کێشه
ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێت وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئۆسقۆفی ئێرله‌ندی بێرکێلی[1] ده‌یڵێت، که بوون، به مانای خۆدرککردن دێت (esse est percipi) ئایا ده‌کرێت له درک[2] هه‌ڵبێی؟ چون ده‌توانین ببینه که‌سێکی نادرککراو؟
مێژووی کێشه‌که
ڕه‌نگه بتوانین وێنای ئه‌وه‌ی بکه‌ین که هه‌موو چیرۆکه‌که په‌یوه‌ست بێت به (بێرکێلی)یەوه، که به‌پێی پێویست سه‌باره‌ت به بوونێکی خۆدرککردن و( درک) قسه‌ی کردووه. ئه‌و ڕۆڵه‌ی که ته‌نیا له‌لایه‌ن بۆستێن کیتون[3] ده‌توانرا بگێڕدرێت، ڕۆڵی ئۆسقۆف بێرکێلییه. یان به‌شێوه‌یه‌کی تر ڕێڕه‌وێکه له ئێرلهندییهکهوه بۆ ئێرلهندییهکی تر، له بێرکێلییهوه که د‌رکی هه‌بووه و د‌رکی به خۆی کردووه، بۆ بێکت که «هه‌موو به‌خته‌وه‌رییه‌کی percipere و percipi » تا کۆتایی برد و ته‌واوی کرد. هه‌ر بۆیه ده‌بێت به‌شێک له فیلمه‌که (یان به‌شێکی جیاکراوه له‌م مه‌سه‌لانه) له‌به‌رچاو بگرین که که‌مێک جیاوازتر بێت له‌وه‌ی بێکت خۆی.
بارودۆخی کێشه‌که
ره‌نگه چه‌ند شتێکی ته‌حه‌مولنه‌کراو له خۆدرککردندا بوونی هه‌بێت. ئایا ئه‌م خۆدرککردنه له‌لایه‌ن که‌سی سێیه‌مه‌وه‌یه؟ نه‌خێر، پاشان که‌سه سێیه‌مه درکه گریمانهیییهکان له په‌لوپۆ ده‌که‌ون له‌وکاته‌ی که هه‌رکامه‌یان هه‌ست ده‌که‌ن نه‌ک به ته‌نیا له‌لایه‌ن ئه‌وی تره‌وه به‌ڵکوو له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه درک کراون. که‌واته ئایا چه‌ند شتێکی ترسناک له نێو خۆدرککرندا بوونی هه‌یه، به‌ڵام چی؟
پێدراوه‌کانی کێشه‌که
تا ئه‌وکاته‌ی درک یان (کامێرا) له پشته‌وه‌ی کهسایهتییهکهدایه، مه‌ترسیدار نییه، چونکه درک به نائاگایی [له لایه‌ن که‌سایه‌تییه‌که‌وه] ده‌مێنێته‌وه. درک کاتێک که‌سایه‌تییه‌که ده‌خاته چوارچێوه‌ی خۆیه‌وه که له گۆشه‌یه‌کی لاره‌وه لێی نزێک ده‌بێته‌وه و ئه‌و سه‌باره‌ت به خۆدرککردن به‌ئاگا دێنێت. به‌شێوه‌یه‌کی باو ئه‌وه ده‌ڵێین که که‌سایه‌تییه‌که ئاگایی سه‌باره‌ت به خۆدرککردنی به‌ده‌ست ده‌هێنێت و «دێته نێو percipi » له کاتێکدا که کامێراکه له پشته‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌که‌دا له گۆشه‌ی 45-پله‌دا له سووچێکه‌وه بۆ سووچێکی تر تێدەپه‌ڕێت.

بابه‌تی یه‌که‌م: دیوار و پلیکانه، ئه‌کشن[4]
که‌سایه‌تییه‌که ده‌توانێت به ڕۆیشتنی خێرا به ته‌نیشت دیواره‌که‌وه مه‌ترسی سنووردار بکات. له ڕاستیدا ته‌نیا یه‌ک سووچی هه‌ره‌شه‌ئامێزی هه‌یه. ڕێکردنی که‌سایه‌تییه‌ک به درێژاییی دیواره‌که یه‌که‌م ئه‌کتی سینهماتۆگرافیکه (زۆربه‌ی سینه‌ماکاره گه‌وره‌کان ئه‌م شته‌یان تاقی کردووه‌ته‌وه). ئه‌کشن به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکرا زۆر ئاڵۆز ده‌بێت کاتێک ببێته ستوونی یان حه‌ڵقه‌یی، وه‌کوو ئه‌وه‌ی سه‌ر پلیکانه‌که، پاشان گۆشه و سووچه‌کان به‌پێی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ میحوره‌کان به‌دوایه‌کدا گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، هه‌موو جارێک گۆشه‌نیگای 45 پله تێده‌په‌ڕێنێت، که‌سایه‌تییه‌که ده‌وستێت، له کرده و ئه‌کشن ده‌وستێت، خۆی ده‌نووسێت[به شوێنێکه‌وه ]، و ئه‌و به‌شه‌ی ده‌موچاوی که به ده‌ره‌وه‌یه به ده‌ست داده‌پۆشێت، یان به ده‌سته‌سڕێک یان ئه‌و پارچه قوماشه‌ی که له کڵاوه‌که‌ی هاتووه‌ته خواره‌وه. ئه‌مه بابه‌تی یه‌که‌م بوو، د‌رکی ئه‌کشن، که ده‌کرێت ڕێگری لێ بکرێت له ڕێگای ڕاگرتنی کرده و ئه‌کشنه‌وه.
بابه‌تی دووه‌م: ژووره‌که، درک
ئه‌مه دووه‌م ئه‌کتی سینهماتۆگرافیکه، ناوه‌وه، ئه‌و شته‌ی له‌نێو دیواره‌کاندا ڕوو ده‌دات. پێشتر، که‌سایه‌تییه‌که وه‌کوو که‌سێکی درککهر سه‌رنجی نهدهدهرایه: ئه‌وه کامێراکه بوو که ئه‌وی بۆ درکێکی «کوێر»ئاماده ده‌کرد، واته ئه‌وه‌ی پێویست بوو بۆ کرده‌ی ئه‌و. به‌ڵام ئیستا کامێراکه ئه‌و له ژووره‌که‌دا درک ده‌کات و که‌سایه‌تییه‌که ژووره‌که درک ده‌کات: هه‌موو درکێک دوو هێنده ده‌بێت. پێشتر، که‌سایه‌تییه سێیه‌مه‌کان ده‌یانتوانی به‌شێوه‌یه‌کی هێزه‌کی د‌رکی که‌سایه‌تییه‌که بکه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن کامێراکه‌وه ڕێگریان لێ کرابوو. ئیستا، که‌سایه‌تییه‌که خۆی درک ده‌کات و ئه‌و شتانەشی که د‌رکی پێ ده‌که‌ن ده‌بنه ئه‌و شته‌ی که هه‌رکامه‌یان ئه‌و تووشی درک ده‌که‌ن: نه‌ک به ته‌نیا ئاژه‌ڵه‌کان، ئاوێنه‌کان، وێنه‌یه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگی خودا، فۆتۆکان، هه‌روه‌ها قاپ و قاچاخه‌کان (به هەمان شێوه ئازنشتاین له زمانی دیکنزه‌وه ده‌ڵێت: کترییه‌که ته‌ماشام ده‌کات…). شته‌کان له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له مرۆڤه‌کان مه‌ترسیدارترن: ناتوانم درکیان بکه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان درکم نه‌که‌ن، هه‌موو درکێک وه‌کوو ئه‌مانه درککردنی درکه. ڕێگەچاره‌ی دووه‌م بریتییه له کردنه ده‌ره‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌کان، داپۆشینی ئاوێنه‌که، داپۆشینی شته‌کان، دڕاندنی وێنه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌که، دڕاندنی فۆتۆکان: ئه‌مه له‌ناوبردنی د‌رکی دووهێنده‌یه. که‌مێک پێش ئێستا، له‌نێو شه‌قامه‌که‌دا، که‌سایه‌تییه‌که هێشتا شوێن ـ کات، به تایبه‌ت به‌شه جیاوازه‌کانی ڕابردوو (ئه‌و وێنانه‌ی که له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵیگرتبوو) له به‌رده‌ستدا بوو. له ژووره‌که‌دا، هێشتا هێزی پێویستی هه‌بوو بۆ ڕێکخستنی وێنه‌کان که ئه‌ویان گه‌ڕاندبووه‌وه بۆ درک. به‌ڵام پاش که‌مێک ئه‌وی هیچی له به‌رده‌ست نییه جگه له کاتی ئێستا، له فۆرمی ژوورێکی به‌رته‌سکی داخراودا که له‌وێدا هه‌موو ئایدیایه‌کی کات و شوێن، هه‌موو وێنه‌یه‌کی ئیلاهی، مرۆیی و ئاژه‌ڵ و شته‌کان له‌ناوچووه. ته‌نیا شتێک که ماوه‌ته‌وه ئهسکهملهکهیه[5] له ناوه‌ڕاستی ژووره‌که‌دا که باشتر له هه‌ر نوینێک، باشترین که‌ره‌سته‌یه که پێش یان پاش پیاوه‌که بوونی هه‌یه، که ئێمه له‌نێوان فه‌زای عه‌ده‌مدا ڕاده‌گرێت (چوون ـ و ـ هاتن).
بابه‌تی سێیه‌م: ئه‌سکه‌مل، کاریگه‌ری
که‌سایه‌تییه‌که ده‌یتوانی له‌سه‌ر ئهسکهملهکه دا‌نیشێت و له‌وێدا سه‌رخه‌وێک بشکێنێت، تا ئه‌وکاته‌ی درکه‌کان له‌ناوبچن. به‌ڵام درک هێشتا له پشته‌وه‌ی ئهسکهملهکه چاودێری ده‌کات، که له‌وێدا هه‌ردوو لاکه‌ی هاوکات له به‌رده‌ستدایه. وا ده‌رده‌که‌وێت که درک ئه‌و ئیراده باشه‌ی که که‌مێک پێش ئیستا ده‌ریخستبوو له‌ده‌ست دابێت، واته ئه‌و کاته‌ی که په‌له‌ی کردبوو بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی که له ڕووی که‌مته‌رخه‌مییه‌وه تێیپهڕاندبوو، تاوه‌کوو که‌سایه‌تییه‌که بپارێزێت به‌رامبه‌ر به که‌سه سێیه‌مه گریمانهیییهکان. ئیستا به ئه‌نقه‌ست ئه‌و شته ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات له سهرخهوشکاندکهی تێبگات. که‌سایه‌تییه‌که به‌رگری له خۆی ده‌کات و له ترساندا و به‌وپه‌ڕی لاوازییه‌وه خۆی گرمۆڵه ده‌کات. “کامێرا ـ درک” له‌مه سوودمه‌ند ده‌بێت، به‌ته‌واوه‌تی له گۆشه‌که‌وه ده‌رده‌چێت، ده‌سووڕێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رامبه‌ر که‌سایه‌تییه‌که که سه‌رخه‌و ده‌شکێنێت و نزیک ده‌بێته‌وه لێی. بۆیه ئه‌وه ئاشکرا ده‌بێت که چییه، د‌رکی کاریگه‌ری، واته د‌رکی خۆ سه‌باره‌ت به خۆ، کاریگه‌رییه‌کی په‌تی. ئه‌م درکه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی دووانه‌ی پیاوێکی سه‌رشێته[6] له‌نێو ئهسکهملهکهدا. ئه‌مه د‌رکی که‌سێکی یه‌ک چاوه که ته‌ماشای که‌سایه‌تییه یه‌ک چاوه‌که ده‌کات. درک چاوه‌ڕێی کاتی خۆی ده‌کرد. هه‌ربۆیه ئه‌مه ئه‌و شته بوو که زۆر ترسناک بوو: به‌م مانایه‌ی که ئه‌م درککردنی خۆ له‌لایه‌ن خۆوه، «شتێکه ناسڕێته‌وه‌و حاشاهه‌ڵنه‌گره». ئه‌مه سێیه‌م کرده‌ی سینهماتۆگرافیکه، گرته‌ی نزیک[7]، کاریگه‌ری یان د‌رکی کاریگه‌ری، د‌رکی خۆ [خۆدرککردن]. هه‌روه‌ها ئه‌م درکه خۆیشی له‌ناوده‌چێت، به‌ڵام له کاتێکدا که جووڵه‌ی ئهسکهملهکه بوه‌ستێت و که‌سایه‌تییه‌که بمرێت. ئایا به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئۆسقۆف بێرکلی خستوویه‌ته ڕوو، نابێت له بوون بوه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی ببینه که‌سێکی نادرککراو؟
چاره‌سه‌ری گشتی
فیلمی بێکت له سێ وێنه‌ی بنه‌ڕه‌تی سینه‌ما تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وانیش ئه‌کشن، درک و کاریگه‌رین. به‌ڵام هیچکامیان هه‌رگیز له‌لایه‌ن بێکتهوه کۆتایی پێ نایه‌ت، هیچ نامرێت. کاتێک ئهسکهملهکه له جووڵه ده‌وستێت، ئایدیای ئه‌فلاتۆنی ئه‌سکه‌مل [کورسی]، ئه‌سکه‌ملی ڕۆح، ده‌ست ده‌کات به جووڵان. کاتێک که‌سایه‌تییه‌که ده‌مرێت، وه‌کوو ئه‌وه‌ی مورفی باسی ده‌کات، ئه‌وه پێشتر به‌ره‌و ڕۆح ده‌ستی کردووه به جووڵه. ئه‌و وه‌کوو تهپهدۆرێکه له‌سه‌ر زه‌ریایه‌کی پڕ له جووڵه و شه‌پۆل. ئه‌و چیتر ناجووڵێت، به‌ڵام له ژینگه‌یه‌که که ده‌جووڵێت. ته‌نانه‌ت کاتی ئێستاش له‌ناوده‌چێت، له‌نێو بۆشایییه‌کدا که چیتر هه‌ڵگری تاریکی نییه، له سهیروورهیهکدا که چیتر هه‌ڵگری هیچ گۆڕانێک نییه که جێگای تێگه‌یشتن بێت. ژووره‌که به‌شه‌کانی خۆی له‌ده‌ست داوه و له بۆشایییه‌کدا گه‌ردیله‌یه‌کی ڕووناک و پرشنگدار به‌ره‌ڵا ده‌کات، گه‌ردیله‌ی ناکه‌سی و له هه‌مان کاتدا تایبه‌ت، که چیتر هه‌ڵگری خۆ نییه بۆ خۆجیاکردنه‌وه‌ی له‌وانی تر یان تێکه‌ڵیان بێت. سهیروهی ههستپێنهکرا ژیانه، «به‌بێ وه‌ستان یان هیچ بارودۆخێک»، بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌پۆل و شڵپهشڵپێکی جیهانی و ڕۆحی.
سه‌رچاوه:
Gilles Deleuze, Critique et clinique, éd. Minuit, paris, 1993, pp. 36-39.
[1] évêque irlandais Berkeley
[2] La perception
[3] Buster Keaton
[4] l’Action
[5] la Berceuse
[6] l’homme convulsif
[7] le gros plan/close-up