قەلەڕەشەکەی پۆ بەدەر لەوەی یەکێکە لە سەختترین شیعرەکانی ڕۆمانتیسیزمی تاریک، یەکێکیشە لەو شیعرە پێکداچووانەی کە زمان دەخاتە دۆخی زەمینلەرزەوە. شیعرەکە هەر خۆی لە ڕێگەی ئەم زەمینلەرزەیەوە دێتە بوون کە دەنگ بەسەر ماناوە دەکات بە زیادەیەک و دووبارەبوونەوەی ئەم دەنگە زمان لە نێوەندگیرێکەوە بۆ دیوێکی تەمومژساز و ترسناک دەگۆڕێت. هەر لەبەر ئەمەشە وەرگێڕانی شیعرێکی لەم جۆرە دەبێت بە یەکێک لە قورسترین هەوڵەکان. وەرگێڕان بەرەوڕووی زمانێک دەبێتەوە کە لە ئاست گواستنەوەدا بە توندترین شێوە بەرهەڵستی دەنوێنێت. لە ڕاستییدا، پۆ فەزایەکی شیعری هێند چڕوپڕ بۆ ژوورجیهانی شیعرەکەی ئافراندووە کە لەناویدا دەنگ هاوچەشنی تاریکە سێبەرێک بە هەموو ئاراستە و پێچ و خولێک مانا قفڵ دەدات، بە قفڵدانی ماناش زمان دڵتەنگ، وشە بەرتەنگ، و وەرگێڕانیش لێڵ و خێچ و مەنگ دەبێت. واتە گەر بە دیوێکی تر جیا لە چیرۆکی شیعرەکە سەیری خودی شیعرەکە بکەینەوە، دەبینین ماخۆلیا سەرەکییەکەی ناوی بەتەنیا هەڵگۆزراوی غیابی لێنۆر نییە، هێندەی هەڵگۆزراوی شکستی زمانە لە پاتەبوونەوە و گەڕانەوەی دەنگە ئاشنایە نائاشناکان. خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆپلەی یەکەمەوە تا چوارەم و پێنجەم وردە وردە پەی بەوە دەبات کە خوێندنەوەی شیعرەکە خۆی وەردەگەڕێت بۆ ئەزموونێکی نەستەکی، بەو مانایەی چیتر تەنیا جموجۆڵ و ڕێ و زمانی گێڕانەوەکە بەلایەوە گرنگ نابن، هەر خۆی دەکەوێتە داوی وشە تەمومژاوییەکانەوە، ئەو وشانەی بە ڕەمزوڕازی دەنگەوە خەفەکراون. ئەم فشارە ناوەکییەی شیعرەکە کە خوێنەر دوای خوێندنەوەی دووچاری دەبێت وای کردووە شیعرەکە نەک هەر تەنیا خەسڵەتێکی تارماویی یانەخۆ مەرگاویی وەربگرێت، بگرە بووەتە هۆی ئەوەی وەک گشتێک سروشتی شەبەنگێک وەربگرێت و لێکدانەوەی بە دیوێکی جێگیر یاخود ماقووڵ ببێت بە مەحاڵ. واتە شیعری قەلەڕەش بێ ئەملاوئەولا دەرگیری ڕەهەندە نەستەکییەکەی زمان دەبێت.
پێدەچێت گرفتێک لە گرفتەکانی وەرگێڕان لە کارەکانی پۆ بەتایبەت ئەم شیعرە وشە و دەستەواژە بێت. بەڵام لێرەدا فەرهەنگ و قامووسەکان دێنە ئارا و ئەم کارەمان بۆ ئاسانتر دەکەن. کەواتە کێشەکە لەمەدا نییە. کێشە ڕاستەقینەکە لە شوێنێکی ترەوە سەر دەردەهێنێت، کە ئەویش لەناو جەستەی ئەو زمانەوەیە وا شیعرەکەی پێ نووسراوە. زمانی شاعیر وەک دەزگایەک کۆمەڵێک کێش و سەروای ناوەکی و هاوپیتی بەکار هێناوە، کە توندکردنی هەر یەکێکیان لە وەرگێڕاندا لەقکردنی ئەوەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، و بە پێچەوانەشەوە لەقکردنی هەر کامێکیان دەبێتە هۆی توندکردنی ئەوی تر. هەر ناوونیشانی شیعرەکە خۆی هەڵگری فشارێکی هەستەکییە وەک لەوەی گوزارشت بێت لە باڵندەیەک. بەدەر لە ناوونیشانەکە، تاکە وشەیەک کە لە کۆتاییی زۆربەی کۆپلەکان دووبارە دەبێتەوە بریتییە لە “ئیتر ئەستەم”. کارکردی ئەم وشەیە وەڵامی قەلەڕەشەکە نییە بۆ پرسیاری گێڕەرەوەکە، بەڵکوو وشەکە لە درێژەی دووبارەبوونەوەیدا سروشتێکی تەواو دەنگی وەردەگرێت و دەبێت بە برینێک کەوا جار لەدوای جار گێڕەرەوەکە بێهیواتر دەکات. بوونی “نێڤەرمۆڕ” لەناو ئەم شیعرەدا لە زمانێکی ئاسایی جیا دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ دالێکی تراومایی کە هەم گێڕەرەوە دەتۆقێنێت هەمیش خوێنەر، دالێکی نەڕەمزێنراو کە تایبەتمەندە بە کڕۆکێکی زبر و بەشێوەیەکی پاشەوپاش بەرەو خەرەندی ڕیاڵ پاڵەپەستۆمان دەخاتە سەر. واتە کۆی خەم و پەژارەکانی شاعیر بەدرێژاییی کۆپلەکان و دواتریش کڵۆمدانییان بە گوریسەوشەیەکی وەک “ئیتر ئەستەم “Nevermore وا دەکات بەشێک لە زمان خەسڵەتێکی چەوسێنەر وەربگرێت. بۆیە وەرگێڕان لێرەدا بەر هاودژییەکی تۆقێنەر دەکەوێت: هەوڵ دەدەیت ماناکە بپارێزیت و وەک خۆی بیگوازیتەوە کەچی لەم هەڵبژاردنەدا تەلارێک لە هەستی چنراوی پشتبەست بە دەنگ خاپوور دەبێت. ڕەنگ بێت وەرگێڕان بەشێوەیەکی ورد مامەڵەیەکی سەرڕاستانە لەگەڵ کۆمەڵێک دیو و ڕەهەندی شیعرەکە بکات، بەڵام لەم پرۆسەیەی گواستنەوە و هەڵگێڕ و وەرگێڕکردنەوەیەدا نەستی زمانەکە خۆی نادات بەدەستەوە، سفتوسۆڵی زمانی ئامانج [بۆ وەرگێڕدراو] بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەم کڕۆکە دڕکاوییەی زمانی سەرچاوەکە [لێ وەرگێردراو] بگوازێتەوە و بیخاتە ناو پانتاییە ڕەمزییەکەی خۆیەوە.
ئەم کێشەیە بەتەواوی لەدوای بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانەکەدا دەردەکەوێت، بەتایبەتییش کاتێک وەرگێڕانەکە بەراوردی دەقە ڕەسەنەکە دەکرێتەوە. زمان لەم بەراوردکردنەدا شکستی وەرگێڕانەکە دەردەخات، لەوەی چۆن سەرەڕای هەستیاریی هەڵبژاردنی وشە و داڕشتنەوەی ئاوازی ڕستەکان بەپێی فەزای شیعرەکە و ناوەکیکردنەوەی بۆ ناو زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە ئامانجەکە بپێکێت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئاواز و مانای زمانی ئینگلیزی و زمانی پۆ دەرکەوتەی نەستێکی مێژوویی زۆر جیاوازترن لە نەستی کوردی. بە مانا لاکانییەکە، وەرگێڕان بەرەنگاربوونەوەی نێوان دوو بونیادی نەستە نەوەک تەنیا دوو زمان. باشتر وایە بەر لەوەی ڕاستەوخۆ وەرگێڕان بلکێنین بە تێڕوانینە لاکانییەکە، بە هەمان تێڕوانین ڕاوەستەیەک لەسەر زمان و نەست بکەین و لە شیعرەکەشدا بەرجەستەی بکەین.
گوتمان وەرگێڕان بەرەنگاربوونەوەی نێوان دوو بونیادی نەستە نەوەک تەنیا دوو زمان. واتە هەموو زمانێک کە خاوەنی نەستی تایبەت بە خۆیەتی بارکراوە بە ئارەزوو، غیاب، ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوو و کۆمەڵێک یادەوەریی هەمەجۆر وا مەحاڵە هەروا بەسادەیی بۆ زمانێکی تر بگوازرێنەوە. گەر ڕستەکەی لاکان لێرە دابنێین، دەتوانین باشتر لەسەر ئەم ڕەهەندە بوەستین. لاکان لە ڕستە تەلموودییەکەیدا دەڵێت: “نەست وەک زمان ڕسکاوە.” دیارە ئەمە بەو مانایە نایەت کە نەست بەمانای وشە لە ڕستەیەکی ئاساییدا دەربکەوێت یاخود ڕاستەوخۆ بەیان ببێت. لاکان لێرەدا مەبەستی ئەوەیە ئارەزووی نەست بەشێوەیەک دەجووڵێتەوە و ئەرکدار کراوە کە هاوتایە لەگەڵ بونیادی زمان خۆی. بۆ نموونە، شوێنگۆڕکێ و جێگرتنەوە، یان خلیسکان و چڕبوونەوە، یانیش دووبارەبوونەوە و یەکتربڕینی دالەکان بەتەواوی گوزارشت لەم تایبەتمەندییەی نەست دەکەن کە وەک زمان ڕسکابێت. چۆن؟ نەست لەژێر زنجیرەی دالەکان و خلیسکانەکاندا خۆی پیشان دەدات نەوەک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ. نەست بە زایەڵە و دووبارەبوونەوە و خەونەکان گوزارشت لە مانایەکی ڕاکشاوی ژێر پانتایییە ڕەمزییەکە دەکات. ئارەزوو هەر خۆی بەشێوەیەکی هاونشینانە بەبەردەوامی لە دالێکەوە بۆ دالێکی تر لە جووڵەدایە بەبێ ئەوەی بگات بە ڕەزامەندییەکی تەواو و کامڵ. خاڵە سەرەکییەکەی لاکان لەوەدایە کە دوو میکانیزمی زمانەوانیی قەرز دەکات و دەیخاتە ناو دەروونشیکاری، ئەوانیش بریتیین لە خوازە [مێتافۆڕ] و هاونشینیی [مێتۆنیمی]. کارکردی خوازە لە ڕێگەی جێگرتنەوەوەیە کە دالێک شوێنی دالێکی تر دەگرێتەوە و بەمەش مانایەکی چڕبووەوە بەرهەم دێنێت. بەڵام کارکردی هاونشینیی لەڕێگەی شوێنگۆڕکێوەیە و بەمەش جووڵەیەکی بێکۆتای دالەکان دێتە ئارا. ئارەزوو لە دەروونشیکاریی لاکاندا هاونشینانەیە و بۆیەش هەرگیز ناگات بە ئۆبێکتەکەی.
ئەمەی کە باس کرا، بەتەواوی لە هەموو کون و کەلەبەرێکی شیعری “قەلەڕەش”دا بوونی هەیە. ئەم شیعرە هێندەی لە ڕێگەی دووبارەبوونەوە، گەڕانەوەیەکی ڕەمزی، شوێنگۆڕکێ و جێگرتنەوەدا خوێنەر تەنگەتاو دەکات، ئەوا هێندە لە ڕێگەی دەربڕینێکی ڕاستەوڕاستانە کار ناکات. “لێنۆر” [یانیش لینۆر] بەم لێکدانەوەیە نەک هەر تەنیا ژنێکی لەشمەند و لەدەستچوو نییە، ئەو دەبێت بە غیاب و غیاببوونیشی بەشێوەیەکی هاونشینانە لە دالێکەوە بۆ دالێکی تر بەرجەستە دەبێت تاکو گێڕەرەوە دەگات بە دالی “ئیتر ئەستەم/ نێڤەرمۆڕ”. واتە “لێنۆر” لە شیعرەکەدا کۆی زنجیرەی دالەکانی ناچار کردووە بە دەستگەیشتن بە ئۆبێکتێکی دەستپیانەگەیشتوو. بەپێچەوانەوە، کارکردی وشەی “ئیتر ئەستەم/ نێڤەرمۆڕ” جیاوازترە. ئەوەیان زیاتر خوازەییە پشتبەست بەوەی کە دالەکە لە کۆتاییدا لە مانایەکی ڕووت و ڕاستەوخۆدا هەڵدەکشێت و دەبێت بە زیادەیەک، ئەم زیادەیەش سەرلەبەری بونیادە هەستەکیییەکەی شیعرەکە چڕتر دەکاتەوە بۆ دەنگێکی تراومایی چەندبارەبووەوە. واتە جار لەدوای جار وشەکە گوزارشت لە چڕبوونەوە دەکات: جار دەبێت بە ئازار، جار قەدەغە، جارێک چارەنووس و جارێکیش دالێکی زبر و نەڕەمزێنراو کە بەبەردەوامی پانتاییی ڕەمزیی شیعرەکە دەهەژێنێت.
وەرگێڕان لەم نێوانەدا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەم دوو بونیادە دەبێتەوە. ڕێکخستن و درووستکردنی مێتافۆڕ و هاونشین لە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بەتەواوی لە یەکتری جیاوازن. لەبەر ئەوەی هەردووکیان خاوەن نەستی تایبەت بە خۆیانن. ئەو دالانەی لەناو زمانی ئینگلیزیدا هەن کە بەهۆی تایبەتمەندییە دەنگی و وشەیییەکانەوە کۆمەڵێک کاریگەریی هەستەکی درووست دەکەن، لەڕووی بەکارهێنان و زرینگانەوە دەنگییەکەیان خاوەنی ڕیشەیەکی مێژووییی تایبەتن کە بە هیچ شێوەیەک بۆ ناو زمانی کوردی ناگوازرێنەوە [نەک هەر زمانی کوردی، بەڵکوو هەر زمانێکی تر]. ئەمە لە کاتێکدایە، کە زمانی کوردییش هەڵگری قووڵایییەکی ڕەمزی و مێژووییی خۆیەتی و بەرهەمهێنانەوەی فەزا ئینگلیزییەکە لەناویدا کارێکی ئەستەمە. لە وەرگێڕانیشدا، هەوڵدان بۆ هاوئەندازەکردنی ئەم دوو سیستەمەی نەست هەوڵێکی شکستخواردووە، چونکە هەردوو سیستەمەکە شتێکیان هەیە بە ناوی ئارەزوو، ئارەزووش لەو دوو پانتاییە زمانەوانییە بەشێوەیەکی جیاواز بەردەوامی بە سووڕی خۆی دەدات.
هەر بۆ نموونە، وەک نووسرا یەکێک لە تایبەتمەندییە تەمومژاوییەکانی شیعرەکانی پۆ، دەنگە. وشە ئەفسووناوییەکانی هەندێکجار دەبن بە دەنگێکی هێند زاڵ، کە پانتاییی تەواوی شیعرەکە دەتەننەوە. بەو مانایەی، دەنگی وشەکان لە خودی وشەکان پێکداچووترە. دووبارەکردنەوەی وشەگەلی وەک ئیتر ئەستەم، ژوورەکەم، لێنۆرەکەم، پێچدار و تەم، زیاد و کەم هاوشێوەی چکەچکی میلی کاتژمێرێک ئاوازێکی گومانهەڵگر لە هزری خوێنەردا درووست دەکەن. پاتەبوونەوەی هەر دەنگێک سەختگری و دڕندەییی کاتمان پیشان دەدات، لەوەی چۆنچۆنی یادەوەری دووبارە و چەندبارە بۆ هەمان برینی قەتماغەنەگرتوو دەگەڕێتەوە. سەرباری ئەوەش، ئەم وشانە بە دووانەییی مانا بارگاویین، هەر دەڵێی بیچمی ئەم وشانە لەبری سێبەرێک خاوەن دوو سێبەرە. بۆ نموونە، گوریسە وشەی ئیتر ئەستەم Nevermore وەک نەفییەک دەکرێت بە شێوازی ئیتر هەرگیز نا، ئیتر هەرگیز، چیتر نا، ئیدی بۆ هەمیشە و زۆر شێوازی تر دابڕێژرێتەوە. لە فەڕەنسیدا، بۆدلێر و مالارمێ کردوویانە بە “Jamais Plus!” کە بە واتای “هەرگیز چیتر” دێت.
Then this ebony bird beguiling my sad fancy into smiling,
By the grave and stern decorum of the countenance it wore,
“Though thy crest be shorn and shaven, thou,” I said, “art sure no craven,
Ghastly grim and ancient Raven wandering from the Nightly shore—
Tell me what thy lordly name is on the Night’s Plutonian shore!”
Quoth the Raven “Nevermore.”
ئەودەم قەلەڕەش پەژارە خەیاڵبردەکانمی وەراند، بەرەو خەندە و بزەی وەرچەرخاند
بەو نیگا توندگرە بەسامەی پۆشیبوویە چاو و دەم
گوتم: “هەرچەند ڕووتەنە شکڵ و شێوەت، قرچالە نیت و خاوەن جورئەت،
ئەی مڕومۆچی تۆقێنەر، قەلەڕەشی دێرینی پەڕەوازەی لێوار شەوگاری تار و تەم
پێم بڵێ ناوە ڕەسەنەکەت لە کەوشەنی ژوورجیهانی ڕازئامێزت بێ زیاد و کەم!”
قەلەڕەش وەڵامی دایەوە: “ئیتر ئەستەم.”
لێرەدا، بە جۆرەها شێواز وەرگێڕانی تری لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، دەکرێت دێڕی یەکەم بەم شێوەیە وەربگێڕدرێت: “ئەودەم قەلەڕەش کەڵکەڵەی کەیلی خەممی ڕەواندەوە“. بەڵام کێشەکە لە ئافراندنەوەی فەزا شیعرییەکەیە کە سەرەکییترین کەرەستەش بریتییە لە دەنگ. هەر سەبارەت بە “نێڤەرمۆڕ”، کێشەی وەرگێڕانی وشەی Nevermore لەوەدایە وەختێک کارەکتەری ناو شیعرەکە لە قەلەڕەشەکە دەپرسێت ناوت چییە، قەلەڕەش لە وەڵامدا دەڵێت: “نێڤەرمۆڕ”، واتە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە وشەکە بە وەرنەگێڕدراوی بمێنێتەوە و وەک خۆی دابنرێت. بە بارێکی دیکەش، ئەم وشەیە کە وەک وەڵامێک بۆ زانینی ناوەکەی دەیڵێت وشەیەکی مانادارە نەک بە پێچەوانەوە. زیاتر لەوەش بۆ وەرگێڕان هەڵگری کۆمەڵێک توانستە لەوەی چۆنچۆنی دابڕێژرێتەوە. ئەم کۆپلەیە بریتییە لەو پارچەیەی بۆ یەکەم جار وشەکەی لێ بەکار دەهێنرێت، دواتر لە وەڵامی پرسیارەکانی تریشدا هەر هەمان وشە دەردەبڕێت. ئاشکرایە کە مانا وردترەکە لە چوارچێوەی وەرگێڕاندا “ئیتر هەرگیز“ە تا “چیتر ئەستەم“، بەڵام دانانی وشەی “هەرگیز” هۆکارێکە بۆ لە مۆسیقاخستنی شیعرەکە کە یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی، و جگە لەمەش خودی وەڵامەکە وەک دەربڕینێک کە بەدرێژاییی شیعرەکە دووبارە دەبێتەوە گوزارشتکردنە لە کۆمەڵە شتێک – ناکرێت تەنیا بە یەک شت یاخود کەسێک ببەسترێتەوە – کە چیتر ناگەڕێنەوە، بەم شێوەیەش بێت گەڕانەوەیان واتە مەحاڵ و ئەستەم. باشتر وایە لە دۆخێکی وەهادا لەبری ئەوەی دیوە ڕووکارەکییەکەی وشەکە وەربگیرێت، دیوە ناوەکییەکەی دەرەکی بکرێتەوە کە دەرخەری مەحاڵێتیی گەڕانەوە و حزوورە.
وەرگێڕان دەکەوێتە دووڕیانێکەوە کە ململانێ لەنێوان هاوسەنگکردنی دوو ئابووریی جیاوازیی ئارەزوو دەکات لەناو زماندا. زمانەکەی پۆ یانەخۆ ئینگلیزییەکەی پۆ بە زنجیرەیەک دالی لێئکئاڵاوەوە گوزارشت لە ماخۆلیایەک دەکات، ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەم ماخۆلیایە بخەینە ناو زمانێکی ترەوە. بۆ نموونە، هەر قەلەڕەشەکە خۆی دەبێت بە فیگەرێکی زۆر بەهێزی ئەم پرۆسەیە. باڵندەکە وەک ئۆبێکتێکی دەرەکی پێ دەخاتە ناو دۆخ و فەزای شیعرەکە، گەرچی گێڕەرەوە دەیەوێت وردە وردە بە کۆمەڵێک دالەوە کە گوزارشت لە پەژارەیییەکەی دەکەن، ڕامی بکات، بەڵام دواجار ناتوانێت. قەلەڕەش تەنیا یەک وشە دەڵێت و ئیتر هەمان وشە دووبارە دەکاتەوە. یەک وشە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئارەزوو پاشەوپاشانە خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئەم وشەیەش لە دووبارەکردنەوەیدا ئازاری نوێتر لە بەروەخت بەرهەم دێنێتەوە. بە دەربڕینێکی لاکانی، قەلەڕەشەکە خۆی ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی ڕیاڵ لەناو زماندا. واتە چەندبارەکردنەوەیەک کە گێڕەرەوە توانستی ئەوەی نییە بەسەریدا زاڵ بێت. لەودیو گێڕەرەوەوە کە وەرگێڕ[ان] هەیە، هەمان ئەزموونی گێڕەرەوەکە دەچێژێت کە لە گواستنەوە و ئامادەکردن و ڕێکخستنی فەزا بۆ ئەم کڕۆکە زبرەی ناو شیعرەکە دەگات بە بنبەست. وەرگێڕ لە هەموو کۆپلەیەکدا مانا و زایەڵەی جیاواز و پڕووکێنەری دووچار دەبێت کە سەرەڕای زەمینەسازکردن و بەرهەمهێنانی فەزایەکی تاریک لەناو زمانی کوردیدا، شتێک هەر بە نەڕەمزێنراوی دەمێنێتەوە و دەرگیری پرۆسەی گواستنەوەکە نابێت.
هەمدیس پەیوەست بە وشەی “نێڤەرمۆڕ“ەوە، گومان لەوەدا نییە هێزی وشەکە هەڵقووڵاوی پێچەقاندنێکی کێشمەندە. بەڵام خاڵە سەیرەکە لێرەدایە کە وشەکە پێگەیەک لە پانتاییی ڕەمزیی شیعرەکە داگیر دەکات و سەرسووڕهێنەرتر لەوەش بەشێنەیی پێ دەخاتە ناو ڕووبەری ڕیاڵەوە [یانیش دەتوانین بڵێین ڕیاڵ خۆی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم وشەیەوە پانتاییی شیعرەکە هەڵبپێچیت]. بۆ لاکان، ڕیاڵ ئەوەیە کە بەتەواوی لە ڕەمزاندن هەڵدێت. هەمان ئەزموون لە شیعرەکەدا دەردەکەوێت، “نێڤەرمۆڕ“یش ئەو دەربڕینەیە کە سەرتاپاگیرانە نوێنەرەوەی بەرەنگاریی و نەڕەمزانێکە دژ بە زمانە ڕەمزێنراوەکە. بەشێوەیەکی تر، کۆی شیعرەکە کە گێڕەرەوە تیایدا بەبێ پچڕان خەم و ئازارەکانی دەردەبڕێت و دەیەوێت لەڕێگەی زمانەوە غیابی لینۆری لەدەستچوو ساڕێژ بکات، کەچی سەرەڕای هەموو تینوتاوەکەی لە ئاست ئەم دۆخەدا هەر بەسەرنەکەوتوویی دەمێنێتەوە. سەرنەکەوتنی گێڕەرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی گێڕەرەوە لە قسەکردن بەردەوام بێت، بەردەوامبوون لە قسەکردن وا دەکات گێڕەرەوە دووچاری دووبارەبوونەوە بێت، دووبارەبوونەوەش دەبێت بە ژویسانس [چێژ/ژان]. ئەمانە هەموویان بەیەکەوە گوزارشتی چێژێکی بە ئێش و ژان دەکەن ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوەیەکی بەردەوامەوە بۆ ئۆبێکتە لەدەستچووەکە. گێڕەرەوەکە لەم ئازارچەشتنەی دەربڕینی “نێڤەرمۆڕ”ی قەلەڕەشەکەوە چێژێک وەردەگرێت کە هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێک ڕەزامەندی. لێکچوونی قەلەڕەش و دەربڕینەکەی کە وادەکەن وەک ئۆبێکتێکی لە ڕیاڵەوە هاتوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هۆکارێکیشە بۆ دەرخستنی بونیادە تراوماییەکە، بونیادێک کە سوبێکت جار لەدوای جار دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ژان.
تۆ بڵێی وەرگێڕ و وەرگێڕان ڕووبەڕووی هەمان چێژ و ژانەکەی گێڕەرەوە ببنەوە؟ یانیش دەربڕینێکی وەک “نێڤەرمۆڕ” کە لەناو زمانە ڕەسەنەکەشدا وەک ناوکێکی مەحاڵ خۆی نادات بەدەستەوە، چۆن بۆ زمانێکی تر وەردەگێڕدرێت؟ گەر لە زمانە ڕەسەنەکەدا دەربڕینێکمان هەبێت و وەک ڕیاڵێکی لاکانی دەقەکە بهەژێنێت، ئەوا بێ چەندوچون لە کاتی وەرگێڕاندا کۆی شیعرەکە دەبێت بە مەحاڵێک و هەر ئەمەشە کە وەرگێڕان لەدوای وەرگێڕانی شیعرەکە وا دەکات وەرگێڕ[ان] دەرگیری ژویسانس [چێژ/ژان]ێک ببێت و لەم نێوانەدا هەم بە وەرگێڕانی شیعرەکە پەشیمانە و هەمیش بە وەرنەگێڕانی. لەبەرئەوەی هەر لە وەرگێڕانی یەکەم کۆپلە و دەستەوئەژنۆبوون لەگەڵ دەقی ڕەسەن، وەرگێڕ بەر بونیادە تراوماییەکەی دەقی ئەسڵ دەکەوێت، دەقێک کە هەر بە ناوونیشانەکەیەوە فەزایەکی قەترانی و لەدەستچوو دەخولقێنێت. سا تێگەیشتنێکی وەها گومان دەخاتە سەر ئەو بۆچوونەش کە پێی وایە وەرگێڕ توانستی ئەوەی هەیە لە ڕەهەندە ماناییەکە سەربکەوێت و دەقەکە بگوازێتەوە، بەڵام ناتوانێت ئەو بەشەی ژێرەوەی ماناکەش کە بریتییە لە نەستی دەق، بۆ زمانی ئامانج بگوازێتەوە. گەر تێڕوانینی وەرگێڕی بەتوانای فارس، ساڵح نەجەفی، لەمەڕ وەرگێڕ/وەرگێڕان لێرە دابنێینەوە، و دواتریش تێهەڵکێشی فەزا لاکانییەکەی بکەین، لەوانەیە بەرچاومان زیاتر ڕوون ببێت. ساڵح نەجەفی لە شوێنێکدا سەبارەت بە سوبێکتی وەرگێڕ دەنووسێت:
“لە سەرەتاترین چرکەساتی دەستپێکردنت بە وەرگێڕان دەتزانی کە وەرگێڕێکی باش نیت و هەرگیزیش نابیت بە وەرگێڕێکی باش. ئێشتاش بە خۆت دەڵێی: ‘پێویستە وەرگێڕی باش توانای وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی هەبێت.’ هیچ وەختێکیش توانای وەرگێڕانی ڕاستەوخۆت نەبووە. ئەسڵەن بەبێ بەکارهێنانی فەرهەنگ و وشەدان هەر لە تواناتدا نەبووە وەرگێڕان ئەنجام بدەیت. تۆ لە بنەڕەتدا ڕێگایەکی هەڵەت هەڵبژاردووە. تۆ وەرگێڕێکی نەگونجاویت، لەڕێگەی هەڵبژاردن و هەڵەکردنێکی بێکۆتاوە بەسەختی کارت لەسەر وەرگێڕان کردووە و لەگەڵ چەند وتار و کتێبێکیشدا لە کێشمەکێشدایت، بە کۆمەڵێک ڕێگای جیاوازەوە ڕستەکانت وەرگێڕاوە… پاشانیش کتوپڕ لە ساتێکی وەهادا، هەستی کوڵوکۆیەک بۆ وەرگێڕان تۆی تەنییەوە کە بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانی دەرکەوتنی نەبوویت. تۆ ڕێچکەیەکت گرتەبەر. پێت وابوو ئەمە شوێنێکە ناتوانیت لێی بگەڕێیتەوە، تاکو ئەمڕۆش تەنیا یەک ڕێگەی تر لە بەردەمتدا هەیە: ئەویش ببیت بە وەرگێڕ و مامۆستای وەرگێڕان. ئەوەیشی زیاتر لە هەموو شتێک دەتەوێت ئەنجامی بدەیت، ڕێگریکردنە لە هەر کەسێکی تر کە دەیەوێت ڕێچکەکەت هەڵبژێرێت[1].”(نجفی، ١٣٩٦).
گەر بۆچوونەکەی ساڵح نەجەفی بە تێزە لاکانییەکەوە باربەست بکەین، دەبێت بڵێین شکستی وەرگێڕ هەر تەنیا لە نەزانینی مانا و سنوورداری تواناکەی نییە لە گواستنەوەی دەقدا، بەڵکوو شکستەکە لە بونیادی زمان و نەستە کە بەشێوەیەکی هاوتا و پێکداچوو ڕسکاون. واتە ئەمە وا دەکات بڵێین وەرگێڕان وەک پرۆسەیەک ناتوانێت تەنانەت دیوە مانایییەکەش بەسەرکەوتوویی بگوازێتەوە، چونکە گواستنەوەی ئەم دیوە چنراوە بە دیوە نەستەکییەکەی ترەوە کە ژوورجیهانی ماناکە پێک دێنێت و ئەسڵەن مانا بێ ئەم ژوورجیهانە هیچ شتێکی تری لێ نامێنێتەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە، دەتوانین لێرەدا ناوبڕێک -گەر کورتیش بێت- درووست بکەین و بڵێین لەپاڵ ئەمانەشدا بەلایەنی کەم شتێکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەکرێت دەقی وەرگێڕدراو سەرەڕای هەموو شکستێکی وەک نەفییەک تەماشا بکرێت. پاش ئەوەی دەقی ڕەسەن وەک دالێک لە چوونەناو زمانێکی نوێوە بەشێک لە چڕێتییەکەی خۆی لەدەست دەدات، ئەوا پێ دەخاتە ناو سیستەمێکی تری زمان و پانتایییەکی ڕەمزیی جیاوازتر کە هەر لە ئانوساتی هاتنەناوەوە و جێکەوتبوونییدا نەستی زمانەکە دەیەوێت کۆمەڵێک مانای تری بخاتە سەر و لەڕێگەی چڕبوونەوەوە مانایەکی نوێ درووست بکات [سەرەڕای مانا ڕەسەنەکە].
لاکان لە “هەڵگێڕانەوەی سوبێکت و دیالەکتیکی ئارەزوو لە نەستی فرۆیدی[2]“دا چوار هێڵکاری سەبارەت بە درووستبوونی سوبێکت و سووڕی هاتنەناو پانتاییی ڕەمزی دەخاتەڕوو، کە هەریەکەیان بەشێوەیەکی سەرنجڕاگر کڕۆکی دەروونشیکاریی لاکان نیشان دەدەن. تیژبینی و وردیی هێڵکارییەکان هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵێک چوارچێوەی جیاوازتر بەکار بهێنرێن و سوودیان لێوەربگیرێت، وەکچۆن لێرەشدا شیکارییەکی درشت و ماتماتیکییانەمان پێشکەش دەکەن لەوەی پرسن و نێژراودۆزن. دەشێت هێڵکاریی سێیەم گرنگترین هێڵکاری بێت تاکوو ئەزموونی وەرگێڕانی پێ ڕاڤە بکرێت. ڕاستییەکەی هێڵکاریی چوارەم زۆر لە هی سێیەم گرنگتر و ڕاڤەهەڵگرترە، بەڵام وا دەکات شوێنێکی زیاتر بگرێت و لەپاڵیشییدا کۆمەڵێک بابەتی تر ڕاکێش دەکات. هێڵکاریی یەکەم و دووەمیش کە باس لە درووستبوونی سوبێکت دەکەن و دواتریش وەرگرتنی دالەکانی ئەوی تری گەورە لەلایەن سوبێکتەوە، ناتوانن بەپێی پێویست گوزارشت لەم پرۆسەیە بکەن. هەر بۆیە سێیەمیان هەڵبژێردراوە. لە بەشی سێیەمدا، زمان و دەربڕینەکانی سوبێکت بەدەوری هیوابڕییەکی بێکۆتاوە دەخولێنەوە، ئەویش ڕازیکردنی ئەوی تری گەورەیە یانیش دەرهێنانی سەرەداوێکە لەوەی سوبێکت بزانێت ئەویتری گەورە چی لەو دەوێت، تاکو بزانێت ئەویش ئارەزووی چی بکات. لەم قۆناغەدا، ئارەزوو لە داشکاندنی نێوان داواکردن و پێویستییەوە دروست دەبێت، واتە لە دۆخێکدا کە مانا تێکدەشکێت و بۆشایییەک درووست دەبێت لە بەرانبەر ئەوەی کە سوبێکت چی دەڵێت و ئەوی تری گەورەش گوێی لە چی دەبێت. بۆ نموونە، نەخۆش کە قسە بۆ دەروونشیکار دەکات نازانێت دەروونشیکار وەک ئەوی تری گەورە چی لەو دەوێت. ئاخاوتنەکانی نەخۆشەکە لە زنجیرەیەک دەربڕینی سادەوە دەگۆڕێت بۆ هەوڵێک تاکو ئارەزووی دەروونشیکار بدۆزێتەوە. بەتایبەتی ئەمە لە کاتێکدایە، کە نەخۆشەکە زۆر بەوردی دەکەوێتە قسەکردن و چاوەڕێی ئەوە دەکات دەروونشیکار کاردانەوەیەکی جیاوازی هەبێت، کەچی دەروونشیکار بە سووکە دەربڕینێکی وەک “بەڵێ، بەردەوام بە.” یانیش هەر تەنیا منگەمنگ و سەر لەقاندنێک ستوونێکی توندتر بۆ نوقسانی و هەڵنەهێنانی مەتەڵی ئارەزووەکە درووست دەکات. ئەمەیان تەنیا نموونەیەکە و دەکرێت دەیان شتی تر لەم هێڵکارییە دابنرێت و وەک نموونە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هەر ئەزموونی سوبێکت خۆی دەقاودەق هێڵکارییەکە دەگرێتەوە، ئەوەی کە سوبێکت دوای بەسوبێکتبوون دێتە ناو پانتاییی ڕەمزی و لەڕێگەی دالەکانی ئەوی تری گەورەوە دەیەوێت ئارەزووەکانی خۆی دەستنیشان بکات، بەڵام بەتەواوی نازانێت ئەوی تری گەورە چی لێ دەوێت، ئیتر بە چنینی فەنتازیا و خۆبەستنەوە بە واقیع و خۆبەدوورگرتن لە ڕیاڵە زبرەکە دەکەوێتە ناو ململانێیەکی ناکۆتادا. [3]

وەرگێڕ وەک سوبێکتێکی لەتبوو، یانیش وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی کەرتبوو دەکەوێتە جێگەی سوبێکتە لەتبووەکەی هاوکێشەکەوە ($) . لەوێدا هێشتا سەنگ و کێشی ئایدیاڵ ئیگۆی پانتاییی خەیاڵی بە کۆمەڵێک وێنەی کامڵەوە ڕێبەستی دەکات، ئەو وێنەیەی کە سوبێکت لەگەڵیدا هاوشووناس بووە و فەنتازیای ئاغایەتییەکی بۆ درووست کردووە. وەرگێڕان لەو نێوانەدا دەیەوێت ئەم وێنەیە بپارێزێت، ئەم سەروەرێتییە خەیاڵییە لەنێوان زمانەکاندا بەپارێزراوی بگوازێتەوە. بێئاگا لەوەی ئەم وێنەیە دوای هەر چوونەپێشەوەیەک وردە وردە تێکدەشکێت و ئارەزووی وەرگێڕان خلۆری دەکاتەوە. پرسیاری “چیت دەوێت؟” لە قولەپۆپەی هاوکێشەکە سەرلەبەری پرۆسەی وەرگێڕان دەتەنێتەوە. بەڵام شێوازی پرسیارکردنەکە کەمێک دەگۆڕێت، چونکە لێرەدا دەقی “قەلەڕەش” دەبێت بە ئەویتری گەورە و وەرگێڕانیش لەناو ئەم پانتایییە ڕەمزییەدا کە موڵکی ئەوی تری گەورەیە [واتە شیعری قەلەڕەش]، دۆش دادەمێنێت و دەپرسێت: “شیعر[ئەوی تری گەورە]ەکە چی لێم دەوێت؟ زمانی ئەم دەقە چی لە زمانەکەم دەوێت؟” یان هەروەک پرسیارەکە زۆر ڕوون و ڕاشکاو لە دەقەکە دەپرسێت: “چیت دەوێت؟”، لێرەدا وەرگێڕان دووچاری سەختییە سەرەکییەکە دەبێتەوە بەوەی ئەوی تری گەورە ناتوانێت هیچ جۆرە وەڵامێک بۆ پرسیارەکانی دابین بکات و بەمەش نازانێت ئەوی تری گەورە [دەقەکە] ئارەزووی چی دەکات و چۆن سیستەمی دالەکانی هەڵبگرێت و بەنێو پانتایییە ڕەمزییەکەی خۆی بدوورێتەوە [چونکە ئەوی تری گەورە خۆی نوقسانە]. لێرەدا جگە لە فەنتازیاسازییەک بۆ خۆگرتنەوە و پەیوەستبوون بە واقیعی پرۆسەکەوە هیچ بژاردەیەکی تر نییە. تەنانەت بەم بارەش، ناتوانین لە کڕۆکی ئارەزووی دەقەکە بگەین، ئاخۆ بزانین دەقەکە چی لێمان دەوێت، دەیەوێت تەنیا ماناکەی لێ بگوازینەوە؟ یان ژوورخانە هەستەکی و پڕهەژەندەکەی بئافرێنینەوە؟ یاخود هەردووکی و یانیش هیچیان [هەر وەرینەگێڕین]؟ ئیتر لە هەوڵ و دەستەویەخەبوونێکی وەهادایە کە دەمانەوێت ستایل و شێوازە کەسییەکەی خۆمان بەسەر دەقەکە بسەپێنین و لە وەرگێڕانییدا پرۆسەکە سوبێکتیڤ بکەینەوە، ئەو ستایل و وێنەیەی ئایدیاڵ ئیگۆ پێمانی دەدات. بەڵام بەهۆی خاڵێکەوە ئەم هەوڵە سەرناگرێت، خاڵێک کە هاوجۆرە لەگەڵ نیگای ئەوی تری گەورە و ئێمە لێیەوە لە چاوی ئەوی تری گەورەوە لە خۆمان دەڕوانین، کە ئەویش پێچەوانەی ئایدیاڵ ئیگۆیە و پێی دەگوترێت ئیگۆ ئایدیاڵ. ئایدیاڵ ئیگۆ گەر سەر بە پانتاییی خەیاڵی بێت، ئەوا ئیگۆ ئایدیاڵ سەر بە پانتاییی ڕەمزییە. ئەو خاڵەیە وا ئێمە لەلایەن ئەویتری گەورەوە دەناسرێینەوە. لە ڕێگەی ئەوەوە خۆمان بە پانتاییی ڕەمزی ڕاگیر دەکەین و نەک وەک گشتەباسێک، بگرە زۆر بە وردی سەرنجی خۆمان دەدەین لەوەی چۆنچۆنی دەبینرێین. ئەمە بەتەواوی بۆ وەرگێڕانیش دروستە، دەقەکە وەک ئەوی تری گەورە خاڵی ئیگۆ ئایدیاڵ دروست دەکات، بەم شێوەیە یاسا و قەدەغەکان چڕتر دەکاتەوە. وەکچۆن ئێمە لە هەر جووڵە یاخود قسەکردنێکمان گریمانەی ئەوی تری گەورە دەکەین و سەیرێکی ئەملاو ئەولا دەکەین داخۆ چۆن بینراوین، بە هەمان شێوە لە وەرگێڕانی هەر وشە و ڕستەیەکیشدا بۆ ئەوی تری گەورە [دەقەکە] دەگەڕێینەوە و بەراوردی دەکەینەوە و دەمانەوێت بزانین ئاخۆ لەم وەرگێڕانەماندا تا چەند ڕێنوێنییمان لە دەقەکە کردووە، ئەرێ لە چاوی دەقەکەوە چۆن دەبینرێت، و تا چەند ئەومان ڕازیی کردووە. خودی بەراوردکردنی وەرگێڕانەکە بە دەقی ڕەسەن ئیگۆ ئایدیاڵ زەق دەکاتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە نابێت ئارەزوو و گوژمی زمانی وەرگێڕان ئاراستەی دەقە ڕەسەنەکە بەبێ کێشانە و پێوانەی خۆی بگوازێتەوە، ناوەکیکردنەوەی ئەمە نزیکبوونەوەیە لەو وێنەیەی کە ئەوی تری گەورە لەژێر ناوی “وەرگێڕی باش پێویستە بەم جۆرە بێت” دایدەتاشێت. لە وەها دۆخێک نە دەکرێت بەتەواوی پەیڕەوی لە ئیگۆ ئایدیاڵ بکەین، نە ئایدیاڵ ئیگۆش پیادە بکەین بەوەی شێوازی کەسیی خۆمانی بەسەر بسەپێنین. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا وەرگێڕان خۆیەتی بە هەموو گرێ و پێچە سەختەکانییەوە کە گوزارشت لە لۆژیکە تاقاناکەی ئارەزووی لاکانی دەکات. ئارەزووێک کە دەیەوێت دەقێکی دەستپیانەگەیشتوو دەستبخات، دەق کە گواستنەوەی مەحاڵە و ئارەزووی وەرگێڕانی دەقیش لە بەرەنجامی نوقسانییەوە دروست بووە! واتە ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا دەمێنێتەوە وەرگێڕانێکی تۆقێنەرە بۆ وەرگێڕانی [دەستخستنی] ئۆبێکت-هۆکاری ئارەزوو.
واڵتەر بنیامینیش لە “ئەرکی وەرگێڕ[4]“دا تێگەیشتنێکی تر لەمەڕ ئەم شکستەی وەرگێڕ دەخاتەڕوو. بنیامین لەم وتارەیدا لەپاڵ ئەوەی وەرگێڕان وەک هەوڵێک دەناسێنێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەقی ڕەسەن، باس لەوەش دەکات کە وەرگێڕان وەک پرۆسەیەک دۆخی پەرتەوازەیی و لەتبوویی زمان ئاشکرا دەکات. هەموو زمانێک سنووردار و ناتەواوە، بۆیەش بەدوای شتێک دەگەڕێت کە لەودیو سنوورەکانی خۆیەوە بێت. وەرگێڕان بەم بارە دەرخەری مەودایەکی نادیارە کە دەبێتە هۆکار بۆ جیاکردنەوەی وشە لە مانا و واتا ژێرینەکان. ئیتر وەرگێڕ وەک سوبێکتێکی ناو ئەم پرۆسەیە دەچێتە پێگەیەکی تراژیدییەوە: چونکە سەرەڕای ئەوەی دەزانێت بەهیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابێت، کەچی هەر دەیەوێت یەکانگیرییەک لەنێو زمانەکان بخولقێنێت. لێرەوەیە کە بنیامین وەرگێڕان لە پرۆسەیەکی تەکنیکی و زمانەوانییەوە دەگۆڕێت بۆ چارەنووسێکی فەلسەفی. قڵیش و درزە بنیامینییەکە بە هەمان شێوەی نوقسانییە لاکانییەکە لە “قەلەڕەش”دا بەرچاو دەکەوێت. چونکە شیعرەکە پشتبەستە بە پەیوەندییەکی ماتماتیکییانەی نێوان دەنگ و کارکردی هەست. وەرگێڕانی دەقێک کە بە پەیوەندییەکی وەها تەلبەند کراوە تەنیا لە ڕێگەی قوربانییەوە وەردەگێڕدرێت. واتە وەرگێڕانێکی کامڵ تەنیا وەک ئۆبێکتی بچووکی ئەی لە ئارەزووی وەرگێڕدا بوونی هەیە و هەمیشە وەک شتێکی دەستپیانەگەیشتوو دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت ڕامی بکات. وەرگێڕان بەردەوامە لەبەرئەوەی کامڵبوون مەحاڵە و هەر بە مەحاڵییش دەمێنێتەوە. وەرگێڕان هەر خۆی ماخۆلیایە.
هەر سەبارەت بە “ئەرکی وەرگێڕ”، بنیامین لە وتارەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی ورد دەورووژێنیت و لەپاڵیشیدا نموونە دەهێنێتەوە. یەکێک لەم خاڵانە سەبارەت بە وەرگێڕە کە وەک غەریبەیەکی تاسەمەند لێی دەڕوانێت، سوبێکتێک نە پێی وایە لەناو زمانی بیانییدا لە ماڵە و نە بە زمانی خۆیشی ڕەزامەندە. دواتر، بۆ ئەو جیاوازی شاعیر و وەرگێڕ لەوەدایە کە شاعیر لەناو زماندا کار دەکات، بەڵام وەرگێڕ لە دەرەوەی ئەم دارستانەدایە کە ناوی زمانە و ئامانجی وەرگێڕیش بریتییە لە زمان وەک گشتێک. مەبەستیش لەم ئامانجەی تێکۆشانێکە بۆ ئافراندنی زایەڵەی دەقی ڕەسەن. بنیامین ئاماژە بە تێڕوانینی فەیلەسووف و شاعیری ئەڵمانی، ڕودۆلف پانویتس، دەکات. بەبڕوای ناوبراو، وەرگێڕانە خراپەکان ئەو وەرگێڕانانەن کە هەوڵ دەدەن دەقی ڕەسەن بەخۆماڵی بکەن [چونکە خۆماڵیکردنی دەقی ڕەسەن لەئەفسوونداماڵین و خەساندنی دەقەکەی لێ دەکەوێتەوە]. بۆ نموونە، ئەو وەرگێڕە ئەڵمانییانەی دەیانەویست دەقی یۆنانی بە ئەڵمانی بکەن [بئەڵمانێنن]، لەکاتێکدا دەبێت بەپێچەوانەوە بێت. واتە بەپێی ڕودۆلف پانویتس، نابێت لە وەرگێڕانی دەقێکی ئینگلیزیدا هەوڵی بەکوردیکردنی دەقە ئینگلیزییەکە بدەین، بەڵکوو دەبێت هەوڵی بەئینگلیزیکردنی زمانەکەی خۆمان بدەین! ئەمە مانای کوشتنی زمانەکەت نییە؟ نەخێر، چونکە مەبەست لە بەئینگلیزیکردنی کوردی یان بەیۆنانیکردنی ئەڵمانی لەوەدایە کە دەقی سەرچاوە بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بگوازرێتەوە کە لەکاتی خوێندنەوە هەست بەوە بکرێت زمانی کوردی لەو جیڕییەی هاتووەتە دەرەوە و لەڕێگەی ئەم وەرگێڕانەوە خۆی لێککشاندووەتەوە لەپێناو کردنەوەی کۆمەڵێک پێچ و شاڕێی پڕ هەڵبەز و دابەز بۆ پێشوازیکردن لە دەقە ڕەسەنەکە و نواندنەوەی دەقەکە، لانی کەم، وەک ئەوەی هەبووە. بۆ نموونە، لە ئەدەبدا پێویستە دەقی نووسەرێکی هاوچەرخ بەشێوەیەکی ئێستایی و هاوچەرخانە وەربگێڕدرێت نەوەک بە کوردییەکی پەتیگەرا، کە بە تێڕوانینە لاکانییەکە هەر خۆی ئەم هەوڵی کورداندنە بریتییە لە کشانەوەیەک بۆ باوەشە بێخەوشەکەی ئەوی تری سەر بە ئارەزوو: دایک .[M]Other واتە بەکوردیکردن و کورداندن هەر خۆی هۆکارە بۆ هەژاری و کوشتنی زمان. لای بنیامین، تاکە کەسێک کە لە ئەرکی وەرگێڕ تێگەیشتبێت، ئەوا فرێدریک هۆڵدەرلینی شاعیرە. ئەو لە وەرگێڕانی ئەنتیگۆن و ئۆدیپ پاشای سۆفۆکلیسدا ڕچەوڕێکاری پانویتسی بەکارهێنا، بەڵام زیاد لە ڕاددە ئەم تەکنیکەی پەیڕەو کرد و دەیەویست زمانی ئەڵمانی و یۆنانی یەکبخات، کە بنیامین بە هەوڵێکی “تۆقێنەر” ناوزەدی دەکات. ئەو ڕەتی کردەوە دەقەکە بەخۆماڵی بکات، بەڵام لەم نێوانەدا زیاد لە ڕاددە سەرکێشی کرد و تەنانەت ڕستەسازیی ئەڵمانی بە شێوازی ڕستەسازیی گریکی داڕشتەوە، پانتاییی ڕەمزیی زمانی خۆی خستە ژێر پانتاییی ڕەمزیی زمانێکی تری وەک یۆنانی، ئەم خستنەژێرە بە واتای لەناوبردنی پانتاییی ڕەمزیی زمانەکەی خۆی نایەت، بەڵکوو بە مانای کردنەوە و درووستکردنی پانتایییەکی نوێ دێت کە هەردوو زمانی ئەڵمانی و یۆنانی تیایدا یەکبگرن [ئەی ئاسایییە بڵێین هەوڵەکەی هۆڵدەرلین تێکشاندنی دوو زمان بووە لەپێناو درووستکردنی زمانێکی نوێ؟!]. بۆ ئەوەی ئەم پەرەگرافە تەواو ببێت و درێژەی پێ نەدرێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە لای بنیامین، ئەم شێوازە نەریتییەش ڕەت دەکرێتەوە وا جەخت لەسەر دوو جۆری وەرگێڕان دەکاتەوە وەک “وشە بۆ وشە” و “مانا بۆ مانا”. وەرگێڕان بە مانا بنیامینییەکە، نە پێویستە لاساییی مانا ڕەسەنەکە بکاتەوە، نە داڕشتنەوەیەکی دەقاودەقییش، بگرە دەبێت بە ئەشقەوە هەوڵی یەکخستن و ئافراندنەوەی شێوازی مانا ڕەسەنەکە بدرێت، هاوشێوەی کۆکردنەوەی کەلوپەل و پارچەکانی پاپۆڕێکی تێکشکاو. وەرگێڕان و دەقی ڕەسەن بریتیین لەم کەلوپەلە کە گوزارشت لە شتێکی باڵاتر دەکەن، ئەمەش بەو مەبەستە نییە کە هەردووکیان پێویستە لە یەکتری بچن، بەپێچەوانەوە دەبێت هەردووکیان لەم قۆرت و گرێیانەدا بەستنگەیەکی گونجاو درووست بکەن.
گەر تێزەکەی بنیامین تێهەڵکێشی تێڕوانینە لاکانییەکە بکرێت، دواجار وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی لێ دێت کە دەیەوێت مەحاڵێتیی خودی وەرگێڕان نیشان بدات. وەرگێڕان وەک دەرگیربوونێک بۆ ڕەمزاندن، بەرجەستەکردنی کۆمەڵێک دالە بۆ نیشاندانی ناوکێکی زبر کە وەرناگێڕدرێت و هەر بە وەرنەگێڕدراوییش دەمێنێتەوە. دەقی سەرچاوەش وەک ئۆبێکت [و ئەوی تری گەورە] ناچارمان دەکات لە غیابی کۆمەڵێک ڕەهەندی زمانەکەمان ڕابمێنین. ئەم تێڕامان و خۆئامادەکردنە دەرهەق بە غیابی زمان وەرگێڕانی لێ دەکەوێتەوە و وەرگێڕانی دەقەکەش بریتییە لە کوشتنی دەقەکە و نواندنەوەی لەناو زمانێکی تر. ئەم نواندنەوەیە هەر خۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ترە لەگەڵ غیابی زمان. واتە وەرگێڕانی دەقێک بۆ سەر چەندین زمانی جیاواز ڕێکاوڕێک هەوڵی نواندنەوەی دەقە ڕەسەنە غیابەکەیە. زیندوومانەوەی دەقەکەش خۆی لە سەرنەکەوتنی وەرگێڕاندا دەبینێتەوە، زیندوومانەوەکەی لەوەدایە کە هیچ وەرگێڕانێک ناتوانێت دەقەکە بەتەواوی وەک خۆی بگوازێتەوە و بینوێنێتەوە. ڕاستە کە دالەکان لەم پرۆسەیەدا هەوڵی گواستنەوەی دالە نەڕەمزێنراوەکانی تر دەدەن، بەڵام مەودایەک هەیە لە توانای دال بەدەرە و ناتوانێت بەتەواوەتی بیکوژێت [بینوێنێتەوە]. نەمریی دەقەکە لە درووستکردنی برینێکی نەمر و ساڕێژنەبوودایە، وەرگێڕانی دەقەکەش داو و دەرمانێکن بۆ ساڕێژکردنی ئەم برینە. کەواتە وەرگێڕانی دەق بەهیچ شێوەیەک بەمانای گەشتکردنی دەقەکە نایەت بۆ ناو زمانێکی تر، بەڵکوو ئەم دەقە هەر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و وەرگێڕان دەیەوێت بگات بەو شوێنەی کە دەقەکەی لێیە. دەق ماڵ جێناهێڵێت و تەنانەت دەرگای ماڵەکەشی لەسەر ئێمە قفڵ نادات، ئەوەیشی وا دەکات نەزانین بە چ شێوازێک لە دەرگای دەقەکە بدەین و سەردانی بکەین نوقسانییەکی بونیادی پانتایییە ڕەمزییەکەی وەرگێڕانە. وەکچۆن سوبێکت لە هەوڵی بەسوبێکتبووندا شکست دێنێت و ئەم شکستە بریتییە لە خودی سوبێکت، بەهەمان شێوە بۆ وەرگێڕانیش درووستە، ئەم نەزانینە لە نزیکبوونەوە و لە دەرگادانی دەقەکە بریتییە لە خودی وەرگێڕانی دەقەکە.
[1] نجفی، صالح. (١٣٩٦، ٢٥ خرداد). نامه اول. پیجز مگزین.
[2] Lacan, J. (2006). The subversion of the subject and the dialectic of desire in the Freudian unconscious. In Écrits: The first complete edition in English (B. Fink, Trans.; pp. 671–702). W. W. Norton & Company.
[3] Graph 3 (Lacan, Écrits, 2006, p. 690)
[4] Benjamin, W. (1968). The task of the translator (H. Zohn, Trans.). In Illuminations. Harcourt, Brace & World.