؛ كات كورتە، پێویستە بە هۆشیارییەوە بژیین.

شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات. (نیچە)

نەست ماشێنی ئارەزووە، ماشێنێکە لەڕێگای درووستکردنی بڕێک ڕێکخستن و ڕیزبەندیی دیاریکراو لەگەڵ هەندێک ماشێنی تردا ئارەزوو بەرهەم دەهێنێت (ڕەنگە من و ئەندامەكانی جەستەی من لە پشتەوە بە نهێنی ڕێك بكەوین.) كەواتە ئەگەرەكان بەرمەبنای میتۆدێکی جیاواز دادەمەزرێن کە میتۆدی (نەخشە)یە، لەنێوان نەخشە و ڕەگەتۆڕدا، بڕێک پەیوەندیی دۆستانە هەن، چونکە نەخشە هەموو نموونە یاخود شێوەیەکی ئامادە ڕەت دەكاتەوە کە کۆپی دەکرێت و بە چەشنێکی ناکۆتا بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕەنگە پەیوەندیی دۆستانەی نەخشە و ڕەگەتۆڕ هەمان دۆستایەتیی بێت کە (کۆپی) و (درەخت) پێکەوە کۆ دەکاتەوە. ئەمەش لەو ڕووەوە کە هەمیشە (کۆپی) وەك (درەخت) بۆ یەک ڕەگمان دەگەڕێنێتەوە، ئەو شیزۆشیكارییە دۆلۆزییە وشەکانی: هەماهەنگکردن، ڕێکخستن، ڕەگەتۆڕ، نەخشە، جۆگەی دەربازبوون، تەنها وەك شییان و توانای واتا و بۆشایی نیشان نادەن؛ بەڵكە وەك كۆمەڵێ ئەگەری جیاواز و كراوە نیشانیان دەدەن كە دەشێ هەر کەسە بە بونیادی تایبەتی خۆی پڕی بکاتەوە.  

 (شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات) ئەو چڕکردنەوەیە، ئەو دژایەتی نوێنەرایەتیكردنە هەستێکی ئازادی و کرانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام وابەستەیییەکی شاراوەش دروست دەکات: تاک هەمیشە داوای لێ دەکرێت کە بە شێوەیەکی (زێتر) بژی، وەک ئەوەی ئارامی و هێواشی بەهاکانیان لەدەست دابێت. لێرەدا ناکۆکییەک دەردەکەوێت: زێدەئازادی دەگۆڕێت بۆ گوشارێکی قورس، ئەو گوشارەی كە نیچە لەبارەیانەوە دەڵێ مایەی ناسینی خودن. بە مانایەكی دیكە ئەگەرچی چەمکی (شیزۆشیکاریی دۆلۆزی) بە گەرمی پێشوازی لە ئەزموونی شیزۆفرینی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوزارشت لە خواستێکی ئانارشیستانەی هاوشێوەی ئەو خواستانە ناکات کە بانگەشە و داوای شکاندنی هەموو ڕێساکان و چوونە ئامێزی ئەزموونی دێوانەیین.

كەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە زیندوویی بمێنیتەوە زێدەیییەكان و فشار گرنگە… فرۆید و برۆیەر بۆ چارەسەری نەخۆشەكانیان هەوڵی ئەوەیاندەدا كە فشاری سەر نەخۆشەكان لەڕێگای (خەوتنی موگناتیسی) یان (بەقسەهێنانی ئازاد) كەم بكەنەوە. بەڵام نیچە بۆ بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە پێچەوانەكەی بەرجەستە كرد؛ سەیروورەی داهێنان بە زێدەیییەكان ناپێورێت، بە گۆڕانی فشارەكانەوە بەندە.

چڕکردنەوەی هەستەکان

زێدەیییەكان، فشارەكان فەرمانڕەوایی مرۆڤ دەكەن، یان پیری شێتی دەكات؟! لەگەڵ هەموو ئەوانەدا لە كۆتاییدا مرۆڤ عەشقی حەز و ئارەزووەكانی خۆیەتی، حەز و ئارەزوویەك کە بەدەستی نەهێناوە، بۆیە بیر لە زێدەیییەكان، چڕکردنەوەی هەستەکان و فشارەكان، بیر لە زێدەخۆشەویستی بۆ ئازار دەكاتەوە، بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی دەكاتەوە، چونكە عەشقی حەز و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانی خۆیەتی، بەدوای هارمۆنییەتی ژیانەوەیە.

 بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی لە یەكبوونی ڕۆح و هاوسەنگی و هاوبەشبوون دەكاتەوە، یان پەیوەندییەکی چڕ و كراوە و جیاواز، هاوسەنگی ئارەزووەكانی، هاوسەنگی بەختیاری و ئازادی، پیری و زێدەژیان، هاوسەنگی ڕابردوو- زەمەنێ كە نابێ لێی دوور بین و زەمەنێك كە لە ئازیزترین كەسەكانی خۆمان ڕادەكەین. هەموو ئەوانە دەشێ دۆزینەوەی بوارێک بێ لە لۆژیکێكی كراوە، لۆژیكی چڕکردنەوەی هەستەكان، لۆژیكی دژایەتی نوێنەرایەتیكردن، هەست و سۆزە مرۆیییە سەرەکییەکان: هاوژیانی و یەكتر قبووڵكردن و جیاوازی و خۆشەویستی، چڕكردنەوەی هەستەكان چیتر تەنها پەیوەندییە سنووردارەكان نین، بەڵکە تاقیکردنەوەی ئەگەرە كراوەكانی ژیان لووتکەی جوانیی ژیانە. ژیان كورتە، هەمیشە مرۆڤ لە سەركێشی و بوێرییەكی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، چونکە ناتوانێت لە دەرەوەی ماشێنەکانی ئارەزوو/ ماشێنە بەرهەمهێنەکان بە درەختی دیكارتی و ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاریی و بنبەستبوونی میتافیزیكی یان ساویلكەیی قایل بین.

کەواتە ژیان داهێنانی جوانییە، چیدیكە نە مرۆڤ و نە سروشت ماوە؛ بەڵكە تەنها ڕەوتێک ماوە یەکێکیان لەناو ئەوی تریاندا جوانی بەرهەم دەهێنێتەوە و ماشێنەکانیان ئاوێتە دەکات. لە ڕاستیدا ژیان تەنها وەکوو ڕەوتێکی بەرهەمهێنان واتە: بەرهەمهێنان/دابەشکردن/بەکاربردن دەگوزەرێت. تریستان گارسیا لە كتێبەكەیدا (ژیانی چڕ: خەمی مرۆڤی مۆدێرن) پرسیارێکی بوونیی قووڵ دەوروژێنێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لەم خەمە ڕزگاری بێت بەبێ ئەوەی هەست بە بەتاڵی و تەنیایی بکات؟!

 ژیان كورتە، ڕستەیەكی چڕە لە هونەرەكەی هیپۆكراتدا زێدەیییەكان دەگرێ. دیارترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی مۆدێرن هونەری جوانی و جوانیی هونەرییە. بەو مانایەی كە خەمی چڕکردنەوەی بوون و ئەزموونکردنی داهێنان بەرزترین ئاستی ژیان دەنەخشێنێت؛ وەك چۆن ناکۆکییەکی سەرەکی دەوروژێنێت: زێدەیییەكان، بەكاربردن، ئەرێنی و ژیانی بێ حەسانەوە… ژیان كورتە، ڕێگا بۆ پرسیارکردنی هونەری جۆراوجۆر دەخاتەڕوو، لەوانەش: ئایا مرۆڤ دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان دەوڵەمەندیی ئەزموون و ئارامیی بووندا بدۆزێتەوە؟.

(2)

ترێند/ داهێنان

(پێشكەوتن، لە سەركێشی و بوێریدایە)

(ترێند) توانا و جووڵەی گشتی بیركردنەوە و هەڵسوکەوت، یان سەرگەرمی و تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، وەک فۆرمێك لە فۆرمەكانی ئازادی بەرز دەنرخێنێ. خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند لەلایەك زمان و ئازادی وەک بەرپرسیارییەتی و بوێری بەرجەستە دەكات، لەلایەكی دیكە جیاوازی زمانیی داهێنانی تاکی سەركێش پەردەپۆش دەكات؟!.

بۆ بەدواداچوونی توانای ترێند كە بوێری لەخۆدا هەڵگرتووە و سەركێشی داهێنان كە چەمكی دەستپێشخەری دەنوێنێ، هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەكی گشتی بۆ زمان لەڕێگای (ئازادی/ بەرپرسیارییەتی) و (ئازادی/ داهێنان) بكەم و خوێندنەوەیەكی تایبەت بۆ (جیاوازیی زمانی تاكی سەركێش) بكەم و لەڕێگای چەمكی جیاوازییەوە بڵێم: ئەگەرچی لەڕووییەك لەڕووەكان چیرۆكی بەرپرسیارییەتی سەردەم و خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند (وەک هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا و توانای بوێری و هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتە دیاریكراوەكاندا) زمانی هاوبەشی سەردەم دەپارێزێت؛ لەڕوویەكی دیكەوە (وەک یەکێک لە گرنگترین و قووڵترین پانتایییەكانی ئازادی كە هۆشیاریی ڕەخنەییی زمانی تاکی سەركێش و دەستپێشخەری هەڵگرتووە و کاریگەریی قووڵی لە گۆڕانكارییەكاندا هەیە) جیاوازیی داهێنان پەراوێز دەخات!.

بە كورتی (خێراییی ترێند) بە قووڵی بیر لە سەركێشی و هەنگاوهەڵگرتن و سەیروورەی گۆڕانكارییەكان ناكاتەوە، بەقەد ئەوەی بیر لە تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی (ترسی لەدەستچوون) دەكات؛ بەقەد ئەوەی هەوڵی سەرگەرمی كاتی دەدات، ڕاكێشانی سەرنجی گشتی (چیڕۆكی بەرپرسیارێتی) وەک هێزی میدیا و تەكنۆلۆژیا لە بازاڕی ئەخلاقدا چەشنی (داهێنان) برەو پێ بدات؛ بەڵام لەبەرانبەردا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) لەگەڵ گرفتە ناكۆتایییەكانی (ئازادی و جیاوازی و زمان)دا دەژی و بە قووڵی بیر لە سەیروورە و گۆڕان دەكاتەوە.

كەواتە زمانی داهێنان (وەک كردە) و بەکارهێنانی ترێند (وەک ئامراز)، یان لە خاڵی جیاوازیی نێوان سەركێشی و بوێریدا دەشێ (ئازادیی زمانی جیاواز و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو داهێنان) كۆی ئەو ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنە نمایشخوازانەی ترێند و سەرگەرمی تێپەڕێنێ… چونكە هەمیشە داهێنان و جیاوازی شێوازێکی نوێ بۆ كردەی ئازادیی زمان دەدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە شێوەخوازی ڕاكێشانی سەرنجی گشتی و هاوبەشیکردن، هێزی سەرگەرمی، لایک، کۆمێنت ببەستبێت. وەک چۆن (خێرایی و توانای ترێند و ئامرازی تەكنۆلۆژی) شێوازێکی نوێ بۆ خۆنمایشكردن و چیڕۆكی بەرپرسیارێتی وەک دەرئەنجامی هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا، هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتێكی دیاریكراودا دەدۆزێتەوە!.

هەڵبەتە گرفتە ناكۆتایییەكانی ئازادی زمان، لە بوێری و سەركێشی ترێند و داهێنانەوەیە؛ بەڵام یەکێک لە بنەڕە‌تترین سەركێشییەكانی ئازادیی زمان جیاوازییە، نەك چیرۆكی بەرپرسیارێتی؛ جیاوازی هەمیشە تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ دیتنی گرفتە ناكۆتایییەكانی تاك و زمان. بەو مانایە داهێنان تەنها کۆمەڵێک فۆرمی خێرا و كاتی بڵاوبوونەوەی سەردەم نییە، وەک چۆن زمان تەنها کۆمەڵێک وشە یان دەق نییە کە واتایەكی بەرپرسیارانە و ڕێكخراوی ترێندخوازی هەبێت؛ بەڵكە داهێنانی زمانی تاکی سەركێش، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی ئازادی… ئازادیی داهێنان جیاوازییە. بوێری و سەركێشی زمانی داهێنانە و یەكێك لە ڕەگەزەكانی ئازادیی بوێری و سەركێشی زمانە، بەو مانایە پێشكەوتنی زمان هەم ناوەکییە و هەم دەرەكییە!.

بەڵام بڵاوبوونەوە و دووبارەبوونەوەی ترێند درووستكراوی تاک نییە؛ بەڵكە لە هێزی هاوبەشی كۆمەڵگا و میدیا و تەكنۆلۆژیای سەردەمدایە… هەموو ئەم تێگەیشتنە جیاوازانەش لەو بیركردنەوانەن كە توانای ترێند (خێراییی بڵاوبوونەوە) و مێژووی زمان (بەردەوامی) وەک (ئارەزووی پێشكەوتن) پرۆسیسەی دەكەن؛ بەڵام هەمیشە (جیاوازیی زمانی تاکی داهێنەر) دەیەوێت بیرۆکەی ترێندی تەكنۆلۆژی و بیرۆكەی بەردەوامی مێژوویی لە سەیروورەدا تێپەڕێنێ؛ دەیەوێت لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی لەدەستچوون و لەجیاتی چیرۆكی بەرپرسیاریەتی، هەمیشە (قووڵی مەعریفی) و (دابڕانی مێژوویی) پەرە پێ بدات.

بەمجۆرە (جیاوازیی زمانی تاکی سەركێش) لەڕووی ڕەخنەیییەوە توانیویەتی مێژووی زمان لە چوارچێوەی مێتۆدەكانی بەردەوامی و بەرپرسیاریەتیی ئاڕاستەكراو و دووبارەبوونەوە ڕزگار بکات؛ جیاوازیی زمانی تاکی داهێنەر هەمیشە بەدوای بوێری- سەركێشی و ئازادییەكانی داهێنان و سەیروورەی مەعریفەی جیاوازەوەیە؛ هەمیشە لە وێنە باوەكە و خێراییی بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆژی سەردەم، دوور دەكەوێتەوە. جیاوازیی داهێنان بەجێی ئەوەی پێشنیاری بەرپرسیاریەتی و نمایشخوازی بکات، پێی وایە دەبێ دەق و زمان لەسەر ئازادیی جیاوازییەكان و سەركێشی تاک و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو داهێنان ڕابێتەوە، هەمیشە خۆی پێوەری ساتەوەختی جیاوازیی خۆی بێت، نەک وەک ئاوێنە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی چەپێنراوی زمان و چەپێنراوی ناوەوەی تاک بێت، نەك خۆی لە پێویستی كۆمەڵایەتی و هێزی میدیا و سەرگەرمی و تەكنۆلۆژیای سەردەمدا بدۆزێتەوە؟!

لێرەدا سەیروورەی جیاوازی و تاکخوازی دەبێتە خاڵی لاوازی بەرپرسیاریەتی و بەكاربردنی زمانی هاوبەش، چیرۆكی بەرپرسیاریەتی و تەكنۆلۆژیای بەكاربردن بەوە تۆمەتبار دەكات کە فۆرمخوازی سەردەم یان ترێند (هۆشیاریی گشتی) لە خۆنماییكردن زێتر شتێكی دیكە نییە… بەمجۆرەش بازاڕی خۆنماییكردن چەمكی جیاوازیی زمانی تاکی سەركێش دەخاتە چوارچێوەی ناپاكییەوە، هەمیشە عەقڵییەتی باو، هۆشیاریی گشتی، چیرۆكی بەرپرسیاریەتی … چەمكی جیاوازی و تاکخوازی پەراوێز و سەركوت دەكات! دەمەوێ بڵێم هەندێک جار (دەسەڵاتی زاڵ) جیاوازی و تاکخوازی وەھا پیشان دەدات، کە پێشێلكردنی پێشكەوتن و بەرپرسیاریەتییە؛ بەو مانایەش ڕامانی قووڵ لەبەرانبەر خێراییی بڵاوبوونەوە، داهێنان لەبەرانبەر سەرگەرمی، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بە شێواندنی ئاسایش و ئازادیی لێكدەداتەوە؛ ئەگەرچی كردەی جیاوازیی زمانی تاکی سەركێش لە هەنگاوهەڵگرتن بەرەو داهێناندا هەمیشە چەمكی بەرپرسیاریەتی و ترێند وەک ئامراز دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

خاڵێکی دیکەی نەرێنی و هۆشیاریی ڕەخنەیی ئەوەیە كە زمان و شێوازی نووسینی جیاواز نامۆیی دەخاتەوە؛ بێگومان زمانی نامۆ و جیاواز هاوشێوەی ژیانی خەڵك نییە، بەڵام هەڵبژاردنی مرۆڤەكان دەگۆڕێ؛ هەندێک جاریش ناكۆكی تاکگەرایی دەخاتەوە (تۆ لە یەك كاتدا ئازادی و بەرپرسیاریەتی وەک دوو بیرۆكەی دژ بەیەك هەڵدەگریت، دەشزانی هەردووكیان وەک ئەرێنی و نەرێنی یەك ئەوی دی لاواز دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ بە هەردووكیان دەكەیت و لۆژیكی دژ بە لۆژیك بەكار دەهێنیت.) ئەمە وای کردووە چەمكی جیاوازی سەر بە ئازادی بێ و چەمكی سەرگەرمی سەر بە  توانای ترێند، چەمكی داهێنان سەر بە بوێری و سەركێشی بێ و چەمكی بەرپرسیارێتی سەر بە تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە…هەر بەو مانایە پێشكەوتن لە جیاوازیدایە. 

لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا (جێ پەنجەی نامۆیی- جێ پەنجەی نەرێنی) لە وێنەی خێرای ترێنددا- لە وێنەی بەربڵاوی ئەرێنیدا بەشێوەیەکی تەواو پێشکەش کراوە؟! چەمكی پێشكەوتن لە جیاوازیدایە و هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە کە ئازادی سنووری دیاریکراوی نییە؛ ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە جیاوازی لە قۆناغی دواتردا بەرەو بەرپرسیارێتی بگوازێتەوە و بە جۆرێكی دیكە گرنگی بە پەیوەندیی نێوان قووڵایی و خێرایی بدات! بێگومان لە هەموو ئەم ڕەخنانەشدا، ناتوانرێت گرنگی و کاریگەریی زمانی جیاواز لەبەرانبەر ئازادی، سەركێشی لەبەرانبەر داهێنان، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی بچووک بکرێتەوە؛ چونكە ئەوە سەیروورەی جیاوازییە ڕێگایەکی نوێی کردۆتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئازادیی زمان و سەركێشییەكانی تاکی داهێنەر و ڕەخنەكارییەوە، ئەگەرچی زۆر جار زمانی جیاواز و سەركێشییەكان و ڕەخنەكاریی بۆ شێواندنی ڕەهەندەکانی ئاسایش و ئازادی بەکارهاتووە؟!.

قسەی کۆتایی ئەوەیە: جیاوازیی زمانی تاکی سەركێش، تێگەیشتنێكە هەم توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە و هەم دەستپێشخەری و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو داهێنان- سەیروورە. سەیروورەی داهێنان لە دەستپێشخەری و هەنگاوهەڵگرتندا گوزارشت لە ئازادی و بیرکردنەوەی قووڵ و زمانی تاکی جیاوازدا دەكات. لەوێوە ڕەخنەی تووند لە جووڵەی گشتیی بیركردنەوە، هەڵسوکەوت یان تێڕوانینی باوی نێو كۆمەڵگا و چیرۆكی بەرپرسیاریەتی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی ناوەكی دەگرێت!. ترسی ناوەكی لەوەدایە كە لەپێناو داهێنان و چركەساتە دەرەكییەكاندا مانای ئازادی و ئاسایش و بەرپرسیاریەتیی ناوەكی کەمڕەنگ دەکات؛ بەڵام لە کۆی گشتیدا (هەنگاوهەڵگرتن بەرەو داهێنان و جیاوازی) بە یەکێک لە بنەماترین تێگەیشتنەكانی ئازادی و پێشكەوتن و گۆڕانکارییەكانی سەردەم دەژمێردرێت.

(3)

(هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی)

پرسی مرۆڤ/ چارەی تەکنۆلۆژی

هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی بیرۆكەیەكی فەلسەفییە كە بۆ فیساگۆرس و قوتابخانەكەی دەگەڕێتەوە؛ بەڵام دەشێ لەڕێگای واتای سادەی ئەو بیرۆكەیە بشێ (پرسی مرۆڤ/ چارەی تەکنۆلۆژی) لە چەمكی (هونەری پێكەوەژیان) و (جیاوازییەكان)دا بخەمڵێنین و بڵێین هونەری پێكەوەژیان، هاوڕێیەتیڤیساگۆرسی پێكهاتووە لە ئاگایی و نائاگایی، جیاوازییەكانی (پرسی مرۆڤ/ چارەی تەکنۆلۆژی) نەك بەرژەوەندیی هاوبەش و پەیوەندییە ئەرێنییەكان.

پرسی مرۆڤ یان ناوەوەی مرۆڤ، گوزارشت لە (هەست و خەیاڵ و ماناكانی ئازادی) لەڕێگای (جوانیی زمان و قووڵی مانا)ی ئەدەبی دەكات و چارەی تەکنۆلۆژی وەك (زانست، لۆژیک، تاقیکردنەوە) لەڕێگای (لۆژیك و خێرایی) بە تەكنۆلۆیای دیجیتاڵییەوە پەیوەستە. جیاوازییەكانی هەموو ئەوانەش تەنها لەسەر هاوبەشبوونی نێوان ئاگایی و نائاگایی، قەڵەم و كۆد، داهێنانی مرۆیی و داهێنانی ئامێری… نەوەستاوە، بەڵكە لە گۆڕینی دنیابینی و ئاگاییی مرۆڤ، ڕێکخستنی ژینگە و گۆڕینی ژیاندا خۆی دەدۆزێتەوە و لە هونەری پێكەوەژیاندا دەخەمڵێت.

گۆڕینی ئاگاییی مرۆڤ/ گۆڕینی ئامرازەكانی ژیان

هەرگیز مرۆڤ ئاگایی وەك پێویست خۆش ناوێت! ئەوەی هەمیشە بەكێشی دەكات ئامرازەكانی ژیانە؛ ئەوەی زێتر بەكێشی دەكات هەڵاتنە لە قەڵەم… بێگومان (ئاگایی) و (نائاگایی) داهێنانێكی مەزنە، بەڵام بەبڕوای من بەر لەوەی مرۆڤ لە ژیان تێكبشكێ، كەمێ بیر لە زێدەچڕی نائاگایی و كۆد و ئامێر بكاتەوە و هەوڵی هونەری پێكەوەیی بدات. ئاگایی و داهێنانی مرۆیی ژیان بەڕێوەی نابات؛ ژیان بە داهێنانی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی جوانتر و زێتر چێژبەخشە. گەڕانی مرۆڤ بۆ داهێنانی ئاگایی لەبەر هەتاو دەستی پێ كرد، بە تاریكی و نائاگایی ژیان كۆتایی دێت! مرۆڤ هەمیشە بە تەنیا دەمرێت؛ بەڵام ژیان نەمری رەنگ دەكات؛ تەكنۆلۆژیا هەموو شتێ قووت دەدات و دووبارە خەون بە مرۆڤێكی دیكەی جیاوازەوە دەبینێتەوە.  

ئەمڕۆ مرۆڤی خەونبین لە خێراییی تەكنۆلۆژیا دەپارێتەوە: لەیادم مەكە! ئاگایی دەوری مرۆڤی داوە، بەڵام ژیان خەون بە نائاگایییەوە دەبینێ؛ ڕەنگە خەونبینینی مرۆڤ خەونبینینی تەكنۆلۆژیا نەبێ؛ بەڵام بەگشتی لە ژیاندا پڕشنگی داهێنانی ڕاستەقینەی مرۆیی لە هاوگونجانی ئاگایی و نائاگاییدا دەردەكەوێت! نەك لە پەڕگیری و بەرژەوەندیی تاكلایەنانەدا. دەمەوێ بڵێم هەڵاتنی مرۆڤ لە ئاگایی مەترسیدارە؛ وەك چۆن ژیانی دڵنیاییی تەكنۆلۆژی مەترسیدارە؛ پەیوەستبوونی مرۆڤ بە دۆزینەوەی مانای ئەدەبی و نائاگاییی ئەدەبی مەترسیدارە، وەك چۆن پەیوەستبوونی بە چڕی ژیانی تەكنۆلۆژیا و توانای دیجیتاڵییەوە مەترسیدارە! 

كەواتە دووبارە گەڕان بە دوای مانا و نائاگایی لەبری ڕەگوڕیشە بۆ گەڕان بەدوای توانا و چڕی لەبری زێدەچڕی لە سەیروورەی داهێنانە جیاوازەكانی مرۆیی بەدەر نییە، لەوێوە گومانی تاكڕەهەند لە دڵنیاییی داهێنانی ئەدەبی و گومانی تاكڕەهەند لە ترسی داهێنانی تەكنۆلۆژی دیجیتاڵی ئاوێتەی گومانە گەورەكەی سەیروورەی داهێنانە جیاوازەكانی مرۆیی دەبن؛ چونكە ئەگەرچی مرۆڤی خەونبین هەست و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، بەڵام لە دەرەوەی زانست و تاقیکردنەوەدا نییە؛ ئەگەرچی مرۆڤی خەونبین گوزارشت لە مانا و نائاگایی دەکات، بەڵام لە دەرەوەی توانا و هێزدا نییە؛ ئەگەرچی مرۆڤی خەونبین جوانی زمان و قووڵی مانا بەرجەستە دەكات، بەڵام لە دەرەوەی كارامەیی و خێرایی و لۆژیکدا نییە.

بەگشتی سەیورورەی داهێنانە جیاوازەكانی مرۆیی، بەرهەمی هاوگونجان و هاوبەشی نێوان ئەو دوو بیرۆكەیەیە، نەك پەڕگیری! ژیان پێماندەڵێ سەیروورەی داهێنانی ڕاستەقینە لە داهێنانی هونەری پێكەوەژیان و جیاوازییەكان و ڕێکخستنی ژینگە و گۆڕینی ژیاندایە؛ مرۆڤ دەبێ لەگەڵ دوژمنی ڕاستەقینە: كات، پیری، مردن بجەنگێت؛ بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە ناچار نەبێت خەفەت بۆ ڕابردوو بخوات!.

هیچ جێیەك

(هەناسەیەك كە هەڵیدەمژین، هەمیشە لەوە ساردترە كە دەیدەینەوە؟) گومانی مرۆڤ هەندێ جار عاقڵانییە، بەڵام دەبێ هەموو بەدگومانییەك وەلابنێت، لێگەڕێ دەست لە نەرێنییەكان بدرێن، لێگەڕێ هەناسەكان ئازاد بن؛ چونكە تەنیا یەك ڕێگا بوونی نییە، واقیعییەتی بەرز و باڵا ئەوەیە كە هەر كەسێ ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە.

كەواتە (چڕی) بۆ لادانانی پەردەی  فریوی مانا ڕێگایەكە، وەك چۆن چڕی كارامەییی ڕێگایەكە، بەڵام ژیان لەوە زێترە كە مرۆڤ بتوانێ لە ئاگایی و نائاگاییدا وێنای بكاتەوە. ئایا كێشەی مرۆڤ لەوەدایە خەیاڵی لەبری كارامەیی، چڕی لەبری مانا قسان بكات؟! دەبێ لە دەستدان لە خاوەنداری ئەولاتر بێ. ئەگەر خەیاڵ بخەینە لاوە چی لە ئازادی دەمێنێتەوە، ئەگەر خێرایی وەلا بنێنێین چی لە چڕی دەمێنێتەوە.

هاوژیانی و بەیەكەوەگونجان و قبوڵكردنی جیاوازییەكان هەموو جێگایەكی (بۆ مانەوە و نەمانەوە) تێپەڕاندووە: چڕی بێ ئەندازە بەرەو داهاتووی بێ خەیاڵ باڵ دەگرێ، لەبەرانبەردا ترسی تەنیایی و مردن جێگایەك پڕ دەكاتەوە؛ لە پێناو مانەوەی ئەو جێگایە نابێ واز لە ئازادی بهێنین، چونكە بەبێ خێرایی و كارامەیی و ئازادی ناژین؛ بەبێ قبوڵكردنی گۆڕان و سەیروورە و جیاوازیی داهێنان مەحاڵە. ژیان جیاوازییە، جیاوازی دوژمنی مرۆڤ نییە؛ ژیان دەركردنی نائاگایی نییە لە ئاگایی، وەك چۆن دەركردنی قەڵەم نییە لە كیبۆرد، خەیاڵ لە خێرایی، مانا لە چڕی… بە پێچەوانەشەوە!

بێ جێگاییی مرۆڤ (مرۆڤی تەكنۆلۆژی) دەنگێكی هەیە، بەڵام ئازادی نییە! خەفەتخواردن بۆ ڕابردوو دەنگێكی هەیە، بەڵام سەیروورەی ژیان نییە؛ ژیان پارادۆكسێكە! ئەمڕۆ تەنیایی لەنێو تەنیاییدایە؛ مردن لەنێو مردندا… ژیان دوژمنی مرۆڤ نییە؛ دنیابینییە، مانای ئامادە نییە، ئەخلاقی گەل نییە؛ ژیان ترسی مردن دادەخات! ترسی تەنیایی و مردن جێگا دەگرێت، بەڵام ئازادیی ژیان نابێت قوربانیی جێگا بێت؛ هەمیشە ئازادی لە قبوڵكردنی گۆڕان و سەیروورە و جیاوازیدایە. ئەگەر خێرایی، ئازادی بێ خەیاڵ بێت، ژیان بێ داهێنانە! نائاگایی لە ئاگایی نابێتەوە، وەك چۆن قەڵەم لە كیبۆرد؛ بە مانایەكی دیكە ئازادی تەنها هەست نییە، پرۆسەیە؛ ژیان تاقیكردنەوەیەكی كورت و خێرای مرۆڤە، نە ئەخلاقی گەله، نە مانای كۆتایی، نە خەفەتخواردن بۆ ڕابردوو. ژیان دادگای مرۆڤ نییە: جێگایە، كارگەیە، تاقیگەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ پێیدا تێپەڕێت.

ئازادی ئازادی

ئازادی ئەو توانایەیە كە بتوانیت تەنانەت بە ئارەزووەكانی خۆیشت بڵێیت: نەخێر. ئازادی بریتییە لە تێگەیشتنی ئەو هێزانەی كە هەڵبژاردنەكانمان درووست دەكەن. (سلاڤۆی ژیژەك) بە شێوەیەكی ڕەخنەیی سەیری ئازادی دەكات و پێیوایە  هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی سیستەم بە ڕەوای دەبینێ و بە ئازادی بە ئێمەی دەفرۆشێتەوە و پێمان دەڵێت: (هەر شتێك دەتەوێت هەڵیبژێرە: كاڵا، شێوازی ژیان…) دیاریكراون و بریتین لە هەڵبژاردنی نێوان هەندێك لە هەڵبژاردنە ئامادەكان و هەرگیز ئازادیی ڕاستەقینە نین؛ چونكە ئازادیی ڕاستەقینە برتییە لە تێپەڕاندنی سنوورە دیارەكان! ئازادیی ڕاستەقینە ئەوەیە بەپێی ئارەزووەكانی خۆمان بژین و بتوانین چوارچێوەی بیركردنەوە دیاریكراوەكانی سیستەم تێكبشكێنین، نەك ئارەزووی سیستەم سنوورەكانی ژیانمان بكێشێت!.

مرۆڤی ئازاد و سەركێش و بوێر مرۆڤی داهێنەرە؛ بەو مانایەش ئازادی هەمیشە جووڵە و گۆڕان و سەیروورەیە؛ سەركێشی و بوێری جووڵەی مرۆڤ و هێزی ژیانەوەیە؛ مرۆڤی بێ جووڵە شتێكی تەواو نییە، ژیان هێشتا نەنووسراوەتەوە. ئازادی هەر تۆتۆلۆژیای ئازادی نییە، بەڵكە تێگەیشتنە لە سنوورە دیار و نادیارەكان، لە جووڵە و بەرپرسیارێتییەكان. مرۆڤ شتێكی تەواو نییە، پردێكە لەنێوان ئەوەی ئێستا هەیە و ئەوەی دەتوانێت ببێت، ئەوەی نووسراوە و ئەوەی خۆی دەینووسێت. مرۆڤ ناسنامەیەكی قەدەغەكراو نییە؛ بەڵام هەموو ئازادییە ئامادەكراوەكانی سیستەم، هەموو ئازادییە ڕێكخراوەكان هێزی قەدەغەكردنیان لەخۆدا حەشار داوە. مرۆڤ جووڵەیە، بوونێكی بەردەوامە. ژیان داخراو نییە، ژیان ڕەگەتۆڕێكی دۆلۆزییە! مەپرسە كێیت، بپرسە بە كوێدا دەڕۆیت، مەپرسە چەندی، چونكە دەتوانیت زێتر بیت؛ ژیان بەردەوام بوونە بە.

(ژیان كورتە) نەك بەو مانایەی كە (یۆستاین گاردەر) لە نامەی دانپێدانانەكەی (قەشە ئۆگۆستین)ەوە وەك گێڕانەوە دایهێناوە و لەڕێگای گێڕانەوەكانی (فلۆریا)ی هاوژینی ناشەرعی (ئۆگۆستین)ەوە دووبارەی دەكاتەوە. ژیان كورتە، نەك بە مانای خێراییی كات، نەك بەمانای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بەڵكوو بەو مانایەیە كە پێویستە بە ئاگایی و نائاگایییەوە بژین! ژیان كورتە، نەك بەو مانایەی بترسین، بەڵكە بۆ ئەوەی تێبگەین كە هەر ساتێك نرخی خۆی هەیە. ژیان كورتە، بەڵام سەیروورەی بوون بێ ‌كۆتایییە، ڕایەڵەكانی بوون بێ ‌كۆتایییە، بەڵام بێ جیاوازی نییە.

مردن مردن

(ئیڤان کارامازۆڤ) لە ڕۆمانی (براکان کارامازۆڤ)ی (دیستۆڤسکی)دا دەڵێ (ئەگەر خودا نەبێت، هەموو شت ڕێگا پێدراوە.) ئەو قسەیەی ئیڤان بەشێكی گەورەی پرسیارکردن، گومان، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەو مانایەی كە ترس لە مردن لە سێبەری ژیاندایە، بەدیوەكەی دیكەش سەركێشی داهێنان لە ڕۆشناییی بوێریدایە. لێرەدا مرۆڤ بێ سێبەر نییە، هەمیشە دەكەوێتە بەر ڕۆشناییی ژیان!.

لەنێوان پرسی مرۆڤ و چارەی تەکنۆلۆژییدا، ئازادیی یەكەم و ئازادیی دووەمدا، ترس و سەركێشی، ترس و بوێریدا، قەڵەم و كیبۆرددا؛ لەنێوان ناسینی ژیان لەناوەوەی ژیان (هەست، ئەزموون) و ناسینی ژیان لە دەرەوەی ژیان (پێوانە، كارامەیی)؛ لەنێوان گومانی پرسیارکردن، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و سەركێشی و بوێری و زیندوێتی تاقیکردنەوە و سەلماندندا؛ لەنێوان هەڵوەشاندن لەلایەك و ڕێکخستن لەلایەكی دیكەوە، پرسیار ئەوەیە: ئایا دەشێ مرۆڤ بە جەستە زیندوو بێ و بە ڕۆح مردوو بێ؟!

بێگومان مرۆڤی هەڵوەشاوە بۆ خۆپارێزی ملكەچی یاسا، باوەڕ و ئەخلاقی کۆن دەبێت. مرۆڤی ملكەچ، پووچ، بێ ‌هێز، بێ ‌بوێری… لەنێو ژیانی تەكنۆلۆژیاشدا مردووە!. كەواتە مەرج نییە هێز و سەركێشی و بوێری لە زێدەژیان، زێدەكار، زێدەچڕیدا بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی بشێ شوێنی خەیاڵی زمان و قووڵی مانا وهەستەكان پڕ بكاتەوە. لەپێناو دیكتاتۆریەتی ئەرێنیدا دەنگی كەمینەی نەرێنی كپ بكەین؛ تاوان بە ناوی ڕاستی ڕەها و ئازادیی ڕەهاوە بكەین.

لە ڕۆمانی (ژیان كورتە) بە تەرجەمەی (رێبوار سیوەیلی) پاڵەوانی چیڕۆكەكە (فلۆریا) پێیوایە قەشە ئۆگستین لە نامەی دانپێدانانەكانیدا مەرج نییە ئەوەی دەیگێڕێتەوە ڕاستی ڕەها بێ و ئەوەی ناگێڕێتەوە دوور بێ لە ڕاستی، فلۆریا لە وەڵامی نامەكەی ئۆگستین (بە خەیاڵی ڕۆماننووس یۆستاین گاردەر) بڕیار دەدا نامەیەك بۆ ئۆگستین بنووسێت، لە نامەی نووسراوی فلۆریا بۆ قەشە ئۆگستین ئەوە بیر دەخاتەوە كە چۆن ئۆگستین لە پێناوی عەشقی مەجازی خودایی دەست لە عەشقی ڕاستەقینە و نموونەییی مرۆڤ هەڵدەگرێ و بە ئەوینێكی گوناهكارانە و هەستەوەرانەی دەبینێ، بە پاساوی ئەوەی كە یەزدان لەسەرووی هەموو شتێكەوە خوازیاری ژیانێكی پاكیزانەیە. بەڵام ئەوەی بەلای فلۆریاوە حەقیقەتە: درۆكردنە، نەگێڕانەوەیە! بەو مانایەش جەنگی گێڕانەوە و نەگێڕانەوە لەوپەڕییدایە و فلۆریا دەنووسێت: ئەی بێوەفا، ئایا ئەوە خیانەتێكی ڕەها نییە كە خۆشەویستەكەت لەپێناوی بەخشندەییی یەزداندا جێبهێڵی؟! من بڕوا بە خودایەك ناكەم كە ژیانی ئافرەتێ دەخاتە سارایێ لەپێناو ئەوەی كە گوناهەكانی پیاوێ ببەخشێت.

مرۆڤی چواچێوە بۆ داڕێژراو لەنێو ژیاندا مردووە؛ ژیان هەمیشە سەیروورە و جیاوازی و گۆڕانكارییەكان بەڕێوەی دەبەن؛ هەمیشە خەیاڵی داهێنانی مرۆڤ، خەیاڵی زمان و مەعریفە و كارامەیی و چڕی تەكنۆلۆژیا هەڵیدەسوڕێنێ، هەرگیز ژیان بێ خەون و خەیاڵ باڵ ناگرێ، ئەگەرچی پێشكەوتن بەنێو تاقیكردنەوە سەلمێنراوەكاندا دەڕوات؛ بەڵام بێ پرسیاركردن و ڕەخنە و بەدواداچوونی جیاواز ترسناک دەكەوێتەوە. 

مردن تۆتۆلۆژیای مردن نییە، بەڵكە سنوورێكە ژیانمان پێدەناسێت، بیرمان دەخاتەوە كە ژیان سنووردارە و هەموو چرکەیەكی مانای خۆی هەیە! زۆرجار مرۆڤ بە جەستە زیندووە، بەڵام بە ڕۆح مردووە؛ مردنی یەكەم لە (مردن لە مردندا) مردنی وزەی ژیانە؛ مردنی دووەم، مردنی جەستەی مرۆڤە. بە كورتی ئەگەر هونەری پێكەوەژیان و هاوڕێیەتیڤیساگۆرسی نەبێ، پرسی مرۆڤ و چارەی تەکنۆلۆژی فریای جیاوازییەكان ناكەوێت؛ ژیان بریتییە لە تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە بوونی ئەویدیكەی جیاواز. مرۆڤ دەبێت هەمیشە وەكو ئامانج مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك وەك ئامراز!. كاتێك كۆمەڵگا ئارام دەبێت كە گفتوگۆیەكی ئازاد و بێ لایەن و دوور لە بەرژەوەندی و دوور لە ستەم و زۆرداری هەبێت. لێرەدا هونەری پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوازییەكان بریتییە لە فێربوونی گوێگرتن، نە تەنها قسەكردن. هونەری پێكەوەژیان ئەوەیە فێرببین چۆن لەگەڵ جیاوازییەكاندا بژین، بێ ئەوەی تایبەتمەندیی خۆمان ون بكەین. ئازادیی ئۆگستین لە ڕۆمانی ژیان كورتە لەو شوێنەوە كۆتایی دێت كە ئازادیی فلۆریا دەست پێ دەكات.

هەولێر 5/2/2026