ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

زمان و حەقیقەت، مانای بوون

“سنووری زمانەکەم، سنووری جیهانەکەم دیار و دەستنیشان دەکات”

    ڤیتگنشتاین

پرسیارێک کە لە مێژووی فەلسەفەدا تا ئێستا ڕووبەرێکی گەورەی فەلسەفەی داگیر کردووە، ئەوەیە ئایا پەیوەندیی زمان لەگەڵ بیرکردنەوە و فیکر و حەقیقەتدا چییە؟ بابەتی زمان و پەیوەندیی لەگەڵ حەقیقەت و بیرکردنەوەدا یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکان کە بەردەوام لای فەیلەسووفان و لە هەموو سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی فەلسەفەدا شایانی بیرکردنەوە و تێڕامان بووە. لەو کاتەوە مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە ناسیبێت، بە جۆرێک لە گەڵ ئەم بابەتەدا پەیوەندی و دەرگیری هەبووە، کە بە ڕاستی پەیوەندیی زمان لەگەڵ حەقیقەت و ڕاستیدا چییە؟ دیوە ئاڵۆز و ناڕوونەکانی حەقیقەت چۆن دەتوانرێت لە رێگای زمانەوە هەڵبدرێتەوە و خۆی پیشان بدات، تا بەو جۆرە کە بوونی هەیە دەرک بکرێت؟ ئایا هەر بە ڕاستی دەتوانین لە دەرەوەی زمان بیر بکەینەوە و لەم رێگایەوە بگەین بە حەقیقەت؟ بە واتایەکی تر ئایا زمان تەنیا وشە و جۆرەکانی تێکەڵکردنی وشەکانە کە تەنیا ڕۆڵی ئەوەیان هەیە، وەک ئامێریکی سرووشتی، قسەکەر لە رێگایەوە حەقیقەتەکان بدۆزێتەوە؟ هیراکڵیتۆس فەیلەسووفی یونانی یەکەم کەس بوو کە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە، هیراکڵیتۆس لە حەقیقەتێک بە ناوی (لۆگۆس)وە قسەی کرد کە هەم نەزمی و رێکی دەبەخشێت بە جیهان و هەم دەیهێنێتە ناو فیکر و ئەندێشەوە. لای هیراکڵیتۆس زمان هەڵگری حەقیقەتی هەموو بوونە. ئەفلاتوون لە دیالۆگی کراتولۆسدا ئاماژە بەوە دەکات کە “ناوەکان و وشەکان راستی و حەقیقەتی شتەکانمان بۆ دەردەخەن”.

