ژنەفتن ژنەفتن
وتار

گەمەی پەزڵ و لێنزی زمان لە ڕۆمانی “لەوێ مەمرە”دا

مانای دەق:

کەسێک بپرسێت ئەم ڕۆمانە “لەوێ مەمرە” باسی چی دەکات؟ یەکسەر ئەستەمە بڵێیت باسی چی دەکات! چونکە چەندین چیرۆکی نیوەچڵ، ناتەواو، ئاڵۆز و شێواو، بروسکەیی خۆیان دەردەخەن و نامێنن؛ پاشان لە جێگەیەکی تردا؛ لە سەردەمێکی تر، زووتر یان درەنگتر، و لە زمانی کەسێکی دیکەوە دێنەوە. کەشفکردنی هەر پارچەیەک لەم چیرۆکانە، پێویستی بە کەشفکردنی چیرۆکێکی پارچەپارچەبووی تر هەیە لە شوێنێکی دیکەدا. چەشنی گەمە میکانۆیییەکان و گەمە پەزڵ و کاغەزییەکان، هیچ شتێک زیاد و بێکەڵک نییە، تەنیا جارێ ئێرە شوێنی نییە.

سەرەنجام هەموویان بەشێکن لە چیرۆکێکی درێژ، کە لە هەناوی وێنەیەکی گەورەی وردوخاشبووەوە هاتوونەتە دەرەوە، ئەویش: بیرەوەرییە؛ بیرەوەریی دەروونی، نەک مێژوویی!

فۆڕمی دەقەکە، دەقیقەن بەپێی زەینی شێواوی کەسەکانە. زەمەن شکاو و پارچەپارچەیە، وەک پارچەپارچەییی بیروهۆشی کەسانێک کە کەسێکیان لەدەست داوە. ئەم بەرزونزمییەی مرۆڤەکان لە ژیاندا تووش هاتوون، لە دەقەکەدا بە فۆڕم، دۆخ و زەمەنی بەرزونزمی بۆ درووست کراوە؛ هەر کەسێکیش لە هەر بەشێکی دەقەکەدا، بە هەمان فۆڕم، چیرۆکی خۆی یان چیرۆکی کەسێکی تر، بە هاوکاریی یادەوەری، هەوڵ دەدا گرێیەک بۆ خۆی و بۆ خوێنەر بکاتەوە. واتا هەر کارەکتەرێک دەگەڕێت بەشە دەستلێنەدراو و پێنەزاندراوەکەی خۆی بزانێت، بەڵام بە چەندین نەزاندراوی دیکەدا دەگات. خوێنەریش هەر بەم نەزاندراوانە و مەزەندە و لەخۆوەزانیی کارەکتەرەکان، چیرۆکەکانیان دەناسێت.

بۆ ئەوەی لە مانا گشتییەکەی ڕۆمانەکە بگەیت، دەبێ بچیتە بینای ئەندازیاریی دەقەکەوە. ئەم فۆڕمە پەزڵاوییەی نووسەر بەکاری هێناوە، تەنیا یارییەکی تەکنیکی نییە؛ فۆڕم و مانا یەکیان گرتووە، واتا شێوازی گێڕانەوەکە دەبێتە بەشێک لە ئازاری کارەکتەرەکەش. خوێنەریش کاتێک پارچەکان کۆ دەکاتەوە، هەمان ئەو سەرلێشێواوییە تاقی دەکاتەوە کە “موراد”، “جیهانگیر” و “سارا” تاقیان کردووەتەوە.

blank
ڕووبەرگی ڕۆمانی (لەوێ مەمرە) ڕەزا عەلیپوور، چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢٥

زمانی گێڕانەوە:

لەم ڕۆمانەدا چونکە گرنگی بە سەلیقەی خوێنەری گشتی نەدراوە، تەنیا جۆرێکی تایبەت لە خوێنەر تا کۆتایی لەگەڵ دەقەکەدا دەمێننەوە. هۆکاری ئەم نەمانەوەیە، زمانە. لە دەقی نوێدا، پێش مانا، زمان مەسەلەیەکی ئاگایییە. زمانیش، پێش ئەوەی مەسەلەیەکی ئاگایی بێت، وشەیییە. ئاگاییی زمان لە تێکستی گێڕانەوەدا، سەرەتا ئاگاداربوون و ڕامانە لە وشە. هەر بەم تێرمە، “لەوێ مەمرە” ڕۆمانێکی وشەیییە، واتا دەلالەتەکان لە وشەکاندا دەکرێنەوە. مانا، خۆی لە نێو ڕستەکاندا حەشار داوە؛ هەر ڕستەیەک پێش ئەوەی بیانوو بێت بۆ گێڕانەوەی شتێک، سەربەخۆ شتێک دەگێڕێتەوە و پاشان دەبێتە ڕستەیەک لە پەڕەگرافێکدا، و پەڕەگرافێک لە گشتدا.

پێش هەموو ڕەگەزێک، نوێخوازی لە زماندا، نوێخوازی لە دەقدا پیشان دەدات. جگە لەوە، ئەوەی کە کەلێن و کورتهێنانی ڕەگەزەکانی تری گێڕانەوە (دیالۆگ، کات، شوێن و تەنانەت پلۆتێکی لاوازیش) پڕ دەکاتەوە، زمانە. بێگومان مەبەستم لە زمان، بازنەی ڕێنووس و خاڵبەندی نییە، کاتێک دەڵێم زمان، هەموو سیستەمەکە دەگرێتەوە.

ڕەزا علیپوور لەم ڕۆمانەدا، ئەزموونگەرانە دەنووسێت. نووسینی تاقیکاری (ئەزموونگەرایی) ناتوانێت ملکەچی “سەلیقەی باوی خوێنەر” بێت. خوێنەری ڕاهاتوو لەسەر گێڕانەوەی هێڵی (سەرەتا، گرێچن، کۆتایی)، کاتێک ڕووبەڕووی زمانێک دەبێتەوە کە کار لەسەر “وشە” و “ئاگایی” دەکات، هەست بە نامۆیی دەکات. ئەم سنووربەزاندنە کە هەندێک جار بە “کفر” ناوزەد دەکرێت، لە ڕاستیدا تێکدانی دیسپلینی زمانە باوەکەیە بۆ درووستکردنی دیسپلینێکی نوێ.

هەڵبژاردنی زمان بۆ ڕووداو و مانای دەق:

چ کورت چ درێژ، هەموو بەرهەمێک وتووێژە لەگەڵ مێژووی خۆیدا. هەموو مێژووێک مانا و زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لە گێڕانەوەی نوێدا، یەک چرکەش، مێژووە. هەر هاتنە دەرەوەیەک لە ماڵەوە بۆ کڕینی تەنانەت خواردنی پشیلەیەک، مێژووە. لە ڕوانگەی مۆدێرنەوە، خواردنەوەی قاوەیەک لە کافەیەکدا، کەمتر نییە لە شەڕێکی گەورەی مێژوویی؛ چونکە “نیگەرانییەکانی مرۆڤی هاوچەرخ” لەم وردەکارییە ڕۆژانە و مایکرۆسکۆپیانەدا خۆیان حەشار داوە.

ڕەزا عەلیپوور پێش ئەوەی مانای مێژوو بهێنێتەوە بۆ ئەم سەردەمە، زمانی مێژووەکەی هێناوەتەوە یان درووستی کردووەتەوە. واتا بە زمانی مێژووەکە، بیری لە مانای مێژووەکە کردووەتەوە؛ بیری لە چەمکی “نیگەرانی”_ نیگەرانی وەک خۆی لە ساتەوەختی خۆیدا_ کردووەتەوە.

واتا مرۆڤ لە سەردەمێکدا، بە شتێک نیگەرانە و لە سەردەمێکی تردا بە شتێکی تر. لە لایەک نیگەرانییەک هەیە سەردەمییانە، کە ئیشکردنە لەسەر خاسیەتە هەستی و ڕاڕایییەکانی مرۆڤی بەهەراوزنای ئەم سەردەمە؛ شۆکی لەدەستدان و جەنگ. لە لایەکی ترەوە نیگەرانییەک هەیە لە سەردەمێکی تردا بەم بارودۆخەی هەیەتی؛ کە جەنگە!

گێڕانەوە لە چاوی کامێراوە:

جۆری کامێرا گرینگ نییە، ڕوانین گرینگە.”

فۆتۆگرافەر سنایپێرە و تاقە تیرێک دەهاوێ، فۆتۆگرافی دەسڕێژکردن نییە، نیشانشکێنییە” ئەم دوو نموونەیە، زانیارین دەربارەی کامێرا و ڕوانینی فۆتۆگرافەرانە کە نووسەر هەیەتی. ئەم باگراوندە پێش ئەوەی بارگاوی کرابێت بە سێرچکردن دەربارەی کامێرا و پارچەکانی (کە نووسەر ئەو زانیارییەشی هەیە) بارگاوییە بە مەعریفەی گرتنی فۆتۆ. گواستنەوەی ئەم دیمەنە بە چاوی فۆتۆ لە دەقی گێڕانەوەدا، ئاگاداربوونە لە هەموو بەشەکانی کامێرە و پاشان هونەری گرتنی وێنەیەک. هەر بەم جۆرە، درووستکردنی کارەکتەرێک کە فۆتۆگرافەرە و بەم شارەزایییەیە لە پارچەکانی کامێرەدا و گێڕانەوە لە ڕێگەی لێنزی کامێرایەکەوە، هێزی قەناعەتپێکردن بۆ خوێنەر درووست دەکات تا دیمەنەکان لە چاوی لێنزێکەوە ببینێت.

جگە لە گێڕانەوە لە ڕێگەی فۆتۆوە، درووستکردنی وێنەی جووڵاو یان گێڕانەوە لە ڕێگەی کامێرایەکی ڤیدیۆییەوە “…لە یەکیاندا بریندارێک لە ناوەڕاستی جادە کەوتووە و خوێنی لێ دەڕوات، کەس ناوێرێ بچێ بە لایدا، کامێرا و دەوروبەر نیشان دەدات…” (ل۱۱٨) هەوڵێکی تری نووسەرە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆمانە بچێتە خانەی ئەم دەقانەی فۆڕمێکی سینەمایییان هەیە!

سیناریۆسازی و پێشاندان:

ئەو دەقانەی ئیمکانی وێنەگرتن و بوون بە فیلمیان هەیە، لە سەرەتاوە بیر لە شێوازەکەی کراوەتەوە کە بەم ئاڕاستەیەدا بڕوات. لە چەند بەشێکی ئەم ڕۆمانەدا هەست دەکەی فیلمسازێک ڕۆمانێکی بە فۆڕمی شیعری نوسیووە؛ ئەم شێوەیەی فیلم کە دیالۆگاکان شیعریین، لە زۆر شوێندا، وەک بڵێی گێڕەرەوە کامێرای لە دەستە، لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە لە جیاتی ئەوەی بنووسێت، وێنە دەگرێت:

گۆڕینی: “جگەرەیەکم بدێ.” بۆ “جگەرەیەکم بۆ فڕێ دە، دایشیگرسێنە” پاراستنی ڕستەکەیە لەو توخمەی باوەی هەیەتی بەرەو جووڵە و فەزایەکی سینەمایی. پێش بینینی ئەم ڕستەیە، کەسێکی تر ئەم دێڕەی بنووسیایە، نزیکی ئەمە یان مانای دێڕەکەی دەنووسی، یان بە هەوڵێکی تر ئەم ڕستەیەی دەنووسی کە خوێنەر وەک ئەم ڕستەیە نەیدەخوێندەوە.

ڕستە هەمیشە چەند ئیمکانێکی هەیە و ئەم ڕستەیەش بیرلێکراوەترین هەوڵە بۆ داڕشتنی ڕستەکە و درووستکردنی وەسف. کوشەندەترین وەسفەکان لە گێڕانەوەدا، وەسفە زانیاریبەخشەکانن. نووسەری باش، وەسف درووست دەکات و لە جێی ئەوەی وێنەیەک بگوازێتەوە و بگێڕێتەوە، پیشانت دەدات و وات لێ دەکات بیبینیت. لە “لەوێ مەمرە”دا، نووسەر پیشان دەدات کە کەسێک چۆن لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە؛ نانووسێت: پیاوێک لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە.

گۆڕینی ڕاناو و گۆشەنیگای گێڕانەوە:

گۆڕینی گۆشەنیگای گێڕانەوە، بێ ئەوەی هەڵەی لۆجیکی لە گۆڕینی ڕاناودا درووست ببێت و خوێنەر داببڕێت و نەزانێت ئێستا ئەم بازدانە چی بوو؟ پێویستی بە بیانووێکی باوەڕپێکراو هەیە. هێزی ئەم باوەڕە لە فۆڕمدا درووست دەبێت، کە تێیدا ڕۆماننووس باش ئاگاداری ڕێزمانی زمانە. لە بەشی سێیەمی ڕۆمانەکەدا، گێڕانەوەکە تەنیا لە یەک ڕستەدا: “گوتبێتی دەتخوازم، نەیخوازتبێت” بە سێ ڕاناوی جیاواز نووسراوە.

گوتبێتی: ڕاناوی لکاو بۆ کەسی سێیەمی تاکی نادیار.

دەتخوازم: ڕاناوی لکاو بۆ کەسی دووەمی تاک.

نەیخوازتبێت: ڕاناوی لکاو بۆ کەسی سێیەمی تاک.

بە تەنیا لەم ڕستەیەدا، بە تەکنیک، نووسەر لە لایەکەوە چیرۆکی کارەکتەرێک دەگێڕێتەوە کە بەردەنگەکەی گێڕەڕەوەیە، و لە لایەکی ترەوە گێڕەڕەوەی کردووە بە کارەکتەر!

blank
دەربارەی نووسەر
بەڵێن سابیر
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە