ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

دەرگەی خەیاڵ

لە ماڵی مامم شەوێکی خۆشی بەهارییە، لە قەرەباڵغی ناو هۆڵ پەنام بردووەتە دیوە چۆڵەکە و بە کوژاندنەوەی چراکە، دەرگەی پەنجەرەکە دەکەمەوە و سەیری دوور دەکەم. لەم گەڕەکەی شارەوە، بە هۆی دێرینی گەڕەکەکە ماڵی جۆراوجۆر دەبینم لە کۆنەوە بۆ تازە کە کۆڵانە پێچاوپێچەکانی کەریم ئاوایان(یەکێک لە گەڕەکە کانی سەقز) پڕ کردۆتەوە، چاوم لە ماڵە تازە و بەرزەکان تێدەپەڕێت، شتێکی ئەوتۆیان بۆ سەرنجدان نییە. ماڵە بێ ڕۆحەکان، ماڵە بێ دەنگەکان… بەڵام لە ناکاو ماڵێک سەرنجم بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، ماڵێک یا باشتر وایە بڵێم دەرگەکەی کە دەرگەی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی من دەکاتەوە، ئەو ماڵەی کە لە ماڵەکانی منداڵیم دەچێت. دەرگەیەکی سێ تایی کە بۆ حەوشە دەکرێتەوە کە لەسەر هەر تایەکی شێوەیەکی بادامی لێیە، لەو دەرگانەی کە کاتێک من منداڵ بووم زۆر بوون. زۆرتر سەیری دەکەم، بڵێی لە پشت ئەو دەرگەیەوە کێ بژی؟ چی ڕوو بدات؟ شەڕ بێت یا خۆشی یا وەڕەزییەکی بێ کۆتایی؟! کاتێک منداڵ بووم هەمیشە بیرم لەو دیوی دەرگەکان و پەنجەرەکان دەکردەوە، لەو کەسانەی نایانناسم و لەو ڕووداوانەی کە نایانزانم و لەو هەستانەی کە ئاسایین بەڵام غەریبن… ناتوانم چاوم لەسەر دەرگەکە هەڵگرم، مێشکم بڕووسکەیەکی پێدا دێت. بێگومان من، ئەو چیرۆکە نازانم کە لە پشت ئەو دەرگەیەدا ڕوو دەدات، بەڵام خۆ دەتوانم خۆم چیرۆکێک دروست بکەم! خۆم دەدەمە دەست خەیاڵ تا چیرۆکێکم بۆ بسازێنێت.

کچێکی مێرمنداڵ لە گۆشەیەک لە دیوەکە بە تەنهایی دانیشتووە. با وەرزەکە هەر بەهار بێت، بەڵام با کاتەکەی دوانیوەڕۆ بێت، چونکە بێگومان لە ماڵێکی لەم شێوەدا هێندە جێگا نییە بۆ تەنهاییی کچێک لەو تەمەنەدا لە کاتی شەودا. لە تەمەنێکدایە کە تازە کەوتووەتە سووری مانگانەوە، هێشتا لەگەڵ گۆڕانی لەش و هەستەکانی ڕا نەهاتووە، بۆیە تا ڕادەیەک لە خۆی بێزارە. کاتێک سەیری ئاوێنەکە دەکات ناتوانێت چاو لەسەر لووتی هەڵگرێت، پێی وایە زۆر گەورە و ناحەزە و گەر بەزۆر چاوی لەسەر لووتی لابەرێت، ئەمجارە زیپکەکانی سەر دەموچاوی ئاڵۆزی دەکەن. لەگەڵ ئەو قژەی کە زۆر زوو بەزوو چەور دەبێت. کاتێکیش چاو لە ئاوێنە ناکات، جەستەی بە جۆرێکی تر ئاڵۆزی دەکات و هەست بە قورسایییەکی زۆر دەکات لە لەشیدا، هەست دەکات کە لەشی ئیتر ئەو لەشە سووک و سۆڵەی منداڵی نییە و هەندێ جار هەست بە ئێشێک لە قاچەکانی دەکات یا زگی دەماسێت. ئیتر جیا لەو گۆپکانەی سەر سینەی کە گەورە بوون و دایکی مەمکبەندی بۆ کڕیوە و لە ژێر کراسەکانی وەک دوو شتی زەق بەردەوام لە چاوی خۆی و خەڵکدایە. هەستە ئاڵۆزەکانی کە کاتێک کوڕان سەیری دەکەن پێی ناڕەحەت دەبێت و چ لەو کاتەی گاڵتە بە دەموچاو و لەش و لاری دەکەن خەمگین دەبێت و پێی خۆشە زەوی دەم بکاتەوە و قووتی بدات. ئەو کاتانەشی کە پێی خۆشە، هەستێکی نامۆ دایدەگرێت، نامۆیییەکی ترسناکە، چونکە لە خەیاڵەکانی هەندێ جاری خۆی دەچێت! ئەمە بەسەرهاتی چەند مانگی پێشووە و لەم دوانیوەڕۆیە خەمگینە بەهارییەدا تەنها دانیشتووە، سەری لەسەر ئەژنۆی داناوە، تەنها ئەو و دایکی لە ماڵەوەن. ئاخ دایکی… ئەو قسەیە چی بوو کە نیوەڕۆ بیستی؟! بریا فزوولی نەکردبایە و گوێی شل نەکردبایە، تاکوو بۆ هەتاهەتایە لە بێ ئاگاییی خۆی چێژی ببردایە.

ئەو نیوەڕۆیە کە لە خوێندنگا هاتەوە دیتی کە دەرگەی حەوشەکە دانەخراوە و تۆزێک ئاوەڵایە، بۆیە لە دەرگەکەی نەدا. کە چووە نێو ماڵەوە گوێی لە دەنگی دایکی بوو کە بە مۆبایلەکەی قسەی دەکرد، ناوشیارانە هەنگاوی سووک کرد و بە بێدەنگی دەرگای نێو هۆڵەکەی کردەوە. بۆ وای کرد؟ دەیویست چی بزانێت؟ ئەمە تەنها کونجکۆڵیەکی منداڵانە بوو یان مەیلێک بۆ جاسووسیکردنی دایکی؟ ئەو دایکەی کە دەیدیت هەندێ جار زۆر سەیری مۆبایلەکەی دەکات و لەگەڵ تایپکردن بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوی، بە تایبەت لەو کاتانەی باوکی لە ماڵ نییە؛

هەرچییەک بوو هەستێک پێی دەوت ئێستا کاتی ئاشکراکردنی ڕازەکەی دایکیەتی. گوێی دا دایکی دەنگی مۆبایلەکەی بەو خەیاڵەوە کە تەنیایە کز نەکردبوو. دەنگی پیاوێکی نامۆ دەهات کە بە قوربانی دایکی دەبوو، بەڵام دایکی بە زمانێکی تا ڕادەیەک سارد (یان لەوانەیە ئەم سارد بیستبێتی) وەڵامی دایەوە:

– ئێستا کچەکەم دێتەوە.

 ئیتر نەیتوانی پێش خۆی بگرێت، قووفڵی دەرگاکەی تووند پێچاند بۆ ئەوەی دەنگی بێت. دایکیشی زوو تەلەفونەکەی داخست؛ زۆر ئاسایی چووە ماڵەوە و هەروەک ڕۆژانی تر خێرا بانگی کرد:

– دایە…

نەیدەزانی بۆ وا هەوڵی نواندن دەدات، نواندن بۆ کێ؟ نواندن بۆچی؟ تەنانەت نواندنەکەی لە بەردەم باوکیدا لە کاتی نانخواردندا درێژە پێدا… تا گەیشتە ئەم کاتەی دوانیوەڕۆ، پەنجەرەکەی کردۆتەوە و سروەیەکی خۆشی بەهاری دێتە ژوورەوە، بەڵام دڵی گیراوە. هەمیشە ڕقی لە بەهار بوو، لە هەوا خۆشەکەی کە شتێکی لە ناخیدا دەجووڵاند، جووڵەیەکی ناخۆش وەک داچڵەکاندن بە بۆنی وەڕەزییەوە. بەڵام ئەمڕۆ زۆرتر ڕقی لە بەهار، هەستی ڕشانەوەی پێ دەدات و نەک وەڕەز بەڵکوو بێزاری دەکات. چونکە خەمگینە، مێشکی ئاڵۆزە نازانێت پەنا بۆ کوێ بەرێت، بۆ باوکی؟ بێگومان زۆر مەترسیدارە. هانا بۆ ئەخلاق بەرێت کە ئاکامەکەی سەرزنشتکردنی دایکی بوو؟ چوون ئەخلاق ڕێگایەکی ڕاست بوو کە بەرگەی پێچەکانی خۆشەویستی نەدەگرت. ئەخلاق دەیووت بە باوکی بڵێت! بەڵام ئەی دایکی؟ ئەی خۆی؟ کەی ئەمانە بەرگەی تووڕەییی باوکیان دەگرت! بە دایکی بڵێت کە بەسە، ئەمجار چۆن دەتوانێت سەیری نێوچاوانی بکات؟

پێی خۆش بوو زەوی قووتی بدات، زۆر زۆرتر لەو کاتانەی کە کوڕان سەیر یان گەمەیان پێ دەکرد، چونکە ڕێگای هەڵاتن نەمابوو، تەواوی ڕێگاکان پێش دەستپێکردن داخرا بوون.

 لە ناکاو دەنگی دایکی بیست، هەروەک جاران بە سۆزەوە بانگی دەکرد. لەو بانگکردنانەی کە بە دڵنیایییەوە پێت دەڵێت تۆ ئازیزترین کەسی خاوەن دەنگەکەی. دایکی زانیبووی کە خەمگینە، چوون کەس وەکوو دایکی شارەزای زمانی لەشی ئەو نەبوو، ئەوەندە کە هەر نواندنێک بێسوود بوو لە لای. بەڵام بە شێوازی خۆی نەیدەویست ڕاستەوخۆ لێی بپرسێت، بۆیە لێی پرسی:

– هیچت ناوێ بیخۆی؟

بەبێ تاقەتییەوە وتی: نا…

بەڵام دوای چەند خولەکێک بە دەورییەک پڕ لەو میوانەی پێی خۆش بوون دەرکەوت و پێی وت، ئەڵان دەڕۆم بەستەنیت بۆ دەکڕم. لە دایکی ڕاما، هیچی نەوت، بەڵام دڵی ڕاچڵەکا، زریانێک ناخی هەژاند، تووشی سەرگێژە بوو. گێژەڵووکەیەک لە مێشکیدا هاتووچووی دەکرد. مەودایەک بۆ بیرکردنەوە نەبوو، تووڕە بوو، زۆر تووڕە؛ نەک لە دایکی بەڵکوو لە خۆی ، لە بەهار، لە ژیان، لە ماڵەکان و دەرگەکان…

ئەوکێ بوو کە بڕیار بۆ دایکی بدات؟ ئەخلاق چی لە گیانی ئەو دەویست، مەگەر ئەو دەیتوانی خۆشەویستیی دایکی پێ ببەخشێت؟! چارەکێک مێشکی وەستا و دەست و دەمی جووڵا بە خواردنی ئەو میوانەی سۆزی دایکی پێوە دیار بوو، تا دیسان دیتی دایکی بەستەنی بە دەست، هاتەوە، ئەمجار بەرگەی نەگرت و زریان بوو بە هەورەتریشقە و هەوری نێو چاوانی بوون بە گریان. دایکی فرمێسکەکانی سڕییەوە و وتی :

-کچە جوانەکەم بۆ دەگریت؟

 ئەویش ئەو وەڵامەی چەند خولەکێک لەمەوبەر بڕیاری دابوو دایەوە، بۆیە بە ئارامی چاوی لە دەموچاوی ئەو کەسەی وا ئێستا دڵنیابوو لە هەموو کەس و هەموو شتێک زیاتر خۆشی دەوێت کرد و بە دەنگێکی لەرزاوەوە وتی:

– لە ڕێگای هاتنەوەدا کوڕێک لە بەردەم هاوڕێکانی گاڵتەی بە لووتم کرد و هاوڕێکانیشی زۆر نابەجێ پێی پێکەنین و…

 لەپڕ لە خەیاڵەکەی خۆم ڕادەچڵکێم. دیسان سەیری ئەو دەرگەیە و ماڵەکە دەکەم، بڵێی کێ تێیدا بژی و چی لێ ڕوو دەدات؟!

blank
دەربارەی نووسەر
هانا ڕەحیمی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە