ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

کێ ودمی ماری پێیە؟

دەستت بە نێو پرچت دادەهێنی و وردە وردە دەست دەکەی بە هۆنینەوە. هێواش هێواش قامکت بە نێو قژەکانتدا دێن و دەڕۆن، دەستەیەک قژی ماش و برینجی لە چەپ دەهێننەوە لای ڕاست و دیسان ڕاست بۆ چەپ. جار جارە بایەکی فێنک دێ و سەر و پرچ و کراسەکەت بە تۆز و گەڵای داران دەڕازێنێتەوە. هەر دەڕۆی و بە دیار هۆنینەوە و بە گۆرانی خشکە خشکی بای کۆتاییی خەرمانان کە بۆنی پاییزت بۆ دێنێ، پێت لە عەرز نامێنێ و فکر و خەیاڵ دەتبا. بیر لە من و ئەو ئێوارەی مانگی خەرمانانی ئەوێ ساڵێ دەکەیتەوە. وەک دۆینێ بێت لەبیرتدا زیندووە. ئەو رۆژەش کزەبایەک، تۆز و گەڵای دار و بۆنی ڕەزی دەهێنا و لە شەقام دەڕۆیشتینەوە بەرەو ماڵێ. تۆ بیرت لەوە دەکردەوە رۆژگار کورت بۆتەوە، سەرمای هێناوە، بەتەما بووی وردە وردە کۆت و کڵاو و سەرپۆشی گەرم بهێنییە بەردەست. ئەو رۆژەی بوخچەکەت دەرهێنا.

من لەگەڵت بووم، پێکەوە بە پێیان دەهاتینەوە و خەریک بووم بەوردی پێم دەکوتی دەبێ کامە کڵاو و چ ڕەنگە سەرپۆشیک و کێها جلی پاییزە لە کومێد دەربهێنی. من دەمزانی کامانە لێت دێنەوە و کامە جلانە لە تۆ جوانە. بۆ خۆم لەگەڵت بووم و بە دڵی من کڕی بووتن. جا خۆ ئێستاش کەس وەکوو من تۆ ناناسێ. من لە منداڵییەوە نا، لە سەرەتاوە لەگەڵ تۆ بووم. پێش ئەوەی لەدایک بیت لەگەڵت بووم. پێش ئەوەی تۆ من ببینی و پێم بزانی من هەبووم، ئەو دەمە کە لە زگی دایکتدا نەرمە نەرمە دەهاتی و دەچووی و جار جار – زۆر کەم، بە دەردی ژنان دەڵێن زگی کچ کەم دەجووڵێتەوە– لینگە فرتەت دەکرد، ئەو دەمە کە حەولت دەدا لەو کونە تاریکە بێیە دەرێ، من لە دیوەکەدا لە پەنای ماما و دایکت و پوورت دانیشتبووم و چاوەڕێم دەکرد ببی. پەلەم بوو زوو چاوت بکەیەوە، یەکەم هەناسەت بە بوونی منەوە هەڵمژی و دایک و باب و خزم و کەسوکار و بنەماڵەت بتدەنە دەستی خۆم. بۆ خۆم بانگم بە گوێچکەتدا خوێند و نێوم لێ نای و یەکەم جلەکانت من لەبەرم کردی. ئاگام لێ بوو چۆن گڕوگاڵت دەکرد و پێت هەڵگرت و فێرە قسە بووی. نزیک تەمەنی مەدرەسە، بۆ خۆم لەسەر کۆشی پووری دایکت دامنای و بە دەرزی دروومان گوێچکەمان بۆ کون کردی و بەنێکی سوورمان تێ کرد هەتا نەسوێتەوە. تۆش دەتقیژاند و هاوارت دەکرد و بە دەوری حەوشەدا هەڵدەهاتی و هەموو سەر و ملت خوێناوی بووبوو. جا ئەوجار بوخچەکەم بۆ دانای. بوخچەی تایبەتی خۆت. پرچەکانتم خستە نێوی و دایکیشت بۆی لە یەخدان خستی. تۆش عاقڵانە بە قسەت کردین و چەقەسرۆییت نەکرد؛ ئیدی لەوە بەولا چاوەڕێ بووم زووتر گەورە بی و زۆرتر پێکەوە قسە بکەین. پلانی هەمو ژیانتم بۆ دانابووی. چاوەڕێ بووم خۆت بناسی و ئیدی یەکجاری تێبگەی کە منم ئاگام لە تۆیە و تۆ بەخێو دەکەم و تۆش من بەخێو دەکەی و وا لێک دەهاڵێین کە دوای چەند ساڵ، من و تۆ لێک ناکرێینەوە. ئیتر نازانی بەبێ من چیت. من دایمە لەنێو سەرتدام و بۆ دەقەیەک چییە بێدەنگ نابم و بە چاوی تۆ دەبینم و بە زاری تۆ قسە دەکەم.

من دەمزانی و تۆش دەتزانی و هەموو کەس لەو شارەدا دەیزانی کە گۆڕی گەورە و جێی جارانت منم. تۆش بەش بەحاڵی خۆت دەستەمۆ بووبووی و لاساریت نەدەکرد و تەرە نەدەبووی و پێک شاد و شکوور بووین. هەر بۆیە ئەو ساتە کە یەکەم جار، لەو ئێوارەیەی مانگی خەرمانان، لە فێنکاییی دەمەو پاییزدا بە ڕقەوە هاوارت کرد و جوابە جەنگیت لەگەڵ کردم، بۆ هەمیشە لە بیرەوەریی من و خەڵکی ئەو شارەدا دەمێنێتەوە.

ئێوارەیەکی پاییز بوو، هێشتا خۆر ئاوا نەبووبوو. ئەو ساتە لە رۆژ کە خەڵکی لە شەقام، بە پەلەپەل و هەلەهەل سەرلێشێواو و ماندوو  وەک مێروولە عەجەمە، لەسەر کار دەهاتنەوە بەرەو ماڵ نەختێک بحەسێنەوە بۆ ئەوەی بۆ کاری زۆرتری سبەینێ بەیانی حازر بن. من و تۆ تازە گەیشتبووینەوە ماڵێ.

دەنگی کاناڵێکی هەواڵنێری مەهوارەیی لە ماڵی جیرانەکەتان دەهات و تۆ لەم بەری دیوارەوە گوێت لە منگەمنگی کابرای پێشکەشکار بوو. پەنجەرەی ژوورەکەت بەرەو کۆڵانێکی بۆنبەست دەکراوە و لق و پۆپی دارێکی تووی گەورە لە حەوشەی ماڵی ڕووبەڕووتانەوە خۆی لە کەلێنی نەردەکانەوە دەهێنا ژوورێ. لە پەنجەرەوە چاوت لە دەرێ دەکرد. هەوا بۆنی فێنکایی و تۆزی پاییزی لێ دەهات. زوو زوو لە بەینی هاڵ و دیوەکەی خۆت دەهاتی و دەچووی. بۆ جاری هەزاروم چاوت لە سەعاتی مۆبایلەکەت دەکرد و لە سەرڕا دەچووی دیوەکان دەگەڕای. بەینە نا بەینێک لەبەر پەنجەرە سەیری دارە تووەکەت دەکرد و گەڵا وەریوەکانت دەبژارد.

لە دەرەوە هەرا و هوریا و دەنگی سیگناڵی ماشین و ئیگزۆزی مۆتۆڕ دەهات و تۆ چاک دەتزانی چ باسە. بۆیەش حەجمینت نەبوو. لەو دەقەیەوە لاقت گەیشتە ماڵێ چەن جار لە دەرگایان دابوو. دەهاتن بانگیان دەکردی و هەڵدەهاتن. هەرجار لە دەرکەیان دەدا سەرت ‌هەڵدەهێنا و لە پەنجەرەوە چاوت لە شیناییی بێکۆتاییی ئاسمان کرد کە نەردەکان وەک چەقۆ لەت لەتیان کردبوو. ئاسمان دەیزانی چی ڕووی داوە؟ دەیزانی هەزاران پرچ و کەزی لەو شارەدا ئەوشۆ سووتاون؟ بای دەهات و چاوت بە گەڵاکان کەوت کە پەڵەی سووریان تێدا بوو و بە سەماوە هەڵدەخولانەوە.

دەتزانی کاتی هاتووە. هەرچی بە کۆڵانەکەتاندا دەهات، شناس و غەوارە، لە دەرگای دەدا و بانگی دەکردی.

تەقەی دەرگا هات و دیسان هەرایان لێ کردی:

  • وەرە دەرێ! چاوەڕێتین!
  • دەترسم!
  • لە چی دەترسی؟
  • لە هەموو چاوەکان!

 دڵەکوتەت بوو، بەڵام مشتت توند کردبوو. هەستای چوویتە سەر کۆمۆدەکەت. لەبیرتە هاندان هاندان لە دەرگایان دەدا، هەرکەس لە دەرکەی دەدا دوایی دەستبەجێ تەپەتەپی لاقی دەهات و هەڵدەهات و دەڕۆیشتە دەرێ لە کۆڵانەکە. ترس و لەرزەلەرزی دەستت لەبیرە ئەو کاتەی دەگەڕای و جلوبەرگ و قەلە و دەلەی نێو کۆمۆدت لا دەدا و ئەو بوخچە چکۆلەیەت دەردێنا کە بە منداڵی پێم دای و رۆژانێک دەمانکوت دنیا و عالەم سەر لێک دا، دەری ناهێنی. دڵت پڕ بوو ئەو دەمەی گرێکانت هەڵوەشاند و دوو پەلکەی هۆندراو لە پرچێکی درێژ و ڕەشت دەرهێنا. پێت وانەبوو جوان مابن، بەڵام هەروا نەرم و خاو بوون. لەبیرتە کە بەسەر شانت دادا، نەتدەزانی بە کامە لادا لایان دەی؟ دەتکوت لەبیرت چۆتەوە پرچ ڕازاندنەوە چۆنە؟ ئاخر بە منداڵی هەمیشە پرچمان بۆ کورت کورت دەکردیتەوە. دوایەش گەورەتر بووی و مانگی شەرمێت هات و پرچت درێژ کردەوە، پرچەکانت لەنێو بوخچەدا بوون. بە ئاواتەوە بووی با بڕواتە نێو قژت و لێت بشێوێنێ بەڵام لەنێو کومێدێکدا لە ماڵێ ئاسوودە دانرابوون و با و بۆرانیان نەدەدیت.

لەبەر ئاوێنە ڕاوەستای و تماشات کرد سپی هەڵگەڕابووی. چاوت لە دەستت کرد وەک شەق شەقە دەلەرزین. کوتم باشە بۆ وا دەکەی لە خۆت ئەگەر هێندە دەترسی؟

دەمزانی هەمیشە لە چارشێوەکان و لەچکە سپییەکان و باتۆمەکان و ماشینە سەوزەکان و ڕیشسپییەکان و ئاغابانوو بەسەرەکان و پەیکەرە ڕەشەکان، لە هەموو هەموو چاوەکان دەترسای. دەتزانی من هەزار چاوم هەبوو و هەموو چاوەکانم لەسەر تۆ بوون و بۆیەش دەتزانی کە ئەگەر قەرار بووایە ئەو شەوە پرچت ببەیتە دەرێ، دەبوو لەنێوان ماڵە زەرد و بۆر و دێز و قووتوو شەمچەیییەکاندا، خۆت لەنێو خەڵکدا حەشار بدەی و پێت وابوو لەوێ وەک دڵۆپەیەک لەنێو دەریایەک ونی. من دەمزانی بە تەمای چی، هەرچی نەبێ بۆ خۆم خۆ شاردنەوەم فێری تۆ کردبوو. بەڵام خۆ ئاخری هەر دەگەڕایەوە لای من، من گۆڕی گەورە و جێی جارانت بووم. دەمزانی تەنیا بە غیرەتی شار و خانوبەرە و قەتار و حەشیمەتی ئەو شارە پرچەکانت ڕفاند و بردت. بۆیەش لەو لاوە ڕاوەستام و تماشام کردی کە چۆن دەمامکێکت لە دەموچاوت دا.

بۆ کۆتا جار سەیری ئاوێنەت کرد. شتێک کەم بوو. جووتێک گوارەی شۆڕت لە گوێ کرد. لە بیرتە لەجیاتی گوارە بەنێکی سوورم لە گوێ کردبووی؟ پرچەکانت بەسەر شانت دادا. وەک ئەوە وابوو هەموو ژیانت چاوەڕێی ئەو رۆژە بووبێتی، گورج و گۆڵ خۆت بە دەرێ دا کرد. بانگم کردی؛ چاوێکت لێ کردم و کوتت: ئەوڕۆ ڕۆژی تۆ نییە!

گێژەڵووکەی گەڵای سوور و تۆز و قژی خورمایی وڵاتی داگرتبوو. دەوروبەر و بەرچاوت بە گاز و دووکەڵ و تۆز و خۆڵ داپۆشرابوو ق گەرووتی وشک کردبوو. گەڵاکان بە سەر و چاوتدا دادەوەرین و بە هەموو فززە و تەققە و سرتەیەک، یەک بە خۆت ڕادەچەنی و قوتە قوت چاوت لە وڵات دەکرد. گەیشتیتە سەر شەقامی سەرەکی و لە دیمەنی بەرامبەرت ڕامای. ئەژنۆت شکا. لە تاریک و ڕوونی ئێوارەدا هەر قژ و پرچ و کەزییە و ئەگریجە و پەلکە بوو وەک مارەکانی حەزرەتی مووسا، ڕۆحیان بە بەردا هاتبوو و دەهاتن و دەچوون. دیتت هەر چی دەتبینێ، بانگت دەکا و بە دەمتەوە پێدەکەنێ و دەستت دەگرێ و سەمات لەگەڵ دەکا. با و گژە گژ بوو و دەستە دەستە پرچەکان وەک ڕەشمار بە هەموو کۆڵانێکی شاردا دەخشکان و بوخچەکان لە حەوادا دەسووڕانەوە و لە ئاسماندا سەمایان دەکرد. دەنگی گۆرانی و موسیقا لە دوورەوە، لە شوێنێکی نادیار دەهات. کەس لە کەسێک بوو کە باب، کوڕی خۆی نەدەناسییەوە. ڕاوەڕاوێک بوو، دەتکوت کایەی گول گولێنە. ڕەشمارەکان هەموو کون و کەلەبەرێکیان گرتبوو و هەستم پێ کردبوو بە تەمای گەستنی من بوون. جار نا جارێک دەهاتم بەر بینگم پێ دەگرتن، هەناسەتانم سوار دەکرد و دەمەویست بتانبەم بۆ شوێنێک کە هەموو تەما و ئارەزووی بێ منی لە کەللەتان بێتە دەر. ئێوەش تێکڕا پڕش و بڵاو دەبوونەوە و خۆتان بە نێو کۆڵانێک یا حەوشەی ماڵێكدا دەکرد. ئەو شارەی لەوە پێش وەک هەناری گەیو هەڵقڵیشابوو و لێک ترازابوو و هەر کوچەیە و هەر ماڵەو بگرە هەر کەسەی لەلایەک عەلاحیدە و تەنیا بووبوو، بە تانوپۆی قژ و پرچەکان پێکەوە دوورابۆوە و پینە و پەڕۆ کرابوو.

تماشام دەکردی چۆن لەتاو دووکەڵ و هانکە هانک و هەڵات هەڵات و دڵەکوتە و هەنیسکی فرمێسک و قاقای خۆشی منت لەبیر چووبووەوە و بە جۆرێک بە سەرمدا هاوارت دەکرد و پرچت بە حەوادا دەدا و گوارەت دەلەنگاندەوە و دەستت لێم مست کردبوو و دمدرێژیت دەکرد کە بۆ خۆشم حەپەسابووم. ئەگەر ملم هەبوایە خۆت وەک مار لە دەوری قایم دەکرد و بە تۆڵەی هەموو ئەو ساڵانەی لە دەوری ملت دا بووم، دەتخنکاندم! ڕقی تۆڵە وای لێکردی پێت وابێ دەرەقەتم دێی. ڕەنگە خۆت لەوە خۆش کردبوو کە تازە بەرەڵام کردووی و کارم پێت نەداوە و ئەو پرچانەی لەو رۆژە بە دوا هەمیشە بەسەر شانتدا مانەوە و وەها بە نازەوە لە دونیایان دەڕوانی، دەتکووت هەموو ئەو شارە موڵکی ئەوانە؛ تازە قەت ناچنەوە نێو بوخچەوە. لەبیرتە چی بەسەرهات؟ ئەو رۆژە هەستم کرد بەتەما بووی بیسووتێنی. وەک هەزارانی دیکە کە هینەکەی خۆیان بردە سەر شەقام و بە چەپڵەڕیزانەوە ئاوریان تێ بەردا. بەڵام بۆچی تۆ نەتبرد؟ شەوێش کە هاتیتەوە کارت پێی نەبوو، نەختاڵە هیوایەکم هەبوو و دەمزانی لە قووڵاییی دڵتدا یەکجار وەک خەڵک پشتت تێ نەکردووم.

ئاخر من نیگابانی ئەو بوخچەیە بووم. من بەڵێنم دابوو تا ئەو رۆژەی دەمری و تەنانەت دوای مردنت، بگرە هەتا دوای ئەو رۆژەی یەک نەفەر نێوی تۆی لەبیر ماوە، من ئاگاداری پرچەکانت بم و لەوێدا بۆت ڕاگرم. تۆ گەمژانە سەرخۆش بووی و لە جەنگدا براوە بووی و شەقامەکانی شاری قووتوو شەمچەکان موڵکی تۆ و ڕەشمارەکانی دیکە بوو، بەڵام من ودمی مارم پێیە. خۆم مات دابوو. تۆ لە شەقامەکان سەمات دەکرد و من لەبن گوێچکەت ورتەم دەهات: ڕەنگە موسیقا گوێچکەتی کەڕ کردبێ و دووکەڵ و بۆنی فرمێسکڕێژ بەرچاوتی گرتبێ و منت لێ دیار نەبم، بەڵام خۆ من لەبیرم ناچێتەوە بەڵێنی من و تۆ وابوو تا کۆتایی من و تۆ بین. من چاوەڕێ بووم هاوارەکانت کە تەواو بوون و ژیر بوویەوە، بتگرمە باوەش و دەستە مستە ڕق ئەستوورەکانت قامک بە قامک بکەمەوە و پرچت بخەیتە نێو دەستم و بۆت بخەمە نێو بوخچەوە و بۆت لەنێو کەلێن و قوژبنی دیوار و ژێر فەڕش بشارمەوە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵ داخەم کە دووکەڵ و تۆز و فرمێسکڕێژ و با و بۆران بەرت نەکەوێ. هێشتا فڕێت نەدابوو. نەتسووتاندبوو. هەڵت نەپاچیبوو. لە دڵی خۆمدا دەمکوت: ڕایگرتووە بۆ ئەوەی ڕۆژێک بیخاتەوە بەردەست. دەمکوت: من دەیناسم، بۆ خۆم بەخێوم کردووە. کەس وەکوو من چاکی ناناسێ. خودا شاخان دەبینێ و بەفریان تێدەکا.

لەو رۆژە بەولاوە، هەر جارەی لە دەرێ دەهاتیتەوە بۆ ماڵێ، هاوارم دەکرد و بوخچەم لەبیر دەهێنایەوە و سینگم دەگرتی و خەونەکانم لێ هەراسان دەکردی؛ لە ژوورەکەتدا فڕێت دابوو و هەرچی تکا و رەجا و هەڕەشە و گوڕەشەم دەکرد چارت نەدەهات. هیچت نەدەکوت. هەر زەق چاوت لە چاوم دەبڕی.

ئاخرێکانی مانگی ڕەشەممە، رۆژێک جل و کەوشی زستانت خڕ دەکردەوە و لات دەبردن. کۆمێدت دەردابوو. وڵاتت هەڵگرتبوو و خۆت بۆ بەهار ساز دەکرد. بە دڵمدا هات نەکا بەتەما بیت لەگەڵ ئاوری چوارشەممەسووری بیسووتێنی. کوتم جا تازە؟ کاری وا نەکەی! چاوت لێکردم و بزەت هاتێ. شتێکی دیکەت لە بن سەردا بوو. بوخچەکەت ڕاخست و  جلە کۆنەکان و جانتای بێکەڵکە و کۆمەڵێک شاڵ و لەچکە و کۆچکە و مەقنە و ڕووسەریت قەد کرد و لەوێت خست و گرێت دا و لە عەمبارێت خستن. کەس نازانێ چییان بەسەر هات.

خەمم نییە. لەو ساڵەوە من چەندە گەڕاوم دیسان بۆخچەت بۆ ببینمەوە. دەنکێکی دیکەت بۆ بە دوورین بدەم. ئێستاش کە پرچەکانت سپییان تێ کەوتووە و ماش و برینجی بوون، لە بن گوێت هەڵدەخوێنم: خۆ تا هەتایە خۆت حەشار نادەی. رۆژێک لە بن قووتوو شەمچەکان دێیتە دەرێ و لەو حەشیمەتەی دەستیان دەگرتی و گۆرانییان لەگەڵ دەخوێندی، جیا دەمێنییەوە و نێوچاوانە قەشانەکەت وەدەرت دەخا و من دەورەت دەدەم. من و تۆ لێک ئاڵاوین. لەبیرت چۆتەوە، یا خۆت لێ گێل کردووم، من هەر تانوپۆی ئەو پەڕۆیە نیم. من لە پێش تۆوە هەبووم و و دوای مەرگی تۆش هەر دەمێنمەوە و بەسەرهاتی ئەو رۆژانە بۆ خەڵکی سەردەمی دوای تۆ دەکەمە حیکایەت و داستان.

چیرۆکەکانی تۆش، خۆم دەیانووسمەوە.

blank
دەربارەی نووسەر
شادی ڕزگاری
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە