ئەمەی خوارەوە وتوێژێکی فەلسەفییە و لەگەڵ دووان لە فەیلەسووفانی هاوچەرخدا ساز کراوە و لە ژمارە ٢ ی گۆڤاری «لۆ پۆان» (Le Point)، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٠ بڵاو کراوەتەوە. کارۆلین ڕاکابیە زۆر ژیرانە پرسیارەکان هەڵدەبژێرێت و ئاڕاستەی دوو فەیلەسووفەکەی دەکات، ئەوانیش بەوپەڕی وردییەوە وەڵامی دەدەنەوە و لەگەڵ یەکدیدا دەکەونە گفتوگۆوە.
گۆڤاری «لۆ پۆان»: ئەگەر داوا لە زۆربەی خەڵکی ئەم سەردەمە بکەین تاوەکوو وێنای دانا و حەکیمێکمان بۆ بکێشن، ئەوا دەمودەست ئاماژە بە «دالایی لاما» دەکەن. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە چیتر فەیلەسووفان دانا و حەکیمی شار نین؟
ڕۆژێ ـ پۆڵ دروا: ئەمە شتێکی نوێ نییە! وێنەی حەکیم لەو کاتەوە لە وێنەی فەیلەسووف جیا بووەتەوە کە یۆنانییەکان بواری عەقڵانێتیان داهێنا؛ واتە، ئەگەر بەو شێوەیە بڵێین، بوارەکەیان لە ئەفسانە و وەحی جیا کردەوە. پێش ئەوە، مرۆڤ دەیتوانی بە ڕاهێنان و ئەزموون، یان بەهۆی «ڕووناکییەکی تایبەت»ەوە، وەکوو بودا ببێتە حەکیم، بێ ئەوەی پێویست بکات ڕۆشنبیر بێت. بەڵام داهێنانی یۆنانییەکان ئەوە بوو کە کەمال و تەواوبوونیان بە عەقڵەوە بەستەوە. ئەوان دەیانگوت: «ئەگەر دەتەوێت ببیتە حەکیم و بگەیتە ئەو کەمالە کۆنەی کە بیستووتە پێشتر هەبووە و ئێستا چیتر لە ئارادا نییە، دەبێت سەرەتا عەقڵی خۆت بە دروستی ئاراستە بکەیت و ژیانت بخەیتە ژێر ڕێنماییی عەقڵتەوە.»
بەم مانایە، حەکیم ئەو ئارەزوو و حەسرەتەیە کە لە ناخی فەیلەسووفدا دەژی. ئایا وێنەی مرۆڤێک کە لە کۆتاییدا گەیشتووەتە کەمال، بەشێکی زۆری لە خەیاڵ و نموونەیەکی ئایدیال پێک نەهاتووە کە ئارەزووی دەکەین پێی بگەین؟ ڕیواقییەکانیش پێشتر باسی ئەمەیان کردووە: لەوانەیە هیچ مرۆڤێک هەرگیز نەبێتە حەکیم. ئەمڕۆ ئەو نموونە ئایدیاڵەش لاواز بووە؛ بۆیە، بە گومانەوە، چیتر حەکیم نابینین. تا ئەو جێگایەی من دەزانم، کەس نییە ڕۆژانە هەشت یان دوازدە کاتژمێر تەرخان بکات بۆ ئەوەی ببێتە حەکیم. خەون دەبینین؛ کتێبی گەشەپێدانی مرۆیی دەکڕین؛ بەڵام نابینین کەسێک بێت و بڵێت: «بەردەوام کار دەکەم بۆ ئەوەی ببمە حەکیم. دڵنیا نیم کە دەگەمە ئامانجەکەم، بەڵام ژیانم لەپێناوی بوونم بە حەکیم دەخەمە مەترسییەوە!» وێنەی حەکیم وەک نموونەیەکی ئایدیالی ئارەزووپێکراو، ڕەنگە چیدی نەمابێت و داڕمابێت و بتەنێ بەشێکی زۆر کەمی لێ مابێتەوە، بەڵام ئەو بەشەشی کە ماوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگە نییە.
ڕافائێل ئانتۆهۆڤن: بەڵێ. بەشێوەیەکی تەقلیدییانە وایە، ئەوەش یەکەم وانەیە کە لە قوتابخانەوە وەریدەگرین، لەوێ پێمان دەگوترێت فەلسەفە «خۆشویستنی دانایی»یە. لە فیساگۆرس و پاشان ئەفلاتوونەوە ئەم پێناسەیەمان وەرگرتووە. ئارەزووکردنیش نیشانەی کەمبوونەوەیە. بەپێی تێگەیشتنی یۆنانییەکان، ئەگەر ئێمە ئارەزووی گەیشتن بە دانایی بکەین ـ وەک فەیلەسووف ـ ئەوا لەبەر ئەوەیە کە لەو دانایییە بێبەشین!
لە ڕاستیدا، هەر خودی ئەم دەستپێکە ڕێگەیەکی تایبەت بۆ بیرکردنەوەمان دەکاتەوە: خۆشویستنی دانایی بە جۆرێک لە جۆرەکان ئارەزوویەکی شێتانەیە؛ دەبێت بە جۆرێک شێت بین تا ئارەزووی دانایی بکەین. بەڵام دەتوانین بڵێین فەلسەفە تەنها خۆشویستنی دانایی نییە، بەڵکوو دانایی خۆشەویستیشە.
لە ئەپیکۆرەوە تا کڵێمان ڕۆسی؛ بە تێپەڕبوون بە سپینۆزادا؛ لە کۆندا و لە سەردەمە نوێکاندا؛ هەمیشە نوێنەری ئەم دیدگایەمان هەیە. بۆ ئەوان، فەلسەفە زیاتر حەسرەت و نائارامییەکە بەرامبەر دانایی؛ نەک تەنها ڕاهێنانێک بۆ خۆشویستنی پێشوەختەی جیهان. بۆ من، لێرەدا شتێک هەیە کە وێنەی حەکیم و فەیلەسووف پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش ڕێگەمان پێ دەدات حەکیم وەک خاوەنی زانیارییەکی تەواو نەبینین؛ بەڵکوو فەیلەسووف بەوە بیناسینەوە کە داوای خاوەندارێتیی دانایی ناکات و لە سنووری خۆی ئاگادارە.
گۆڤار: هاوبەشیی نێوان حەکیم و فەیلەسووف چییە؟ ئایا هەردووکیان یارمەتیمان نادەن ژیانێکی باشتر بژین؟
پۆڵ دروا: ئەمە پەیوەندی بە دیدگا و تێڕوانینەکانەوە هەیە. لە دیدی منەوە، گرنگیی فەلسەفە لە بیست ساڵی ڕابردوودا جارێکی تر بە کێشەیەکی وجودی و ژیانییەوە بەستراوەتەوە. جارێکی تر با بپرسین: ئایا ئەم ڕاهێنانە نامۆیەی بیرکردنەوە، دەتوانێت لە ژیانی ڕۆژانەدا سوودبەخش بێت؟ ئەم پرسیارە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕوونی لەبیر کرابوو. لە یادمە مامۆستاکانم لە زانکۆ جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە «بەختەوەری کێشەیەکی فەلسەفی نییە». ئەمڕۆ، لە بەرامبەر ئەو پشێوی و ئاڵۆزییانەی ڕوو دەدەن، بیرۆکەی ئەوە جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە کە دەبێت فەلسەفە بخوێنین و کاری پێ بکەین بۆ ئەوەی باشتر بژین.
ئانتهۆڤن: بەڵێ، ئەمە ئەو ڕۆڵە گشتییەیە کە ئەمڕۆ بۆ فەلسەفەی دادەنێین؛ بەڵام لە دیدی منەوە، ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە. دڵنیا نیم کە فەلسەفە یارمەتیمان دەدات ژیانێکی باشتر بژین. هەروەها دڵنیا نیم فەلسەفە، کە شێوازێکە بۆ ڕاهاتن بە سەرگێژبوونی بوون و بەرگەگرتنی هەموو ناکۆکی و پێچەوانەییەکانی؛ باشترین ڕێگا بێت بۆ ژیانکردن. باوەڕم بەوە نییە کە ڕاستی هەمیشە لە خەیاڵێکی ئارامبەخش باشتر بێت. کاتێکیش لێم دەپرسن ئایا فەلسەفە ژیان باشتر دەکات، هەست بە ناڕەحەتی دەکەم. وا وەڵامیان دەدەمەوە کە فەلسەفە هونەری ژیانە، بەڵام بە دڵنیاییەوە باشترین شێوازی ژیانکردن نییە.
پۆڵ دروا: وشەی یۆنانیی سۆفیا Sophia) ) دەتوانرێت بە «دانایی» وەربگێڕدرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت بە «زانیاری»ش لێک بدرێتەوە . ئەوەی هەمان وشە لای یۆنانییەکان هەردوو مانای دانایی و زانیاری دەگەیەنێت، بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە لە دیدی ئەواندا پەیوەندی و تەنانەت یەکگرتوویییەک هەبووە لەنێوان حەکیمبوون و زانیندا. بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا ئەم دوو واتایە لێک جیا کراونەتەوە، چیدی هەبوونی زانیاری بە خۆی یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی مرۆڤێک بکاتە حەکیم.
ئانتۆهۆڤن: بەڵێ. ئەفلاتۆن دەڵێت: «هیچ کەس بە خواستی خۆی خراپ نییە، بەڵکوو بەهۆی نەزانینییەوە خراپ دەبێت». واتە، ئەو باوەڕەی کە زانینی شتێکی خراپ بە قەدەرێک بەهێزە کە بتوانێت ئەو خراپەیە دوور بخاتەوە؛ ئەوەی کە بە زانینی شتێک، بە تەنها دەبێت بەپێی ئەو زانیارییە ڕەفتار بکەین، لە دیدی منەوە تەنها خەیاڵێکە. من، کە جگەرەکێشم، دەزانم جگەرەکێشان دەبێتە هۆی شێرپەنجە؛ بەڵام ئەم زانیارییە ڕێگریم لێ ناکات لە جگەرەکێشان. کەواتە، چۆن دەتوانین ئەو توانایە بە زانیاری ببەخشین کە بەڕاستی ڕەفتارمان بگۆڕێت؟ فەلسەفە تا ئێستا، بەشێوەیەک، وەڵامی ئەم پرسیارەی نەدۆزیوەتەوە.
ئەو گەشبینییە بنەڕەتییەی یۆنانییەکان کە باوەڕیان وابوو کاتێک شتێک دەزانین، ژیانمان باشتر دەبێت، لەگەڵ فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا یەک دەگرێتەوە؛ لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی کە پێشکەوتنی تەکنیکی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی ئەخلاقی.
لەو سەردەمەدا، تەنها یەک فەیلەسووف هەبوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ئەم باوەڕەی دەگوت؛ ئەویش ژان ژاک ڕۆسۆ بوو، کە زۆر کەس بە کەسێکی هەڵە خەمڵێنەر و ڕەشبین لێیان دەڕوانی، لێ سەدەی بیستەم پشتڕاستی پێشبینییەکانی ڕۆسۆی کردەوە؛ کاتێک تێگەیشتین کە مرۆڤ دەتوانێت لە بواری تەکنیکدا زۆر لێهاتوو بێت و لە هەمان کاتدا بوونەوەرێکی زۆر دڕندە و بێبەزەییش بێت.
گۆڤار: ئەمڕۆ فەیلەسووف بەو کەسە دەگوترێت کە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە. واتە فەیلەسووف بەپێی ئەم پێناسەیە مامۆستایەکی زانکۆیە کە فەرهەنگێکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەو کەسەش کە لە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەدا جێی نابێتەوە، هەندێک جار بە «فەیلەسووفی ڕۆژانی پشوودان یان فەیلەسووفی یەکشەممان» ناو دەبرێت. ئایا ئەمە ڕاستە؟
پۆڵ دروا: ڕاستە کە زۆربەی فەیلەسووفان بوونەتە کارمەند و مامۆستا؛ بەڵام ئەمە دیاردەیەکی نوێیە و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەهەم، لەگەڵ کانت و پاشان هیگڵ، کە مامۆستایەکی گەورە بوو لە بەرلین. بەڵام خۆ پێش ئەوان، لە مێژووی فەلسەفەدا فەیلەسووفی زۆر هەبوون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە وانەوتنەوەی فەلسەفەوە نەبووە؛ وەکوو دیکارت.
ئەوەی بە «فەیلەسوفی ڕۆژانی پشوودان یان فەیلەسووفی یەکشەممان» ناومان دەبەن، لە دیدی منەوە پەیوەندی بەو ململانێیە نوێیەوە هەیە کە فەلسەفەی کردووەتە پسپۆڕییەکی زانکۆیی؛ پسپۆڕییەک کە گوایە تەنها کاتێک ماف و ڕەوایی هەیە کە لە چوارچێوەی ئەکادیمیادا بێت. «بێرگسۆن» ڕۆژێک گوتی: «هیچ کێشەیەکی گەورەی فەلسەفی نییە کە نەکرێت بە زمانی ژیانی ڕۆژانە دەرببڕدرێت.» بەم قسەیە، ئەو ڕەخنەیەی ڕەت کردەوە کە ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە بەشێوەیەکی سادە دەربارەی فەلسەفە دەدوێن. لەگەڵ ئەو ڕێزەی بۆ زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکانم هەیە، یەکەم کەسم کە پێم وایە فەلسەفەی زانکۆیی دەتوانێت ببێتە شتێکی خراپ. ئەوەش لەبەر ئەوەی زانکۆ مافی ئەوەی نییە خۆی بە خاوەنی بیرکردنەوە و فەلسەفە بزانێت، نە لە باریشیدایە بە تەنها پێناسەی فەلسەفە و ڕاهێنانی فەلسەفی دیاری بکات.
ئانتۆهۆڤن: سنووردارکردنی فەلسەفە بە زانکۆ، لە ڕوویەکەوە سوودی هەیە؛ چونکە فەلسەفە جۆرێکە لە زانست. بەڵام لە هەمان کاتدا، جۆرێک لە لووتبەرزیی ئەکادیمی هەیە کە فەیلەسووف دەکاتە مامۆستای فەلسەفە و فەلسەفەش دەکاتە مێژووی فەلسەفە. لەم بارەیەوە، ئەوە تەنها مامۆستایانی زانکۆن کە بە فەیلەسووفی «ڕۆژانی پشوودان» پێدەکەنن! هەروەها بەشێوەیەکی سەیر، خەڵکی ئاساییش هەمان هەڵوێستیان هەیە. هەمووان وا دەنوێنن کە فەیلەسووفی ڕۆژانی پشوودان کەسێکی گەمژەیە. لە کاتێکدا فەلسەفە بووەتە مۆدێک و وێنەیەکی دیار لە ڕاگەیاندندا دەرکەوتووە؛ وێنەی «فەیلەسووفێکی ئامادەکراو بۆ خزمەتکردن» (philosophe de service). ئەمە جۆرێک لە دۆخی تراژیدییە، چونکە ئەرکی ئەم فەیلەسووفە ئەستەمە. داوای لێ دەکرێت وا پیشان بدات کە لە هەموو شتێک تێدەگات، بە زمانی ئەو کەسانە قسە بکات کە لەناو ڕووداوەکاندان، وا پیشان بدات کە فەیلەسووفە و جۆرێک زانیاریی تەواوی هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت بەکورتی و بەڕوونی ڕوونکردنەوە بدات و نیشانی بدات کە فەلسەفە گرنگی بە کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە دەدات. «فەیلەسووفی ئامادەکراو بۆ خزمەت» کەسێکە کە بینەر و گوێگر ئەرکێکی ناکۆک و پێچەوانەی پێ دەسپێرێت.

گۆڤار: بۆچی کۆمەڵگا زیاتر و زیاتر پەنا دەباتە بەر فەیلەسووفانی ئامادەکراو بۆ خزمەت؟ ئایا ئەمە نیشانەی پێداویستییەکی بنەڕەتی و گەڕان بەدوای مانای ژیانە؟
ئانتۆهۆڤن: نەخێر. ئەگەر فەیلەسووفێک بانگهێشتی بەرنامەیەکی جۆراوجۆریی تەلەڤزیۆنی بکرێت، هیچ قووڵایییەکی نوێ زیاد ناکات؛ جگە لە کەمێک شیرینکردن و ڕازاندنەوەیەکی فەلسەفییانەی بەرنامەکە. لە کۆتاییدا ئەوەی لە قسەکانی دەمێنێتەوە بۆ گوێگرەکانی، ناوەڕۆکی قسەکانی نییە، بەڵکوو شێوازی قسەکردنێتی، لەگەڵ ئەوەی کە وەک فەیلەسووفێک بانگهێشت کراوە. فەیلەسووفی ئامادەکراو بۆ خزمەت، خاسیەتێکی جوانکاری و ڕازاندنەوەی هەیە. ئەوە «فەلسەفە لە یەک خولەکدا»یە؛ ساتێکە بۆ ئەوەی مێشکمان بخەینە کار، پاشان بچینە سەر شتەکانی دیکە!
پۆڵ دروا: لەگەڵتدا هاوڕام؛ بەڵام دڵنیا نیم پێویست بکات بەهۆی هەبوونی فەیلەسووفانی ئامادەکراو بۆ خزمەتەوە ماتەم بگێڕین.
ئانتۆهۆڤن: بەڵام منیش ناڵێم کە خەمیان لێ دەخۆم.
پۆڵ دروا: چونکە من ماوەیەکم بەسەر بردووە کە تێیدا فەلسەفە بەپێچەوانەوە وەک هەبوویەکی زیانلێکەوتوو سەیر دەکرا. کاتێک لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠دا دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی وتار لە ڕۆژنامەی «لۆموند»، بوارێلی وەکوو دەروونشیکاری، بنیاتگەرایی، زمانەوانی، مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی، هەر یەکەیان لەڕووی گرنگییەوە زۆر لە پێش فەلسەفەوە بوون. فەلسەفە لە چاو ئەو زانستە مرۆڤایەتییانەی دیکەدا وەک نەخۆشێک دەردەکەوت کە لە سەرەمەرگدا بێت؛ لەگەڵ چەند پاسەوانێکی کە لە گۆڕستاندا مابوونەوە! بۆیە، ئەگەرچی مۆدە نوێیەکەی فەلسەفە زیانی هەیە، چونکە فەیلەسووفی ئامادەکراو بۆ خزمەت دروست دەکات، بەڵام ئەم زیانە لە بەرامبەر ئەو گەڕانەوەیەی فەلسەفە، کە ئێستا شاهێدی دەبین زیانێکی بچووکە.
ئانتهۆڤن: ئایا پێتان وایە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان ئەوەی فەلسەفە بووەتە مۆد و ئەوەی چیتر حەکیممان نییە؟ هەرچی فەلسەفە زیاتر بڵاو دەبێتەوە، ئەوەندە نموونەی زیندووی حەکیمبوون کەمتر دەبێتەوە. دۆزینەوەی هاوسەنگی لەنێوان فێرکردن، واتە گواستنەوەی ئارەزوو و سەرسوڕمان لە لایەک و پێویستیی کردنی فەلسەفە بە کردارێکی زیندوو لە لایەکی دیکە، زۆر ئەستەمە. لێ ئەگەر ئەمەش نەکرێت، ئەوا فەلسەفە لەناودەچێت.
گۆڤار: بەڵام بۆچی گرنگە فەلسەفە لەناو نەچێت؟ فەلسەفە بۆ چی بەکار دێت؟

ئانتهۆڤن: کاتێک خەڵک داوای فەلسەفە دەکەن، لە ڕاستیدا داوای مانا دەکەن. بەڵام فەلسەفە گومانمان پێ دەبەخشێت، نەک مانا. بەگشتی، ئەوەی وەریدەگرین ئەو شتە نییە کە داوای دەکەین؛ بەڵام هەر لەم جیاوازییەدا فەلسەفە مانای تەواوی خۆی دەدۆزێتەوە.
پۆڵ دروا: بەڵێ. خەڵک زۆرجار چاوەڕێی ئەوەن فەلسەفە ڕێنماییی ژیانیان پێ بدات و پێیان بڵێت: «دەبێت چی بکەن؟» بەڵام ئەم داواکارییە باشترە ئاراستەی پیاوانی ئایینی یان دەروونناسەکان بکرێت. کاتێک کارەساتێک ڕوو دەدات، لە ڕادیۆدا ناڵێن: «فەیلەسووفان بنێرنە شوێنی کارەساتەکە!» خەڵک دەیانەوێت فەیلەسووف ببێتە ڕێنیشاندەر، مامۆستای بیرکردنەوە یان مامۆستای هونەری ژیان.
ئانتهۆڤن: ئەمە داواکارییەکی هەمیشەیییە.
پۆڵ دروا: بەڵێ، بەڵام دەبێت ئەم داواکارییە ڕەت بکەینەوە. کەواتە فەیلەسووف بۆ چی بەکار دێت؟ لەوانەیە یەکەم ئەرکی ئەو ئەوە بێت کە شتەکان ئاڵۆزتر بکات؛ هاندەری ئەوەمان بێت پرسیار لە خۆمان بکەین لەو شتانەی کە نەمانویستووە بیپرسین، یان هەرگیز نەهاتووەتە مێشکمان. ئەرکی فەیلەسووف ئەوە نییە وەڵاممان بداتەوە، بەڵکوو ئەوەیە پرسیارەکان بجووڵێنێت و بنەما و باوەڕە جێگیرەکانمان بلەرزێنێت.
فەیلەسووف ڕۆڵێکی پێویستی هەیە؛ ئەویش ڕۆڵی «یادەوەریی دوورمەودای شار»ە. لە سەردەمێکدا کە هەواڵی سبەی هەواڵی ئەمڕۆ دەخوات و گرنگترین شت ئەو پەنجا خولەکەیە کە دێت، من پەیوەندیی فەلسەفە بە دوورمەودا بە «بیرەوەریی دوورمەودا» ناو دەبەم. فەیلەسووف پەیوەندییەکی تایبەتی بە کاتی دوورمەوداوە هەیە. ئەم تێگەیشتنە لە کات، لە هیچ شوێن و کاتێکی دیکەدا بەو شێوەیەی لە سەردەمی ئێمەدا هەیە بوونی نییە. لە کۆتاییدا، فەیلەسووف «پاسەوانی نەزانین»ە. لەناو کۆمەڵگایەکدا کە هەمووان باوەڕیان وایە دەزانن و ژمارەی پسپۆڕان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەبێت، فەیلەسووف ئەو کەسەیە کە دەڵێت: «هەرچی زیاتر دەزانین، زیاتر تێدەگەین کە چەند شتێک هەن نایانزانین.»
لە دیدی منەوە، یادخستنەوەی ئەوەی کە زانیارییەکانمان سنووردارن؛ عەقڵانیەت سنووری هەیە و هەمیشە لە بەرامبەر دۆخی هەبوونی نهێنیی زیاتر لە زانیارییدا وەستاوین؛ ئەرکێکی زۆر گرنگ و ژیانییە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا.
ئانتهۆڤن: پرسیاری ئەوەی فەیلەسووف بۆ چی بەکار دێت، زۆر جار دووبارە دەکرێتەوە. دەتوانین بە چەند شێوەیەک وەڵامی بدەینەوە. دەتوانین بڵێین فەلسەفە هاووڵاتی دروست دەکات؛ یارمەتیمان دەدات پێش حوکمدان تێبگەین؛ لەم ڕووەوە، فەلسەفە ئاشتی دروست دەکات، چونکە مرۆڤەکان زۆرجار ئارەزووی سەرزەنشتکردنی یەکتریان هەیە. فەلسەفە هەروەها ئامراز و میکانیزم دادەنێت لەو شوێنانەی کە ئێمە ڕاهاتووین تەنها قوربانی ببینین. بەهۆی هەموو ئەم هۆکارانەوە، فەلسەفە زۆر بەسوودە. بەڵام ڕۆژی ـ پۆڵ دروا ڕاست دەکات؛ چونکە سوودی سەرەکیی فەلسەفە ئەوەیە کە وەڵامی پرسیارێک بە پرسیارێکی دیکە بداتەوە. ئەگەر لە فەیلەسووفێک بپرسیت فەلسەفە بۆ چی بەکار دێت، لەوانەیە وەڵامت بداتەوە: «ئایا پرسیارکردن لەوەدا دروستە؟ یان بە وردتر، لە پشت ئەم پرسیارەوە چی هەیە؟» چونکە بۆ فەیلەسووف، ئەم پرسیارە پێشگریمانەیەکی لەخۆ گرتووە؛ وەک ئەوەی کاتێک بەسوود دەبین، ئەوا چیتر هیچ سوودێکمان نییە، یان فەلسەفە بۆ شتێک بەکار دێت، بەڵام نازانین ئەو شتە چییە.
بەکورتی، فەلسەفە شێوازێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسیارەکان، نەک بۆ وەڵامدانەوەیان. ئەگەر وەڵامی پرسیارەکان بدەینەوە، تەنها لەسەر ڕووکاری شتەکان دەمێنینەوە.
لەگەڵ بیرۆکەی لابردنی ناوەندێتی هاوڕام. سەبارەت بە «بیرەوەریی دوورمەودا»ش، ئەمە زیاد دەکەم: کاتێک دەقێکی فەلسەفیی دوو هەزار یان دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش ئێستا دەخوێنینەوە، زۆرجار لاپەڕەیەک یان چەند لاپەڕەی تێدا دەبینین کە دۆخێک وەسف دەکەن کە دوێنێ ڕووی داوە، یان پرسیارێک کە هەر ئەم بەیانییە خۆمان کردوومانە. لێرەدا شتێکی سەرسوڕهێنەر دەدۆزینەوە: ئەوەی ئێمە هیچ شتێکی تەواو نوێمان نییە و هیچ شتێکی تایبەت بە خۆمان نییە.
پۆڵ دروا: بەڵێ، ئەمە تایبەتمەندییەکی وتاری فەلسەفییە بە بەراورد لەگەڵ زانست و جوگرافیا. نەخشە جوگرافییەکانی یۆنانییەکان زۆر شتمان پێ ناڵێن؛ بەڵام کاتێک دەچینە ناو گفتوگۆیەکی ئەفلاتوونی یان وتارێکی ئەڕەستۆیی، هەست دەکەین وەک ئەوە وابێت ئەم دەقانە هەر دوێنێ نووسرابن و بتوانین بە ئاسانی بیخوێنینەوە.
ئانتۆهۆڤن: چونکە فەلسەفە پرسیارەکانی ژیانی مرۆڤ دەخاتەڕوو؛ پرسیارگەلێک کە نە تەنها هی ئەمڕۆن و نە هەمیشەیی و نەگۆڕن، بەڵکوو لە هەموو سەردەمێکدا بە شێوەیەکی ورد دووبارە دەبنەوە. لەبەر ئەمەش، ئەوەی باوەڕ بکەین فەلسەفە پێشکەوتنی بەدەست هێناوە، هەڵەیە. لە سەردەمی ئەفلاتۆن و ئەڕەستۆ و کانتەوە، لە فەلسەفەدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆمان بەدەست نەهێناوە.
پۆڵ دروا: دەمەوێت ئەم بیرۆکەیە کەمێک ڕوونتر بکەمەوە.
ئانتۆهۆڤن: ئایا پێت وایە پێشکەوتنمان لە فەلسەفەدا بەدەست هێناوە؟
پۆڵ دروا: نەخێر، بەڵام پێم وایە هەندێک پرسیار لەناو دەچن. بۆ نموونە، هەندێک پرسیاری قوتابخانەیی و سەدەکانی ناوەڕاست چیتر هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە.
هەروەها، هەستەکانیش لە مێژوودا دەگۆڕێن. لەوانەیە نیتشە لەگەڵ من قسە بکات، بەڵام دڵنیا نیم ئەوەی ئەفلاتۆن بە خۆشەویستی یان ڕق ناوی دەهێنا، یان ئەوەی ئەپیکۆر بە هاوڕێیەتی ناوی دەهێنا، هەمان ئەو شتانە بن کە ئێمە ئەمڕۆ هەستیان پێ دەکەین.
ئانتۆهۆڤن: بێگومان، سەردەمەکان گۆڕاون؛ بەڵام ئەمە پێشکەوتنێکی ڕاستەوڕاست و یەک ئاراستەیی نییە، وەک ئەوەی لە زانستدا دەیبینین. لە زانستدا بابەتی بەرژەوەندیی زانستی و بابەتییەتی هەیە؛ بەڵام لە فەلسەفەدا کردار و ڕاهێنانی بیرکردنەوە هەیە. ئەمە تا ڕادەیەک وەک کاری هونەرمەندان وایە.
بۆ نموونە، لای پرۆست، هونەر«هەر جارێک شتێکی نوێیە». وتاری فەلسەفی هەمیشە شتێکی چاوەڕواننەکراوە، چونکە پرسیارە هەمیشەیییەکان بەشێوەیەکی نوێ دەخاتەڕوو. بەڕاستی حەزم لەو بیرۆکەیەیە کە دەڵێت «بیرەوەریی دوورمەودا» پەیوەندی بە بیرۆکەی «پاسەوانی نەزانین»ەوە هەیە.
فەیلەسووفبوون ئەوەیە کە کاتێک فەلسەفە دەڵێمەوە، بتوانم لە کۆتاییدا نیشانی ئەو کەسە بدەم کە قسەی بۆ دەکەم کە شتێکی تەواو نوێم فێر نەکردووە؛ ئەو پێشتر ئەو شتانەی دەزانین کە فێری دەبین، بەڵام نازانێت کە دەیانزانێت.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەو زانیارییە لە ناخی ئەودا زیندوو بکەینەوە. دەبێت نیشانی بدەین کە مرۆڤ لە ناخی خۆیدا ئەو «بیرەوەرییە دوورمەودایە»ی هەڵگرتووە کە پەیوەندی بە ژیان و مێژووی مرۆڤەوە هەیە؛ ئەو کەسەیە کە مێژوویەکی پێش خۆی هەیە و پارێزگاری لێ دەکات. فەلسەفە بیرمان دەخاتەوە کە ئێمە «بیرەوەریین بێ ئەوەی یادەوەرییەکی ڕوونمان هەبێت». هەندێک پرسیار هەن کە لە توانای ئێمە زیاتر دەچن و پێش ئێمەش بوونیان هەبووە. کاتێک پاسەوانی نەزانین دەبین، هەوڵ دەدەین ئەو هەستەمان بخەینە ژێر پرسیارەوە کە وا دەکات خۆمان بە زانا بزانین، هەروەها باوەڕەکانیشمان. وەک نیتشە دەڵێت: «دەبێت ئازار بە گەمژەیی بگەیەنین». لە هەمان ئاراستەدا، سیۆران دەڵێت: «تەنها ئەو کەسە باوەڕی هەیە کە هیچ شتێکی بەقووڵی نەخوێندووەتەوە».
پۆڵ دروا: من ئەوە زیاد دەکەم فەیلەسووف ئەو کەسەیە کە بوون تاقی دەکاتەوە.
ئانتۆهۆڤن: ڕێک وایە.
پۆڵ دروا: یان ئەگەر بەراوردێک لەگەڵ یۆگادا بکەین، فەیلەسووف کۆمەڵێک ڕەفتار و هەڵوێستە؛ ئەوەی لە بوونی خۆیدا خۆی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی تایبەت بە خۆی و بەوانی دیکەدا دادەنێت. ئەمە فیزیکی بیرکردنەوەیە.
کاتێک دەقە فەلسەفییەکان دەخوێنینەوە، بەتایبەتی ئەو فەیلەسووفانەی کە بیرکردنەوەمان دەهەژێنن و سەرساممان دەکەن، ئەم شتە هەست پێ دەکەین.
خوێندنەوەی ئەو بیرمەندانەی حەزمان لێیانە سوودبەخشە، بەڵام دەبێت ئەو بیرمەندانەش بخوێنینەوە کە بڵێین: «چۆن کەسێک توانیویەتی بیر لە شتێکی لەم جۆرە بکاتەوە؟» پێویستە هەوڵ بدەین لەسەر ئەو هەڵوێستە جیاوازە بیر بکەینەوە؛ ئەو هەڵوێستەی بەشێوەیەکی سروشتی پەیڕەوی ناکەین و لەگەڵ پەروەردە و شێوازی بیرکردنەوەی ئاساییماندا یەک ناگرێتەوە.
پاشان لە خۆمان بپرسین: «ئەگەر خۆم لەو هەڵوێستەدا دابنێم، چی دەبینم و چی هەست پێ دەکەم؟»
ئانتۆهۆڤن: لە هەموو ئەو شتانەی گوتت، خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ فەیلەسووفان دەبینم کە بیر لە تێکشکاندنی خۆ، نەرمی و نەبوونی سنووری پتەوی ناسنامە دەکەنەوە.
ئەزموونی فەلسەفی ئەزموونی گۆڕانە؛ بە مانای وردی وشەکە، گۆڕان بۆ کەسێکی دیکە. من دژی ئەو کەسە بیر دەکەمەوە، گوێ لە دەنگێک دەگرم کە دەنگی خۆم نییە. با نموونەی دەقی زۆر کەسیی پاسکال بهێنینەوە، کە بە «یادنامە» ناسراوە. ئەم دەقە لە کۆمەڵێک بەڵگە و دەقی نێو ئینجیل پێک هاتووە. دەقێک کە پاسکال بەتایبەتی و نزیکترین دەق بە خۆی دەیزانی، بەڵام هیچ ڕستەیەکی خۆی تێدا نەنووسیوە! گرنگ نییە لەو نموونەیەدا باس لە ئینجیل دەکەین؛ ئەوەی گرنگە نموونەیەکە بۆ ئامادەبوون و نەبوونی بیرکردنەوەیەکی جێگیری پێشوەختە، وەک بەرائەت و پاکێتییەکی منداڵانە. پاکی لە ڕووی ڕەچەڵەکی وشەوە، بە مانای ئەوەیە کە وەک پەڕەیەکی سپی بین و ڕێگە بدەین وشەکانی کەسانی دیکە لە ناخماندا بنووسرێن؛ ئەو وشانەی کە وشەی خۆمان نین.
ئەم ئامادەبوون و کراوەیییە مەرجی سەرەکیی ئەو سەرکێشییە فەلسەفییەیە کە مرۆڤ تێیدا خۆی لە خۆی دوور دەکاتەوە و دەچێتە ناو دیدگایەکی دیکەوە. یەکەم وانەیەک کە لەبارەی «یادنامە»ی پاسکالەوە وەرمگرت، وای لێ کردم هەست بکەم فەلسەفە دەتوانێت بگاتە دڵمان، نەک تەنها عەقڵمان. ئەمەش شتێکی خۆشە، چونکە پاسکال هەمان ئەو فەیلەسووفەیە کە ڕوونی کردووەتەوە دڵ هۆکارگەلێکی هەیە کە عەقڵ نایانناسێت! مامۆستایەکی نایابم هەبوو کە متمانەی منی بە ئارەزووی فەلسەفەکردن بەهێز کرد.
پۆڵ دروا: ڕەنگە لێرەدا جارێکی دیکە شتێک لە حەکیمەکانی سەرەتاوە بدۆزینەوە. لە پەروەردە و زانکۆدا، هەمیشە پەیوەندییەکی مرۆڤانە لە نێوان مامۆستا و قوتابی هەیە؛ فەلسەفە لە ڕێگەی دیدارکردن لەگەڵ کەسەکان، وتەکان و شێوازی قسەکردنیانەوە دەگوازرێتەوە. دەتوانین ڕۆسۆش بهێنینەوە یاد، کاتێک دەڵێت: «من کێم؟ من دڵی خۆمم». فەیلەسووفان خۆیان وەک ئامێرێکی تیۆری و بەڵگەهێنانەوە پیشان دەدەن؛ ئامێرێک کە بە چەک و ئامرازی چەمکییانە دەورە دراوە. بەڵام زۆرجار ئەمە تەنها ماسکێکە، ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە لە سەرەتاوە هەست، شۆک و کاریگەرییەکی قووڵ هەیە کە مرۆڤ لە ناخەوە دەگۆڕێت و ڕووناکایی دەخاتە سەر شتەکان. ئەمە ئەو شتەیە کە فەیلەسووفان لەگەڵ چیرۆکنووسان، شاعیران و هونەرمەنداندا هاوبەشن تێیدا؛ بەڵام فەیلەسووفان لەو ئەزموونە شتێکی دیکە دروست دەکەن.
ئانتۆهۆڤن: ڕێک وایە! ئێمە ئەم لایەنەمان لەبیر کردووە. لە سەرەتای کتێبی «نەوەی ڕامۆ»ی دیدرۆدا، دەڵێت: «بیرۆکەکانم بووکەڵەکانمن». چێژێک هەیە لە بیرکردنەوەدا؛ لەوەی بیرۆکەیەکی نوێ دەدۆزینەوە کە پێشتر نەمانبووە، یان بیرۆکەیەک دەبینینەوە کە پێشتر خۆمان هەمان بووە. بێگومان، ساتی نیگەرانی و دڵەڕاوکێش هەیە. من ناگەمە ئەوەی بڵێم هەموو بەرهەمەکانی فەیلەسووفان تەنها ساتی چێژ و خۆشیین.
پۆڵ دروا:زۆربەیان وا نین! ئەوەی لە فێربوونی فەلسەفەدا بۆ من سەرنجڕاکێشە، ئەو ساتەیە کە مرۆڤ دەگاتە ڕادەیەک لە تێگەیشتن لە فەرهەنگی چەمکەکان؛ تەنانەت ئەگەر ئەو تێگەیشتنەش کەم بێت. ئەو کاتەی هەر وشەیەکی نوێ دەبێتە کلیلی دۆزینەوەی شتێکی نوێ؛ وەک ئەوەی تا ڕادەیەک توانای خوێندنەوەی نووسینی هیرۆگڵیفی بەدەست هێنابێت. ئەوەی پێشتر تەنها فەرهەنگێکی تایبەت و نامۆ بوو، کەمێک ڕوونتر و ڕووناکتر دەبێتەوە. هەندێک جار چێژەکە زۆر بەهێزە و لە هەمان کاتدا ئازاربەخشیشە. هەندێک فەلسەفە هەیە وشکە و خوێندنەوەی ئەستەمە، بەڵام تێگەیشتن لێی چێژێکی گەورەیە؛ وەکوو فەلسەفەی کانت.
گۆڤار: ئایا فەیلەسووف دەتوانێت لە جیهان دوور بکەوێتەوە، یان دەبێت دەستێوەردان لە ژیانی شاردا بکات؟
پۆڵ دروا: دوورکەوتنەوەی تەواو لە جیهان شتێکی مەحاڵە؛ مەگەر ئەوەی وەک ئەمپێدۆکلیس خۆمان فڕێ بدەینە ناو کونی ئەتنا و بچینە نێو گڕکانەکەوە. ئێمە ناتوانین بە تەواوی لە جیهان داببڕێین. لاو تزۆ، کە خۆی لە سروشتدا ون کرد، لە جیهان هەڵنەهات؛ بەڵکوو پەیوەندی بەو شتەوە کرد کە لە دیدی ئەودا جیهانی ڕاستەقینە بوو.
هەمیشە دەتوانین لە ڕووخسار و دەرکەوتەکانی جیهان دوور بکەوینەوە، بەڵام ناتوانین بەتەواوی لێی داببڕێین. ئێمە هەمیشە بەشێکین لە جیهان.
ئانتۆهۆڤن: کەواتە چی لەبارەی فەیلەسووفێکەوە بڵێین کە لە بورجی عاجی خۆیدا گیری خواردووە، یان با بڵێین فەیلەسووفی گۆشەگیر و گیرخواردوو لە ڕابردوودا؟
پۆڵ دروا: ئەفلاتۆن لە ئەفسانەی ئەشکەوتدا بەڕوونی باسی ئەم بابەتە دەکات. نابێت ڕێگە بە فەیلەسووف بدەین لە دەرەوەی ئەشکەوت بمێنێتەوە و لەژێر ڕووناکیدا جیهانی نموونەکان ببینێت و بیریان لێ بکاتەوە؛ دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو کەسانەی لەناو ئەشکەوتەکەدان.
ئانتۆهۆڤن: بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە ناو ئەشکەوتەکە، دەیکوژن!
پۆڵ دروا: ئەمە واتای ئەوەیە کە دەبێت جارێکی دیکە بچێتە ناو ئەو پیسی و ئاڵۆزییەوە و دەستی تێبخات.
ئانتۆهۆڤن: نیتشەش لە سەرەتای کتێبی «زەردەشت وەها دوا»دا ئەم شتەی گوتووە: فەیلەسووف لە بەرزییەکەی دادەبەزێت. سەرەتای زەردەشت، سەرەتای دابەزین و لەدەستدانی بەرزییەکەیەتی. فەیلەسووف ئەو کەسەیە کە جارێکی دیکە دادەبەزێتەوە ناو ئەشکەوتەکە، بە مەترسیی خستنە سەر ژیانی خۆی؛ چونکە ئەو شتانەی دەیەوێت بە مرۆڤەکانی بڵێت، ئەوان قورس و ئەستەم لێی تێدەگەن، ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی سەری ببڕن. فەیلەسووف هەرگیز بەتەواوی لە بورجی عاجی خۆیدا نییە؛ چونکە تەنانەت ئەگەر لەوێش بێت، هەستی هاوبەشی و هاوپەیوەندی بەوانی دیکەوەی هەیە. بڕینەوەی پەیوەندی لەگەڵ شتێک، وەک بڕینەوەی پەیوەندییە لەگەڵ کەسێکدا. تەنانەت کاتێک لە شتێک دەبڕیتەوە، هەر بەهۆی ئەو بڕینەوەیەوە پەیوەندیت لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. کاتێک پەیوەندیمان لەگەڵ کردار و نەریتەکانی شار دەبڕینەوە، بەوە ناسنامەی خۆمان دیاری دەکەین کە لە دۆخی بڕانەوەدایین؛ بەم شێوەیە هەر لە پەیوەندیدا لەگەڵیاندا دەمێنینەوە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر لە ناو شاردا بژیت، لەگەڵ کەسانی دیکە گفتوگۆ بکەیت و وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگەدا ژیان بکەیت، ئەوا ئامرازەکانت بەدەست دەهێنیت بۆ تێگەیشتن، نەک بە تەنها بۆ حوکمدان. گوشەگیریی فەیلەسووف بڕینەوەی پەیوەندی نییە؛ بەڵکوو بەشدارییە لە جیهانێکدا کە ڕێگەمان پێ دەدات لە میکانیزمەکانی تێبگەین، بۆ ئەوەی کۆیلەی ئەو میکانیزمانە نەبین.
ئەمە ئەو شتەیە کە سپینۆزا جەختی لەسەر دەکاتەوە، کاتێک دەڵێت: «ئازادتر دەبین لە شارێکدا کە تێیدا بەپێی یاسا بژین، لەوەی لە بیابانێکدا بین».
بوون لە بورجی عاجیدا واتە کۆیلەبوون بۆ ئەو مرۆڤانەی کە دەمانەوێت بەبێ ئەوان بژین. لەبری ئەوەی فەیلەسووف لەبەر پوچییەکانی ژیانی ڕۆژانە ناپاکی لە ئەرکی خۆی بکات، بەسادەیی ئەو ئامرازانە بەدەست دەهێنێت کە پێویستن بۆ ئەوەی فەلسەفە لە کردار جیا نەبێتەوە.
گۆڤار: ئێوە باس لە کردار دەکەن. بەڵام فەیلەسووف چۆن دەتوانێت بەشداری لە ژیانی شاردا بکات؟ ئایا دەبێت وەک ئێوە لە ڕۆژنامەکاندا بنووسێت؟
ئانتۆهۆڤن: فەیلەسووف لە سەردەمی خۆی جیا ناکرێتەوە؛ بۆیە هیچ بیانوویەکی نییە بۆ ئەوەی لە بارەی سەردەمەکەیەوە بیر نەکاتەوە. بەڵام ئاگاداربن: ئەم هەڵوێستە، کە هەندێک جار منیش دەکەومە ناوی، بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ هەڵوێستی سۆفستایی، بۆیە دەبێت وریا بین، من زۆر گومانم لەو دۆخە ناخۆشەیە کە تێیدا مرۆڤ شێوازی قسەکردنێک دروست دەکات کە بۆ هەموو شتێک دەست بدات؛ بەکورتی و بە قەدەرێک قووڵیی قسەکە زیاد دەکات کە خوێنەر هەست بکات بیر دەکاتەوە. کێشەی فەیلەسووف ئەوە نییە کە لە ڕووداوەکانی ئێستادا چی دەگوزەرێت؛ بەڵکوو کێشەکەی خودی ئێستایە، بەو پتەوییەی کە هەیەتی.
پۆڵ دروا: من کەمێک کەمتر توند دەبم. نووسین لە ڕۆژنامەدا، بێگومان، ئاستێکی دیکەیە. بەڵام ئەگەر لە وتارێکدا کەمێک بیرۆکە و تێڕامان و ئاماژەی فەلسەفی هەبێت، ئەوە بۆ من کێشە نییە. چونکە پێم وایە کەمێک لەو شتانە باشترە لەوەی هیچ نەبێت. لە دیمەنی گشتیی ڕۆژنامەنووسیدا، بوونی هەندێک توخم کە کەمێک لە شتە ئاسایییەکان جیاوازن، بەسوودە. منیش ماف بە خۆم دەدەم هیوادار بم کە هەندێک لە فەیلەسووفان ئەو جیاوازییە دروست بکەن.
ئانتۆهۆڤن: من نەمگوتووە ناوەڕۆکی ڕۆژنامەنووسی لە ناوەڕۆکی فەلسەفە نزمترە. بەڵام دەبێت دوورییەک لەنێوان ئەزموون و شیکردنەوەدا ببینین. با نموونەی ڕیمۆن ئارۆن بهێنینەوە. ئەو ڕۆژنامەنووسە گەورەیە، کە زیاتر لە چوار هەزار وتاری وەک سەرنووسەر نووسیوە، بێگومان فەیلەسووفیش بوو. ئامانجی ئەو ئەوە بوو کە «چاودێرێکی پابەند» بێت، بەو دەربڕینەی خۆی؛ واتە لەبیرمان نەچێت کە ئێمە سەر بە چ سەردەمێکین، ئەوەش لەبیر نەکەین کە ئەو جوولەکە بوو، ئەو ڕێڕەوە زانکۆیییەی هەیبوو هەموو ئەو تایبەتمەندییانەشی کە کەسایەتیی ئەویان پێک دەهێنا، پاشان لە ڕێگەی ئەم ئاگایییەوە هەوڵی گەیشتن بە بابەتیبوون دەدا.
گۆڤار: باسمان لە حەکیم، مامۆستا، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و هونەرمەند کرد. کەواتە لەبارەی فەیلەسووفەوە وەک «سیاسەتمەدار» چی بڵێین؟
پۆڵ دروا: ڕاوێژکاری پاشا و فەرمانڕەوا وەک لیبۆک وایە؛ ئەو کەسەیە کە پێویستە ئەو شتانە بە پاشا بڵێت کە هیچ کەسێکی دیکە بوێری گوتنیانی نییە.
ئانتۆهۆڤن: بەڵێ، مەترسییەکەش ئەوەیە کە لیبۆک ببێتە مەراییکار.
گۆڤار: کەواتە چی لەبارەی «فەیلەسووفی پاشا»وە بڵێین؟
ئانتۆهۆڤن: لە کتێبی «کۆمار»ی ئەفلاتۆندا بانگەشەی «فەیلەسوفی پاشا» کراوە. بەڵام ئەم دەقە دەتوانرێت لە سەردەمی ئێمەدا بەشێوەیەک بخوێندرێتەوە کە ستایشێک بێت بۆ حکومەتی پسپۆڕان، واتە حکومەتی تەکنۆکراتی.
پۆڵ دروا: نەک تەنها ئەوە؛ بەڵکوو وەک کارڵ پۆپەر دەڵێت، دەتوانرێت ستایشێک بێت بۆ تۆتالیتاریزم.
ئانتۆهۆڤن: بەڵێ، ڕێک وایە. کەواتە هیچ پێویستیمان بەوە نییە من ببمە پاشا. وەک پێشتر گوتوومە، فەلسەفەکردن واتە بەشداریکردن لە ژیانی شار و قسەکردن دەربارەی؛ ئەمەش هەمیشە کردارێکی سیاسییە. سۆکرات، کە لە تەواوی ژیانی خۆیدا لە بەرپرسیارێتیە مەدەنییەکان هەڵدەهات، کەسایەتییەکی سیاسی بوو بە مانای تەواوی وشەکە. کاتێک فەلسەفە دەکەین، لە بەرامبەر هەموو ئەو ڕاستییانەدا وریا دەبین کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە. بەڵام بەشداریکردن لە سیاسەت واتە بوون بە نوێنەری ڕاستییەکی تاقانە و دیاریکراو. ناتوانین سیاسەت بکەین، مەگەر بە بەهای ئەو ئازادییەی فەلسەفە پێمان دەبەخشێت و بە بەهای هەبوونی توانای ئەوەی دژی خۆشمان بیر بکەینەوە. ئایا دەتوانن خەیاڵی هەبوونی سیاسەتمەدارێک بکەن کە دژی خۆی بیر بکاتەوە؟ ئەمە مەحاڵە! ئەگەر من و ڕۆژی ـ پۆڵ گفتوگۆ بکەین، لەوانەیە لەسەر شتێک ناکۆک بین و لە کۆتاییدا بە یەکتر بڵێین: «تۆ ڕاست دەکەیت». بەڵام ئەگەر من «ئاریێت لاکیێر» بم و ئەو «ئالان مادڵان» بێت، ئەوا مەحاڵە بە یەکتر بڵێین: «تۆ ڕاست دەکەیت». لە کاتێکدا هەردووکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەرایەتیی عەقڵ دەکەن.
پۆڵ دروا: ئەمە ڕاستە. دوو شێواز هەن بۆ ئەوەی فەیلەسووف لە بواری سیاسییەوە تێیبگەین.
یەکەم، بەو شێوەیەی سۆکرات خۆی پێناسەی کردووە: فەیلەسووف وەک «خەڕەنگێزی ئەسپ» وایە؛ ئەو مێشەیەی دەگەزێ و خەڵکی خەوتوو بێدار دەکاتەوە، دەگەزێ و باوەڕە هەڵە و دڵنیایییە درۆینەکانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم کردارەی کە گومانخستنە سەر باوەڕەکانە، جۆرێک لە ئازادکردنە. ئەم کردارە هاووڵاتی دروست دەکات. بەم شێوەیە، فەلسەفە، جا لە پۆلەکانی کۆتاییی قوتابخانەدا بێت یان لەو وڵاتانەدا کە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان ئازاد بوون، یارمەتیی دروستبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەدات.
لە ساڵی ١٩٩٥دا سەرپەرشتیی گرووپێکی توێژینەوەم لە ڕێکخراوی یونسکۆ کرد، کە بابەتەکەی «فەلسەفە و دیموکراسی لە جیهاندا» بوو. گەورەترین سەرسوڕمانم ئەوە بوو کە بۆم دەرکەوت فەلسەفە لە سەرانسەری جیهاندا لە قۆناغی بڵاوبوونەوەدایە. لە وڵاتانی سۆشیالیستیی پێشوو و لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە سەربازییەکانی پێشوو، لەگەڵ فراوانبوونی ئازادیی دەربڕین، ئاراستەیەکی نوێ بەرەو پرسیارە فەلسەفییەکان دەرکەوتووە. کەواتە فەلسەفە دەتوانێت بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە سنووری نەتەوەکانیش تێپەڕێنێت. ئەمڕۆ ئەفلاتۆن و دیکارت لە وڵاتانێکدا دەخوێندرێنەوە کە تا پەنجا ساڵ لەوەوپێش، تەنانەت کتێبەکانیشیان وەرنەگێڕدرابوون.
دووەم شێوازی تێگەیشتن لە فەیلەسووف لە بواری سیاسی، «فەیلەسووفی پاشا»یە؛ ئەو کەسەیە کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکی کە بانگەشەی تەواوبوون و کامڵبوونی دەکات، بڕیار دەدات و حوکم دەکات. ئەو کەسەی مارکسیزم بە ڕاستییەکی تەواو دەزانێت، نموونەیەکە. لێنین دەیگوت تیۆریی مارکس باشترین تیۆرییە، چونکە ڕاستە. بەم شێوەیە، بە ناوی زانستەوە ـ کە لێرەدا یاساکانی مێژوون کە مارکس گوایە دۆزیویەتییەوە ـ دەسەڵات دەگرینە دەست و بانگەشەی ئەوە دەکەین کە خاوەنی ڕاستییەکین.
ئانتۆهۆڤن: بەڵێ، بیرۆکەی ئەوەی کە فەلسەفە خاوەنی ڕاستییەکی تەواوە، بیرۆکەیەکی مەترسیدارە. ئەوەی فەیلەسووف ڕۆڵی هەڵوەشێنەرەوەی زانیارییە باوەکان ببینێت، بەتەواوی ڕێگری لێ دەکات لەوەی بانگەشەی بەدەستهێنانی دەسەڵات بکات.
پۆڵ دروا: فەیلەسووف پاسەوانی نەزانینە، بەڵێ؛ بەڵام نابێت پاسەوانی هیچ ئۆردوگایەک بێت! ( لێرەدا بەکارهێنانی ئۆردوگا زۆرتر مەبەست لێی بەرەی ئایدۆلۆژییە، واتا فەیلەسووف نابێت ببێتە پاسەوانی هیچ بەرەیەکی ئایدۆلۆژی)
ئانتۆهۆڤن: ئەو خۆی ئەمەی گوت!
…………….
ئەم وتوێژە لەم سەرچاوەیەوە کراوەتە کوردی: «الفيلسوف والمدينة: حوار بين روجي ـ بول دروا ورافائيل أنتهوفن، دون الحرار: كارولين راكابيه، ترجمة: عبدالوهاب ابراهمي، مجلة حكمة، ١٧/ تمموز، ٢٠٢٤ ».