ژنەفتن ژنەفتن
بابەتی هەڵبژاردە تەوەر و هەڤپەیڤین

“چیی تریش لە یادەوەریمدا نیشتەجێیە؟”

چاوپێکەوتنی گۆڤاری ئینتەرڤیو ماگەزین لەگەڵ ئومبێرتۆ ئێکۆ

نووسەر سازدانی: کریس واڵاس
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: جووتیار قارەمان
داگرتنی PDF

“من چیرۆک لەسەر نەخشە و پیلانگێڕی و ئەو کەسانە دەهۆنمەوە کە تووشی نەخۆشیی گومانن، کەچی لە ڕاستیدا خۆم مرۆڤێکی زۆر پڕگومانم… هەندێک جار ئەو قسەیەی فلۆبێر ڕاست دەرناچێت کە دەیگوت: ‘مادام بۆڤاری هەر منم.’ جارجارە کارەکتەرەکانم، خۆم نیم.”

— ئومبێرتۆ ئێکۆ

سەرنووسەرێک، کابالیستێک (شارەزای عیرفانی یەهوودی) و زانایەکی ڕێبازی سوارچاکانی پەرستگە دەچنە مەیخانەیەک؛ ئەمە بە کورتی و پوختی، سەرەتای داڕشتنی داستانە ئەفسووناوییە گەورەکەی ئومبێرتۆ ئێکۆیە بە ناوی “پەندۆڵی فۆکۆ”. ئەم ڕۆشنبیرە دەستەپاچە و شکستخواردووانە لەبەر بێزاری یان بێهیوایی یان جۆرە خەمێکی بوونگەرایی، دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوەیەکی پڕ لە تانە و تەشەر لەسەر ئەو بیردۆزە جۆراوجۆرانەی پیلانگێڕی و ئەفسانە شارستانەتییەکان و چیرۆکە ترسناکە نادیارانەی کە هەزاران ساڵە مرۆڤیان ملکەچی خۆیان کردووە. بێ گومان پێکەنین و گاڵتەجاڕیی بە دوادا دێت، بەڵام من دەڵێم “پڕ لە تانە”، چونکە هیچ کام لەم لێکۆڵەرانە بڕوایان بەو نەخشە نادیارانە نییە کە لە کارەکەیاندا هەیە، یان هەر هیچ نەبێت لە سەرەتادا وایە. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا لە ڕێگەی تەڵەکەبازییە تەنزئامێزەکەیانەوە دەیکەن، بە تێکەڵکردنی ئەفسانەکانی سوارچاکانی پەرستگە و ئیلومیناتی باڤاریا و خاچەگوڵینەکان و هەر کۆمەڵە و دێوەزمەیەکی تری مێژوویی، بە شێوەیەکی سەیر، هیچ نییە جگە لە مێژووی نهێنیی جیهان.

ئەم شۆربا خەستەی چیرۆک و بیرۆکە و نادیاری و سەرسووڕهێنییە، هەر ئێکۆی ڕەسەنە. لە دنیای ئەودا تەماح و ئاواتی بەرز زۆر جار دەستلەملانی شکستە پیشەیییەکانی کارەکتەرەکانێتی و ژیرییەکی توندوقایم خۆی لەناو تەمومژی عیرفانێکی بێبایەخدا دەبینێتەوە. لای ئەو، هەوراز دەبێتە نشێو و ڕەش دەبێتە سپی و هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی چیرۆکبێژێکی سەر مێزی مەیخانە بەپێی کەیفی خۆی دایبڕێژێتەوە. ئێکۆ دەڵێت ئەم ململانێیانە و ئەو شادییە زۆرەی کە لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی جواندا هەیبووە، تەنانەت لە سەردەمی منداڵیدا لە “پیمۆنت” لە ساڵانی سی و چلەکاندا هەبوون، کاتێک لەنێوان قوتابخانە ناوخۆیییە فاشیستەکان و چێژی کتێبە کۆمیک و چیرۆکە خۆشەویستەکانیدا هاتوچۆی دەکرد. ئێکۆ فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاستی لە زانکۆی تۆرین خوێندووە و ساڵانێکی زۆر مامۆستایەکی ئەفسانەیی و خۆشەویستی نیشانەناسی (سیمیۆتیک) بووە لە زانکۆی بۆڵۆنیا. بۆ ماوەی نیو سەدە وتارنووسێکی بەناوبانگی جیهانی بووە و زۆر جار لەسەر  فەرهەنگی میدیا و ئەدەبیات نووسیویەتی. هەر لەم پێگەیەوە، وەک جۆرە ویژدانێکی فەرهەنگی، دەستی کرد بە گرێدانی ئەو بوارە جیاوازانەی کە ئارەزووی دەکردن؛ تێکەڵکردنی فەرهەنگی گشتی و فەلسەفە بە شێوەیەک کە ئێستا لای ئێمە ئاسایییە، بەڵام پێشتر کەس نەیکردبوو؛ بۆ نموونە، کۆمپیوتەرەکانی “ئەپڵ”ـی وەک کاسۆلیک دەبینی (لە بەرانبەر کۆمپیوتەرە پرۆتێستانتەکاندا)، یان لەسەر کاریگەریی دەروونی و ڕەوشتیی لەبەرکردنی کابۆ (پانتۆڵی جینز) دەینووسی.

یەکەم ڕۆمانی ئێکۆ کە تا ئێستایش بەناوبانگترینە، “ناوی گوڵەباخ”، کە تەمومژێکی پڕ لە کوشتن و پارچەیەکی نایابی پۆستمۆدێرنیزمە و لە دێرێکی دووری بێنیدیکتی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات، لە ساڵی ١٩٨٠ لە ئیتاڵیا بڵاو کرایەوە، کاتێک تەمەنی ٤٨ ساڵ بوو. ئەم کتێبە هێندە قەرزاری “خۆرخێ لویس بۆرخێس”ـە کە گرانە مرۆ بتوانێت هەموو ئەو وەفادارییانەی بۆ ئەو نووسەرە ئەرجەنتینییە بژمێرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، “ناوی گوڵەباخ” بەرهەمێکی پێگەیشتوو و گەشاوەی تایبەت بە خۆیەتی – یەکێکە لە باشترینەکانی سەدەی بیستەم – و ئەوە بوو “شۆن کۆنێری” و “کریستیان سڵایتەر”ی بچکۆلە دوای چەند ساڵێک کردیان بە فیلم. لە ساڵی ١٩٨٩دا ئێکۆ “پەندۆڵی فۆکۆ”ی بڵاو کردەوە کە لووتکەی چیرۆکە پیلانگێڕییەکانە و یەکێکە لە کتێبە خۆشەویستەکانم لە هەموو ژیانمدا. ئەم کتێبە هێندە گەورە و گشتگیر بوو بۆ من، کاتی یەکەم خوێندنەوەم هێندە ڕێک بوو، کە نازانم ئایا خولیای هەموو تەمەنم بۆ شتە نادیارەکان و کۆمەڵە نهێنییەکان و گەڕان بە دوای نهێنیی ژیاندا لەم کتێبەوە هاتووە، یان کتێبەکەم هێندە خۆش ویست چونکە لەسەر هەموو شتە پەسەندەکانی من بوو. بە شێوەیەکی گونجاو، ئەوەی ئێکۆ لە “پەندۆڵ”دا بە باشی دەیکات – وەک چۆن دواتر لە بارەی کەسێکی تووشبوو بە لەبیرچوونەوەوە کە دەیەوێت ناسنامەی خۆی دروست بکاتەوە لە “بڵێسەی نادیاری شاژنە لوانا” (٢٠٠٥) نووسیی – ئەوەیە کە کارەکتەرەکان ڕێک لەناو ئەو تەنگانەیەی ژیاندا دەگرێت کە بە دوای مانا و هۆکاردا دەگەڕێن.

دوایین کتێبی ئێکۆ، “ژمارە سفر ” (Numero Zero)، کە ئێستا لە ئەمریکا دەست دەکەوێت، چەند مانگێک پێش یادی ٨٤ ساڵەی تەمەنی، لە گۆشەیەکی ترەوە دێتە ناو ئەم تەنگانەیە؛ کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی شکستخواردوو ئاشنا دەبێت بە دەنگۆی کۆمەڵەیەکی نهێنی کە نەخشەی بۆ سیاسەتی ئیتاڵیا کێشاوە – کەواتە دیسان هەموو شتە خۆشەویستەکانی من. لە مانگی حوزەیراندا تەلەفۆنم بۆ ئێکۆ کرد لە ماڵە تێکەڵوپێکەڵ و پڕ لە پێچوپەناکەی لە میلان، کە لەوێ دەژی و کار دەکات و دەوروبەری بە کتێبخانەیەک گیراوە کە پتر لە ٥٠ هەزار کتێبی تێدایە، تا قسە لەسەر مانا و مەبەستی ئەمانە هەمووی بکەین.

blank
ئومبێرتۆ ئێکۆ (١٩٣٢-٢٠١٦) ڕەخنەگری ئەدەبی، ڕۆماننووس، سێمیۆلۆژیستی ئیتالیایی

کریس واڵاس: مانگی ڕابردوو کە لە میلان بووم، وەک کارەکتەرەکانی ناو “پەندۆڵی فۆکۆ” بەملا و بەولادا ڕام دەکرد، هەوڵم دەدا ئەو دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەیە بدۆزمەوە کە ئەوان کاری لێ دەکەن. بەڵام مخابن… [هەردووکیان پێدەکەن]

ئومبێرتۆ ئێکۆ: نییە. من ناوی شەقامەکەم لە خۆمەوە داهێناوە.

واڵاس: دێڕێک لە “ژمارە سفر”دا هەیە دەڵێت: “هەرچی مرۆڤ زۆرتر بزانێت، هێندە پتر کارەکانی لێ تێک دەچن.” وا دیارە “کۆڵۆنا” جۆرە دڵەڕاوکێیەکی هەیە لەو ژیانەی کە زۆر ورد کراوەتەوە. مەبەستم ئەوەیە، بە گاڵتەوە بە خۆی دەڵێت “دۆڕاو”. ئەمەیش دەزوویەکە کە لە هەموو کارەکانتدا دەبینرێت، بە تایبەت لە “لوانا”دا کە ژیانی ڕۆشنبیری و ژیانی ناو کتێبەکان لەسەر حیسابی ژیانی ڕاستەقینە دێتە دی.

ئێکۆ: بێگومان. لە کەیسی کۆڵۆنادا هەوڵم دا وێنەی کارەکتەرێک بکێشم کە لە ژیاندا بە تەواوی شکستخواردوو بوو و، زیاتر نوقمی خەیاڵە ئەدەبییە کەسییەکانی خۆی بوو نەک ژیانی ڕاستەقینە. پرسیارەکەی تۆ وا دەکات بیر بکەمەوە کە پێ دەچێت تەنانەت کارەکتەرەکانی “پەندۆڵی فۆکۆ”یش کۆمەڵە ڕۆشنبیرێک بووبن کە لەناو خەیاڵە ئەدەبییەکانیاندا ون بوون بەبێ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی واقیع ببنەوە.

واڵاس: بەڵێ، ڕێک وایە. هەر بۆیەیش من هێندە خۆم لەواندا دەبینمەوە.

ئێکۆ: ئەوە کێشەی من نییە! [هەردووکیان پێدەکەن] ڕێک وەک ئەوەی من چیرۆک لەسەر پیلانگێڕی و کارەکتەرە ڕاڕاکان دەنووسم، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا خۆم مرۆڤێکی زۆر پڕگومانم. هەموو ژیانم لە کاروباری سیاسی تێوە گلاوم، بۆیە ڕووبەڕووی واقیع بوومەتەوە. دەزانیت، هەندێک جار ئەوەی فلۆبێر دەیگوت ڕاست نییە کە “مادام بۆڤاری هەر منم.” جارجارە کارەکتەرەکانم خۆم نین.

واڵاس: کەواتە ماڵەکەت لە لادێ، لە ڕاستیدا ئەو شوێنە نییە کە لە “پەندۆڵی فۆکۆ”دا ڕێوڕەسمی درویدییەکانی تێدا دەکرێت. ئەو شوێنەیش نییە کە “یامبۆ” لە “لوانا”دا کتێبە کۆمیکەکانی تێدا دەپاراست. تۆ بۆت هەیە داهێنان بکەیت – سەرەڕای هەوڵی کەسانێکی وەک من کە دەمانەوێت ژیاننامەی خۆت لەناو هەموو شتێکدا بخوێنینەوە کە دەینووسیت. باسی ئەوە بکەین، تۆ لە “ژمارە سفر”دا زۆر گاڵتەت بە ڕۆژنامەکان و میدیا دێت. ئەمە مێژوویەکی کۆنی هەیە لای تۆ. لە شوێنێکی کتێبەکەدا یەکێک لە سەرنووسەرەکان دەپرسێت: “ئایا ڕۆژنامەکان شوێن باوەکان دەکەون یان خۆیان باوەکان دروست دەکەن؟” وەڵامە نادیارەکە ئەوەیە کە ڕۆژنامەکان ڕێگەی لێکدانەوەی ئێمە بۆ مێژوو دیاری دەکەن.

ئێکۆ: وایە. وەک دەزانیت، بۆ ساڵانێکی زۆر وتار و لێکۆڵینەوەم بۆ ڕۆژنامەکان تەرخان کردووە، لە ناوەوە. بۆیە ڕەخنەگرتن لە ڕۆژنامەکان بابەتێک بوو کە ماوەیەکی درێژ کارم تێدا کرد. لە ساتێکی دیاریکراودا بڕیارم دا ئەوە بگۆڕم بۆ ڕۆمان. یەکێک لەو کێشانەی هەمیشە باسم کردووە، ڕەتکردنەوەی جیاکارییە لەنێوان “سەرنج” و “ڕاستی”ـدا. ڕۆژنامە هەموو ڕاستییەک لەناو سەرنج و بۆچوونێکدا دەپێچێتەوە. ئەستەمە ڕاستییەکی ڕووت بدەیت بەبێ ئەوەی گۆشەنیگایەکی بۆ دانەنێیت. بەم مانایە، ئاشکرایە کە ڕۆژنامە بۆچوونی خوێنەران دروست دەکات. باشە، ڕۆژنامە دەتوانێت شوێن ئارەزووەکانی خوێنەر بکەوێت. سەیری ڕۆژنامە ئێوارانییەکانی ئینگلتەرا بکە – ئەوان شوێن ئارەزووی خوێنەر دەکەون کاتێک تەنیا بایەخ بە قسەوباسی خێزانی شاهانە دەدەن. بەڵام تەنانەت بابەتیترین و جددیترین ڕۆژنامەی جیهانیش، ئەو ڕێگەیە دەکێشێت کە خوێنەر دەبێت یان دەتوانێت بیری لێ بکاتەوە. ئەوە شتێکی مسۆگەر (حەتمی)ـیە.

واڵاس: شتێکی سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە ئەو گۆڤارەی تۆ زۆر جار بۆی دەنووسیت، “L’Espresso”، بەم دوایییانە قسەکانی پاپای لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دزە پێ کرد و دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کرد. بەڵام ئەم داڕشتنەی بیرکردنەوەمان و، لێکدانەوەمان بۆ مێژوو، لە “ژمارە سفر”دا بابەتێکی سەرەکییە. لە زۆرێک لە کارەکانتدا، تەنانەت ئەوانەی ڕۆمان نین، نیشانمان دەدەیت کە ئێمە وەک کۆمەڵگە بەردەوام مێژوو دەنووسینەوە، وردەکارییەکانی دەپشکنین و تێکی دەدەینەوە – ڕێک وەک ئەوەی کارەکتەری “براگادۆچیۆ” لە “ژمارە سفر”دا مێژووی موسۆلینی دەنووسێتەوە. وا دیارە هەمیشە مێژوو دەگۆڕین، نوێی دەکەینەوە و لە پەراوێزەکاندا دەینووسین. ئێمە ئەمە بۆ مێژووی کەسیی خۆیشمان دەکەین. یادەوەرییەکانمان دەگۆڕین، لێکیان دەدەینەوە، ڕێک وەک لێکدانەوەی خەون.

ئێکۆ: من هەمیشە شەیدای ئەو کەسە ڕاڕایانە بووم کە خەیاڵی پیلانگێڕی دەکەن. بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە شەیدای ئەمەم. “پەندۆڵی فۆکۆ” نموونەیەکی نائاسایی و گاڵتەجاڕانە (گرۆتێسک) بوو لەم جۆرە کەسانە، لە کاتێکدا “کۆدی داڤینچی”ـی دان بڕاون بە جددی وەریگرتن. من گوتوومە کە دان بڕاون یەکێکە لە کارەکتەرەکانی ناو “پەندۆڵی فۆکۆ”ی من. [پێدەکەنێت] باشە، بەڵام من خۆم هەمیشە دژی ئەم جۆرە ڕاڕایییە  فەرهەنگییە نووسیومە. تۆ ڕاست دەکەیت کە دەڵێیت ئێمە هەمیشە مێژوو دروست دەکەینەوە. یادەوەریمان هەمیشە بنیادنانەوەیەکی لێکدەرانەی ڕابردووە، گۆشەنیگایش هەر وایە. بەڵام ئەوە کارەکتەرەکانم بوون مێژوویان نووسییەوە. [هەردووکیان پێدەکەن] من هەوڵم دا بە ڕێگەیەکی ڕاست بینووسم.

واڵاس: بۆچی پێت وایە ئێمە دەکەوینە ژێر کاریگەریی ئەم بیردۆزانەی پیلانگێڕییەوە؟ وا دیارە نەخۆشییە دەروونییەکانمان لەم سەردەمی دڵەڕاوکێیەدا وایان کردووە ئەمانە زۆر سەرنجڕاکێش بن.

ئێکۆ: ئۆهـ بەڵێ، ئەگەر ئینتەرنێت بکەیتەوە، گەلێک لەم جۆرە شتانە دەدۆزیتەوە. بۆیە ئەمە جۆرە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە. دەزانیت، ٦٠ یان ٧٠ ساڵ لەمەو بەر، فەیلەسووفێکی گەورە، کارڵ پۆپەر، وتارێکی زۆر گرنگی لەسەر هەموو بیردۆزەکانی پیلانگێڕی نووسی و، نیشانی دا کە ئەمانە هەمیشە ڕێگەیەک بوون بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتییەکانمان. ئەمە جۆرێکی زۆر گرنگی نەخۆشیی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕێیەوە لە ناسینی واقیع وەک خۆی لا دەدەین و لە بەرپرسیارێتییش هەڵدێین. نموونەیەکی زۆر گەمژانە و سەرەتاییت بۆ دەهێنمەوە: پاشنیوەڕۆی شەممە سواری ئۆتۆمبێلەکەم دەبم و دەچمە سەر ڕێگاوبانەکان و، قەرەباڵغییەکی سەیر هەیە. دەڵێم: “کێ بەرپرسیارە لەمە؟” ئەوەی بەرپرسیارە منم و هەموو ئەو گەمژانەی وەک من کە پاشنیوەڕۆی شەممە ئۆتۆمبێلیان هێناوەتە سەر ڕێگا. بەڵام دەزانیت، بۆ ئەوەی لە بەرپرسیارێتی ڕا بکەم، هەوڵ دەدەم بیر لە کەسێکی تر بکەمەوە کە بەرپرسیار بێت. پیلانگێڕییەکان و هەموو بیردۆزەکانی پیلانگێڕی بەشێکن لە یاسای شتە ساختەکان. منیش لە هەموو نووسینەکانمدا، چ فەلسەفییەکان و چ ڕۆمانەکان، خەریکی بەرهەمهێنانی ساختەکارییم. کۆکراوەی کتێبە دەگمەنەکانم تەنیا ئەو کتێبانە دەگرێتەوە کە ڕاستی ناڵێن. [پێدەکەنێت] ئەوان ساختەن. بۆ نموونە، گالیلۆم نییە چونکە ئەو ڕاستیی دەگوت. بەڵام پەتڵیمۆسم هەیە چونکە ئەو هەڵە بوو. من هەمیشە زۆر  خولیای ساختەکاری و درۆینەم، چونکە وەک فەیلەسووفێک، بایەخ بە ڕاستی دەدەم. بەڵام چەسپاندنی ئەوەی چی ڕاستە زۆر گرانە. زۆر جار چەسپاندنی ئەوەی چی هەڵەیە ئاسانترە. جا دەکرێت لە ڕێگەی هەڵەوە لە ڕاستی بگەین – ئەمە قسەیەکی فەلسەفییە، وەک خۆی وەری بگرە.

واڵاس: وا دیارە لە بیرمە کە تۆ جوانییشت بە هەمان شێوە وەسف دەکرد؛ کە وەسفکردنی ناشرینی ئاسانترە لە وەسفکردنی جوانی.

ئێکۆ: باشە، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ناشرینی داهێنەرانەترە لە جوانی. [پێدەکەنێت] جوانی هەمیشە شوێن هەندێک چوارچێوە دەکەوێت. من پێم وایە ناشرینی خۆشترە لە جوانی.

واڵاس: ئەو کۆمەڵە نهێنییانەی کە یان باس دەکرێن، یان بەرپرسیارن لە کۆنتڕۆڵکردنی پیلانگێڕییەکان لەناو کارەکانتدا، بۆ منیش سەرنجڕاکێشن – ڕێک بەو شێوەیەی لای بۆرخێس یان کوبریک سەرنجڕاکێشن. هەموو کۆمەڵە نهێنییەکان، هەر هیچ نەبێت ئەوانەی لەناو چیرۆکدا دەردەکەون، سەرنجم ڕادەکێشن، پێم وایە چونکە جۆرە پەرۆشییەک هەیە بۆ بوون بە بەشێک لەو تاقمە هەڵبژێردراوەی کە نهێنییەکیان لەسەر چۆنیەتیی ژیان لایە. بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەدا نامەوێت هیچ بەشێک بم لێی.

ئێکۆ: گوێ بگرە، کۆمەڵە نهێنییەکان، وەک پیلانگێڕییەکان، هەن. بۆ کوشتنی جولیۆس سیزار پیلانگێڕی هەبوو. گەلێک کۆمەڵەی نهێنی لە سەدەی نۆزدەیەمدا هەبوون. تەنیا کێشەکە ئەوەیە، کاتێک دەبن، دوای ماوەیەک ئاشکرا دەبن. یان سەرکەوتوو دەبن، وەک پیلانی دژی سیزار و ئاشکرا دەبن، یان سەرکەوتوو نابن، وەک پیلانی دژی ناپلیۆنی سێیەم و ئاشکرا دەبن. بۆ کۆمەڵەی نهێنییش هەر وایە. دەزانین کە لە ئیتاڵیا جۆرە کۆمەڵەیەکی نهێنی بە سەرپەرشتیی بەڕێز “لیچیۆ جێلی” هەبوو کە زۆرێک لە ڕووداوەکانی سیاسەتی ئیتاڵیای دیاری دەکرد. کێشە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کاتێک خەیاڵی کۆمەڵەی نهێنی دەکەیت کە لە ئارادا نییە. گەلێک وتار و سایت لە ئینتەرنێتدا هەن لەسەر، با بڵێین، “گرووپی بیڵدێربێرگ” و کۆبوونەوە ساڵانەکانیان، کە بە هیچ شێوەیەک نهێنی نین. خەڵک لەوێ کۆ دەبنەوە. قسە دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا ناچار نییە بچێتە داڤۆس بۆ ئەوەی پیلانێکی نهێنی لەگەڵ، چووزانم، سەرۆکی فەڕەنسا بگێڕێت. بە تەلەفۆن دەیکەن. خەڵک وا خەیاڵ دەکەن ئەم گرووپانە نەخشەی چارەنووسی جیهان دەکێشن. بەڵام خەیاڵکردنی کۆمەڵەی نهێنی و پیلانگێڕی ڕێگەیەکە بۆ کاردانەوە نەنواندن بەرانبەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. چونکە دەڵێیت: “ئێمە نازانین ئەوان کێن. ناتوانین بەبێ بیرکردنەوە کاردانەوەمان هەبێت.” بۆیە ئەمە ڕێگەیەکە بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە ژینگەی سیاسی.

واڵاس: ئەمە پووچگەرایییە، چارەنووسگەرایییە. ئەوەی ڕاستی بێت، گەورەترین تەڵەکەبازی کە کۆمەڵەیەکی نهێنی بتوانێت بیکات، ئەوەیە خەڵک قایل بکات کە کۆمەڵەی نهێنی هەن، تا  خەڵک هەر بە بێدەسەڵاتی و ساردی بمێننەوە. خۆرخێ لویس بۆرخێس چەندە بۆ تۆ گرنگ بوو؟

ئێکۆ: زۆر زۆر. دوو نووسەر هەبوون کاریگەرییان لەسەرم هەبوو. یەکێکیان جۆیس بوو، کە کتێبێکیشم لەسەری نووسی، ئەوی تریان بۆرخێس بوو، کە دەمپەرست. نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر سیمپۆزیۆمێک لە ئیسپانیا هەبوو لەسەر بیرۆکەی پەیوەندییەکانی نێوان من و بۆرخێس. ماریا کۆداما، هاوسەری بۆرخێس، لەوێ بوو. بۆرخێس زۆر کاریگەری لەسەرم هەبوو.

واڵاس: تۆ یادەوەرییەکی زۆر سەیرت هەیە. باسی چەمکی “کۆشکی یادەوەری”ـت کردووە کە من بە تەواوی پێی سەرسامم. وەک بڵێیت من هێندە شتم لە بیر بێت کە بۆ پاراستنیان پێویستم بە کۆشکێکی یادەوەری بێت. بەڵام پێ دەچێت لە ڕابردوودا خەڵک یادەوەرییان زۆر لە هی ئێستا باشتر بووبێت. ئەوەی ڕاستی بێت، لە هەندێک ساتی مێژوودا، کەسانێک هەبوون هەموو ئەو شتانەی مرۆڤایەتی دەیزانی لە مێشکیدا هەڵیگرتبوو. ئەی تۆ چۆنیت؟ ئێستا یادەوەریت چۆنە؟

ئێکۆ: گوێ بگرە، یادەوەرییەکی باشم هەیە. بەڵام ئەگەر یادەوەرییەکی خراپیشم هەبووایە، هەر بایەخم بە یادەوەری دەدا، چونکە بڕوام وایە یادەوەری گیانی ئێمەیە. ئەگەر یادەوەریمان بە تەواوی لە دەست بدەین، بێگیان دەبین. ئەوەی ئێستا سەرنجم ڕادەکێشێت – ئەم دیاردە گشتگیرە جیهانییە، لەدەستدانی یادەوەرییە، بە تایبەت نەوەی گەنج. مەبەستم ئەوەیە، نەوەی من زۆر باش دەیزانی ٥٠ ساڵ پێش لەدایکبوونی چی ڕووی داوە. ئێستا سەیری هەموو بەرنامەکانی پێشبڕکێ و پرسیار دەکەم چونکە نموونەیەکی باڵای مەودای یادەوەریی نەوەی نوێن – ئەوان دەتوانن هەموو ئەو شتانەی لە ژیانیاندا ڕوویان داوە لە بیریان بێت، بەڵام پێش ئەوە نا. جا هەندێک جار تەنانەت ڕووداوەکانی ناو ژیانی خۆیشیان نا. پێم وایە ئەمە جۆرە مەحکومبوونە بە “ئێستایەکی هەتاهەتایی”. پێ دەچێت ئینتەرنێت لەمەدا دەوری هەبێت، چونکە ئێستایەکی هەتاهەتایی نیشان دەدات. ڕاستە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، ئەگەر بە باشی بە کاری بهێنیت، دەتوانیت مێژوو دروست بکەیتەوە. بەڵام دەبێت بۆ ئەوە خاوەن هزرێکی ڕەخنەگر بیت. بە پێچەوانەوە، وا دیارە لەناو ئەم ئێستا هەتاهەتایییەدا خەڵک یادەوەرییان لەدەست دەدەن. جارێک وتارێکم نووسی بۆ ئەوەی نیشانی بدەم ئەگەر بوش هەموو ئەو بەڵگەنامانەی سەدەی نۆزدەیەمی لەسەر ڕووس و بەریتانییەکان لە ئەفغانستان بخوێندایەتەوە، ئەوەی لە سەدەی بیستویەکدا کردی، نەیدەکرد. تێ دەگەیشت کۆنتڕۆڵکردنی ئەو خاکە چەند گرانە. پێ دەچێت نەیخوێندبنەوە. [پێدەکەنێت] کەواتە ئەمە لەدەستدانی یادەوەرییە کە لە سیاسەتدا دەیدۆزینەوە. تەنانەت هیتلەریش، ئەگەر بە وردی بیری لەوە بکردایەتەوە چی بەسەر ناپلیۆندا هات لە کاتی هێرش بۆ سەر ڕووسیا، هێندە بە ئاسانی هێرشی نەدەکردە سەر ڕووسیا. باشە، کەواتە هەمیشە لەدەستدانی یادەوەری هەیە. بەڵام بە لای منەوە، ئەمە نەخۆشییەکی سەرەکیی سەردەمەکەمانە و من خەمی لێ دەخۆم. چاودێریی نەوەکانی خۆم دەکەم بزانم چییان بەسەر دێت؛ ئەگەر بچنە قوتابخانەیەکی باش، بەڵێ، بەڵام ئایا تەنانەت دەزانن پێش لەدایکبوونیان چی ڕووی داوە؟ بەڵام هۆکارێکی تریش هەیە کە بایەخ بە یادەوەری دەدەم. لە کۆکراوەی کتێبە دەگمەنەکانمدا، کتێبە کۆنەکانی ناو براو بە “تەکنیکی یادەوەری” (mnemotechnics) هەن، کە لە سەردەمی ڕێنسانس و بارۆک و ئەوانەدا گرنگ بوون.

واڵاس: سەرنجڕاکێشە کە دەڵێیت یادەوەری گیانی ئێمەیە. من شەیدای ئەو ڕێگەیەم کە خەڵک ئێستا لە ئینتەرنێتدا وێنەیەکی ساختە (ئاڤاتار) بۆ خۆیان دروست دەکەن. بە واتایەکی تر، ئەوان خۆیان نیشانی جیهان نادەن، بەڵکوو هێمایەک نیشان دەدەن و، لە خۆیان جۆرە مارکەیەک دروست دەکەن. دەزانیت باسی چی دەکەم – کە خەڵک ئەو کەسایەتییەیان نمایش دەکەن وا ڕووی لە خەڵکە؟

ئێکۆ: خۆنواندن؟

واڵاس: بەڵێ، جۆرێک لەوە. ئەو کەسایەتییەی نیشانی جیهانی دەدەن تەنیا وەک لۆگۆیەک یان ئاڤاتارێکە.

ئێکۆ: کۆمەڵناسێکی پۆڵەندی هەیە، زیگمۆنت باومان، کە بیردۆزێکی زۆر قایلکەری هەیە بە ناوی “کۆمەڵگەی شل”. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیین کە لە زۆر شوێندا بیرۆکەی دەوڵەت و نەتەوەی لە دەست داوە. حیزبە گەورەکانی ئیتاڵیا – دیموکراتە مەسیحایییەکان، کۆمۆنیستەکان – هەڵوەشانەوە. ئیتر ناوەندێکی کۆمەڵایەتی نییە. بۆیە تەنیا چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی ئەو خاڵی سەرچاوەیەیان نییە، ئەوەیە لە تەلەڤزیۆن دەربکەون. تەنانەت ئامادەن لە تەلەڤزیۆن دەربکەون و بڵێن ژنەکانیان ناپاکییان لێ کردوون یان شتی وا. [هەردووکیان پێدەکەن] هەموو ئەو شتانەی جاران بە جۆرە شەرمێکەوە بە نهێنی دەهێڵرانەوە، ئێستا دەکرێنە گشتی. هەموو بلۆگەکان، فەیسبووک، تویتەر لە لایەن کەسانێکەوە دروست دەکرێن کە دەیانەوێت کاروباری تایبەتی خۆیان نیشان بدەن بە نرخی دروستکردنی ساختەکاری، تا هەوڵ بدەن وەک ئەوە دەربکەون کە نین، تا کەسایەتییەکی تر بنیاد بنێن کە ئەمە لەدەستدانی ڕاستەقینەی ناسنامەیە.

واڵاس: ئایا تۆ لە ئینتەرنێتیت؟ لە تویتەریت؟ ژەمی میدیاییی تۆ چییە؟

ئێکۆ: نا، نا. من بەکارهێنەرێکی کۆنی کاغەزم. ناتوانم واز لە خوێندنەوەی ڕۆژنامەکانم بهێنم هەموو بەیانییەک. تەلەڤزیۆن بۆ هەواڵەکان و بەرنامەکانی کێبڕکێ و هەندێک جار بۆ فیلمە باشەکان بە کار دەهێنم. لە فەیسبووک و تویتەر نیم، چونکە ئامانجی ژیانم ئەوەیە لە پەیامەکان دوور بکەومەوە. من پەیامی زۆرم لە جیهانەوە پێ دەگات، بۆیە هەوڵ دەدەم خۆمیان لێ بپارێزم. بێ گومان ئینتەرنێت و ئیمەیڵ بە کار دەهێنم هەر کاتێک پێویست بێت. ئینجا هەندێک جار دەچم بزانم داهێنانەکانی خەڵک لە تویتەر و بلۆگەکان و ئەوانەدا چییە. بەم دوایییانە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیارم لێ کرا لە بارەی ئینتەرنێتەوە. وجاگوتم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی حەوت ملیار مرۆڤ لەسەر ئەم زەمینە دەژین، بڕێکی زۆر لە مرۆڤی کەمئاوەز و گەمژە هەن، باشە. [واڵاس پێدەکەنێت] پێشتر، ئەم کەسانە تەنیا دەیانتوانی لەگەڵ هاوڕێکانیان یان لە مەیخانەدا دوای دوو-سێ پەرداخ قسە بکەن و، هەموو جۆرە گەمژەیییەکیان دەگوت و خەڵک پێیان پێدەکەنین. ئێستا دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە ئینتەرنێتدا دەربکەون. بۆیە لە ئینتەرنێتدا، لەگەڵ پەیامی زۆرێک لە کەسانی سەرنجڕاکێش و گرنگ – تەنانەت پاپایش لە تویتەر دەنووسێت – بڕێکی زۆر گەمژەمان هەیە. کێشەیەکی گەورەی ئینتەرنێت ئەوەیە چۆن زانیارییەکان بپاڵێورێن، چۆن ئەوەی پەیوەندیدار نییە یان گەمژانەیە فڕێ بدرێت و تەنیا زانیارییە گرنگەکان بهێڵرێنەوە. بەڵام ناتوانیت خەیاڵی بکەیت کە لە ڕۆژنامە ئیتاڵییەکاندا بەرانبەر ئەم قسەیەی من چ جۆرە ڕاپەڕینێک دروست بوو.

واڵاس: ویستم پرسیارت لێ بکەم لە بارەی بایەخدانی ئەم دوایییەی ئێمەوە بە ئاڵای کۆنفیدڕاڵی و هێزی هێما (سیمبۆل). کاردانەوەمان بۆ تەقەکردنەکەی “چارلستۆن” تا ڕادەیەک هەوڵدان بوو بۆ داگرتنی ئاڵای کۆنفیدڕاڵی کە لە حەوشەی پەرلەمانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور دەشەکایەوە – هەنگاوێکی هێمایی بۆ لادانی هێمایەکی تر.

ئێکۆ: بەڵام، دەزانیت، پاشماوەی نەژادپەرستی لە هەموو جیهاندا هەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە تۆ لە کۆمەڵگەیەکی جیهانیدا دەژییت و، بۆیە خەڵک دەجووڵێن، خەڵک یەکتر دەبینن. لەم ساتەدا لە ئیتاڵیا سەدان ئەفریقی هەموو ڕۆژێک دێنە کەناراوەکانمان. بۆیە ئەم زیندووبوونەوەیەی نەژادپەرستانەمان لە وڵاتەکەماندا هەیە. هەمیشە ئاستێکی ژێرزەمینیی نەژادپەرستەکان لە ئەمریکا هەبووە. جا لە وڵاتەکەی تۆدا توخمێکی تر هەیە – ئەوەی کە چەکی زۆرتان هەیە. لێرە، کاتێک کەسێک شێت دەبێت، زۆربەی جار ئۆتۆمبێلەکەی دەبات و هەوڵ دەدات بە ئۆتۆمبێلەکەی خەڵک بکوژێت. [هەردووکیان پێدەکەن] لە حاڵەتی ئەو گەنجەی هەموو خەڵکەکەی لە کەنیسەکەدا کوشت، وا دیارە باوکی ئەو چەکەی وەک دیاریی لەدایکبوون پێ دابوو. بۆیە ئەوە کێشەیەکی تایبەتە کە ئێوە هەتانە.

واڵاس: یەکێک لەو شتانەی تۆ پێی ناسراویت، هەر نا ئەوەی لە ئەمریکا پێی ناسراویت، ئەم جۆرە تێکەڵکردنەی  فەرهەنگی “باڵا” و  فەرهەنگی “نزم”ـە. تۆماس ئاکویناس لەگەڵ کتێبە کۆمیکەکان، “کۆنتی مۆنتی کریستۆ” لەگەڵ ئەرستۆ؛ هەموویان لەسەر یەک لاپەڕەن و هەموویان پێکەوە زۆر زیندوون. پێم وایە ئێمە وەک  فەرهەنگ بەرەو ئەو جۆرە تێکەڵکردنە (ماش-ئەپ) چووین.

ئێکۆ: دەزانیت، ئەوان یادی ٥٠ ساڵەی کتێبەکەی من “کۆتاییخوازان و تێکەڵبووان” (Apocalittici e integrati) دەکەنەوە. لە ساڵی ١٩٦٤دا بڵاوم کردەوە، بۆیە ساڵی ڕابردوو یادیان کردەوە، بەڵام من تازە کتێبەکەم بە دەست گەیشتووە کە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە. بەڵێ، بێ گومان من یەکەم کەس نەبووم کە بایەخ بە  فەرهەنگی جەماوەری بدەم. لەسەر سوپەرمان، چارڵی براون و ئەوانە نووسیومە. هەمیشە بایەخم بە ئەدەبیاتی گشتی داوە، کۆنتی مۆنتی کریستۆ، بەڵام تەنانەت بەرهەمە کەمبایەخترەکانیش. گوتوومە کاتێک دەگەیتە پەنجاکانی تەمەنت، دەبێت بایەخدان بە ئێستا ڕابگری و تەنیا لەسەر شاعیرانی سەردەمی ئەلیزابێس بنووسیت. من هەرگیز لەسەر شاعیرانی ئەلیزابێس نەمنووسیوە، بەڵام ویستم بڵێم قوتابییەکانم، گەنجەکان، باشتر ئامادەن بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات. جا کاتێک پیر دەبیت، باشترە لەسەر ئەو شتانە قسە بکەیت کە لەوان باشتر دەیانزانیت. بۆیە من زۆر شوێن ئەوە ناکەوم کە ئێستا لە بەرهەمە نوێیەکانی کتێبە کۆمیکەکاندا ڕوو دەدات، کە بۆ من زۆر گران دیارن. [پێدەکەنێت] بەردەوامم لە شوێنکەوتنی ئەدەبیاتی گشتی، بەڵام بۆ چێژی کەسیی خۆم. ئەگەر شەو خەوم لێ نەکەوت، ڕۆمانێکی پۆلیسی دەخوێنمەوە، وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی. کاتێک هەوڵم دا شتێک لەسەر  فەرهەنگی جەماوەری بکەم لە ساڵانی شەستەکاندا، هەوڵم دا هەمان ئامڕازی ڕەخنەیی بە کار بهێنم کە بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ  فەرهەنگی باڵا تەرخان کرابوو. ئەوە بوو بە ئابڕووچوون. هەندێک کەس دەیانگوت: “چۆن دەتوانیت سوپەرمان بە هەمان ئەو ئامڕازە شی بکەیتەوە کە کۆمیدیای یەزدانیی پێ شی دەکەیتەوە؟” جا من وەڵامم دایەوە کە شکۆی توێژینەوە بە شتەکان (ئۆبجێکتەکان) نادرێت، بەڵکو بە مێتۆدەکە دەدرێت. کێشەکە بەکارهێنانی مێتۆدی ڕاستە. ئەوە بوو کە لەو کاتەدا کردم، بەکارهێنانی مێتۆدی ڕەخنەییی ڕاست بۆ شیکردنەوەی ئەوەی لای زۆر کەس تەنیا زبڵ بوو.

واڵاس: تۆ ئەو کاتە نووسیبووت کە سوپەرمان جۆرە تێڕوانینێکی نوێیە بۆ دین و، ئێستا ڕەنگە ئەوە ئەفسانە جەماوەرییە سەرەکییەکە بێ لە ئەمریکا – جیهانەکانی DC و Marvel.  ئەمانە هەمووی زۆر “ئومبێرتۆ ئێکۆیی”ـن. ئەو ڕێگەیەی ئاڵاکان بۆ مارکە خۆشەویستەکانمان بەرز دەکەینەوە. لە ساڵی ١٩٩٤دا نووسیبووت کە ماک کاسۆلیکە و IBM  پرۆتێستانتە، بەڵام ئێستا هەموویان بوونەتە مەزهەب و، کەسایەتییە ناودارەکان خواوەندە نوێیەکانی ئێمەن.

ئێکۆ: بەڵێ، بەڵێ. بەڵام لە هەموو سەردەمێکدا ئەدەبیاتی پۆپ هەبووە. دەزانیت، چیرۆکە کۆنە ڕۆمانییەکە هەیە کە خەریکی نمایشکردنی تراجیدیایەک بوون و، یەکێک زانیبووی لە سیێکێکدا ورچەکان شەڕ دەکەن و، هەموو خەڵکەکە تراجیدیاکەیان جێ هێشت بۆ ئەوەی بچن سەیری ورچەکان بکەن. [هەردووکیان پێدەکەن] ئەمە لە هەموو شارستانەت و  فەرهەنگێکدا باوە. من بەو ڕادەیە بە تراجیدیای نابینم چونکە پێم وایە لە وڵاتەکەی تۆدا، خەڵک تەنیا بۆ بینینی سوپەرهیرۆکان ناچن؛ شتی تریش هەیە. تەلەڤزیۆنی ئێمە بە شێوەیەکی سەیر پڕە لە زبڵ. بێرلۆسکۆنی بەو بنەمایە کاری دەکرد کە تێکڕای تەمەنی بینەرانی بەرنامەکانی ١٢ ساڵە.

واڵاس: لە هەموو کتێبەکانتدا خەڵک دوای کار دەچنە کافتێریا، دەچنە چێشتخانە، دەچنە مەیخانە و باسی ژیان و سیاسەت دەکەن و، وا دیارە شتێکی زۆر خۆش بێ. لێرەدایە کە هەمیشە تۆوی گێڕانەوەکان دەچێنرێن، لێرە خەڵک ئەفسوون دەکرێن، مەست دەبن، عاشقی یەکتر دەبن، پەیوەندی دروست دەکەن و، نەخشەی گاڵتەجاڕانە یان ترسناک دەکێشن. ئایا ئەوە بۆ ژیانی خۆت ڕاستە؟ ئایا ئەمڕۆ دوای کارەکەت دەچی لەگەڵ قوتابییەکان یان هاوکارەکانت دادەنیشی، شەراب دەخۆیتەوە و باسی کابۆ و سیاسەت و حوکمڕانە نهێنییەکانی گەردوون دەکەن؟

ئێکۆ: باشە، ئەمە گرنگە نیشان بدرێ. ئێستا بە هۆی پارێزی خواردنەوە کەمتر دەچم. من هەمیشە دڵخۆش بووم بە وانەوتنەوە لە زانکۆی بۆڵۆنیا چونکە بۆڵۆنیا شارێکە ناوەندێکی مێژووییی کۆنی هەیە کە بە تەواوی لە تاق و چوخمە و ڕاڕەوە سەرداپۆشراوەکان دروست کراوە. ئەم ڕاڕەوانە واتە خەڵک، پیر و گەنج، دەتوانن پیاسە بکەن تەنانەت ئەگەر بارانیش ببارێ. جا لە ژێر ئەو ڕاڕەوانەدا، گەلێک چێشتخانە و مەیخانە هەن. قوتابییەکان دەچوونە ئەوێ، منیش هەر وا. جا هەمیشە ئەوەم بەرز نرخاندووە کە لە نامەی دکتۆرای قوتابییەکانمدا لە پەراوێزەکاندا ئاماژەی من بە نامەی دکتۆرای قوتابییەکانی تر دەدۆزیتەوە کە خەریک بوو تەواو ببن. ئەوە بۆ من واتای ئەوە بوو کە لە مەیخانە و دیوەخانەکاندا قوتابییەکان بیرۆکەیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. بیهێنە بەر چاوت کە هەمان شت ڕووی دا لە سەرەتای زانکۆ ئەوروپییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. هەروەها گۆرانی هەبوون کاتێک لە دیوەخان بووین دەمانگوتن. زۆربەی ژیانمان لە دیوەخاندا بوو. پێکەوەبوون، قسەکردن، زۆر زۆر گرنگە. من خەمی ئەو کەسانەمە کە ئەمڕۆ شەوەکانیان لە ئینتەرنێتدا بەسەر دەبەن لە جیاتی ئەوەی بچنە مەیخانە.

واڵاس: ڕاستە. [پێدەکەنێت] من یەکێکم لەوانە، کاتێک لە ماڵەوە نیم و خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکانی تۆ نیم. جا یەکێک لەو شتانەی هەمیشە لە کارەکانتەوە وەریدەگرم، ئەو ململانێیەیە، هاوسەنگکردنی ژیری و لۆگیک، لەگەڵ هێزی هێما کە جۆرە ئەفسوونێکە. جا هەموو کارەکتەرەکانت بە دوای ناسنامەدا دەگەڕێن، لە ناوەوە بە دوای مانادا دەگەڕێن و، هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو جیهانەدا دروست دەکەن. ئایا ئەوە لە ژیانی خۆتەوە هاتووە؟ تۆ چۆن بە دوای مانادا دەگەڕێیت؟

ئێکۆ: وەڵامدانەوەی ئەوە زۆر گرانە چونکە من هەموو ڕۆژێک ئەوە دەکەم. [پێدەکەنێت] ئەگەر ڕۆژنامە بخوێنمەوە، ئەگەر کتێب بخوێنمەوە، ئەگەر سەیری خەڵکی دەوروبەرم بکەم، هەوڵ دەدەم… دەزانیت، ڕۆلان بارت جارێک گوتی نیشانەناس، یان “سیمیۆلۆژیست” وەک ئەوەی ئەو کاتە پێیان دەگوترا، ئەو کەسەیە کە لە شەقامدا دەڕوات و لەو شوێنەی خەڵکی تر تەنیا شتەکان دەبینن، ئەو مانا دەبینێت. ئەوە هەڵوێستێکی ڕاستەقینەیە – بینینی هەموو شتێک وەک شتێکی مانادار، تەنانەت شتە کەمبایەخەکانیش، بۆ سەلماندنی شتێک، تەنانەت کێشە گەورەکانی ژیان. دەڵێم بوون بە فەیلەسووفێکی پیشەیی هەستکردنە بەوەی سروشتییە بیر لە کێشە بچووک و گەورەکان بکەیتەوە. ئەوە تەنیا چێژە. [پێدەکەنێت]

٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥

سازدانی: کریس واڵاس
دەربارەی نووسەر
سازدانی: کریس واڵاس
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە