ڕوونکردنەوەیەک و پێشەکییەکی کورت
ئەم کتێبە چەند توێژینەوەیەکی زانستی سەربەخۆ نییە، بەو مانا باوەی نووسینی ئەکادیمی هەیەتی. کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەش نییە، کە لە چوارچێوەی یەک پڕۆژەدا ئەنجام درابن. بابەتەکانیش بەشێوەیەک دانەڕێژراون، وەڵامی یەک پرسیاری دیاریکراو، بەپێی مێتۆدێکی تایبەتمەند، بدەنەوە. بەڵکوو هێندێک وتارن، لە ناوەڕۆکدا خوێندنەوەی چەردێک دیاردەی مەعریفین، لە کات و ساتی جیاجیادا نووسراون. ئەوەی دواییان نەبێت، ئەوانیتر لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٦، لە گۆڤار و سایتی هزری (ژنەفتن، خاڵ، ڕامان) بڵاو کراونەتەوە. هەرچەندە وتارەکان، وا خۆ دەنوێنن بە ڕۆحێکی ئەکادیمییانە و نەفەسێکی ڕەخنەیییانە نووسرابن، بەڵام زێتر تێبینیکردنن، چاودێری و تێڕامانن. لێوردبوونەوەی کەسین، پەیوەستن بە ژیان و کارکردنی چەندین ساڵە لە بواری ئەکادیمیدا، لە کاری کارگێڕییەوە بگرە تا بە نوسین دەگات، وردتر لە بواری نووسینەوە و لێکۆڵینەوەی مێژووییدا. ویستوومانە، بەپێی زەین و تێگەیشتنی کەسی و ئەزموونکردنی دۆز و تێڕامان لە ڕەوشە جیاجیاکانەوە، بە زمانێکی سادەتر لە زمانی ئەکادیمی، وەڵامی پرسیارگەلێک بدەینەوە، کە لە ژیانی زانستیدا سەریان هەڵداوە و پەیوەست بوونە بە: ناسنامە و مەودای کاری مرۆڤی ئەکادیمی، سروشتی بەرهەمهێنانی زانینی مێژووییی دەزگاییانە سەرەدەری لەگەڵ ڕابردوو و چۆنیەتیی گێڕانەوەی غەیرە ئەکادیمییانەی.

ئەم چوارچێوە هەمەکییە، شرۆڤەی ناوونیشانی کتێبەکە دەکات؛ وەهمی مرۆڤی ئەکادیمی. مەبەست لە وەهمیش نکۆڵیکردن نەبووە لە بەهای ئەکادیمیا لەخۆیدا یان کەمکردنەوەی شکۆی ئەو مەعریفە زانستییەی هەمانە. بەڵکوو پرسیارە لەبارەی چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی وێنەی ئەوەی ناونراوە ”مرۆڤی ئەکادیمی”، لە بەستێنی ئێمەدا: دەبێ چۆن بووبێت؟ چی بەرهەم هێنابێت؟ ئەکادیمیبوون چی پێداوە؟ ئەرێ دەبێ ئەو کاغەزەی بڕوانامەی لەسەر چاپ دەکرێت، ئەو پلە و پایە زانستییەی لەنێو دامەزراوەیەکی زانکۆییانە هەیەتی بەسە بۆ ئەوەی – بە مانا ڕەخنەیییەکە – مرۆڤێکی بەرهەمهێنی مەعریفە بێت؟ یاخود ئەکادیمیا، لە هەندێک لە بەستێنەکانی ئێمەدا، تەنیا وێنەیەکی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتێکی ڕەمزییانەیە، پتر لەوەی چەشنێک بێت لە پێڕەوی مەعریفی، کە بنەماکەی پرسیار و ڕەخنە و پێداچوونەوەیە؟
ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم کۆمەڵە وتار و توێژینەوەیە وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە. دەتوانن لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆدی بکەن.