ژنەفتن ژنەفتن
توێژینەوە

مێژووی گوندنشینی

زەوی وەک بەڵگەنامە و یادەوەری وەک ئەرشیف

نووسەر د. کامەران محەمەد
داگرتنی PDF

(هەوڵدانێک بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵی کوردەواری لە دیدی مارک بلۆخدا)

پوختەی توێژینەوە:

 ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی زانستییە بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژووی کۆمەڵی کوردەواری بە میتۆدی مێژوونووسی فەڕەنسی (مارک بلۆخ 1886-1944). توێژینەوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە مێژووی کورد، لە جەوهەری خۆیدا، مێژوویەکی (گوندنشینیی ماوەدرێژە) نەک مێژووی دامەزراوە سیاسییەکان. ئەویش بە بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک (سێمانتیکای زەوی) و (فیسیۆلۆجیای کۆمەڵ)، کە ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌ زەوی بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و ئەرشیفێکی زیندووی یادەوەرییە. دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە زمانی کوردی و دابونەریتە کشتوکاڵییەکان، قووڵترین کایەن کە تێیدا شوناسی کوردی لە بەرانبەر کاتی خێرای دەوڵەت و مۆدێرنێتەدا پارێزگاری لە خۆی کردووە.

کلیلە وشەکان: مێژووی گوندنشینی، مارک بلۆخ، کۆمەڵی کوردەواری، ماوەدرێژ (Longue duree)، سێمانتیکای زەوی، یادەوەریی بەکۆمەڵ.

blank
مارک بلۆخ (١٨٨٤-١٩٤٤) مێژوونووسی فەڕانسایی

پێشەکی:

مێژوونووسین لەگه‌ڵ قوتابخانه‌ی ئانالیزی فه‌ڕه‌نسی لە گێڕانەوەی ژیانی پاشاکانەوە بەرەو نووسینەوەی مێژووی (مرۆڤه‌ پەراوێزخراوه‌کان) گۆڕا، لەم وەرچەرخانەدا (مارک بلۆخ) وەک مێژوونووسێکی گەورە ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی گێڕا کە مێژووی لە کۆشکەکانەوە بۆ کێڵگەکان گواستەوە. گرنگی مێژووی گوندنشینی لەوەدایە کە ڕیتمە هێواش و قووڵەکانی ژیارمان بۆ دەردەخات، ئەوەی بلۆخ پێی ده‌وت (فیسیۆلۆجیای کۆمەڵ).

بۆ گەلی کوردیش، کە مێژووەکەی هەمیشە لە دەرەوەی لۆجیکی دەوڵەت و لەناو قووڵاییی چیا و گوندەکاندا دروست بووە، مێژووی گوندنشینی ستراتیجییەکی مانەوە بووه‌. لەکاتێکدا دەوڵەتە داگیرکەرەکان خەریکی سڕینەوەی شوێنەوارە سیاسییەکان بوون، گوند وەک قەڵایەکی مەعریفی، (یادەوەریی میللی) ده‌پاراست.

ئەو میتۆدەی لەم توێژینەوەیه‌دا بەکار هاتووە، فرە میتۆدییە، کە تێیدا مێژوو ئاوێتەی سۆسیۆلۆجیا و جوگرافیا و زمان دەبێت. ئێمە لێرەدا (زەوی وەک دەق) و (زمان وەک ئەرشیف) بۆ هەڵکۆڵینی ئەو مێژووەی کە لە بێدەنگیی کێڵگەکاندا نووسراوەتەوە، بەکار دێنین.

لە کۆشکەوە بەرەو کێڵگە

لە مێژووی نوێدا، زۆر بە کەمی مێژوونووسێک دەدۆزینەوە، وەک مارک بلۆخ توانیبێتی (هەستی کۆمەڵناسی) و (ئەندێشەی مێژوویی) پێکەوە کۆ کردبێتەوە، کە مێژووی گوندی نەک تەنها وەک بەشێکی پشتگوێخراو لە گێڕانەوەی مرۆڤایەتیدا، بەڵکوو وەک ده‌روازه‌یه‌کی نهێنی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحی ژیارەکان بینیبێت. لە کاتێکدا مێژوونووسانی سەدەی نۆزدەهەم سەرگەرمی نووسینەوەی مێژووی جەنگ و تەخت و تاج بوون، بلۆخ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زەوی و گوند و جووتیار و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خاک و کات بوو، ئەو جەختی لەوە دەکردەوە، کە مێژووی ڕاستەقینە لە کێڵگەکاندا دەنووسرێتەوە نه‌ک لە کۆشکەکاندا و (جووتیار هەڵگری مێژووی ماوەدرێژە)، وەک لە پێشەکیی کتێبی (مێژووی گوندنشینیی فەرەنسا: لێکۆڵینەوەیەک ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنەڕەتییەکانی)دا ئاماژەی پێ کردووە1.

سوزان فرایدمان Susan W. Friedman لە شاکاره‌که‌یدا ده‌رباره‌ی مارک بلۆخ ئاماژە به‌وه‌ دەدات، که‌ تێڕوانینی بلۆخ بۆ مێژوو لە دوای جەنگ، تێڕوانینێکی ڕەخنەیی بوو بەرامبەر بە جوگرافیای کلاسیک. بلۆخ چیتر وەک پەیڕەوکەرێکی سادە نه‌ده‌دوا، بەڵکوو وەک ڕەخنەگرێک دەرکەوت، کە پێی وابوو جوگرافیا دەبێت لە خزمەت (توێژینەوەیەکی فرە- پسپۆڕی)دا بێت2.

لێره‌وه‌ بلۆخ سه‌رله‌نوێ واتای (گوندنشینی) پێناسە کردەوە، نەک وەک پانتایییەکی جیوگرافی، بەڵکوو وەک (سیستمێکی هزری و کەلتووریی خاوەن ڕیتمێکی هێواش)، کە گۆڕانکارییەکانی بە سەدە نەک بە دەیه‌کان دەپێورێن. لەمەوە تێڕوانینی ئەو بۆ ئەوەی دواتر له‌لایه‌ن فێرنان بڕۆدێله‌وه‌ ناونرا (مێژووی ماوه‌درێژ 3(longue durée لەدایک بوو، واتە مێژوویەک کە سەردەمەکان لە ڕێگەی بەردەوامیی بونیاده‌کانه‌وه‌ نەک لە ڕێگەی گۆڕانی ڕووداوە ڕاگوزه‌رییه‌کانەوە دەخوێنێتەوە.

به‌مه‌ش بەلای بلۆخه‌وه‌ (گوندنشینی) بۆ (تاقیگەیەکی تێگەیشتن لە مرۆڤ) لەمیانه‌ی پەیوەندییه‌کانی لەگەڵ زەوی و دەسەڵات و کاتدا گۆڕا. مێژووی گوندنشینی لەلای ئەو، زانستێک بوو دەربارەی تایبەتمەندییەکانی (بەردەوامی) و فەلسەفەیەک لە یادەوه‌ریدا و گەڕانێک به‌ ناو ئەوەی که‌ (چۆن ڕابردوو لە خاک و زمان و نەریتەکاندا به‌زیندوویی دەمێنێتەوە)4.

کاتێک ئەم بیرۆکەیە، بەسەر کۆمەڵی کورده‌واری جێبەجێ دەکەین، تێڕوانینێکی نوێمان بۆ تێگەیشتن لە دیاردەیەکی بێوینه‌ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێدەبەخشێت، گەلێک لە دڵی جوگرافیای سیاسیدا دەژیت، بەڵام لە دەرەوەی لۆجیکی دەوڵەتە، بە زەویدا ڕۆچووه‌، چیایی5، کشتوکاڵی، شوانکارە، نەریتەکانی گوند به‌ڕێوه‌ی ده‌بەن، زیاتر لەوەی دامەزراوەکانی شار حوکمی بکەن. چونکه‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واری زیاتر گوندنشینی بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 1985دا که‌ زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ دامه‌زرابوو و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کرابوو، سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ و ڕاگواستن و سووتان و ڕوخانی گونده‌کانی کوردستانیان په‌یره‌و ده‌کرد، به‌ڵام هێشتا ڕێژه‌ی گوندنشینی %54،8 بوو. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش له‌چاو ڕێژه‌ی وڵاته‌کانی ڕۆژئاوای ئاسیادا وه‌کوو (تورکیا % 46،3) و (ئێران %48،2) و (عێراق %29،8) و (سوریا %48،2) زیاتر بوو6. بۆیه‌ مێژووی کورد، لە ناوەڕۆکدا، مێژووی شار و دامەزراوە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو مێژووی گوندنشینییه‌کی ماوه‌درێژە، که‌ سەرەڕای چەوسانەوە و دابەشبوون به‌رده‌وام بووه‌، چونکە بونیادی گوندنشینی تێیدا لە هەموو سنوورێکی دەستکرد بەهێزتر بووە.

بەو مانایە، دەکرێت بگوترێت بلۆخ تەنها دەربارەی مێژووی ئه‌وروپا یان فەڕەنسا نەینووسیوه‌، بەڵکوو دەربارەی هەموو کۆمەڵگەیەک دواوه‌، کە لە (ڕیتمی زەوی) نەک لە (ڕیتمی بازاڕ)دا ژیاوه‌ و هەموو ئه‌و گەلانه‌ش سه‌رنجی ڕاکێشاوه،‌ کە هێشتا کاتەکەی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک هێواشە، کە پێی بگوترێت (گوندنشینیی).

دۆزینەوەی فیسیۆلۆجیای کۆمەڵ لە ناو زەویدا

سوزان فرایدمان ئاماژه‌ به‌ یەکێک لە قووڵترین ڕەخنەکانی بلۆخ بەرامبەر بە جوگرافیناسە هاوچەرخەکانی (وەک ڤیدال دی لابلاش) ده‌کات. بلۆخ پێی وابوو ئەو جوگرافیایەی تەنها باس لە (هێڵە سنوورییەکان) دەکات، (ئێسکه‌ په‌یکه‌رێکی بێ گیان) نیشان ده‌دات، نەک (گۆشت و خوێنێکی زیندوو)7. ئەم خوازه‌ بلۆخییە کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی گوندنشینی کوردستان. مێژووی کورد ئەگەر تەنها وەک مێژووی (سنوورە سیاسییەکان) بخوێندرێتەوە، دەبێتە مێژوویەکی مردوو، بەڵام ئەگەر وەک (فیسیۆلۆجیای کۆمەڵ) لە ناو کێڵگە و زەوییەکاندا ببینرێت، ئەوا دەگەینە ناوەڕۆکی ژیارە کوردییەکە.

لە تێڕوانینی بلۆخدا، لادێ بێدەنگ نییە، بەڵکوو جووڵەیەکی هێواشە، جووڵەیەک هاوشێوەی هەناسەدانی زەوی. ئەو جووتیارەی کێڵگەکەی دەکێڵێت، نه‌ک ڕابردوو دووبارە ناکاتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی نوێ دەینووسێتەوە. لە ڕێگەی ئەم سووڕە بەردەوامەی کێڵان و چاندن و دروێنەکردنەوە، گوند مێژووی تایبەت بە خۆی دروست دەکات، مێژوویەک بەبێ پاشا و داگیرکردن، بەڵام حوکمی یاساکانی سروشت و زستان و وشکەساڵی و بەپیتی و برسێتی دەیگرێتەوە.

بلۆخ لە ‌هه‌ردوو به‌رگی کتێبی (کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گێتی Feudal Society)دا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ جووتیاران (بابەتی مێژوو) نین، بەڵکوو (دروستکه‌ره‌ بێدەنگەکان)ین، چونکە ئەوان لە بێدەنگیی خۆیاندا ئەوە دەپارێزن کە پاشاکان لەبیری دەکەن8. واته‌ گوند لە ناوەڕۆکدا، ئەو یاده‌وه‌رییه‌یه‌ کە بەرگەی لەبیرچوونەوە دەگرێت و هەموو کێڵگەیەک بەڵگەنامەیەکە و هەموو نەریتێکی کشتوکاڵی ئەرشیفێکی مرۆیی کراوەیە.

لەم سۆنگەیەوە، گوندی کوردەواریش بێدەنگ نییە، بەڵکوو جووڵەیەکی هێواشە. واته‌ ئەو جوتیارەی کێڵگەکەی دەکێڵێت، بە شێوەیەکی مۆرفۆلۆجیش مێژوو دەنووسێتەوە. ئەم (خاوی بونیادی)یە ئەوەیە کە قووڵایی بە گوند دەبەخشێت. ئەوە ئەو شوێنەیە کە بەرگەی مۆدێرنێتە دەگرێت، نەک بە هۆشیارییەکی سیاسییەوە، بەڵکوو بە سروشتی ڕیتمەکەیەوە.

بلۆخ جیاوازیی لەنێوان مێژووی شارەکان و مێژووی گوندەکاندا دەکات، وەک چۆن پزیشک جیاوازیی لەنێوان دوو لێدانی دڵدا دەکات، شار لە کاتی کورت، خێرا، پڕ لە ڕووداودا و گوند لە کاتێکی هێواش، خولگەیی، دووبارەبووەوەدا دەژی9.

لەبەر ئەوە، مێژووی گوندنشینی شیکردنەوەیەکە بۆ شێوازەکانی ژیان کە لە کشتوکاڵەوە سەرچاوە دەگرن، وه‌ک شێوازی خاوەندارێتی، خزمایەتی، سرووته‌کان، نەریتەکان، پەیوەندیی مرۆڤ بە مردن و ئاسمانەوە. بەو واتایه‌ گوند تاقیگەی مرۆڤە لە پەیوەندیدا بە نەمرێتییەوە، چونکە هەموو وەرزی کشتوکاڵ دووبارەبوونەوەی به‌دیهێنانی یه‌که‌مه‌، مردن و زیندووبوونەوە، کێڵان و لەدایکبوون. لەمەوە (بیروباوه‌ڕ) لە ژیانی گوندەکاندا سەرچاوە دەگرێت، کە بلۆخ ئاماژەی پێ کردووە، لەوێ مرۆڤ لە هه‌وڵدانێکی بەردەوامدایە لەگەڵ هێزەکانی سروشت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە هاوئاهەنگییەکی ڕۆحیدایە لەگەڵیاندا.

لەو تێڕوانینەدا مێژووی گوندنشینی دەبێتە فەلسەفەیەک لە کاتدا، ئەو بەدوای پاڵەوان و ڕووداودا ناگەڕێت، بەڵکوو بەدوای شێواز و بونیاددا وێڵ ده‌بێت. ئەوە مێژووی مرۆڤی ئاسایییە، کە کتێبەکان باسی ناکەن، بەڵام لە بێدەنگیی خۆیدا ناوەڕۆکی ژیاره‌کان پێک دەهێنن. لەبەر ئەم هۆکارە، بلۆخ لە وتە بەناوبانگەکەیدا دەڵێت: “مێژوو گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو لێکۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤه‌ لە کاتدا”10.

گوندنشینی کوردی وه‌ک مێژووییه‌کی ماوه‌درێژ

ئەگەر هەوڵ بدەین مێژووی کۆمەڵی کورده‌واری بەم چاوەوە بخوێنینەوە، دەبینین کە تێڕوانینه‌کانی بلۆخ کلیلێکی ناوازەمان بۆ تێگەیشتن و کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکان پێده‌دات. ئاشکرایه‌ کورد بە درێژاییی سه‌رده‌مێکی دوورودرێژ، لە نێو چیا و پێده‌شت و زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌ دابڕاوه‌کاندا ژیاون، وه‌ک مارتین ڤان برونه‌سن باس له‌ هه‌ڵکه‌وته‌ی گوندی کوردی ده‌کات و چه‌ندین نموونه‌ دێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:” له‌نێوچه‌ی باڵه‌کایه‌تیش (باکووری خۆرهه‌ڵاتی عێراق) هه‌ر‌ ئاوه‌هایه‌. تیره‌ گچکه‌که‌ی سه‌کر، که‌ له‌ دۆڵێکی ته‌نگی لقی چۆمێکی باڵه‌کدا ده‌ژێت، له‌ بنه‌چه‌دا ته‌نها گوندێک بووه‌. که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی زۆربوون، په‌لێکی لێبووه‌ته‌وه‌ و له‌ شوێنێکی هه‌ورازتری دۆڵه‌که‌دا گوندێکی نوێیان بنیاتناوه‌، پاش که‌رتبوونێکی دی، به‌ دۆڵه‌که‌دا هه‌ڵکشاون و باڵاتر سێیه‌م گوندیان ئاوه‌دان کردۆته‌وه‌”11. ئه‌مه‌ش گوندەکانیانی کردووە بە یەکەی نیمچە – خۆبژێنی و پشتیان بە هاوکاریی خێزانی و عەشیرەتی و هه‌ره‌وه‌زی به‌ستووه‌ و نەوە دوای نەوە به‌وشێوه‌یه‌ خۆیان نوێ کردووه‌ته‌وه‌.

ئەم بەردەوامییە بوونیادییه‌ ئەوەیە کە له‌ هه‌ردوو کتێبه‌که‌ی بلۆخدا (کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گێتی و مێژووی گوندنشینیی فەرەنسا) به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕه‌نگی ‌داوه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ی فێرنان بڕۆدێل به‌ ماوه‌درێژ ( (longue duréeناوی برد، لەوێ فەرمانڕەواکان دەگۆڕێن و گوندەکان دەمێننەوە و ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌ڕوخێن و نەریتەکان جێگیرتر ده‌بن12.

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین کورد به‌شێوه‌یه‌کی گشتی لە (مێژووی دەوڵەت)دا نه‌ژیاوه‌، بەڵکوو زیاتر لە (مێژووی گوند)دا ژیاوه‌، مێژوویەک لەسەر بنەمای دووبارەبوونەوە زیاتر لە گۆڕان و لەسەر بنەمای زارەکی زیاتر لە نووسین و لەسەر بنەمای یادگە زیاتر لە بەڵگەنامە.

بۆیه‌ گوندی کوردی سه‌ره‌ڕای پانتایییە جوگرافییه‌که‌ی، پێکهاتەیەکی هزری، عەقڵێکی بەکۆمەڵە کە زیاتر بە نه‌ریت و ئەفسانە دەژی نەک بە یاسا. لەو سرووتانه‌دا، ئەوە دەردەکەوێت کە بلۆخ ناوی دەنا (هۆشیاریی ئەفسانەییی گوند)، واتە توانای مرۆڤی گوندنشین بۆ گۆڕینی کاری ڕۆژانە بۆ ڕێوڕەسمێکی سیمبوولی خاوەن واتایەکی گەردوونی.

ئایین و داستان وەک چێوەی مێژووی گوندنشینی:

بلۆخ دەڵێت لە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیدا، ئایین کاریگەرییەکی بنەڕەتی لە هاندانی خەڵک بۆ بایەخدان بە ڕابردوو هەبوو، چونکە کتێبە پیرۆزەکان خۆیان کتێبی مێژوویین13. لە گوندی کوردیشدا، مێژوو لە ڕێگەی (حوجرە) و (تەکیە)وە دەگوازرایەوە. مێژووی گوندنشینیی کورد مێژوویەکی (پیرۆزکراو)ە، کاتێک جوتیارێک باسی ڕابردووی دەکات، پەنا بۆ چیرۆکی هاوەڵان و ئەولیا و پیاوچاکان ده‌بات. لێرەدا، مێژوو وەک (ئاکار) دەردەکەوێت نەک (زانست). ڕابردوو لای گوندنشینیی کورد، وەک بلۆخ ئاماژەی بۆ دەکات، ئامرازێکە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو گەشبینییە کاتییەی کە تەنیا لە ئێستا دەڕوانێت، بۆیه‌ مرۆڤی گوند لە ڕێگەی ڕابردووەوە خۆی لە ناو گەردووندا پێناسە دەکاتەوە14.

هه‌ره‌وه‌ها بلۆخ باس لەوە دەکات کە مرۆڤی ناو گوند، بەهۆی ڕێزی زۆری بۆ ڕابردوو، دەستی بە (دووبارە بونیادنانەوەی ڕابردوو بەو شێوەیەی کە دەبوو هەبێت) دەکرد15. ئەمە لە مێژووی کورددا ڕیشەدارە. ئێمە زۆرجار ڕابردوومان بەشێوەیەک (سەوز) کردووەتەوە هەتا لەگەڵ برینەکانی ئێستاماندا بگونجێت. گوندنشینیی کورد، کاتێک چیرۆکی شکۆمەندیی باووباپیرانی دەگێڕێتەوە، خەریکی (ساختەکردنێکی پیرۆز Pious Forgery)ە، ئەو نایەوێت ڕاستییە ڕووتەکان بڵێت، بەڵکوو دەیەوێت (حەقیقەتێکی ئاکاری) بونیاد بنێت، کە لە بەرانبەر داگیرکەردا بەرگری لە شوناسەکەی بکات. وەک بلۆخ دەڵێت:”هەر پێنووسێک دەتوانێت هەر شتێک بگێڕێتەوە”16، بەڵام لە ژینگەی گوندی کوردیدا، (زمان – گێڕانەوەی زارەکی) ئەو ڕۆڵەی بینیوە.

دواتر بلۆخ ئاماژە بە (داستانەکان (Epic Tales وەک کتێبی مێژووی ئەو کەسانەی ناتوانن بخوێننەوە بەڵام حەزیان لە گوێگرتنە دەکات17. ئەمە ڕێک وێنای سیستەمی (دەنگبێژی) و (حەیران) و (بەیتی کوردی) و… تادیە. لە گوندەکانی کوردستاندا، دەنگبێژ (ئەرشیف پارێز)ە. کاتێک گوندنشینێک گوێ لە بەیتی (دمدم)18 دەگرێت، واته‌ خەریکی خوێندنەوەی مێژووە. لێرەدا (یادەوەریی میللی) دەبێتە جێگرەوەی (مێژوونووسینی فەرمی). ئەم داستانانە، وەک بلۆخ دەڵێت، باشترین پەنجەرەن بۆ تێگەیشتن لە بونیادی کۆمەڵایەتی و ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیەک.

بەم شێوەیە مێژووی گوندنشینیی کوردی، ڕێک ئەو جیهانەیە کە بلۆخ وەسفی دەکات، جیهانێک کە تێیدا سنووری نێوان (واقیع) و (ئەفسانە) کاڵ دەبێتەوە. لێرەدا مێژوو ئامرازی (مانەوە)یە. وەک چۆن بلۆخ دەڵێت مێژوو بارۆمەتری ئاستی کەلتووری گشتییە، مێژووی گوندی کوردیش بارۆمەتری (بەرگری)یە. گەڕانەوەی ئێمە بۆ مێژوو، گەڕانەوە نییە بۆ ناو تەپوتۆزی کتێبەکان، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ ناو ئەو (یادەوەرییە میللییە) زیندووەی کە هێشتا لەناو دەنگی دەنگبێژێک یان چیرۆکی پیرەمێردێکی گوندنشیندا هەناسە دەدات.

 سێمانتیکای زەوی: زمان وەک ئەرشیفی مێژوویی

یەکێک لە گەورەترین پشکدارییه‌ میتۆدلۆژییەکانی مارک بلۆخ، هێنانی زمان بوو بۆ نێو بواری مێژووی کۆمەڵایەتی. ئەو پێی وابوو کە ناوی گوند و ڕووبار و چیاکان پاشماوەی زمانە لەناوچووەکانن و ئەوانه‌ (بەڵگەنامەی بێدەنگ)ن، کە شوێنەوار و مێژووی گەلە کۆنەکان دەپارێزن زیاتر لەوەی دەقەکان بیکەن19.

ئەم تێڕوانینە دەتوانرێت بە ڕوونی لەسەر جوگرافیای کورد جێبەجێ بکرێت، زۆرینەی ناوی گوند و ناوچەکان لە کوردستاندا ڕیشه‌ی مێژوویییان هه‌یه‌، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامییەکی کەلتووری کە هەزاران ساڵ درێژ دەبێتەوە. بۆ نموونە، وشه‌گه‌لێکی وه‌ک پیره‌مه‌گروون و هه‌ورامان و که‌نگاوه‌ر و…تاد ڕیشه‌ی زه‌رده‌شتییان هه‌یه‌، ئه‌وا ناوه‌ عه‌ره‌بی و تورکی و فارسییه‌کان که‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن، چیرۆکی مێژووییی جۆراوجۆرمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه.‌ ئەوان لە بەهای مێژووییدا هاوشێوەی ئەوەن کە بلۆخ لە ناوەکانی کێڵگە کۆنەکانی فەڕەنسادا بەدوایدا دەگەڕا.

بلۆخ پێی وابوو کە (تەکنیکەکان وەک زمان وان، لە بنەڕەتدا شتی کۆمەڵایەتین)20. بۆیە ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە لە وشە و زاراوە و زمان ڕابمێنین، ئەوا مێژوویەکی شاراوەی کوردەواری دەدۆزینەوە، کە لەناو کاری ڕۆژانەی گوندەوە بۆ ناو کایە سیاسی و ڕۆشنبیری و زانستی و فیکرییەکان گواستراونەتەوە. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ کورتی ئاماژه‌یان بۆ بکه‌ین:

میتۆدۆلۆژیای (توێژینەوە) و (شیکردنەوە)

 لە ڕووی میتۆدۆلۆژییەوە کاتێک بلۆخ باس لە (شیکردنەوە Analysis) دەکات21، مەبەستی وردبوونەوەیە لە بونیادە کۆمەڵایەتییەکان. لە زمانی کوردیدا، وشەی (شیکردنەوە) ڕیشەکەی بۆ (شیکردنەوەی تووک و مووی ئاژەڵ) دەگەڕێتەوە و ته‌نانه‌ت وشه‌ی (لێکدانه‌وه‌)ش له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ کاتێک سه‌ری دوو گوریس له‌یه‌ک ده‌ده‌یته‌وه22.‌ بۆیه‌ ئەمە ئەوە دەردەخات کە یەکەمین هەنگاوی (عەقڵانییەت) لای مرۆڤی کورد، لە مامەڵەی وردی لەگەڵ سروشت و جەستەی ئاژەڵەوە دەستی پێ کردووە.

هەروەها وشەی (توێژینەوە Research) کە ئەمڕۆ زاراوەیەکی بنەڕەتی نێو کایەی زانستی و ئەکادیمییه‌، لە (توێژ توێژکردنی زەوی و گەڕان بۆ سەرچاوەی ئاو)ەوە هاتووە23. لێرەدا (توێژەر) وەک ئەو (جوتیار-جوگرافیناسە) وایە کە بلۆخ ستایشی دەکات، ئەو کەسەی کە: “هەستێکی پاکی دەربارەی هەزارەها بەستەر هەیە کە مرۆڤی نێو کێڵگە (جوتیار) بە سروشتەوە دەبەستێتەوە.”24 بۆیە گەڕان بەدوای ڕاستیدا لە عەقڵی کوردیدا، هاوشێوەی گەڕانە بەدوای ئاو لەناو قووڵایییەکانی زەویدا. ئەمە ڕێک ئەو (گەڕانە بەدوای ڕاستی Search for reality)ەیە کە بلۆخ بە مەرجی سەرەکیی مێژوونووسینی دەزانی و له‌ ته‌واوی کتێبی (پیشه‌ی مێژوونووس)یدا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کرده‌وه‌.

 (ڕامیاری) و (دۆخ)- دەسەڵات لە ژێر جڵەوی گونددا:

یەکێک لە پارادۆکسە هەرە سەرنجڕاکێشەکان، چەمکی (ڕامیاری Politics)یە. لە کاتێکدا بلۆخ باس لە (دەسەڵاتی سیاسی) و (پێکهاتنی چینە کۆمەڵایەتییەکان) دەکات25، له‌ زمانی کوردیشدا (ڕامیاری) لە بنەڕەتدا بریتی بووە لە (ڕامکردن یان جڵەوکردنی وڵاخی بەرزە و سرک) و (ڕامیار)یش واتە کەسێکی ژیر و لێزان و بەتوانا کە دەتوانێت ئاژەڵی سرک و یەکەناس ڕام بکات26. لێره‌وه‌ ئەمە مێژوویەکی سیاسیی تایبەت دەگێڕێتەوە، دەسەڵات لای کورد وەک (ڕامکردنی هێزە سرکەکان) بینراوە، چ هێزی سروشت یان هێزی مرۆیی بێت.

هەروەها وشەی (دۆخ) یان (بارودۆخ Situation)، لە (جڵەوی ئەسپ)ەوە هاتووە. (بارودۆخ) کاتێکە کە باری سەرشان و جڵەو یەک دەگرنەوە. لێرەدا، تێگەیشتنی کورد بۆ سیاسەت، تێگەیشتنێکی (ئۆرگانی- کێڵگەیی)یە، نەک تیۆرییەکی دابڕاو. ئەمە هاوتایە لەگەڵ تێبینییەکەی بلۆخ کە دەیگوت (یەکەی کێشەکان) تەنها لەناو واقیعدا مانا وەردەگرن27.

ڕژێمی کشتوکاڵی و مۆرفۆلۆژیای (جووت)

بلۆخ باس لە (ڕژێمی کشتوکاڵی Agrarian Regime) وەک سیستمێکی یاسایی و نەریتی کە فشار دەخاتە سەر بەرهەمهێنەران دەکات.28 ئەو پێی وایە ئەم ڕژێمانە چ لە سروشتیاندا و چ لە هۆکارەکانیاندا (دامەزراوەی کۆمەڵایەتین).

لە کۆمەڵی کوردەواریشدا، چەمکی (جووت) بەتایبەت دوو گا یان جووتێ گا بۆ کێڵان به‌کارهاتووه29 و بنەمای ئەم ڕژێمە بووە. (جووتکردن)یش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کارێکی تەکنیکی بووە، هاوکات دروستکردنی هاوبەشییەکیش بووە لە ناو زەویدا. ئەمە پەیوەستە بەوەی بلۆخ ناوی دەنێت (عەقڵییەتی کۆمۆنیتاری Communitarian mentality) کە لە ناو ڕژێمی (کێڵگەی کراوە Open field)دا لە باکووری فەڕەنسا بینیویەتی30.

جا ئەگەر لە زمانی کوردی ڕابمێنین، ئەوا کۆمەڵە وشەیەک هەن، کە ئەم (ڕژێمە)مان بۆ ڕوون دەکەنەوە، وەک: (ڕەنج)، کاری زەحمەتی ناو کێڵگە، کە دەبێتە بنەمای ناسنامەی مرۆڤی گوندنشین. (بەرهەم و بەرەنجام)یش وشەی بەرهەم لە (بەری هەموو)ەوە هاتووە. (بەرەنجام Result)یش کاتێکە کە تۆ (بەر) و (بەرهەم)ی (ئەنجام)ی ڕەنجەکەت دەچنیتەوە31. دیارە لە ئاستە قووڵەکەشیدا ئەمە لۆجیکی (هۆکار و ئەنجام) لای کورد ڕوون ده‌کاته‌وه‌، کە لۆجیکێکی کشتوکاڵییە. وشه‌ی (کێشمەکێش)یش کە ئەمڕۆ بۆ ململانێی سیاسی بەکار دێت، لە ڕیشەدا لە (کێشکردنی گەنم و ڕاوەستان و دوودڵبوون لێی، که‌ ده‌بێته‌ تێکه‌ڵوپێکه‌ڵ و ئاڵۆزبوون)ەوه‌ هاتووە32.

ئەم وشانە ئەوە دەسەلمێنن، کە بلۆخ ڕاستی کردووە کاتێک دەیگوت: “تەکنیکەکان وەک زمان وان”، بۆیە زیادەڕەوی ناکەین ئەگەر بڵێیین زمانی کوردی مێژوویەکی (جووت و ڕەنج و خەرمان)ە کە ئەمڕۆ کراوە بە مێژوویەکی سیاسی.

 توێکاریی کێڵگە و فیسیۆلۆجیای شارستانێتی:

دواتر بلۆخ باس لە جیاوازیی نێوان دوو جۆر ئامێری کێڵان دەکات: (لارێر L’araire و لاشاروو La charrue) ئەو پێی وایە لاشاروو دایکی کێڵگە درێژەکانە و نیشانەی جۆرێک لە (شارستانێتی کشتوکاڵی)یە33. بەڵام هه‌ر خۆی له‌وه‌ ئاگادارمان دەکاتەوە کە نابێت تەنها بایەخ بە ئامێرەکە بدەین، بەڵکوو دەبێت لەو (یاسا کۆمەڵایەتییانه‌) ڕابمێنین کە لە پشت ئەم ئامێرانەوەن.

لەم ڕوانگەیەوە و لە کوردەواریدا، (تەوەر – ئەو دارە یان ئەو ئاسنەی کە بەرهەمەکە لە دەوری دەخولێتەوە) و (خولگە- ئەو دارەکونەیە کە دەکرێتە بەشی سەرەوەی ئاش بۆ خولانەوە) و (بەرداش- بەردی ئاش، ئەو دوو بەردەی کە گەنم و جۆ ئەهاڕێ، واتە بەردی ئاش)34 ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ئامێری ئاشن، هاوکات بوونەتە میتافۆری بیرکردنەوە. کاتێک دەڵێین (تەوەری باسەکە)، ئێمە بە نائاگا دەگەڕێینەوە بۆ ئەو دارە یان ئاسنەی کە بەرهەمەکە لە دەوری دەخولێتەوە. کاتێک دەڵێین (خولگە)، دەگەڕێینەوە بۆ ئەو پارچە دارەی کە ڕێگە بە خولانەوە دەدات. لێرەدا –پێده‌چێت- لۆژیکی زانستیی کورد لە (ئاش)دا دروست بووبێت.

هەروەها وشەی (کۆسپ یان بەربەست یان ئاستەنگ Obstacle)، کە ئەمڕۆ بۆ بەربەستە کۆمەڵگەیی و مێژوویییەکان بەکار دێت، لە بنەڕەتدا (بەردێک یان بەرزاییەکی بچووکە کە دێتە بەردەم مرۆڤ) لەناو کێڵگە یان ڕێگەی گونددا. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مێژووی کورد زیاتر مێژووی (کۆسپەکان)ە، نەک تەنها مێژووی تەختییەکان.

چارەسەر: بەرەو چارەکردنی تراژیدیای مێژوویی

یەکێک لە قووڵترین و گرنگترین وشەکان بریتییه‌ له‌ وشەی (چارەسەر (Solution ، دیاره‌ گرنگترین بەشی جەستەی مرۆڤ، سەرە، هەرکاتێک سەر چارە و دەرمان کرا، ئیتر گرفتەکە کۆتایی هاتووە35. ئەمە تێگەیشتنێکی یەکجار قووڵە بۆ کۆمه‌ڵ و مێژوو. لای کورد کێشەکان تەنها کاتێک (چارەسەر) دەبن کە سەر (ناوەندی هزر و بڕیار) چارەسەر بکرێت.

ئەمە پەیوەستە بەوەی بلۆخ ناوی دەنێت (نوێنەرایەتییە کۆمەڵایەتییەکان Social representations) و ڕەخنە لە (ڤێبەر) دەگرێت چونکە بایەخی بە (وەهمی جوگرافی (Geographical illusion  نەداوە، واتە ئەو شێوەیەی کە مرۆڤەکان دەربارەی ژینگەی خۆیان بیری لێ دەکەنەوە36. لای بلۆخ گۆڕانکاری لە (سەر) و (هۆشیاری)دا لە گۆڕانکاری لە (ماددە)دا گرنگترە. چارەسەری مێژوویی کوردیش، بە دیدی بلۆخی لە گۆڕانکاری لەو (سەر)ەدایە کە مێژووی گوندی تێدا پارێزراوە.

لادێ و دەسەڵات لەنێوان دابڕان و بەرگریدا

لە تێڕوانینی بلۆخدا، به‌ پێچه‌وانه‌ی هەندێک لە مێژوونووسانه‌وه‌ گوند ملکەچی شار نییە، بەڵکوو زۆرجار ئەوەیە کە بەرگری لێ دەکات و سەربەخۆییی سیمبولێتی خۆی دەپارێزێت.

ئه‌و پەیوەندیی نێوان دەرەبەگ و جووتیاری لە شاکاره‌که‌یدا (کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گێتی) بە پەیوەندییەکی هێزی دوولایەنە وەسف کردووە، دەرەبەگ پێویستی بە بەرهەمی جووتیارە و جووتیار پێویستی بە پاراستنی دەرەبەگ هەیە، بەڵام لەنێوانیاندا هەمیشە (ناوچەیەکی خۆڵەمێشیی سەرپێچیی بێدەنگ) هەیە37.

ئەم وەسفە بە شێوه‌یه‌کی سەرسوڕهێنەر بەسەر پەیوەندیی گوندە کوردنشینەکان بە دەسەڵاتە ناوەندییەکانەوە جێبەجێ دەبێت، چ عوسمانی بێت یان فارسی یان نوێ، چونکە کورده‌کان لە بارێکی (نیوە ملکەچی و نیوە سەربەخۆیی)دا ژیاون‌، کاتێک ناچار بوون باجیان داوە و کاتێک هەلێکیان بۆ ڕه‌خسابێت هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ڕاپه‌ڕیوون.

ئەم بەرگرییە لادێییە ئایدیۆلۆجی نەبووە، بەڵکوو سروشتی بووە، واته‌ بەرگریکردن بووه‌ لە شێوازی ژیان لە دژی دەسەڵاتی شار. لەبەر ئەوە شۆڕشەکانی کورد لە هه‌ردوو سەدەی نۆزدە و بیستەمدا لە گوند و چیاکانه‌وه‌ دەستیان پێکردووە، نەک لە شار.

لەو چوارچێوەیەدا، جووڵانەوەی کوردیی هاوچەرخ دەکرێت وەک خەباتێک لەنێوان دوو کاتدا بخوێنرێتەوە: (کاتی خێرای دەوڵەتی نوێ) و (کاتی هێواشی گوند) کە ئه‌وه‌ ڕەت دەکاتەوە بە تەواوی تێکەڵ ببێت. بەو واتایە کورد له‌وه‌دا دەژی کە بلۆخ ناوی ناوه‌ (کاتی دووانەییی مێژوو)، واته‌ ڕابردوو و ئێستا لە هەمان دیمەندا پێکەوە38.

خاوی مێژوویی و کێشەی نوێکردنەوە

بلۆخ پێی وابوو هەڵەیە وەک دواکەوتنێک له‌ خاوی گوند بڕوانرێت، چونکە کاتی هێواش لە ناخیدا حیکمەتی بەردەوامی هەڵگرتووە. لە کتێبی (پیشه‌ی مێژوونووس)دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ مێژوو بە هێڵێکی ڕاست به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ناڕوات، بەڵکوو بە ڕیتمێک هەناسە دەدات هاوشێوەی بای ناو کێڵگەکان39.

ئەم ڕیتمە ئەوەیە کە پارادۆکسی کوردی ڕوون دەکاتەوە، لە کاتێکدا شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بواری بیناسازی و تەکنۆلۆجیادا خێرا دەڕۆن، ڕۆحی گوندنشینی هێشتا حوکمی سیاسەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

خێزان هێشتا لە تاک گەورەتر و عەشیرەت لە پارت کاریگه‌رتر و یادگە لە یاسا بەهێزترە. ئەمەش وای کردووە کۆمەڵی کورده‌واری لەنێوان دوو کاتدا بژی: (کاتی زەوی) و (کاتی دەوڵەت).

ئەم دژایەتییە تایبەت نییە بە کورد بە تەنها، بەڵکوو تایبەتمەندیی هەموو کۆمەڵگەیەکی گوندنشینییه‌ کە دەکەوێتە قۆناغی نوێبوونەوەوە، بەبێ ئەوەی بونیاده‌ سیمبولییه‌کانی خۆی بگۆڕێت. بەڵام لە دۆخی کورددا، بابەتەکە ئاڵۆزترە، چونکە نوێبوونەوە زۆرجار لە دەرەوە دێت، لە دەوڵەتە ناوەندییەکانەوە کە بە زۆر سەپاندویانه‌، ئەمەش وایکردووه‌ گوند زیاتر بە خاوی خۆیەوە په‌یوه‌ست بێت و بمێنێته‌وه‌.

بەم شێوەیە خاوی لە تایبەتمەندییەکی ئابوورییەوە بۆ شێوەیەک لە شێوەکانی بەرگریی کەلتووری دەگۆڕێت، واته‌ (بەرگریکردن لە توانەوە) و لە (لێکچوون) و لە (لەبیرچوونەوە).

مێژووی کورد وەک مێژوویەکی گوندنشینی

خوێندنەوەی دووبارەی مێژووی کورد لە دیدی بلۆخەوە ئه‌وه‌ ئاشکرا دەکات، کە ئەم بەردەوامیی شێوازێکی کۆمەڵایەتیی کشتوکاڵییە کە سه‌رده‌مانێکی درێژ لە دابڕانی چیاکاندا ژیاوە، نه‌ک ته‌نها زنجیرەیەک ڕاپه‌ڕینی چه‌کداری و سیاسی.

بەهاکان کە ژیانی کوردی ئاڕاسته‌ دەکەن – شەرەف، میوانداری، تۆڵەسەندنەوە، ئارامگری، پەیوەندی بە زەوییەوە – هەموویان بەهایەکی گوندنشینیین بە پلەی یەکەم.

پەیوەندییه‌کانی نێوان (مرۆڤ و سروشت)، (خێڵ و دەسەڵات)، (ئەفسانە و واقع)، تۆڕێک لە واتاکان پێک دەهێنن، کە تەنها لەناو لۆژیکی گوندا ده‌توانین لێی تێبگه‌ین نەک لە لۆژیکی دەوڵەتی نوێدا. بەو واتایە، دەتوانین بڵێین کورده‌کان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی (گەلێکی بێ دەوڵەت)ن، هاوکات (گەلێکن کە گوندیان بەجێنەهێشتووە) واته‌ هێشتا له‌ گوندا ده‌ژین و گوندیش له‌واندا به‌ زیندوویی ماوه‌ته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ لەناو مێژووی ماوه‌درێژدا دەژین، کە – بلۆخ باسی لێوە کردووە – ئه‌ویش مێژووی بونیاده‌ نەک ڕووداو، بەردەوامییه‌ نەک پچڕان.

لادێ وەک یادگەیەکی فەلسەفی

ڕەنگە خوێنەر پرسیار بکات: بۆچی بلۆخ پێداگرە لەسەر ئەوەی گوند کلیلی تێگەیشتن لە مێژوو بێت؟ وەڵامەکە، وەک لە کتێبی (پیشه‌ی مێژوونووس)دا ئاماژه‌ی بۆ دەکات، ئەوەیە کە مێژوو لە شارەکاندا یادگەی خۆی بە خێرایی لەدەست دەدات، لە کاتێکدا لە گوندەکاندا ڕابردوو لە هەموو بەردێک و ناو و نەریتێکدا دەمێنێتەوە40.

گوند بە دیدی ئەو، ئەو شوێنەیە کە کات تێیدا چڕ دەبێتەوە، لەوێ سێ ڕه‌هه‌نده‌که‌ی کات – ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو – لە یەک ئەزمووندا تێکەڵ دەبن41. لەمەوە دەکرێت بڵێین توێژینه‌وه‌ لە گوندنشینی هه‌ر زانستێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ڕاهێنانێکی فەلسەفیشە له‌سه‌ر تێگەیشتن لە مرۆڤ لە ناوەڕۆکی ئۆرگانی خۆیدا، کە بە سروشت و یادگە و زمانەوە بەستراوەتەوە.

لە دۆخی کورددا، ئەم ڕەهەندە فەلسەفییە بە ڕوونی دەردەکەوێت، گوند سیستەمێکی واتای تەواوە. جووتیاری کورد له‌گه‌ڵ کێڵانی زەویدا، (چاودێریی کات)یش دەکات، چونکە زەوی لای ئەو سەرچاوەی بژێوی نییە، بەڵکوو بوونەوەرێکی ڕۆحییە کە پەیوەندییەکی خزمایەتیی سیمبولیی پێوەی هەیە. ئەمەش چڕیی ئەو وشانە ڕوون دەکاتەوە کە (زەوی بە دایک)، (باران بە ڕەحمەت) و (چیاکان بە پەناگە) دەچوێنن.

بەرەو مێژوویەکی کوردی بە دیدی بلۆخەوە

هزری بلۆخ ئاسۆیەکی نوێمان بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگە ناپیشەسازییەکان، وەک کۆمەڵی کورده‌واری بەدوور لە چەمکەکانی دەوڵەت و نەتەوە و نوێبوونەوە، دەکاتەوە.

لە دیدی مێژووی گوندنشینییه‌وه‌، تراژیدیای کوردی دەکرێت نەک وەک شکستێکی سیاسی، بەڵکوو وەک ئەنجامێکی سروشتی بۆ ناکۆکیی دوو ڕیتم تێبگەین: ڕیتمی دەوڵەتی نوێ کە خێرایی و یەکجۆری دەوێت و ڕیتمی گوندنشینی کوردی کە لەسەر خاوی و فرەچەشنی و یادگە دەژیت. کورد، بەو واتایە، لە دەرەوەی مێژوو نییه‌، بەڵکوو لەناو مێژوویەکی دیکه‌دایه،‌ مێژوویەکی خاو و ماوه‌درێژ، کە بە کێڵان نەک بە یاساکان و بە ئەفسانە نەک بە پەرلەمان دەنووسرێتەوە.

بەم شێوەیە، دەکرێت بڵێین خوێندنەوەی مێژووی کورد بە میتۆدی مارک بلۆخ به‌های هزریی خۆی هه‌یه‌، چونکە لە چێوەی (پەراوێزی سیاسی) دەری دەهێنێت و دەیخاتە (ناوەندی ئەنترۆپۆلۆجی)ەوە. واته‌ گوندنشینی کورد پاشماوەیه‌کی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئێستایه‌کی بەردەوامە، ئەو کاتەیە کە هێشتا شکستی نەهێناوە و ئەو یاده‌وه‌رییه‌یه‌ کە مرۆڤ لەوە دەپارێزێت ڕیشەکانی لەدەست بدات.

کاتێک لەمە تێدەگەین، لەوەش تێدەگەین کە گوندنشینی قۆناغێک نییە کە دەبێت تێپەڕێنرێت، بەڵکوو یادگەیەکە دەبێت گوێی لێ بگیرێت. ڕەنگە لە بێدەنگیی گوندە کوردنشینەکاندا، وەک لە بێدەنگیی کێڵگە فەڕەنسییەکاندا کە بلۆخ دەربارەی نووسی، وەڵامی پرسیارێکی نەمری وه‌ک: چۆن مرۆڤ لە لەبیرچوونەوە ڕزگاری دەبێت؟ هه‌بێت.

ئەنجامەکان:

لە ئەنجامی بەکارهێنانی میتۆدی توێژینەوەی مێژووییی مارک بلۆخ بۆ مێژووی گوندنشینیی کوردی، گەیشتینە ئەم خاڵانە:

1. مێژووی ڕاستەقینەی کورد لە ناو (کێڵگە) و (جووت) و (خەرمان)دایه‌. جوتیاری کورد سه‌ره‌ڕای زەوی کێڵان بەشێوەیەکی (مۆرفۆلۆجی) مێژووی نووسیوه‌تەوە و بەردەوامیی بە شوناس داوه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا میر و سەرۆکەکان نەیانتوانیوە بیپارێزن.

2.   کۆمەڵی کوردەواری لە نێوان دوو کاتدا دەژی: (کاتی خێرای دەوڵەت) کە هەوڵی سەپاندنی مۆدێرنێتە دەدات و (کاتی هێواشی گوند) کە ڕیتمێکی سروشتی و ماوەدرێژە. بەرگریی کورد لە جەوهەریدا بەرگریی (کاتی زەوی)یە لە دژی (کاتی بازاڕ و سیاسه‌ت).

3. وشەگەلێکی وەک (ڕامیاری، توێژینەوە، چارەسەر) دەیسەلمێنن کە عەقڵانییەتی کوردی ڕەگێکی کشتوکاڵی و ئۆرگانی هەیە. واته‌ زمانی کوردی ئەرشیفێکی جیۆلۆجییە کە مێژووی پەیوەندیی مرۆڤی بە خاکەوە تێدا نووسراوەتەوە.

4.  لە دیدێکی بلۆخییانەوە، گوندی کوردەواری شوێنی هاوئاهەنگییە لەگەڵ سروشت. سوڕی کشتوکاڵ (مردن و زیندووبوونەوە) وای کردووە (ئەفسانەی شاراوە و بیروباوه‌ڕ) ببێتە بڕبڕەی پشتی هۆشیاریی کورد، ئەمەش وای کردووە مێژووی کورد مێژووی (بەرگری) بێت نەک تەنیا مێژووی (ژێردەستەیی).

5.  ناوی چیا و ناوچه‌کان (وەک هەورامان، ئاتەشگا، کەنگاوەر) بەڵگەنامەی بێدەنگن، کە (ڕاستی مێژوویی) دەپارێزن. ئەم سێمانتیکایە دەیسەلمێنێت کە کورد گەلێکە (گوندی بەجێنەهێشتووە)، تەنانەت کاتێک لە ناو شارەکانیشدا دەژی، ڕۆحی گوندنشینی وەک بونیادێکی دەروونی حوکمی دەکات.

6.   ئامێرە سادەکانی وەک (ئاش، جووت، تەوەر) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لای کورد کەرەستە بوون، هاوکات بوونەتە میتافۆری بیرکردنەوەی زانستی و فەلسەفی، کە تێیدا (چارەسەر) و (ناوەندی بڕیار) لەناو واقیعی کێڵگەوە سەرچاوەی گرتووە.

په‌راوێزه‌کان

[1] ( Marc Bloch, French Rural History: An Essay on its Basic Characteristics, trans. Janet Sondheimer (London: Routledge, 2015), P p xxiii- xxx.

2  ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines (Cambridge: Cambridge University Press, 1996), p 135.

3 ) Fernand Braudel, On History, trans. Sarah Matthews (Chicago: University of Chicago Press, 1980), p 25.

4 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft, trans. Peter Putman (Manchester: Manchester University Press, 1992), P p 32-36.

5) بڕوانه‌: کامه‌ران محه‌مه‌د: مێژووی چیانشینیی: خوێندنەوەیەکی برودێلییانە بۆ دیالێکتیکی جوگرافیا و مێژوو لە کوردستاندا، گۆڤاری مێژووناسی، ژماره‌: 11، ساڵی سێیه‌م، 2025، ل 90 و دواتر.

6) عەبدوڵڵا غەفوور:جوگرافیای کوردستان، چاپی پێنجەم، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر، ٢٠٠٨)، ل 243.

7 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 137.

(8   بڕوانه‌: Bloch, Marc. Feudal Society, Translated by L.A. Manyon. 2nd ed. 2 vols. London: Routledge & Kegan Paul, 1965.

9) بڕوانه‌: Marc Bloch, French Rural History: An Essay on its Basic Characteristics

10 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft, P 23.

11) ئاغا و شێخ و ده‌وڵه‌ت، وه‌رگێڕان: کوردۆ عه‌لی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، به‌رکی یه‌که‌م، چاپی چواره‌م، سلێمانی، 2003، ل 85 و دواتر.

12 ) FernandBraudel: The Mediterranean and the Mediterranean world in the age of Fhillip II, t: Sianreynolds, Vol 1,U.S.A, 1st printing,1995, P p  25-50.

13 ) Bloch, Marc. Feudal Society, vols 2, p 88.

14 ) Bloch, Marc. Feudal Society, vols 2, P p 88 89.

15 ) Bloch, Marc. Feudal Society, vols 2, P p 88 – 92.

16( Bloch, Marc. Feudal Society, vols 2, P p 88-92.

17) Bloch, Marc. Feudal Society, vols 2, P p 88-92.

18 ) عه‌بدولحه‌مید حوسه‌ینی: به‌یتی دمدم، بنکه‌ی مه‌لا ئاواره‌، ئه‌ورپا، 1981.

19 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft.

20 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 145.

21 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 135.

22 ) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

23 ) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

24 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 140.

25 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 137.

26 ) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

27 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 140.

28 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, Pp 144-145.

29 ) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

30 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 146

31 ) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

32) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

33 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 146.

34) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

35 ) چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ  به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

36 ) Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines, p 136.

37 ) Bloch, Marc. Feudal Society, vols 2, p 145.

38 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft, Pp 29-36.

39 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft, Pp 29-36.

40 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft, Pp 29-36.

41 ) Marc Bloch, The Historian’s Craft, Pp 29-36.

سەرچاوەکان

سه‌رچاوکان به‌ زمانی کوردی

  1. عه‌بدولحه‌مید حوسه‌ینی: به‌یتی دمدم، بنکه‌ی مه‌لا ئاواره‌، ئه‌وروپا، 1981.
  2. عەبدوڵڵا غەفوور: جوگرافیای کوردستان، چاپی پێنجەم، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر، 2008).
  3. کامه‌ران محه‌مه‌د: مێژووی چیانشینیی: خوێندنەوەیەکی برودێلییانە بۆ دیالێکتیکی جوگرافیا و مێژوو لە کوردستاندا، گۆڤاری مێژووناسی، ژماره‌: 11، ساڵی سێیه‌م، 2025.
  4. مارتین ڤان برۆنه‌سن: ئاغا و شێخ و ده‌وڵه‌ت، وه‌رگێڕان: کوردۆ عه‌لی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، به‌رکی یه‌که‌م، چاپی چواره‌م، سلێمانی، 2003.

سه‌رچاوکان به‌ زمانی ئینگلیزی

  • Fernand Braudel, On History, trans. Sarah Matthews (Chicago: University of Chicago Press, 1980).
  • FernandBraudel, The Mediterranean and the Mediterranean world in the age of Fhillip II, t: Sianreynolds, Vol 1,U.S.A, 1st printing,1995.
  • Marc Bloch, Feudal Society, Translated by L.A. Manyon. 2nd ed. 2 vols. London: Routledge & Kegan Paul, 1965.
  • Marc Bloch, French Rural History: An Essay on its Basic Characteristics, trans. Janet Sondheimer (London: Routledge, 2015.
  • Marc Bloch, The Historian’s Craft, trans. Peter Putman (Manchester: Manchester University Press, 1992).
  • Susan W. Friedman, Marc Bloch, Sociology and Geography: Encountering Changing Disciplines (Cambridge: Cambridge University Press, 1996).

چاوپێکه‌وتن

  1. چاوپێکه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ختیاری مام حه‌مید، له‌ ڕۆژی (3/12/2025)، له‌ سلێمانی.

تێبینی: ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ گۆڤاری مێژووناسی، ژماره‌ (12)، ساڵی سێیه‌م، هه‌ولێر، پایزی 2025 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

blank
دەربارەی نووسەر
د. کامەران محەمەد

<strong>زانکۆی سلێمانی- کۆلێجی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌کان- به‌شی فه‌لسه‌فه‌ و توێژینه‌وه‌ کلتوورییه‌کان</strong>

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە