ئه‌م وتاره هه‌وڵێکه بۆ خوێندنه‌وه‌ی “فه‌زا – شوێن ” له فیلمی Accattone [سواڵکه‌ر به زمانی ئیتالی] پازۆلینیدا. “ئاکاتۆنێ” ـ فرانکوا چیتی ـ یه‌که‌م فیلمی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌یه که باس له ژیانی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی فیلمه‌که “ئاکاتۆنێ” ده‌کات که له ژیانێکی هه‌ژاری و بێده‌رامه‌تیدا ده‌ژێت و ده‌ستی له خێزان و مناڵه‌که‌ی هه‌ڵگرتووه و توانای ئیشکردنیشی نییه و ئیش‌کردن به مۆدێلێکی نوێی چه‌وساندنه‌وه و کۆیلایه‌تی ده‌زانێت بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌وه‌ی که لای خۆی جیگا بۆ که‌سی له‌شفرۆش بکاته‌وه و ئیشیان پێ بکات به‌ڵام ئه‌م ئیشه‌شی تا کۆتایی بۆ ناچێته سه‌ر و بڕیار ده‌دات دزی بکات و دواجار له کاتی دزیدا بۆ یه‌که‌مجار پۆلیس چاودێریی خۆی و هاوڕێکانی ده‌کات له کاتێکدا که هاوڕێکانی ده‌ستگیر ده‌کرێن ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ستی پۆلیس رزگاری ببێت ماتۆڕێک ده‌دزێت به‌ڵام تووشی پێکدادان دێت و هه‌ر له‌وێدا ده‌ستبه‌جێ ده‌مرێت. ئه‌م فیلمه‌ی پازۆلینی وه‌ک فیلمه‌کانیی تری ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌چێته خانه‌ی شه‌پۆلی نیۆریالیزمی ئیتالیییهوه. نیۆریالیزمی ئیتالی یه‌کێکه له شه‌پۆله گرنگه‌کانی سینه‌مای جیهان، که ده‌روازه‌یه‌کی تری به‌ره‌و رووی جیهانیی هونه‌ری کرده‌وه. چه‌مکی نیۆریالیزم بۆ یه‌که‌مجار له لایه‌ن ره‌خنه‌گری سینه‌مای ئیتالیی ئه‌مبرتۆ باربارا له ساڵی 1942دا به‌کار هات و پاش ئه‌مه یه‌که‌م فیلمی نیۆریالیزمی Roma città aperta له ده‌رهێنانیی رۆبێرتۆ رۆسلینی له ساڵی 1945 به‌رهه‌م هات. ئه‌وه‌ی که خاڵی هاوبه‌ش بێت له‌نێوان زۆربه‌ی سینه‌ماکارانی ئه‌م شه‌پۆله گه‌نگه‌شه‌ی بارودۆخه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی دووه‌م و پاش جه‌نگ؛ ئینجا ره‌خنه له عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی و پاشان تیشکخستنه سه‌ر بارودۆخی ئیتالیایه له‌و ده‌مه‌ی به یارمه‌تی به‌کرێگیراوه فاشیسته‌کان له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه داگیر کرا.
جیا له‌م مه‌سه‌لانه به بۆچوونی ئاندرێ بازن واقیع له سینه‌مای نیۆریالیزمی ئیتالیادا:
«چیتر نواندنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه نییه، “پێکان و سه‌رنجدانە”. له باتی نواندنه‌وه‌ی واقعێکی کهشفکروا، نیۆـڕیالیزم ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرت که واقع بۆ خوێندنه‌وه و که‌شفکردن، به‌رده‌وام شاراوه‌یه. هه‌ربۆیه گرته‌ی درێژ له بری نواندنه‌وه‌کان هه‌وڵی جێگرتنه‌وه‌ی مۆنتاژی دا. که‌واته نیۆـ ڕیالیزم جۆرێکی تر له وێنه‌ی خولقاند، که بازن پێی باشه ناو بنریت “وێنه ـ واقع” ».
بۆیه ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشکی بخه‌مه‌سه‌ر به ته‌نیا ناوه‌ڕۆکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که نییه له‌م فیلمه‌دا، به شێوه‌یه‌کی روونتر، نامه‌وێت له ریگای ناوه‌ڕۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه خوێندنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م فیلمه بکه‌م به‌ڵکوو ده‌مه‌وێت له ریگای خودی فیلمه‌که‌وه، له ریگای وێنه/ شوێن ـ فه‌زا خوێندنه‌وه بۆ ناوه‌ڕۆکه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌که‌ی فیلمه‌که بکه‌م. چونکه یه‌کێک له هه‌ڵه گه‌وره‌کان له بواری ره‌خنه‌ی سینه‌ماییدا ئه‌وه‌یه واقیعی مێژوویی یان زمانه‌وانی یان ده‌روونشیکاری وه‌ک پێشمه‌رج بسه‌پێنی به سه‌ر فیلم‌دا، بۆ نموونه زۆر هه‌ڵه‌یه که بێی خوێندنه‌وه‌کی ده‌روونشیکاری بۆ “ئاکاتۆنێ”ی ـ چیتی ـ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ئه‌م فیلمه بکه‌ی، ره‌خنه‌ی سینه‌ماتۆگرافیک ده‌بێت هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ زمانی خودی سینه‌ما واته له ڕێگای گرته‌کان، له ڕێگای رووناکی و ئینجا به‌ستنه‌وه‌ی ته‌کنیکه هونه‌رییه‌کان و دهلالهتانهکانی خوێندنه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی فیلم بخاته روو.
یه‌کێک له‌و قسه جیدییانه‌ی دۆلوز له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئایدیا له سینه‌ما و فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌وه‌یه که ده‌رهێنه‌ر له ریگای وێنه ـ کات ، وێنه ـ جووڵه ، ئافراندن ده‌کات به پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سووف که له رێگای چه‌مکه‌وه ئه‌م ئیشه ده‌کات، بۆیه له ره‌خنه‌ی سینهماتۆگرافیکدا پێش هه‌موو شتێک ده‌بێت ئێمه توانای ئه‌وه‌مان هه‌بێت بتوانین گرته و وێنه و دهلهلاتهکانی بگوازینه‌وه بۆ نێو ئایدیاکان و مشتومڕه فه‌لسه‌فییه‌کان نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
زۆبه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی پازۆلینی بریتییه له به‌رپرسیاریه‌تییه‌کی سیاسی و مرۆییی به‌رانبه‌ر به واقیع، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌سێکی چه‌پی رادیکال بوو بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌ندامی هیچ پارتێکی چه‌پ یان کۆمۆنیست بووبێت، بۆیه له سینه‌ماشدا هاوشێوه‌ی شیعر و رۆمانه‌کانی له ریگای ئافراندانی هونه‌ریییه‌وه واته له ریگای وێنه و مه‌تریاڵه‌کانی سینه‌ماوه نه‌ک له ریگای دروشم و بانگه‌شه‌وه په‌یامی بهرپرسیارنهی خۆی ده‌رببڕێت، شتێک که دواجار له‌به‌ر دوا فیلمی واته (Salò o le centoventi giornate di Sodoma) که ره‌خنه بوو له ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵی فاشیستی ئیتالی تیرۆر کرا.
فه‌زا و شوێن له‌م فیلمه‌دا بریتییه له‌وه‌ی له زمانی ئیتالیدا پێی ده‌وترێت «borgata» . بۆرگاتا یه‌کێکه له‌و وشه ئیتالییانه‌ی که زۆر ئه‌ستمه بۆ زمانی تر وەربگێڕدرێت. چونکه مه‌به‌ست شوێنی نێشته‌جێ یان کۆمه‌ڵگاکانی دەوروبەری شاری رۆما نییه. بەڵکوو بۆرگاتا ئه‌و کۆمهڵگایهنهن که تا راده‌یه‌ک هه‌ندێکیان هه‌ر به پێ 10 بۆ 15 خوله‌ک له رۆماوه دوورن. چه‌ند جۆرێک بۆرگاتا له رۆما هه‌یه که یه‌کێکیان بریتییه له‌و کۆمه‌ڵگایه‌نه‌ی که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی ئیتالیا له نزیک رۆما دروست کرا که ئه‌مه‌یان له فیلمی دووه‌می پازۆلینیدا ده‌بینرێت واته: Mamma Roma. به‌ڵام له فیلمی “ئاکاتۆنێ”دا فه‌زا و شوێن بریتییە له بۆرگاتای ئازاد… بیناکان له بۆرگاتای ئازاد‌دا بریتین له خانووی که‌لاوه و رووخا‌و، شوێنیک که ته‌نیا بکرێت بڵێی سه‌قف و دیواری هه‌یه، له‌م شوێنه‌دا ئه‌وه‌ی که کۆبووه‌ته‌وه چینی هه‌ژار و کرێکار و لێقه‌وماو یان شوێنی نیشته‌جێبوونی ئه‌و که‌سانه‌ی که له رێگای له‌شفرۆشییه‌وه یان دزییه‌وه ژیان و بژێوی خۆیان دابین ده‌که‌ن. یان ئه‌و شوێنه‌ی که پێی ده‌وترێت شوێنی په‌نابه‌ران به‌ڵام په‌نابه‌ری ناوخۆیی نه‌ک ده‌ره‌کی، واته گوندنیشنه‌کان که له‌به‌ر وێرانبوونی گونده‌کانیان و نه‌بوونی گوزه‌ران روویان کردووه‌ته ئه‌م شوێنه و به پاره‌یه‌کی زۆر که‌م ئیشی قورسیان پێ ده‌کرێت، پاره‌یه‌ک که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بتوانن خۆیان و مناڵه‌کانیانی پێ تێر بکه‌ن و له برسا نه‌مرن. ئه‌م فه‌زای بۆرگاتای ئازاده له هه‌مان کاتدا فه‌زایه‌کی ئهنارشیستیشی تێدایه، واته زۆربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان هه‌ست ده‌که‌ن که‌وتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی نۆرمی فه‌زای ژیانی راسته‌قینه و له ده‌ره‌وه‌ی یاسادا ده‌ژین، چ به‌رانبه‌ر یاسای ده‌وڵه‌ت و چ به‌رانبه‌ر به عورف و مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقیاتی کۆمه‌ڵگای مه‌زهه‌بی ئیتالیاش. شوێن و فه‌زا لای پازۆلینی له‌م فیلمه‌دا بریتیی نییه له پیشاندانی رۆما وه‌ک ئه‌و واقیعه‌ی که هه‌بووه و هه‌یه، چونکه ئه‌و نایه‌وێت هه‌رگیز وێنه‌یه‌کیی گلۆباڵ و گشتی له رۆما بخاته روو، بۆ نموونه شوێنه مێژوویییه به‌ناوبانگه‌کانی رۆما پیشان بدات، یان شوێنه گه‌شتیاری و مێژووییی رۆمای بۆرژوا؛ ڕۆما لای ئه‌و بریتی نییه له‌و شوێنه‌ی ده‌بینرێت، بۆیه ئه‌و ده‌یه‌وێت فه‌زایه‌کی تر له واقیع پیشان بدات که که‌وتووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو فه‌زایه‌که‌وه. فه‌زایه که به ته‌نیاش بریتی نه‌بێت له کاره‌کته‌ره‌کان و بیناسازی و باری گوزه‌رانیی ئه‌م کاره‌کته‌رانه به‌ڵکوو ده‌رخستنی وشه و ئه‌و زمانه‌ی که به کاری ده‌هێنین و ئه‌و ئه‌خلاق و مۆراڵه‌ی که باڵی کێشاوه به‌سه‌ر هه‌ڵسووکه‌وتی کاره‌کته‌ره‌کانی نێو ئه‌م فیلمه‌دا، جۆره مۆراڵێک که له‌ژێر جه‌بری ده‌سه‌ڵاتدا دروست بووه، ده‌سه‌ڵاتێکی ئابووری که هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆیی له‌م کاره‌کته‌رانه داماڵیوه. یه‌کێک له تایبه‌مه‌ندییه‌کانی سینه‌مای نیۆریالیزم بۆ شوێن بریتییه له پیشاندانی فراگمێنت، شوێنی پچڕ پچڕ و پارچه پارچه، واته نیۆریالیزم هه‌رگیز نایه‌وێت له وێنه‌یه‌کی چه‌سپیودا خۆی بهێڵێته‌وه که ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تی له‌م فیلمه‌دا به‌رجه‌سته‌یه. ئه‌وه‌ش که لێره‌دا ده‌بینرێت له رۆمای مێژوویی ته‌نیا رۆباری “تیبر” و پردی سه‌ر ئه‌م رووباره پیشان ده‌دات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که وێنه‌ی خاچ و که‌نیسه له‌م بۆگارته پیشان ده‌دات هه‌رگیز بۆ جارێکیش ده‌رهێنه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر پیشاندانیی ڤاتیکان، له کاتێکدا له مه‌راسیمی خاکسپاردن و پیشاندانی گۆڕستاندا که شوێنێکی تری ره‌مزییه له‌م فیلمه‌دا، ئێمه قه‌شه‌کان ده‌بینین به‌ڵام وێنه‌ی ڤاتیکان به‌رچاو ناکه‌وێت.

ئاکاتۆنێ له سه‌روه‌ختی پیاسه‌کردن به نێو شه‌قامه‌کاندا
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بێینه نێو ئه‌م پارچه/شوێنانه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مکێکی گرنگی فۆکۆ ئه‌ویش چه‌مکی hétérotopie یه. فۆکۆ ئه‌م چه‌مکه‌ی له زمانی یۆنانی وه‌رگرتووه که topos”شوێن” و hétéro”ئه‌وی تر” که به واتای: “شوێنی تر” دێت. فۆکۆ بۆ یه‌که‌مجار چه‌مکی hétérotopie له به‌رنامه‌یه‌کی رادیۆیی به‌کار برد و پاشان له 14ی مارسی 1967 له کۆنفرانسێک بۆ قوتابییانی بیناسازی په‌ره‌ی به ئه‌م چه‌مکه دا له ژێر ناوونیشانی “فه‌زاکانی تر ” له ساڵی 1984یش له کتێبی Dits et écrits چاپ کرا. “به بۆچوونی فۆکۆ کولتوورێکی تایبه‌ت یان تاقه کولتوورێک له جیهاندا نییه که به ته‌نیا هه‌ر ئه‌و بتوانێت ئێتێرۆتۆپیی دروست بکات. به‌ڵکوو هه‌موو گرووپه مرۆیییه‌کان توانای دروستکردنی ئه‌م شته‌یان هه‌یه. فۆکۆ سه‌رچاوه‌ی دروستکردنی ئێتێرۆتۆپیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایییه‌کان و هه‌ندێک له‌م فۆرمانه ناو لێ ده‌نێت ” ئێتێرۆتۆپیی قه‌یران ” که ئه‌م ئێترۆتۆپیی قه‌یرانه بریتین له شوێنه پیرۆزه‌کان، شوێنه نایابه‌کان ، یان قه‌ده‌غه‌کان، یان ئه‌و شوێنانه‌ی که به‌پێی په‌یوه‌ندیی تایبه‌تییان تاکه‌کان ده‌توانن له‌وێدا یه‌کتر ببینین، بۆ نموونه ژنان له کاتی سووڕی مانگانه‌دا ، یان له کاتی مناڵبووندا”.
به بۆچوونی فۆکۆ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا هێشتا ئه‌م مۆدێله ئێتێرۆتۆپیی قه‌یرانه کۆتایی پێ نه‌هاتووه به‌ڵکوو فۆرمی تری له‌خۆ گرتووه بۆ نموونه خزمه‌تکردن له نێو سوپادا، قوتابخانه، یان “مانگی هه‌نگوینی” بۆ کچان له کاتی شووکردندا.
به‌گشتی لای فۆکۆ ئێتێرۆتۆپیی فه‌زایه‌که که ڕێسا باو و ئاسایییهکانیی فه‌زای گشتی له‌وێدا به‌کار نایه‌ت، چونکه ئه‌م جۆره فه‌زایانه ڕێکار و ڕێسای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. به جۆرێک هه‌رکام له‌م فه‌زایانه یاسا، شه‌رع، ئازادی ــ وه‌همی یان راسته‌قینه ـ ده‌سه‌ڵات ئاراسته‌یان ده‌کات به‌پێی مۆدێل و جۆری خۆیان و به تایبه‌ت به‌پێی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک.
یه‌کێکی تر له‌و فهزایهنهی که فۆکۆ باسی ده‌کات “گۆڕستانه” به بۆچوونی فۆکۆ تاوه‌کوو سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌میش گۆڕستان له گوند و له شاره‌کان له ته‌نیشت که‌نیسه‌وه و له سه‌نته‌ری شار یان گونده‌کاندا بوو و وه‌ک جۆرێک له فه‌زای پیرۆز ته‌ماشا ده‌کرا. به‌ڵام له کولتووری رۆژئاوایی و مۆدێرندا به‌ره‌به‌ره گۆڕانی شارستانیه‌تیی ئیمانداری سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست بۆ شارستانیه‌تی مۆدێرنی”ئاتێیست”ی ئه‌م جۆره له فۆرمی گۆڕستانیان له سه‌نته‌ری شار وه‌ک “مردووپه‌رستی” ئاینی ده‌زانی و مردووه‌کان له شاره‌کان دوورکه‌وتنه‌وه.
چه‌ند شوێنێکی زۆر له‌م فیلمه‌دا هه‌یه که ده‌توانین بڵێین پازۆلینی نه‌ک له ڕێگای ناونان و چه‌مکه‌وه به‌ڵکوو له ڕێگای وێنه و گرته‌وه پێش فۆکۆ وه‌ک ئێتێرۆتۆپیی ده‌ریخستووه. واته بۆرگاتا وه‌ک ئێتێرۆتۆپیییهک خۆی چه‌ند لقێکی تری لێ ده‌بێته‌وه که ده‌رهێنه‌ر پیشانی ده‌دات ئه‌وانیش: گۆڕستان، شوێنی له‌شفرۆشی، زیندان.
له‌م فیلمه‌دا چه‌ند جارێک گۆڕستان پیشان ده‌درێت و شوێنی گۆڕستان به‌پێی ستراکچه‌ری مه‌زهه‌بی رۆما له سه‌نته‌ری شار و نزیک که‌نیسه‌یه، واته هه‌مان ئه‌و فۆرمه سه‌ره‌تایییه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌می هه‌یه. ئاکاتۆنێ وه‌ک ده‌بینرێت هیچ خولیایه‌کی به‌رانبه‌ر به مه‌زهه‌ب و ئیمان نییه، به‌ڵام هه‌میشه وه‌ک ره‌مزێکی مه‌عنه‌وی سه‌یری مه‌راسیمی به خاکسپاردنهکان ده‌کات و دوو جار ئه‌مه له فیلمه‌که‌دا به‌دی ده‌کرێت تاوه‌کوو له کۆتاییی فیلمه‌که‌دا خه‌وێک ده‌بینێت، خه‌و ده‌بینێت که ئه‌و مردووه و هه‌موو هاوڕێکانی له گۆڕستان ئاماده‌ن به‌ڵام ڕێگا ناده‌ن ئه‌و خۆی بچێته ژووره‌وه دواتر له ده‌ره‌وه کابرایه‌ک خه‌ریکه گۆڕ هه‌ڵده‌که‌نێت و ده‌زانێت که ئه‌مه گۆڕی ئه‌وه، داوای لێ ده‌کات که له‌و شوێنه گۆڕی بۆ هه‌ڵنه‌که‌نێت چونکه به شوێنێکی تاریکی داده‌نێت به‌ڵکوو بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ نێو گۆڕستانه‌که. لێره‌دا پازۆلینی ده‌یه‌وێت ئه‌وه پیشان بدات که ئاکاتۆنێ به جۆرێک هه‌ست به په‌راوێزخستن ده‌کات که ته‌نانه‌ت له مردنیشدا ناتوانێت مردنێکی نۆرماڵی هه‌بێت و له گۆڕستانی گشتیش بنێژرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و شوێنێکی له بۆرگاتا بۆ ژیان نییه له هه‌مان کاتدا شوێنیشی بۆ مردن نابێت، یه‌کسانییه‌ک ئه‌گه‌ر له ژیاندا نه‌بووبێت ئه‌وا له مردنیش نییه، بۆیه هه‌موو جارێک به حه‌سره‌ته‌وه ته‌ماشای مه‌راسیمی به خاکسپاردنهکان ده‌کات، پازۆلینی ده‌یه‌وێت ئه‌وه پیشان بدات که له بۆرگاتایهک که ده‌کرێت شوێنێکی کۆتایی پێهاتوو بێت و فۆرمه‌که‌ی بگۆڕێت، ئه‌وا ئاکاتۆنێ ده‌خرێته شوێنێکی ناکۆتا و ئێتێرۆتۆپیییهکی تر له ده‌ره‌وه‌ی گۆڕستان وه‌ک ئێتێرۆتۆپیی که‌سانی ناپیرۆز و بێ ئیمان. واته لێره دوالیزمێک به‌دی ده‌که‌ین که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات به واتا فۆکۆیییهکهی به‌دی ده‌کرێت ئه‌ویش دوالیزمی پیرۆز/ناپیرۆزه، فه‌زای یۆتۆپیا ئه‌گه‌ر فه‌زایه‌کی ناواقیعی بێت ئه‌وا ئێتێرۆتۆپیی فه‌زایه‌کی ته‌واو راسته‌قینه‌یه و ده‌سه‌ڵات به هه‌موو فۆرمه‌کانییه‌وه کۆنترۆڵی ده‌کات و ڕێکار و ڕیسای بۆ ده‌رده‌کات، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه هه‌ندێک له ئێتێرۆتۆپییهکان فه‌زایه‌کی ئازادنهیان هه‌بێت به‌پێی ستراکچه‌ری دروستبوونیان و ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی که دروستیان کردووه.
شوێنێکی تری که له‌م فیلمه‌دا پیشان ده‌درێت شوێنی له‌شفرۆشییه. به بۆچوونی فۆکۆ شوێنی له‌شفرۆشی به‌پێی مێژوو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه به تایبه‌ت ته‌کنۆلۆژیا و ته‌له‌فوون رۆڵیان هه‌بووه له گۆڕانی ئه‌م شوێنه‌دا. له‌م بۆرگاتایه شوێنی له‌شفرۆشی له سه‌ر شه‌قامه‌کانه، شوێنی له‌شفرۆشی لێره‌دا به هەمان شێوه که چه‌ند جارێک پۆلیس دوایان ده‌که‌وێت و دوو له‌شفرۆش ده‌ستگیر ده‌کات ئه‌وه ده‌رده‌خات شوێنی له‌شفرۆشی فه‌زاکه‌ی له ئێتێرۆتۆپییهک بۆ ئێتێرۆتۆپییهکی تر فه‌زاکه‌ی ناگۆڕێت، واته له شه‌قامه‌وه بۆ ماڵان یان شوێنێکی که ئاسایشی ئه‌و له‌شفرۆشانه‌ی که له‌به‌ر برسێتی روویان کردووه‌ته ئه‌م شوێنه پارێزراو بێت به‌ڵکوو گواستنه‌وه‌یه له فه‌زای به‌ڕواڵه‌ت ئازادیی سه‌رشه‌قام بۆ ئێتێرۆتۆپییهکی تر و فه‌زای داخراوی زیندان و یاساکان. ئه‌م سێ جۆره له ئێتێرۆتۆپیی له‌م فیلمه‌دا که له بنه‌مادا ڕێکار و ڕێسایان جیاوازه و دژبه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌ون و وێنه‌ی جیاواز و فراگمێنتی پیشان ده‌ده‌ن خۆی له خۆیدا بریتییه له وێنه‌یه‌کی نیۆریالیستی سینه‌مایی پازۆلینی و به‌گشتی سینه‌مای نیۆریالیستی ئیتالیا.. فه‌زا و شوێن و واقیع ئه‌وه نییه که ئێمه ده‌یزانین و ده‌یبینین به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه که کامێرا و تێڕوانینی ده‌رهێنه‌ر پیشانی ده‌دات.
بۆگارتا وه‌ک ئێترۆپییهک لێره به هەمان شێوه‌ی سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م که کاروانسه‌را و شوێنی بازرگانییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کان دروست ده‌کران و شوێنی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵکی هه‌ژار بوو بۆ گواستنه‌وه‌ی بار و بنه‌ی بازرگانان و هه‌میشه به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ئه‌و خه‌ڵکانه ده‌کرا، له‌م فیلمه‌شدا کاتێک ئه‌و له‌شفرۆشه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانی له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێکه‌وه لێی ده‌درێت و سکاڵا له پۆلیس ده‌کات، پۆلیس گومانی له هه‌موو گه‌نجه‌کانی ئه‌و شوێنه ده‌کات و کۆیان ده‌کاته‌وه و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کات. بۆگارتا فه‌زایه‌که ئه‌گه‌رچی کاره‌کته‌ره‌کانی وا هه‌ست ده‌که‌ن له ژێر هه‌ندێک له دیسپلین و کۆنترۆڵ ده‌رچوون و ده‌توانن ئازادانه تر بژین به‌ڵام ژیانی ئابووری و سیاسی و هه‌موو ئهکتێکیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ئاکاتۆنێ که خۆی وه‌ک که‌سێکی یاخی و ئانارشی پیشان ده‌دات و بڕیار ده‌دات ته‌نانه‌ت دزیش نه‌کات به‌ڵکوو له ڕێگای له‌شفرۆشی به ژنانه‌وه پاره‌ی ده‌ست که‌وێت دواجار ئه‌و رۆحیه‌ته یاخییه‌ی تێک ده‌شکێت و له کاتی دزیکردندا وێنه‌ی کۆنترۆڵ و چاودێری ده‌سه‌ڵات به شێوه‌ی شاراوه ده‌رده‌که‌وێت. واته ئه‌و ره‌هه‌نده یۆتۆپیایه‌ی ئه‌م گه‌نجانه له ژیانیان له نێو فه‌زای ئێتێرۆتۆپیدا بڕویان پێیه‌تیی تووشی داڕمان دێت.