ژنەفتن ژنەفتن
وتار

 وتووێژی ڕەوتە ئەدەبییەکان و میراتی ئەدەبیی جیهانی

لە کلاسیزمەوە بۆ پۆستمۆدێرنیزم

مێژووی ئەدەبیات تەنیا زنجیرەیەک لە قوتابخانە و ڕەوتە ئەدەبییەکان نییە کە یەک لە دوای یەک دەرکەوتوون و جێگای یەکتریان گرتووەتەوە؛ بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامی وتووێژ، کاریگەری، وەڵامدانەوە و گۆڕانە. هەر ڕەوتێکی ئەدەبی لە بارودۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی تایبەتدا سەری هەڵداوە و زۆرجار وەک وەڵامێک بۆ پرسیار و تەنگوچەڵەمەکانی ڕەوتی پێش خۆی چەکەرەی کردووە. لەبەر ئەمە، مێژووی ئەدەبیات نابێت وەک زنجیرەیەکی ساکاری جێگرتنەوەی ڕەوتەکان بخوێندرێتەوە؛ بەڵکوو دەبێت وەک تۆڕێک لە کاریگەری، وەڵامدانەوە و گۆڕانی بیر و شێوازی دەربڕین تێی بگەین. هەر ڕەوتێک شتێک لە ڕەوتی پێش خۆی وەردەگرێت، بەشێکی ڕەت دەکاتەوە و بەشێکی دیکەی دەگۆڕێت و لە چوارچێوەیەکی نوێدا دەیخاتە ڕوو. بەم پێیە، ئەدەبیات تەنیا بەرهەمی نووسەرێکی تاک یان سەردەمێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو بەشێکە لە وتووێژێکی درێژخایەن لەگەڵ دەقەکانی پێش خۆی و ئەزموونە گۆڕاوەکانی مرۆڤ. تێگەیشتن لەم پەیوەندییە یارمەتیمان دەدات ڕەوتەکان نەک وەک یەکەیەکی داخراو، بەڵکوو وەک بەشێک لە گەشەی بەردەوامی بیر و خەیاڵ بخوێنینەوە. پڕۆسەیەک کە تێیدا عەقڵی مرۆڤ بەردەوام بەها کۆنەکان پەسەند دەکات یاخود ڕەتیان دەکاتەوە.

کلاسیزم لە بنەڕەتدا لەسەر بناغەی ڕێکخستن، هاوسەنگی، عەقڵ و پابەندبوون بە نموونە ئەدەبییەکانی یۆنان و ڕۆمای کۆن دامەزرا. ئەم ڕەوتە هونەر و ئەدەبی بە بوارێک دەزانی کە تێیدا دەبێت ڕێسا و پێوانەکانی جوانی بپارێزرێن و دەربڕین لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراودا بەرهەم بهێنرێت. لەم ڕوانگەیەدا، هاوسەنگی، گونجاوی و دەستبەسەرداگرتنی هەست و خەیاڵ گرنگییەکی تایبەتییان هەبوو. کلاسیزم هەروەها گرنگییەکی زۆری بە یەکگرتوویی، ڕوونیی بیرۆکە و پابەندبوون بە ڕێساکانی ئەدەبیات دەدا. بەڵام هەمان ئەو ڕێکخستن و ئاوەزخوازییەی کە کلاسیزم بایەخی پێدەدا، بە تێپەڕبوونی کات بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕەخنە و دژکردارەوە. پرسیار لەوە دەکرا کە ئایا ڕێسا و پێوانە جێگیرەکان دەتوانن هەموو ئاڵۆزییەکانی ئەزموونی مرۆڤ و خەیاڵی هونەری لەخۆ بگرن. لێرەوە ڕۆمانسیزم سەری هەڵدا؛ نەک بە مانای ئەوەی کە بەتەواوی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کلاسیزم بڕی، بەڵکوو زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی لە وەڵامدانەوە بە سنوورەکانی ئەو ڕەوتەدا گەشەیان کرد. بەم شێوەیە، کلاسیزم تەنیا ڕەوتێکی کۆن نەبوو کە ڕۆمانسیزم جێگای گرتەوە، بەڵکوو بنەمایەک بوو کە ڕەوتە دواترەکان بە پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی، پەیوەندییان لەگەڵیدا دروست کرد.

ڕۆمانسیزم گرنگی لە عەقڵ و ڕێساوە بۆ تاک، هەست، خەیاڵ و جیهانی ناوخۆی مرۆڤ گواستەوە. ئەگەر کلاسیزم بەدوای هاوسەنگی و ڕێکخستن لە دەرەوەی مرۆڤدا دەگەڕا، ڕۆمانسیزم زیاتر سەرنجی خستە سەر ناوەوەی مرۆڤ و ئاڵۆزییەکانی. سروشت، خۆشەویستی، ئازادی، تەنیایی، خەون و ملمڵانێی تاک لەگەڵ جیهانی دەوروبەری بوونە بابەتە سەرەکییەکانی ئەدەب. لەم ڕەوتەدا، هەست و خەیاڵ تەنیا ئامرازی جوانکاری نەبوون، بەڵکوو ڕێگایەک بوون بۆ تێگەیشتن لەو لایەنانەی بوونی مرۆڤ کە عەقڵ و ڕێسا بە تەنیا ناتوانن ڕوونیان بکەنەوە. هەروەها گرنگیی بە ئازادیی داهێنان، سەربەخۆییی نووسەر و دەربڕینی ئەزموونی تایبەتیی تاک دەدا. لەم تێڕوانینەدا، سروشت تەنیا شوێنی ڕووداوەکان نەبوو، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی هەست و بارودۆخی دەروونیی مرۆڤیش بوو. بەڵام پەرەسەندنی شارەکان‌، پیشەسازی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان پرسیارە نوێیەکانیان هێنایە پێش و ئەدەب پێویستی بە شێوازێک هەبوو کە بتوانێت ئەو ڕاستییانە بە وردی نیشان بدات. لێرەدا ڕیالیزم سەری هەڵدا؛ بەڵام ڕیالیزم ڕەتکردنەوەی ڕۆمانسیزم نەبوو، چونکە گرنگیدان بە ژیانی مرۆڤ و کێشەکانی لە هەردوو ڕەوتدا بەردەوام و جیاوازییەکە لە شێوازی سەیرکردن و نیشاندانی ژیاندا بوو.

ڕیالیزم سەرنجی خستە سەر ژیانی ڕۆژانە، کۆمەڵگا، چینە کۆمەڵایەتییەکان، کار و پەیوەندییە مرۆیییەکان. ئەگەر ڕۆمانسیزم زیاتر بەدوای ڕاستیی ناوخۆی تاکدا دەگەڕا، ڕیالیزم هەوڵی دا ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەکی وردتر بخاتە ڕوو. لەم باوەڕەدا، ژیانی خەڵکی ئاسایی، ناکۆکیی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان، نایەکسانی، بەرژەوەندی و پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا بوونە سەرچاوەی بابەت و ملمڵانێی ئەدەبی. نووسەر هەوڵی دەدا مرۆڤ لە ناو بارودۆخی ڕاستەقینەی ژیانیدا پیشان بدات، نەک تەنیا وەک تاکێک کە لە جیهانی هەست و خەیاڵی خۆیدا دەژی. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕیالیزم پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ میراتی ڕۆمانسیزم هەبوو؛ چونکە مرۆڤ و جیهانی ژیانی هێشتا لە ناوەندی سەرنجی نووسەردا بوون، بەڵام شێوازی سەیرکردن و نیشاندانیان گۆڕابوو. ڕیالیزم هەوڵی دا بە وردبینی و وەسفکردنی چڕ، ئەو ناکۆکییانە ئاشکرا بکات کە لە ژیانی ڕۆژانەدا هەن، بەڵام زۆرجار لە پشت دۆخ و پەیوەندییە ئاساییەکانەوە دەشاردرێنەوە. هەروەها، گرنگیی بە شیکردنەوەی کاریگەریی ژینگە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی لەسەر کردەوەی مرۆڤ دەدا. لە ناو ئەم هەوڵە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕاستیی ژیان، ناتورالیزم هەنگاوێکی ڕادیکاڵتر بوو.

ناتورالیزم، کە بە تایبەتی لەگەڵ بەرهەمەکانی ئیمیل زۆلا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە، هەوڵی دا ڕاستیی ژیان بە شێوەیەکی زانستیتر بخوێنێتەوە. ئەگەر ڕیالیزم پرسیاری «مرۆڤ چۆن دەژی؟» بکات، ناتورالیزم زیاتر دەکۆڵێتەوە کە «بۆچی مرۆڤ بەم شێوەیە دەژی و هەڵسوکەوت دەکات؟». لەم ڕەوتەدا، میرات، ژینگە و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕوونکردنەوەی کرداری مرۆڤدا دەگێڕن. مرۆڤ لەم تێڕوانینەدا تەنیا تاکێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو لەژێر کاریگەریی هۆکارە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا دەژیت. نووسەرانی ناتورالیست هەوڵیان دەدا کاریگەریی ئەو هۆکارانە لەسەر تاک و ژیانی بە وردی پیشان بدەن و بارودۆخی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و دوور لە وێنەی خەیاڵی بخەنە ڕوو. بەم شێوەیە، ناتورالیزم ڕیالیزمی بەرەو قۆناغێکی تر برد و لە نواندنی ژیانەوە هەوڵی دا هۆکارەکانی هەڵسوکەوتی مرۆڤ ڕوون بکاتەوە. بەڵام ئەم تێڕوانینە پرسیاری لەسەر سنووری ئازادیی مرۆڤ و کاریگەریی هۆکارە دەرەکییەکانیش دروست کرد. لەبەر ئەمە، ناتورالیزم نەک تەنیا بەردەوامییەکی ڕیالیزم بوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و بارودۆخی ژیانی. کەواتە، ئاوەز لەبەردەم هێز و یاسا سروشتییەکاندا دەبەسترێتەوە.

سیمبۆلیزم لەم بارودۆخەدا هەوڵێک بوو بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو لایەنە شاراوە و نادیارانەی ڕاستی کە بە وەسفی ڕاستەوخۆ ناتوانرێت دەرببڕدرێت. ئەگەر ڕیالیزم و ناتورالیزم زیاتر بەدوای نیشاندانی ڕاستیدا بوون، سیمبۆلیزم هەوڵی دا بە ئاماژەکردن و پێشنیارکردن بگاتە ئەو مانایانەی لە پشت دیاردەکانەوە هەن. بەم شێوەیە، سیمبۆل، ئاماژە، مۆسیقا و زمانی ناڕاستەوخۆ بوونە ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم ڕەوتە. لە سیمبۆلیزمدا، وشە تەنیا بۆ ناونانی شتەکان بەکار نایەت، بەڵکو دەتوانێت هەستێک بگەیەنێت، وێنەیەک لە ناخی خوێنەردا دروست بکات یان ئاماژە بە مانایەک بکات کە بە ڕاستەوخۆیی ناتوانرێت دەرببڕدرێت. لەم ڕووەوە، زمان لە ئامرازێکی ساکاری گێڕانەوەوە دەبێتە بوارێک بۆ دروستکردنی چەندین ئاستی مانا و هەستی جیاواز لە ناخی خوێنەردا. بەم مانایە، سیمبۆلیزم نەک بە تەواوی پشتکردن بە ڕیالیزم و ناتورالیزم نەبوو، بەڵکوو وەڵامێک بوو بە سنوورەکانی ئەو شێوازانەی تێگەیشتن لە ڕاستی؛ چونکە ڕاستی هەرگیز بەوەی دەبینرێت کۆتایی نایەت. هەندێک جار، ئەوەی شاراوەیە یان ناتوانرێت بە وشەی ڕاستەوخۆ دەرببڕدرێت، لە ڕێگەی سیمبۆل و ئاماژەوە دەبێتە بەشێک لە ئەزموونی خوێنەر و لە ڕوانگەیەدا، ئاوەزی مرۆڤ ڕووبەڕووی بەهاکان و کردەوەکان دەبێتەوە.

ئێکسپرێسیۆنیزم ئەم گەڕانە بۆ ناوخۆی مرۆڤی زیاتر توند کردەوە. ئەگەر سیمبۆلیزم هەوڵی دەدا جیهانی شاراوە بە هێمای زمان و سیمبۆلەوە ئاشکرا بکات، ئێکسپرێسیۆنیزم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر ترس، دڵەڕاوکێ، تەنیایی، نامۆبوون و ئاڵۆزیی دەروونیی مرۆڤی دەخستەڕوو. لەبەر ئەوەش، جیهانی ناوخۆ لەو ڕەوتەدا زۆرجار لە ڕاستیی دەرەوە گرنگتر دەبێت و ڕاستی خۆی دەکرێت بە شێوەیەکی گۆڕاو و تێکشکاو پیشان بدرێت. لەم جۆرە دەربڕینەدا، نووسەر پابەند نابێت بەوەی جیهان و ڕووداوەکان وەک خۆیان وێنا بکات؛ بەڵکوو ئەوە گرنگە کە ئەو جیهانە چۆن لە ناخی مرۆڤدا هەست پێ دەکرێت و چۆن دەبێتە سەرچاوەی ترس، تێکچوون یان لێکدابڕان. بۆیە، شێوەی دەربڕین دەتوانێت نائاسایی، توند و تێکشکاو بێت، چونکە خۆی ئەو ئاڵۆزییە دەروونییە دەگوازێتەوە کە دەق دەیەوێت پیشانی بدات. بەم شێوەیە، ئەو هەنگاوەی سیمبۆلیزم بۆ ناوخۆی مرۆڤ هەڵیبژاردبوو، لە ئێکسپرێسیۆنیزمدا بە شێوەیەکی توندتر و دڵتەنگتر بەردەوام بوو. ئەم ڕەوتە نیشانی دا کە ئەدەب دەتوانێت لە ڕێگەی شێواندنی وێنەی دەرەوەوە، ڕاستییەکی قووڵتر لەسەر ئەزموونی ناوخۆی مرۆڤ ئاشکرا بکات و لێرەدا، ئاوەز وەک ژمارەیەک پێوەر و کرداری دەروونی دەردەکەوێت.

لە هەمان سەردەمدا، فۆتۆریزم ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد. ئەگەر ئێکسپرێسیۆنیزم بە ناوەوەی مرۆڤ و دڵەڕاوکێی دەروونییەوە خۆی سەرقاڵ کرد، فۆتۆریزم سەرنجی خستە سەر داهاتوو، خێرایی، ماشێن، تەکنەلۆژیا و شارستانیی نوێ. لەم ڕەوتەدا، ئەدەبیات تەنیا ئاوێنەی ناوخۆی مرۆڤ نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ دەربڕینی گۆڕانکارییە خێراکان و وێناکردنی جیهانێکی نوێ. شار، جووڵە، ماشێن و خێرایی بوونە هێمای سەردەمێک کە هەوڵی دەدا خۆی لە میراتی ڕابردوو جیا بکاتەوە و بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت. هەروەها، فۆتۆریستەکان هەوڵیان دەدا شێوازی نووسین و دەربڕینی ئەدەبی بگۆڕن و لە ڕێسا و شێوازە کۆنەکان دوور بکەونەوە. بەڵام ستایشکردنی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن، بە تایبەتی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، تووشی پرسیار و گومان بوو؛ چونکە پێشکەوتنی زانستی و پیشەسازی نەیتوانی مرۆڤ لە توندوتیژی و وێرانکاری بپارێزێت. لەو بارودۆخەدا، دادائیزم وەک وەڵامێکی توند بەرامبەر بە بەها و ڕێسا کۆنەکانی جیهانی مۆدێڕن سەری هەڵدا. بەم شێوەیە، فۆتۆریزم و دادائیزم، هەرچەندە لە تێڕوانین و ئامانجەکانیاندا جیاواز بوون، بەڵام بە شێوەیەک لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمی مۆدێڕن و پرسیارکردن لە میراتی ڕابردوو پەیوەندییان بوو.

دادائیزم لە بارودۆخی شەڕی جیهانیی یەکەم و لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو شارستانییەتەی کە خۆی بە هێمای پێشکەوتن دەزانی، سەری هەڵدا. ئەگەر فۆتۆریزم لە ماشێن، تەکنەلۆژیا و خێراییدا هێمای داهاتووی مرۆڤی دەبینی، دادائیزم هەمان ئەو جیهانەی نوێی بە چاوی گومان و ڕەخنە دەبینی. لەم ڕەوتەدا، شکاندنی ڕێسا، یاریی زمان، پووچەڵکردنەوەی مانای جێگیر و شێوازە نامۆکان بوونە ئامرازێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو جیهانەی کە بە بەرگی ئاوەز و پێشکەوتنەوە خۆی دەردەخست. دادائیستەکان پرسیاریان لەوە دەکرد کە ئایا ڕێسا و بەها کۆمەڵایەتییە باوەکان دەتوانن بە تەواوی ڕێنیشاندەری مرۆڤ بن، کاتێک هەمان ئەو شارستانییەتە بووەتە هۆی شەڕ و وێرانکاری. بۆیە، دادائیزم زۆرجار لەبری دروستکردنی مانایەکی نوێی جێگیر، هەوڵی تێکدانی ئەو مانایانەی دەدا کە بە سروشتی و نەگۆڕ پیشان دەدران. هەروەها، ئەم ڕەوتە سنووری نێوان هونەر و ژیانی ڕۆژانەی خستە ژێر پرسیارەوە. بەم شێوەیە، دادائیزم بەشێک لە مۆدێڕنیزم بوو، بەڵام لە ناوخۆی ئەو ڕەوتەوە ڕەخنەی لە بنەماکانی دەگرت. ئەم ڕەخنەیە تەنیا ڕەتکردنەوەی ڕابردوو نەبوو، بەڵکو پرسیارێکی بنەڕەتی بوو سەبارەت بەوەی هونەر چۆن دەتوانێت لە دونیای پڕ لە ناکۆکی و بێ‌ماناییدا مانا و ئازادی بدۆزێتەوە.

لە ناو ئەم شکاندنەوەیەدا، سوورڕیالیزم سەری هەڵدا و هەوڵی دا لە شوێنی تێکشکاندنی مانای کۆن، سەرچاوەیەکی نوێ بۆ ئازادیی خەیاڵ بدۆزێتەوە. ئەگەر دادائیزم دەقی پێشوو و سیستەمی ماناکانی تێکدەشکاند، سوریالیزم هەوڵی دا بە خەون، نائاگایی و جیهانی ناڕوونی دەروونەوە بگات بە ڕێگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ. کاریگەریی بیرۆکەکانی زیگمۆند فڕۆید لەسەر ئەم ڕەوتە گرینگ بوو، چونکە ئەو بیرۆکانە سەرنجیان خستە سەر ئەو بەشانەی دەروونی مرۆڤ کە بەردەوام لەژێر جڵەوی ئاوەز و وشیاریی ئاساییدا نین. ئەندرێ برێتۆن و شاعیرانی وەک پۆل ئێلوار هەوڵیان دا سنووری نێوان خەون و وەخەوەری، ئاوەز و نائاگایی، ڕاستی و خەیاڵ بشکێنن. لەوێدا، خەون تەنیا ڕووداوێکی کاتیی شەوانە نەبوو، بەڵکوو ڕێگایەک بوو بۆ پەردەلادان لەسەر ئەو ئارەزوو و وێنانەی لە ژێر ڕووی وشیارییەوە دەشاردرانەوە. ئەو ئازادییەی دادائیزم بە شێوەیەکی وێرانکەر دەیویست، سوریالیزم هەوڵی دا بە شێوەیەکی دروستکەر لە نائاگایی و خەونەوە بەدەستی بهێنێت. بەم شێوەیە، ئەم ڕەوتە هەوڵێک بوو بۆ بەرفراوانکردنی سنووری ئەدەبیات و ئاشتکردنەوەی ئەو لایەنانەی ئەزموونی مرۆڤ کە زۆرجار عەقڵی ئاسایی لە نێو ژیانی ڕۆژانەدا پشتگوێیان دەخات و ڕەتیان دەکاتەوە

دواتر، لە ئەمریکای لاتین و ناوچەکانی تری جیهاندا، شێوازێکی نوێی نووسین گەشەی کرد کە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵی بە شێوەیەکی جیاواز لێکدا. ئەوەی بە «ڕیالیزمی جادوویی» ناسرا، ڕووداوە نامۆ و سەرسووڕهێنەرەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە ناو ژیانی ڕۆژانەدا جێگیر دەکرد، بێ ئەوەی جیهانی خەیاڵ و ڕاستی وەک دوو جیهانی دژ بە یەک پیشان بدرێن. لەم شێوازەدا، ئەوەی لە چاوی خوێنەرەوە سەرسووڕهێنەر یان نائاساییە، لە ناو جیهانی دەقەکەدا دەتوانێت بەشێکی ئاسایی لە ژیان بێت. لەم ڕووەوە، ڕیالیزمی جادوویی دەتوانرێت بە جۆرێک بەردەوامی ئەو هەوڵە بزانرێت کە سوریالیزم بۆ شکاندنی سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ دەستی پێ کردبوو، بەڵام لە بارودۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی جیاوازدا شێوەیەکی دیکەی وەرگرت. جیاوازییەکە لەوەدایە کە ڕیالیزمی جادوویی زۆرجار ڕووداوە نامۆکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەخاتە ناو ڕێڕەویی ڕۆژانەی ژیانەوە. گابریێل گارسیا مارکێز و خوان ڕوڵفۆ لەو نووسەرانەن کە ئەم شێوازەیان بە دەنگێکی تایبەت پەرەپێدا و ڕێگایەکی نوێیان بۆ تێکەڵکردنی ئەزموونی کۆمەڵایەتی، میراتی کولتووری و خەیاڵی ئەدەبی خۆش کرد و دەنگی کولتووری و مێژووییی ئەم ناوچانەی زیاتر دەردەخست.

لە دوای شەڕی جیهانیی دووە،، پرسیاری بوونی مرۆڤ و مانای ژیان گەڕایەوە ناو ئەدەبیات و بیرکردنەوە. ئەدەبی پەیوەست بە ئێگزیستانسیالیزم زیاتر لە پرسیارەکانی ئازادی، بەرپرسیاری، بێ‌مانایی و بەرپرسیارێتیی مرۆڤ بەرامبەر هەڵبژاردەکانی خۆی دەدوایەوە. لەم تێڕوانینەدا، مرۆڤ لە جیهانێکدا دەژی کە وەڵامی ئامادەی بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکانی نییە؛ بۆیە ناچارە بە هەڵبژاردن و کردارەکانی، مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێت. نووسەر و بیرمەندانی وەک ژان پۆل سارتەر و ئەڵبێر کامۆ ئەم پرسیارانەیان بە شێوەی جیاواز لە ئەدەبیات و فەلسەفەدا خستەڕوو. لە بەرهەمەکانیاندا، ئازادی تەنیا مافێک نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی قورسە کە مرۆڤ دەبێت دەرئەنجامی هەڵبژاردەکانی خۆی قبووڵ بکات. هەروەها، بێ‌مانایی یان نادڵنیاییی جیهان بە مانای کۆتاییهاتنی هەموو هیوایەک نییە، بەڵکوو دەکرێت ببێتە دەستپێکێک بۆ بیرکردنەوە لە شێوازی ژیان و بەرپرسیارییەکانی مرۆڤ. لێرەدا، مرۆڤ نەک تەنیا بەرامبەر جیهان، بەڵکو بەرامبەر خۆی و هەڵبژاردەکانی خۆیشی بەرپرسیارە. بەم پێیە ئێگزیستانسیالیزم ئەدەبیاتی ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی کردەوە: مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە دونیای نادڵنیادا بژیت و لە هەمان کاتدا بەرپرسیاریی مانای ژیانی خۆی بگرێتە ئەستۆ؟

لە کۆتاییی سەدەی بیستەمدا، پۆستمۆدێرنیزم سەری هەڵدا و زۆرێک لە باوەڕە جێگیرەکانی مۆدێڕنیزمی خستە ژێر پرسیارەوە؛ لەوانەش باوەڕ بە یەک ڕاستیی گشتی، مانای جێگیر و دەنگێکی یەکگرتوو بۆ ڕوونکردنەوەی جیهان. پۆستمۆدێرنیزم بایەخی بە فرەیی، پەرشوبڵاوی، گاڵتەجاڕی، تێکەڵکردنی جۆرە ئەدەبییەکان و نێوان‌دەق دانا. لەم ڕوانگەیەدا، دەق ئاوێنەیەک نییە کە ڕاستییەکی سازکراو پیشان بدات، بەڵکوو خۆی بەشێکە لە پڕۆسەی دروستکردن و گۆڕینی مانا. دەق، تەنیا بەرهەمی نووسەر و خاوەنی مانایەکی کۆتایی نییە؛ بەڵکوو لەگەڵ دەقەکانی پێش خۆی و هاوچەرخی خۆی پەیوەندی دەگرێت، مانایان دەگۆڕێت و خۆی لە ناو تۆڕی دەقەکاندا دەناسێنێت. بەم شێوەیە، خوێنەر وەک بەشدارێک لە پڕۆسەی دروستکردنی مانا دەردەکەوێت، چونکە تێگەیشتنی بۆ دەق لە تاقیکاری، زانیاری و دەقەکانی دیکەوە پەیوەستە. لە بەرهەمی پێشەنگان و نووسەرانی وەک  ڤلادێمیر ناباکۆڤ، ئۆمبێرتۆ ئێکۆ و ئیتاڵۆ کالڤینۆ و پۆل ئاستەردا دەتوانرێت نموونەکانی ئەم یارییە لەگەڵ زمان، دەق و مانا ببینرێن. بەم پێیە، پۆستمۆدێڕنیزم نەک تەنیا شێوازێکی نووسینە، بەڵکوو تێڕوانینێکە کە مانای جێگیر و دەنگی هاوبەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ناکۆکییەکان دەخاتە ڕوو.

بەم شێوەیە، مێژووی ڕەوتە ئەدەبییەکان نابێت وەک زنجیرەیەکی ڕاستەوخۆ بخوێندرێتەوە کە هەر ڕەوتێک ڕەوتی پێش خۆی جێدەهێڵێت. کلاسیزم عەقڵ یان ئاوەز، ڕۆمانسیزم هەست، ڕیالیزم واقیع، ناتورالیزم سروشت، سیمبۆلیزم هێما، ئێکسپرێسیۆنیزم دەروون، فۆتۆریزم خێرایی، دادائیزم یاخیبوون، سوورڕیالیزم خەون، ئێگزیستانسیالیزم بوون و، پۆستمۆدێڕنیزم فرەدەنگی و پەرشوبڵاوی؛ بەڵام ئەم کورتە دەربڕینانە کە باسیان لێ کراوە، پێناسەی تەواوی هەموو ڕەوتەکان نین، بەڵکوو کورتەیەکن بۆ گۆڕانە بنەڕەتییەکانی تێگەیشتنی ئەدەبیات لە مرۆڤ، جیهان، واقیع و خەیاڵ و، چۆنیەتیی دروستکردنی مانا و هەر ڕەوتێک وەڵامی پرسیارەکانی پێش خۆی داوەتەوە و پرسیاری نوێی دروست کردووە. هەندێکیان ڕەوتە پێشووەکانیان ڕەت کردووەتەوە، هەندێکیان گۆڕیویانن و هەندێکیان لەگەڵیان وتووێژیان کردووە. بۆیە، میراتی ئەدەبیات تەنیا کۆمەڵێک ڕەوتی جیاواز نییە، بەڵکوو تۆڕێکی ئاڵۆزە لە بیرۆکە، دەق، وێنە، هەست و ئەزموونی مرۆیی و ئەم میراتە لە نێوان بەردەوامی و گۆڕاندا دەمێنێتەوە و هەر دەقێکی نوێ دەتوانێت لەگەڵیدا وتووێژ بکات، بەشێکی وەربگرێت، بەشێکی ڕەت بکاتەوە و مانایەکی نوێ لە چوارچێوەی ئەزموونی مرۆڤدا بئافرێنێت.

پەرویز شێخی
دەربارەی نووسەر
پەرویز شێخی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە