بژاردەی وتار:
لە کولتووری سیاسیی ئێراندا، کورد و پێگەی کورد خاوەن چیرۆکی تایبەت بە خۆیەتی کە شیاوی ئەوەیە لە ڕەهەندی جیاوازەوە ڕوون بکرێتەوە. لەم چیرۆکەدا، هەندێ جار کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتوور و مێژووی ئێران ناسراوە کە ئاری ڕەگەز و ئێرانیی ڕەسەنە و زۆر جاریش وەکو گێرەشێوێن، یاغی، داردەستەی بێگانە و بەتایبەت جوداییخواز و تێکدەر باس کراوە و ناسێنراوە.
مەبەستی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە شوێن و پێگەی کورد لە کولتووری سیاسیی ئێراندا ڕوون بکاتەوە و هاوکات کولتووری سیاسیی ئێران لە زاری کچە کوردێکی ئێزیدی وەک بەشێک لە هەقیقەتی ئەم چیرۆکە لێک بداتەوە.
لە ڕوانگەی کچە ئێزیدییەکە، کورد لە کولتووری سیاسیی ئێراندا شیاوی لە نێوبردن و حەپسکردن و بەتایبەت بەکارهێنانی وەکوو کەرەستەیە و لە بەرامبەریشدا کولتووری سیاسیی ئێرانی شتێک جگە لە درۆ و دەلەسە و خیانەتکردن نییە و لەم ڕەهەندەوە، شیاوی کەمترین متمانە نییە.
ئەم وتارە بە شێوازێکی وەسفی- شیکاری دەیەوێت باس لە کولتووری سیاسیی ئیڕانییەکان و پێگەی کورد لەم کولتوورەدا بە گەڕانەوەی بۆ گێڕانەوەی کچە ئێزیدییەک بەپێی گوزارشتی کتێبی حاجی بابای ئەسفەهانی بکات.
وشە سەرەکییەکان:
کولتووری سیاسیی ئێران، کچی ئێزیدی، حاجی بابای ئەسفەهانی، درۆ و خیانەت
سەروتار:
کتێبی بەسەرهاتی حاجی بابای ئەسفەهانی، بابەتێکی ڕەخنەگرانە و تەنزئامێزی دۆخی ئێرانی سەردەمی فەتح عەلی شای قاجارە (١٨٣٤-١٧٧٢) کە بە ناوەکانی «ژیانی حاجی بابای ئەسفەهانی»، «حاجی بابا لە ئەسفەهان»، «ڕووداوەکانی ژیانی حاجی بابای ئەسفەهان» و هەروەها «ژیانی حاجی بابا» ناسراوە. نووسەری ئەم کتێبە «جەیمس مۆریە»ی ئینگلیزییە. کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و دواتر کراوە بە فەرەنسی و لەلایەن «میرزا حەبیب ئەسفەهان»یشەوە لە فەرەنسییەوە کراوە بە فارسی و وەک شاکارێکی وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی ناوبانگی دەرکردووە.
سەبارەت بە نووسەر و مەبەستی نووسینی ئەم کتێبە، مشتومڕی زۆر کراوە. نووسەری کتێبەکە واتە جەیمس مۆریە لە سەردەمی فەتح عەلی شای قاجاردا نزیکەی شەش ساڵ ئەندامی سەفارەتخانەی بەریتانیا لە ئێران بووە. وا دیارە شانبەشانی میسیۆنەرە سیاسییەکان سەرقاڵی چاودێریی ئەنترۆپۆلۆژیکی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خەڵکی ئێران بووە و بە کەڵکوەرگرتن لەو زانیارییە بەرفراوانەی کە لە بارەی دۆخی ئێران و بارودۆخی کولتووری و کۆمەڵایەتی ئێرانییەکان بەدەستی هێنابوو، چیرۆکێکی ڕەخنەگرانەی لە شێوەی تەنزدا نووسیوە.
ئەم کتێبە لە ساڵی ١٨٢٤ لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە. شارەزایی جەیمس مۆریە لە وەسفکردن و وردبینیی وردەکارییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی لەو سەردەمەدا ئەو گریمانەیەی خستۆتە ئاراوە کە ئەم کتێبە لەلایەن ئەوەوە نەنووسراوە، بەڵکوو پێ دەچێت وەرگێڕانی دەقێکی فارسی بێت یان گێڕانەوەی دەقەکە هی کەسێکی ئێرانی بێت. خودی مۆریە لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژە بەم خاڵە دەدات کە دەستنووسێک کە چیرۆکی حاجی بابای تێدا بووە کەوتووەتە بەردەستی و بە مەبەستی تێگەیشتن لە بارودۆخ و داب و نەریتی ئێرانییەکان چاپی کردووە.(جوادی،١٣٤٣: ١٠٢٦-١٠٣٣) و هەر لەم بارەیەوە موجتەبا مینووییش لەو باوەڕەدایە کە مۆریە ناتوانێت نووسەری ڕەسەنی حاجی بابا بێت.(مینویی،١٣٨٣: ٢٩٧)
بەڵام لە بەرامبەردا نووسەری بەناوبانگی ئێرانی، سەید محەمەد عەلی جەمال زادە، کە حەزێکی تایبەتی بە کتێبەکەی حاجی بابا و وەرگێڕانە فارسییەکەی هەبووە و لێکۆڵینەوە و تێڕامانێکی زۆری لەسەر کردووە، پێی وایە نووسەری کتێبەکە جگە لە جەیمس مۆریە کەسێکی تر نییە و ئاماژە بە چەند هۆکارێک بۆ سەلماندنی ئیدیعاکەی و پووچەڵکردنەوەی بۆچوونەکانی کەسانی وەک مینوویی دەکات ( جمالزادە، ١٣٧٨ : ٥٩٨-٥٩٩).
بەگشتی سەبارەت بەم کتێبە دوو ڕا و بۆچوونی جیاواز لە ئێراندا سەریان هەڵدا. هەندێ کەس وەک مینوویی و کامشاد پێیان وایە ئەم کتێبە سووکایەتی بە ئێران و کولتووری ئێرانی و ئیرانییەکان دەکات و لەبەرامبەردا کەسانێکی دیکە وەکو جەماڵزادە پێیان وایە ئەم بۆچوونە دروست نییە و دەبێت وەک شاکارێک بە تایبەتی لە بواری وەرگێڕاندا سەیر بکرێت.

ناوەڕۆکی کتێبەکە:
ناوەڕۆکی کتێبەکەی حاجی بابا بەسەرهاتی کوڕە دەلاکێکی خەڵکی ئەسفەهانە کە حەزی بە شیعر و ئەدەب و هاوکات کەسابەت و پاڕە دەرهێنانە. هەر بەم بۆنەوە، لە تەمەنی گەنجیەتیدا دەچێتە خزمەتی بازرگانێکی تورک و لە کاتی زیارەتکردنی لە شاری مەشهەد لەلایەن تورکمانەکانەوە بە دیل دەگیرێت و پاش ماوەیەک مانەوە لە لای ئەوان، بە فڕت و فێڵ خۆی لە چنگیان ڕزگار دەکات و گەشت بۆ زۆر شاری ئەو سەردەمەی ئێران و عوسمانی دەکات و سەرقاڵی کار و پیشەی جۆراوجۆری وەکوو فرۆشتنی ئاو لە مەشهەد دەبێت.(اصفهانی، ١٣٧٩: ١٢٩- ١٧)
دواجار حاجی بابا پاش گەشتێکی زۆر و بەرفراوان ڕێگەی خۆی بۆ بارەگای قاجار دەدۆزێتەوە و ڕاپۆرتێک لەسەر گەندەڵیی ئیداری و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو سەردەمەی ئێران پێشکەشی بارەگای شاهانەی قاجار دەکات. نووسەر ئەم ڕاپۆرتە تێکەڵ بە نوکتە و تەنزی سەیر و سەمەرە دەکات و بە وردی و ڕاشکاوانە باس لە هەژاریی ئەدەبیاتی ناو کۆمەڵگا، لاوازی و ئاست نزمی ئەخلاقی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، گەندەڵی و بەرتیل وەگرتن و باج سەندنی بێ بنەمای بەرپرسان و فێڵی سیاسەتمەداران و بەتایبەتی نەریتی درۆ و دەلەسە و دووڕوویی دەکات و فرە جاریش بێبەزەیییانە گاڵتە بە ئەخلاق و هەڵومەرجی ئێرانییەکانی ئەو سەردەمە دەکات و لەم ڕووەوە لە سووکایەتییکردن بە چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگای ئێران خۆی نەپاراستووە.(اصفهانی، ١٣٧٩: ٣٦٥- ٢٢٩) ڕەخنەکانی ئەوندە قورس و زبر و بەواتایەک تاڵ و ڕاشکاوانەن کە نووسەری کتێبەکە بە بەدخواز و دژبەر و دوژمنی سەیر و سەمەرەی ئێران و ئێرانییەکان دادەنرێت (آشتیانی، ١٣٢٣: ٤٦-٤٧) و تەنانەت هەندێ جاریش وەک کەسێکی دژەئێرانی ناو دەبرێت و بەوە تاوانبار دەکرێت کە بە تەواوەتی کەسێکی دژەئێران و ئێرانییەکانە. (مینویی: ٢٨٣)
بەڵام نووسەر لە پێشەکیی کتێبێکی دیکەدا بە ناوی «سەرگەرمییەکانی حاجی بابا ئەسفەهانی لە ئینگلتەرا» مەبەستی سەرەکیی خۆی لەم ڕەخنەگرتنە وەک ڕوونکردنەوە و باسکردنی جیاوازیی ڕۆژئاوایییەکان و ئێرانییەکان و نەریتی ئێرانی و بیانی وەسف دەکات. (جوادی ٢٦-٢٥) بە واتایەکی تر، نووسەر دەیەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە کەمترین ڕقی لە ئێرانییەکان نییە و تەنها مەبەستی ئەوە بووە جیاوازیی کولتووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ڕوون بکاتەوە. سەرەڕای ڕوونکردنەوەی نووسەر لەم کتێبە واتە لە کتێبی «سەرگەرمییەکانی حاجی بابا ئەسفەهانی»دا، ژمارەیەک نووسەری ئێرانی ڕای جیاواز و پێچەوانەیان هەیە. بۆ وێنە، حەیدەری جەوادی پێی وایە مۆریە لەگەڵ ئێرانییەکان نامیهرەبان بووە و هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پرسی دوژمنایەتیی ئیسلام. چونکە مۆریە بەتایبەت بڕوای پتەوی بە ئایینی مەسیحیەت و نەفرەتی لە ئیسلام هەبووە. (هەمان:١٧)
بەگشتی، سەرەڕای زمانی تاڵ و پڕ لە سووکایەتیی ڕاشکاوانەی ئەم کتێبە بە ئێرانییەکان و تاوانبارکردنی نووسەرەکەی بە دژەئێرانی بوونی، زمانی ڕازاوە و سەرنجڕاکێشی وەرگێڕ و باسکردنی وەک شاکارێکی تەرجومەی زمانی فارسی وای کردووە کە خوێنەر و لایەنگری زۆری هەبێت. هەر بەم بۆنەوە، مینوویی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی، سەرەڕای هەندێ ڕەخنەی توند لە نووسەری ئەم بەرهەمە، دەنووسێت:«دوای وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیام، ڕەنگبێ هیچ کتێبێکی ئینگلیزی بە ئەندازەی «چیرۆکی حاجی بابا ئەسفەهانی»، ئێران و ئێرانییەکانی نەهێنابێتە بەر چاوی ئەوروپییەکان… ئەگەر نەتخوێندووەتەوە دڵنیابە لە خوێندنەوەی و ئەگەر هەتبێت، شایەنی ئەوەیە جارێکی تر بیخوێنیتەوە». (مینوی،١٣٨٣: ٢٨٣)
ئەوەش لە بیر نەکرێت چیرۆکی کچە ئێزیدییەکی بە دیل گیراو ئاماژەکانی بە کولتووری ئێرانییەکان وەک بەشێک لە نوکتە و ڕەخنەی دژ بە ئیڕانییەکان دێتە ئەژمار. بەشی ڕەخنە لە کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان و ڕوانگەیان بەرامبەر بە کورد لە زمانی کچە کوردێکی ئێزیدی بە ناوی زەینەب شیاوی وردبوونەوە و سەرنجی تایبەتە و ئەم توێژینەوەیە بەو مەبەستە نووسراوە.
بۆیە وا پێویستە کە لەپێناو شارەزاییی باشتری خوێنەر لە ناوەڕۆکی بابەتەکە ئاماژەیەکی خێرا بە چیرۆکی کچە ئیزیدییەکە بەپێی گێڕانەوەی کتێبی حاجی بابای ئەسفەهانی بکرێت.
چیرۆکی کچە ئێزیدییەکە:
پاش گەشتی حاجی بابا و بە دیل گیران و ئازادبوونی و گەشتی مەشهەد و گەڕانەوەی بۆ تاران، لە بەشی بیست و چوارەمی کتێبەکە و لە ژێر ناوونیشانی «دیداری حاجی بابا لە گەڵ زەینەب و بەرسەهاتی زەینەب»، بۆ یەکەمجار چیرۆکی ئەم کچە دەست پێ دەکات کە بەشی زۆری کتێبەکە لەخۆ دەگرێت.
حاجی بابا لە ماڵی «حەکیم»ێکی شاری تاران، ژنێک بە ناوی «زەینەب» دەبینێت کە نەک یەک دڵ بەڵکوو سەد دڵ عاشقی دەبێت و بەم هۆیەوە هەوڵ دەدات جارێکی دیکە ببینێت و لەم بارەوە هەلێکی دیکەی بۆ دەرخسێت.
پاش دیدارێکی دووکەسی لە سەربانی ماڵی حەکیم، زەینەب ئاوەها خۆی بە حاجی بابا دەناسێنێت: «بە زاری موبارەکی خۆی گوتی: کە من کچی شێخێکی کوردم. لە منداڵیدا بە هەموو سامان و بنەماڵەوە لە لایەن ئێرانییەکانەوە بە دیل گیراین، دواتر بە وردی باسی ئەوە دەکەم چۆن بە دیل گیراین و چۆن کەوتمە بەردەستی حەکیم و ئێستە کەنیزەی ئەوم». (حاجی بابای ئەسفەهانی، ١٣٥٤: ٢٢٣)
هەر لەم دیدارەدا باس لە خاتوونی یەکەمی ماڵی حەکیم دەکات کە چۆن ڕۆژانە جنێوبارانی دەکات، ئازاری دەدات، تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستێت، لە سەگ کەمتری دەزانێت و بە بەچکەی شەیتان ناوی دەبات؛ لەم بارەوە دەڵێت:« سەرجەمی کەسانی ئەم ماڵە، گاڵتەم پێ دەکەن؛ کەس منی خۆش ناوێت؛ جەرگم بڕاوە و کەمی نەماوە لە ئازار و غەمدا هیلاک بم؛ من وەک کچی شەیتان ناو دەبەن، چونکە کوردم و بە من دەڵێن یەزیدی. لە حاڵێکدا من ئێزیدیم. ڕاستە من لە شەیتان دەترسم و کێ هەیە لە شەیتان نەترسێت، بەڵام کچە شەیتان نیم. گەر ئەم کچە لە چیاکانی کوردستان دەکەوتە بەردەستی من، ئەوجار پیشانم دەدا کچە کورد یانی چی؟ و کچە شەیتان دەتوانێت چی بکات. ( هەمان، ١٣٥٤:٢٣٤)
زەینەب لە درێژەی چیرۆکی خۆی باس لەوە دەکات کە خاتوونی ماڵەکە لە حەرەمسەرای پاشایەتی بە هۆی بەدڕەوشتی و کاری خراپەوە دەرکراوە و حەکیمیش پیاوێکی سست و نەفسنزمە. ئاماژە بەوەش دەکات کە لەبەر ئەوەی حەکیم تەنیا حەزی بەوە، ئیتر خانمی ماڵەکە هاواری لێ هەستاوە و بەردەوام بیانووی لێ دەگرێت و تۆمەتی بۆ دروست دەکات و ڕق و کینەی سەیر و سەمەرەی لێ هەڵگرتووە. ( هەمان، ٢٣٥)
لە بەشی دواتر واتە بەشی بیست و پێنجەم، حاجی بابا باس لە ژووانی خۆی لە گەڵ زەینەب و سەلیقەی زەینەب و جوانی و هونەرەکانی دەکات و سەرسامیی خۆی لە بەرامبەر جوانی و ژیری و هونەر و ماڵداری ناشارێتەوە. لە بەشی بیست و شەشەمیشدا، لە زمانی زەینەبەوە، باشتر ئەم کچە ئێزیدییە دەناسێنێت و لەم بارەوە دەڵێت: «من کچی ئوغۆز ئاغا، شێخێکی ناوداری کوردستانم،.. نازانم دایکم کێیە…. ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی والیی بەغدادا بووین کە سەر بە دەسەڵاتی عوسمانییە. عەشیرەتی ئێمە هەموو سوارچاک بوون و لە ئەسپسواری و ئەسپداریدا بێوێنە بوون». ( هەمان: ٢٤٩)
زەینەب دوابەدوای ناساندنی خۆی و عەشیرەتەکەی باس لە ڕووداوێک دەکات کە دەبێتە هۆی تەفروتونا بوونی عەشیرەتەکەی و بە دیلگیرانی. لە درێژەی چیرۆکەکەی باس لەوە دەکات کە عەشیرەتەکەی بە سەرۆکایەتیی بابی، ڕۆژێک هێرشیان کردووەتە سەر عەشیرەتی «وەهابی» و پاش کۆشتنی کوڕی شێخی عەشیرەتەکە، ئەسپی سەرۆکی عەشیرەتەکە کە ماینێکی بەناوبانگ و گرانبەها بووە، لە گەڵ خۆیان وەک غەنیمەت دەبەنە هەوارگەیان. پاش ماوەیەک، نوێنەری والیی بەغداد دێت بۆ هەوارگەکە و داوای گەڕاندەوەی ئەسپەکە دەکات، بەڵام بابی زەینب بە پیاوی والی دەڵێت، شتێک بە ناوی ئەسپ لەئارادا نییە و ئێمە ئەسپی کەسمان نەهیناوە؛ عەشیرەتی وەهابی خەریکی درۆودەلەسەن و بە دڵنیایییەوە بوختان دەکەن. ( هەمان: ٢٥٢- ٢٤٩)
پاش پێداگریی زۆری نوێنەری حوکمڕانی بەغداد، بابی زەینەب ناچار دەبێت دان بە هێنانی ئەسپەکەدا بنێت و باج و بەرتیل پێشکەشی بکات بۆ ئەوەی واز بهێنێت و هاوکات حاکمی بەغدادیش ڕازی بکات. بابی زەینەب بەم شێوازە، نوێنەری حاکم بە ڕەزامەندییەوە دەگەڕێنێتەوە. پاش گەڕانەوەی پیاوی حاکم، عەشیرەتەکە کۆ دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: «سەڕەرای ئەوەی دەمێکە بە دڵ و گیان خزمەتی تورک دەکەین، وا دیارە بیانوویان دەست کەوتووە و بەم ئاسانییە ئیتر وازمان لێ ناهێنن؛ بە دڵنایییەوە بەم زووانە هێرش دەکەنە سەرمان و تاڵانمان دەکەن. باشتر ئەوەیە بەرەو سنووری ئێران بەڕێ بکەوین: ئەوەش بزانن ئێمە لە بنەڕەتەدا خەڵکی ئێرانین و ئێرانین؛ ئێمە بەرەو خاکی خۆمان و بابوباپیرانمان دەگەڕێینەوە». (هەمان: ٢٥٥)
بابی زەینەب کەسێک ڕەوانەی لای حاکمی کرماشان دەکات بۆ ئەوەی وەک نوێنەری پاشای ئێران لەم بڕیارە، واتە بڕیاری گەڕانەوەی عەشیرەتەکەیان بۆ سەر خاکی بابوباپیرانیان ئاگاداری بکاتەوە. نوێنەری پاشای ئێران لە کرماشان پێشوازییان لێ دەکات و متمانەیان پێ دەدات کە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکات و دڵنیایان دەکاتەوە کە لە پەنای پاشای ئێراندا لەوپەڕی باشیدا دەژین و نابێت نیگەرانی هیچ شتێک بن. بابی زەینەب متمانە بە بەڵێنەکانی حوکمڕانی کرماشان دەکات و دەست بە ئامادەکارییەکانی گەڕانەوە بۆ ئێران دەکات، بەڵام مامی بابی کە کەسێکی بە تەمەن و بە ئەزموون بوو و هاوکات ساردی و گەرمی ڕۆژگاری چێشتبوو، بە بیرهێنانەوەی ژمارەیەک ڕووداوی سەردەمی نادرشا، نیگەرانیی خۆی دەردەبرێت و ڕاشکاوانە ڕایدەگەینێت کە متمانە بەو بەڵێنە ناکات و دەڵێت دڵنیا بن، ئەمان لە تورکەکان خراپترن. (هەمان: ٢٥٦)
سەرەڕای ئامۆژگاری و مۆچیاری و دەربرێنی ناڕەزایەتیی مامی بابی زەینەب کە پێداگریی زۆر دەکات بۆ ئەوەی متمانە نەکەن و فرێوی درۆ و دەلەسەی ئێرانییەکان نەخۆن، بابی زەینەب وەک سەرۆکی عەشیرەت بڕیاری کۆتایی دەدات و فەرمانی سەفەر و کۆچ بەرەو سنوورەکانی ئێران دەدات.
پاش چەند رۆژ سەفەر، دەگەنە لای ئێرانییەکان و چاوەڕێی دیاریکردنی شوێنی نوێ لە لایەن حاکمی کرماشانەوە دەبن، بەڵام سەر لە بەیانی هەر ئەو ڕۆژە لە ناکاودا لەشکری ئێرانییەکان لە خۆڕا گەمارۆی دەدات و پاش ئەوەی بابی، ڕووبەرووی دەبێتەوە و چەندین سەربازی ئێرانی لەنێو دەبات، دەرەنجام بە دیل دەگیرێت و بەوپەڕی بێبەزەیی و لە ژێر ئەشکەنجەی سەیر و سەمەرەی نامرۆڤانەدا دەکوژرێت و سەرجەمی عەشیرەتەکەشی تاڵان دەکرێت و کچ و ژنەکان بە کەنیزەکی دەبرێن و بەم شێوازە، زەینەبیش وەک کەنیزە دەبرێت و دەفرۆشیت و دەبێتە بەشی حەکیم. (هەمان: ٢٥٨- ٢٥٦)
زەینەب لە کاتی گێڕانەوەی ئەم ڕووداوەدا، لە ناکاو بانگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:«ڕۆژ کە ڕووناک بوو، ئیتر زانیمان ئەمان دوژمنی سەرەکیی ئێمەن». (هەمان: ٢٥٨) زەینەبی ئێزیدی لەم کاتەدا کە دەیەوێت چیرۆکی بە کەنیزە کرانی باس بکات، حەکیم دەگاتەوە ماڵ و بە ناچاری و بە دزییەوە ڕوو لە ژوورەکەی دەکات.
لە بەشەکانی دیکەدا، حاجی بابا، درێژە بە چیرۆکی زەینەب دەدات کە لەوەی خۆی شاردبووە، لای حەکیم گومان دروست ببوو. بەم بۆنەوە حەپس دەکرێت و دواتر حەکیم، وەک دەملووسی بۆ پاشای ئێران، مێوانداری دەکات و خوانێکی شاهانەی بۆ ساز دەکات. لەم ماوەیەدا چی کاسبی کردووە و ماڵی حەرامی کۆ کردووەتەوە، هەمووی خەرجی مێوانییەکە دەکات و پاش خواردن، حەکیم بەوپەڕی نەفسنزمییەوە شا دەباتە ژووری ژنەکانی کە لە فارسیدا پێی دەڵێن «ئەندەروون» و لەم کاتەدا، پادشا زەینەب دەبینێت و عاشقی دەبێت و لە بەشی سیهەمی کتێبەکەدا، چیرۆکی گەڕانەوەی شا بۆ کۆشک و دواتر داواکردنی زەینەب لە حەکیم باس دەکات، کە ئەویش بەوپەڕی ناڕەزایەتی ناچار دەبێت زەینەب پێشکەشی پادشا بکات و بە دەستی خۆی بیباتە حەرەمسەرای شاهی. (هەمان:٣٠٢-٢٥٨)
لە درێژەدا، وێڕای باسکردن لە دامەزراندنی حەکیم و حاجی بابا لە بارەگا و دەرباری پاشایەتی بۆ خزمەتکردنی پادشا و بەردەوامیی چاوەڕوانی حاجی بابا لە حەرەمسەرا بۆ دیتنی دووبارەی زەینەب، لە ناکاودا جارێکی دیکە باس لە زەینەب دەکرێت. حاجی بابا باس لەوە دەکات، لە ڕۆژێکدا کە سەرقاڵی کاروباری بارەگا بوو و لە بیری زەینەبیش دابوو، لەناکاودا هەواڵ دەگاتە سەرجەم کەسانی حەرەمسەرا و بارەگای شاهانە کە گوایە زەینەب دووگیان بووە… پاشاش بەم بۆنەوە زۆر تووڕەیە و بە تەواوەتی هار بووە، هەڕەشە لە زەوی و ئاسمان دەکات و بە شوێن ئەو کەسەن زەینەبی دووگیان کردووە…. حەکیم ترس دایدەگرێت… لە پڕدا هەواڵی ئەوەش لە حەرەمسەرا و بارەگای شادا بڵاو دەبێتەوە کە پاشا ئەمری کردووە زەینەب لە سەربانی کۆشکەکە بخەنە خوارەوە. بەم جۆرە و بە مەرگی دڵتەزینی زەینەب، چیرۆکی کچە ئیزیدییەکە کۆتایی دێت. (هەمان: ٣٠٢-٣٣٩)
گەرچی حاجی بابا، چیرۆکی بە دیلگیرانی کچە ئێزیدییەک دەگێڕێتەوە، بەڵام هاوکات وەک ناوەڕۆکی سەرەکیی بەرهەمەکەی، دەیەوێت بە زمانی نوکتە و تەنز هەندێ لایەنی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران و بە واتایەک ئێرانییەکان باس بکات.
بە پشتبەستن بە چیرۆکی زەینەب دەکرێت ئاماژە بە چەندین تایبەتمەندیی کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان بکرێت و هاوکات ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە کورد ڕوون بکرێتەوە.
گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان لە گێڕانەوەی زەینەبی ئێزیدیدا:
درۆ و دەلەسە و خیانەت:
زەینەب لە کاتی باسکردن لە ڕاوبۆچوونی مامی بابی لە کاتی ڕاوێژ بۆ پەنابردن بە ئێرانییەکان لە ترسی هەڕەشە و هێرشی تورکەکان پاش ڕووداوی عەشیرەتی وەهابی، ئاماژە بە دوو خاڵی «درۆ» و «خیانەت» دەکات کە دەکرێت وەک دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان ناو ببرێت:
«ئەی خزمان و دۆستان، متمانە بە ئێرانییەکان مەکەن، کە وەفایان نییە. چەک و کەرەستەی شەڕیان درۆ و خیانەتە؛ بە هیچ و بێهودە خەڵک دەخەنە داوەوە. هەرچەندە تۆ هەوڵ بدەیت بۆ بەرزکردنەوە و ئاوەدانکەردنەوەی وڵاتەکەیان، ئەوان بۆ وێرانبوونی تۆ هەوڵ دەدەن. درۆ، نەخۆشیی نەتەوەیی عەیبەی سرشت و بەشێک لە بوونیانە. سوێند شایەتییەکی گەورەیە بۆ ئەم مانایە. مەگەر سوێندخوارنەکانیان نابینن؟ چ پێویستیەک هەیە سوێند بخۆین بۆ ئەوەی ڕاستی بڵێین؟ بە ژیانی تۆ، بە ژیانی خۆم، بە مەرگی منداڵەکانم، بە ڕۆحی دایک و باوکم، بە سەری پاشا، بە عەبای پاشا، بە مەرگی تۆ،.. بە پێغەمبەر، بە قورئان، بە حەسەن… بە کورتی لە ڕۆح و ژیانی مردوو و زیندووەکانەوە بگرە تا چاو و ڕیش و سمێڵی موبارەک، سوێند دەخۆن و هەموو شتێک وەک بەڵگە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی درۆکانیان بسەلمێنن». (موریە، ١٣٧٩: ١٢٦)
لەم ڕوانگەیەوە، درۆکردن، پێداگری لە سەر درۆ لە رێگەی سوێندخواردنەوە و هەروەها خیانەتکردن لە بواری سیاسیدا، لە ڕیزی بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی کولتووری سیاسیی ئێرانییەکانە. لەم بارەوە، زەینەب لە زمانی مامی بابییەوە و هەروەها ڕەفتار و کرداری حوکمڕانی کرماشان کە سەرەڕای ئەوەی عەشیرەتەکەیان پەنا دەدات و دڵنیایان دەکاتەوە لە پەنای پاشای ئێرانن، بەرەبەیان، گەمارۆ دەدرێن و سەرجەمیان دەکوژرێن و بە کەنیزە دەبرێن و تاڵان دەکرێن، بە سەراحەتەوە دەڵێت، درۆکردن و خیانەت کردن، دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی کولتووری ئێرانییەکانە و نابێت «متمانە بە ئێرانییەکان» بکرێت، چونکە «وەفایان نییە، چەک و کەرەستەی شەڕیان درۆ و خیانەتە». بەم واتایە ئەزموونی مامی بابی زەینەب وەک ئەزموونێکی چەندین سەد ساڵەی ژیانی کورد و ئەوان باس لەوە دەکات کە ئێرانییەکان بەردەوام خەریکی درۆ و دەلەسەن و بەم بۆنەوە سوێندی زۆر دەخۆن بۆ ئەوەی درۆکانیان بشارنەوە. لەم ڕووەوە نابێت قەت بڕوا بە بەڵێن و وەفایان بکرێت و ئەساسەن سیاسەتی ئەوان لە سەر بنەمای درۆکردن و سوێندخواردن و خەیانەتکردن بنیات نراوە و بە واتایەک درۆ و خیانەت بوونەتە بەشێکی سەرەکی و جیانەکراوە لەم کولتوورە و لێرەوە دەکرێت وەک دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان وەسف و پێناسە بکرێن.
کورد لە ڕوانگەی سیاسیی ئێرانییەکانەوە:
بابی زەینەب لە بەردەم عەشیرەتەکە، پاش هەمان ڕووداوی عەشیرەتی «وەهابی »، ڕاشکاوانە و بەوپەڕی ڕاستگۆیی و دڵپاکییەوە باس لەوە دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی کورد، ئێرانییە و دوابەدوای ئەوەی تووشی کێشە و هەڕەشە بوونە، بۆ خاکی باب و پاپیرانی خۆیان دەگەڕێنەوە، بەڵام هەر لە گەڕانەوەیاندا و پاش یەک شەو، هێڕشیان دەکرێتە سەر و تەفروتۆنا دەکرێن و لەم ڕووەوە زەینەب پاش گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە بەڕاشکاوی دەڵێت: «دوژمنی سەرەکیی ئێمە ئەمانن».
لێرەوە پرسیار ئەوەیە: لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە و بەتایبەتی لە ڕوانگەی سیاسیی ئێرانییەکانەوە، کورد کێن کە ئاوەها شیاوی لەنێوبردنن، سەرەڕای ئەوەی کە بە زمانی خۆیان باس لەوە دەکەن خەڵکی ڕەسەنی ئێرانن و بە ڕەگ و ریشە ئێڕانین؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دەکرێت لە زمانی «زەینەب» و «حەکیم»ەوە ببیسترێت. بە واتایەکی دیکە، دەکرێت لە گێڕانەوەی زەینەبەوە کورد لە ڕوانگەی سیاسیی ئێرانییەکانەوە باس بکرێت کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەدرێت[1].
کورد بەشێک لە خودی بنەمایی و سروشتی کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان نییە:
«ئیدیعاکەی بەلامەوە ساختەکارانە بوو. دانی بەوەدا نا کە پیشەکەی لە چەند وشەیەکی بێمانا پێک دێت… بەڵام بە سەراحەتەوە گوتی: بەو پێیەی نەخۆشەکانم موسڵمانی کورد و تورکن، هیچ ترسێکم نییە لەوەی ڕەوانەی ئەو دنیایان دەکەم (دەیانکوژم).» (مۆریە، ١٣٧٩: ١٠)
« من وەک ناپاک و ناموسڵمان و بێدین ناو دەبن….. سەرجەمی کەسانی ئەم ماڵە، گاڵتەم پێ دەکەن، کەس منی خۆش ناوێت، جەرگم بڕاوە و کەمی نەماوە لە ئازار و غەمدا هیلاک بم، من وەک کچی شەیتان ناو دەبن، چونکە کوردم و بە من دەڵێن یەزیدی، لە حاڵێکدا من ئێزیدیم، ڕاستە من لە شەیتان دەترسم و کێ هەیە لە شەیتان نەترسێت، بەڵام کچە شەیتان نیم. (هەمان، ١٣٥٤:٢٣٤)
کاتێک حاجی بابا لە حەکیم سەبارەت بە پیشە و کاری دەپرسێت و ئاگاداری ئەوە دەبێت کەمترین شارەزایی لە بواری تەبابەت و پزیشکیدا نییە، لێی دەپرسێت لە ئەنجامی کارەکەت نیگەران نیت، ناترسیت؟ ئەویش لە وەڵامدا و بەوپەڕی بێشەرمییەوە دەڵێت:« بەو پێیەی نەخۆشەکانم موسڵمانی کورد و تورکن، هیچ ترسێکم نییە لەوەی ڕەوانەی ئەو دنیایان دەکەم (دەیانکوژم).» (مۆریە، ١٣٧٩: ١٠)»
لەم بارەوە دەکرێت باس لەو ڕاستییە بکرێت کە گەرچی ئەمە قسەی حەکیمێکی ئێرانییە و تەنانەت بانگەشەی ئەوەش بکرێت فڕی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام هاوکات ئەوەش لە بیر نەکرێت ئەم حەکیمە جیا لەوەی بەشێک لە بارگەی شاهانەی ئێرانە، لێرەدا واتە لەم بەرهەمەدا، نوێنەری کولتووری سیاسیی ئێرانییەکانە و باس لە ڕوانگەی سیاسیی ئەوان دەکات. لەم ڕووەوە کورد بەشێک لەم کولتوورە نییە و دەبێت لە نێو بچێت و تەنانەت لەم کولتوورەدا بڕوا بە لە نێوبردنی فیزیکی و جەستەییی کورد لە ئارادایە.
جیا لەمەش، لەو سەردەمەوە واتە لە سەردەمی سەفەوی کە ئێرانییەکان بە زەبری شمشێر و خەنجەری شا ئیسماعیل و قزلباشەکان، ئایینی شیعەیان پەسەند کرد، تا ئیستا، ئیتر ئایینی شیعە بووەتە بەشێکی سەرەکیی شوناسی ئێرانییەکان و ئێرانیبوون لە هەندێ ڕەهەندەوە، واتە شیعەبوون و شیعەبوونیش واتە ئێرانیبوون.
بە شیعەبوونی ئێرانییەکان، دوو ئاکامی سەلبی بۆ کورد بە دوای خۆیدا هێناوە. یەکەم ئەوەی چونکە بەشێکی بەرچاو لە کورد، ئایینی شیعەی بە زۆر یان بە حەز و مەیل قبووڵ کردووە، لە نێو خودی کورد درز و بۆشایی و جیاوازی و تەنانەت کێشەی شوناسی دروست کردووە و جیا لەمەش، کوردی سوننە و ناشیعە ئیتر لە بازنەی ئێرانی دەرکراوە. گەرچی لە ڕواڵەتدا وا نانوێنرێت، بەس لە کردار و ئەکتی سیاسی ئەمە سەلماوە و کوردی سوننە وەک بەشێک لە ئەوی دیی شوناسی ئێرانی، پێناسە و وەسف دەکرێت.
لەبەر ئەوەی بەشی ناشیعەی کورد، واتە ئێزیدی و سوننە لەم کولتوورەدا، بێگانە و نامۆ و بە واتاییەکی دیکە، بەشێک لە ئەوی دیکەی شوناسی ئێرانی حیساب و وەسف دەکرێت تەنانەت شیاوی لە نێوبردن و تەفروتووناکردنن و لەم بارەوە دەکرێت لە زمانی زەینەب جارێکی دیکە وەبیری بهێنینەوە «من وەک ناپاک و ناموسڵمان و بێدین ناو دەبن….. سەرجەمی کەسانی ئەم ماڵە، گاڵتەم پێ دەکەن، کەس منی خۆش ناوێت، جەرگم بڕاوە و کەمی نەماوە لە ئازار و غەمدا هیلاک بم، من وەک کچی شەیتان ناو دەبەن، چونکە کوردم و بە من دەڵێن یەزیدی، لە حاڵێکدا من ئێزیدیم، ڕاستە من لە شەیتان دەترسم و کێ هەیە لە شەیتان نەترسێت، بەڵام کچە شەیتان نیم، ( هەمان، ١٣٥٤:٢٣٤)
کەواتە لە کولتووری سیاسیی ئێرانییەکان، کورد وەک بەشێک لە ئەوی دی و تەنانەت وەکوو دوژمن حیساب و وەسف دەکرێت کە شیاوی گاڵتەپێکردن و سووکایەتیپێکردن و تەنانەت لەنێوبردنیشە. لە ئیستاشدا، لە کاتی مافخوازیی کورد و داواکردنی مافە سەرەکی و بنەمایییەکانی، ئەم هەڵویست و بۆچوونە بە بەرفراوانی لە لایەن ئەم کولتوورە سیاسییەوە بەدی دەکرێت.
ئەنجام:
چیرۆکی زەینەبی ئێزیدی لە کتێبی حاجی بابای ئەسفەهانیدا، جیا لەوەی گێڕانەوەی ڕەهەندێکی مێژووی سیاسیی کورد لەم چەند سەدەی دواییدایە، چیرۆکی نەتەوەیەکە کەوا لەسەر خاکی و نیشتمانی بابی و باپیرانی، بۆ ماوەی چەندین سەد ساڵە، بە بیانوو و پاساوی ساختەوە ڕووبەروی لێدان و تاڵانی و کوشتن دەبێتەوە و وا دیارە هێشتاش ئەم چیرۆکە درێژەی هەیە و درێژەی دەبێت.
جیا لەمەش، ئەم چیرۆکە، ڕوونکردنەوەی بەشێک لە کەلتووری سیاسی نەتەوە و وڵاتێکە کە بە ڕواڵەت، کورد و خاکی کورد، وەک بەشێکی دانەبڕاو و جیا نەکراوەی خاکی خۆی و نەتەوەی خۆی دەزانێت، بەڵام لە هەمان کاتدا و بە واتایەکی دیکە لە ئەساس و بنەڕەتەدا، کورد وەک ئەوەی دیکە و تەنانەت بێگانە و نامۆ سەیر دەکات و بەردەوام جیا لەوەی مافی پێشل دەکات، لە نێوبردن و تەفروتووناکردنی لە هەندێ ڕووەوە بە ئاسایی دەزانێت و لە هەر دەرفەتێک و بە هەر بیانوویەک دەست بە سڕینەوەی دەکات.
بەم بۆنەوە ئەم کولتوورە کەوا لە ڕواڵەتدا و بە واتایەک لە کولتووری گشتیدا، کورد وەک بەشێک لە خۆی دەزانێت و وەک بەشێک لە شوناسی خۆی پێناسە دەکات، لە کولتووری سیاسیدا و بە واتایەک لە بواری سیاسی و مەیدانیدا، وەک دوژمن و ئەوی دیکە، سەیری دەکات.
ئەوەش لەبیر نەکرێت کە لە ڕوانگەی ئەم بەرهەمەوە، درۆ و دەلەسە و خیانەتکردنی بەردەوام دەرهەق بە کورد دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی کولتووری سیاسیی ئەم وڵاتەیە کە دەمێکە جیا لەوە خاکی کوردی داگیر کردووە، لە ڕواڵەتدا، کوردیش وەک بەشێک لە خۆی پێناسە دەکات، کەچی هاوکاتیش خەرێکی فێڵکردن و خیانەتکردنی بەردەوامە بە کورد.
خاڵی کۆتایی کە لەم بەرهەمەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە کورد لە ڕوانگەی ئەم کولتوورە سیاسییەوە ناموسڵمان و بێئایین و ئەوی ترە کە دەبێت لە دەرفەتی تایبەتدا لێی بدرێت، سووکایەتی پێ بکرێت و تەنانەت لە ناویش ببرێت.
لەم ڕەهەندەوە، ئەم پرسە بۆ کورد، شیاوی ڕامان و لێکدانەوە و پێداچوونەوەیە و ئەم بەرهەمە، واتە کتێبی حاجی بابای ئەسفەهانی دەکرێت وەک سەرەتا و دەسپێکی ئەم بابەتە گرنگ و چارەنووسسازە سەیر بکرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئەم تویژێنەوەیە دەبێت لەم سۆنگەوە تەماشا بکرێت.
سەرچاوەکان:
آشتیانی، عباس اقبال(١٣٢٣) «کتاب حاجی بابا و داستان نخستین محصلین ایرانی در فرنگ »، یادگار، سال ١،ش ٥
افشار، ایرج (١٣٢٧)«مترجم حاجی بابا کیست ؟»، جهان نو، ش٢٢
امامی، کریم(١٣٥٣) در باب ترجمە و عام فهم و خاص پسند، حاجی بابا، کتاب امروز
جمالزادە، محمد علی(١٣٦٦) بازهم حاجی بابا، آیندە، سال ١٣، ش ١ـ
جمالزاد، محمد علی(١٣٧٨) برگزیدە آثار سید محمد علی جمالزادە، بە کوشس علی دهباشی. تهران
موریە، جیمز(١٣٥٤) سرگذشت حاجی بابا اصفهانی، ترجمە میرزا حبیب اصفهانی، بە کوشش یوسف رحیم لو، تبریز،؟
جوادی، حسن(١٣٤٥) بحثی دربارە سرگذشت حاجی بابای اصفهانی و نویسندە آن جیمیز موریە، وحید، سال٣، ش ١٢
جوادی، وحید(١٣٤٣) جیمز جاستی بین موریە، سرگذشت حاجی بابای اصفهانی، ترجمە میرزا حبیب اصفهانی، تهران.
موریە، جیمز(١٣٧٩) سرگذشت حاجی بابای بابا اصفهانی، ترجمە میرزا حبیب اصفهانی، ویرایش جعفر مدرس صادقی، تهران، مرکز.
مینوی، مجتبی(١٣٦٧) پانزدە گفتار دربارە چند تن از رجال ادب اروپا، از اومیرس تا بردناردشا، گفتار حاجی بابا و موریە، تهران.
مینوی، مجتبی(١٣٨٣) پانزدە گفتار، تهران، توس
ناطق، هما(١٣٥٣) حاجی موریە و قصە استعمار، تهران، الفبا
[1] ئەوەش لەبیر نەکرێت. دەکرێت ئەم ڕوانگەیە سەرەڕای کورتبوونی وەک سەرەتا و دەسپێکی باسێکی جدی واتە روونکردنەوەی کورد لە ڕوانگەی سیاسەتی ئێرانییەکانەوە پەرەی پێ بدرێت و گفتوگۆی بەربڵاو و زانستی لەسەر بکرێت.