دەستپێک
مرۆڤ لە مێژووی خۆیدا، هەمیشە لە دوو جەنگی گەورە و بەردەوامدا بووە: جەنگێک لە دەرەوەی خۆی، بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ژیاندا؛ جەنگێک لەگەڵ ناخی خۆی، بۆ ئەوەی بزانێت کێیە، بۆچی هەیە و بۆچی دەبێت بژێت. یەکەمیان جەستە و ژیانی پاراستووه و دووهەمیان مرۆڤی بیریار و خاوەن ژیاری دروست کردووە. مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکی زیندوو نییە؛ بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و پرسیارکەرە، ئەوەیشی مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دی جیا دەکاتەوە تەنها توانای هەستکردن و وەڵامدانەوەی هۆکارە ژینگەیی و سروشتییەکان نییە، بەڵکوو توانای وەستانە لە هەمبەر ئەوەی ڕوو دەدات و پرسیارکردنە لە مانا و هۆکاری ڕووداوەکان. مرۆڤ دەتوانێت لە خۆی بپرسێت: بۆچی ئەمە ڕاستە؟ بۆچی ئەوە هەڵەیە؟ بۆچی من ئەم باوەڕەم هەیە؟ ئایا ئەوەی من دەیزانم بەڕاستی زانینە؟ ئەم پرسیارانه سادەن، بەڵام لە بنەڕەتدا پرسیاری لەمێژینەی مرۆڤی بیرکەرەوەن. هەربۆیە دەبینین فەلسەفە لە مێژووی دێرینی خۆیدا لە هەمان خاڵەوە دەستی پێ کردووە: ڕەتکردنەوەی وەڵامی ئامادە و گەڕان بە دوای پرسیاری قووڵتر. بەڵام ئەمە بۆ هەموو مرۆڤێک وانییە، زۆرێک حەزیان لە بیرکردنەوەی قووڵ نییە، چونکە بیرکردنەوە دەتوانێت ئارامی مرۆڤ تێک بدات و باوەڕە کۆنەکانی بلەرزێنێت، لەبەر ئەوە هەندێک جار بۆ بەدەستهێنانی ئارامی، مرۆڤگەلی زۆر هەن لە بیرکردنەوە دوور دەکەونەوە. ئەم دوورکەوتنەوەیە دەشێت نێوی لێ بنێین “پشوودانی عەقڵ”.
ئەم نووسینە، هەوڵێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە دیاردەی “پشوودانی عەقڵ” وەک کێشەیەکی فەلسەفی، مەعریفی و کۆمەڵایەتی. مەبەست لە پشوودانی عەقڵ لێرەدا تەنها بیرنەکردنەوە نییە، بەڵکوو ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا توانای پرسیارکردن، گومانکردن و ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنی باوەڕ و بۆچوونەکان لاواز دەبێت و مرۆڤ بە شێوەیەکی ناهوشیارانە دەست بە وەرگرتن و پەسەندکردنی بیرکردنەوەی ئامادە و بەها و حوکمەکانی دەوروبەری دەکات. ساتەوەختێک، کە مرۆڤ تێیدا لە خاوەن بیرۆکەوە دەگۆڕێت بۆ بەکارهێنەری بیرۆکە.
کاتێک باس لە پشوودانی عەقڵ دەکەین، نابێت مەبەستمان تەنها ئەوە بێت کە مرۆڤگەلێک هەن بیر ناکەنەوە، چونکە بیرنەکردنەوە بە تەنیا ناتوانێت کێشەکە ڕوون بکاتەوە، مرۆڤ دەتوانێت بەردەوام بیر بکاتەوە و هێشتا لە دۆخی پشوودانی عەقڵدا بێت؛ دەتوانێت زۆر قسە بکات، بەڵام بۆچوون و بیرۆکەکانی خۆیی نەبن؛ دەتوانێت زانیاریی زۆر کۆ بکاتەوە، بەڵام توانای هەڵسەنگاندنیانی نەبێت؛ دەتوانێت بەردەوام بڕیار بدات، بەڵام نەزانێت بۆچی ئەو بڕیارەی داوە. هەربۆیە “پشوودانی عەقڵ” لێرەدا بە مانای وەستانی توانای ڕەخنەگرتن، پرسیارکردن، هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەی خۆییانە دێت. ئاخر بیرکردنەوە کۆکردنەوەی زانیاری نییە؛ توانای گومانکردنە لە زانیاری. مرۆڤی بیرکەرەوە ئەوە نییە که زۆر شت دەزانێت؛ ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئەوەی دەیزانێت، دەتوانێت بپرسێت: (ئایا بەڕاستی وایە؟) هەر ئەمەش جیاوازیی نێوان عەقڵی پشوودراو و عەقڵی زیندووه، کە یەکەمیان لەنێو دڵنیایییەکی ساختەدایە و دووهەمیان هەمیشە لە گەڕانە بەدووی هەقیقەت و دەپرسێت و گومان دەکات.
پشوودانی عەقڵ دەتوانێت ببێتە چوارچێوەیەکی شیکاری بۆ تێگەیشتن لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی: بۆچی مرۆڤ، کە توانای بیرکردنەوەی هەیە، هەندێک جار خۆی لەم توانایە دوور دەخاتەوە؟ بۆچی کەسێک حەز دەکات کەسێکی تر بۆی بیر بکاتەوە؟ بۆچی هەندێک جار وەڵامی ئامادەمان لە پرسیاری ڕاستەقینە بەلاوه خۆشترە؟ بۆچی مرۆڤ هەندێک جار لە ئازادبوونی عەقڵی خۆی دەترسێت؟ ئەم پرسیارانە لە مێژووی فەلسەفەدا بە چەند ڕێگایەکی جیاواز وەڵام دراونەتەوە.
پێنج فەیلەسوف و پێنج هۆکار بۆ پشوودانی عەقڵ
یەکێک لە کۆنترین شێوەکانی پەیوەستکردنی ژیان و بیرکردنەوە لە فەلسەفەی سۆکراتدا دەبینرێت، سۆکرات لەوە دەست پێ ناکات کە بڵێت: “من وەڵامەکە دەزانم”، بەڵکوو لەوەوە دەست پێ دەکات کە بۆچی “دەبێت بپرسین”. لە تێگەیشتنی سۆکراتدا، مرۆڤ نابێت ژیانی خۆی بە شێوەیەکی نەپشکنراو بژی، هەر بۆ خۆی ڕستەی (ژیانی نەپشکنراو شایانی ژیان نییە) بە ناوبانگترین دەربڕینەکانی فەلسەفەی سۆکراتییە.[1]
ئەگەر ژیانی پشکنیننەکراو کێشە بێت، ئەوا پشوودانی عەقڵ تەنها بریتی نابێت لە بیرنەکردنەوە؛ بەڵکوو دەبێتە ژیانکردن بەبێ پشکنینی ئەوەی کە دەیکەین و پرسینی بۆچی دەیکەینە. واتە مرۆڤ دەتوانێت ژیانێکی تەواو بەسەر ببات بەبێ ئەوەی جارێک بە جدی لە خۆی بپرسێت: “بۆچی من ئەم شێوازەی ژیانم هەڵبژاردووە؟” بەم پێیەش سۆکرات دەبێتە یەکێک لە کۆنترین ڕەخنەگران لە پشوودانی عەقڵ.
ئاخر ئامانجی سەرەکیی سۆکرات لە بنەڕەتدا، بریتی بوو لە بێدارکردنەوەی عەقڵ.
ئەگەر “سۆکرات” پرسیاری ژیانی پشکنیننەکراوی خستبێتە پێشی مرۆڤ، ئەوا ” کانت” پرسیاری گەشەی عەقڵ دەخاتە ناوەندی فەلسەفەی ڕۆشنگەرییەوە. کانت لە وتارە بەناوبانگەکەیدا (ڕۆشنگەری چییە؟)[2]، نەگەیشتنی مرۆڤ بە پێگەی بەکارخستنی تێگەیشتنی خۆی بەبێ ئاراستەکردنی کەسانی تر بە کێشەیەکی گرنگ دەبینێت.لە ڕوانگەی کانتەوە، کێشە تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی نییە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە هەندێک جار ئازایەتی بەکارهێنانی ئەو توانایەی نییە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ چەمکی پشوودانی عەقڵ. چونکە دەتوانین بڵێین: پشوودانی عەقڵ لەوانەیە نەک لە نەبوونی عەقڵەوە، بەڵکوو لە نەبوونی ئازایەتیی بەکارهێنانی عەقڵەوە دەست پێ بکات. مرۆڤ دەزانێت دەتوانێت پرسیار بکات، بەڵام نایەوێت؛ دەزانێت دەتوانێت بۆچوونی خۆی هەبێت، بەڵام دەترسێت؛ دەزانێت دەتوانێت لەگەڵ زۆرینە جیاواز بێت، بەڵام حەز ناکات نرخەکەی بدات؛ لێرەدایە کە ئیدی ترس دەبێتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەکارهێنانی عەقڵدا.
“فرۆم” ئەم کێشەیە لە ڕووی دەروونی ـ کۆمەڵایەتییەوە بە شێوەیەکی جیاواز شی کردووەتەوە. فرۆم پرسیارێکی سەرنجڕاکێش دەکات: “ئەگەر ئازادی شتێکی باشە، بۆچی مرۆڤ هەندێک جار لە ئازادی هەڵدێت؟”[3] بە بۆچوونی فرۆم، مرۆڤ دەترسێت لەوەی لەگەڵ ئازادیی زیاتر هەستکردن بە تەنهایی، دڵەڕاوکێ و بێپشتیوانی لە لای زیاد بکات، بۆیە بە ناچاری دەگەڕێتەوە بۆ جۆرەکانی دەسەڵاتپەسەندی و خۆخزاندنە نێو بۆچوونی ئەوانی ترەوه. ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پشوودانی عەقڵەوە هەیە، چونکە بیرکردنەوەی خۆییانە بەرپرسیارێتییە، ئەگەر خۆت بیر بکەیتەوە، دەبێت بڕیار بدەیت. ئەگەر بڕیار بدەیت، بەرپرسیاریت. ئەگەر بەرپرسیار بیت، ناتوانیت هەموو شتێک بخەیتە ئەستۆی کەسێکی تر. هەربۆیە، هەندێک جار مرۆڤ حەز دەکات بڵێت: “تۆ بۆ من بڕیار بدە.” ئەم ڕستەیە لە ڕووی دەروونییەوە دەتوانێت هەستێکی ئارامبەخشی بۆ دروست بکات. ئەو کەسەی بڕیارەکەت بۆ دەدات، بەرپرسیارێتییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆ!
لە فەلسەفەی سیاسیی سەدەی بیستەمیشدا، فەیلەسوفێکی مینا “هانا ئارێنت” پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە و کرداری ئەخلاقییانەی مرۆڤ بە شێوەیەکی زۆر گرنگ دەخاتە ڕوو. سەرچاوەیەکی گرنگی ئەم بیرۆکەیە لە شیکردنەوەی ئارێنت بۆ مەسەلەی دادگاییەکەی”ئەدۆڵف ئایخمان”ەوە دێت. ئارێنت سەیری ئەوە دەکات کە چۆن مرۆڤێکی فەرمانبەر لە سیستەمێکی توندوتیژدا دەتوانێت لە بری ئەوەی بە شێوەیەکی قووڵ بیر لە کردارەکانی بکاتەوە، پشت بە کڵێشە و زمان و فۆرمە ئامادەکراوەکان ببەستێت. (ئایخمان لەئۆرشەلیم)[4] توێژینەوەیەکە بەتایبەتی ئیش لەسەر ئەم پەیوەندییەی نێوان بیرنەکردنەوە و توانای جیاکردنەوەی ڕاست و هەڵە دەکات. ئەمە واتای ئەوە نییە کە هەر کەسێک کەم بیر بکاتەوە دەبێتە مرۆڤێکی خراپ؛ بەڵکوو خاڵەکە ئەوەیە کە بیرنەکردنەوە دەتوانێت مرۆڤ لە پشکنینی ئەخلاقیی کردارەکانی دوور بخاتەوە و ناخودئاگا بیکاتە دەستەمۆی ئەوانی دی[5]. لە دۆخێکی لەم چەشنەدا، کەسەکە دەڵێت: “من تەنها فەرمانم جێبەجێ کردووە.”، “من تەنها کارەکەم کردووە.”، “هەمووان ئەمەیان دەکرد.”، “من بەرپرسیار نیم.” لە هەموو ئەم ڕستانەدا کە ئایخمان و هاوشێوەکانی لە ساتەوەختی لێپێچێنەوە لەگەڵیاندا سەبارەت بە تاوانەکانیان دەیکەن، جۆرێکی مەترسیدار لە پشوودانی عەقڵ دەبینین!
لە فەلسەفەی “میشێل فۆکۆ”دا هۆیەکی ڕوونتر بۆ پشوودانی عەقڵ دەبینین، کە بریتیە لە ڕۆڵی دەسەڵات بە ڕێگەخۆشکردن بۆ پشوودانی عەقڵ، لای فۆکۆ پرسیاری دەسەڵات تەنها بە شێوەی (کێ دەسەڵات بەکار دەهێنێت؟ یاخود کێ دەسەڵاتدارە) ناکرێت، فۆکۆ زیاتر سەرنج دەداتە ئەوەی دەسەڵات چۆن لە ڕێگەی ڕێکخستن، پۆلێنکردن، زانیاری، نۆرم و شێوەکانی دیکەی بەڕێوەبردنی مرۆڤەکانەوە کار دەکات[6]. واتە سەرنج لەسەر ئەوەیە کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت شێوەی ڕەفتار و ئاراستەکردنی کردارەکان دیاری بکات. ئەمە بۆ چەمکی پشوودانی عەقڵ گرنگە؛ چونکە دەسەڵات هەمیشە پێویستی بەوە نییە کە بڵێت: “بیر لەم شتە مەکەرەوە.” لەوانەیە تەنها ئەوەندە بەس بێت بۆ دەسەڵات ژینگەیەکی وەها چێ بکات کە تێیدا مرۆڤ خۆی بزانێت: “ئەمە شتێک نییە کە دەبێت بیری لێ بکەمەوە، یاخود پێویست ناکات بیر لەم شتە بکەمەوە” ئەمە جۆرێکی قووڵتری کۆنترۆڵکردنە. کۆنترۆڵی بیرکردنەوە تەنها کۆنترۆڵی ناوەڕۆکی بیرۆکە نییە؛ هەندێک جار کۆنترۆڵی ئەوەیە کە کام پرسیار مافی ئەوەی هەیە دروست بکرێت و کام پرسیار شیاوی بیرلێکردنەوە نییە!
ئێستا و دوای گەڕانەوە بۆ ئەم پێنج بیریار و فەیلەسوفە، ئەگەر بۆچوونەکانیان بەراورد بکەین بە یەکدی و ڕاستییەکی هاوبەشیان لێوە هەڵێنجێنین، ئەوا دەبینین هەر یەک لەمانە ڕەهەندێکی تایبەت و هۆیەک بۆ تێگەیشتن لە پشوودانی عەقڵ پێشکەش دەکەن: (سۆکرات دەڵێت ژیانی مرۆڤ دەبێت پشکنراو بێت؛ کانت سەرنجمان دەخاتە سەر هەبوونی ئازایەتی لە بەکارهێنانی عەقڵ. فرۆم نیشانمان دەدات کە مرۆڤ دەتوانێت لە ئازادی هەڵبێت و بۆ دەستخستنی ئارامیی پەنا بۆ دەسەڵات و هاوشێوەبوونی ئەوانی دی ببات. ئارێنت ئاگادارمان دەکاتەوە کە بیرنەکردنەوە دەتوانێت مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی ئەخلاقیی کردارەکانی دوور بخاتەوە. دواجاریش فۆکۆ پرسیارەکە فراوانتر دەکات و نیشانی دەدات کە دەسەڵات دەتوانێت نەک تەنها کردار، بەڵکوو کاریگەری لەسەر ئەو مەودایەش دروست بکات کە مرۆڤ چۆن لە خۆی و لە جیهانەکەی تێبگات.[7]
لێرەوە، دەتوانین چەمکی پشوودانی عەقڵ بە شێوەیەکی قووڵتر پێناسە بکەین: پشوودانی عەقڵ ئەو دۆخەیە کە تاک توانای بیرکردنەوەی خۆییانە، پرسیارکردن و هەڵسەنگاندنی بۆچوون و بڕیارەکانی خۆی لەدەست دەدات یان دەیسپێرێتە دەستی سەرچاوەیەکی دەرەکی؛ ئەمەش دەکرێت لە ترس، ویستی هاوشێوەبوون، دەسەڵات، نەریت، دڵنیاییی ساختە، یان هەڵاتن لە بەرپرسیارێتیی ئازادییەوە سەرچاوە بگرێت.
پشوودانی عەقڵ چەمکێکی پێکهێنراوە بۆ وەسفکردنی ئەو دۆخەی کە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەییانەی تاک لاواز دەبێت، دەشبێت ئەوە ڕوون بکەینەوە کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان نەزانین، بیرنەکردنەوە، پشوودانی عەقڵدا هەیه. نەزانین بە مانای نەبوونی زانیارییە، بیرنەکردنەوە مانای بەکارنەهێنانی توانای بیرکردنەوەیە، بەڵام پشوودانی عەقڵ دۆخێکی قووڵترە: مرۆڤ لەم دۆخەدا دەتوانێت زانیاری هەبێت و بیر بکاتەوە، بەڵام بە هۆکارێلی کۆمەڵایەتی، دەروونی، سیاسی یان کولتووری، ئەم توانایە به شێوەیەکی ڕەخنەیی و پرسیارسازانە بەکار ناهێنێت. واتا لە دۆخی پشوودانی عەقڵدا، کێشەکە نەبوونی عەقڵ نییە، بەڵکوو نەبوونی چالاکی ڕەخنەیییانەی عەقڵە.
خاڵی هەرە خراپ و مەترسیدار لە پرۆسەی پشوودانی عەقڵدا ئەوەیه کە ئەم پرۆسەیه سەرەتا بە نائاگایانە ڕوو دەدات، پرۆسەیەکی هێواش و بێدەنگە. منداڵ لەسەرەتای زمان گرتنەوە بە پرسیار دەست پێ دەکات، جیهان بۆی پرسیاره نەک وەڵام. بەڵام کۆمەڵگە بە هێواشی فێری دەکات کە پرسیارکردن گرنگی کەمترە لە وەڵامەکان، ئەو وەڵامانەی لەسەر بنەمای “چونکە” داڕێژراون: (چونکە نەریتە، چونکە پێشینان وا دەڵێن، چونکە دەسەڵات وا دەڵێت، چونکە خەڵک ئەمەیان بەلاوە پەسەندە و ئەوەیان پێ نەنگییە، …هتد)، کاتێک “چونکە” جێی “بۆچی” دەگرێتەوە، ئیدی عەقڵ تەسلیمی وەڵامە ئامادەکان دەبێت و دەست بە پشوودان دەکات، ئیدی مرۆڤ بە هێواشی فێر دەبێت کە نەپرسێت، گومان نەکات، ڕەخنە نەگرێت، جیاواز نەبێت و لە کۆتاییشدا خۆی نەبێت و ببێتە کۆپیی ئەوانی تر.
ئایا پشوودانی عەقڵ هەمیشە خراپە؟
لێرەدا دەبێت پرسیارێکی گرنگتر بخەینەڕوو: ئایا مرۆڤ دەبێت هەمیشە بیر بکاتەوە؟ ئایا دەکرێت مرۆڤ هەموو شتێک بخاتە ژێر پرسیار؟ بێگومان وەڵامی ئەمە بە تەواوی “بەڵێ” نییە، مرۆڤ ناتوانێت هەموو بڕیارێکی ڕۆژانە بە شێوەیەکی فەلسەفی شیکار بکات. ئەگەر هەموو هەنگاوێک بخەینە ژێر گومان، ژیان دەبێتە جۆرێک لە کێشەسازیی بەردەوام، بۆیە کێشەکە تەنها “بیرنەکردنەوە” نییە بە شێوەیەکی گشتی و بەردەوام، بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە لە کوێ و کەی عەقڵمان پشوو پێ دەدەین. پشوودان دەکرێت لە بڕیارێکی سادەی ڕۆژانە بێ زیان بێت، بەڵام ئەگەر پشوودانی عەقڵ بگاتە سنوور و شوێنی باوەڕ، ئەخلاق، سیاسەت، دەسەڵات و بڕیارە بنەڕەتییەکانی ژیان، ئەوا دەکرێت ببێتە کێشەیەکی ئێجگار مەترسیدار. بۆیە مەبەست لە “بێدارکردنەوەی عەقڵ” ئەوە نییە کە مرۆڤ ببێتە کەسێک لە هەموو شتێک گومان بکات، بەڵکوو ئەوەیە کە بزانێت: کەی دەبێت گومان بکات؟ کەی دەبێت پرسیار بکات؟ کەی دەبێت بۆچوونی خۆی بپشکنێت؟
پشوودانی عەقڵ لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا
لە سەردەمی دیجیتاڵدا، کێشەکە شێوەیەکی نوێی وەرگرتووە، پێشتر دەکرا مرۆڤ بەهۆی کەمبوونی زانیارییەوە تووشی پشوودانی عەقڵ ببێت، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانێت لە زۆری زانیارییەوە تووشی هەمان کێشە ببێت.
ڕاستە بەردەوامیی هەواڵ، ڤیدیۆ، وێنە، ڕا، کۆمێنت و هەڵوێست دەتوانێت مەودایەکی وەها دروست بکات کە مرۆڤ بەردەوام وەڵام و ناوەڕۆک وەربگرێت، بەڵام ئەمە وادەکات دەرفەتی پشکنینیانی کەمتر ببێت. زانیاریی زۆر دەتوانێت بیرکردنەوە زیاد بکات؛ بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەم زانیارییە زۆرانە دەتوانن جێگای بیرکردنەوەش بگرنەوە. ئەگەر هەموو جارێک وەڵامێکی ئامادەمان بۆ هەر پرسیارێک هەبێت، لەوانەیە کەمتر بپرسین؛ ئەگەر هەموو جارێک کەسێک هەڵوێستێکی ئامادەمان بۆ دروست بکات، لەوانەیە کەمتر خۆمان بە دەربڕینی هەڵوێستی خۆمانەوە سەرقاڵ بکەین. ئەم ڕستەیە مەترسییەکی نوێی پشوودانی عەقڵە: (کاتێک ئامرازەکان زۆر زیرەک دەبن، مرۆڤ نابێت ئەوەندە ئەرخەیان بێت و پشوو بە زیرەکییەکەی خۆی بدات.)
بێداربوونەوەی عەقڵ و سەرنجێکی خێرا
ئەگەر پشوودانی عەقڵ کێشەیە، کەوایە بێداربوونەوەی عەقڵ چییە؟ بێداربوونەوەی عەقڵ بە مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ ببێتە دژی هەموو شتێک، بەڵکوو بە مانای بەرزکردنەوەی لیڤڵی توانای پرسیارکردنە. بێداربوونەوە لەوەوە دەست پێ دەکات کە تاک لە خۆی بپرسێت: من بۆچی باوەڕ بەم شتە دەکەم؟ ئەم بیرۆکەیە لە کوێوە هاتووە؟ بەڵگەکەی چییە؟ ئەگەر هەڵە بێت چی؟ کێ سوود لەم باوەڕە وەردەگرێت؟ کێ دەیەوێت ئەمە قبوڵ بکەم و بۆچی؟ ئایا ئەوەی من پێم وایە “بیرکردنەوەی خۆمە”، بەڕاستی هی خۆمە؟ ئەم پرسیارانە دەتوانن عەقڵ لە پشوودان دەربهێنن.
دوایین سەرنج
لە کۆتاییدا، کێشەی پشوودانی عەقڵ کێشەی کەمبوونی زانیاری نییە، کێشەی کەمی بەکارهێنانی مێشک نییە، کێشەی نەبوونی توانای بیرکردنەوەش نییە بە تەنها، کێشەکە لەوانەیە زۆرتر کێشەی ئیرادەی بیرکردنەوە بێت. مرۆڤ دەتوانێت بیر بکاتەوە، بەڵام هەموو جارێک نایەوێت؛ دەتوانێت پرسیار بکات، بەڵام هەندێک جار دەترسێت دەتوانێت بۆچوونی خۆی بگۆڕێت، بەڵام دەترسێت کە ئەمە بە مانای شکست بێت؛ دەتوانێت لە کۆمەڵگە جیاواز بێت، بەڵام دەترسێت لە تەنهایی، دەتوانێت بڵێت “نازانم”، بەڵام دەترسێت لەوەی بە نەزان بناسێنرێت.
لەبەر ئەمە، پشوودانی عەقڵ زۆرجار لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ دەڵێت: (من نامەوێت بیر لەم بابەتە بکەمەوە.) بەڵام فەلسەفە و بێداربوونەوەی عەقڵ لەوێدا دەستپێدەکات، کە بە خۆت بڵێیت: (من دەبێت بیر لەم بابەتە بکەمەوە و سنووری بڤەکان تێپەڕێنم).
سۆکرات بۆ بێداربوونەوەی عەقڵمان ڕستەیەکی کرد بە پێوەر: ژیانت بپشکنە؛ کانت پێی وتین: ئازایەتی بەکاربردنی عەقڵی خۆت هەبێت. فرۆم پرسی: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە ئازادی هەڵنەیت؟ ئارێنت ئاگاداری کردینەوە: بیرنەکردنەوە دەتوانێت مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی کردارەکانی دوور بخاتەوە. فۆکۆ پرسیارەکەی بردە شوێنێکی تر: کێ و چۆن دیاری دەکات کە ئێمە چی ببینین، چی بزانین و چ پرسیارێک بکەین؟
کۆی ئەم بۆچوونانە دەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی گرنگ: پشوودانی عەقڵ تەنها بیرنەکردنەوە نییە؛ بەڵکوو دەستپێکی لەدەستدانی بیرکردنەوەی خۆییانەیە، کە بنەمایەکی سەرەکیی ئازادیی بیرکردنەوە و ژیانکردنە، چونکە مرۆڤ تەنها ئەو کاتە بەڕاستی ئازادە کە بتوانێت ئازادانە بپرسێت.
ئەگەر مرۆڤ بتوانێت ڕاستگۆیانە و بوێرانە بپرسێت و بیر بکاتەوە، ئەوا عەقڵ لە پشوودان دەردەچێت و هەر لێرەشەوەیە کە بێداربوونەوەی عەقڵی مرۆڤ دەست پێ دەکات.
ئەم نووسینەی ئێمە، ویستی ئەو گریمانەیەش بخاتە ڕوو کە پشوودانی عەقڵ نابێت تەنها بە نەبوونی چالاکی فیکری لێکبدرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆزی مرۆیی و کۆمەڵایەتی تێیبگەین. پشوودانی عەقڵ دەتوانێت لە نەبوونی پرسیارکردنەوە دەست پێبکات، بە پشت بەست بە دڵنیایی و ئارامییەکی بێ بنەما بەردەوام بێت و لە ناخدا بەتەواوی قایم بێت و لە کۆتاییدا ببێتە هۆی لەدەستدانی سەربەخۆییی خود.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ڕزگارکردنی عەقڵ لە پشوودان و بێدارکردنەوەی بە دەستخستنی زانیاریی زیاتر دەست پێ ناکات، بەڵکوو بە پرسیاری نوێ دەست پێ دەکات. لەوانەشە، سەرەتای هەموو بیرکردنەوەیەکی ڕاستەقینە ئەوە بێت کە مرۆڤ بێ ترس بڵێت: ( ڕەنگە ئەوەی من باوەڕم پێی هەبێت ڕاست نەبێت، بۆیە دەبێت دووبارە بیری لێ بکەمەوە).
[1] افلاطون: محاورات افلاطون ( آوطیفرون-الدفاع، آقريطون، فيدون)، جمع: بنیامين جويت، ترجمة: زكي نجيب محمود، مؤسسة هنداوي، ۲۰۱۷.
[2] لەم وتارەدا کانت ڕاستەوخۆ دەڵێت:( کێشەکە نەبوونی تێگەیشتن نیە،بەڵکو نەبوونی بوێری و ئیرادەیە بۆ بەکارهێنانی تێگەیشتنی خۆت بە بێ ڕێبەریی کەسێکی تر)، بڕوانە: ايمانوئیل کانت: در پاسخ به پرسش: روشنگری چیست؟، ترجمه ی : یدالله موقن، اسفند ٢، ١٣٩٧.
[3] ايریش فروم: الهروب من الحرية، ترجمة: محمود منقذ الهاشمي، المركز الاماراتي للدراسات، ۲۰۱٦.
[4] هانا آرنت: آیشمن در اورشلیم؛ گزارشی در باب ابتذال شر، ترجمه ی : زهرا شمس، نشر برج، ١٣٩٩
[5] هانا آرنت: اندیشیدن و ملاحظات اخلاقی، ترجمه: عباس باقری، نشر نی، ١٤٠١.
[6] بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەوەی کە دەسەڵات بە تەنها فەرمان ناکات بەڵکو کاریگەری لەسەر زانیاری، نۆرم، ڕەفتار و ئەوەی کە مرۆڤ چۆن لە خۆی و جیهانەکەی تێبگات، ئەم کتێبەی فۆکۆ بێ ئەندازە گرنگە: ( ميشيل فوكو: تآريخ الجنسانية (الجزء الاول) ارادة المعرفة، ترجمة: جورج ابي صالح، مراجعة: مطاع صفدي، مؤسسة هنداوي، ۲۰۲۳.)
[7] ميشيل فوكو: (المراقبة والمعاقبة: ولادة السجن)، ترجمة:علي مقلد، مركز الانماء القومي، ط۱، بیروت، ۱۹۹۰.