کەڕەتێک لە نیوەشەوێکی خەماویی، ئەو دەمەی ڕادەمام بە کزیی و لەپێکەوتوویی،
دەمکرد موتاڵای کۆمەڵێک کتێبی پڕ ڕاز و بەسەرهاتی ئەودەم — [1]
هەرچەن دەچەمیمەوە، خەو دەیبردمەوە، کتوپڕ لەدەرگادانێک بۆرژانی لێ بردمەوە،
چەشنی لێدانێکی ئەسپایی، پیاکێشێتە دەرگای ژوورەکەم
چرپاندم: “هەر سەرلێدەرێکە، پیادەکێشێتە دەرگای ژوورەکەم—
تەنیا ئەمەیە و شتێک نییە بە پێچ و تەم.”
ئاهـ، ڕوون ڕوون بیرمە و یادهێن، لە بەفرانبارێکی هیوابڕی ورەبەزێن؛
هەر سەرەبزووتێکی سەر ئەرزەکەش پەرتەواز و خێوهێن، سازی دەکرد شۆپی دێوەزمەیەکی پڕ ترس و بۆر.
ئارەزووی سبەینێ بووم تاسەمەندانە؛ لە تەقەلادا بووم پڕوپووچانە
لەناو کتێبەکانم بۆ هەتوانی ئەم برینەم، زامی لەدەستچووەکەم؛ لێنۆر—
بۆ ئەو شەنگۆڵە کەمپەیدا و درەوشاوەیەی وا فریشتەکان گازیان دەکرد بە ناوی لێنۆر—
ئەمێستاش لێرە بێناو ماوەتەوە و تاهەتایە بێناو و چۆڵ.
خشەخشە ناسک و ژاکاو و گومانبارەکەی هەریەک لە پەردە ئاوریشمیینەکان
هەژاندمیان، تژیان کردم بە ترسێکی خوونەگرتووی سەمەرە وا هیچوەختێک نەبووە ئەم هەستەم:
بۆ خاوکردنەوەی ترپەترپی دڵم، هەڵستام و چەندپاتەم کردەوە:
“هەر سەرلێدەرێکە داوای هاتنە ژوورەوە دەکات بۆ ژوورەکەم—
تەنیا سەرلێدەرێکی ناوەختە دەیەوێت بێتە ژوورەکەم—
هەر ئەوەندەیە و شتێک نییە زیاد و کەم.”
دەسبەجێ ڕۆحم گۆڕا و بوێرانەتر؛ لە باری دڕدۆنگییدا نەبوو چیتر
گوتم: “کاکە، یان دادە، لە ناخمەوە بەخشینتان لێ داوا دەکەم.
دەی ڕاستییەکەی خەو دەیبردمەوە، تۆش بە کزە لێدانێکی هێند ئەسپایی و
هێند نەرم و سووک دەتکێشا بە دەرگاکە، بە دەرگای ژوورەکەم،
کە نیوەچڵ لە بیستنی خاترجەم بووم.”— لەم سەروبەینەدا پانوپۆڕ کردمەوە دەرگاکەم؛—
ئەمما جگە لە تاریکاییەکی قەترانیی شتێک نەبوو پێچدار و تەم.
قووڵ لەو تاریکییە ڕامام، سەروەختێکی دوورودرێژ لەوێ وەستام، دەحەپەسام، دەترسام
گومانکرد دەمام، ئەندێشەی خەیاڵگەلێکم دەکرد نەکراوە جورئەتی بینینی لای هیچ کەسێکی دەرەگۆڕ
بەڵام کشوماتییەکە هەروا مایەوە نەشکێندراو، کپوکڕییەکە نەیدەدا کزەیەکی بیستراو
تاقە پەیڤێک لەوێ گوترا پەیڤە چرپێندراوەکە بوو: “لێنۆر؟”
ئەوەم چرپاند و زایەڵەیەک بە سرتە گەڕایەوە: “لێنۆر!”
هیچ شتێکی تر، هەر تەنیا ئەمەیە و پەنهان و چۆڵ.
بامداوە بۆ ناو ژوورەکەم، کڵپەی بوو سەرتاپای ناخ و دڵە گڕگڕتووەکەم،
ئەمجارە لە بەروەخت بەرزتر، هەمدیس بیستمەوە تەقەی دەرگاکەم.
گوتم: “بێ ئەملاوئەولا، دەنگەکە لە پەرژینی پەنجەرەکەوەیە؛
سا با بنۆڕم و بزانم چییە، ئەم ڕازە کپ و ماتە سەر بخەم—
دڵم بۆ چرکەساتێک بسرەوێت و ئەم ئەفسوونە دەرخەم —
ئەفسووس تەنیا فووە بایەکە، شتێک نییە پێچدار و تەم!”
واڵام کرد بەربەندی پەنجەرەکەم لووتوبزووت، هات دەنگی باڵ لێدان و شەقوکوت،
قەلەڕەشێکی ڕۆحزل و مەند، پەیوەست بە ڕۆژگارێکی کەونار و دێرین، شەقاوە باڵی نایە ژوورەکەم؛
نەینواند تەنانەت تیزە ڕێزێکیش، نەدەوەستا و نەدەحەجما بۆ ساتێکیش؛
کەچی بە خوودوخدەی خانمێک یانەخۆ گەورەزادێک، نیشتەوە سەر دەرگای ژوورەکەم —
هەڵنیشتە سەر نیمچەپەیکەری پاڵاس[2]، ڕێک لەبان دەرگای ژوورەکەم —
هەڵنیشت، بێخشپە دانیشت، ئیتر هەر ئەوەندە، شتێک نەبوو زیاد و کەم.
ئەودەم قەلەڕەش پەژارە خەیاڵبردەکانمی وەراند، بەرەو خەندە و بزەی وەرچەرخاند
بەو نیگا توندگرە بەسامەی پۆشیبوویە چاو و دەم
گوتم: “هەرچەند ڕووتەنە شکڵ و شێوەت، قرچالە نیت و خاوەن جورئەت،
ئەی مڕومۆچی تۆقێنەر، قەلەڕەشی دێرینی پەڕەوازەی لێوار شەوگاری تار و تەم
پێم بڵێ ناوە ڕەسەنەکەت لە کەوشەنی ژوورجیهانی ڕازئامێزت [3]بێ زیاد و کەم!”
قەلەڕەش وەڵامی دایەوە: “ئیتر ئەستەم.”
مەدهۆش مام ئەو فڕندە خاووخلیچکە سستەپەڵە وەها ڕوونچەشن وشە دەردەبڕێ
گەرچی چکە وەڵامەکەی پێبەند نەبوو بە مانای شکە پرسیارەکەم
سا گەرەکە تەواو هاوڕابین، نەبووە وەک من تاقە مرۆک و بەختیارترین
وەها بەهرەوەر بووبێتم بە بینینی باڵدارێک بەسەر دەرگای ژوورەکەم—
فڕندە یانیش دڕندەیەکی هەڵنیشتوو لەبان نیمچەپەیکەری سەر دەرگای ژوورەکەم،
بە ناوێکی نائاشنا و سەمەرەی وەک “ئیتر ئەستەم.”
کەچی قەلەڕەش، تەنیای تەنیا بەسەر پەیکەرە سرەوتووەکە هەڵنیشتبوو،
وەک ئەوەی سەرلەبەری ڕۆحی پڕژاندبێتە ناو ئەم وشەیەوە، تەنیا وتی: “ئیتر ئەستەم”.
نەیگوت شتێکی تر— نەیجووڵاند دەنکێ پەڕوباڵی تر—
تا بە ئاستەم منگەوپرتەم کرد: “پێشوەخت لێم هەڵفڕیون زۆرێک هاودەم—
بەیانی ئەویش جێمدێڵێ، وەک چۆن جێیانهێشتم ئارەزوو و هیوای ئەودەم.”
ئەوسا قەلەڕەش هاتەوە گۆ: “ئیتر ئەستەم.”
بە وەڵامێکی هێند لەبار و گونجاو، لە ئاست پچڕانی کپوماتییەکە ڕاچڵەکاو،
گوتمە خۆم: “ئەرخەیانم ئەوەی دەیڵێ تاکە دەسمایەیەتی بێ زیاد و کەم
چنگی کەوتبێ لە ئەربابێکی بەدشانس و کڵۆڵ
ئەربابێک وا ڕۆژەڕەشی شۆپەوشۆپ ڕاوی ناوە تا هەڵبەستەکانی باربەست کراون لە داخ و خەم —
تاکو بەستەی پرسەباری تەما و هیوا لەکیسچووەکانی کۆڵکێشکران لە هەمان باری ماخۆلیا و خەم
بارکراو بە سەنگ و گوشاری: ‘ئەستەم — ئیتر ئەستەم'”.
هەمدیس قەلەڕەش پەژارە خەیاڵبردەکانمی وەراند، بەرەو خەندە و بزەی وەرچەرخاند،
یەکەوڕاست کورسیێکی ڕاحەتم ڕاکێش کردە بەر فڕندەکە، بەردەم پەیکەر و دەرکی ژوورەکەم،
ئەوسا لەناو کورسییە قەدیفەکە خۆم قووڵپاند، خەیاڵ دوای خەیاڵم لە یەکتری دەئاڵاند
واقوڕماو لە باڵندەی کەوناری شووم و جیهانی ئەودەم —
تۆبڵێی قەلەڕەشی شێلگری بارناخۆشی قاقڕی ورەبەری نەگریسی کەوناری ئەودەم
مەرامی چی بووبێت لە قیڕاندنی: “ئیتر ئەستەم.”
زارم نەیگوت یەک دەنکە بڕگە، دانیشتم بە خەیاڵ و گومان دەستەویەخە
لەو باڵدارە چاو گڕکێشەی ئەمێستا دەیسووتاند کڕۆکی ڕۆحە بارخەمەکەم؛
دانیشتم پتر دەبووم نوقم و نخوون، سەرم لارکردەوە ئاسوودە و ڕوون
لەسەر باڵنجی ئەو کورسییە ئەرخەوانییە مەخمەڵییەی دەبریقایەوە لەژێر چرا نەبزواوەکەی فانووسەکەم،
ئەو نێوپۆشە ئەرخەوانییە مەخمەڵییەی دەبریقێتەوە لەژێر چرا نەبزواوەکەی فانووسەکەم،
ئاهــ، جارێ تر نایەتەوە سەری، ئیتر ئەستەم!
ئەودەم ئەندێشەم کرد هەوا خرسەک دەبوو و تێکترنجاو، بە قانگی عەتری بخوورێکی نابەرچاو
بردەوهێن ڕایدەژەند فریشتەی باڵا، تەپەوخشپەی پای جرینگەجرینگیان بوو لەسەر ئەرزە دارینەکەم.
زیکاندمە خۆم: “لێقەوماوی بەستەزمان، خوا بۆ تۆ ناردوویەتی، بەو فریشتەیە بۆت هاوردوویەتی؛
وردیلەیەک حەسانەوە، پشووێکی کورتەماوە، بە شەرابێکی پەرجووتیرە بۆ خامۆشکردنی یاد و بوویەری لێنۆرەکەم؛
قووڵ هەڵیقووڕێنە، گوڕی کە ئەم شەرابە زامڕەوێنە، با لەیاد بکرێت پەژارەی لێنۆرە لەدەستچووەکەم!”
وەڵامی دایەوە قەلەڕەش: “ئیتر ئەستەم.”
گوتم: “پێشبین! وەیا هۆ قێزەوەنی سەربار پێشبینی بەدڕەسەن! — گەر فڕندە بیت یانیش ئەهریمەن! —
گەر ڕەوانەی کردبێتی ئەهریمەن، یانیش تووڕهەڵدرابیتە ئەم زەمینە بە باهۆزێکی تار و تەم،
تەنیای کزوماتی خاڵی لە ترسان، لەسەر زەمینێکی تەلەسماویی و چۆڵستان —
لەم ماڵە خێوڕیزەی پڕتارمایی — پێم بڵێ بەدروستی و ڕاستی، دەپاڕێمەوە و تکا دەکەم:
ئەرێ هەیە — هەیە هەتوانێک لە گرد و تەپۆڵکە پیرۆزەکانی ئەودەم[4]؟ — بڵێ پێم — پێم بڵێ، تکا دەکەم!”
قەلەڕەش گوتی: “ئیتر ئەستەم.”
دیسان گوتم: “پێشبین! وەیا هۆ قێزەوەنی سەربار پێشبینی بەدڕەسەن! — گەر فڕندە بیت یانیش ئەهریمەن!
بۆ خاتری ئەو بەهەشتاسمانەی لەبانمان نووشتاوە— بۆ خاتری ئەو یەزدانەی ستایشی دەکەین بێ زیاد و کەم —
بڵێ بەم ڕۆحە کۆستکەوتووەی مات و مەلوول، داخۆ لە فیردەوسی تەریک و دوور،
ئامێزگر دەبم بەو شۆخە دەستلێنەدراوە پیرۆزەی فریشتەکان گازیان دەکرد بە ‘لێنۆرەکەم’ —
باوەشگر دەبم بەو شەنگۆڵە کەمپەیدا و تیشکدەرەی وا فریشتەکان گازیان دەکرد ‘لێنۆرەکەم؟’”
قەلەڕەش قیڕاندی: “ئیتر ئەستەم.”
هەڵبەزیم و لێم گوڕاند پشووتەنگ: “باڵندە وەیا شەیتانی دڕندە! ڕێبدە ئەم وشەیەی لێکبوونمان ببێتە مۆر و بەرژەنگ.
بگەڕێوە نێو توندەبای تیژوتەنگ، بایدەوە نێو کەوشەنی ڕاخستەی مەرگاویی، نیشتنگەی ڕەشتاڵەی تومان و تەم!
بۆ ئەو چەوتەوشانەی ڕۆحت هەڵیڕشتن چەتوون و سەختناک! تاریکە شاپەڕێکیش مەهێڵە وەک ژێتۆن و میناک،
واز لە تەنیایی ڕووتم بێنە و مەیخە ناو جل و پۆشاک! — دابەزە لە پەیکەری بان ژوورەکەم!
دندووکت لە دڵم وەدەربێنە، لایبەرە کۆتە و کەلاکت بەسەر دەرگای ژوورەکەم!”
قیڕاندی قەلەڕەشی تۆخڕەنگ و تەم: “ئیتر ئەستەم.”
قەلەڕەشی هێشتا هەڵنیشتوو و نەبزواو، دانیشتووە مات و هەڵترووشکاو
لەبان نیمچەپەیکەری ڕەنگپەڕیو و بزرکاو، ڕێک بەسەر دەرگای ژوورەکەم؛
چاوەکانیشی دروست و یەکبین، هاوچەشنن بە چاوی شەیتانێکی خەوبین،
چرا بریسکەدارەکەی فانووسەکەش، سایەکەی هەڵدەڕێژێتە سەر ئەرزی ژوورەکەم؛
ڕۆحیشم ڕاکشاو لەژێر خەفکەی ئەم سێبەرە تەنیوەی سەر ئەرزی ژوورەکەم
نابینێ ئاواڵە و دەرەتان بۆ هەردەم — ئیتر ئەستەم!

چەند ڕستەیەک دەربارەی شاعیر
لەنێو پانتایی ئاڵۆز و تاریکڕێژی ئەدەبیی گۆتیکدا، پۆ (١٨٠٩-١٨٤٩) لەو دەنگانەیە وا هەمیشە بە زایەڵەیەکی قووڵی تەنراو و هۆشبەر سەرتاپای ناخی خوێنەر دەهەژێنێت. هەر وشەیەکی بە دەربڕینێکی چڕبێژ ژوورۆچکەیەکی تاریکی پڕ لە نهێنی لەناو هزرماندا دەکاتەوە کە تیایدا ترس و تاسەباریی، تاوان و ئارەزووێکی بێکۆتا بە کێش و سەروایەکی ڕووەودوا بە قووڵایی ناخماندا ئاواز دەچرپێنن. خوێندنەوەی پۆ دەمەونخوونبوونە بەنێو قووڵایی داڵانە پێچەڵاوپێچەکەی ناخی مرۆڤ. داڵانێک وا عەشق دەگۆڕێت بۆ لەدەستچوون، لۆژیک و ئاگایی لەرزیوئاسا بەرانبەر ئەندێشەیەکی تیژڕەوی تاریکی ترسێنەر، هەڵدەکورمێن. هەڵە نییە گەر بڵێین تاقە نووسەری سەردەمی خۆی بوو کە جوانیی لەنێوان ترس و تۆقیندا بینی، بەختەوەری لەنێو بێهیوایی، و ترپە و ژەنینی ژیانیش لەنێو کڕۆکی هۆڤێتیی. شیعرەکانی جیاواز لە هەر پارچە نووسینێکی تری، لەمەڕ جیهان و بابەتێکی دەرەکییەوە نین، بگرە ڕۆچوونە ناو نیوەشەوێکی ناواخنبووەوەمانە وا هەریەک لە ئێمە لەناو دەروونە تاریک و لێڵەکەماندا، قفڵمان داوە.
“پۆ” وەک تاقە ناوێک ماتەوزەی ئەوەی تیایە کۆی قورسایی ئەدەبیاتی گۆتیک هەڵبگرێت. هەرچەندە گۆتیک تەنیا بینا ڕووخاو و قەڵا ترسێنەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ناگرێتەوە کە بە بروسکە و هەورەتریشقەی خێوئاساوە دەورەدرابێت [بەڵکوو ئەو ئەدەبیاتە تەمتومانەی سەدەی هەژدەیەمیش دەگرێتەوە کە هەستی تۆقین و ترس وەک شاهێزی بونیادی دەقەکانی لە هەموو گۆشە و گوێ چەمێکی وشەکان حزووریان هەیە. هەڵبەت، تەوری شووم و قەترانیی ڕۆمانتیسیزمی تاریکی ئەوکاتی ئەمریکاش بەدەست کەسێکی پڕاوپڕ لەم تایبەتمەندییانە بوو: ئێدگار ئالان پۆ]. نووسینە تاریکەکانی پۆ دەستەویەخەن بە خێچکردنەوەی دەروونی مرۆڤ. شیعرەکانی چەشنە نووسینێکن وا لە منداڵدانی ترسە شاراوە و ئارەزووە لاڵکراوەکانەوە لەدایکبوون. تاراماییەکانی پۆ یادەوەریین. دێوەزمە و دەعباکانی سۆز و ئەڤینن. خانوو و ژوورە تۆقێنەرەکانیشی ڕووبەرە دەستەپاچەبووەکەی هزرن. لەم شیعرەیدا، قەلەڕەش، کە هەم بەناوبانگترین شیعری ناوبراو و هەمیش سەردەمەکەی خۆیەتی -واتە ڕۆمانتیسیزم-، پۆ وێنەی باڵندەیەک وەردەگێڕێتە سەر ڕەمزی بیرنەچوونەوەیەکی بێکۆتا، وەک ئەوەی بڵێین شەقەی دوو باڵی قەترانیی بۆ تاهەتایە لە ئاسماندا ئاوازی پەژارەیی دەچڕێنن. شیعرەکە لە یەک کاتدا هەم ئاوازدارە و هەمیش سەرووئاواز. بە مانایەکی تر، ئاواز و مانای دەقەکە بەشێوەیەکی هێند پێکداچوو بەنێو یەکتری ئاخنراون، کە فەرامۆشکردنی هەر کامێکیان لەقکردنی ئەوەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.
سەرچاوە
Poe, E. A. (1902). The Raven. In J. A. Harrison (Ed.), The complete works of Edgar Allan Poe.
[1] — بۆشایی درێژ لە شیعرەکانی پۆ هاوشێوەی وشە دووبارەبووەکانی ئامادەییەکی زۆریان هەیە کە ئاماژەن بۆ وەستانی شاعیر یاخود پچڕان لە هزر یانیش نووسین، بەمەش تۆنگۆڕکێیەک دێنێتە ئارا و لەپاڵ ئەمەشدا، ناجێگیریی و دڵەڕاوکێی دەروونیی شاعیر نیشان دەدەن.
[2] ئەم پەیکەرە ئاماژەیە بۆ خواژنی دانایی لە ئووستوورەی یۆنانییدا. هەرچەندە لە ئووستوورەی یۆنانیی ئەتێنا وەک خواژنی دانایی هەژمار دەکرێت، کە لە مێشکی زیوس لە-باوک-دەبێت، بەڵام لە هەندێ گێڕانەوەکاندا ناوی پاڵاس لەبری ئەتێنا بەکاردێت، گوایە پاڵاس پەرییەک بووە و جارێکیان خۆی و ئەتێنا زۆرانبازییەکی هاوڕێیانە دەکەن، ئەتێنا لە ئانوساتی دۆڕاندا دەبێت و زیوس بە بینینی ئەمە -ئەگەرچی زۆرانبازییەکە هاوڕێیانە بووە- تووڕە دەبێت و بە قەڵغانەکەی خۆی پاڵاس دەکوژێت. لە ئەنجامدا ئەتێنا تووڕە دەبێت و وەک ڕێزلێنان و شکۆیەک بۆ پاڵاس، ناوەکەی دەخاتە سەر ناوی خۆی، واتە هەردووکیان چ ئەتێنا و چ پاڵاسیش ئاماژەن بۆ خواژنی دانایی.
[3] لێرەدا شاعیر پێچێکی پێویست لێدەدات و لە ئووستوورەی یۆنانییەوە بەرەو ئوستوورەی ڕۆمانیی دەگیرسێتەوە، کە لە دەقەکەدا بەمشێوەیەیە “Night’s Plutonian shore”، پلوتۆ ئاماژەیە بۆ سەردار، یاخود خواجیهانی ژێرەوە، جیهانی ژێرەوەش واتە جیهانی مردووەکان، کە لە ئووستوورەی یۆنانییدا هەیدیس سەرداری ئەم جیهانەیە و ڕۆح و کێشانی ڕۆح لەژێر دەسەڵاتی ئەودان. Plutonian لەم بەستێنەدا بە مانای ئەو شوێنگەیە دێت وا پلوتۆ تیایدا دەسەڵاتدارە. Nightیش هەروا بەسادەیی مانای شەو نادات بەدەستەوە، بەڵکوو مەبەست لێی جیهانەکەیە، واتە ئەو جیهانەی کە پلوتۆ تیایدا حوکم دەکات جیهانێکی تاریکە چەشنی شەو، بۆیەش لە وەرگێڕانەکە جیهان لەبری شەو بەکارهاتووە. پۆ مەبەستی لەو ئاماژەدانە شوێنگۆڕکێکردنێکە بە قەلەڕەشێکی ئاساییەوە بۆ ئۆبێکتێکی مەرگاویی ڕەمزدار، کە نیگابڕکێ لەگەڵی بە بیرهێنەرەوەی لەدەستچووەکان کۆتایی دێت.
[4] لێرەدا پۆ ئاماژە بۆ شوێنێک دەکات بە ناوی جەلعاد “balm in Gilead”، کە لە ئینجیلدا لە کتێبی جێرێمایا [ئیڕمیا]دا ئاماژەی پێ کراوە وەک شوێنێک وا ماتەوزەی خودای تیادا شوێنگر بووە بۆ ڕەوینەوە و نەهێشتنی ئازارە دنیاییەکانی مرۆڤ. لە ئەمڕۆدا، ئەم شوێنە دەکەوێتە باکووری ئوردن، کە ناوچەیەکی شاخاویی و بەپیتە.