یان کاتێک سۆکرات دەڵێت “قسەی بێ فیکر و فیکری بێ قسە بوونیان نییە”، خۆی پەیوەندیی فیکر و زمانمان بۆ دەردەخات. زۆر نووسەر و فەیلەسووف لە سەر بابەت و گرنگی زمان دواون. لە سەردەمی نوێشدا فەیلەسووفان و نووسەران هەر لە هێردر و ڤیکۆ تا دەگاتە هایدگەر و ڤیتگنشتاین هەر کامیان بە جۆرێک و لە رێگای جیاوازەوە باسیان لە گرنگی و پەیوەندیی زمانەوە لەگەڵ بوون و جیهاندا کردووە. پۆل سیمپسۆنی زمانناس لە سەرەتای کتێبی (زمان، ئایدۆلۆژیا و ڕوانگە)وە نموونەیەک دەهێنێتەوە کە تێدا وردەکارییەکانی ڕۆڵی زمان و جۆرەی بەکارهێنانی بە هونەری نیگارکێشان دەشوبهێنێت، دەڵێت: لە سەردەمی کۆندا پاشایەک بووە کە قەموور بووە و چاوێکی کوێر بووە و قۆڵێکیشی نەبووە، ڕۆژێک ئەم پاشایە بە هونەرمەندەکانی دەرباری خۆی دەڵێت نیگارێکی لێ بکێشن. یەکەم نیگارکێش بۆ ئەوی پاشا لێی ناڕەحەت نەبێت عەیبە و خەوشەکانی پاشا وێنە ناکێشێ و نیگارێکی نۆڕماڵ دەکێشێت، بەڵام پاشا کە وێنەکە دەبینێت تووڕە دەبێت و فەرمان دەدا نیگارکێشی ڕیاکار لەناو ببەن. نیگارکێشی دووهەم کە دۆخەکەی بینی و زانی پادشا بەم ڕیاکارییە ناڕەحەتە، هەوڵی دا کە پاشا چۆنە بە وردی وەک خۆی بیکێشت تا پاشای لێ تووڕە نەبێت و وەک نیگارکێشی یەکەمی بەسەر نەیەت. بەڵام پاشا هەر کە وێنەکەی بینی و خۆی بینییەوە چەندە ناشیرینە و هەموو عەیبەکانی لە نیگارەکەدا دەرکەوت بوو، بە بینینی تووڕە بوو و ئەم نیگارکێشەش وەک ئەوی یەکەم بووە قوربانی. نیگارکێشی سێهەم کاتێک بانگ کرا و زانی ئەو دوو نیگارکێشەی پێشوو چیان بە سەرهاتووە، بیری کردەوە چی بکات بۆ ئەوەی پاشای لێ تووڕە نەبێت. نیگارکێش هەوڵیدا بۆ ئەم مەبەستە بەجۆرێک نیگاری پاشا بکێشێت کە خەریکی ڕاوکردنە، کاتێک خەریکە تیرێک لە کەوانەکەی بە مەبەستی پێکانی نێچیر دەهاوێت و لەم حاڵەتەشدا نیگارەکە بە جۆرێکە کە پاشا چاوە کوێرەکەی بەستووە و دیار نییە ولە حاڵەتی دەرکردنی تیرەکەشدا تۆزێک خۆی کۆم کردووەتەوە و قەموورییەکەشی دیار نامێنێت و هەموو عەیبەکانی لەو شێوازی وەستاندنەدا ناسرووشتی دەرناکەون. بە مانای ئەو خەوش و کەموکورتییەی کە نیگارکێشی یەکەم لەبەر نیگارنەکردنی کۆژراو و نیگارکێشی دووهەمیش لەبەر ئاشکراکردنی ژیانی لەدەست دا، بەڵام نیگارکێشی سێهەم لەبەر ئەو زیرەکییەی لە هونەرەکەیدا بەکاری هێنا، بوو بە هۆی ئەوەی پاشا خەڵاتێکی زۆری پێ ببەخشێت. لەم نموونەیەدا سیمپسۆن دەیەوێت بڵێت کە چۆن هونەرمەند دەتوانێت هونەرەکەی بە شێوەی جیاواز و بۆ مەبەستی جیاواز بەکار بهێنێت و راستییەکان بەو جۆرە نیگار بکات کە خۆی دەیەوێت، دەریبخات یان بیشارێتەوە یان لە شتێکی ترەوەی بپێچێت، زمانیش هەمان یاری دەکات. واتە چۆن نیگارکێش دەتوانێت لە باتی ڕەش، سپی دانێت یان لە باتی سپی، رەش دابنێت ئەوا نووسەر یان قسەکەریش دەتوانن بە ئامێری زمان هەموو شتێک بکەن، دڵەکان بێشێنن، بوختان دروست بکەن، کەسێک لە دەسەڵات بهێننە خوارێ یان بیخەنە سەر کورسیی دەسەڵات. زمان هەموو شتێکی پێ دەکرێت و دەکرێت بۆ هەر مەبەستک بەکار بێت. بەمجۆرە زمان وەک خودی نیگارکێشان دەتوانێت ڕاستی بڵێت یان بیشێوێنێت یاخود ئاڵۆزی بکات و لە ژێر شتی ترەوە بیشارێتەوە.

 زمان؛ ڕایەڵەی نێوان هزر و جیهان

لە دیدی ڤیتگنشتاین فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی زمان بە تایبەتی، ئەوە نییە چەند دەستەواژەیەکی فەلسەفی دابڕێژێت و ڕۆبنرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو زمانەوە، بەڵکوو بریتییە لە ڕوونکردنەوەی دەستەواژەکان. بەو پێیەی دەستەواژەکان لەبەرگیراوەی کەتوارن و لە هزردا نەخشاون، شرۆڤەکردنی ئەو دوو جیهانە، پێویستییە.

لە فەلسەفەی ڤیتگنشتایندا حەقیقەت، یان ڕاستەقینە بریتییە لە خودی جیهان نەک حەقیقەت شمەک و شت بێت. بۆیە دوو چەمک، وەک چەمکی بنەڕەتی لەو فەلسەفەیەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەوانیش وێنەی جیهان و وێنەی لۆجیکییە. پەیوەندیی نێوان ئەو دوو چەمکە پەیوەستە بە بابەتەکانی هزر و زمانەوە، ئەوانیش لە مێشکدا وێنا دەکرێن و ڕێسا و قانونەکانیان لە هزردایە. ئەو لێکدانەوەیە فەلسەفەی ڤیتگنشتاین دەکاتە فەلسەفەیەکی پەتی و ئەبستراکت و لە فەلسەفەی ڕیئالیستی، یان واقیعی دووری دەخاتەوە. ئەوەیش ئاڵۆزییەک لە شرۆڤەکردندا دەهێنێتەئاراوە.

پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان هزر و زمان، یان لۆجیک و جیهانی دەوروبەردا هەیە. بەو پێیەی مرۆڤ بونەوەرێکی ژیرە، لە ژیری و هزرەوە بەرهەمی تر دەکەوێتەوە. هزر و بیرکردنەوەیش تایبەتمەندییەکی بەرچاوی مرۆڤە. بیرکردنەوە وەک چالاکییەکی ئاڵۆز و هەمەڕەنگ، هەروەها بیرکردنەوە وەک پڕۆسەیەکی مرۆیی، پێویستی بە ئامڕازێکە بۆئەوەی هەست و خواست و ڕاز و نیاز و خولیای خۆی پێ دەرببڕێت. تا لەو ڕێیەوە ئامانج و ئاواتی خۆی بەوانی تر بگەیەنێت. ئەو ئامڕازەیش لە زمان بەولاوە شتێکی تر نییە. زمان ئەو ئامڕازەیە، کە ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەردەبڕێت، زمان وێنەیەکی کەتوار و دەوروبەرە و لە هزردا خەت و خاڵی داوە. کەواتە زمان لە خۆیدا جیهانێکی ڕێکوپێکە و لە ئەرک و ڕوخسار و ناوەڕۆکدا، سەربەخۆییەکی ئەوتۆی هەیە. واتە زمان لەبەرگیراوەی جیهانی کەتوارە و سەرەتا لە هزردا جێکەوتبووە. دواتر لە ڕێی وشە و دەستەواژەوە دەردەبڕدرێت.

پەیوەندیی نێوان زمان و کەتوار

جیهانی کەتوار، لە شتی جۆربەجۆر پێکهاتووە و پەیوەندیی تایبەتی لە نێوانیاندا هەیە. ئەو جیهانە دەبێتە کەرەستەیەک بۆئەوەی زمان بتوانێت لە هزردا وێنەی بکات و پاشان دەریانببڕێت. کەواتە لە نێوان جیهانی زمان و جیهانی کەتواردا، هەم پەیوەندییەکی پتەو هەم پەیوەندییەکی لەبەرگیراوە هەیە. چۆن زمان لە دەستەواژە و گوزارە و وشە پێکهاتووە، بەو جۆرە جیهانی دەوروبەر و کەتواریش بریتییە لە شمەک و ئەو کەرەستانەی کەتواریان لێ دەکەوێتەوە. هەروەها چۆن جیهانی دەرەوە و دەرەهەست هەیە، بە هەمان شێوە لە هزری مرۆڤدا جیهانێکی تر هەیە، کە ناوی بۆ شمەکەکان و پەیوەندییەکانیان دۆزیوەتەوە.

بۆیە شیکردنەوەی پێکهاتەکانی زمان، بەشێکی گرنگی فەلسەفەی زمانە. ئەوانەیش خۆیان لەو ڕوودان و قەومانانەی لە کەتواردا هەن، دەبینێتەوە. ڕوودان (چالاکییە مرۆیییەکان) و قەومانەکان (چالاکییە سروشتییەکان) لە ڕێی هەستەکانەوە دەگەنە هزری مرۆڤ و پاشان لە ڕێی زمانەوە دەردەبڕدرێن.

بەو پێیە دەربڕین، یان دەستەواژە و وشە وێنەی ڕاستەقینەی کەتوارن و لە ڕێی هەستەکانەوە گەیشتوونەتە مرۆڤ، بۆیە لێکۆڵینەوە لە زمان، لێکۆڵینەوەیە لە کەتوار. تێگەیشتن لە زمان، هەمان تێگەیشتنە لە کەتوار. هەروەها زمان بە دەستەواژە و دەنگەوە، وێنەی جیهانی کەتوار دەردەبڕێت. ئەگەر ئەو دەنگ و دەستەواژانە شی بکرێنەوە، ئەوا وێنەیەکی ڕاستەقینەی جیهانی کەتوار دەستگیر دەبێت. لەم سۆنگەیەوەیە، ئەو دەربڕینەی ڤیتگنشتاین واتادارتر دەبێت، کە دەڵێت: “سنووری زمانەکەم، سنووری جیهانەکەم دیار و دەستنیشان دەکات”. زمان بریتییە لە وێنە و ناولێنانی جیهان. بونیادی کەتوار حوکم دەکات بەسەر بونیادی زماندا و، زمان ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە لە کەتوار دەگوزەرێ.

زمان تەنیا ئامرازێك نییە بۆ گواستنەوەی حەقیقەت، بەڵکوو خودی ئەو ماڵەیە کە حەقیقەتی تێدایە. مرۆڤ لە مێژووی خۆیدا هەمیشە وا تێگەیشتووە کە زمان ئاوێنەیەکە و کەتوار وەک خۆی ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام تێڕامانی فەلسەفی پێمان دەڵێت کە ئێمە جیهان وەک خۆی نابینین، بەڵکوو وەک ئەوە دەبینین کە زمانەکەمان دایتاشیوە. کاتێک حەقیقەتێکی ڕەها و بێپایان دەخرێتە نێو قاڵبی وشەکانەوە، جۆرێک لە کەمبوون و سنووردارێتی بەسەردا دێت؛ چونکە وشەکان هەمیشە شتێک لە جەوهەری ڕاستی لەدەست دەدەن و ناتوانن تەواوی ئەو بوونە ناوازەیە لەخۆ بگرن کە لە دەرەوەی دەربڕیندایە.

لەم سۆنگەیەوە، سنوورەکانی زمانی ئێمە دەبنە سنوورەکانی جیهانی ئێمە، و هەر چەمکێک کە وشەیەکی بۆ نەبێت، لە هۆشیاریی مرۆڤدا وەک نەبوو وایە. حەقیقەت لە ڕێگەی زمانەوە لەدایک دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە پشتی پەردەی زمانەوە خۆی حەشار دەدات. دەرەنجامی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە ئەوەیە کە حەقیقەت شتێک نییە لە شوێنێکدا چاوەڕێمان بکات، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەردەوامی ماناپێدانە کە تەنیا لە ڕێگەی زمانەوە زیندوو دەبێتەوە. ئێمە مەحکوومین بەوەی لە ناو زماندا بژین، و وەک ڕێبوارێکی سەرگەردان لەنێوان وشەکاندا بەدوای ڕاستیدا بگەڕێین؛ زمانێک کە لە یەک کاتدا هەم پردێکە بەرەو حەقیقەت و هەم پەردەیەکە کە نایەڵێت بە ڕووتی بیبینین.

 سەرچاوەکان

  1.  . رساله منطقی – فلسفی. لودویگ ویتگنشتاین. میرشمس‌الدین ادیب‌سلطانی.
  2.  . ساختار و تأویل متن. بابک احمدی.
  3.  . فلسفه زبان. ویلیام لایکن. میثم محمدامینی.
  4. فەلسەفەی بوون و زمان  نووسینی: دکتۆر محەمەد کەمال
  5.    . Tractatus Logico-Philosophicus By: Ludwig Wittgenstein
  6.  . Language, Ideology and Point of View  By: Paul Simpson
blank
دەربارەی نووسەر
خەدیجە ئەسکەندەر
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە