ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

فایلی سپی

بەر لە چوونى دادوەر بۆ هۆڵى دادبینى، دۆسیەکەت دۆڕاندبوو، هەرچەندە بڕیارەکە تا درەنگتر قسەی لەسەر نەدەکرا، ئەمەت دەزانی چونکە پانکەی بنمیچی ژوورەكە وەستا، تەنها بۆ یەک چرکە.

ڕۆبێکی قەرزکراو بەسەرتدا هەڵواسرابوو: زۆر فەرمی، زۆر دیار بوو. لە دەرەوەی دادگا، باڵەخانەی دادوەری بە خۆڕاگرییەکەیەوە سەیری دەکردیت، شێوە هەڵكەوتنەكەی وا دەدوا ناوت نازانێت، وەلێ هەر لە منداڵییەوە بینیبووی کە بەم شەقامانەدا دەڕۆیت و وا خۆت نیشان دەدا کە لەگەڵ سێبەرەکاندا دەمەداڵێ و چەند و چون دەکەیت، ئەویش لە دواوە سەیری دەكردیت.

بە خۆتت وت ئەمە تەنها فایلێکی ترە. بە شێوەیەکی پیشەیی ئەم درۆیەت گوت.

لەناو سەرتدا سێ دەنگ بە هاوتەریب و بە یەکجار گفتوگۆی توندیان لەسەر دۆسیەکەیە.

دەنگی یاسایی پێشینەکانی دەخوێندەوە وەکوو ڕستەی گوێڕایەڵ. دەنگی ئەو خەیاڵە تەواونەکراوەی هی ژوانێكی كۆنتر، یان بردنەوەیەكی مسۆگەر.

دەنگی تایبەت پرسیاری کرد کە بۆچی دەستت دەلەرزێت.

دەنگی شار هیچی نەدەگوت، ئەمەش خراپتر بوو.

بە شێوەیەك ڕاوەستایت. یانژی وەستانت بیر چووبێتەوە. یان ڕەنگە خەیاڵی ڕێکردنت، هێشتا لێرە بێت.

ناوی بریگرتەکەت.. موەکەلەکەت بە ڕوونی نووسرابوو، بەڵام هەر جارێک کە دەیخوێنیتەوە، دەگۆڕا. هەندێک جار هی باوکت بوو. كەمێك فایلی دۆسیەكەت كێشایە ژێر قۆڵی ڕۆبەكەت، بینیت بوو بە ناوی خۆت. هەندێک جار هی کەس نەبوو، تەنێ بۆشایییەكی سپی بوو کە دەبوو شتێكی لێی بێت.

بە وریایییەوە دەدوایت. گفتوگۆکانت، لێوەکانتی وەکوو ئاژەڵە ڕاهێنراوەکان دەجووڵاند، لەو شوێنەی کە پێویست بوو کڕنۆشیان بکێشا، دەیانبرد. دادوەر بە دەربڕینی پیاوێک کە پێشتر سازشی كردووە، لاری نەبوون و كێشانەوەی داواكەی كردبوویە ئاشتی. بە کۆتایییەکی جیاوازەوە گوێی لێ بوو.

کاتێک لە باسی دادپەروەری، وشەکە زۆر بە دەنگی بەرز دەنگی دەدایەوە، وەک ئەوەی لە پشت ئەو دیوارەوە دڕێلێک شتێک کون بکات.

هەستت کرد شارەکە کز بووەتەوە. ئێرە ڕێگایەکی هەیە بۆ چوونە ژوورەوە بەبێ کردنەوەی دەرگا. تۆز، مێژوو، لەسێدارەدانی نیوە لەبیرکراو، گرێبەستە واژۆکراوەکان لە ژێر فشاردا، بەڵێنەکان لە یەكەم پلیكانە بە واژووەوە تا دوا پایە دەبن بە هەڵم لە پلیکانەکاندا چرپەیان دەکرد. هەموویان لە تەنیشتتەوە لەسەر کورسییە دارەکە دانیشتبوون. یەکێکیان دەستێکی خستە سەر شانت. ڕووت لێ نەکرد بزانی کامیانە.

بیرت هاتەوە کە خوێندکار بوویت، پێت وابوو یاسا ئەندازەیییە، هێڵی ڕوون، گۆشەی سەلمێنراو. بیرت هاتەوە پێکەنین بە پارێزەرە بەتەمەنەکان کە دەیانگوت، فێردەبیت چی نانووسرێت.

دادوەر دەدوا. یان ڕەنگە کارمەندەکە بووبێت. یان ڕەنگە ئەو دەنگە بووبێت کە دواتر گوێت لێ دەبوو، ئەم ساتەوەختەت دووبارە دەژەندەوە تا هەموو لێوارە تیژەکانی لەدەست دا. بڕیارەکە بە نەرمی کەوتە خوارەوە، وەک تۆز. هەموو شتێك وەستاو و سارد.

کاردانەوەت نەبوو، چەشنی پارێزەری ڕام و ڕاهێنراو. سەر و چەناگەت نەوی بوو، کاغەزەکانت کۆ کردەوە، ڕێوڕەسمی ئارامگرتنت ئەنجام دا. لە ناوەوە شتێک بە هێمنی خۆی پێداچوونەوەی بۆ کرد، ڕستەیەک کە ساڵانێک بوو باوەڕت پێی هەبوو.

لە دەرەوە خۆر بە بێباکییەوە خۆی هەڵخستبووە سەر دیوارەکانی دادگا. لە ژووری دادبینییەكەی تر، پارێزەرێکی دیکە خەریکی بردنەوەی دۆسیەیەک بوو.

بە پێ ڕۆیشتیتەوە ماڵەوە، چیرۆکەکەش بەدوات داهات.

ئەو شەوە، فایلێکی نوێت کردەوە.

چۆڵ بوو.

بۆ یەکەمجار نەتزانی کە ئایا بڕیارە بەرگرینامەیەك بنووسیت، یاخود دانپێدانانێک.

blank
دەربارەی نووسەر
هۆزار ئەحمەد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە